عاشقی ڕاستگۆ بەشی ٤٢ (ئەو مرۆڤانەی بە ڕۆحی فیداکاری و خۆتەرخانکردنەوە ئاوێتەی یەک بوون)

دوای ئەوەی یەکێتی سۆڤیەت لە ساڵی ١٩٨٩ لە ئەفغانستان کشایەوە، لەو وڵاتەدا شەڕی ناوخۆ و کێشمەکێشێکی بێ کۆتا، لەسەر گرتنە دەستی دەسەڵات سەری هەڵدا. هاوڵاتیانی ئەفغانستان کەوا سەرکەوتنیان بەسەر یەکێتی سۆڤیەت بەدەستهێنا، بەربوونە گیانی یەکتری. دوای ئەوەی چەندین ساڵ لە نێو خۆیاندا خەریکی پێکدادان بوون، هیچ دەسەڵاتیکی ناوەندی بوونی نەما و، وڵات بە شێوەیەکی کردەیی توشی دابەشبوون بوو بوو. سەرەڕای ئەمەش، هەڵمەتی  مرۆڤەکانی ناوچەی ئەنەدۆڵو و مامۆستا فیداکارەکان، خۆیان گەیاندە ئەفغانستان و وەک تروسکاییەکی هیوایان لێهات. خوێندنگەکانی خزمەت لە ساڵی ١٩٩٤ لەو وڵاتە کرانەوە.

هاوسۆزە فیداکارەکانی خزمەت، لە ساڵی ١٩٩٤، بە هەمان شێوە ڕوویان لە وڵاتی بۆسنە کرد کە بە قودسی وڵاتانی ئەوروپا ناسراوە. ئەمەش لە کاتێکدا بوو کە جەنگی ناوخۆی ئەو وڵاتە لە گەرمترین ساتەکانیدا بوو.

دوای ئەوەی وڵاتی یوگۆسلاڤیا پارچە پارچە بوو، هاوڵاتیانی بۆسنە لە ساڵی ١٩٩٢ سەربەخۆیی خۆیان ڕاگەیاند. دواتر ڕووبەڕووی هێرشی سربیەکان بوونەوە. وڵاتی بۆسنە کە بە شاخ چواردەوری گیراوە، دوای ئەوەی سربەکان بەرزاییە ستراتیژیەکانی ئەو وڵاتەیان داگیرکرد و قەناس بە دەستەکانیان لەسەر بەرزاییەکان جێگیری کرد، پەیوەندی ئەو وڵاتەیان لەگەڵ دونیای دەرەوە پچڕاند.

تەنیا ڕێگەی گەیاندنی یارمەتی بە ناوخۆی ئەو وڵاتە، بریتی بوو لە هەڵکەندنی تونێلێک لە ژێر فڕوکەخانەیەکی ژێر کۆنتڕۆڵی نەتەوەیەکگرتوەکان. هەربۆیە خەڵکی بۆسنەش، تونێلێکیان بە درێژایی ٨٠٠ مەتر و پانی ١،٥ مەتر هەڵکەند.

هاتنی یارمەتیەکان و گەشتن بەو شاراوە، بە شێوەیەکی شاراوە لەو تونێلەوە ئەنجام دەدرا. هاوسۆزانی خزمەتیش کەوا لە ساڵی ١٩٩٤ ڕوویان لەو وڵاتە کرد، لە ڕێگەی ئەم تونێلەوە چوونە ژوورەوە. بەڵام هەتا ئەو کاتەی گەشتن بەم تونێلە، چەندین ڕۆژ بە برسی مانەوە و شوینێکیان نەبوو خۆیانی تێدا حەشار بدەن. تەنانەت بە پارەش شتێکت بۆ خواردن دەست نەدەکەوت. بە کۆمەڵێک کتێبەوە کە لەسەر پشتیان هەڵیانگرتبوو، لەگەڵ کەمێک پارەی ناو گیرفانیان، هاتنیان بۆ کردنەوەی خوێندنگە لەو وڵاتە، هەم کارێکی سەیر، هەم دڵخۆشکەر بوو. بەم شێوەیە هەر لە یەکەم ڕۆژەوە دڵی خەڵکی بۆسنەیان فەتح کرد.

دوای ئەوەی کۆمەڵکوژی سربەکان ٤ ساڵی خایاند، خوێندنگەکانی خزمەت لەگەڵ کرانەوەیاندا سەرکەوتوو بوون لە زیندووکردنەوەی ڕۆحیەتی ئەوەی سەرلەنوێ بۆسنە ببێتەوە بە “قودسی ئەوروپا”. ئەمەشیان لە ڕێگەی فەراهەمکردنی خۆشەویستی و لێبوردەیی لە نێوان  منداڵە سربی، بۆسنەیی، کرواتی و زیاتر لە ٢٠ نەتەوەی تر ئەنجامدا،  کاتێک هەموویان لەسەر مێزی هەمان خوێندنگە پێکەوە دانیشتن. ئەمەش فیداکاری هاوسۆزانی خزمەت بوو.

لەگەڵ ئەمەشدا، ئەو ڕۆحیەتەی منداڵانی موسوڵمان، هیندو، شامان، بودیست، موسەوی، مەسیحی، سرب، کروات، بۆسنەیی، شیعی، سوننی لە ژێر سایەی سەقفی “دونیایەکی نوێ” کۆدەکردەوە هەمان شت بوو. ئەویش بریتی بوو لە سەمیمیەت، جوامێری و خەمخۆری مرۆڤەکانی خزمەت.

ڕێپۆرتاژی مامۆستا لەگەڵ ڕۆژنامەکای سەباح و حوڕیەت(١٩٩٥)

ئێرتوغرول ئۆزکۆک کەوا سەرنوسەری ڕۆژنامەی حوڕیەتی تورکی بوو، دوای ئەوەی پێش چەندین ساڵ تورگوت ئۆزاڵی سەرۆک کۆماری تورکیا پێی ڕاگەیاندبوو کەوا قسەکانی مامۆستا فەتحوڵڵا گولەن بە جددی وەربگرێت، خوازیاری ئەوە بوو ڕێپۆرتاژێک لەگەڵ مامۆستادا ئەنجام بدات. بۆ ئەم مەبەستەش نورییە ئاکمانی ڕاسپاردبوو. لە کاتێک ئەم هەوڵانە بەردەوامییان هەبوو، ئاکمان لە حوڕیەتەوە ڕۆشتە ڕۆژنامەی سەباح. ئەو کاتەی مامۆستا لە ساڵی ١٩٩٥ “بەڵێ” ی بۆ داواکاریەکەی ئاکمان کرد، لە ڕۆژنامەی سەباح دەستی بە کار کردبوو.

واتە ئەو کەسەی دەبووە یەکەم ڕۆژنامەنوس کەوا ڕێپۆرتاژ لەگەڵ مامۆستادا ئەنجام بدات، ناوی “نورییە” ی لەلایەن ئوستاد بەدیعوزەمانەوە لێنرابوو، کە مامۆستا زۆر خۆشی دەوێت و هەمیشە بە ڕێزەوە باسی دەکات. چونکە عاطف ئوڕال کە دەکاتە مامی نورییە ئاکمان و داواکاری گشتی بووە، لە یەکەم خوێندکارەکانی ئوستاد بەدیعوزەمانە. ئەو کاتەی لە ئەنقەرە خوێندکار دەبێت، چاوی بە ئوستاد بەدیعوزەمان دەکەوێت. باپیرەی ئاکمانیش کە پلەی سەرهەنگی دەبێت لە نێو سوپای تورکیادا، لە کاستەمۆنو چاوی بە بەدیعوزەمان دەکەوێت، کە لەوکاتەدا نەفی کراوە و ماوەیەک بە ناچاری لەوێش ژیانی بەسەر بردووە. نوریە ئاکمان لەو کاتەی ڕووی لە بۆزیەکای ئیزمیر دەکات هەتا ڕێپۆرتاژەکەی ئەنجام بدات، هەواڵەکە بە دەمی ئێرتوغرول ئۆزکۆک دەگاتەوە. ئۆزکۆک پێی وا دەبێت ئەم ڕێپۆرتاژە مافی ڕۆژنامەی حوڕیەتە نەک سەباح. چونکە ئەو خاوەنی بیرۆکەکە بوو. ئۆزکۆک لەو کاتەدا پەیوەندی بە عەلادین کەیایی هاوڕێی نزیکی مامۆستاوە کرد و، داوای کرد لە هەمان کاتدا ڕێپۆرتاژێک لەگەڵ ڕۆژنامەی حوڕیەتیش ئەنجام بدات. مامۆستاش ئەم داوایەی ئۆزکۆکی ڕەت نەکردەوە. هەربۆیە خۆیشی ڕووی لە ئیزمیر کرد و ڕێپۆرتاژێکی نوێی لەگەڵدا ئەنجامدا. ئەو تێڕوانینەی ئۆزکۆک لە دوای ڕێپۆرتاژێکی چەند کاتژمێرییەوە لە مامۆستای وەرگرتبوو، ئەرێنی بوو. ئۆزکۆک لە میانەی ڕێپۆرتاژەکەدا بە مامۆستا دەڵێت” مامۆستا ئێمە هەتا ئەمڕۆ ئێوەمان بە هەڵە ناسیوە”. مامۆستاش دیسان بە ڕەفتاری خاکییانەی خۆیەوە وەڵامی دەداتەوە و دەڵێت” گەر کەموکورتیەک هەبێت ئەوا بە هۆی خۆمانەوەیە، چونکە ئێمە نەمانتوانیوە بە باشی خۆمان بە ئێوە بناسێنین”.

هەریەک لە ڕۆژنامەکانی سەباح و حوڕیەت، لە ڕێکەوتی ٢٣ کانونی دووهەمی ١٩٨٥ دەستیان بە بڵاوکردنەوەی ڕێپۆرتاژەکە کرد. ڕێپۆرتاژەکە زیاتر سەبارەت بە بارودۆخی تورکیا، ئیسلامیەت، سیاسەت، ژن و پەروەردە بوو. لە هەردوو ڕێپۆرتاژەکەدا، بەهێزترین پەیامی مامۆستا دیموکراسی بوو. مامۆستا لە میوزیکی مۆزارتەوە هەتا دەگاتە وێنەکانی پیکاسۆ، باسی لە زۆر بابەتی جیاواز کرد.

لە ساڵی ١٩٩٥، دوای ئەوەی چایخانەیەکی تایبەت عەلەویەکان لە ناوچەی غازیعوسمانپاشا درایە بەر دەستڕێژی گولـلە، ڕۆژی دواتر لە کاتی بە خاکسپاردنی تەرمەکاندا پێکدادان دەستی پێکرد. یەکەکانی سوپا ڕوویان لە ناوچەکە کرد و، لە میانەی ئەم ڕووداوانە کەوا ٣ ڕۆژی خایاند، ٢٢ کەس گیانیان لە دەستدا.

تیرۆر دیسان وەک ماددەی یەکەمی ڕۆژەڤی تورکیای لێهاتەوە. مامۆستاش هەمیشە لەو کاتانەدا ئاماژەی بەوە دەدا، چارەسەری کێشە کۆمەڵایەتیەکان و ڕووداوە گەورەکانی تیرۆر، لە ڕێگەی گرتنەبەری ڕێگەچارەی هێزی چەکداری وەک تاقە چارەسەر، کارێکی ئەستەمە. هەمیشە ئاماژەی بەوە دەدا کەوا لایەنەکان پەنا بۆ ڕێگەی بەکارهێنانی چەک دەبەن و، خۆیان لە بەکارهێنانی ئەقڵ دوور دەخەنەوە، ئەمە لە کاتێکدایە چارەسەری ئەم کێشانە لە ڕێگەی پەنابردن بۆ ئەقڵەوە دەبێت. بۆ ئەمە مەبەستەش نمونەی بە یاوز سوڵتان سەلیم دەهێنایەوە” گەر یاوز سوڵتان سەلیم لە بەرەنگاربوونەوەی شا ئیسماعیلدا ، هێندە زەبروزەنگی بەکارنەهێنایە، گەر ڕێگە چارەسەرێکی تری بگرتایە بەر، پێدەچوو زۆرێک لە کێشەکانی ئەمڕۆ ڕوویان نەدایە. خۆزگە سوڵتان یاوز لە جیاتی هێز و زەبروزەنگ، لە ڕێگەی گفتوگۆوە چارەسەری کێشەکانی بکردایە”.

مامۆستا پێش مانگ و نیوێک هەستی بەوە کرد، کە هەوڵێکی ڕێکخراو هەیە بۆ دروستکردنی شەڕ و پێکدادان لە نێوان سوننی-عەلەویەکانی ناوچەی غازی عوسمانپاشا، هەربۆیە دۆسیەیەکی وەک ڕێگەچارەسەری ئەو کێشەیە گەیاندە تانسوچیلەری سەرۆک وەزیرانی ئەو کاتەی تورکیا. چونکە مامۆستا هەواڵی ئەوەی پێگەشتبوو کە هاوڵاتیە کورد و تورکە عەلەویەکانی ئەوروپا بۆ کارێکی لەو شێوەیە تەیار کراون و، تورکیاش لە بەردەم ئەگەرێکی هاوشێوەدا بوو. هەندێک لەو ڕۆژنامە و گۆڤارانەی لە وڵاتانی ئەوروپا بڵاو دەکرانەوە، عەلەویەکانی تورکیایان بۆ کارێکی لەو شێوەیە هان دەدا. ئەمەش بە واتای ئامادەکاری بۆ بەیەکدادانی عەلەوی و سونەیەکانی تورکیا دەهات. بە گوێرەی تێڕوانینی مامۆستا، تورکیا لەو کاتەدا لەلایەن هەندێک هێزەوە بەرەو ئاقارێکی دیاریکراو دەبردرا. ئەمەش قۆناغی جیاکردنەوەی تورکیا لە یەکتری بوو. تورکیا وەک ئەوەی ناچاری ڕۆشتن بە ئاڕاستەیەکی لەو شێوە بێت، بەرەو قۆناغێکی لەو شێوەیە پاڵی پێوە دەنرا. ئەمەش ئەگەری ئەوەی لێدەکەوتەوە، کە تورکیا سەرلەنوێ بە ڕووداوە خوێناویەکانی ساڵی ١٩٨٠ تێبپەڕێتەوە. هەربۆیە مامۆستا لە یەکێک لە وتارەکانیدا بەم شێوەیە باسی بابەتەکەی دەکرد:

“ئەوەی سبەینێی تورکیا چاوەڕێی دەکات، بریتیە لە کۆمەڵێک ڕووداوی تیرۆری تۆقێنەر و پێکدادانی نێوان مەزهەبەکان. ئەم جۆرە پێکدادانەش، ٥٠ جار زیاتر لە ڕووداوەکانی تیرۆر، توانای وێرانکارییان هەیە”.

هەربۆیە دەبوو خەڵکی تورکیاش ئەم قۆناغە، پێچەوانەوە بکەنەوە. دەبوو هەموو کۆمەڵگا بەرامبەر مەترسیەکی لەم شێوەیە بێدار ببنەوە، لە هەمان کاتدا قۆناغێکی نوێ بۆ پێکەوە ژیان دیاری بکەن.

لە دوای دامەزراندنی وەقفی ڕۆژنامەنوسان و نوسەران لە ساڵی ١٩٩٤، یەکێک لە ئامانجەکانی دەرکەوتنی زیاتری مامۆستا لە میدیا و ڕۆژنامەکانەوە، هەر بۆ ئەو مەبەستە بوو. مامۆستا لە ڕێپۆرتاژێکیدا کەوا لە مانگی حوزەیرانی ساڵی ١٩٩٥ لەگەڵ نوسەران و سەرپەرشتیارانی ڕۆژنامەی ئاکشەم ئەنجامیدا دەڵێت” دەستپێشخەریەکان من بە مبەستی برایەتی نێوان چەپ-ڕاست، عەلەوی-سونیەکانی تورکیایە”

لە مانگی ئابی هەمان ساڵدا، لە ڕێپۆرتاژێکدا کەوا لەگەڵ ئۆڕال چاڵیشلەری نوسەری ڕۆژنامەی جومهوریەت ئەنجامیداوە، بەم شێوەیە باسی تێپەڕاندنی مەترسی پێکدادانی نێوان سونی و عەلەویەکانی تورکیا دەکات” لایەنی کەم گەرهزری پێکدادانی یەکێک لە لایەنەکان تێکبشکێنین، ئەوا ئەو مشتەکۆڵەیەی لایەنی بەرامبەر دایدەگرێتەوە، بەر بۆشایی دەکەوێت”.

مامۆستا لە شاری ئیزمیر، بۆ ئەم مەبەستە چاوی بە یەکێک لە پیاوماقوڵانی سەر بە مەزهەبی عەلەوی دەکەوێت، کە پێشتر ماوەیەک ئەندام پەڕلەمانیش بوو بوو. پاشان وەک سیمبوڵی برایەتی نێوان عەلەوی سونییەکانی تورکیا، پڕۆژەی دروستکردنی مزگەوت و جەمئێڤی لە پەنا یەکدا، هێنایە ئاراوە.

مامۆستا پێی وەهابوو گەر تەواوی چینەکانی کۆمەڵگا لە یەکتری نزیک ببنەوە، دیوارەکانی نێوانیان بڕوخێنن، هەم ئەم دووبەرەکییە تێدەپەڕێندرێت، هەم ئەو کەسانەی دەیانویست ڕووداوگەلێکی نوێی وەک غازی و هۆتێلی مادیماک بسازێننەوە، شانسی سەرکەوتنیان لەبەردەمدا نەدەما. هەربۆیە مامۆستا دەیوت” گەر ئەگەری پێکدادانمان لە مزگەوتدا لەبەردەمدا بێت، ئەوا پێویستە لە حەوشەی مزگەوت بە دوای ڕێگە چارەسەرەکانی ئاشتیدا بگەڕێین”. مامۆستا لەو باوەڕەدا بوو، تێپەڕاندنی ئەو قۆناغە هەستیارە، داخوازی ئەوەیە ڕۆشنبیران پێش هەموو کەسێک لە چواردەوری خۆشەویستی و لێبوردەیی کۆببنەوە. دوای چەندین ساڵ پێکدادانی نێوان ڕاست-چەپ، لەو کاتەشدا پێکدادانی کورد-تورک، عەلەوی-سونی، عەلمانی- دژە عەلمانی تەنیا لە ڕێگەی لێبوردەییەوە تێدەپەڕێندرا.

مامۆستا م.فەتحوڵڵا گولەن، لە ڕێکەوتی ٢٠ ی ئازاری ١٩٩٥، لە شوقەکانی ئۆران سیتی ئەنقەرەی پایتەخت، سەردانی بولەنت ئەجەویدی کرد. لە کاتی ئەم سەردانەی مامۆستادا، ئەجەوید لە مەیدانی سیاسەتدا کاریگەرییەکی ئەوتۆی نەبوو. پارتەکەی لە ڕێگەی چەند پەڕلەمانتارێکەوە لە پەڕلەمان نوێنەرایەتی دەکرا. بەڵام تێڕوانینی مامۆستا بۆ ئەجەویدی تەمەن ٧٠ ساڵ، جیاواز لە ژمارەی کورسیەکانی ناو پەڕلەمان، وەک کەسایەتیەکی زۆر بە نرخ سەیری دەکرد.

تەنانەت یەکێک لە هاوڕێکانی مامۆستا لەو کاتەدا پێی دەڵێت” پێم وایە ئەجەوید لەمەودوا لەسەر سەحنەی سیاسی کاریگەرییەکی ئەوتۆی نابێت”. لە ڕاستیشدا هیچ کەسێک لەو باوەڕەدا نەبوو کە ئەجەوید بتوانێت جارێکی تر لە سیاسەتدا کاریگەری خۆی دابنێتەوە و لەوەش زیاتر، بتوانێت ببێتە سەرۆک وەزیران. چونکە هیچ کەسێکی بە چواردەورەوە نەمابوو. بەڵام مامۆستا بایەخی بەم جۆرە بابەتە سیاسیاینە نەدەدا و، بایەخی بە خودی ئەجەوید دەدا.

لەو ڕۆژەدا شتێک کەوا زۆر کاریگەری لەسەر مامۆستا دانا، سادەییەکەی ماڵی ئەجەوید بوو. کورسیەکانی ماڵەکەی تەمەنیان زیاتر لە ٢٠ ساڵ دەبوو، سەری کورسیەکان داخورا بوو. فەرشەکانی سەر زەویەکەی کۆن بوو. ڕەخشان ئەجەوید بە دەستی خۆی شتی بۆ میوانەکان دەگێڕا و، قبوڵی نەکرد هیچ کام لە یاریدەدەرەکانی مامۆستا لە کارەکانی مەتبەخ یارمەتی بدەن. خۆی چای دەهێنا و بەسەر میوانەکاندا دابەشی دەکرد. لە کاتی چا خواردنەوەدا، ئەجەوید سەبارەت بە خوێندنگەکانی خزمەت لە وڵاتانی ناوەڕاست ئاسیا، پرسیاری ژمارەکانی لە مامۆستا کرد. مامۆستا لەگەڵ ئەوەی ئاماژەی بەوەدا کە ژمارەی تەواویان نازانێت، بەڵام باسی لە بوونی ١٨٦ خوێندنگە کرد. ئەجەوید لەم کاتەدا هاوار لە هاوسەرەکەی دەکات کە لە مەتبەخ دەبێت و دەڵێت” ڕەخشان خۆ گوێت لێیە، لە وڵاتانی ناوەڕاستی ئاسیا، ١٨٦ خوێندنگەمان هەیە”. دوای ئەوەی ئەجەوید لە ناخی دڵیەوە خۆشحاڵی خۆیی دەربڕی و بەم شێوەیە بانگی هاوسەرەکەی کرد، کاریگەرییەکی قوڵی لەسەر مامۆستا دانا.

لەو کاتەدا لەسەر مێزی ناوەڕاستی ژوورەکەی، کتێبی “ژیانی دوای مردن” ی مامۆستا م.فەتحوڵڵا گولەنی لێبوو. ئەجەوید هێڵی بەسەر هەندێک لە دێڕە گرنگەکانی ناو کتێبەکەدا هێنابوو و بەو شێوەیە خوێندبوویەوە. ئەو کاتەی مامۆستا کتێبەکەی لەسەر مێزەکە بینی، ئەجەوید تەریق بوویەوە و وتی” تکایە بیر لەوە مەکەنەوە کەوا لەبەر ئەوەی ئێوە دێن ئەو کتێبەم لەوێدا داناوە، لە بیرم چوو هەڵیگرم، بمبورن”. دواتر هەستا و کتێبەکەی خستەوە ناو ڕەفەی کتێبەکانی، هەروەها چەندین کتێبی تری مامۆستای هەبوو.

چاوپێکەوتنی مامۆستا و ئەجەوید چاوپێکەوتنێکی زۆر گرنگ بوو. هەربۆیە لە دوای ٥ ڕۆژ، وەک مانشێتی ڕۆژنامەی حوڕیەتی لێهات. ئەجەوید لە لێدوانێکدا بۆ ڕۆژنامەکە باسی لەوە دەکرد، کە پێش ساڵ و نیوێک نامەیەکی نێردراوی مامۆستای بە دەست نەگەشتووە و تازە بە دەستی گەشتووە. هەربۆیە چاوپێکەوتنەکەیان ساڵ و نیوێک دواکەوتووە. بابەتی ئەوەی خزمەت لە ناوخۆی تورکیا ١٣٠ خوێندنگە و لە دەرەوەی وڵاتیش ١٨٦ خوێندنگەی زانستی هەبوو، زۆر کاریگەری لەسەر ئەجەوید دانابوو کە خۆی دەرچووی کۆلیژی ڕۆبێرت بوو.  بۆ نمونە یەکێک لە خوێندکارەکانی کۆلیژی یەمانلەر لە ئیزمیر، لە ئۆڵمپیاتی فیزیادا لەسەر ئاستی جیهان پلەی یەکەمی بەدەستهێنابوو، بەم هۆیەشەوە لە ئاژانسی ناسای ئەمەریکی وەک کارمەند قبوڵ کرا.

هەروەها لە ١٠ ی ئایاری ساڵی ١٩٩٥، مامۆستا لە کاتی جەژنی قورباندا، چاوی بە حیکمەت چەتین کەوت.

هەروەها چەندین کەسێکی نزیک لە مامۆستا، پێش ئەوەی عەزیز نەسین وەفات بکات، سەردانی دەکەن. بەڵام بە هۆی نەخۆشیەکەیەوە هیچ دیالۆگێک لەگەڵ یەکتریدا ئەنجام نادەن. دواتر نەسین بە هۆی جەڵتەیەکی دڵی لەناکاوەوە، لە ڕێکەوتی ٦ ی تەموزی ١٩٩٥ گیانی لە دەستدا.

مامۆستا زۆر جار دەیوت” زۆر حەزم بە بینینی دوو کەس کردووە، یەکێک لەوان عەزیز نەسین، ئەوی تریشیان زەکی مورەنە”. ئەو کاتەی هەواڵی وەفاتی عەزیز نەسین بە مامۆستا دەگات، فرمێسک بە چاوەکانی مامۆستادا دێتە خوارەوە و دەڵێت” خۆزگە جارێک زیاتر سەردانمان بکردایە”، بەم شێوەیە خەمباری خۆی بۆ مەرگی نەسین دەربڕی.

عزیز نەسین کوڕی یەکێک لە شێخەکانی سەر بە تەریقەتی قادری بوو. باوکیان بە منداڵی زمانی عەرەبی دەخوێنێت و تەواوی قورئان لەبەر دەکات. بەڵام هەمیشە دەیوت” دوای ئەوەی باوکم وەفاتی کردم ئیدی لە دیندا سارد بوومەوە” ، هەروەها خۆی بە کەسێکی بێ دین پێناسە دەکرد.

**

یارییەکی تۆپی پێ بۆ پاڵپشتی منداڵەکانی بۆسنە(١٨ ی ئەیلولی ١٩٨٥)

یارییەکی تۆپی پێ کەوا لەلایەن وەقفی ڕۆژنامەنوسان و نوسەرانەوە لە شاری ئیستەنبول ڕێکخرا، لە ژێر دروشمی” هەموو شتێک لە پێناو منداڵەکانی بۆسنە” ئەنجامدرا. یارییەک کەوا لە نێوان کۆمەڵێک کەسایەتی نێودەوڵەتی و کۆمەڵێک کەسایەتی ناوخۆی تورکیا ئەنجامدرا، لەم ڕێگەیەوە هەم سەرنجیان بۆ کۆمەڵکوژیەکەی بۆسنە ڕاکێشا، هەم بە داهاتەکەی خوێندنگەیەکیان بۆ منداڵەکانی بۆسنە کردەوە. هەریەک لە مارادۆنا و مامۆستا م.فەتحوڵڵا گولەن پێکەوە  لە پەنای یەکتردا سەیری یارییەکەیان کرد.

مامۆستا سەبارەت بەم چالاکیە لە یەکێک لە وتارەکانیدا دەڵێت” بۆسنە-هێرسەک لە وڵاتانی باڵکانەکاندا، برینێکە بە ناوی ئیسلامەوە خوێنی لێدەتکێت. ئەوەی لە هەمان کاتدا بە هۆی ئەم برینەوە خوێنی لێدەتکێت تورکیایە. تورکیا بە هۆی بۆسنەوە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ خوێنی لێدەتکێت و ئیعتیباری خۆی لە دەست دەدات. لە کاتێک وەرزی خۆ گەورەکردنەوەیە، ئەو گەل و دەوڵەتانەی داوای یارمەتی لێدەکەن و بەدەمەوە هاتنی لەسەر ئاستی پێویست نابینن، متمانەیان بەو لە دەست دەدەن و ڕوو لە کەسانی تر دەکەن. لە بابەتی بۆسنەدا، ماوەی ٤ ساڵە کەسانی سیاسی و ناسیاسی، لە پلاتفۆرمە جیاوازەکاندا ئەوەی لە بارەی بۆسنەوە پێویست بوو، باسیان لێوە کرد، ئێمەش لەم بابەتەدا ویستمان زمانی گەردونی وەرزش بەکاربهێنین. ئێمەش لە ڕیگەی ئەو زمانە گەردوونیەوە وتمان” با چیدی منداڵەکانی بۆسنە نەمرن، خوێن نەڕژێت، جەنگ کۆتایی پێبێت، ژنان بێوەژن نەکەون، سروشت وێران نەبێت…”، بەم شێوەیە ئەم چالاکیەمان ئەنجامدا. بەڵێ لە ڕۆحی وەرزشیدا جەنتڵمانێتی بوونی هەیە. یەکخستنەوەی ئەو مرۆڤانە و کۆکردنەوەیان لە ژێر سایەی هەمان هزر و هەستدا، پێگەیەکی گرنگی هەیە. وتمان گەر لەسەر ئاستی هەموو دونیا کۆمەڵێک وەرزشەوانی خاوەن پێگە بوونیان هەبێت، ئەو پەیامەی ئەوان بە هەموو دونیای دەدەن زۆر گرنگ دەبێت و، ئەمەش بابەتێکە پێویستی بە ڕوونکردنەوە نیە. بەڵام دەمەوێت لەم بابەتەدا هیوایەکی خۆم عەرزی ئێوە بکەم. خۆزگە ئەم چالاکیە، تەواو تەلەڤیزۆن، ڕادیۆ و ڕۆژنامەکانی تورکیا پێکەوە بە شێوەیەکی هاوبەش ئەنجامیان بدایە. هەروەها پێکەوە بەیاننامەیەکی هاوبەشیان بڵاو بکردایەتەوە.  ئیدی گومان نیە لەوەی ئەو دەنگدانەوەی لە هەموو دونیا بە دوای خۆیدا دەیهێنا، گەورەتر دەبوو. بەڵام هەموو شتێکیش بە تەواوی لە دەست نەچووە. چارە و دەرمان لە کاتی گەڕاندا دەست دەکەوێت. بابەتی بۆسنەش هێشتا بە کۆتایی نەگەشتووە. پشتیوان بە خودا، ئەم پێشنیارەی ئێمە لەلایەن سەرپەرشتیارانی مێدیاکانەوە پەسەند دەکرێت. زۆر چالاکی تری هاوشێوەی ئەمەش لەمەودوا ڕێکبخرێت”.

**

لەبەرچی دروشمی “هەموو شتێک بۆ منداڵانی بۆسنە بەکارهێنرا”؟

داهاتوو لەسەر دەستی منداڵەکانی ئەمڕۆ دەنەخشێنرێت. گەر هەوڵی لەناوبردنی گەلێک بدرێت، سەرەتا منداڵەکانیان لەناو دەبرێت. هەربۆیە بۆسنەییەکان کەوا ماوەی ٤ ساڵە ڕووبەڕووی جینۆسایدێکی جددی بوونەتەوە، گەر لەو وڵاتەدا هەنگاوێک بۆ داهاتوو بنێت، لە ڕێگەی منداڵە هەتیو و بێ دایک و باوکەکانی ئەمڕۆوە دەبێت. گەر بە فریای ئەوان بکەوین، ئەوا بە فریای داهاتووی بۆسنە کەوتووین. پێموایە لە ڕێگەی ئەم جۆرە بیرکردنەوەوە ئەم دروشمەیان هەڵبژاردووە…

 

 

 

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *