عاشقی ڕاستگۆ بەشی ٤٣ مامۆستا ئایدیاڵێکی خستە بەردەمی گەنجان

 

“مامۆستا هەمیشە باس لەوە دەکات کە ئیسلام دینی شەڕکردن نیە و، پێکهاتەیەکی باوەڕە کە تەواوی جوانیەکانی لە خۆیدا کۆکردۆتەوە. گەنجان کە بە دەستی بێ مەفکورەییەوە(بێ ئایدیاڵی) دەیانناڵاند، لەلایەن مامۆستاوە ئایدیاڵێکیان خرایە بەردەم. ئەم بزاڤە کەوا لەم سەدەیەدا تازە دەناسرێت، ئامانجی ئەوەیە مرۆڤی جوان پێبگەیەنێت و وەک دیاری بە تەواوی مرۆڤایەتی پێشکەش بکات”.

ئەو مامۆستا مەردانەی خۆیان بۆ خزمەتی ئایدیاڵێک تەرخان کردبوو

لە ساڵی ١٩٩٥ ئەو کاتەی یەکەم خوێندنگەی خزمەت لە مۆسکۆی پایتەختی ڕوسیا کرایەوە، یەکێک لە بەرپرسانی پەروەردەی ئەو وڵاتە، سەبارەت بە کردنەوەی ئەو خوێندنگەیە دەیوت” لە مێژووی ڕوسیادا دوو ڕووداوی گرنگ هەیە، یەکەمیان چوونی گاگارین بۆ سەر مانگ، دووهەمیان کردنەوەی ئەم خوێندنگەیە”.

هەروەها یەکێک لە فەرماندەکانی ناو سوپای ڕوسیا کەوا لە کرغزستان دەژیا و منداڵەکەی ڕەوانەی ئەم خوێندنگەیەی خزمەت دەکرد:

“دوژمنایەتیە مێژوویەکان لە ڕابردوودا مانەوە. دونیا بەرەو گۆڕان دەڕوات. من لە نزیکەوە ئاگاداری ئەم خوێندنگانەم. دەمەوێت منداڵەکەم لە خوێندنی کوالیتی ئەم خوێندنگانە و سیستەمی پەروەردەییان سوودمەند ببێت”.

خوێندنگەکانی خزمەت لە ڕێگەی ئەوەی منداڵە ڕوس، ئازەری، کرغزی، کازاخی و تورکمەنەکانی لەسەر مێزی هەمان خوێندنگە کۆکردەوە، سیستەمێکی ناوازی پەروەردەیی پێشکەشی هەموو دونیا کرد. ئەمەش سەرکەوتنی ئەو مامۆستا مەردانە بوو کە خۆیان بۆ مەفکورەکەیان(ئایدیاڵ) تەرخان کردبوو.

 

“ئامێز گرتنەوە بۆ تەواوی چینەکانی کۆمەڵگا”

مامۆستا لە ساڵی ١٩٩٥، لە پێناو بونیادنانی پردەکانی خۆشەویستی و لێبوردەیی لە نێوان تەواوی چینەکانی کۆمەڵگا، هەوڵ و کۆششێکی زۆری خستە گەڕ. لەم کاتە ژیانی لە ئیستەنبول بەسەر دەبرد. مامۆستا لەو باوەڕەدا بوو کەوا هەریەک لە نوسەران، هونەرمەندان، ڕۆشنبیران دەتوانن ڕۆڵێکی گەورە لە بونیادنانی ئەو پردە لە نێوان چینەکانی کۆمەڵگادا بگێڕن. خوازیاری ئەوە بوو، بێ ئەوەی هیچ کەسێک لە کۆمەڵگا جیا بکرێتەوە و پەراوێز بخرێت و بازی بەسەردا هەڵبدرێت، بە خۆشەویستیەوە باوەش بۆ هەموو کەسێک بکاتەوە.

کاتێک ئەم هەوڵانەی مامۆستا کەسانێکی نارەحەت کرد، مامۆستا دیسان لەو بارەیەوە ڕوونکردنەوەیەکی ئەنجامدا. لە ڕوونکردنەوەکەیدا ئاماژەی بەوەدا، دەستپێشخەریەکانی لە پێناو بەدیهێنانی برایەتی سونی-عەلەوی، چەپ-ڕاست، هەروەها ئەنجامدانی چاوپێکەوتن لەگەڵ حیکمەت چەتینی سەرۆکی پارتی کۆماری تورکیا، هیچ لایەنێکی نەگونجاوی تێدا نیە. هەربۆیە لە یەکێک لە ڕوونکردنەوەکانیدا دەڵێت” ڕەخنەگرتن لەو چاوپێکەوتنانەی لەگەڵ هەندێک لایەندا ئەنجامم داوە،  یەکگرتنەوەی ئەم ڕەخنانە لەگەڵ سیفات و ئاستی ئەو لایەنانە، زۆر سەختە لەگەڵ یەکتریدا بگونجێن”.

هەرچەندە مامۆستا بەر رەخنەیەکی توند درابوو لەو ڕۆژگارەدا، بەڵام خۆی بەم شێوەیە باس لە هەوڵەکانی بۆ دروستکردنی کەشوهەوایەکی لێبوردەیی لە نێو کۆمەڵگادا دەکات:

لە ڕابردوویەکی نزیکدا، کاتێک لە نێوانماندا  وەکو میللەت ڕێز و خۆشەویستی و پەیوەندیە مرۆییەکان زیندوبوو بوویەوە، لەو ماوە کەمەشدا سەرتاسەری وڵات بە شێوەیەکی جیاواز  دەبینرا و زیاتر گەرموگوڕی بە خۆیەوە بینیبوو. ئەگەرچی جار جار هەندێک دەنگی ناساز و گیان بێزارکەر دەبیسترا، بەڵام کۆمەڵگا بە تەواوی چینەکانیەوە، وەک ئەوەی بە کەشوهەوای نەورۆزدا تێبپەڕێت، خەونی دوور و درێژی بە داهاتوەوە دەبینی.

یەکترمان لە ئامێز دەگرت و، بۆنی یەکترمان دەکرد، بەو دڵخۆشیەی کەوا ئاگامان لە یەکە و، بەیەک گەشتووین، یەکترمان دۆزیوەتەوە، هەمیشە سرودەکانی خۆشەویستیمان دەوتەوە.

لە نێو قۆناغی دیالۆگێکی لەو شێوەیە، وەک ئەوە وەهابوو ڕۆژەکانمان هەردەم بەرەو بەهار هەنگاو هەڵبگرن، بە هۆی ئەو هیوایانەمانەوە کەوا سەوز دەبوون، لە هۆش خۆمان دەچووین، بە خولیای ئەوەی ئەم کەشوهەوا نەرمونیان، ناسک، نازدارە لەلایەن هەموو چینەکانی کۆمەڵگەوە پەسەند دەکرێت، هەڵدەستاین و دادەنیشتین. وەک ئەوە وەهابوو، هەست بە گەڕانەوەی ئەو کاتژمێر و ڕۆژانە بکەین، کە لە ڕابردوودا لە دەستمان دابوون”.

لەم قۆناغەدا سەردانکەرانی مامۆستا بە ڕێژەیەکی بەرچاو ڕووی لە زیاد بوون کردبوو. نزیکەی سەد ڕۆژنامەنوس و نوسەر سەردانی مامۆستایان کرد. ئەویش لە هەمان کاتدا سەردانی ڕۆژنامەنوسان، هونەرمەندان و پیاوانی کاری دەکرد.

کەمال سوناڵ یەکێک لە هونەرمەندە دیارەکانی سینەمای تورکیا، لە مانگی تشرینی یەکەمی ١٩٩٥، لە ناوچەی ئاڵتونیزادەی ئیستەنبول، کە شوێنی مانەوەی مامۆستا بوو، سەردانی مامۆستای کرد. کەمال سوناڵ ئەوەی دەزانی کە مامۆستا ئیلهامبەخشی کردنەوەی خوێندنگەکانی ناوخۆ و دەرەوەی وڵاتە. هەربۆیە پێش ئەوەی سەردانی مامۆستا بکات، هەوڵی ئەوەی دابوو زانیاری سەبارەت بە خوێندنگەکانی خزمەت کۆبکاتەوە.

پارێزگاری کەمال سوناڵ لە بەهاکانی خێزان، لە جیهانی سەرسوڕهێنەری سینەمای ئەو سەردەمە کە مرۆڤەکانی قوت دەدا، یەکێک بوو لەو هۆکارانەی کەماڵ سوناڵی لە چاوی مامۆستادا وەک کەسێکی زۆر بە نرخ لێکردبوو. لەگەڵ هاوسەرەکەی بە ناوی گوڵ سوناڵ کەوا لە ساڵی ١٩٧٤ هاوسەرگیریان کردبوو، خێزانێکی نمونەیی بوون کەوا لە نێو دەستەی هونەرمەنداندا ئاماژەیان بۆ دەکرا. بە گوێرەی مامۆستا، هونەرمەندان دەبوو لە ڕووی ژیانی تایبەتی خۆشیانەوە، بۆ کۆمەڵگاکەیان وەک نمونە وەهابن.

مامۆستا لە ئیستەنبول ژیانێکی زۆر چالاکی هەبوو. سەردانی ڕۆژنامەکانی دەکرد، هەم چاوی بە خاوەنەکانی دەکەوت، هەم چاوی بە نوسەر و سەرپەرشتیارەکانی دەکەوت. لەو کاتەدا مشتومڕی سەخت لە نێو کۆمەڵگادا سەری هەڵدابوو، دووبەرەکی گەورە دەکەوتە نێوان هاوڵاتیانەوە، هەندێک لە نوسەران بە تۆمەتی مورتەد بوون تۆمەتبار دەکران.

مامۆستا لە ڕێکەوتی ١٨ ی تشرینی یەکەمی ١٩٩٥ سەردانی ڕۆژنامەی میلیەتی کرد کە خاوەنەکەی ئایدن دۆغان بوو. لەو کاتەدا یەکێک لە نوسەرانەی ڕۆژنامەکە بە مامۆستای وت” هەندێک کەس هەن ئێمە بە موسوڵمان ئەژمار ناکەن، تەنانەت تۆمەتی مورتەد بوون دەخەنە پاڵمان”.

مامۆستا ئەمە جاری یەکەمی نەبوو کەوا ڕووبەڕووی ئەم پرسیارە بوو بوویەوە. یەکێک لەو خاڵانەی لە تورکیای ئەو سەردەمدا پێکدادان و مشتومری لەسەر دروست دەبوو،هەر ئەو بابەتە بوو. مامۆستاش باسی لەوە کرد کە هەرکەسێک کەلیمەی شەهادەتی بە دەمدا بێت، یان بە خۆی بڵێت موسوڵمان، کەس مافی ئەوەی نیە بە موڕتەد ناوی ببات.

مامۆستا خوازیاری ئەوەی بوو چاوی بە ئیلهان سەلجوقی نوسەری ڕۆژنامەی جمهوریەت بکەوێت، هەرچەندە ناوبراو چاوپێکەوتنەکەی قبوڵ کرد، بەڵام دواتر چاوپێکەوتنەکەیان بۆ ئەنجام نەدرا.

بە هۆی ئەوەی مامۆستا لەم سەردەمەدا زۆر چالاک بوو، داواکاری گشتی ئەنقەرە بە ناوی نوح مەتە، دۆسیەیەکی لێپرسینەوەی لەسەر مامۆستا کردەوە. مامۆستا لەو وتەیەی کە لە رێکەوتی ١٨ تشرینی یەکەمی ١٩٩٥ بە داواکاری گشتی ئەنقەرەی داوە دەڵێت” من خوازیاری گرتنە دەستی دەسەڵات نیم، چونکە خوازربوون بە گرتنە دەستی دەسەڵات، زیان بە پەیوەندی نێوان مرۆڤ و الله دەگەیەنێت. دیموکراسی قۆناغێکە گەڕانەوە لێی، کارێکی مومکین نیە. من تەمەنم ٥٧ ساڵە، هەتا ئەم تەمەنەم هەر لەبەر ڕەزامەندی الله کارم کردووە”.

داواکاری گشتیش لە ڕێکەوتی ٢٠  تشرینی دووهەمی ١٩٩٥ دۆسیەی لێکۆڵینەوەکەی مامۆستای تەواو کرد و بڕیاری ئەوەیدا چیدی بەدواداچوون بۆ دۆسیەکە نەکات”.

ئەمە چۆن کارێکە؟

ئێوارەیەکیان هەریەک لە ئاڵتەمور کڵچ، ڕۆژنامەنوس مەهمەت عەلی بیراند، عارف ئاشچی فۆتۆگرافەر، بوونە میوانی مامۆستا.

ئاشچی ئەو ئێوارەیە باسی لەوە کرد، چۆن لەگەڵ کۆمەڵێک هاوڕێیدا بە سپۆنسەری هەندێک لە کۆمپانیا گەورەکان، بە مەبەستی وێنەگرتنی کۆریدۆری ئاوریشمی(ئیپەک یۆڵو) کە لە چینەوە هەتا ناوچەی چەنەقەلە درێژ دەبێتەوە، سەردانی کرغزستانیان کردووە و، لە ناوچەی تانری داغلەری چۆنی توشی گەردەلولی سەخت بوون و، دواتر پەنایان بۆ خوێندنگەکانی خزمەت بردووە و بەو هۆیەوە ڕزگاریان بوو.

لە نێو کاروانی فۆتۆگرافەرەکاندا کە هەندێک کەسی بیانیشی تێدا دەبێت، لە چینەوە دەست بە گەشتەکەیان دەکەن و، بە سواری حوشتر خۆیان دەگەیەننە ناوچە شاخاویەکانی کرغزستان. ئاشچی و هاوڕێکانی کاتێک دەگەنە ئەو ناوچەیە، ڕووبەرووی کەشوهەوایەکی سەختی زستان دەبنەوە. ئاشچی و هاوڕێکانی هەوڵی ئەوەیان دەدا لە شاخەکانی تانری داغلەری وێنە بگرن. بەڵام هەر زوو خواردن و ئازوقەیان پێنەما و هەندێک لە حوشترەکانیشیان مردن. لە نزیکی گۆمی ئسیک ڕووبەڕووی سەرمایەکی زۆر سەخت بوونەوە. ڕێک لەو کاتەی خەریک بوو بێ هیوا دەبوون لە ژیان، ڕووناکیەکیان لە دوورەوە بەدی کرد.

لە خوار شاخەکانی تانری داغلەری شارێک بە ناوی نارین بوونی هەیە. ئەم شوێنەش یەکێک بوو لەو شوێنانەی کەوا بە نیسبەت هاوڵاتیانی کرغزستانیشەوە ژیان زۆر تێیدا سەخت بوو. ئەم شارەی نزیک شاخەکانی تانری داغلەری، وەک ناوچەیەکی دابڕێندراو لە ژیان وەهابوو. بەڵام لەو شارەشدا خوێندنگەیەکی خزمەت بوونی هەبوو. ئەو روناکیەی لە کاتی هیوابڕاندا لە دوورەوە بەدییان کردبوو، بینای خوێندنگەی دواناوەندی ئسیک بوو. کاتێک گەشتنە باخچەی خوێندنگەکە، ئیدی لەوە دڵنایبوونەوە کەوا لە مردن و برسێتی ڕزگاریان بووە. عارف ئاشچی ئەو ئێوارەیە بۆ یەکەم جار بەوە دەزانێت کە خوێندنگەیەکی خزمەت لەو ناوچەیەش بوونی هەیە.  عارف لەسەر مێزی نانخواردنی ئەو ئێوارەیە بەم شێوەیە ڕووداوەکە بۆ مامۆستا دەگێڕێتەوە:

کاتێک خوێندنگەکانی خزمەتم لە وڵاتانی تریش بینی، ئەوەم بینی کە هەموویان لەسەر ڕێچکەی ڕێگای ئاوریشم دروستکراون. گەر ئەم خوێندنگانە بە ڕوناکی بڕازێندرێنەوە و لە ئاسمانەوە وێنەیان بگریت، وەک ئەوە دەبێت نەخشەی ڕێگای ئاوریشم بکێشیت”.

ئاڵتەمور کڵچیش بە سەرسوڕمانەوە گوێی لەم گێڕانەوەیەی عارف ئاشچی گرت. مەهمەت عەلی بیراندیش کە دەرچوویەکی کۆلیژی گەڵەتەسەرای بوو، بە شێوازە تایبەتەکەی خۆی وتی” مامۆستا لەوێش خوێندنگەتان هەیە؟ ئەمە چی کارێکە ئێوە دەیکەن؟”

هەروەها ڕۆژێکی تر ڕۆژنامەنوسێکی بواری ئابوری ڕۆژنامەی حوریەت سەردانی مامۆستای کرد، کە لە ڕۆژنامەکەیدا بەوە ناسرابوو ڕۆشنیبرێکی زۆر ئاستبەرزە، لە میانەی گفتوگۆیان لەگەڵ مامۆستا، دیسان باسەکەیان هاتەوە سەر خوێندنگەکانی خزمەت:

تەنانەت گەر ڕۆژێک ئەم خوێندنگانە دابخرێن و شوێنەکانیان وەک وێرانەیەکی لێبێت، دیسان ئەو داروپەردویەی لە دوای خۆیان جێیدەهێڵن گوزارشت لە واتایەک دەکەن. ئەم خوێندنگانە تەنانەت گەر هەندێکیان بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک بە کراوەی مابێتنەوە، ئەوا ئامانجی خۆیان لەو شوێنەدا پێکاوە”.

هەروەها لە هەمان سەردەمدا زەفەر موتلوی سەرپەرشتیاری ڕۆژنامەی سەباح و گۆنگور مەنگی سەرنوسەری ڕۆژنامەی ڕادیکاڵ، لەگەڵ مەهمەت یڵمازی بەڕێوەبەری بڵاوکردنەوەی ڕۆژنامەی ڕادیکاڵ سەردانی مامۆستایان کرد. ڕۆژێکی تر مەهمەت ئاڵتانی برای ئەحمەد ئاڵتان، پڕۆفیسۆر عەساف سەواش عەقاد و هاوسەرەکەی بە ناوی نیلوفەر گۆلە، پێکەوە بوونە میوانی مامۆستا.

مامۆستا سەرەڕای ئەوەی بەم شێوەیە سەرقاڵ بوو، لە کۆتایەکانی ساڵی ١٩٩٥ ، لە میانەی گفتوگۆیەکیدا لەگەڵ ئیسماعیل کۆسە پەڕلەمانتار لە بازنەی ئێرزروم، کە لە هەمان گوندی مامۆستا لە دایکبوو بوو، وتی” دەمەوێت وەک ڕۆژانی ڕابردوو، شوێنێک بدۆزمەوە و خۆمی تێدا بشارمەوە، بە دوای ئەشکەوتێکدا دەگەڕێم ئەو تەمەنەی ماومە تێیدا بەسەر ببەم”.

قاسم گولەک و نوێژی مردوو(٢٣ ی کانونی دووهەمی ١٩٩٦)

دوای ئەوەی لە ساڵی ١٩٩٤ هەریەک لە مامۆستا و قاسم گولەک، لە کۆبوونەوەی وەقفی ڕۆژنامەنوسان و نوسەران کە لە هۆتێلی دەدەمانی شاری ئیستەنبول ڕێکخراو بوو چاویان بە یەک کەوت، دۆستایەتیەکی گەرموگوڕ لە نێوانیاندا دروست بوو. مامۆستا لە جەژنی ڕەمەزاندا سەردانی ماڵەکەی دەکات و، مامۆستا بەم شێوەیە باسی ئەو بەسەرهاتە دەکات کەوا گولەک بۆی گێڕاوەتەوە:

لە ساڵی ١٩٥٠ کاتێک دیموکراتەکان هاتنە سەر دەسەڵات، هەندێک لە بەرپرسانی پارتی کۆماری خەڵک وتیان” ئیدی لەمەودوا هاتنە سەر دەسەڵاتی ئێمە و بردنەوەی هەڵبژاردنەکان لەلایەن ئێمەوە کارێکی مەحاڵە. وەرن با کۆتایی بەم پارتەمان بهێنین و دایبخەین”. گولەکیش لەم کاتەدا بەم شێوەیە وەڵامیان دەداتەوە:

“نەخێر، با پارتەکە دانەخەین. بەڵام وەرن با ببینە پارتی ئەو خەڵکە، هەتا ئەمڕۆ هەر بەناو پارتی خەڵک بووین، بەڵام خۆمان لەناو خەڵکدا نەبووین، لە دەرەوەی خەڵک بووین”.

دووهەم بەسەرهاتیش کەوا گولەک بۆ مامۆستای دەگێڕێتەوە بەم شێوەیە دەبێت:

گولەک کاتێک سکرتێری گشتی جەهەپە دەبێت، بڕیاری ئەوە دەدات فەریزەی حەج ئەنجام بدات. هەندێک لەو ڕۆژنامەنوسانەی چواردەوری دەگرن، بەم شێوەیە پرسیاری لێدەکەن:

“هەر بە ڕاستی ئێوە دەچنە حەج؟”

گولەک: بەڵێ.

تەوافی کەعبەش دەکەن؟

گولەک: بەڵێ دەیکەم.

کاتێک گولەک لە حەج دەگەڕێتەوە، ڕۆژنامەنوسەکان بەم شێوەیە پرسیاری لێدەکەنەوە:

“بەڕێز گولەک، فەریزەی حەجتان ئەنجامدا؟”

گولەک: بەڵێ، ئەنجاممدا.

“تەوافی کەعبەتان کرد؟”

گولەک: بێگومان تەوافم کرد.

“چوویتە عەرەفات؟”

گولەک: بێگومان چوومە عەرەفات.

“باشە شەیتانیشتان ڕەجم کرد؟”

گولەک: بەڵێ ڕەجمم کرد، لەوێشەوە بەردم هێناوە، هەتا زۆرێک لە شەیتانەکانی ئێرەش ڕەجم بکەم.

گولەک، لە ساڵێ ١٩٩٦ ئەو کاتەی لە نەخۆشخانەی ئەمەریکای شاری ئیستەنبول دەبێت، مامۆستا سەردانی کرد. لەو کاتەدا گولەک کەوا تەمەنی ٨٦ ساڵە، بەم شێوەیە قسەی لەگەڵ مامۆستا کرد” مامۆستا بەم حاڵەوە وەک پێویست ناتوانم بەرگری لە ئێوە بکەم، باشتر وەهابوو ببمە ئەندام پەڕلەمان و لە پەڕلەمان بەرگری لە ئێوە بکەم”.

گولەک سەرەڕای ئەوەی نەخۆشیەکی سەختی لەگەڵدا بوو، بەڵام ئەم دینامیزمەی هەیبوو زۆر سەری مامۆستای سوڕماند. عەلادین کەیا لەو کاتەدا دەڵێت” من پێش ساڵێک لە ژوورەکەی پەنامان قەستەرەیان بۆ کردم. من تەنانەت کاتێک چاوم بەو ژوورە دەکەوێتەوە دڵم تەنگ دەبێت، بەڵام کاک قاسم بەم نەخۆشیەوە بیر لەوە دەکاتەوە لە پەڕلەمان شتێک بۆ ئێمە بکات”.

گولەک بۆ بەردەوامیدان بە چارەسەری نەخۆشیەکەی، دەبوو سەردانی ئەمەریکا بکات. بەڵام لەو بابەتەدا هێشتا بڕیاری نەدابوو. ئەو ڕۆژە مامۆستای پێشنیاری ئەوەی بۆ کرد سەردانی ئەمەریکا بکات. مامۆستا زۆر پێداگری لەسەر ئەوە کرد کە گولەک پێویستە سەردانی ئەمەریکا بکات. هەربۆیە بە فڕۆکەیەکی تایبەت ڕووی لە ئەمەریکا کرد و، وەسیەتی ئەوەشی کرد، لە کاتی مردنیدا مامۆستا نوێژی مردووی لەسەر بکات.

لە ٢٣ ی کانونی دووهەمی ١٩٩٦، لە مزگەوتی کۆجاتەپەی ئەنقەرە، هەم جەنازەی قاسم گولەکم هەم جەنازەی ئەمین بیلگیچی زاوای ئەکمەلەدین ئیحسانئۆغلوی لێبوو. مامۆستا بە هەمان شێوە خۆشەویستیەکی تایبەتی بۆ پڕۆفیسۆر ئەمین بیلگیچ هەبوو. هەریەک لە سولەیمان دەمیرەلی سەرۆک کۆمار و بولەنت ئەجەویدی سەرۆکی پارتی دیموکراتی چەپ بەشدارییان لە مەراسیمی بە خاکسپاردنی گولەک و بیلگیچ کرد و، مامۆستاش نوێژی مردووی لەسەر هەردووکیان ئەنجامدا.

ئایدن بۆلاک

ئایدن بۆلاک یەکێک بوو لەو کەسانەی زۆر بایەخی بەو خوێندنگانە دەدا کە مامۆستا ئیلهامبەخشی دامەزراندنیان بوو، هەربۆیە ساڵی ١٩٩٥ چاوی بە مامۆستا کەوت. بۆلاک لە ساڵی ١٩٩٦ هەریەک لە مامۆستا و ساکیپ سەبانجی و ڕەحمی کۆچی بانگهێشتی ئێوارەخوانێک کرد، کە ماڵەکەی لەسەر کەناری دەریا لە ناوچەی بۆغازئیجی بوو. ئایدن بۆلاک زۆر بایەخی بە ناساندنی خزمەتی خوێندنگەکان دەدا و هەر بە سازکردنی ئەم ئێوارە خوانەش دەستی هەڵنەگرت. هەم لە ماڵەکەی خۆی، هەم لە هۆتێلی فۆر سیزن هۆتێل، لە ڕێگەی ڕێکخستنی ئێوارەخوان بۆ پیاوانی کاری تورکیا، زۆرێک لە سەرمەیەدارانی تورکیای بە مامۆستا ناساند.

ئەم جۆرە ئێوارەخوانانە لە ماوەی جیاواز جیاوازدا ساز دەکرا و ئایدن بۆلاک خۆی ئەوەی دیاری دەکرد کە دەبێت کێ بەشداری تێدا بکات. لە پاڵ ئەوەی هەریەک لە خانەوادەکانی سەبانجی و کۆچ بەشدارییان دەکرد، هەروەها عوسمان بۆینەر، حوسەین بایرەکتار، کامیل یازیجی، ئەنڤەر ئۆرەن کە پیاوانی کاری بەناوبانگی تورکیا بوون، لەگەڵ زۆر سیاسەتمەداری ئەو کاتەی تورکیا وەک عەونی ئاکیۆڵ، وەهبی دینچەرلەر، ئەحاد ئاندیجان، ئەگاه ئۆکتای لە هەمان ئێوارەخواندا بەشدارییان دەکرد. بە شێوەیەکی گشتی نزیکەی ٢٠-٣٠ کەس بەشدارییان لەم ئێوارە خوانانەدا دەکرد و، خودی ئایدن بۆڵاک تەواوی وردەکاریەکانی ساز دەکرد. سەرەتا باسی بابەتە گشتیەکانیان دەکرد، دواتر پرسیاری جیاواز جیاوازیان ڕووبەڕووی مامۆستا دەکردەوە.

بە تێڕوانینی ئایدن بۆلاک، پیاوانی کاری بەناوبانگی تورکیا، مامۆستایان وەک پێویست نەناسیبوو. تەنانەت هەندێکیان بە حەزەرەوە مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرد و، پێیان وەهابوو لە خوێندنگەکانی خزمەتدا وانەی دینی دەوترێتەوە. بەڵام بۆلاک خوێندنگەکانی وەک پڕۆژەیەکی میللی دەبینی و، ناساندنی مامۆستا بە پیاوانی کاری تورکیا وەک ئەرکی سەرشانی خۆی لێکردبوو.

ئەم جۆرە ئێوارەخوانانە بە نیسبەت مامۆستاوە شتێکی نوێ بوو. مامۆستا کەوا لە ژیانی تایبەتی خۆیدا زۆر کەم خواردنی دەخوارد، لەم جۆرە خوانانەدا کەوا شێوازێکی زۆری خواردنی لێبوو، یان کەمێکی لە جۆرە جیاوازەکان دەخوارد، یان هەر هیچی لێنەدەخواردن.

چاوپێکەوتنەکانی مامۆستا لەگەڵ ساکیپ سەبانجی و ڕەحمەی کۆچ، لە دوای ئێوارەخوانەکانی ئایدن بۆڵاکیش هەر بەردەوامی هەبوو. سەبانجی جارێکیان مامۆستای بانگهێشتی خانووە ناوازەکەی خۆی کرد، کە لە شاری ئیستەنبول بوو، هەروەها خۆیشی جارێکیان سەردانی مامۆستای کرد، کە لە ناوچەی ئاڵتونیزادەی ئیستەنبول دەمایەوە. سەبانجی لە میانەی ئەم سەردانەیدا، گروپێکی لەگەڵ خۆیدا هێنابوو کە لە ئەدەنەوە هاتبوون.

دواتر مامۆستا سەردانی تاوەرەکانی سەبانجی کرد، کە لە ناوچەی لەڤەنت بوو. لەوێ پێکەوە نانی نیوەڕۆیان خوارد.

مامۆستا سەبارەت بەم سەردانی دەڵێت:

“تەواوی ئەم خوانانە لەلایەن کاک ئایدنەوە ڕێکدەخران. کاتێک بۆ پرسەی ئۆزدەمیر سەبانجی سەردانی کاک ساکیپ سەبانجیم کرد، هەر کاک ئایدنم لەگەڵدا بوو”.

ئایدن بۆلاک، کوڕی ڤەهبی بۆلاکی یەکەم وەزیری پەروەردەی کۆماری تورکیا بوو. ئەوەی بۆلاکی لای مامۆستا وەک کەسێکی بە نرخ لێکردبوو، بریتی بوو لەو هەوڵ و کۆششە دەراسایەی کەوا لە پەڕلەمانی تورکیا خستیە گەڕ، هەتا یاسایەکی تایبەت بە وەقفەکان تێپەڕێنێت. بۆلاک لە پێناو تێپەڕاندنی ئەو یاسایە، لە ساڵی ١٩٦١ خۆی وەک پەڕلەمانتاری پارتی کۆماری خەڵک هەڵبژارد. یاساکە مۆڵەتی کاری بەو وەقفانە دەدایەوە، کە لەگەڵ دامەزراندنی کۆماری تورکیادا مۆڵەتی کارکردنیان لێسەندرابوویەوە. کاری ئەم وەقفانەش بریتی بوو لەوەی یارمەتی کەسانی دارا بگەیەنن بە کەسانی هەژار ولێقەوماو، بێ ئەوەی بهێڵن ئەو کەسە هەژارانە لەبەردەم کەسانی دارادا شەرمەندە ببن. سەرئەنجام لە ١٣ ی تەموزی ١٩٦٧، یاساکە لە پەڕلەمانی تورکیا تێپەڕی.

ئایدن بۆڵاک لە ساڵی ١٩٦٩ وەقفی پێتڕۆڵی تورکیا دامەزراند، کە دەرماڵەی هەزاران خوێندکاری زانکۆی لە ئەستۆ گرتبوو.

مامۆستا کەوا بە “کاک ئایدن” ناوی ئایدن بۆڵاکی دەبرد بەم شێوەیە باسی دەکات:

“دەتوانین بڵێین ئەو یاسایە، بە تەنیا بەرهەمی خودی کاک ئایدنە. لە تورکیادا یەکەمین بەشە ناوخۆیەکان لە سایەی ئەو یاسایەوە کرانەوە”. ئایدن بۆلاکیش کاتێک باسی مامۆستای بۆ دۆستەکانی دەکرد، بەم شێوەیە باسی دەکرد” گەر مامۆستا بە دوای دامەزراندنی سیستەمێکی دینیەوە بووایە دەبوو مزگەوت دروست بکات. بەڵام کەسێک خەریکی دروستکردنی خوێندنگە بێت، زیانی لێناکەوێتەوە. لەبەر ئەوەی کارگەلێکی وەهای ئەنجامداوە کە دەوڵەتیش لە توانایدا نیە، وەک هەموو دارێکی میوەدار، بەردی تێدەگرن”.

هەروەها ئایدن بۆلاک بەم شێوەیەش باسی مامۆستای دەکرد:

یەکێکم لەو کەسانەی تەمەنیان هاوتای دامەزراندنی کۆماری تورکیایە. لە سەردەمی دامەزراندنی کۆماری تورکیادا هاتوومەتە دونیاوە و، هەلی ئەوەشم بۆ ڕەخساوە کە چاوم بە تەواوی زاناکانی ئەم سەردەمە بکەوێت. ئەگەرچی ئەم پیاوە ئاینیانە خاوەنی زانست و ئەخلاقێکی زۆر بەرزیش بوون، بەڵام هیچیان پیاوی خەبات و تێکۆشان نەبوون. نە کەسیان لە چواردەوری خۆیان پێگەیاند، نە ئیمان و ڕۆحیان بە بەری کۆمەڵگادا کرد و، وەک مرۆڤی خەباتگێڕ و تێکۆشەریان لێکردن. کاتێک گەشتمە تەمەنی ٧٠ ساڵی، بۆ یەکەم جار کەسێکی خاوەن ئاسۆ و فیکری لەو شێوەیەم ناسی. لە دوای ئەم تەمەنمەوە بۆ یەکەم جار کەسێکی خاوەن ئاسۆم ناسی. مامۆستا مەفکورەیەکی پێشکەش بە گەنجانمان کرد، کە بەدەستی بێ مەفکورەییەوە دەیانناڵاند. سەردەمەکەمان کەوا تازە ئەم بزاڤە دەناسێت، ئامانجی ئەوەی مرۆڤی جوان پێبگەیەنێت و، دواتر پێشکەشی هەموو مرۆڤایەتی بکات”.

یاریدەری ئەم بزاڤە ببن هەتا زیاتر گەورەتر ببێت، پێشبکەوێت و بە هەر چواردەوری دونیادا بڵاو ببێتەوە. بەو کەسانەی بگەیەنن کەوا گوێیان لێینەبووە و ئاگاداری نین. تکای من لە ئێوە ئەوەیە، هەمووتان لە چواردەوری ئەم خەرمانەی خۆشەویستیە کۆببنەوە. وەڵامی تەواوی ئەو قسە و قسەڵۆکانە بدەنەوە کە لە دژی ئەم خەرمانەی خۆشەویستیە ئەنجام دەدرێت.

بە تێڕوانینی مامۆستا، ئایدی بۆڵاک بە تەواوی واتا ڕۆشنبیر و ئینتەلێکچوەڵ بوو. ئایدن بۆڵاک لە دوا ڕۆژەکانی تەمەنیدا، لە میانەی ئەو پڕۆگرامەی لە تەرەتە پێشکەشی دەکرد، بە شێوەیە پڕ سۆزەکەی خۆی، باسی لە خوێندنگەکانی دەرەوەی وڵات دەکرد بۆ کامێرامان و کارمەندانی ئەو کاتەی تەرەتە. دوای تەواو بوونی پڕۆگرامەکە، کامێرامان و ستافی تەکنیکی تەرەتە، لە نێو خۆیاندا بڕێک پارەیان کۆکردەوە و داواین لە بۆڵاک کرد کەوا پێشکەشی ئەو خوێندنگانەی دەرەوەی وڵاتی بکات.

چاوپێکەوتنی مامۆستا لەگەڵ قەشە پاتریک بارسەلەمۆس(١٩٩٦)

چاوپێکەتنەکانی مامۆستا کە لە چوارچێوەی بونیادنانی کەلتوری لێبوردەیی لە نێوان چینە جیاوازەکانی کۆمەڵگادا ئەنجامی دەدا، لە ڕێکەوتی ٤ ی نیسانی ١٩٩٦، لە کەشوهەوایەکی گەرموگوڕدا چاوی بە بارسەلەمۆسی پاتریارکی فەنەر ڕوم کەوت، لەم ڕێگەیەوە قۆناغی دیالۆگی نێوان موسوڵمان و چینی ناموسوڵمانی تورکیا دەست پێکرد.

نمونەی یەکێک لە دیالۆگەکانی سەردارمانی بۆ ئەم بابەتە دەهێنایەوە. پەیوەندی سەردارمان بە مەسیحیەکانی نەجرانەوە، جوانترین نمەنەی دیالۆگی پشان دەدا. نەجرانیەکان دوای ئەوەی نامەیەکی سەردارمانیان پیدەگات، ١٧ پیاوماقوڵی ئەو کاتەی نەجرانیەکان کەوا زانایەکی بەناوبانگی وەک ئەبولحاریسیشیان تێدا دەبێت، پێکەوە نزیکەی ٦٠ کەس دەچنە حزوری سەردارمان و چەند ڕۆژێک وەک میوان لەلای دەمێننەوە. ٣ کەس لەو پیاوماقوڵانە لە گەورەترین کەسەکانی نەجرانیەکان بوون.

نەجرانیەکان لە قۆناغی دیالۆگی مەدینەدا، سەبارەت بە دینی ئیسلام، پرسیار و زانیاری زۆریان سەبارەت بە پێگەی حەزرەتی عیسا و حەزرەتی مەریەم کرد و، لەم بابەتەدا زانیاریگەلێکی زۆریان ئاڵۆگۆڕ کرد. حەزرەتی محمد ئەوانی بانگهێشتی ناو دینی ئیسلام کرد، بەڵام لەو بابەتەدا پێداگری زۆری نەکرد. نەجرانیەکانیش لە نێو خۆیاندا بە هۆی هەندێک زانیاری ناو کتێبەکانیان دەستیان بە مشتومڕ کرد.

سەرەڕای ئەوەی ئەبولحارس وەک زانای گەورەی ناو نەجرانیەکان دانی بەوەدا نا کە حەزرەتی محمد “پێغەمبەرە چاوەڕوانکراوەکە”یە، بەڵام لەو کاتەدا وتی” ئەوەی گەلەکەی من کردوویانە بۆ من، ڕێگرن لەوەی بچمە ناو دینی ئیسلامەوە، ماڵ و موڵک، شانوشەرەفیان پێبەخشیوم، گەر بچمە ناو ئیسلامەوە تەواوی ئەم شتانەم لە دەست دەچێت”،  هەربۆیە شاندەکەی ڕازی کرد بەوەی ڕێکەوتننامەیەک لەگەڵ پێغەمبەری خودا واژۆ بکەن. بەڵام دواتر دوو کەس لە سەرکردەکانی ناو نەجرانیەکان موسوڵمان بوونی خۆیان ڕاگەیاند.

 

 

 

 

 

 

 

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *