عاشقی ڕاستگۆ, بەشی ٤٤ ,گرنگترین ئەرک


کەسێک کەوا خۆی تەرخان کردبێت، هەموو دونیا بە تەنیا ڕۆژێکی خۆی نافرۆشێت. گەر سوڵتانیەتی هەموو دونیا لەسەر سینییەکی ئاڵتون بە دیاری پێشکەش بکرێت، دەستبەجێ ئەو سینیە بە زەویدا دەماڵێت. هێندەی یەک دەنکە جۆ گرنگی بە خۆی نادات. بۆ ئەوەی کەس بە بوونی ئەوەوە گیر نەخوات و توشی دوودڵی نەبێت، ڕێگەی ئەوە هەڵدەبژێرێت چەشنی باڵندەی هوما ، لە ڕوانگەی سێبەرەکەیەوە بوونی هەبێت.
مامۆستا لە وەقفی TÜSİAV خەڵاتی لێبوردەیی وەرگرت(١٨ ی نیسانی ١٩٩٦)
وەقفی پیاوانی کار و پیشەوەران(TÜSİAV)، لە یەکەم مەراسیمی “پیاوانی ساڵ”، کەوا بە کەسایەتی و دامەزراوەکان دەبەخشرا، لە مەراسیمێکی گەورەدا، خەڵاتی لێبوردەیی پێشکەش بە مامۆستا کرد.
سەردانی ئایدن مەندەرەس لە ئەمەریکا( ١ ی تەموزی ١٩٩٦)
ئایدن مەندەرەس کەوا لە ڕووداوێکی هاتوچۆدا توشی ئیفلیجی بوو، لە ڕێکەوتی ١ ی تەموزی ١٩٩٦، لەو کاتەی لە نەخۆشخانەیەکی ئەمەریکا چارەسەری پزیشکی وەردەگرت، لەلایەن مامۆستاوە سەردانی کرا.

گرنگترین ئەرک
مامۆستا لە ساڵی ١٩٩٦، لە نیوجێرسی کەوا دراوسێی نیویۆرکە، لە ماڵی پیاوێکی کاردا میوان بوو. ئەو شوێنەی مامۆستای لێ دەمایەوە، تەلارێکی تەژانی سەر ڕوباری هۆدسۆن بوو، کەوا هەریەک لە نیویۆرک و نیوجێرسی لەیەک جیا دەکاتەوە.
ڕووناکی هەریەک لە دوو تاوەرە بازرگانیەکەی نیویۆرک و تەلارە تەژانەکانی نیویۆرک، لەسەر ئاوی ڕووبارەکە ڕەنگیان دابوویەوە و، دیمەنێکی قەشەنگیان دروست کردبوو. مامۆستا دوای ئەوەی ماوەیەک سەرنج لە جوانی ئەو دیمەنە دەدات، ئاوڕ لە کەسێکی نزیک لە خۆی دەداتەوە و دەڵێت” باسکردنی حەقیقەتی ئیمان بۆ دوو کەسی خەڵکی گوندەکەم، بەم جوانیەی لێرە هەیە ناگۆڕمەوە”.
بە گوێرەی هزری مامۆستا، هیچ شتێک لەسەر ڕووی زەوی، هێندەی خزمەتکردنی مرۆڤەکان گرنگی نەبوو. واتە باسکردنی الله بۆ مرۆڤەکان لەمڕۆدا، بە نیسبەت مامۆستاوە لەوە گرنگتر بوو هەزار جار فەتحی ئیستەنبول بکەیتەوە. بەرزکردنەوەی ناوی الله، پێش هەموو شتێک قەرزی بەندایەتیە بەرامبەر ئەفرێنەری بوون و، هەروەها ئەرکی خزمەتە بەرامبەر ئەفرێندراوەکانی. هەرکاتێک لە مامۆستایان دەپرسی، پڕۆژەی ئێوە بۆ ٥٠-١٠٠ ساڵی داهاتوو چیە؟ لە وەڵامدا دەیوت” بەدەستهێنانی ڕەزامەندی الله و بەرزکردنەوەی ناوی ئەو. جگە لەوە هیچ شتێکی تر”.
وەک چۆن مرۆڤەکان لە پێناو ئەوەی تەمەنێکی ٧٠ ساڵی ژیانیان بە ئاسودەیی ببەنە سەر، ١٥ ساڵ خەریکی خوێندن دەبن، مسۆگەرترین ڕێگەش بۆ بەدەستهێنانی ژیانێکی ئەبەدی کەوا تەواوی ژمارەکانی نێوان دوو جەمسەری گۆی زەوی ناتوانێت گوزارشتی لێبکات، بریتیە لە گەیاندنی الله بە مرۆڤەکانی تر. واتە بریتی نیە لەوەی گەمەی گەورە ئەنجام بدەیت و ببیتە خاوەنی دەسەڵات، تەنیا ئەم ڕێگەیە هەیە. بە دەربڕینێکی تر، یاری گەورە بریتیە لەوەی” بچیتە ناو دڵەکان، باسی الله بۆ هەموو مرۆڤەکان بکەیت، پەیامی الله یان پێبگیەنیت”. هیچ کارێک هێندەی بانگهێشتکردنی مرۆڤەکان بۆ ئاکاری چاک و دوورخستنەوەی لە کاری خراپ، پیرۆز و بە نرخ نیە. ناساندنی الله بە تاقە مرۆڤێک، لە هەرچی خۆر بەسەریدا هەڵدێت و ئاوا دەبێت، خێری زیاترە. هەر لەبەر ئەمەشە الله تەواوی پێغەمبەرانی سەر ڕووی زەوی بۆ ئەم مەبەستە ناردووە. بە درێژایی مێژوو، الله هیچ پێغەمبەرێکی وەک ” پێغەمبەری تەکنەلۆژی”، “پێغەمبەری زانست”، “پێغەمبەری رۆنەسانس” نەناردووە.
گەر لەلایەن الله وە لە خزمەتێکی گەورەی وەک بەرزکردنەوەی ناوی الله بەکاربهێنرێیت، ئەمە خۆی لە خۆیدا گەورەترین دیارییە. چونکە سەرچاوەی خۆشبەختی دونیا و ئاخیرەت هەر بەرزکردنەوەی ناوی الله یە. گەر بووبێتینە جێدەرکەوتی ئەم بەکارهێنانەی الله، گەڕان بە دوای شتێکی تردا و، چاوەڕوانی شتێکی دونیایی، هەم نابەجێیە هەم بێ ڕێزییە بەرامبەر الله. تەنانەت لەم بابەتەدا، چاوەڕوانی بەرزبوونەوە لە پلە مەعنەویەکاندا نابێت بە ئامانج بگیرێت. چونکە بوونە تاکێکی ئەم کارە، زۆر لە هەوڵی ئەوەی ببیتە وەلی خودا، بە نرخترە. بەرزکردنەوەی ناوی الله، ئەرکێکی وەها بە نرخە، دەتوانیت لەگەڵ بەهەشتدا بیگۆڕیتەوە. هەرکەسێک کەوا بە دوای ئەم ئەرکەوە بێت، ئەو ساتەی کەوا ئیمان بە کەسێک دەناسێنێت، تەنانەت گەر ئەو ساتە هەر هەشت دەگاکەی بەهەشتی بۆ بکرێتەوە و بڵێن ” فەرموو وەرە ژوورەوە”، پێویستە بڵێت” کەمێک بوەستن، با ئەم ئەرکەی خۆم تەواو بکەم”.
مامۆستا لە ساڵانی ١٩٩٦ و ١٩٩٧، لە ئیستەنبولدا ڕۆژانێکی سەختی بەسەر دەبرد. مامۆستا لە ڕێگەی ئەنجامدانی قەستەرەوە، ئەوەیان پێڕاگەیاند کەوا هەندێک لە دەمارەکانی دڵی گیراوە، هەربۆیە زۆر جار لە کاتی هەناسەدانیشدا توشی ناڕەحەتی دەبوو، هەندێک جار نزیک دەبوویەوە لەوەی ببورێتەوە. ڕۆژێکیان یەکێک لە هاوڕێکانی، بە ئامانجی ئەوەی هەوایەکی پاک هەڵبمژێت، داوای ئەوەی لێکرد، لە گەروی ئاوی ئیستەنبول، پێکەوە پیاسەیەک بکەن. مامۆستاش لەو کاتەدا پێیدەڵێت” بۆ لەوێ خزمەتێک هەیە هەتا ئەنجامی بدەین؟”
مامۆستا کەوا هەمیشە دەڵێت” من دەمەوێت لە کاتی ئەنجامدانی خزمەت بمرم”، کاتێک پێناسەی ئەو مرۆڤانە دەکات کەوا لەسەر ڕێگەی بەرزکردنەوەی ناوی الله دەڕۆن، زاراوەی” ڕۆحە خۆتەرخانکەرەکان” بەکاردەهێنێت. لە دونیای هزری مامۆستادا، “رۆحی خۆتەرخانکەر” چەشنی کەسێکی وەک تۆماسۆ کاپانێلایە، کەوا نوسەری کتێبی “وڵاتی خۆرە” و، لە زیندانەکانی ئیسپانیا ٢٧ ساڵی پڕ ناسۆری بەسەربردووە، بەڵام بە ئارەقی دەستەکانی ئاسنی ژووری زیندانی ڕزاندووە و هێندەی یەک گەردیلەش سازشی لەسەر بنەماکانی نەکردووە. هەر ئەم هێزەیە کەوا کانپێلای بەرەو داهاتوو گواستۆتەوە. هەروەها میکالێنگێلۆ لە کاتی دروستکردنی پەیکەرێکدا هێندە خۆی بە کارەکەی دەدات، دوای ئەوەی کارەکەی تەواو دەبێت و دەیەوێت جزمەکانی پێی داکەنێت، پێستی پێیەکانی لەگەڵ داکەندنی پێڵاوەکەیدا دادەماڵدرێت. هەربۆیە ڕۆحی خۆتەرخانکەر، پێویستە بەم ڕادەیە خۆی وابەستەی ئامانجەکەی بکات. چونکە ئەوانەی مێژوو دەنوسن بیر لە شتی بچوک ناکەنەوە و، لە دەفتەری ئەواندا شتێک بە ناوی “نابێت” بوونی نیە.
مرۆڤێک گەر خوازیاری ئەوە بێت شەرەفی خۆی زیاتر بکات، پێویستە خزمەتی مرۆڤەکان بکات کەوا وەک بە شەرەفترینی بوونەوەران ئەفرێندراوە. ئەو کەسەی خزمەتی ئیمان و مرۆڤایەتی دەکات، ژیانی فانی دونیای ئەبەدی کردووە و، خۆشبەختی ئەبەدی بەدەستهێناوە. خۆشەویسترین بەندە لەلای الله، ئەو کەسەیە کەوا ئیمانی بەو هێناوە و خزمەتی مرۆڤەکانیش دەکات. ئەوەی لەمڕۆدا مرۆڤایەتی پێویستی پێیەتی، بیرکردنەوەی فەلسەفی سەرسوڕهێنەر و هێزی دەراسا نیە، بەڵکو ئەو ڕۆحە خۆتەرخانکەرانەیە کەوا جارێکی تر زەردەخەنە دەخەنە سەر ڕوخساری گۆی زەوی.
ڕۆحی خۆتەرخانکەر ئەو کەسەیە، ماوەی ٦ مانگ بە دەوری کورەیەکی پۆڵایندا دەسوڕێتەوە کە پێی وایە هەنگوینی تێدایە و بە دوای کونێکدا دەگەڕێت، خۆ گەر کونێکی بۆ نەدۆزرایەوە، چەشنی ئەو مێرولەیەیە کە تف بەسەر پۆڵاکەدا دەکات هەتا لەو ڕێگەیەوە ژەنگی پێهەڵبهێنێت و لەم ڕێگەیەوە کونی بکات. ئەو نابێت دابنیشێت و مرواری خەیاڵاتەکانی بهۆنێتەوە. هێندەی ئەوەی کاتی کاری بکاتە ١٨ کاتژمێر، خەریکی کاری خۆی دەبێت، کاتێک لەم دونیاش کارەکانی تەواو دەبێت، بە دوای ئەوەدا دەگەڕێت بچێتە سەر هەسارەکانی تری گەردون و لەوێش کاری خۆی بکات.
**

ڕۆژێکیان مامۆستا لەگەڵ هەندێک کەسدا نانی دەخوارد، نەجدەت بەشەرانی هاوڕێشی لە نێویاندا بوونی هەبوو. بەشاران وتی” مامۆستا تێر خواردنی نیە”. مامۆستاش وتی” مەبەستت چیە؟ من نەخۆشی شەکرەم هەیە. کەی منت بینیوە کەوا زۆر بخۆم؟”. بەشاران لە وەڵامدا وتی” لە خزمەت تێر ناخۆیت”. وەڵامی مامۆستاش ” بەڵێ، من لە خزمەت تێر ناخۆم، تەنانەت گەر ڕۆژێک تۆ بچیتە سەر مەریخ و باسی الله بکەیت، دیسان تێرناخۆم”.

کەسێک کەوا خۆی تەرخان کردبێت، هەموو دونیا بە تەنیا ڕۆژێکی خۆی نافرۆشێت. گەر سوڵتانیەتی هەموو دونیا لەسەر سینییەکی ئاڵتون بە دیاری پێشکەش بکرێت، دەستبەجێ ئەو سینیە بە زەویدا دەماڵێت. هێندەی یەک دەنکە جۆ گرنگی بە خۆی نادات. بۆ ئەوەی کەس بە بوونی ئەوەوە گیر نەخوات و توشی دوودڵی نەبێت، ڕێگەی ئەوە هەڵدەبژێرێت چەشنی باڵندەی هوما ، لە ڕوانگەی سێبەرەکەیەوە بوونی هەبێت. لە خاڵێکدا ناوەستێت کەوا ببینرێت، ناوی خۆی بۆ بۆ بەدەستهێنانی دەستکەوت نانوسێت. چێژی ژیانی لە پێناو چێژی ژیاندندا بەجێهێشتووە. ئەو کەسێکە تێزابی بەسەر سەرچاوەکانی چێژی خۆیدا کردووە و وشکی کردۆتەوە. خۆی لە خوار هەموو کەسێکەوە و، هەموو کەسێکیش لە سەروی خۆیەوە دەبینێت. کەسانی تر بەسەر خۆیدا پێش دەخات. کەسی خۆتەرخانکەر، واتە ئەو کەسەی عاشقی بەرزکردنەوەی ناوی الله یە، زۆر لە ئەمەل و شەڕی سیاسی دوورە. چونکە خزمەتکردن بە دین لە پێناو ڕەزامەندی الله، چاوەڕوانی دەستکەوتی ماددی بوونی نیە. تەنیا لە چاوەڕوانی شتێکدا دەبن، تەنیا دەشێت هەڵپە بۆ شتێک بکەن، ئەویش ڕەزامەندی الله یە…
**
بەشداری لە مەراسیمی کردنەوەی بانکی ئاسیا کرد(١٩٩٦)
بانکی ئاسیا کەوا شەشهەمین بانکی کەرتی تایبەتی تورکیا بوو، لە ڕێکەوتی ٢٤ ی تشرینی یەکەمی ١٩٩٦، کرایەوە. هەریەک لە مامۆستا م.فەتحولڵا گولەن و تانسو چیلەر سەرۆک وەزیرانی تورکیا، بەشدارییان لە مەراسیمی کردنەوەی بانکی ئاسیا کرد. چیلەر دوای ئەوەی خۆشحاڵی خۆی لە بەشداریکردن لە مەراسیمەکە دەربڕی وتی” دەسخۆشی لە مامۆستا م.فەتحوڵڵا گولەن دەکەم، کە ئاسۆی ئەو بووە هۆی کردنەوەی دامەزراوەیەکی هەتا دوا ڕادە گرنگی لەم شێوەیە”.


**
کۆلیژی سەرهات ئێدیرنە(١٩٩٦)
مامۆستا و حاجی کەمال ئێریمەز، لە ڕێکەوتی ٢٦ ی تشرینی یەکەمی ١٩٩٦، پێکەوە لە ئێدیرنە بەردی بناغەی کۆلیژی سەرهاتیان دانا. چەشنی دامەزراندنی کۆلیژی سەرهات لە شاری ڤان، ئەوەی دەستی باڵای لە دامەزراندنی هەمان کۆلیژ هەبوو لە شاری ئیدیرنە، هەر کەمال ئێریمەز بوو. هەروەها خەرجی دروستکردنی کۆلیژەکە، بڕێکی زۆر گرنگی لەلایەن پیاوێکی کاری ئیستەنبولەوە دابین کرابوو.
هەر هەنگاوێک کەوا لە پێناو خزمەتی مرۆڤایەتی هەڵدەگیرا، زۆر گرنگ بوو. بە تایبەت دۆزینەوەی چارەیەک بۆ ئەنارشیزم، کە لەمڕۆدا وەک شێرپەنجەیەکی کوشندە بۆ مرۆڤایەتی لێهاتووە.
ئامێزکردنەوەی مامۆستا بۆ تەواوی مرۆڤایەتی لە پێناو بەرەنگاربوونەوەی ئەم ڤایرۆسە، قێزکردنەوەی لە کوفر و زوڵم و گومڕایی، ڕاگەیاندنی جەنگ لە دژی جەهالەت لە هەموو شوێنێکی دونیا، هەروەها ئەو وەفا و جوامێریەی لەم پێناوەدا پشانیدا بە ڕادەیەک کەوا ژیانی خۆیی بە سوک گرت، لەمڕۆدا لەبەرچاوی هەموو کەسێکی دونیایە.
لە سەردەمێکی پڕ گێژاو، تاریکی و ناڕەحەتی لەم شێوەیەی دونیای ئەمڕۆماندا، مامۆستا لە ڕێگەی شاکارەکانیەوە کەوا بۆنی ئیمان و هیوایان لێبەرز دەبێتەوە، چەشنی ئەوەی ڕێگاکانی چوونە سەر ئاوی خزر پشانی مرۆڤایەتی بدات وەهایە، کەوا لە ئێستادا توشی هەژانی یەک لە دوا یەک بووە.
ئەگەرچی لە وڵاتەکەی خۆیدا کۆمەڵێک کەس و ئەو مێگەلەی بێ بیرکردنەوە دوایان کەوتوون، مامۆستا و هاوسۆزانی خزمەت وەک تاوانبار پشان دەدەن، بەڵام تەواوی دونیا بەهای ئەوان دەزانێت.
گۆڤاری تایمی ئەمەریکی، لە ڕێکەوتی ١٨ ی نیسانی ٢٠١٣، ناوی مامۆستای لە لیستی ئەو سەد ناوەدا بڵاو کردەوە، کە لە دونیادا زۆرترین کاریگەرییان لەسەر مرۆڤایەتی هەیە. لەم لیستەدا کەوا کەسایەتیەکانی بواری سیاسەت، هونەر، کار و دونیای فکر بوونیان هەیە، ئاماژەی بەوەدا دەدا، کە مامۆستا م.فەتحوللا گولەن، سەرنجترین ڕابەری دینیە لەسەر ئاستی دونیا.
بە گوێرەی تێروانینی مامۆستا، ئەو سەرکەوتنانەی خوێندکارەکانی خوێندنگەکانی خزمەت لە ئۆڵمپیاتە زانستیەکاندا بەدەستیان هێنابوو، بۆ ئەوەی وەک کارێکی بەردەوامی لێبێت، هێندەی ئەوە بکرێتە بەشێک لە پڕۆگرامی دەوڵەت، بەلایەوە گرنگ بوو.
وەک منداڵانی وڵاتێک کەوا باجێکی قورسی دواکەوتنیان لە سەردەمی پیشەسازی دابوو،گەر لە ئێستادا لە بۆشایەکانی ئاسمان شارگەلێک دروست بکرێن، ئەوا پێویستە مرۆڤەکانی ئێمە ئەم کارە ئەنجام بدەن. بەڵام ئەنجامدانی ئەم کارە بە گەلێک کەوا تێڕوانینی “پیاوی زانا لە ئێمە دروست نابێت” هەتا سەر کرۆمۆزۆمەکانمان نەخشی خۆی دانابوو، کارێکی هەروا ئاسان نەبوو. ئەو سەرکەوتنەی ڕۆژئاوا لەم بابەتەدا بەدەستی هێنابوو، هەروەها ئەو فشارە دەرونی و هەستی پلیشانەوەیەی لەلامان دروستی کردبوو، بەرەو گرێی دەرونی خۆ بەکەم زانین پاڵی پێوە نابووین.

**
بەشداری لە کردنەوەی کۆلیژی فاتیح(١٩٩٦)
کەمپی زانکۆ فاتیح، لە ناوچەی بەیلیک دوزوی ئیستەنبول، لە ڕێکەوتی ٨ ی تشرینی دووهەمی ١٩٩٦، لەلایەن سولەیمان دەمیرەلی سەرۆک کۆماری تورکیا، لە مەراسیمێکی گەورەدا کرایەوە. ئاڵپاسلان تورکەش و ڕەزائاکچاڵی و زۆرێک لە پیاوانی کاری و سیاسەتمەدرانی تورکیا، بەشدارییان لە مەراسیمەکەدا کرد. مامۆستا لە نزیکەوە چاوی بە هەریەک لە سەرۆک کۆمار و تەواوی بەشداربووان کەوت. ئێوارەی ئەو ڕۆژەی ئەم مەراسیمەی تێدا ئەنجامدرا، مامۆستا لە ئێوارەخوانێکدا لەگەڵ کۆمەڵێک لە نوسەرانی تورکیا کۆبوونەوەیەکی ئەنجامدا. یەکێک لە بەشداربووانی ئەم ئێوارە خوانە، ڕۆژنامەنوسێکی چەپڕەوی ساڵانی ١٩٧٠ بوو. ڕۆژنامەنوسەکە بە مامۆستا وت” گەر ئەمڕۆ دەنیز گێچمیش لە ژیاندا بووایە، جیاواز لە ئێمە بیری نەدەکردەوە و لەم ئێوارە خوانەدا بەشداری دەکرد”. هەروەها ڕۆژنامەنوسەکە کاتێک باسی چەپرەوانەی ساڵانی ١٩٧٠ کرد وتی” زۆر مارکسی وەک من گومانی ئەوەمان دەبرد مارکسیزم کلیلی دروستکردنی بەهەشتە لەسەر ڕووی زەوی. پێمان وەهابوو هاوکێشەی “دین تلیاکی گەلانە” دەتوانێت هەموو بابەتەکان ڕوون بکاتەوە”. ئەم ڕۆژنامەنوسە کۆمۆنیستە لە ساڵی ١٩٩٦ هاتبوویە سەر ئەو بیروڕایەی” دین تلیاکی گەلان نیە، گەر دین شتێکی کۆمەڵگا بێت، ئەوا خەرجی کۆمەڵگایە”.
یەکێک لە نوسەرەکانی ڕۆژنامەی حوڕیەت، لە ڕێکەوتی ٢٧ ی کانونی دووهەمی ١٩٩٧ دوای ئەوەی لە ئێوارە خوانێکی مانگی ڕەمەزاندا لەگەڵ مامۆستا دادەنێشێت، دەنوسێت” خۆیشم وەک کەسێک کەوا هەمیشە چاوی تەڕە، ئێستا زۆر باش لەوە تێدەگەم کە جەنابی مامۆستا بۆ هەمیشە دەگری. لەوە دەچێت داهاتووی وڵاتەکەمان کە لە دوو وشەی ئەفسوناوی (لێبوردەیی، ئاشتی) گیری خواردووە، لە ڕشتەی فرمێسکەکانی ئەودا بکرێنەوە. لایەنی کەم گریان چڕترین شێوازی بیرکردنەوەیە. ئەوەی لێرەدا گرنگە، بریتیە لەوەی ئیسلامێکی ئاقڵ بەرامبەر بێ ئەقڵی ڕاپەڕیوە”.
مامۆستا هەتا ساڵی ١٩٩٩، بە شێوەیەکی زۆر چڕ پێشوازی لە میوانەکانی دونیایی هونەر و مێدیا دەکرد. لە میانەی ئەم سەردانانەدا تەواوی قەڵەم بەدەستە ناودارەکانی دونیای ڕاگەیاندنی تورکیا بوونی هەبوو. یەکێک لە نوسەرەکانی ڕۆژنامەی میلیەت، لە میانەی یەکێک لەو سەردانانەدا لە مامۆستای پرسی:
” لە دوای ئەم جۆرە چالاکیانەتان، ئایا بیر لە چوونە ناو سیاسەت دەکەنەوە؟” مامۆستاش لە وەڵامدا وتی:
سیاسەت تەنانەت بە خەیاڵیشمدا نەهاتووە و، لە کاتی خەویشدا خەوم پێوە نەدیوە. من تەنیا چاوم لە ڕەزامەندی الله بڕیوە”.
سیاسەت کارێک نەبوو بە گوێرەی مامۆستا بێت. چونکە پێی وەهابوو دەرچوونی تورکیا لەو حاڵەی تێیکەوتووە، تەنیا بە جۆرە تێڕوانینێکی سەرو سیاسەت مومکینە، کە ئامێزی بۆ تەواوی تاکەکانی کۆمەڵگا بکاتەوە.
**


بونیادنانی کۆمەڵگایەکی تەندروست
لە سالی ١٩٩٧ یەکێک لەو کەسایەتیە دیارانەی کۆمەڵگا کەوا لەلایەن وەقفی ڕۆژنامەنوسان و نوسەرانەوە خەڵاتی لێبوردەیی پێدرا پەریهان سەڤاش بوو. هەندێک کەس پرسیاری ئەوەیان دەکرد کە ئاخۆ پێدانی ئەم خەڵاتە بە سەڤاش چی واتایەکی هەیە و، هەندێکیش بە کارێکی بێ سوود ناویان دەبرد. بەڵام پەریهان سەڤاش لە چاوی مامۆستادا لایەنێکی گرنگی هەبوو کە ببووە جێگەی بایەخی. مێردی ناوبراو بە ناوی یڵماز زەفەر لە کارەساتێکی هاتوچۆدا ئیفلیج دەبێت و، ئەویش بۆ ماوەیەکی دوور و درێژ وەک هاوسەرێکی ڕاستگۆ چاودێری کردبوو.
مامۆستا بەم شێوەیە باسی دەکرد:
بیر لەوە بکەنەوە کەسانێک هەن پرسیاری ئەوە دەکەن کە بۆچی ئەم خەڵاتە بە یەکێک لە خانمانی یەشیل جام(سینەمای تورکی) بەخشراوە. لە نەریتی گشتی ئێمەدا، ئەو هەستی وەفایەی خانمان بەرامبەر هاوسەرەکەیان هەیانە، بە ناوی بەردەوامی ژیانی خێزانەوە، کارکردێکی زۆر گرنگە. ئەو خانمەی کەوا لەم بابەتەدا باسی لێوە دەکرێت، یەکێکە لەوانەی بەردەوامی بەم نەریتە داوە، هاوسەرەکەی کەوا نەخۆش دەکەوێت و لە جێگەدا دەکەوێت، ماوەی دوو ساڵ بەوپەڕی وەفاوە چاودێری دەکات، خۆی ئاگای لێبووە و لەم بابەتدا نمونەیەکی درەوشاوەی پێشکەش کردووە. خودا دەزانێت، بەڵام کردارێکی لەو شێوەیە بە نیسبەت مرۆڤێکی ئیماندارەوە، بەسە بۆ ئەوەی بیباتە بەهەشتەوە. هەربۆیە خانمێک کەوا بەرامبەر هاوسەرەکەی بەم ڕادەیە ڕاستگۆ و بە وەفا بێت، نەک ئەوەی خەڵاتێکی پێبدرێت کارێکی زیادە نیە، بەڵکو هەموو دونیاشی پێبدرێت هەر بە زیادە ئەژمار ناکرێت”.
بە گوێرەی تێڕوانینی مامۆستا، دروستکردنی کۆمەڵگایەک کەوا لە مرۆڤگەلێکی خاوەن فەزیڵەت پێکهاتبێت، هەوڵ و کۆششی بە درێژایی تەمەنی دوو نەوە یان سیانی دەوێت. دین بە ناوی کۆمەڵگایەک کەوا لەم جۆرە مرۆڤانە پێکهاتبێت، دینامیکێکی وەها گرنگە کەوا شوێنەکەی بە هیچ شتێکی تر پڕ ناکرێتەوە. چونکە مرۆڤەکانی ئەمڕۆ، دەتوانن لە ڕێگەی زیرەکی خۆیانەوە ٪٦٠-٧٠ یاساکانی ئەمڕۆ تێپەڕێنن. تەنیا شتێک ئەوان بوەستێنێت، بریتیە لەوەی خاوەن ژیانێکی فەزیڵەتدارانە بن. ئەوەی تورکیاش پێویستی پێیەتی، بریتیە لەوەی کۆمەڵگا سەرلەنوێ بەم شێوەیە بونیاد بنرێتەوە.
بۆ بونیادنانی کۆمەڵگایەکی لەو شێوەیەش، منداڵان لەو ساتەی لە بێشکەدان پێویستە بە سرودەکانی “رۆحی خۆتەرخانکەری” گەورە بکرێن و، تەنانەت گەر بە مەبەستی نواندنیش بێت، لەسەر درۆ ڕایاننەهێنین. چونکە پەروەردەی نەستی مرۆڤەکان، هەتا تەمەنی ١٥ ساڵی دەخایەنێت. مامۆستا هەمیشە ئاماژە بەوە دەکات کە دایکان و باوکان، پێویستە هێندەی ئەوەی بتوانن منداڵەکانی خۆیان بە جوانی پەروەردە بکەن، زانستی دەرونی و پەروەردەی منداڵ فێر ببن و، هەر بۆیە بەم شێوەیە باسی پڕۆگرامێکی تەلەڤیزیۆنی دەکات کەوا سەیری کردووە:
لە تەلەڤیزۆن سەیری سرودی ئاینی “کچێکی هەتیو”م کرد. کچەکە دەڵێت” ئەی ئەو دەستە موبارەکەی دەستت بەسەری کچێکی هەتیودا هێنا، منیش کچێکی هەتیوم، وەرە و دەستت بەسەری منیشدا بهێنە”. لەم کاتەشدا فرمێسک بە چاوەکانیدا دێتە خوارەوە. وەک هەموو کەسێکی خاوەن ویژدان، منیش لەو کاتەدا هەستم زۆر بزوا، خۆم وەک یەکێک لەو منداڵە هەتیوانە هەست پێکرد و دەستم بە گریان کرد. بەڵام لە پڕێکدا تێبینیەک چەشنی تەمێک بەسەر هزرمەوە نیشتەوە و ڕایچڵەکاندم. وتم باشە گەر ئەو کچە شیرینەی ئەم سرودە دەڵێت، گەر خۆی هەتیو نەبێت، ئایا ئەمە نابێتە درۆپێکردن بەو منداڵە لەو تەمەنەدا؟ کەسانێک کەوا دەزانن ئەم کچە هەتیو نیە و، ئەم سرودەی پێدەڵێن و دواتر چەپڵەشی بۆ لێدەدەن، ئایا ئەمە وەک تەڵقینی درۆکردن نیە بە نیسبەت ئەو منداڵەوە؟ ئایا ئەم منداڵە هەر لەو تەمەنەوە لەسەر درۆکردن ڕاناهێنێت؟”


بە گوێرەی تێڕوانینی مامۆستا، کۆمەڵگایەکی خاوەن فەزیڵەتی لەو شێوەیە، مرۆڤەکانی لە جیاتی ئەوەی “موسوڵمانی تۆخی وەرزی” بن، “موسوڵمانی بەردەوامی ڕێک و ڕاستن”. بۆ نمونە مرۆڤێک کەوا بانگەشەی ئەوە بکات فەرمانەکانی دین جێبەجێ دەکات، ناتوانێت ئاو و کارەبای قاچاغ بەکاربهێنێت. چونکە لە پارەی ئەو ئاو و کارەبایەدا، مافی ٧٠ ملیۆن هاوڵاتی تورکیا بوونی هەیە. هەربۆیە ئەو کەسەی بە شێوەیەکی قاچاغ ئاو و کارەبا بەکاردەهێنێت، پێویستە داوای گەردن ئازادی لە یەکە بە یەکەی ئەو ٧٠ ملیۆن کەسە بکات. بە پێچەوانەوە لە بەرپرسیارێتی ئەو کارەی ئەنجامیداوە ڕزگاری نابێت.

ئەگەر شارەزایان بڵێن” هەر شۆفێرێک لەسەر ئەم ڕێگایە لە سەروی خێرایی ٩٠ کیلۆمەترەوە کۆنتڕۆڵی خۆی لە دەست دەدات”، هەربۆیە ئەو کەسەی بە خێرایی ١٥٠ کیلۆمەتر لێدەخوڕێت و بەو هۆیەوە توشی کارەساتی هاتوچۆ دەبێت، هەر مردنێک کەوا لەو کارەساتە دەکەوێتەوە، دەشێت وەک هەوڵدان بۆ خۆکوشتن و کوشتنی بە ئەنقەست، لە ڕۆژی مەحشەردا بێتەوە بەردەمی.
مامۆستا ڕۆژێکیان لەگەڵ هاوڕێیەکی بە ناوی سەعدەدین بەشار، لە ئۆتۆمبیلێکدا پێکەوە بەرەو شوێنێک دەڕۆشن، دوای ئەوەی بەشار ئاگای لە منداڵێک نابێت کەوا دێتە بەردەمی ئۆتۆمبیلەکەیی و، گوێکانی منداڵەکە کەمێک بریندار دەبێت، مامۆستا ئامۆژگاری هاوڕێکەی دەکات بۆ ماوەیەک ئۆتۆمبیل بەکارنەهێنێت، لە دوای ئەم ڕووداوە، ماوەی ٢ ساڵی ڕێک، ئۆتۆمبیلی بەکارنەهێنا.
بە گوێرەی تێڕوانینی مامۆستا، بونیادنانی کۆمەڵگایەکی تەندروستی لەو شێوەیە، پێویستە بەها دینی و زانستیەکان شان بە شانی یەکتر بن. چونکە پەروەردەیەک کەوا بایەخ بە دین نەدات بێ ئیمانی دروست دەکات و، کەموکورتیش لە پەروەردەی زانستی، دەمارگیری(فەناتیزم) دروست دەکات. پەروەردە و زانستێک کەوا لە پەیامی ئیلاهی بێبەش بێت، کاتێک خۆی دەکاتە دەمڕاستی ئایدۆلۆژیایەکی دیاریکراو، وەک دێوەزمیەکەی لێدێت کە ڕێگەی بە ڕاستی و حەقیقەتەکان دەگرێت. تەنانەت گەر دینێکی ئاسمانیش دەستی هزرکی دەمارگیری بکەوێت، وەک سەرچاوەی هەستەکانی ڕق و کینە و تۆڵەسەندنەوەی لێدێت. بلیمەتێکی دونیای زانستی وەک ئەلبێرت ئەنیشتاینیش دەڵێت:
دینی بێ زانست شەل، زانستی بێ دینیش کوێرە…
کاتێک زانست لە دین دادەبڕێت، وەک چەکێکی بکوژی لێدێت. هەروەها دینیش، گەر لە ئەقڵ و ژیان و زانست داببڕێت، وەک دەزگایەکی دەمارگیری لێدێت کە لە نیوان مرۆڤەکان و گەلاندا دیوار دروست دەکات. ئەگەر کەسانێک هەستن بەوەی دەزگایەکی پەروەردەیی کە پێویستە لانکەی زانست بێت، وەک ڤیلای خۆیان بەکاربهێنن، ئیدی ئەم شوێنە وەک پێشانگای ئایدۆلۆژیایەکی دیاریکراوی لێدێت، یان وەک مەیدانی خۆپشاندانی ئەو ئایدۆلۆژیایەی لێدێت. هەروەها تێڕوانینێکی دینی وەک ئەوەی لە دەرەوەی خۆیان هەموو کەسێک بە “زەندیق” و ” مونافیق” لە قەڵەم بدات، وەک فۆبیایەکی لێدێت کەوا مرۆڤەکان لە الله دوور دەخاتەوە. ئەو دەمارگیریەی بە ناوی دینەوە پشان دەدرێت، کۆنەپەرستیە. کۆنەپەرستیش تەنیا مشەخۆرێکی تایبەت بەمڕۆ نیە، بەڵکو ڤایرۆسێکە بە شێوە و دەنگی جیاواز لە سەردەمە دێرینەکانەوە هەتا ئەمڕۆ بە پێوە ماوە.
ئەو کەسانەی ئامانجیان دروستکردنی دونیایەکە کەوا ئاسودەیی ئەم دونیا و ئاخیرەتی مرۆڤەکان فەراهەم دەکات، پێویستە لەگەڵ خوێندنەوەی ئیمامی غەزالی، خوێندنەوەی پاسکاڵیش لە یاد نەکەن و، ئەوانەی لەگەڵ مەولانا بۆ سەماکردن هەڵدەستن، ئەوە فەرامۆش نەکەن کەوا سەرێک لە تاقیگەی پاستۆریش بدەن و سڵاوێک لەویش بکەن…

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *