عاشقی ڕاستگۆ , بەشی ٤٦, عارەقی ناوچەوانی مرۆڤە ڕاستگۆکان

لە ڕێکەوتی ٢٣ ی کانونی یەکەمی ١٩٩٧، دوای ئەوەی هەریەک لە ئشیلای سایگین وەزیری کاروباری دەوڵەت و عەلادین کەیای خاوەنی ئیمتیازی ڕۆژنمایە زەمان، چاویان بە جەنەڕاڵ چەڤیک بیری سوپای تورکیا کەوت، مامۆستا م.فەتحوڵڵا گولەن نامەیەکی بۆ ناوبراو نوسی و تێیدا ڕاشکاوانە ئاماژەی بەوە کرد، کە خوێندنگەکانی خزمەت بە پارەی عارەقی ناوچەوانی مرۆڤە ڕاستگۆکانی ناوچەی ئەنەدۆڵو بونیادنراوە. سەرەڕای ئەم نامەیەی مامۆستا، چەڤیک بیر کە لەو کاتەدا جێگری سوپاسالاری تورکیا دەبێت، لە ڕێکەوتی ٢٧ ی ئازاری ١٩٩٨، لە میانەی بەشداری لە مەراسیمی دەرچووانی کۆلیژی ڕۆبێرت لە ئیستەنبول، کە بە جلی مەدەنیەوە تێێدا بەشداری کرد، سەبارەت بە خوێندنگەکانی خزمەت وتی:

“ئەو پارانەی ئەمانە بۆ بواری پەروەردە تەرخانیان کردووە، زۆر لە سەرو ئەو پارەیەوەیە کەوا وەزارەتی پەروەردەی ئەم وڵاتە لە ١٠ ساڵی داهاتوودا بۆ ئەو بوارە تەرخانی دەکات، ئاوی ئەم ئاشە لە کوێوە دێت؟”

 

ئەو کەسانەی پرسیاری” ئاوی ئەم ئاشە لە کوێوە دێت؟” دەکرد، گومانی ئەوەیان دەبرد ئەم پارەیە لە لایەن دەوڵەمەندانی وڵاتانی ئیسلامیەوە بێت، کەوا لە بواری نەوتدا پارەیەکی زۆریان پێکەوە ناوە. دوای ٣ مانگ لەم قسانەی جەنەڕال چەڤیک، لە ڕاپۆرتێکی لیژنەی ئاسایشی نەتەوەیی تورکیا، کەوا لە ڕۆژنامەی جمهوریەتدا بڵاو بوویەوە هاتووە” مەلیک فەهدی شای سعودیە، لە مانگی ڕەمەزاندا تەکلیفی ئەوەی کرد کەوا یارمەتی خوێندنگەکانی خزمەت بدات، بەڵام م.فەتحوڵڵا گولەن قبوڵی نەکرد”.

هەروەها یەکێکی تر لەوانەی پرسیاری ” ئاوی ئەم ئاشەوە لە کوێوە دێت؟” ی ڕووبەڕوو دەکرایەوە، قاسم گولەک بوو کەوا لە نزیکەوە مامۆستا دەناسی. ڕۆژێکیان دیپلۆماتکارێکی بیانی، کاتێک پرسیاری ئەوەی کرد، کە ئایا خەرجی چالاکیەکانی م.فەتحوڵڵا گولەن لە کوێوە دابین دەکرێت، لە وەڵامدا نمونەیەکی بە خانەوادەکەی خۆی هێنایەوە. گولەک ئاماژەی بەوەدا کە هاوسەرەکەی بە ناوی نیلوفەر گولەک، زەویەکی ٧٠ دۆنمی بە خزمەت بەخشیوە، کەوا کۆلیژی فاتیحی لەسەر بونیادنراوە.

ئاوی ئاشی خزمەت لە کوێوە دێت؟

ئاشی خزمەت، لە ڕێگەی فیداکاری مرۆڤە فیداکارەکانی ناوچەی ئەنەدۆڵوی تورکیاوە هەڵدەسوڕا. هیممەت و کۆششی کاسپکار، کرێکار، فەرمانبەر، ژنی ماڵەوە، خوێندکارانی ناوچەی ئەنەدۆڵو کەوا خۆیان بۆ هەڵمەتێکی سەرتاسەری پەروەردەیی لەسەر ئاستی دونیا تەرخان کردبوو، ئاشی خزمەتی هەڵدەسوڕاند. لەم نێوەندەدا هێندەی ئەوەی کەسانی دەوڵەمەند بەشدارییان لەم هیمەت و هەڵمەتانەدا دەکرد، کەسانی سەر بە چینی مامناوەند و تەنانەت هەژارانیش بەشدارییەکی جددیان لەو بابەتەدا هەبوو.

ئەوانەی نازانن هاوەڵان لە سەردەمی ئاسودەیدا چۆنی بە ماڵ و گیانیان فیداکارییان کرد، زۆر بە ناڕەحەت لەو هەوڵ و هیممەتی  کەسانی ناو خزمەت تێدەگەشتن. یان ئەوەی وێنای ژیانیان وەها دەکرد کە تەنیا دونیای بەرژەوەندییە، مومکین نەبوو لەوە تێبگەن کەوا ژیان لە پێناو کەسانی تردا واتای چیە. هەربۆیە بەردەوام لە ڕێگەی پرسیارگەلێکی وەک” ئاوی ئەم ئاشە لە کوێوە دێت؟” گومانیان لە هزری خەڵکدا دروست دەکرد. کاتێک ئەمەیان بۆ نەچووە سەر، ئەمجارەیان هەوڵی ئەوەیاندا، هاوسۆزانی خزمەت وەک کەسانێکی تیرۆرست بە دونیا بناسێنن. بەڵام گومان لەوەدا نیە، مرۆڤەکانی دونیا بە گوێرەی باری  دەرونی مێگەلی هەنگاویان هەڵنەگرت، چونکە دەزگاکانی هەواڵگری تەواوی دونیا، چەندین ساڵ بوو چاودێری بزاڤی خزمەتیان دەکرد. کاتێک ئەم پیلانەشیان سەری نەگرت، لە ڕێگەی کودەتایەکی دەستکردەوە، هەوڵی جینۆسایدکردنی ئەو کەسانەیان دا کەوا خۆیان بۆ فەراهەمکردنی ئاشتی و ئاسودەیی نێوان مرۆڤەکان تەرخان کردووە، دەستیان کرد بەوەی دەست بەسەر ماڵ، سەروەت و دام و دەزگاکانیاندا بگرن.

**

ئاوی ئەم ئاشە لە دڵی گەلەوە هەڵدەقوڵێت

مامۆستا هەمیشە لە بۆنە و وتارە جیاوازەکانیدا، ئاماژەی بەوە داوە کە تەواوی توانا ماددیەکانی خزمەت، لە هیممەت و کۆششی مرۆڤە سەمیمیەکانی ناو خودی خزمەتەوە سەرچاوەی گرتووە و، هەرگیز یارمەتی دەرەکی قبوڵ نەکردووە.

“کەسانێک هەن تەواوی ئەو فیداکاریانەی هەتا ئێستا ئەنجامدراون نادیدە دەگرن و، پرسیاری ئەوە دەکەن کە ئایا ئاوی ئەم ئاشە لە کوێوە دێت؟ ئەمە لە کاتێکدایە خۆیشیان ئەوە دەزانن، ئاوی ئەم ئاشە، بە پشتیوانی خودا لە دڵی ئەم گەلەوە هەڵدەقوڵێت، کەوا لە نەبوونیدا عیشوەی بوونی پشانداوە. ئێستاش کەسانێک هەن، ئەو غایەی خەیاڵەی کەوا ماوەی ٣ سەدەیە خەوی پێوە دەبینرێت، چەشنی کەسانی پێش خۆیان هەوڵی هێنانەدی دەدەن. ئەو کەسانەشی هەوڵی بەدیهێنانی ئەو خەونە دەدەن، بە ناوی دونیاوە هیچ چاوەڕوانییەکیان نیە. هەروەها نەک ئەوەی چاوەڕوانییەکی دونیاییان نیە، بەڵکو ئامادەن لە پێناو ئەم مەفکورەیەدا، فیداکاری لە داباری ئەو هەستانەشیان بکەن کەوا پەیوەندی بە ئاخیرەتیانەوە هەیە و، چەندین جار گوزارشتیان لەم بابەتەش کردووە. وەک سەید نیگاریش ئاماژەی پێداوە” ئێمە ڕێگەی خۆشەویستیمان گرتووە و سەرشێتین، پێویستمان بە ناموس نیە”، ملی ڕێگەمان گرتووە، تەنانەت لەم کارەیاندا، بابەتێکی وەک بەدەستهێنانی پلەکانی ویلایەت کەوا کەس ناتوانێت پشتگوێی بخات، تامەزرۆییان بەرامبەری پشان نەداوە. بە تێڕوانینەکەی مەولانا، بڕیاری ئەوەیان داوە، عەشق و شەوقیشیان لە ڕێگەی لە ملکردنی کۆت و بەندی محمدیەوە بەدەستبهێنن”.

دووبارەکردنەوەی پرسیاری ” ئاوی ئەم ئاشە لە کوێوە سەرچاوەی گرتووە؟” بە شێوەیەکی بەردەوام، لە هزری خەڵکدا گومانی دروست کرد. ئەمە لە کاتێکدا بوو هەموو کەس ئەوەی دەزانی، ئەو فیداکاریەی لە کاتی جەنگی سەربەخۆیدا خرایە ڕوو، ئەمڕۆ بە شێوەیەکی جیاواز خراوەتە گەڕ و، خزمەتی خودی گەلەکەی خۆیانە، کەوا سەرچاوەکەشی هەر دڵی خۆیان بوو. تەواوی خێرخوازانی گوند، شارۆچکە و شارۆچکەکانی تورکیا، لە پشتی خوێندنگەکانی خزمەتەوە بوونی هەبوو. عارەقی ناوچەوانی ئەو مامۆستا گەنجانەی تێدا بوو، کەوا لە پێشکەوتووترین زانکۆکانی تورکیا خوێندنیان تەواو کردبوو، بەڵام بە موچەیەکی کەم لەسەر ئاستی ئەو دەرماڵەیەی دەدرێت بە خوێندکاران، وانەیان بە خوێندکارەکانی دەوتەوە.

لە ڕاستیدا تەواوی ئەو کەسانەی ئەم جۆرە پرسیارانەیان دەکرد، ئەوەیان دەزانی کەوا لە یەکێک لە خوێندنگەکانی خزمەت لە دەرەوەی وڵات، مامۆستاکانی بۆ ماوەی ٦ مانگ ئەو پەتاتانەیان خواردبوو کەوا لە دەوڵەتەوە وەک یارمەتی بە هاوڵاتیەکانی دەدرا. تەنانەت لەوەش دەچێت ئەوەیان زانیبێت، ئەو چێشتلێنەرەی ئەم خواردنەی بۆ مامۆستاکان ئامادە دەکرد، خۆی لەو پەتاتەیەی نەدەخوارد و لە ماڵەکەی خۆیەوە خواردنی دەهێنا! زۆرجار ٣ خانەوادەی مامۆستاکان، لەبەر بێ پارەیی لە یەک ماڵدا دەژیان و، زۆرێک لە گەنجەکان هەر هێندەی ئاهەنگی هاوسەرگیرییان ئەنجام دەدا، بێ ئەوەی مانگی هەنگوینی ببینن، یەکسەر بەرەو خوێندنگەکانیان ڕایاندەکردەوە و، گەنجە ئەسمەرەکانی ناوچەی ئەنەدۆڵو ئاگاداری ئەم ڕووداوانە بوون، کە هەریەکێکیان بۆ خۆی داستانێکی لێ دروست دەبێت.

جگە لەمانە، دەزگاکانی هەواڵگری وڵات، لە بەرامبەر سەدان خوێندنگەی خزمەت کەوا بە شێوەیەکی ئاشکرا کار و چالاکیەکانیان ئەنجام دەدەن، هەتا ئێستا یەک بەڵگەیان نەخستۆتە ڕوو کەوا لە دەرەوەی وڵات یارمەتی ماددییان بۆ هاتبێت. چونکە جگە لەو یارمەتە ماددیەی لە عارەقی ناوچەوانی هاوڵاتیانەوە سەرچاوەی گرتبوو، هیچ کانگایەکی تری نەبوو. هەربۆیە ئاوی ئەو ئاشە بە فیداکاری، عارەق ناوچەوان، فرمێسک و فیداکاری کاسپکارانی ناوچەی ئەنەدۆڵو هەڵدەسوڕا.

گەر سەیرێکی ئەو توێژینەوە زانستیانە بکەین کەوا لە دەرەوەی وڵات ئەنجامدراوە، دەبینین چاودێرانی سیاسی و کۆمەڵایەتی لە یەک خاڵدا یەکدەگرنەوە،: ئەم بزاڤی دڵانە کەوا لە سەرتاسەری دونیا بوونیان هەیە، ڕێکخراوێکی مەدەنین کەوا پەیوەندییان بە هیچ لایەن و هێزێکی دەرەکیەوە نیە.

بەڵێ، کەسانێک کەوا هەتا ئەو کاتەی چەند دامودەزگایەکی لۆکاڵی لەگەڵ چەند دەوڵەتێکی دەرەکییان لە پشت نەبێت، هیچ کارێکیان بۆ ئەنجام نادرێت، تێگەشتنیان لەم بزاڤی دڵانە کەوا جگە ڕووتێکردنی خەڵک و چاودێری الله پشتیان بە هیچ هێزێک نەبەستووە، کارێکی زۆر سەختە. ئەو کەسانەی کە هەتا شتێک وەرنەگرن نازانن ببەخشن، دەشێت ئیدراکیان لەو ئاستەدا نەبێت کەوا کەسانێک بە هەستی فیداکاریەوە کار بۆ گەلی خۆیان و هەموو مرۆڤایەتی ئەنجام بدەن. بەڵام ئەوەی دیارە ئەوەیە، هەموو کەس زۆر باش ئەوە دەزانێت، ئەم بزاڤە کەوا من یەکێک بووم لە هاندەرەکانی، دەستپێشخەریەکی خودی ئەم خەڵکەیە و ئاوی ئاشەکەشی لە هەناوی بێگەردی خەڵکی ناوچەی ئەنەدۆڵوەوە سەرچاوەی گرتووە. بەڵام کەسانێک کەوا نەیانتوانیوە ئەم کانیاوە ئاڕاستەی ئەو شوێنە بکەن کە خۆیان دەیانەوێت، بە هۆی حەسودی، نەفرەت و کینەی ناو دڵیانەوە، دەیانەوێت وشکی بکەن”. (گۆزەی شکاو)

**

ئەو دینامیکەی لە پشتی خزمەتەوەیە

بابەتی ئەوەی هیچ چاوەڕوانیەک لە پشتی تێڕوانینی فیداکاریانەوە بوونی نەبێت، بە ناوی ئەوەی هەتا دوا هەناسە کارەکان بە ئیخلاس و سەمیمیەتەوە ڕابپەڕێندرێن، دینامیکێکی زۆر گرنگە. ئەهلی دونیا( ئەوانەی لەمڕۆدا وەک شەیتانی لاڵ خۆیان دەردەخەن بەرامبەر زاڵمان، حەسودان، مونافیقان) لەبەر ئەوەیە ئەم دینامیکانە نازانن، بابەتەکە تەنیا بە پارە و لایەنی ماددیەوە دەبەستنەوە و، هەوڵ دەدەن لەم ڕوانگەیەی لێی تێبگەن. ئەمە لە کاتێکدایە فیداکاری و بێچاوەڕوانی بوون بەهایەکی وەها گەورەیە، مومکین نیە لە نێو بەها ماددیەکاندا بەرامبەرەکەی بدۆزیتەوە.  بەڵێ هەندێک کەس لە ئەهلی دونیا کەوا چاوی بەم بزاڤی دڵانە هەڵنایەت و پێیان هەزم ناکرێت، لەبەر ئەوەی بە تێڕوانینێکی وەک ئەوەی دەڵێن” دەبێت لە پشتی ئەم کارانەوە سەرمایەیەکی لەو شێوەیە و لەم شێوەیە هەبێت، ئەگینا هەڵسوڕانی ئەم کارانە مومکین نیە!” لە بابەتەکە نزیک دەبنەوە. چونکە ئەوان نازانن خۆبەخشی و فیداکاری بەرامبەرەکەی چیە. بێ ئاگان لەوەی بابەتێک هەیە بە ناوی بەخشین بە بێ وەرگرتن!  یان ئەوەی هەموو شتێک بە ئاڕاستەی رەزامەندی ئەو(الله) وەک خستنەگەڕی سەرمایە هێنراوەتە ئاراوە و، بێ ئاگان لەوەی جەنابی حەق شتانێکی کەمی زۆر کردووە و، یەکی بۆ کردوون بە هەزار. بەڵێ، ئەم دینامیکانە هێندەی بەهەشتگەلێک بەهایان هەیە، زاتی ئەویش کەوا خاوەنی دەسەڵات و ڕەحمەتی بێ کۆتایە، بە گوێرەی ئەمە پاداشت و بەرهەمی بە نسیب دەکات”.

**

خزمەت بە فیداکاری هاوڵاتیانی بەردەوامی بە خۆی دەدات

وەک وەڵامی ئەو پرسیارەی دەڵێت” ئاوی ئەم ئاشە لە کوێوە سەرچاوەی گرتووە؟”، ئەم چالاکیە پەروەردەییانە، بە شێوەیەکی پچڕ پچڕ، دوان لێرە و سیان لەوێ، لە تورکیا و دەرەوەی تورکیا دەستی پێکردووە. پاشان بە تەواوی وڵاتانی دونیادا بڵاو بووەتەوە. ئەو مامۆستا فیداکارانەی لەو خوێندنگانە کار دەکەن، سەرەتا لە ڕێگەی یارمەتی دەوڵەمەندە خێرخوازەکانی تورکیا و ڕێکخراوە خێرخوازیەکانەوە ڕوویان لەو وڵاتانە کردووە. ڕوویان لەو وڵاتانە کردووە، بەڵام توشی مەغدوریەت و بێ بەشی زۆر جددیش بوون. هەروەک زۆر جار ئایدن بۆلاک بە چاوی پڕ فرمێسکەوە ئەم نمونەیەی دەهێنایەوە و دەیوت” زۆرێک لەم هاوڕێیانە، لە وڵاتانێک کار دەکەن کەوا پلەی گەرما ٦٠ پلە لە ژێر سفرەوەیە، بێ ئەوەی موچە وەربگرن، بەردەوامی بە کارەکانیان دەدەن. ئەو مرۆڤانەی کەوا سەریان لێشێوێندراوە، لە شوێنی خۆیانەوە دانیشتوون و حوکم دەدەن. تەنانەت جارێکیان یەکێک لە منیشی پرسی ” ئاوی ئەم ئاشە لە کوێوە سەرچاوەی گرتووە؟”. لەم سەردەمەدا کەسانی مەدەنی تەنیا لەڕێگەی قەناعەت پێکردنەوە دێنە ژێر باری ئەنجامدانی کارێکەوە. ئەم مرۆڤانە هەمیشە دەڵێن : ئێمە تەنیا لە ڕێگەی پەروەردەوە دەتوانین ئاستی  مرۆڤەکان بەرز بکەینەوە. هەروەها تەنیا لە ڕیگەی پەروەردەشەوە دەتوانین ڕێگە لە شەڕ و ئاژاوە بگرین. هەربۆیە کەسانێک بەم کارە هەستاون و لە هەر چواردەوری دونیا خوێندنگەیان کردۆتەوە. ئاوی ئەم ئاشەی ئەوانیش لەم فکرەوە سەرچاوەی گرتووە. زۆر جار من لە دەمی خۆیشیانەوە گوێم لەم شتانە بووە و هەموو جارێک چاوەکانم پڕ لە فرمێسک بووە. ئەم هاوڕێیانە ڕوویان لە وڵاتانی چواردەوری دونیا کردووە، زۆر جار ٣-٤ مانگ هیچ موچەیەکیان وەرنەگرتووە. کەسانێکیش  بە هەستی ڕکابەریەوە، بە شێوەیەکی فەرمی و نافەرمی هەوڵی ئەوەیاندا ئەم کارانەی ئەوان ئەنجام بدەنەوە. وتیان” ئێمەش دەتوانین هەمان کاری ئەوان بکەینەوە و با ئێمەش بیکەین”. ئەمە لە کاتێدا بوو ئەم هاوڕێیانە تەنیا بە پارەی دەرماڵە ڕوویان لەو شوێنانە دەکرد. زۆرێک لەوان لەو وڵاتانە کاری دووهەمیشیان ئەنجام دەدا. کاری دەستگێڕییان دەکرد. با ئەو کەسانەی ئەم پرسیارانە دەکەن، خۆیان بڕۆن و بپرسن و بۆیان دەربکەوێت! ببینن کەوا مامۆستاکان لە کاتی دروستکردنی بینای خوێندنگەکانیاندا وەک کرێکار کاریان کرد، تەنانەت نوێنەری ئەو وەقف و ڕێکخراوە خێرخوازیانەی ڕوویان لەو شوێنانە دەکرد، لە دروستکردنی بیناکان و نۆژەنکردنەوەیاندا وەک کرێکار و سەپان کاریان کرد. گەر بزاڤێک بەم شێوەیە بوو، ئەوا دەتوانین بڵێین بزاڤێکی سەربەخۆیە. مەگەرنا بە درێژایی تەمەنت دەبێت فیدیەی ئەو منەتانە بدەیتەوە کەوا بەسەرتەوەیە.

گەر هەموو ڕۆژێک پەیوەندی خەڵک بەم بابەتەوە ڕوو لە زیاد بوون بکات، هەروەها بزاڤێکی سەربەخۆ بێت، ئیدی کەسانێک ئەمە وەک مەترسی دەبینن. هەروەها گەر خەڵک لە ڕووی ماددیشەوە پشتگیری لێبکەن، ئیدی بە تەواوی بە مەترسی دەبینرێت. کاتێک بزاڤێکی لەم شێوەیە بە مەترسی دەبینیت، ئەوا بە واتای ئەوە دێت حوکمەکان لەسەر بنەمای ئەگەرەکان بونیادنراوە. ئەگەر مەترسیەکان لەسەر بنەمای ئەگەرەکان بونیاد بنرێن، ئەوا هیچ کەسێک نیە لە تورکیادا جێگەی مەترسی نەبێت. ئەو کاتە هەموو کەسێک بۆ خۆی مەترسیەکە. سەربەخۆ بوون بابەتێکە ئەوان دەخاتە ناو گومانەوە. چونکە دەڵێن ئەو کاتەی ئەمانە سەربەخۆن، ئیدی نازانین چۆنی هەنگاو هەڵدەگرن. بەڵام هەرکەسێک کەوا گەل و وڵاتی خۆی خۆش دەوێت چۆنی هەنگاو هەڵدەگرێت، ئەوانیش بەو شیوەیە هەنگاو هەڵدەگرن. بەڵام گەر لەسەر بنەمای ئەگەرەکان شتێک بڵێن، ئەوا بابەتێکە کەوا من ناتوانم لەبابەتی قەناعەت پێکردنی ئێوەدا ئارگومێنتێک پێشکەش بکەم.

ئەمە لە کاتێکدایە لەلایەن چاودێرانی دەوڵەتەوە بە شێوەیەکی بەردەوام پشکنینیان لەگەڵدا ئەنجام دەدرێت. سەیری دەفتەری حساباتیان دەکەن و، دەزانن داهات و خەرجیان چەندەیە. گەر لەم بابەتەدا نەک ئاوی ئاشەکە، بەڵکو گەر چەند دڵۆپەیەک ئاو لە شوێنێکی جیاوازەوە دزە بکات، ئەوا بە زمانی مێدیاکانیان بە دەنگێکی زوڵاڵ هاواری دەکەن. چونکە ئەم مرۆڤانە ڕاهاتون لەسەر ئەوەی یاری بە کەرامەتی مرۆڤەکان بکەن و لە بابەتێکی لەم شێوەیەشدا خۆیان پێناگیرێت. تەنانەت زۆر جار ئەوەم بیستووە وتوویانە” گەر لە فڵان و فیساری ئەم بزاڤەدا شتێک نیە، کە لەبەرچاوی خەڵکیان بخەین، ئەوا لە کەسە نزیکەکانیاندا شتێک بدۆزنەوە هەتا لە ڕێگەی ئەوانەوە لێیان بدەین و بە قوڕیاندا ببەین. ئەو مرۆڤانەی هێندە بە ڕقەوە شاڵاو دەهێننە سەر بزاڤی خزمەت، گەر شتێکیان لە سپیکردنەوەی پارەی ڕەش بەرچاو بکەوتایە، گەر شتێکیان بە ناوی سەرچاوەی ئاوی ئاشەکە دەست بکەوتایە، ئەوا دەمێک بوو دەیاندۆزیەوە و ئاشکرایان دەکرد”.

ئەم بزاڤە بریتیە لە کۆبوونەوەی کۆمەڵە مرۆڤێک کەوا لە زۆر خاڵدا بیروباوەڕی هاوبەشیان هەیە. واتە کەسانێکن هەمان هەست و هەمان بیرکردنەوە، هەمان تەقدیریان بۆ شتەکان هەیە و لە شوێنێکدا کۆبونەتەوە، یەکێکیان ئەوی تری بە نمونە وەرگرتووە، ئەوەی تریشیان ئەمەی بە نمونە وەرگرتووە، ئیدی وەک ماڵی میلەتی لێهاتووە. بابەتێکە لە بلیمەتی خەڵکی ناوچەی ئەنەدۆڵو هاتۆتە دونیاوە. گەلێک بە کۆمەڵێک فیداکاری هەڵدەستن، ئەو فیداکاریانەش بە پشتیوانی و مۆڵەتی الله بەردەوامییان دەبێت”. (بامتێلی، ٥ ی ئەیلولی ٢٠٠٤)

” کەسانێک کەوا هەتا ئەمڕۆ شتێکیان بە ناوی گەلەکەیانەوە ئەنجام نەداوە، هەروەها وەهاش دیار نیە کەوا لە سبەینێدا شتێک بە ناوی گەلەکەیانەوە ئەنجام بدەن، تەنیا بە خولیای ئەوەی ” لە کوێدا ڤیلایەک بۆ خۆم دەستبخەم” خەریکی هەستان و دانیشتنن، بە هۆی حەسودی خۆیانەوە بوختان هەڵدەبەستن. لەمەش زیاتر، لەبەر ئەوەی شتێک بە ناوی فیداکاری لە پێناو گەل و نیشتیمان نازانن، تێناگەن لەوەی مرۆڤەکانی ناوچەی ئەنەدۆڵو بە هۆی فیداکاری خۆیانەوە بەردەوامی بەم خوێندنگانە دەدەن”

لەوە دەچێت سەد جار باسی ئەوەمان کردبێت، کە ئەم دامودەزگایانە تایبەت بە شەخسێک نیە و، سەرچاوەی ئاوی ئاشەکەشی لە هەناوی بێگەردی خەڵکی ناوچەی ئەنەدۆڵوەوە سەرچاوەی گرتووە، بەڵام لەوە تێگەشتین گەر سەد جاری تریش ئەمە بڵێینەوە، ئەوانەی لە واتای فیداکاری تێناگەن و شتێک بە ناوی بەخشین بێ وەرگرتن نازانن، دیسان ناتوانن لەم بابەتە تێبگەن، دیسان بە هۆی حەسودیەکی بێ واتاوە، بە نەفرەت و کینەوە هەوڵی وشک کردنی دەدەن”.

“ئەمە لە کاتێکدایە گەر بە شێوەیەکی سەمیمی بیانەویت ئەوە بزانن کە ئاوی ئەم ئاشە لە کوێوە سەرچاوەی گرتووە، گەر لەو شوێنەی ئاوەکە هاتۆتە دەرەوە، شوێنی ڕێچکەکەی بکەوتنایە، گەر لەو شوێنەی چەرخی ئەم بابەتە هەڵدەسوڕێت هەنگاو بە هەنگاو شوێنی بکەوتنایە، بۆیان دەردەکەوت کەوا لە کوێوە سەرچاوەی گرتووە. گەر خاوەنی بڕیاری پێش دادوەری نەبوونایە، ئەوانیش ئەوەیان دەبینی کە ئەمە بەرهەمی دڵی گەلەکەمانە و، سەرچاوەکەشی هەر هەناوی ئەوانە”. ( گۆزەی شکاو، ٩ ی نیسانی ٢٠٠٧)

**

ئەو دڵخوازانەی خزمەت کە سەرەڕای نەبوونی خۆیان بە کاری بەخشین هەڵدەستان

بابەتی بەخشین. بریتیە لەوەی لەو شتانە ببەخشیت کەوا الله پێی بەخشیویت. سوپاس بۆ خودا، لەمڕۆشدا هەمان بابەت بوونی هەیە. لەم ڕێگەیە پێوداویستی هەزاران کەس دابین دەکرێت. ئەم کارەشیان تەنیا لە پێناو ڕەزامەندی الله دەکەن. تەنیا لەبەر الله دەبەخشن و لە بەرامبەریدا تەنیا ڕەزامەندی و خۆشنودی ئەویان دەوێت. ئەمەش بریتیە لەوەی لە کاتی تەنگانەدا ببەخشیت. ببەخشیت لە کاتێکدا کەوا کاتی خۆی نەبێت. دەتوانن ئەم بابەتە لە چوارچێوەی بابەتی ڕۆحی ئیسار هەڵبسەنگێنن. کەسێک هەبوو گەر بە کاری بەخشین هەستێت، لەوە دەچێت ئەمە کارێکی گران بێت، بەڵام کەسێکی نەبوو گەر بە کاری بەخشین هەستا، ئەوا هەتا بڵێی کارێکی سەخت و گرانی ئەنجامداوە.

” بۆ نمونە کەسێک هەیە کەوا عەرەبانەیەکی پێیە و کولێرە بە قیمە دەفرۆشێت. ئەمە یەکێکە لەوانەی هەرگیز لەبیری ناکەم و لە هەموو شوێنێک دەیگێرمەوە. پێش دوو ساڵ دێتە لای من و دەڵێت” مامۆستا تۆ بە دوای شوێنێکدا دەگەڕێیت هەتا خوێندکارەکانتی تێبکەیت. بۆ ئەم بابەتەش خۆتان زۆر سەغڵەت کردووە. من لە ڕێگەی عەرەبانەکەمەوە کە کولێرە بە قیمەی لەسەر دەفرۆشم دوو خانووی بچکۆلەم بۆ خۆم دروست کردووە، دەمەوێت یەکێک لەو خانووە بچوکانە بە خوێندکارەکانی ئێوە بدەم. یەک دانەیان بۆ خۆم بەسە”.

منیش لە بەرامبەر ئەم تەکلیفەدا کەوا بە شێوەیەکی سەمیمی لە پێناو ڕەزامەندی الله خراوەتە بەردەمم، نەمتوانی بڵێم نەخێر. هەربۆیە وتم باشە دەبێت. چونکە لە ڕێگەی ئەوەی مۆڵەتی کارێکی لەو شێوەیەم دا، منێک کەوا پێدەچێت حەق و لێوەشاوەیەتی لێخۆشبوونی پەروەردگاری نەبێت، بەم هۆیەوە پەروەردگارم لێم خۆش ببێت. وتم لەبەر ئەوەی دەبمە ئامرازی ئەوەی ئەو کەسە لە پێناو خزمەتێکی لەو شێوەیە خەریکی ڕاکە راک بێت، لەوە دەچێت پەروەردگارم لە گوناحەکانی منیش خۆش ببێت. وتم باشە. بەڵام ئەو بەمەش تێری نەخوارد. بەڵام ئەم مرۆڤە کەوا لەلایەن الله وە دڵی بۆ خێر کرابوویەوە، ئەم مرۆڤە کەوا برسی کاری خێر بوو، دڵی بەمە ئاوی نەخواردەوە. دوای ٥-٦ مانگ هات و وتی: مامۆستا لە بەردەمی ماڵەکەمدا باخچەیەک هەیە، دەمەوێت ئەم باخچەیە بکەم بە بەشێکی ناوخۆیی و ١٠٠ خوێندکاری تێدا جێبکەمەوە”.

من سەرەتا بە سەر سوڕمانەوە سەیری دەموچاوی ئەم پیاوەم کرد، کەوا بە عەرەبانەیەکی بچوکەوە لە کۆڵانەکاندا خەریکی فرۆشتنی کولێرە بە قیمەیە. وتم تۆ چۆن ئەم کارە دەکەیت. لێرە ٥-٦ هاوڕێمان خەریکی دروستکردنی بەشی ناوخۆیین. با شوێنی هەزار خوێندکاری زانکۆ بکەینەوە و بێ خاوەن نەبن. دەمانەوێت لە سەدان شوێن ئەم بەشە ناوخۆییانە بکەینەوە هەتا خوێندکارەکانیان بەسەردا دابەش بکەین. بەڵام تۆ ئەم کارە چۆنی دەکەیت؟ وتی مامۆستا بە لوتفی الله لە ڕێگەی ئەم عەرەبانەیەوە ئەم کارە ئەنجام دەدەم. ئیدی هەر مانگێک گەر ٥٠ هەزار لیرەی دەست بکەوتایە، ٤٥ هەزاری بۆ خزمەت دەهێنا و دەیوت: مامۆستا تەنیا ٥ هەزاری بەشی خۆم دەکات. گەر ٤٠ هەزاری پەیدا بکردایە، ئەوا ٣٥ هەزاری دەهێنا و داوای لێدەکردم بە دەستی خۆم بیدەم بەوانەی خەریکی دروستکردنی بەشی ناوخۆیین. هیچ کاتێکیش ٣٥ هەزار لیرەی نەهێنا، هەموو کاتێک زیاتری دەهێنا.

ماوەی ٨-٩ مانگ تێپەڕی، ئەو بەشە ناوخۆییەی دروست کرد کە باسی لێوە دەکرد. ئێستا بۆیەی دەکات و پەنجەرەکانی بۆ دادەنێت. کارەکەی تەواو کرد. شاد و کامەران و سەربەرزە بەو کارەی ئەنجامیداوە. پێش ٣-٥ هەفتە دێتە لای یەکێک لە هاوڕێکانم و داوای ئەوەی لێدەکات بە من بڵێت گەر پێڵاوی زیادەم هەبێت و لە پێی نەکەم، ئەوا پێیبدەم، چونکە پێڵاوی لە پێدا نەماوە!

خۆ لە حاڵی کەسی ئیماندار تێدەگەن؟ خۆ لە حاڵی ئەو کەسە تێدەگەن کەوا دڵی بە جەنابی حەق داوە؟ ئێستا ژمارەی ئەم جۆرە کەسانە هەزاران کەسی تێپەڕاندووە. ئێستا سەرلەنوێ سەردەمی هاوەڵان دەست پێدەکاتەوە، سەرلەنوێ سەردەمی فیداکردنی سەروەت و سامان و گیان دەستی پێکردۆتەوە.(وتاری مزگەوتی ئافیۆن، ٢٧ ی حوزەیرانی ١٩٨٠)

“ئەم کارانە لەلایەن کێوە ئەنجام دەدرێن؟ لەلایەن پیاوانی کار و بازرگانانەوە ئەنجام دەدرێت. تەنانەت لەلایەن کەسانێکەوە ئەنجام دەدرێت کەوا لە نێو عارەقی خۆیاندا نقوم بوون. لە زۆر بۆنەی جیاوازدا ئەم شتەم عەرز کردوون:

تۆماس مایکڵ یەکێکە لەو کەسانەی نوێنەری ڤاتیکان بوون لە بابەتی دیالۆگدا. چی شتێک کاریگەری لەسەر ئەم کەسایەتیە دادەنێت؟ جارێکیان ڕوو لە شوێنێکی باشوری ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکەمان دەکات. لەوێ چاوی بە ئاسنگەرێک دەکەوێت. یەکسەر دەچێتە لای پیاوەکە و پرسیاری ژیانی لێدەکات؟ ئەویش لە وەڵامدا ئاماژە بەوە دەدات کە مەجبوری کارکردنە، چونکە لە فیسار شوێن سەرپەرشتی خوێندنگەیەک دەکات. هەربۆیە ئەم خزمەتە هەستێکە لە ڕۆحی ئەم گەلەوە هەڵقوڵاوە، کەسانێک هەن لە بەردەم ئاگردا کار دەکەن، ئاسن دەکوتن، یان لە فڕنێک کار دەکەن، بە هۆی ئەو کارانەوە خۆیان دەپڕوکێنن. هەرچیەکیان بە حاڵ لێ زیاد دەبێت، یەکسەر هەوڵی ئەوە دەدەن لەو ڕێگایەدا بیبەخشن. ئەمە نمونەیەکی جوامێری مرۆڤەکانی وڵاتی ئێمەیە. نمونەیەکی تر کەوا پێشتر عەرزم کردوون: جارێکیان لە بەشی ناوخۆیی بۆزیەکا هیممەت کۆ دەکرایەوە. لەو کاتەدا واتە ساڵانی حەفتاکان، تەنیا لە چەند شوێنێکی دیاریکراوی تورکیا ئەم جۆرە کارانە ئەنجام دەدران. لە شارەکانی ئیزمیر، ئەنقەرە، قەیسەری، لە بازنەیەکی بەرتەسکدا ئەم جۆرە کارانە ئەنجام دەدران. لەو کاتەدا هەموو کەسێک بەڵێنی ئەوەیدا شتێک وەک هیممەت ببەخشێت. من هەمیشە حەیرانی ئەم جوامێریەی مرۆڤەکانی وڵاتی خۆمان بووم. منیش لە دوای کۆبوونەوەکە یەکسەر ڕووم لە ژوورەکەی خۆم کرد. لە پڕێکدا کەسێک لە دواوە شوێنم کەوت. سەربازێکی خانەنشین بوو، بە هۆی پارەی خانشین بوونەکەیەوە خانوویەکی کڕی بوو. لە کاتی کۆبوونەوەکەدا هیچ شتێکی لە دەستدا نابێت هەتا بەڵێنی بەخشینی بدات. هەربۆیە هاتە لام و وتی: مامۆستا لە راستیدا هیچم لە دەستدا نیە، تەنیا خانوویەکم هەیە، ئەمە کلیلەکانێتی بە ئێوەی دەدەم. منیش وتم نەخێر نابێت، هێجگار بەو شێوەیەش نیە کەوا خانووی خەڵک وەربگرین. مرۆڤ گەر شتێکی لە دەستدا بێت دەیبەخشێت، نەک ئەوەی هەرچی هەیە بیبەخشێت. دەبێت سیستەمەکە بە شێوەیەک کار بکات، کەوا هەموو ساڵێک ئامادەی بەخشین بیت. گەر تەواوی سیستەمەکە تەسلیم بکەیت، ئەوا ساڵی داهاتوو ناتوانیت ببەخشیت. هەربۆیە ئەمە هەستێکی وەهایە، گەر باوەڕت بە الله نەبێت، ناتوانیت ببەخشیت”. بامتێلی، ١٥ ی کانونی یەکەمی ٢٠١٣)

خزمەت ڕێگەی فیداکارییە

هەزاران و ملیۆنان مرۆڤ دڵیان بەم خزمەتە داوە و، سەرەڕای دەیان شتی نەرێنی  کە دەخرێتە بەردەمیان،  هێشتا بەردەوامن لەوەی دڵی خۆیانی پێبدەن. هەندێکیان بە شێوەیەکی کردەکی لە نیو ئەو کارەدان، هەندێکیان لە ڕووی ماددیەوە پشتگیری لێدەکەن، هەندێک کەسیش لە پشتەوە، لە ڕێگەی هێزی مەعنەویانەوە پاڵپشتی لێدەکەن. هەمیشە پێداگرییمان لەسەر ئەوە کردووە کەوا یارمەتی دەرەکی هیچ کەسێک قبوڵ نەکەین. چونکە ئەمە کارێکی پوختی مرۆڤەکانی ناوچەی ئەنەدۆڵووە. بە پشتیوانی و مۆڵەتی الله ئەم کارانە ئەنجام دەدەن. ئەم کارە بە هەڵپەکردن نابێت و لە ڕێگەی ئیخلاسەوە سەرکەوتوو دەبێت. دواتر جەنابی حەق ئەوەی بۆ ڕوون کردینەوە، کە مرۆڤگەلێکی غەیبەتکەر پەیدا دەبن و دەڵێن: ئاوی ئەم ئاشە لە کوێوە سەرچاوەی گرتووە؟ ئەمە بابەتێکە وەک ماڵی ئەم گەلەی لێهاتووە. ئەو کەسانەی بەم ڕادەیە فیداکارییان ئەنجام نەداوە، پێویستە لێیان نەگرین، کەوا لەم بابەتە تێناگەن. مرۆڤەکانی ئێمە کە دەستیان بە بەخشین کرد دەبەخشن، تەنانەت ئالودەی بەخشینن، گەر پێیان بڵێیت “مەبەخشە!” دڵتەنگ دەبن. من کەسانێکم بینیوە دەستیان کردووە بە گریان، کاتێک بێبەشکراون لەوەی بتوانن ببەخشن.  پشتیوان بە خودا، ئەو کەسانەی لە ڕاست و چەپ قسەیەک دەهێنن و دەیانەوێت ئەم کارانە لەکەدار بکەن، ئەوانەی دەیانەوێت ئەم کارانە لە هزری ئەم گەلەدا مەحکوم بە نەبوونی بکەن، ئینساف دەیانگرێت و ئەوانیش شان دەدەنە بەر ئەم کارانە و، دەڵێن: “با ئێمەش دەستێکمان لەم خزمەتە گرنگەدا هەبێت”، ئەوانیش سوودێکی پێدەگەیەنن”.

**

قەڵسوبوونێک کەوا زۆر بە ئاستەم مرۆڤ دەتوانێت لێیبگات

لە دوای ئەنجامدانی چاوپێکەوتنەکەی ڤاتیکان، لە ڕێکەوتی ١٨ ی نیسانی ١٩٩٨، جەنەڕاڵ چەڤیک بیر کەوا دووهەم سوپاسالاری تورکیا بوو، ئەم جارەیان ٤ جەنەڕاڵی لەگەڵ خۆیدا برد و سەردانی بولەنت ئەجەویدی یاریدەدەری سەرۆک وەزیرانی ئەو کاتەی تورکیای کرد. بابەتی کۆبوونەوەکەشیان بریتی بوو لە مامۆستا م.فەتحوڵڵا گولەن. چەڤیک بیر نارەحەت بوو بەوەی باڵیۆزی تورکیا لە ڤاتیکان بە ئۆتۆمبیلی خۆیەوە پێشوازی لە مامۆستا کردووە و لە فڕۆکەخانە هێناویەتە دەرەوە. ئەمە لە کاتێکدا بوو بولەنت ئەجەوید خۆی ئەو فەرمانەی بە باڵیۆزی تورکیا دابوو، هەتا بەو شێوەیە پێشوازی لە مامۆستا بکات.

ڕۆژنامەی میلیەتیش لە ڕێکەوتی ٢٢ ی حوزەیرانی ١٩٩٩، ڕاپۆرتە هەواڵێکی بڵاوکردەوە کە تێیدا باسی لە وردەکاریەکانی چاوپێکەوتنەکەی نێوان ئەجەوید و جەنەڕاڵ چەڤیک بیر دەکرد. بە گوێرەی زانیاریەکانی ناو هەواڵەکە، کۆبوونەوەکەی نێوان ئەجەوید و چەڤیک بیر نزیکی ٧٥ خولەک دەخایەنێت و، ڕاپۆرتێک دەخەنە بەردەم ئەجەوید کە تێیدا شتی نەرێنی لەسەر مامۆستا وتراوە. بەڵام ئەجەوید لە کۆتایی چاوپێکەوتنەکەیاندا دەڵێت” من هەر بەردەوامم لەو بیرکردنەوەی کە پێشتر سەبارەت بەو هەمبووە”. ئەوانیش لە دوای ئەم قسەیەی ئەجەوید، دوای مۆڵەت وەرگرتن بینای سەرۆکایەتی وەزیران جێدەهێڵن و دەڕۆن. ئەجەوید لە بەشێکی قسەکانیدا بە جەنەڕاڵ چەڤیک بیر و ئەوانەی وەک ئەو بیر دەکەنەوە دەڵێت” ئەژمارکردنی هەمو کەسێکی دیندار بە کۆنەپەرست، ڕێگەیەکی گونجاو نیە بۆ پارێزگاری کردن لە عەلمانیەت”.

بولەنت ئەجەویدیش هەروەک تورگوت ئۆزاڵ، لەو باوەڕەدا بوو کەوا مامۆستا فەتحولڵا گولەن، پڕۆژەی گەورەی بۆ مرۆڤایەتی پێیە. هەربۆیە بولەنت ئەجەوید لە ژێر هەموو هەلومەرجێکدا، بەردەوام بوو لە پشتگیریەکانی بۆ مامۆستا. ئەجەیود بە هەمان شێوەیە، لە کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی تورکیا کەوا لە کۆشکی چەنکەیا ئەنجام دەدرا، هەرکاتێک ناوی مامۆستا بهاتایە، هەمان هەڵوێستی پشان دەدا. ئەجەوید هەمیشە بە فەرماندە سەربازیەکانی تورکیای دەوت” من قسەم لەگەڵ مامۆستا فەتحوڵڵا گولەن کردووە. مرۆڤێکی زۆر سەمیمیە. پێشنیاری ئەوەش دەکەم ئێوەش چاوتان پێی بکەوێت.

**

مامۆستا بەم شێوەیە باسی بولەنت ئەجەوید دەکات:

ئەو کاتەی بولەنت ئەجەوید هاتە سەر دەسەڵات، قۆناغێکی زۆر هەستیار بوو. لە سەردەمێکدا هاتە سەر دەسەڵات، کە هێشتا ڕەشەباکانی ٢٨ ی شوبات گڤەی دەهات. بە شێوەیەکی بەردەوام یەک لەسەر یەک بەیاننامەی ئاڕاستە دەکرا. هەتا ئێستا لە نێو پیاوەکانی دەوڵەتدا زۆر کەس هاتوون کەوا بە ڕێزەوە یادیان دەکەینەوە، بەڵام ئەو هەر بە ڕاستی مرۆڤێکی شایستە بوو بەوەی ڕێزی پشان بدەین. زۆرینەی کات ئەو شتانەی لە دژی ئێمەدا وتراوە، بە لەپی دەستی توڕی داوە و وتوویەتی” من باوەڕم بەم جۆرە قسانە نیە، ئەمانە هیچیان ڕاست نین. ئەمانە کارگەلێکی وەها ئەنجام دەدەن، کە تەنانەت لە سەردەمی عوسمانیەکانیش ئەنجام نەدراوە”.

مامۆستا لە ڕێکەوتی ١٩ ی ئایاری ٢٠٠٢ بەم شێوەیە باسی ئەجەوید دەکات:

لە سەردەمێکدا کەوا هەموو کەسێک بە بچوکترین شت توشی شڵەژان دەبوو، دەکەوتە ناو گومان و ملی بۆ درۆکان کەچ دەکرد، کەسانێک کەوا سەرەڕای تەواوی پێداگری و فڕوفێڵەکان وتی” من باوەڕم بەم شتانە نیە”، پێویستە مێژوو لە بیری نەکات و ، وەک نمونەیەکی وەفا پێشکەشی  نەوەکانی داهاتووی بکات…

    

 

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *