عاشقی ڕاستگۆ بەشی ٤٥, “من دیموکراسیەکی وەهام دەوێت، لە کاتی مردن و ژیانی بەرزەخ و ئاخیرەتیش یاریدەدەرم بێت. جگە لە کێشە دونیایەکان، کێشەکانی دوای ژیانی گۆڕیشم بۆ چارەسەر بکات”.

قۆناغی ٢٨ ی شوباتی ١٩٩٧

هێزەکانی سوپای تورکیا کەوا نیگەرانییان بەرامبەر کارەکانی حکومەتی ڕەفاحیۆڵ هەبوو، لە میانەی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی تورکیا کەوا لە ڕێکەوتی ٢٨ ی شوباتی ١٩٩٧ ئەنجامدرا، هەندێک بڕیاریان بەسەر حکومەتدا سەپاند. بڕیاری ئەوەیشیاندا کەوا بڕیارەکان بخەنە بواری جێبەجێکردنەوە. لە دوای ئەو ڕۆژەوە، قۆناغی ٢٨ ی شوبات دەستی پێکرد، کە ماوەیەکی دوور و درێژی خایاند. بە تایبەت ڕۆشتنی تانکەکانی سوپا لە ناوچەی سینجان، وەک دروشمی ئەو قۆناغەی لێهات.

دوای ئەم بڕیارە، بە مەبەستی چاودێری کردنی ئەوەی بڕیارەکانی ئەنجومەنی ئاسایش خراوەتە بواری جێبەجێکردنەوە یاخود نا، لیژنەیەکی نایاسایی لە ژیر ناوی  دەستەی کاری ڕۆژئاوا، دامەزرێندرا. ئەم لیژنەیە لە ژێر چاودێری فەرماندەیی هێزی دەریایی تورکیا، دەست بە کارەکانی کرد، کەوا لەو کاتەدا لەلایەن گیوڤەن ئێرکەیا سەرۆکایەتی دەکرا. باوکی فکری ئەم پڕۆژەیەش، چەڤیک بیری فەرماندەی دووهەمی سوپای تورکیا بوو. ئەم لیژنەیە کەوا بانگەشەی ئەوەی دەکرا بەرەنگاری فکری کەسانی کۆنەپەرست دەبێتەوە، لە میانەی کارەکانیاندا ناوی ٦ ملیۆن هاوڵاتیان دیاریکرد، کە دواتر زۆربەیان نانبڕاو کران.

٢٨ ی شوبات کە وەک کودەتایەکی پۆست مۆدێرن ناوی چووەتە ناو مێژووی تورکیاوە، لە کایە سیاسی، ئیداری، یاسایی و کۆمەڵایەتیەکانی تورکیادا لێکەوتەی نەرێنی بە دوای خۆیدا هینا.

**

چاوپێکەوتنی مامۆستا لەگەڵ بولەنت ئەجەوید(١٩٩٧)

مامۆستا لە ڕێکەوتی ٢٣ ی ئازاری ١٩٩٧، بۆ جاری دووهەم چاوی بە بولەنت ئەجەوید کەوتەوە. تەوەری چاوپێکەوتنی ئەم جارەشیان، هەروەک دیداری یەکەمیان، زیاتر خۆی لە بوارەکانی شیعر، فەلسەفە و تەسەوف دەبینیەوە، کە هەردوولایان زۆر بایەخ و گرنگیان پێدەدا.

**

ئەنجامدانی ڕێپۆرتاژێک لەگەڵ نەوال سێڤیندی لە نیویۆرک(١٩٩٧)

مامۆستا بە هۆی چەند کێشەیەکی تەندروستیەوە، لە ڕێکەوتی ١١ ی حوزەیرانی ١٩٩٧، ڕووی لە ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا کرد. ئەو کاتەی مامۆستا لە ئەمەریکا بوو، لە دوای ئەو بارگرژیە سیاسیە لە ناوخۆی تورکیا ڕوویدا، حکومەتی ئەو کاتە گۆڕانکاری بەسەردا هات و قۆناغێکی نوێ دەستی پێکرد.  تورکیا لە دوای ٢٨ ی شوبات کەوا بە قۆناغێکی پڕ مەترسیدا تێدەپەڕی، لە ڕێکەوتی ١٣ ی تەموزی ١٩٩٧، بە سەرۆکایەتی مەسعوز یڵمازی سەرۆکی پارتی ئەناپ، حکومەتێکی هاوپەیمانی پێکهێنا.

لەم کاتەدا نەوال سێڤیندی لە نیویۆرک، وەک یەکەم ڕۆژنامەنوس کەوا ڕێپۆرتاژی لەگەڵ مامۆستا ئەنجامدا، ناوی چووە مێژوەوە. ئەم ڕێپۆرتاژە کەوا لە ڕێکەوتی ١٩ ی تەموزی ١٩٩٧ لە ڕۆژنامەی یەنی یوزیڵ دەستی بە بڵاوبوونەوە کرد، لە ١٠ زنجیرەدا هەتا ڕێکەوتی ٢٩ ی تەموزی ١٩٩٧ بڵاو کرایەوە.

لەم کاتەدا کەوا مامۆستا چارەسەری پزیشکی لە وڵاتی ئەمەریکا وەردەگرت، لەلایەن یەکێتی نوسەرانی ڕوسیاوە، لە ڕێکەوتی ١٠ ی ئابی ١٩٩٧، بانگهێشتی وڵاتی ڕوسیا کرا. 

تیمور پوڵاتۆڤ، وەک سەرۆکی یەکێتیەکە سەبارەت بەم بانگهێشتە وتی” پێموایە بانگهێشتکردنی گولەن بۆ ڕوسیا سوودی هەیە،  لە ئێستادا ئاگاداری ئەو کێشە سەردەمیانەین کەوا لە تورکیا و ڕوسیا بوونیان هەیە”.

 مامۆستا دوای ئەوەی چارەسەرە پزیشکیەکانی خۆی وەرگرت لە وڵاتی ئەمەریکا، لە ڕێکەوتی ڕۆژی سێشەممەی ٣٠ ی ئەیلولی ١٩٩٧ گەڕایەوە تورکیا.

**

ئەنجامدانی نوێژی مردوو لەسەر بایرام یوکسەل(٢٣ ی تشرینی دووهەمی ١٩٩٧)

بایرام یوکسەل کەوا بە درێژایی ژیانی لە خزمەتی ئوستاد بەدیعوزەمان نورسیدا بوو، لە ڕێکەوتی ١٩ ی تشرینی دووهەمی ١٩٩٧، لەگەڵ هەریەک لە عەلی ئوچار و محمد ئەمین چیچەک، لە میانەی گەڕانەوەیان لە گەشتێکی وڵاتی ئەڵمانیا، بە هۆی ڕووداوێکی هاتوچۆوە لە وڵاتی بولغارستان گیانیان لە دەستدا. نوێژی مردوو لە مزگەوتی فاتیح ئەنجامدرا. بایرام یوکسەل خۆی وەسیەتی ئەوەی کردبوو کەوا لە هەر شوێنێکی دونیا وەفات بکات، نوێژی مردوو و بە خاکسپاردنی تەرمەکەی لەلایەن مامۆستا فەتحوڵڵاوە ئەنجام بدرێت. هەربۆیە مامۆستا نوێژی مردووی لەسەر ئەنجام ئەنجامدا.

**

 

سەردانی ئیحسان دۆغرەمەجی بۆ لای مامۆستا(١٩٩٧)

پڕۆفیسۆر ئیحسان دۆغرەمەجی کەوا ماوەیەک سەرۆکی ناوەندی خوێندنی باڵای تورکیا بوو، لە ساڵی ١٩٩٧ سەردانی مامۆستا فەتحوڵڵا گولەنی کرد. دۆغرەمەجی عەنتیکەیەکی وەک دیاری پێشکەش بە مامۆستا کرد، کە بە دەستنوسی ناوازەی سەردەمی عوسمانی لەسەری نوسرابوو. دۆغرەمەجی لەو کاتەدا بە نازناوی(هۆجابەگ) بانگدەکرا، کە بە واتای مامۆستا هەموو مامۆستاکان دێت. دۆغرەمەجی لە کاتی پێشکەشکردنی دیاریەکەیدا، چەشنی قاسم گولەک، مامۆستای بە “حەزرەتی مامۆستا” بانگ کرد و، داوای ئەوەی لێکرد نوسینی سەر عەنتیکەکە بخوێنێتەوە. مامۆستاش بە زەردەخەنەیەکەوە، ئەم داواکاریەی ئیحسان دۆغرەمەجی قبوڵ کرد، کە لەو کاتەدا تەمەنی ٨٢ ساڵان بوو. نوسینەکەش ئایەتێکی سورەتی فەتح بوو. هەروەها دۆغرەمەجی لە میانەی گفتوگۆکەیاندا وتی” مامۆستا بیستومە ئێوە دەستنوێژتان نەبێت ناڕۆن بە ڕێگاشدا، ئایا ئەمە ڕاستە؟”، مامۆستاش تەنیا لە ڕێگەی زەردەخەنەوە وەڵامی ئەم پرسیارەی دۆغرەمەجییان دایەوە.

دۆغرەمەجی لە میانەی سەردانەکەیدا وتی:

” سەرەڕای ئەو هەموو ئیمکانە ماددیەی هەمە، چەندین ساڵە خەریکی ئەوەم لە شاری هەولێر خوێندنگەیەک بکەمەوە و ناتوانم. هاوڕێکانی ئێوە ڕۆشتوون و خوێندنگەی دواناوەندیشیان کردۆتەوە. من بە ٢ هەزار دۆلار مامۆستام دەستناکەوێت، هاوڕێکانی ئێوە بە ٥٠٠ دۆلار مامۆستا دەدۆزنەوە. چۆنی ئەم کارانەتان بۆ ئەنجام دەدرێت؟”

دۆغرەمەجی کەوا کوڕی عەلی سامی پاشا بوو، لە شاری هەولێر لە دایک بوو بوو.  یەکێک بوو لە نەوەی سەدرئەعزەمەکانی[1] سەردەمی عوسمانی. هەروەها هاوسەرەکەشی بە ناوی گوڵسەر خانم، لە خانەوادەیەکی رەسەنی شاری کەرکوک بوو. هەربۆیە دۆغرەمەجی چەندین ساڵ بوو، ئاواتی ئەوەی دەخواست لە شاری هەولێر خوێندنگەیەک بکاتەوە.

مامۆستا ئەو ڕۆژە لە میانەی نانخواردنیدا لەگەڵ دۆغرەمەجی، ئاماژەی بەوەدا کە هێزی پشتەوەی کردنەوەی خوێندنگەکان لە دەرەوەی وڵات بریتیە لە “فیداکاری”.

بە گوێرەی ئوستاد بەدیعوزەمان و مامۆستا، هەریەک لە کاسپکاران، مامۆستایان، ژنان، پیاوان کەوا فیداکاریەکی گەورەی لەو شێوەیەیان ئەنجامدابوو، ئەو هەوڵ و کۆششەی بە ناوی ڕۆحی خۆتەرخانکردنەوە ئەنجامیان دەدا، پێویستی بەوە دەکرد تەنانەت بە تێبینی بەدەستهێنانی خۆشی ژیانی ئاخیرەت ئەنجام نەدرێت. مرۆڤێک هەر بەندایەتیەک کەوا لە پێناو الله ئەنجامی دەدات، یان ئەو زیکر و ویرد، عیبادەت و تاعەتەی ئەنجامی دەدا، تەنانەت ئەو جیهادەی لە پیناو بەرزکردنەوەی ناوی الله ئەنجامی دەدات، کەوا لە پێناویدا دەچێتە زیندانەوە و، لە ژێر چەندین بەڵا و توشهاتوودا دەپلیشێتەوە و توشی چەندین ناسۆر و ناڕەحەتی دەبێت… گەر جگە ڕەزامەندی خودا، ئەم کارانەی ڕاستەوخۆ بە چوونە بەهەشتەوە ببەستێتەوە و، بەهەشت بکاتە بنەمای ئەم کارانەی، ئەوا ئەو کەسە لە تافی بردنەوەدا توشی دۆڕان بووە.

دەشێت تەواوی ئەو شتانەی لە سەرەوە ئاماژەمان پێدا بەسەر کەسێکی خاوەن ڕۆحی خۆتەرخانکەر بێت؛ بەڵام ئەو لەم ڕێگەیەوە شوێنی بەدەستهێنانی ژیانی خۆشی ئاخیرەت ناکەوێت. بەڵکو دەبێت بڵێت” پەروەردگارا گەر من لە ڕێگەی ئەم کارانەمەوە لە تۆ نزیک ببمەوە، ئەوا خۆم بە مرۆڤێکی خاوەن بەخت ئەژمار دەکەم. من جگە لە ڕەزامەندی تۆ، بە دوای هیچ شتێدا ناگەڕێم”.

هەربۆیە سەرداریشمان لە یەکێک لە فەرمودەکانیدا فەرموویەتی” هەرکەسێک ژیانی بۆ الله بێت، الله ش بۆ ئەو کەسە دەبێت”. بەڵێ، ژیان تەنیا لە پێناو الله، سیفاتی مرۆڤی خاوەن داوایە و، مرۆڤێکی لەم شێوەیە، هەرکاتێک دەستەکانی کردەوە، ڕەحمەت و چاودێری الله بە هانایەوە دێت. مرۆڤ لەو ڕێگەیەی بە شوێن دەستکەوتنی ڕەزامەندی الله یە، بە ڕادەی ئەوەی فیداکاری لە هەستە ماددی-مەعنەویەکانی خۆیدا بکات، لە الله نزیک دەبێتەوە.

یەکەم خوێندنگەی خزمەت لە دەرەوەی وڵات، لە ناوچەی کوبای باکوی پایتەختی ئازەربایجان بوو. هەروەها سەرداریشمان یەکەم مزگەوتی خۆی لەسەر ڕووی زەوی، لە ناوچەی باکوی مەدینە کردەوە. سەیری عیشوەی قەدەر بکەن لەم بابەتەدا، ئەو خوێندنگەیەشی بەدیعوزەمان ژیانی خۆی بۆ تەرخانکردبوو، هەتا مرۆڤەکان لە ڕوانگەی ماددی و مەعنەویەوە پاک ببنەوە و لەسەر ئاستی هەموو دونیا ڕۆحیان شاباڵ بگرێت، یەکەم زنجیرەی خوێندنگەکانی هەمان ناوی هەبووە…

 

 هەربۆیە مامۆستا و خوێندکارانی ئەو خوێندنگەیە، لە سەرمای زستاندا ناچار بوون بەوەی کوخێکی دارین وەک دەرسخانە بەکاربهێنن.

گەر کۆمەڵێک کاسپکار کەوا هیچ لە بواری پەروەردە تێناگەن، لەگەڵ کۆمەڵێک مامۆستای بێ ئەزمون کاتێک ڕوو لە وڵاتێک دەکات، کەوا ناوی نازانن و لەسەر نەخشەش شوێنەکەی نادۆزنەوە، زمانی هاوڵاتیانەکەشی نازانن، گەر لەم وڵاتە پێکەوە خوێندنگە بکەنەوە و دواتر لەسەر ئاستی دونیا مەدالیای سەرکەوتن بەدەستبهێنن، ئەمە کارێکە بە تەواوی لوتفی الله یە. زۆر نمونە و ڕووداوی ڕاستەقینەی وەک ئەمە لەبەرچاوی هەموو لایەک بوو. ئەمەش ئیحسانێکی گەورەی الله بوو، لەگەڵ ئەو مرۆڤە ڕاستگۆیانەی، کە خزمەتکردنیان بە مرۆڤایەتی، وەک ئامانجی ژیانیان لێکردبوو.

دۆغرەمەجی ساڵانی دواتر، بە مەبەستی بەشداری لە کۆنفراسی ” تەندروستی منداڵانی ئەو وڵاتانەی بە تورکی قسە دەکەن”، سەردانی باکوی پایتەختی ئازەربایجان کرد و، لەوێ سەردانی یەکێک لە خوێندنگەکانی خزمەتی کرد. بەشداری لە وانەی ئینگلیزی و بایەلۆژی منداڵەکان کرد و چەند پرسیارێکی لە خوێندکارەکانی ئەو خوێندنگەیە کرد.

**

چارەسەر بۆ کێشەکانی سەدە

بەدیعوزەمان هەمیشە لەسەر ئەو ٣ کێشە گەورەیە دەوەستا کەوا تەواوی مرۆڤایەتی بە دەستیەوە دەناڵێنن:

١-هەژاری. ٢- جەهالەت. ٣- دووبەرەکی. هەربۆیە کاتێک مامۆستا هەمیشە هانی بازرگانی دەدا و، لە هەمان کاتدا گرنگی بە بواری پەروەردە دەدا، داوای بڵاوکردنەوەی کەشوهەوای لێبوردەیی دەکرد، لە بناغەوە بە مەبەستی بەرەنگاربوونەوەی ئەم ٣ بەڵایە بوو، کە تەواوی وڵاتی پەرێشان کردبوو. هەمیشە دەیوت” بازرگانی بکەن هەتا وڵات دەوڵەمەند ببێت، پەروەردە بڵاو بکەنەوە هەتا جەهالەت کۆتایی پێبێت، لێبوردەیی پشانی هەموو کەسێک بدەن، هەتا دووبەرەکی و ناکۆکی لەناو بچێت”.

**

ئارەزوی بونیادنانی کۆمەڵگایەکی هەماهەنگ

هەریەک لە ئوستاد بەدیعوزەمان سەعید نورسی و، مامۆستا فەتحوڵڵا گولەنیش، ئەو گێژاوەی بە هۆی دووبەرەکی ناو کۆمەڵگاوە دروست دەبوو، بە مەترسیەکی گەورەیان لە قەڵەم دەدا. کۆمەڵگایەک کەوا تاکەکانی بەرامبەر یەکتری وەک بێگانەیان لێهاتبێت، گەر کەسێکیان شتێک بە سپی ناو ببات، ئەوا بەرامبەرەکەی بە ڕەش ناوی دەبات، کۆمەڵگایەک کەوا تاکەکانی وەک گورگی یەکتریان لێهاتبێت، پێویستی بەوە دەکرد سەرلەنوێ لە چواردەوری کۆمەڵێک بەهای هاوبەش کۆبکرێنەوە و، ویژدان و دڵەکانیان سەرلەنوێ یەکبخرێتەوە. هەربۆیە لە ژێر پەیامی لێبوردەیی هەردوولایاندا، عەوداڵیەکی لەم شێوەیە بوونی هەبوو. مامۆستا لە ڕیگەی نمونە وەرگرتن لەو هەماهەنگیەی لە شێوازی ئەفراندنی تاکەکاندا بوونی هەیە، خوازیاری ئەوەیە ناکۆکیەکانی نێوانیان تێبپەڕێنن و لە نێو خۆیاندا هەماهەنگی فەراهەم بکەن.

ئیدی لە گونجاوی و هەماهەنگی نێوان زیندەوەرانە و نازیندەوەرانەوە بیگرە، هەتا دەگاتە ئەستێرانەی بە شێوەیەکی بەردەوام لە ئاسمانەوە چاو لە ئێمەی مرۆڤ دادەگرن، هەتا ئەو واتایەی لە درەخت و گوڵ و گیاکانەوە سەوز دەبن، هەتا دەگاتە هەر زیندەوەرێک کە هەناسەی ژیان دەدات، لە هەموو شوێنێک و لە هەموو شتێکدا هەماهەنگی و یاسایەکی ئەفسوناوی، باڵادەستی خۆی پشان دەدات. لە کاتێکدا لە هەموو شوێنێک و لە هەموو شتێکدا هەماهەنگی قوڵپەی دێت، ئاژاوە و ناکۆکی لە کوێوە ڕووی لەسەر زەوی کردووە؟ لە ڕاستیدا ئەو گێژاوەی ڕووی لەسەر زەوی کردووە و ئەو ئەخلاقەی لە پشتی ئەم گێژاوەوەیە، لەگەڵ هاتنی مرۆڤ بۆ سەر ڕووی زەوی سەریهەڵداوە. لە ڕێگەی ئەو مرۆڤانەوە هات کەوا ئەقڵیان ڕادەستی الله نەکردووە، ئیرادەی خۆیان بەرامبەر کاری خراپ جڵەوگیر نەکردووە، جۆش و خرۆشیان بە هەستەکانی چاکەیان نەداوە”.  

 هەڵمەتی سەرتاسەری بڵاوکردنەوەی پەروەردەی مرۆڤەکان، هەر بە مەبەستی خزمەتی ئەم ئامانجە دەستیپێکرا. بە مەبەستی ئەوەی ئەو تۆوی دووبەرەکیەی لە نێوان تاکەکانی کۆمەڵگادا چێنراوە هەڵبگرێتەوە، بۆ ئەوەی کەشوهەوای خۆشەویستی دیسان باڵا دەست ببێتەوە، لە پێناو ئەوەی لە پاڵ زانستدا، جوانی و چاکە و ڕاستی فێری نەوەکانی داهاتوو بکرێت، مرۆڤەکانی خاوەن مەفکورەیەکی لەم شێوەیە لە چواردەوری خۆی کۆکردەوە.

**

ئەم گومانە لەبەرچی؟

مامۆستا فەتحوڵڵا گولەن، کەسێکە هەمیشە بیردەکاتەوە و گفتوگۆ دەکات و بە دوای ڕاستی و جوانیدا دەگەڕێت. ئەوانەی بە دونیای واتاکانی ئەو نەگەشتوون. ئەوانەی نەگەشتوون بە چێژی ژیان لە پێناو کەسانی تر، هەمیشە بە ترس و گومانەوە لەم خزمەتە نزیک بوونەتەوە، کە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ گەورەتر و ئەڵقە ئەڵقە فراوانتر دەبێت.

هەربۆیە کەسانێک پرسیاری ئەوەیان دەکرد، “تۆ بڵێیت ئامانجێکی تری لە پشتەوە بێت؟”. تەنیا ئامانجی ئەو بریتی بوو لە پێگەیاندنی موسوڵمانگەلێک، کەوا کەسانێکی باوەڕداربن بەوەی خزمەتی گەل و نیشتیمانەکەیان بکەن. هەوڵدان بوو بۆ بونیادنانی دونیایەک کەوا هەناسەی خۆشەویستی و لێبوردەیی بداتەوە. قەناعەتی وەهابوو،  ئەو کاتەی ویژدانەکان یەکدەگرن، ئیدی یەکگرتنی دەستەکانیش ئاسانتر دەبێت. کاتێک لە ساڵی ١٩٩٤ دەستی کرد بەوەی چاوی بە ڕۆژنامەنوسان و ڕۆشنبیران و هونەرمەندان بکەوێت، هەمیشە ئاماژەی بەم جۆرە تێڕوانینەی خۆی دەکرد.

سەرەڕای تەواوی ئەم هەوڵە ئەرێنیانەی مامۆستا، ڕۆژی ١ ی شوباتی ١٩٩٨، باڵی ماهۆچیەکانی چەپی تورکیا، ڕۆژنامەی ئایدنلیک؛ چەشنی ئەوەی ڕاپۆرت لەسەر گەردەلولکەی ١٨ ی حوزەیران بدات، لە مانشێتەکەیدا بەم شێوەیە باسی مامۆستای دەکرد:” فەتحوڵڵا گولەن تەنیا ٨ مانگ تەمەنی ماوە”. بەم شێوەی ئاماژەی بەوە دەکرد، کە مامۆستا لە ماوەی ٨ مانگدا دەچێتە زیندانەوە. لە هەمان کاتدا ئەمە پەردەی لەسەر ئەو فێڵ و تەڵەکانە هەڵدەماڵی کە لە پشتی دەرگا داخراوەکانەوە لە دژی خزمەت، پیلانیان بۆ دادەڕێژرا. هەروەها کودەتا دەستکردەکەی ١٥ ی تەموزی ٢٠١٦، ئەم جۆرە پیلانەی ئەوانەی بە تەواوی خستە روو.

 

پێش ئەوەی بگەینە سەر ئەم بەروارە، مامۆستا لە ئیستەنبول، لەسەر خزمەتەکانی خۆی بەردەوام بوو. لە ڕێکەوتی ٣ ی شوباتی ١٩٩٨، لە میانەی بەشداری لە مەراسیمی جەژنەپیرۆزەیەکدا کەوا هەریەک لە بارش مانچۆ و ئێرۆڵ بیوکبورچ و زۆرێک لە نوسەرانی تورکیا بەشدارییان تێدا کردبوو، وتی” بە مەبەستی ئەوەی بەهەشتێک لەم ناوچەیەی خۆمان بونیاد بنێین، ئەرکێکی زۆر گەورە دەکەوێتە سەرشانی ئەندازیارانی فکر و کرێکارانی بیرکردنەوە”.

ڕۆژی دواتر، لە ڕێکەوتی ٤ ی شوباتی ١٩٩٨ کاتێک بۆ جاری سێهەم چاویان بە بولەنت ئەجەوید کەوتەوە، لەو کاتەدا ئەجەوید یاریدەدەری سەرۆک وەزیران بوو. مامۆستا پێش ئەوەی سەردانی پاپای ڤاتیکان بکات،  بە پێویستی زانی فکری بولەنت ئەجەویدی یاریدەدەری سەرۆک وەزیرانی تورکیاش سەبارەت بەو بابەتە وەربگرێت.

**

چاوپێکەوتنێکی مێژوویی لەگەڵ پاپای ڤاتیکان(١٩٩٨)

 

 مەسعود ئێریشەن لە ساڵی ١٩٦٦ تەمەنی ١٣ ساڵان دەبێت و، یەکێک دەبێت لە خوێندکارەکانی مامۆستا لە کەستانەپازاری. دوای چەندین ساڵ، لە هەریەک لە وڵاتانی باڵکان، سویسرا، ئەڵمانیا و یۆنان وەک ڕۆژنامەنوس دەست بەکار دەبێت. ئێریشەن لەو کاتەی لە یۆنان وەک ڕۆژنامەنوس کاری دەکرد، ڕۆژنامەنوسێکی نەمسایی بە ناوی هێنز گێسترەین دەناسێت، کەوا خاوەنی پەیوەندیەکی توندوتۆڵ دەبێت لە ڤاتیکان. گێسترەین لەو کاتەدا تەمەنی ٥٧ ساڵ دەبێت و ماوەی ٣٥ ساڵ بوو کاری ڕۆژنامەنوسی دەکرد. ناوبراو بۆ هەریەک لە ئاژانسی هەواڵی نەمسا، ڕادیۆی ڤاتیکان و نزیکەی ٣٠ دەزگای تری مێدیایی هەواڵی ئامادە دەکرد. لە چەندین شوێنی وەک مۆسکۆ، قاهیرە، قوبروس، تونوس، ئەلبانیا، ڕۆما ئەرکی ڕۆژنامەنوسی بەڕێوە بردبوو، هەروەها ماوەی دوو مانگیش لەگەڵ موجاهیدەکانی وڵاتی ئەفغانستاندا ژیانی بەسەر بردبوو. دواتر لە نێوان ساڵانی ١٩٧٩-١٩٨٠ لە ئیستەنبول کاری ڕۆژنامەنوسی کردبوو. هاوسەرەکەشی بە هەمان شێوە ڕۆژنامەنوس دەبێت و، لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پەیامنێری ئاژانسی هەواڵی فەرەنسا(AFP) دەبێت. بایەخدانی هەریەک لە ئێریشەن و گێسترەین بە بەها مەعنەویەکان ، بووە هۆی ئەوەی دۆستایەکی گەرموگوڕ لە نێوانیاندا دروست ببێت. گێسترەین لە مانگی شوباتی ١٩٩٧ ڕووی لە ئیستەنبول کرد و لەگەڵ مامۆستادا ڕێپۆرتاژێکی ئەنجامدا. مامۆستا لە میانەی ئەم ڕێپۆرتاژەدا ئاماژەی بەوەدا کە ڕۆشنبوونەوەی ڕۆژئاوا تەنیا کایەی ئەقڵی گرتۆتەوە و لە ڕوانگەی دڵەوە ڕۆشن نەبوونەتەوە. هەروەها هەرشتێک کەوا راسیۆنەل(ئەقڵگەرایی) نەبێت، فڕێی دەداتە کەنارەوە.

گێسترەین لە دوای ڕێپۆرتاژەکە بە ئێریشەن دەڵێت” پێویستە ڕۆژئاوا مامۆستا فەتحوڵڵا گولەن بناسێت”. بە گوێرەی تێڕوانینی ئەم ڕۆژنامەنوسە نەمساییە، ناسینی مامۆستا لەلایەن ڕۆژئاواوە کارێکی زۆر پێویست بوو. هەروەها بە گوێرەی تێڕوانینی گێسترەین، باشترین ڕێگای کاریگەر بۆ ئەوەی ڕۆژئاوا مامۆستا بناسێت، بریتیە بوو لەوەی مامۆستا چاوی بە یوحەنا پاوڵسی پاپای ڤاتیکان بکەوێت. هەروەها بە مەبەستی ئەوەی بناغەی ئەم چاوپێکەوتنە ئامادە بکات، هەندێک پەیوەندی بۆ ئێریشەن ڕێکخست. 

ئێریشەن لە ڕێکەوتی ٢٠ ی ئازاری ١٩٩٧، هەندێک پەیوەندی لە ڤاتیکان ئەنجامدا. مامۆستا فەتحوڵڵا گولەن، لە ڕێکەوتی ٩ ی شوباتی ١٩٩٨، لە ڤاتیکان چاوی بە ڕابەری ڕۆحی دونیای مەسیحی کەوت.

گۆرگیس مارۆڤیچ نوێنەری ڤاتیکان لە ئیستەنبول، یەکێک بوو لەو کەسانەی زۆر ئارەزوی چاوپێکەوتنی نێوان مامۆستا و پاپا بوو. مارۆڤیچ زۆر شتی بە ناو موسوڵمانێتی راستەقینە لە مامۆستاوە فێربوو بوو. بە شێوەیەکی بەردەوام نزای جەوشەنی لە گیرفانیدا هەڵدەگرت، چاوی بە هەرکەسێک دەکەوت، وەک دیاری پێیدەدا.

مامۆستا لە مانگی حوزەیرانی ١٩٩٧ بەرەو ئەمەریکا بەڕێکەوت. لەوێ ماوەی ٣ مانگ مایەوە و چارەسەری پزیشکی بۆ دڵی وەرگرت. لە ڕێکەوتی ١٩ ی ئەیلولی ١٩٩٧، لە نیویۆرک چاوی بە کاردیناڵ جۆن ئۆکۆنۆری ڕابەری کاتۆلیکەکانی ئەمەریکا کەوت. ئۆکۆنۆر لە میانەی چاوپێکەوتنەکەدا وتی” گەنجەکانی ئێمە سەردانی کەنیسە ناکەن”. مامۆستاش لە وەڵامدا وتی” گەنجەکانی ئێمە مزگەوتەکان پڕ دەکەن”. پاشان ئۆکۆنۆر قسەیەکی کرد کەوا مامۆستای توشی تێکشکانی خەیاڵەکانی کرد ” لەمڕۆدا خراپەکاری زۆر زیادی کردووە. زوڵم، پێکدادان، ناحەقی، جینایەت، داڕمانی ئەخلاقی زۆر بڵاو بووەتەوە. لە ڕاستیدا بەرامبەر ئەم شێوازە دوورکەوتنەوەیە لە دین، لە ئێستادا نامەوێت لە شوێنی خودادا بم”…

 

مامۆستاش لە بەرامبەر ئەم قسە چاوەڕوان نەکراوەی کاردیناڵەکەدا وتی” سەبارەت بە کەسێک لە ئاستی ئێوەدا، قسەکردنێکی لەم شێوەیە وەک بەدبەختی دەبینم و، پێم ناخۆش بوو. بیرکردنەوەیەکی لەو شێوەیە سەبارەت بە الله دروست نیە. ئێمە ناتوانین ئەو بە تەرازووەکانی خۆمان بپێوین. ئێمە ناتوانین بە تەواوی لە کردار و حیکمەتی ناو کردارەکانی ئەو تێبگەین. هەربۆیە ئەو کاتەی سەبارەت بە الله بیر لە شتێک دەکەینەوە و قسە دەکەین، پێویستە زۆر بە دیقەت بین”.

ئۆکۆنۆریش سەبارەت بەم قسانەی مامۆستا وتی” زۆر داوای لێبوردن دەکەم. خودا لێم خۆش ببێت. هەڵەیەکی زۆر گەورەم ئەنجامدا” بەم شێوەیە پەشیمانی خۆی دەربڕی. ئۆکۆنۆر لە درێژەی قسەکانیدا لەگەڵ مامۆستا وتی” ئێوە چۆن لە دیموکراسی دەڕوانن؟”. مامۆستا لە وەڵامدا وتی” من دیموکراسیەکی وەهام دەوێت، ئەو کاتەی دەمرم، لە نێو گۆڕ و ژیانی بەرزەخیش، هەروەها لە ژیانی ئاخیرەتیش یاریدەدەری من بێت. لە پاڵ چارەسەرکردنی کێشە دونیایەکان، کێشەکانی دوای ژیانی گۆڕیشم بۆ چارەسەر بکات”. ئۆکۆنۆر لە بەرامبەر ئەو قسانەدا سەرسورمانی خۆی دەربڕی و وتی” ئێوە بۆ ڕۆژئاوا پێویستن”. ئۆکۆنۆر لە دوای ئەم چاوپێکەوتنە، تێروانینەکانی مامۆستا زۆر کاریگەری لەسەر دادەنێن. هەربۆیە بە پێویستی زانی کەوا مامۆستا چاوی بە پاپای ڤاتیکان بکەوێت. ئەویش بۆ ئەم مەبەستە هەوڵەکانی خۆی خستە گەڕ. چونکە دونیای ڕۆژئاوا موسوڵمانێتییان بەو شیوەیە نەدەناسی. هەروەها دوژمنی ئەو شتە بوون کە نەیاندەناسی.

مامۆستا دواتر گەرایەوە بۆ تورکیا. هێشتا لە ڤاتیکانەوە بانگهێشتنامەی بۆ نەهاتبوو. پاپا یوحەنا پاوڵسی دووهەم، کەسێک نەبوو هەروا بە ئاسانی چاوی بە هەمو کەسێک بکەوێت. محمد نوری یڵماز، سەرۆکی کاروباری ئاینی تورکیا، ماوەی ٣ ساڵ بوو چاوەڕێی هاتنی بانگهێشنامەی ڤاتیکانی دەکرد.

هەروەها لەم کاتەدا، مەسعود ئێریشەن، لە ساڵی ١٩٩٨ تەنیا پەیامنێری موسوڵمان بوو، کەوا لە ژێر نازناوی (پەیامنێری ڤاتیکان) لە ئیتاڵیا بوونی هەبێت. ئێریشەن لە هەمان کاتدا،  لە ڕۆما و ڤاتیکان نوێنەری ڕۆژنامەی زەمان بوو.

مامۆستا چۆن بڕیاری سەردانکردنی ڤاتیکانی دا؟

پاش تێپەڕینی ماوەیەک، ڤاتیکان ڕۆژی چاوپێکەوتنی مامۆستا و پاپای دیاریکرد. چاوپێکەوتنکە دەبوو لە ڕێکەوتی ٩ ی شوباتی ١٩٩٨ ئەنجام بدرێت. بانگهێشتنامەکە لەلایەن پیەر لوگی سێلاتا باڵیۆزی ڤاتیکان لە ئەنقەرە و مارۆڤیچەوە گەیاندرایە دەستی مامۆستا.

مامۆستا لە پێش ئەنجامدانی چاوپێکەوتنەکە، چاوی بە هەریەک لە پڕۆفیسۆر سوات یڵدرم و ئیبراهیم ئێرکوڵ کەوت. پڕۆفیسۆر یڵدرم بە هۆی کایەی ئەکادیمی خۆیەوە، لە بابەتی مەسیحیەتدا کەسێکی دەوڵەتمەدار بوو. هەروەها پڕۆفیسۆر ئێرکوڵیش ماوەی ٣٠ ساڵ بوو هاوڕێی نزیکی مامۆستا بوو. هەردوو پڕۆفیسۆرەکە ئاماژەیان بەوە کرد، کە ئەنجامدانی چاوپێکەوتنەکە سوودی زۆری دەبێت. پێش ئەوەی بەرواری چاوپێکەوتنەکە دیاری بکرێت، پڕۆفیسۆر یڵدرم لە سەرچاوە ئیسلامیەکاندا توێژینەوەیەکی ئەنجامدا و، ئەوەی بەدیکرد لە زۆر سەرچاوەی ئیسلامیدا ئاماژە بە چاوپێکەوتنی نێوان سەردارمان و مەسیحیەکان دەکرا. سەردارمان لە مزگەوتی مەدینە جبەکەی خۆی لەسەر زەویەکە دادەخات و ڕێگە بە پیاوانی ئاینی مەسیحی دەدات لەگەڵیدا لەسەری دابنیشن.

هەروەها مامۆستا ئەو کاتەی ڕووی لە ڤاتیکان کرد، هێزی لە وتەکانی بەدیعوزەمانیش وەردەگرت، کە زۆر بایەخی بە تێڕوانینەکانی دەدا. بەدیعوزەمانیش نامەیەک بۆ پاپا پیۆس دەنوسێت و، ئەو زولفیقارە رەوانەی ڤاتیکان دەکات کە بە دەستنوسی سەردەمی عوسمانی لەسەری نوسرابوو. نوێنەری پاپاش لە وەڵامی نامەکەی بەدیعوزەماندا دەنوسێت” کتێبەکانی ئێوەمان بە دەست گەشت، لە کتێبخانەکەمان دامانناوە”.

ئەمە بە واتای ئەوە دەهات کە نامەیەکی بەدیعوزەمان و چەند کتێبێکی لە پەیامەکانی نور، لە کتێبخانەی ڤاتیکاندا بوونی هەیە. بە گوێرەی تێروانینی بەدیعوزەمان، دەبوو هەریەک لە موسوڵمانە ڕاستەقینەکان و مەسیحیە راستەقینەکان، پێکەوە بەرەنگاری ئەو تەوژمانە ببنەوە، کەوا شەپۆلی بێباوەڕی بڵاو دەکەنەوە.

بەدیعوزەمانیش لە ساڵی ١٩٥٠، لەگەڵ ئەسێناگۆراسی پاتریارکی ڕوم فەنەری ئیستەنبول چاوپێکەوتنی ئەنجامدابوو.

بەم شێوەیە مامۆستا فەتحوڵڵا گولەن، لە ڕێکەوتی ٨ ی شوباتی ١٩٩٨، بە مەبەستی چاوپێکەوتن لەگەڵ پاپا یوحەنای دووهەم، لە فڕۆکەخانەی ڕۆما دابەزی. ئاڵتان گیوڤەن باڵیۆزی ئەو کاتەی تورکیا لە ڤاتیکان، بە فەرمی پێشوازی لە مامۆستا کرد. باڵیۆزی تورکیا مامۆستا لە فڕۆکەکە هێنایە خوارەوە و، بە ئۆتۆمبیلەکەی خۆی لە ساڵۆنی ڤیپ بردیە دەرەوە. بولەنت ئەجەویدی یاریدەدەری سەرۆک وەزیرانی ئەو کاتەی تورکیا، کەوا پاڵپشتی لە چاوپێکەوتنی مامۆستا و پاپا دەکرد، فەرمانی بە باڵیۆزی تورکیا کردبوو، کەوا لە ڕۆما بە فەرمی پێشوازی لێبکات.

باڵیۆزی تورکیا سەرەتا ویستی لە شوێنی مانەوەی خۆی میوانداری مامۆستا بکات. بەڵام مامۆستا پێشتر لە هۆتێلی کۆڵۆمبۆس شوێنێکی بۆ تەرخانکرابوو. ئەو کاتەی مامۆستا گەشتە هۆتێلی کۆڵۆمبۆس، ژمارەیەکی زۆر لە ڕۆژنامەنوسان چاوەڕێیان دەکرد. دواتر کاتێک چووە ناو هۆتێلەکەوە، چاوی بە سوپرایزێک کەوت. لەسەر دیواری لۆبی هۆتێلەکە، چاوی بە تابلۆیەکی دروستکراو بە بۆیەی ئاوی کەوت، کەوا لەلایەن شازادە جەم سوڵتانی سەردەمی عوسمانیەکانەوە کیشرابوو. جەم سوڵتان کاتێک بە دیلی دەکەوێتە دەستی سوارچاکەکانی ڕۆدۆس، ڕۆژانی دیلێتی لەو شوێنەدا بەسەر دەبات. مامۆستا هەر ئەو کاتەی چاوی بە تابلۆکە کەوت، یەکسەر هەستی بزوا و دەستی بە گریان کرد.

لە میانەی چاوپێکەوتنی مامۆستا لەگەڵ پاپای ڤاتیکان، هەریەک لە مەسعود ئێریشەنی ڕۆژنامەنوس، عەلادین کەیایی پیاوی کار و خاوەن ڕۆژنامە، لەگەڵ ڕوشتو کاڵیۆنجی کەوا لە واشنگتۆن دەژیا، یاوەری مامۆستا بوون. کاڵیۆنجو کەوا پارێزەر بوو، ماوەی ٢٥ ساڵ بوو لە ئەمەریکا ژیانی بەسەر دەبرد. لە میانەی ئەم چاوپێکەوتنەدا وەک وەرگێڕی مامۆستا ئامادەبوو.

مامۆستا ئەو شەوەی لە هۆتێلی کۆڵۆمبۆس مایەوە، زۆرینەی کاتەکانی بە عیبادەت بەسەر برد، لە نزاکانیدا داوای ئەوەی لە الله کرد، کەوا چاوپێکەوتنەکەیان بە ناوی مرۆڤایەتیەوە سەرئەنجامی چاکی لێبکەوێتەوە. چاوپێکەوتنی مامۆستا لەگەڵ پاپا یوحەنای ڕابەری ڕۆحی یەک ملیار مەسیحی  دونیا بوو، لە کاتێکدا بوو کە هێشتا تێزی ” پێکدادانی دونیای ئیسلام و ڕۆژئاوا کارێکی حەتمیە” برەوی پێدەدرا و کاریگەریەکانی بەردەوام بوو، هەربۆیە چاوپێکەوتنێکی هەتا بڵێی گرنگ بوو. بەم هۆیەشەوە تەواوی دونیا چاویان لەسەر ئەم کۆبوونەوەیە بوو.

بڕیار بوو کۆبوونەوەکەی مامۆستا و پاپا، بە شێوەیەکی دوو قۆڵی ئەنجام بدرێت. لە ژوورەوە تەنیا پاپا و وەرگێڕەکەی مامۆستا دەبوو بوونی هەبێت. هەروەها گیۆرگیس مارۆڤیچی نوێنەری ڤاتیکان لە ئیستەنبول، وەک وەرگێڕی پاپا ئامادە بوو. کاربەدەستانی ڤاتیکان لە پێش دەستپێکردنی چاوپێکەوتنەکە، ئاگادارییەکی گرنگیان بە کالیۆنجو دا. کاربەدەستەکان ئەوەیان پێڕاگەیاند کەوا پاپا نەخۆشی پارکینسۆنی لەگەڵدایە و، ئەگەری ئەوەش لە ئارادا بوو کەوا لە کاتی ئەم جۆرە چاوپێکەوتنانەشدا هەمان نۆبەتی نەخۆشیەکە لێیبداتەوە. پاپا لەو جۆرە حاڵەتانەدا، سەری بە پێشدا شۆڕ دەبوویەوە و وەک کەسێکی خەوتوی لێدەهات، لەو کاتەدا دەبوو کاربەدەستەکان بێن و، بچنە ژێر قۆڵی و بۆ ناو جێگەکەی ببەن.

بە هەمان شێوە پێش چەند ڕۆژێک کاتژمێر ٩ ی بەیانی هەمان حاڵەتی بەسەرهاتبوو، هەربۆیە پڕۆگرامەکانی ئەو ڕۆژەی ئەنجام نەدابوو. بابەتی ئەوەی ئەو چاوپێکەوتنەش چەند دەخایەنێت، گەرەنتی لەسەر نەبوو. کاربەدەستێکی ڤاتیکان لەو کاتەدا وتی” لە حاڵێکی لەو شێوەدا، دەشێت چاوپێکەوتنەکە تەنیا ٣ خولەک بخایەنێت”. هەروەها مێدیای تورکییان بەم شێوەیە ئاگادار کردەوە” لە ژوورەوە هیچ تۆمارێکی ڤیدیۆیی و فۆتۆگرافی ئەنجام نادرێت، کاربەدەستانی ڤاتیکان خۆیان ئەم کارە دەکەن و، هەرکەسێک خوازیار بێت دەتوانێت کۆپییەکی چاوپێکەوتنەکە بکڕێت”.

مامۆستا لە میانەی چاوپێکەوتنەکەدا نامەیەکی بانگهێشتنامەی سولەیمان دەمیرەلی سەرۆک کۆماری تورکیای پێشکەشی پاپا کرد و وتی” مرۆڤایەتی زۆر جار لەبەر ئەوەی تێڕوانینی پێچەوانەی یەکتریان هەبووە، هەندێک جار بە ناوی دینەوە نکوڵی لە زانست و، هەندیک جاریش بە ناوی دینەوە نکوڵی لە زانست کردووە. زانستی تەواوەتی هەر لای الله یە، دینیش هەر لای الله وە هاتووە، مادام وەهایە، کەواتە چۆن دەبێت لە نێوان ئەم دووانەدا شتی پێچەوانە هەبێت؟  هەربۆیە پێویستە ئێمە وەک بەندەری شەپۆل شەکێن، لەبەردەم کەسانێکی گومانبەری سەرلێشێواودا بوەستین، کەوا دەیانەوێت پێکدادانی نێوان مەدەنیەتەکان ببینن”.

چونکە پڕۆفیسۆر سامیۆل هەنتینگتۆن کەوا خاوەنی تێزی پێکدادانی مەدەنیەتەکان بوو، لە تێزەکەیدا دەیوت” ئەو کێبڕکێیەی لە نێوان مەدەنیەتی ڕۆژئاوا و جیهانی ئیسلام بە درێژایی هێڵە شکاوە بومەلەرزەییەکانی نێوان سەریهەڵداوە، ماوەی هەزار و ٣٠٠ ساڵە بەردەوامی هەیە. ئەو هێڵە بومەلەرزاییانەی لە نێوان مەدەنیەتەکانی ئەڤراسیا بوونی هەیە، دیسان کڵپەی سەندووە. ئەمەش بە نیسبەت ئەو وڵاتە ئیسلامیانەی لە ئەفەریقاوە هەتا ناوڕاستی ئاستی لەسەر شێوازی هیلال درێژ دەبنەوە، زیاتر ڕاستە. بە کورتی ئیسلام خاوەنی سنورگەلێکی خوێناوییە. هەربۆیە گەر لەمەودوا جەنگێکی جیهانی سەرهەڵبدات، ئەوا جەنگی نێوان مەدەنیەتەکان دەبێت”.

ئەو کاتەی چاوپێکەوتنەکە دەستی پێکرد، کاڵیۆنجی مێشکی بە نەخۆشیەکەی پاپاوە سەقاڵ بوو. ئەەی جێگەی سەرسوڕمان بوو، هەر لە سەرەتای چاوپێکەوتنەکەوە پاپا سەری دانەواند. کالیۆنیجو لەو کاتەدا سەیری مامۆستای کرد. مامۆستاش کەوا لە بەرامبەر کوفری ڕەها و، تەنیا لە بەر ڕەزامەندی الله لەوێدا بوونی هەبوو، هەتا دوا ڕادە لەسەرخۆ بوو. کاڵیۆنجو دیسان ئاوڕی لە پاپا دایەوە و ئەمجارەیان ئەەی بینی کە هێواش هێواش سەری هەڵدەبڕێت. پێش ئەوەی کاربەدەستەکان بێن و بیبەنەوە بۆ ژوورەکەی خۆی، پاپا بە ئاگا هاتەوە. هەربۆیە چاوپێکەوتنەکە بەردەوام بوو. بە درێژایی یەک کاتژمێری چاوپێکەوتنەکە، پاپا جارێکی تر سەری دانەواندەوە. لە دوای مامۆستا هەریەک لە فیدەڵ کاسترۆ سەرۆکی کوبا و، بۆریس یەڵسنی سەرۆکی ڕوسیا چاویان بە پاپا کەوت. بەڵام لە مێدیا جیهانیەکاندا زۆرترین ڕوماڵ لەسەر کۆبوونەوەی نێوان مامۆستا و پاپا بوو.

پاپا یوحەنا وەک نوسەری کتێبی “کاتێک لێواری هیوا تێدەپەڕێنیت”، کەوا هەندێک تێڕوانینی نەرێنی سەبارەت بە موسوڵمانێتی دەخاتە ڕوو، ئەنجامدانی ئەم چاوپێکەوتنە لەگەڵ مامۆستا لەو شوێنە گرنگەدا، جێگەی سەرسوڕمان بوو. پاپا لە ساڵی ٢٠٠١ کاتێک گەشتی وڵاتی سوریای کرد، ئەنجامدانی سەردانێک بۆ مزگەوتی ئەمەوی لە دیمەشق، نازناوی یەکەم پاپا کەوا سەردانی مزگەوتی کردووە، لە مێژوودا بۆ تۆمار کرد. بە گوێرەی تێڕوانینی ئەوانەی لە نزیکەوە چاودێری پاپا یوحەنایان دەکرد، ئەنجامدانی ئەم سەردانە لە ڕێکەوتی ٦ و حوزەیرانی ٢٠٠١ لەلایەن پاپاوە، لە ژێر کاریگەری چاوپێکەوتنەکەی مامۆستادا بووە. 

     

 

 

 

 

[1] سەدرئەعزەم لە سەردەمی عوسمانیدا بەرزترین پلەی ئیداری ناوی دەسەڵاتە لە دوای سوڵتانەوە و، زیاتر لە پۆستی سەرۆک وەزیرانی ئێستای سەردەمی مۆدێرن نزیکە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *