عاشقی ڕاستگۆ بەشی ٤٠  “ئەو بزاڤەی نمونەکانی لە خۆیدایە”

 

لە کاتێکدا خوێندکارانی  موسوڵمان، کاسۆلیک و ئۆرتادۆکسی لەسەر مێزی خوێندگەکانی خزمەت پێکەوە دانیشتبوون، کە لە دەرەوەی وڵات کراونەتەوە، پڕۆفیسۆرێکی وەک ساموئێل هەنتینگتۆن لە یەکێک لە تێزەکانیدا پێداگری لەسەر ئەوە دەکرد کە ” ڕووبەڕووبوونەوەی ئیسلام و ڕۆژئاوا” کارێکی حەتمیە.

 

“سەمپۆزسیۆمی پەیامی ئەبەدی”

ڕۆژنامەی زەمان، بە بۆنەی ” هەفتەی تایبەت بە یادی مەولودی پیرۆز”ەوە، لە ڕێکەوتی ١٩-٢٢ ئەیلولی ١٩٩١، سێمپۆزسیۆمێکی لە ژێر ناوی “پەیامی ئەبەدی” ساز کرد.

مامۆستا م.فەتحوڵڵا گولەن کەوا ساڵانێکی دوور و درێژ لە وتارەکانیدا باسی ژیانی پێغەمبەری سەردارمانی دەکرد، لە ڕێکەوتی ٢١ ی ئەیلولی ١٩٩١، کەوا سێهەم ڕۆژی سێمپۆزسیۆمەکە بوو، وتارێکی کورتی وەک سوپاس و پێزانین پێشکەش بە ئامادەبووان کرد. سێمپۆزسیۆمەکە بەشدارییەکی بەرفراوانی پیاوانی خاوەن زانست لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات بە خۆیەوە بینی و،  لە بەریانی خۆیدا نوێنەرایەتی یەکەم کاری لەو شێوەیەی دەکرد.

(سەیری ئەو هەماهەنگیە بکەن، ئەم وتارەی منیش لە هەمان ڕێکەوتی هەفتەی یادی مەولودی پیرۆزدا بڵاوکرایەوە)

 ڕێکەوتی ٨ ی تشرینی دووهەمی ٢٠١٩، یادی مەولودی سەردارمانە و، مامۆستاش لە وتاری سوپاس و پێزانینی ئەو کاتەیدا ئەم شتانەی وت:

لەم کۆبوونەوەیەدا کەوا حەزرەتی محمدی پێغەمبەرمان لەلایەن پیاوانی خاوەن زانستی قەدرگرانەوە، لە هەموو ڕوویەکەوە باسی لێکراوە، ئیدی من حەدی قسەیەکی ترم نیە. تەنانەت وتنی ئەمانەش حەدی من نیە. بەڵام وەک وەڵامدانەوەی بانگهێشتی پڕۆفیسۆر توغ کە بەڕێوەبەری دانیشتنەکەیە، هاتمە ئەم شوێنە. من پلانێکی پێشینەی قسەکردنێکی لەم شێوەیەم نەبوو. من سوپاسی تەواوی پیاوانی خاوەن زانست و میوانانی بەشداری سێمپۆزسیۆمەکە دەکەم”.

 

“ئەو بزاڤەی نمونەکانی لە خۆیدایە”

لە ساڵی ١٩٩٢، سەدان مامۆستا کەوا لە ناوازەترین زانکۆکانی تورکیا خوێندنیان تەواو کردبوو، بە مەبەستی دەستبەکاربوون لە خوێندگەکانی خزمەت لە ناوەڕاستی ئاسیا، ملی ڕێگەی هیجرەتیان گرت.

مامۆستاش لە بەرامبەر لەخۆبوردوویی ئەم گەنجە مەردانە، زۆر هەستی جوڵا و هەرگیز لەیادی نەکردن:

دەستەیەک لە کەسانی عاشقی سەرشێت، لە سەردەمێکدا کەوا کەس بیری لە شتی وەها نەدەکردەوە و بە ئەقڵیدا نەدەهات، بێ ئەوەی گوێ بە تیبینیەکانی هیجران و حەسرەت بدەن، بێ ئەوەی بڵێن توشی “غوربەت” و “تاراوگە” دەبن، بە ئامانجی بەدەستهێنانی ڕەزامەندی جەنابی حەق، بە هەر چوار دەوری دونیادا بڵاو بوونەوە؛ ئەم کارەشیان بەوپەڕی عەزم، خۆڕاگری و متمانەوە ئەنجامدا. بە عەشقی خزمەتکردنەوە، تامەزرۆیی خۆیان بۆ مەملەکەتیان و خۆشەویستییان بۆ وڵاتی خۆیان دامرکاندەوە. بە شێوەیەک هەستیان بە تێکۆشان لە ڕێگەی الله کرد، کە کەم کەس بەو شێوەیە هەستی پێدەکات ، ئەوان لەناویدا ژیان و چەشنی حەواریەکانی سەردارمان وتیان” ملی ڕێگەی خۆشەویستیمان گرتووە و سەرشێتین…”(نیگاری)

ئیدی بەم شێوەیە ڕوویان لە ڕۆژهەڵاتەکان و ڕۆژئاواکان کرد. ئیدی نە بە دەستی خۆیانەوە گیریان خوارد، نە لە بەردەم کۆسپەکانی بەردەمیاندا چۆکیان دادا، تەنیا سەودایەک کەوا لە دڵیاندا ڕەنگی نەدەژاکا، بەدەستهێنانی ڕەزامەندی جەنابی حەق و ئارەزووی گەشتن بەو بوو، ئیدی بەرەو دوورترین کون و قوژبنەکانی دونیا ملی ڕێگەیان گرت. بەختیان هاودەنگی بەختی هاوەڵان و حەواریەکان بوو؛ بە داوێنپاکی و بێ گوناحی خۆشیانەوە، ڕێک لە دوای کەوتنی بەرەبەیانەوە، گەشتن بە چۆنیەتیەک کەوا برای  کەسە ڕۆحانیەکان بن؛ هەریەکەیان وەک بابەتی داستانێک و یادەوەرییەکی لەیادنەکراو بە شوێنی خۆیان گەشتن”.

“خوێندنگەکانی خۆشەویستی”

چالاکی خوێندگەکانی خزمەت، لە دوای ساڵی ١٩٩٢ خێرایی بە خۆیەوە بینی. هەندێک لە وانەکان، لەلایەن مامۆستایانی ئەو وڵاتانەوە دەوترایەوە.

بەڵام وانەکانی زمانی ئینگلیزی، زانستەکان، بیرکاری، زمانی تورکی، لەلایەن ئەو مامۆستانەوە دەوترایەوە، کەوا لە تورکیاوە ڕەوانە کرابوون.

لە ڕوانگەی ئەوەی کوالیتی خوێندن لە خوێندنگەکانیاندا بەرز بێت و بە باشی بەڕێوە ببرێن، قەرەباڵغییان تێدا دروست نەدەکرا. تاقیگەکانی کیمیا، فیزیا، بایەلۆجی بە نوێترین ئامێر و کەرەستەی مۆدێرن ڕازێندرابوونەوە. لە هەریەک لە خوێندگەکاندا، پۆلێکی تایبەت بە فێربوونی کۆمپیوتەریش بوونی هەبوو.

ئیدی خوێندگەکان ڕوویان لە هەر وڵاتێک کرد، لەلایەن خەڵکەکەیەوە خۆشدەویستران، پەسەند دەکران و بایەخیان پێدەدرا. ئەم بایەخ پێدانەش هەمیشە بە شێوەیەکی دوولایەنە بوو. واتە هاوڵاتیانی ئەو وڵاتانە، خوێندگە و مامۆستاکانیان خۆشویست و، کاربەدەستانی وڵاتیش کاتێک ئەوەیان بەدی کرد کە ئاستی خوێندنی لە وڵاتەکەیان بەرز دەکەنەوە، پاڵپشتیان لێکرد.

مۆسکۆی پایتەختی ڕوسیا، یەکێکە لەو شوێنانەی کە هەر لە سەرەتاوە ئەم خوێندگانەی تێدا کراوەتەوە.  

دایک و باوکی ئەو خوێندکارانەی ڕوویان لەم خوێندنگانە کردبوو، هەمیشە باسیان لەوە دەکرد، کە دوای ناردنی منداڵەکانیان بۆ ئەو خوێندنگانە، منداڵەکانیان زیاتر ڕێزیان لێدەگرن و، هەروەها وازیان لە چەندین خووی خراپی وەک جگەرەکێشان و بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان هێناوە.

هەڵسوکەوت و ڕەفتاری مامۆستایانی ئەو خوێندنگایانەی لە دەرەوەی وڵات کرابوونەوە، ئەو کەشوهەوا ئەرێنییەی لە نێو خوێندگەکاندا دروست بوو، لە ماوەیەکی کەمدا دڵەکانی کردەوە و، مەشخەڵی خزمەتیش بە شێوەیەکی خێرا لە هەموو لایەک بڵاو ببوویەوە.

هەروەها هاتنی مامۆستا م.فەتحوڵڵا گولەن بۆ ئیستەنبول، یەکێک لە خاڵە گرنگەکانی وەرچەرخانی خزمەت بوو. چونکە پیاوانی کاری ئیستەنبول، ئیمکانیەتێکی زیاتریان هەبوو، کاتێک لە ئامانجی خزمەتیش تێگەشتن، هیممەتێکی بەرزتریان پشاندا.

 

سەردانی مامۆستا بۆ وڵاتی ئەمەریکا(١٩٩٢)

لە ڕوانگەی ئەو ئامانجەی کەوا پێغەمبەری سەردارمان خستوویەتە بەردەممان، مامۆستا هەوڵی ئەوەی دەدا خزمەت بۆ هەموو لایەکی دونیا ببات. هەربۆیە دەبوو لە نزیکەوە بەهێزترین وڵاتی دونیا بناسێت و، لە مرۆڤەکانی بکۆڵێتەوە.

دوای ئەوەی بە شێوەیەکی بەردەوام لە وڵاتی ئەمەریکاوە بانگهێشتنامەی بۆ دەهات، وەک ئاڕاستەکردنێکی ئیلاهی، یەکێک لە بانگهێشتەکانی قبوڵ کرد و، لە ڕێکەوتی ٢ ی نیسانی ١٩٩٢، لە ئیستەنبوڵەوە بەرەو نیویۆرک بەڕێکەوت. ئەمەش یەکەم گەشتی مامۆستا بوو بەرەو ئەمەریکا.

مامۆستاش لە ماوەی ٣٥ ڕۆژدا، لە کۆی ٥٠ ویلایەتی ئەمەریکا، سەردانی ٢٥ ویلایەتی ئەو وڵاتەی کرد. ئەم سەردانەش لە شوێنی خۆیدا، سەردانێکی زۆر پڕ واتا بوو.

لە شوێنی خۆیدا چاوی بە کێشەکانی مرۆڤەکانی ئەم سەردەمە کەوت و دیاری دەکردن. مامۆستا لە میانەی ئەم گەشتەیدا، سەردانی کەنەداشی کرد و، ڕۆژێک لەوێش مایەوە.

سەردانی ئۆزاڵ لە هۆستۆن

لەو کاتەی مامۆستا لە ئەمەریکا بوو، تورگوت ئۆزاڵ سەرۆک کۆماری ئەو کاتەی تورکیا، بە هۆی نەخۆش کەوتنەیەوە، لە ڕێکەوتی ٢٤ ی نیسانی ١٩٩٢، ڕووی لە ئەمەریکا کرد. ئۆزاڵ دوای ئەنجامدانی پشکنینی پزیشکی، ئەوەی بۆ ڕوون بوویەوە کە توشی شێرپەنجەی پرۆستات بووە.

تورگوت ئۆزاڵ، بەم هۆیەوە، لە ڕێکەوتی ٢ ی ئایاری ١٩٩٢ لە نەخۆشخانەی مەدهۆدیستی هۆستۆن نەشتەرگەری ئەنجامدا. مامۆستاش سەردانی ئۆزاڵی کرد لە نەخۆشخانە و، هیوای زوو چاک بوونەوەی بۆ خواست. ئۆزاڵ لە میانەی ئەم سەردانەی مامۆستا، بەم شێوەیە باسی ئەوەی کرد کە چۆن نەشتەرگەریەکی سەختی ئەنجامداوە:

“پێشتر نەشتەرگەری دڵم ئەنجامداوە، وەک ئەوە وەهابوو تانکێکم بەسەردا ڕۆشتبێت، بەڵام ئەمجارەیان وەک ئەوە وەهایە، شەمەندەفەرێکم بەسەردا ڕۆشتبێت”.

ئۆزاڵ، زۆر لە چالاکیەکانی خزمەت کە لە دەرەوەی وڵات بوون، ڕازی بوو. هەروەها سەمرا خانمی هاوسەری و پزیشکەکەی بە ناوی جەنگیز ئاسڵان، لە میانەی سەردانەکەی مامۆستادا ئامادەبوون و، زۆر پەسن و سەنای خوێندگەکانی خزمەتیان کرد، کە لە دەرەوەی تورکیا کرابوونەوە.

ئۆزاڵیش بە مامۆستای وت:

“زۆر جار بە بیرۆکراتەکانی وەزارەتی دەرەوەی تورکیام وتووە کەوا پاڵپشتی ئەم خوێندگانە بکەن، بەڵام هەندێکیان بە هەر هۆیەک بێت، لە گرنگی ئەم خوێندنگانە تێناگەن”.

تورگوت ئۆزاڵ مرۆڤێکی دووربین بوو، بە دووربینی خۆیشی ئەوەی بەدی کردبوو، کە مامۆستا دەتوانێت خزمەتی گەورە پێشکەش بە مرۆڤایەتی بکات. هەربۆیە متمانەیەکی زۆری بە مامۆستا هەبوو.

مامۆستا دوای ئەوەی سەردانی ئۆزاڵی کرد، وەک وەڵامدانەوەی ئەو کەسانەی پێداگرییان لەسەر بانگهێشتی مامۆستا دەکرد، بەردەوامی بە گەشتەکەی خۆیدا.

 

مامۆستا لە تەواوی گەشتەکەیدا، زۆر بە هەستیارییەوە سەرنجی ئەوەی دەدا، کە نوێژەکانی لە کاتی تایبەتی خۆیاندا ئەنجام بدات.

ئەو کەسانەی لەگەڵ مامۆستادا بوون، بە درێژایی گەشتەکەیان، ئەوەیان بەدی کرد، کە مامۆستا لە بەرترسی ئەوەی نوێژێکی بفەوتێت، هەمیشە ئارەقی دەکردەوە و  ئەمەیان بە چاوی خۆیان بینی. ئەم هەستیاریەی مامۆستاش سەبارەت بە نوێژ، هەر لە منداڵییەوە لەگەڵیدا بوو.

 

لە ئوستورالیا…

لە ڕێکەوتی ٦ ی ئایاری ١٩٩٢، مامۆستا بە فڕۆکەیەک لە لە لۆسئەنجلسەوە بەرەو ئوستورالیا بەڕێکەوت. دوای گەشتێکی ٢١ ی کاتژمێری، گەشتە ئەو وڵاتە، کە هاوسۆزانی مامۆستا بە شێوەیەکی بەردەوام پێداگرییان لەسەر بانگهێشتی مامۆستا دەکرد.

فڕۆکەکە دوای ئەوەی گەشتێکی ١٨ کاتژمێری ئەنجامدا، بە مەبەستی پڕکردنەوەی سوتەمەنی، لە نیوزلەندا نیشتەوە. مامۆستا لەوێ ئەوەی بۆ دەرکەوت کە ڕێکەوتی “٨ ی ئایار” ە.

چونکە نیوزلەندا ٨ کاتژمێر لە پێش لۆسئەنجلسەوەیە و، کاتێک ئەوان لە ئاسماندا دەبن، ڕۆژی ٧ ی ئایار تێدەپەڕێت. کاتێک فڕۆکەکە دیسان دەستی بە گەشتەکەی کردەوە، لە دوای ٣ کاتژمێر، گەشتە شاری ماڵبۆرنی وڵاتی ئوستورالیا.

مامۆستا لە شاری ماڵبۆرن، لە مەراسیمی بناغەدانانی بەشێکی ناوخۆیی بەشداری کرد و، لە مزگەوتێکی شاری سیدنی، وتارێکی پێشکەش کرد. هەروەها لە هەمان کاتدا، بۆ ماوەی ٢ ڕۆژ بەشداری لە پڕۆگرامێکی کتێب خوێندنەوە کرد.

لەو کاتەی لە ئەمەریکاوە بەرەو ئوستورالیا بەڕێکەوت، ڕۆژی ٧ ی ئایاریان بەسەردا تێپەڕی.

مامۆستا ڕۆژی ١٨ ی ئایار، نوێژی نیوەڕۆی لە مزگەوتێکی شاری سیدنی ئەنجامدا. ئەو کاتەی لە سیدنییەوە گەشتەوە لۆسئەنجلس، لە دوای ماوەیەکی زۆر دیسان کاتی نوێژی نیوەڕۆ هاتەوە، هەربۆیە جارێکی تر نوێژی نیوەڕۆی ئەنجامدایەوە.  

 

لە دوای تێپەڕینی مانگ و نیوێک(٤٨ ڕۆژ) بەسەر گەشتی وڵاتی ئەمەریکا و ئوستورالیا، لە ١٩ ی ئایاری ١٩٩٢، مامۆستا لە نیویۆرکەوە گەشتە بروکسلی پایتەختی بەلجیکا. پاشان دوای ئەوەی یەک دوو ڕۆژ مانەوە لە ئەڵمانیا و هۆڵاندا، بەرەو تورکیا گەڕایەوە.

 

ئەمەیە فیداکاریی…

تورگوت ئۆزاڵ، لە دوای ٩ مانگ لە ئەنجامدانی نەشتەرگەریەکی وڵاتی ئەمەریکا، لە ساڵی ١٩٩٣، دەستی بە زنجیرە گەشتێک کرد، کە چەند وڵاتێکی دەگرتەوە. ئۆزاڵ لە میانەی گەشتەکەیدا بۆ وڵاتانی باڵکان، لە تیرانی پایتەختی ئەلبانیا، سەردانی کۆلیجی مەهمەت عاکیف ئێرسۆی کرد، کە تازە کرابوویەوە.

ئەم سەردانەی ئۆزاڵ ماوەی ٦ رۆژی خایاند و، لە ڕێکەوتی ١٥ ی شوباتی ١٩٩٣، یەکەم وێستگەی گەشتەکەی لە وڵاتی بولغارستانەوە دەستی پێکرد. پاشان لە ١٧ ی شوبات، ڕووی لە مەکەدۆنیا کرد.

سەر لە ئێوارەی ئەو ڕۆژە، بیرۆکراتەکانی ئۆزاڵ کەوا پرۆگرامی گەشتەکەیان بۆ ڕێکدەخست، بە هۆی ئەوەی پێیان وەهابوو ئۆزاڵ زۆر ماندوو بووە، بڕیاریاندا هەندێک لە چالاکیەکانی گەشتەکەی کەم بکەنەوە و، بەو هۆیەوە سەردانی ئۆزاڵیان بۆ کۆلیژی مەهمەت عاکیف ئێرسۆی لە ئەلبانیا هەڵوەشاندەوە.

 

 ئێردۆغان توزون کەوا نوێنەری کۆمپانیای سپۆنسەری دروستکەری کۆلیجەکە بوو، دوای ئەوەی زانی پڕۆگرامەکەی ئۆزاڵ گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە، سەردانی شوێنی مانەوەی ئۆزاڵی کرد، کە لە میوانخانەیەکی کەناری دەریاچەی ئۆهری بوو.

ئۆزاڵ هەر ئەو کاتەی لە ئەنقەرە بوو، بڕیاری ئەوەی دابوو سەردانی کۆلیژەکە بکات.

بەڵام کارمەندانی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا بە ئۆزاڵیان وت” نیشتنەوەی فڕۆکەی ئەیەربەس لە فڕۆکەخانەی تیرانی پایتەختی ئەلبانیا کارێکی سەختە، تەنانەت پلیکانەی تایبەت بە دابەزینی سەرنشینانی ناو ئەو جۆرە فڕۆکەیە، لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی تیران بوونی نیە”.

سەرەڕای ئەوەی کارمەندانی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا ئەم قسانەیان بە ئۆزاڵ وت، بەڵام ئەو لە ڕێگەی هێنانی پلیکانەیەکی تایبەت لە تورکیاوە، لە فڕۆکەخانەی تیران نیشتەوە.

لەو کاتەدا سەردەمی ئەنڤەر هۆجا تەواو بووبوو. وڵات بەرەو سیستەمی دیموکراسی دەڕۆشت. ئەم کۆلیژەی ئەلبانیاش، بەر لە مانگێک لە گەشتەکەی ئۆزاڵ کرابوویەوە.

لە ڕاستیشدا ئەو کاتەی، ناوەڕاستی ساڵی نوێی خوێندن بوو. ئەگەرچی کۆلیجەکە چەند مانگێک لە دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندن دواکەوتبوو، بەڵام هەر دەستی بە چالاکیەکانی خۆی کرد. هەربۆیە سەردانی سەرۆک کۆماری تورکیا بۆ ئەو خوێندنگەیە، گرنگییەکی تایبەتی هەبوو. واتە بە شێوەیەک لە شێوەکان، وەک ئەوە وەهابوو ئۆزاڵ بە شێوەیەکی فەرمی خوێندنگەکە بکاتەوە.

 

ئۆزاڵ دوای ئەوەی بەوەی زانی، کە سەردانی خوێندنگەکەیان لە پرۆگرامەکەی دەرهێناوە، بیرۆکراتەکانی خۆی ئاگادار کردەوە. هەروەها دوای ئەوەی بیستی، ڕێگە بەو منداڵانە نەدراوە، کە بەمەبەستی پێشوازی ڕوویان لە فڕۆکەخانە کردووە و دەرکراون، فەرمانی هێنانەوەی منداڵەکانی پێکردن.

 

ئۆزاڵ کاتێک ١٨ ی شوبات گەشتە فڕۆکەخانەی تیران، لەلایەن سالی بەریشای سەرۆک کۆماری ئەلبانیاوە پێشوازی لێکرا و، ١٢٠ خوێندکاری نوێ کۆلیژەکەش بە گوڵەوە پێشوازییان لێکرد.

ئۆزاڵ لە ناوەڕاستی ئەو پڕۆتۆکۆلەی بۆ پێشوازی ئەو هاتبوون، دەستی لە ڕێکارە فەرمیەکان هەڵگرت و ڕووی لە منداڵەکان کرد.

ئۆزاڵ دوای ئەوەی قسەی لەگەڵ خوێندکارەکان کرد، ئاوڕێکی لە وەزیری پەروەردەی ئەلبانیا دایەوە و وتی” بە کردنەوەی ئەم خوێندنگەیە کارێکی زۆر چاکتان ئەنجامداوە، هەرگیز لەم بڕیارەتان پەشیمان نابنەوە”.

ئۆزاڵ دوای ئەوەی سەردانی هەر ٤ قاتی کۆلیژەکەی کرد، لە قاتی سێهەم چاوی بە خانمێک کەوت کە جلی چێشتلێنەری لەبەردا بوو، لە هەمان کاتدا پێشوازی لە ئۆزاڵ کرد و وتی” بەڕێز سەرۆک کۆمار، بەخێربێن”.

ئۆزاڵیش سەری بە فێربوونی تورکی لەلایەن خانمەکەوە سوڕما و وتی” ئێوە زۆر بە باشی فێری تورکی بوون”.

خانمەکەش لە وەڵامدا وتی” من هاوسەری بەڕێوەبەری ئەم خوێندگەیەم، هەتا ئێستا کەسیان وەک چێشتلێنەر دەست نەکەوتووە، ماوەی ٢٠ ڕۆژە خۆم خواردن بۆ ئەم خوێندکارانە ئامادە دەکەم”.

ئۆزاڵیش لەو کاتەدا وتی” ئەمەیە فیداکاری ڕاستەقینە”، داوای لە وەرگێڕەکان کرد ئەم ڕووداوە بۆ کاربەدەستانی ئەلبانیا وەربگێڕن.

دوای ئەوەی وەرگێڕەکان ئەم قسانەیان وەرگێڕایە سەر زوبانی ئەلبانی، وەزیری پەروەردەی ئەو وڵاتە و سەرۆک کۆمار، زۆر سەریان بە فیداکاری خانمەکە و هاوسەرەکەی سوڕما…

 

تێزی ڕووبەڕووبوونەوەی ئیسلام و خۆرئاوا(١٩٩٣)

 

تێزی “پێکدادانی مەدەنیەتەکان” کەوا لەلایەن پرۆفیسۆر بێرنارد لویس لە ساڵی ١٩٩٠ خرایە ڕوو، لە دوای ٣ ساڵ، لەلایەن ساموئێل هەنتینگتۆن پرۆفیسۆری زانکۆی هارڤارد لە وتارێکدا بڵاوکرایەوە.

لە کاتێکدا خوێندکارانی موسوڵمان، کاسۆلیک، ئۆرتادۆکسی خوێندنگەکانی خزمەت لەسەر هەمان مێزی خوێندنگە پێکەوە دادەنیشتن، هەنتینگتۆن لە وتارەکەیدا باسی لەسەر تێزی ” ڕووبەڕووبوونەوەی ئیسلام و خۆرئاوا” دەکرد.

 

**

سەردانی تورگوت ئۆزاڵ بۆ ئاسیای ناوەڕاست(١٩٩٣)

تورگوت ئۆزاڵ لە دوای مانگ و نیوێک لە گەشتەکەی بۆ وڵاتانی بالکان، ئەمجارەیان لە ڕێکەوتی ٤ ی نیسانی ١٩٩٣، سەردانێکی بۆ وڵاتانی ناوەڕاستی ئاسیا ڕێکخست، کەوا بەر لە ماوەیەک سەربەخۆیی خۆیانیان بەدەستهێنابوو.

خودی ئۆزاڵ، تەلەفۆن بۆ عەلادین کەیای خاوەن ئیمتیازی ڕۆژنامەی زەمان دەکات و پێی دەڵێت” من تەنیا لەبەر خاتری کردنەوەی خوێندنگەکانی خزمەت سەردانی ئەو وڵاتانە دەکەم”.

ئۆزاڵ لە ئۆزبەکستان، لە شارەکانی تاشکەنت و بوخارا، سەردانی کۆلیژەکانی خزمەتی کرد. هەروەها کاتێک گەشتە تورکمەنستان، لە شاری مەرڤ، سەردانی گۆڕی هەریەک لە سوڵتان سەنجەر و توغروڵ بەگ کرد. هەروەها یەکێک لە وێستگەکانی ئۆزاڵ لە ئاكشەباندی پایتەخت، کۆلیژێکی خزمەت بوو.

ئۆزاڵ لە تورکمەنستان، کاتێک لەگەڵ سەپارموراتی سەرۆک کۆماری ئەو وڵاتە بە پۆلەکانی یەکێک لە خوێندنگەکانی خزمەتدا دەگەڕا، بە زمانی ئینگلیزی پرسیاری لە ٤ خوێندکار کرد” What do you want to be when you grow up?” واتە کاتێک گەورە دەبیت، دەتەوێت ببیت بە چی؟

کاتێک هەریەک لە خوێندکارەکان بە شێوەیەکی جیاواز وەڵامیان دایەوە، ئۆزاڵ دیسان بە زمانی ئینگلیزی وتی” What a nice harmony“، واتە ” چی هەماهەنگیەکی جوانە”.

دوای ئەوەی ئۆزاڵ بەم شێوەیە پەسنی خوێندکارەکانی کرد، سەرۆک کۆماری تورکمەنستان بە ئۆزاڵی وت” ئەم خوێندکارانە کاتێک خوێندنیان تەواو کرد، لە کوێ زانکۆ تەواو بکەن؟”.

ئۆزاڵ لە وەڵامدا وتی” خەم مەخۆن، ئەمانە زانکۆش دەکەنەوە”.

ئۆزاڵ دواتر ئاوڕی لە کاربەدەستانی کۆلیژەکە دایەوە و وتی” خۆ دەیکەنەوە وانیە؟”

کاربەدەستانی کۆلێژەکەش لە وەڵامدا وتیان ” دەیکەینەوە”.

هەربۆیە ساڵی دواتر، یەکەم زانکۆی خزمەت، لە وڵاتانی ناوەڕاستی ئاسیا کرایەوە.

ئەم ڕووداوەی لەم خوێندنگەیەی وڵاتی تورکمەنستان ڕوویدا، چەشنی ئەوەی تەقینەوەیەک ڕووبدات، کاریگەری لەسەر زیادبوونی ژماری خوێندنگەکانی خزمەت دانا. سەرۆک کۆماری تورکمەنستان دواتر ڕووی کردە کاربەدەستانی کۆلیژەکە و وتی” هەر بینایەکتان ویست لە هەر ویلایەتێک، دەتوانن وەریبگرن و بیکەن بە خوێندنگە”.

” ئەم خوێندنگانە ناوازەن”

لە میانەی گەشتەکەی تورگوت ئۆزاڵدا بۆ وڵاتی کرغزستان، لە فڕۆکەخانەی ئەو وڵاتە، لەلایەن خوێندکارانی بیشکەکی پایتەختەوە پێشوازی لێکرا.

ئۆزاڵ بە ئەسکەر ئەکایەڤی سەرۆک کۆماری ئەو وڵاتەی وت” من کەفیلی ئەم خوێندنگانەم، ئەمانە زۆر بە باشی گەنجەکان پێدەگەیەنن”.

هەروەها ئەو تابلۆیەی لەسەر خاکی لە دایک بوونی ئەحمەد یەسەڤی بینرا، بە هەمان شێوە بوو.

ئۆزاڵ لەگەڵ نورسوڵتان نەزەربایەخ سەرۆک کۆماری کازاخستانیش سەردانی خوێندنگەکانی خزمەتی کرد.

ئۆزاڵ لە میانەی گەشتەکەیدا بۆ وڵاتی ئازەربایجان، بە پڕۆفیسۆر شەریف عەلی وەزیری خوێندنی باڵا وت، کەوا لە دوای تەواو بوونی گەشتەکەی، دەیەوێت لە تورکیادا چاوی بە مامۆستا م.فەتحوڵڵا گولەن بکەوێت.

شەریف عەلیش هەر لە ئازەربایجانەوە پەیوەندی بە مامۆستاوە کرد و، داواکاریەکەی ئۆزاڵی پێڕاگەیاند. بەڵام کاتێک ئۆزاڵ لە ١٥ ی نیسانی ١٩٩٣ گەڕایەوە تورکیا، لە دوای دوو ڕۆژ وەفاتی کرد.

 

ئۆزاڵ هەر دەگەڕێتەوە بۆ ئەنقەرە، بە براکەی دەڵێت” بە ڕاستی ئەم خوێندگانە زۆر ناوازەن”.

کۆرکوت ئۆزاڵ لە دوای ماوەیەک لە وەفاتی براکەی، چاوی بە مامۆستا دەکەوێت و دەڵێت” ئەم خوێندنگانە دڵی تورگوت ئۆزاڵیان فەتح کردبوو”.

ئەم سەردانەی ئۆزاڵ، بە شێوەیەکی خێرا کاریگەری لەسەر ژمارەی خوێندنگەکان دانا. لە کۆتاییەکانی ساڵی ١٩٩٣، ژمارەی خوێندنگەکانی خزمەت لە وڵاتانی ناوەڕاستی ئاسیا، ١٠٠ خوێندنگەیان تێپەڕاندبوو.

هەروەها ئەم ژمارەیە، بە شێوەیەکی بەرچاو ڕووی لە زیاد بوون دەکرد. ئیدی تەنیا کارێک کەوا لە بەردەمی خزمەتدا مابوو، بریتی بوو لەوەی کۆمەڵێک مامۆستا و سەرپەرشتیاری فیداکار بۆ ئەنجامدانی خزمەت لەو خوێندنگانە، پێبگەیەنێت.

“هێندەی مردنی باوکم بۆ ئۆزاڵ گریام”

مامۆستا سەبارەت بە وەفاتی ئۆزاڵ دەڵێت” هێندەی باوکم بۆ ئۆزاڵیش گریام، ئۆزاڵ دووهەم مرۆڤە کەوا هێندە بۆی گریابم”. هۆکاری سەرەکی خۆشەویستیشی بۆ ئۆزاڵ، بریتی بوو لەوەی ئۆزاڵ بە شێوەیەکی زۆر ڕاستگۆیانە کەسێکی ئیماندار بوو.

لە چاوی مامۆستادا، ئۆزاڵ پیاوێکی دەوڵەت  بوو کەوا خاوەنی ئیمانێکی فراوان و هەتا دوا ڕادە وابەستەی بەها مەعنەویەکان بوو.

هەربۆیە ئۆزاڵ کاتێک لە نەخۆشخانە کەوتووە و، لە چواردەوری باڵیۆزەکانی وەزارەتی دەرەوەی بوونیان هەیە، بە جەنگیز ئاسڵانی پزیشکی خۆی دەڵێت” قیبلەم بۆ بدۆزەوە با نوێژێک بکەم”.

لەلایەکی ترەوە، ئۆزاڵ هەر کاتێکی بە حاڵێکی ناخۆشدا تێبپەڕیایە، هەواڵی بۆ مامۆستا دەنارد و دەیوت” با مامۆستا نزام بۆ بکات، زر پێویستم بە نزایە”.

 

بابەتی ئەوەی ئۆزاڵ بە سەرۆکی وڵاتانی دەوت” من کەفیلی ئەم خوێندنگانەم”، زۆر کاریگەری لەسەر مامۆستا دانا بوو.

 

ئۆزاڵ کاتێک دەیوت” من کەفیلی خوێندنگەکانم”، وەک نوێنەری ٧٠ ملیۆن هاوڵاتی تورکیا، پشتیوانی خۆی بۆ خوێندنگەکان دەردەبڕی. کارێکی گەورەش کەوا بە مرۆڤێکی سەر ئەو ئاستە بکرێت، هەر هێندە بوو.

مامۆستا لە مەراسیمەکانی پرسەنامەی ئۆزاڵ، لە ئیستەنبول و ئەنقەرە ئامادەیی پشاندا و، چەندین کیلۆمەتر لە نێو خەڵکدا، بە دوای ئۆتۆمبیلەکەی ئۆزاڵدا ڕۆشت. هەروەها بەشداری لە مەراسیمی بە خاکسپاردنی ئۆزاڵ کرد، کەوا لە گۆڕستانی ئانیتمەزار بە خاک سپێردرا.

 

 

 

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *