عاشقی ڕاستگۆ بەشی ٤٧

 

“لە مرۆڤەکاندا کەسە سادەکان و، لە ژمارەکانیشدا سفرم خۆش دەوێت”

 “ئەوەی خۆی نەسڕیبێتەوە ناتوانێت الله بدۆزێتەوە. دەبێت وەک دەباخ چۆن پێستە دەماڵێت بە زەویدا، بەو شێوەیە خۆت تەختی زەوی بکەیت… ئەو کاتەی خۆت بە نەبوو ئەژمار دەکەیت، هەنگاوێکی گرنگ بە ناوی بوونی خۆتەوە هەڵدەگریت. ئەو مرۆڤەی لە دڵەوە خۆشم دەوێت، ئەو کەسەیە کە سەبارەت بە خۆی هیچ بانگەشەیەکی نیە”.

“مرۆڤ بە نرخترین سەرمایەیە”

خوێندنگەکانی خزمەت هەر لە یەکەم ڕۆژی دەست بەکاربوونیانەوە، دەستیان بە دروستکردنی پردی پەیوەندی نێوان مرۆڤەکان کرد. هونەرمەندان، ڕۆژنامەنوسان و نوسەران، هەموو کاتێک بە ستایشەوە باسی ڕۆڵی گرنگی ئەم خوێندنگانەیان دەکرد.

جەنک کۆرای، دوای ئەوەی سەردانی خوێندنگەکانی خزمەتی کرد لە وڵاتی کازاخستان، لە ڕێکەوتی ١٦ ی ئایاری ١٩٩٨، لە گۆشەکەی خۆیدا لە ڕۆژنامەی ئاکشام بەم شێوەیە باسیان لێوە دەکات:

دوای ئەوەی وڵاتی کازاخستان سەربەخۆیی خۆیی بەدەستهێنا، وڵاتانی بیانی ڕژانە ئەم وڵاتەوە. کۆریەکان ڕوییان لە کانگاکانی مس و، ئەمەریکیەکان ڕوویان لە چاڵە نەوتەکان و، ئەڵمانیەکان ڕوویان لە بانکەکان کرد و شوێن پێی خۆیان تێدا قایم کرد. بەڵام م.فەتحولڵا گولەن، ڕووی لە گرنگترین کانگای ئەو وڵاتە کرد. ئەویش بریتیە لە مرۆڤ. مس هەر ڕۆژێک بێت تەواو دەبێت، بەڵام گرنگترین سەرمایە مرۆڤە کە هەرگیز کۆتایی نایەت”…

لە ساڵی ١٩٩٨، بزوتنەوەی تاڵیبان کە وەک بزوتنەوەیەکی خوێندکارانی حوجرەکانی وڵاتی پاکستان سەریهەڵدا و، جگە لە خۆیان مافی ژیانیان بۆ کەسی تر بە ڕەوا نەدەبینی، لەگەڵ هێزەکانی ڕاشید دۆستوم شەڕ و پێکدادان دەستپێکرد. لە میانەی ئەم پێکدادانەی ئەواندا، مامۆستاکانی خزمەت و خێزانەکایان، لە نێو ناوچەی شەڕ و پێکدادانەکاندا بە شێوەیەکی ئابڵۆقەدراو مانەوە و، لەگەڵ دەستپێکردنەوەی یەکەم گەشتی فڕۆکەدا، بەرەو تورکیا گەڕانەوە. مامۆستا دوای ئەوەی بەوەی زانی کەوا مامۆستاکان گەراونەتەوە تورکیا، زۆر خەفەتی خوارد. چونکە ئەمە کارێکی وەهابوو تەنیا ئەو کەسانە دەیانتوانی ئەنجامی بدەن، کەوا لە ژێر هەموو هەلومەرجێکدا ئامادەی گەرانەوە نەبن و، تەنیا بەو جۆرە کەسانەش ئەنجام دەدرا کەوا بەم شێوەیە بن. دوای ئەوەی مامۆستاکان بەوەیان زانی کەوا مامۆستا بەم کارەیان خەفەتی خواردووە، بێ ئەوەی هیچ کات بە فیڕۆ بدەن، یەکسەر بۆ شوێنی خۆیان گەڕانەوە. هەندێک لەوان وەسیەتیان بۆ کەسوکارەکەیان کرد کەوا لە هەر شوێنێکی دونیا بمرن، لاشەکەیان ببەنەوە بۆ ئەفغانستان و، هەر لەوێ بیاننێژن.

لەم کاتەدا، دوای ئەوەی تالیبان دەستی بەسەر کابولی پایتەختدا گرت و لە باکورەوە هێزەکانی جەنەڕاڵ ڕاشید دۆستومی بەزاند، ئەم جارەیان دەستی بەسەر خوێندنگەکانی خزمەتدا گرت. ئەو مامۆستایانەی لە وەرزی هاویندا لە خوێندنگەکاندا ئێشکگر بوون، وەک بارمتە دەستگیرکران و، پرسیاری ئەوەیان لێکرا، کە ئایا موسوڵمانن یاخود نا. چوار خوێندنگەی خزمەت لە وڵاتی ئەفغانستان کەوا یەکێکیان لە کابولی پایتەختی ئەو وڵاتە بوو، هەتا مانگی کانونی  دووهەمی ساڵی ٢٠٠١، لە ژێر هەلومەرجێکی سەختدا بەردەوامییان بە کارەکانی خۆیان دا. بەڵام تاڵیبان لە ساڵی ٢٠٠١، هەر چوار خوێندنگەکەی داخست. لە مانگی ئایاری هەمان ساڵ، تەواوی مامۆستاکانی ئەو وڵاتە سنورداش کرانەوە. مامۆستا و خوێندکارانی ئەو وڵاتە، بە شێوەیەکی زۆر هەست بزوێن، ماڵئاواییان لە یەک کرد.

بەڵام تەنیا لە دوای ٣ مانگ، کاتێک لە ڕێکەوتی ١١ ی ئەیلولی هەمان ساڵ، هێرشەکانی ڕێکخراوی ئەلقاعیدە بۆ سەر ئەمەریکا، بووە هۆی ڕوخاندنی تاڵیبان، لە مانگی کانونی دووهەمی ٢٠٠٢، مامۆستاکانی خزمەت، سەرلەنوێ بینای خوێندنگەکانی خزمەتیان وەرگرتەوە.

دوای ئەوەی حکومەتەکەی تاڵیبان هەڵوەشایەوە، لە مانگی شوباتی ٢٠٠٢، حکومەتێکی کاربەڕێکەر لە کابول دەستی بە کارەکانی کرد. لە دوای ماوەیەک، دیپلۆماتکارێکی سەر بە نەتەوەیەکگرتوەکان، لە کۆبوونەوەیەکدا کەوا نوێنەری زۆرینەی وڵاتانی دونیا تێیدا بەشدار بوو وتی:

” داهاتووی ئەفغانستان تاریکە، بەڵام لەوسەری تونێلەکە تروسکاییەک بەدەرکەوتووە، ئەو تروسکاییەش خوێندنگەکانی خزمەتە. چونکە لەم خوێندنگانەدا، منداڵانی سەر بە نەتەوە جیاوازەکانی وەک پەشتون، ئۆزبەک، تورکمەن و تاجیک، پێکەوە دەخوێنن. لەوە دەچێت ئەم نەوەیە ئەفغانستان لەم ئاژاوەیەی ئێستای ڕزگار بکات”.

ئەوەی لە ژێر هەلومەرجی جەنگ و مەحرومیەتی وڵاتانی تاجکستان، بۆسنە، فلیپین، ئەفغانستان، قەفقاس خوێدنگەی بە دڵخوازانی خزمەت کردبوویەوە، ڕۆحی خۆتەرخانکەری بوو. مەردانی خزمەت لە وڵاتی ئەفغانستان کەوا سوێندی ئەوەیان خواردبوو لەو وڵاتە بنێژرێن، ئەم کارەیان بە واتای ناشتنی ڕێکخراوی ئەلقاعیدە دەهات بە شێوەیەک کەوا زیندووبوونەوەی بۆ نەبێت. ئەمە وەک دەستگۆڕینەوەی ئەفغانستان وەهابوو. مەولانا لە ئەفغانستان لە دایک بوو بوو. تورکیا ئەو وڵاتە بوو کە مەولانا بە خۆشەویستیەوە تێیدا کرابوویەوە. ئێستا کاتی ئەوە هاتبوو، کە ئەفغانستان لە بیرە تاریکەکانی بن لادن بسەنێتەوە. ئەمەش کارێک نەبوو کەوا بە فیداکاریەکی ئاسان ئەنجام بدرێت. ئەم کارە بە واتای بوونە قوربانی فیشەکە شێتەیەکی وڵاتانی تاجکستان، ئەفغانستان، قەفقاس و فلیپین دەهات، یان بە واتای گیان لە دەستدان لە نێوان شەڕ و پێکدادانی هێزەکانی تاڵیبان و ڕاشید دۆستوم دەهات.

**

خۆ سفرکردنەوە

مامۆستا م.فەتحوڵڵا گولەن، لە مانگی نیسانی ساڵی ١٩٩٨، لە میانەی ڕێپۆرتاژێکدا لەگەڵ نیکۆلە پۆپی ڕۆژنامەنوسی فەرەنسی دەڵێت:

گرنگترین بابەت بریتیە لەوەی لە ڕووی ئەخلاق و فەزیڵەتەوە مرۆڤێکی کامڵ بیت. کەسانێکی وەک فارابی کەوا بابەتی یۆتۆپییکیان(سەرو خەیاڵ) نوسیوە، باسی شاری خاوەن فەزیڵەتیان کردووە، لەم بابەتەدا شاریان هێناوەتە پێشەوە. ئەمە لە کاتێکدایە پێویستە هەموو کاتێک مرۆڤ بهێنرێتە پێشەوە. شار، مەدەنیەت، وڵات و نیشتیمان لە دوای مرۆڤەوە دێن. لە ٪٩٨ موسوڵمانێتی، بریتیە لە بنەما ئەخلاقیەکان و بەها مەعنەویەکان، کەوا تاک و خێزان و کۆمەڵگا دەتوانن پەیڕەوییان لێبکەن. تەنیا لە ٪٢ تایبەت بە کاروباری دەوڵەتە. نادیدەگرتنی ٪٩٨ موسوڵمانێتی و، پێشکەشکردنی ٪٢ وەک موسوڵمانێتی، هەم هەڵەیە، هەم بێڕێزیە بەرامبەر ٪٩٨ کەی تری موسوڵمانێتی. بە گوێرەی ئەوانەی ئیسلام وەک سیستەمێکی سیاسی وێنا دەکەن، پێویستە واز لە ٪٩٨ موسوڵمانێتی بهێنرێت و تەنیا باسی ٪٢ موسوڵمانێتی بکرێت و ئەمە وەک ئیسلام پێشکەشی مرۆڤەکان بکرێت، لە ڕاستیدا ئەمە پێچەوانەی واقعی موسوڵمانێتیە.

گەر بە هۆی هەڵسوکەوتەکانمەوە شێوازێک لە تێروانینم لەلای کەسانی تر دروست کردبێت، یان خاترێک و پێگەیەکی ڕابەرایەتی کردنم بەدەست هێنابێت کەوا بە هیچ شێوەیەک حەقی شتێکی لەو شێوەیەم نیە، ئەوا داوای لێبوردن لە الله و مرۆڤەکانیش دەکەم. لە تافی لاوێتیمەوە هەتا ئێستا ئەو نزایەم کردووە و وتوومە پەروەردگارا پێش ئەوەی ناو و ناوبانگم لەلایەن مرۆڤەکانەوە ببیسترێت گیانم بکێشە. گەر پەروەردگارم خزمەتێک بە من ئەنجام بدات، ئەوا با ئەنجامی بدات. بەڵام لە ترسی ئەوەی دواتر ئەو خزمەتە وەک گوڵ و نێونەمامێک لە ژێر خاکی ئەو خزمەتەوە سەر دەردەهێنێت و منیش بەشێکی بۆ نەفسی خۆم دەگێرمەوە، هەرگیز نەمویستووە سەرئەنجامەکەی ببینم. ئەمە داخوازی پەیوەندی نێوان من و پەروەردگارمە. لەوە دەچێت هەموو کەسێک لەمە تێنەگات، بۆ تێگەشتن لەمە، پێویستە بە شێوەیەکی باش باوەڕ بە پەروەردگار بوونی هەبێت”.

بە گوێرەی تێڕوانینی مامۆستا، مرۆڤێک کەوا بە دوای بەهای مەزنەوە بێت، پێویستە پێش هەموو شتێک نرخی خۆی سفر بکاتەوە.

“لە مرۆڤەکاندا کەسانی سادە، لە ژمارەکانیشدا سفرم خۆش دەوێت. سفر زۆر جوانە. خاڵ لەویش جوانترە. هەربۆیە پێویستە مرۆڤ خۆی بەو شێوەیە ببینێت. پێویستە هەموو ڕۆژێک چەندین جار خۆی سفر بکاتەوە. بابەتی ئەوەی مرۆڤ خۆی نەسڕێتەوە و خۆی نەخاتە کەنارەوە، لە ئافەتەکانی بیرکردنەوەیە. ئەوەی خۆی نەسڕێتەوە ناتوانێت الله بدۆزێتەوە. بۆ دۆزینەوەی الله، پێوستت بە سڕینەوەی خۆت هەیە. ئەو کاتەی خۆت بە نەبوو ئەژمار دەکەیت، هەنگاوێکی گرنگ بە ناوی بوونی خۆتەوە هەڵدەگریت. ئەو مرۆڤەی لە دڵەوە خۆشم دەوێت، ئەو کەسەیە کە سەبارەت بە خۆی هیچ بانگەشەیەکی نیە”.

تەنانەت مرۆڤ ئەو کاتەی بە خۆی دەڵێت “من سفرم”، پێویستە خۆی وەک سفری ناو ڕێنوسی لاتینی نەبینێت و، خۆی وەک ئەو سفرە بچوکەی ناو ڕێنوسی عوسمانی ببینێت کە وەک خاڵێکی بچوک وەهایە. ئەوەی لێرەدا گرنگە، بریتیە لە هەستکردن بە بێ نرخی سفر و نرخی بێ کۆتای ئەو (الله). چونکە گەر تەواوی دەنکە لم و چەوەکانی سەر رووی زەوی ببنە سفر و گەورەترین ژمارەش لەلای چەپیانەوە دابنرێت، تەنانەت ئەم ژمارە گەورەیەش لە چاو بێ کۆتادا هێشتا هەر گوزارشت لە هیچ ناکات. تەنانەت ئەو گەلە ئەستێرانەی کەوا تەمەنیان ترلیۆنان ساڵە، لە بەردەم ئەزەلیەت و ئەبەدیەتدا هەر گوزارشت لە سفر دەکەن.

بابەتی ئەوەی مرۆڤ خۆی بە شتێک بزانیت، واتە لە خۆڕازی بوون، بریتیە لەو بۆشاییەی کەوا لە سروشتی مرۆڤدا هەیە. ئاشکراترین ئاماژەی ئەوانەی گەورەن، بریتیە لەوەی هەمیشە ڕوویان لە زەوییە. ئەوانەشی باڵایان بچوکە، هەمیشە هەوڵی ئەوە دەدەن لە ڕێگەی ئەوەی دەستێک لە پەنجەکانی پێی ئەو کەسانە بدەن، خۆیان بە گەورە پشان بدەن. ئەو کەسانەشی گەورەن، هەمیشە بۆ ئەوەی نەبینرێن، خۆیان دەکەن بە دوو کەرتەوە. مرۆڤ لە جیاتی ئەوەی کەسێکی ژاوەژاو دروستکەر بێت، پێویستە مرۆڤی خاوەن زانست بێت. نیشانەی بچوکێتی بریتیە لەوەی ژاوەژاوی زۆر دروست بکەیت.

قسەگەلێکی وەک ” من ئەنجاممدا، من بەدەستمهێنا، ئەم کارە بە هۆی ئەزمون و زانیاری منەوە ڕوویدا”، شێوازی بیرکردنەوەی نەمرود و فیرعەونە کە خۆیان دەخستە شوێنی الله و هەموو کارێکیان بۆ خۆیان دەگەڕاندەوە. ئەمانە پرتەوبۆڵەکانی شەیتانن و شیرک دانانە بۆ الله. مرۆڤ دەتوانێت لەگەڵ کەسەکانی تردا بکەوێتە ڕکابەریەوە، بەڵام ڕکابەریکردن لەگەڵ الله بێ ڕێزیە. گەر مرۆڤێک ئەو سەرکەوتنانەی بەدەستی دەهێنێت بە هی خۆی بزانێت، ئەوا دڵی پێویستی بە ئەنجامدانی قەستەرەیەک هەیە”.

**

کۆبوونەوەکانی پلاتفۆرمی ئەبانت( تەموزی ١٩٩٨)

ئەو کۆبوونەوانەی لە ژێر ناوی کۆبوونەوەکانی ناوەندی ئەبانت ئەنجام دەدرا، لە مانگی تەموزی ساڵی ١٩٩٨، بۆ یەکەم جار دەستیان پێکرد. ئەم کۆبوونەوانە وەک وەڵامدانەوە بۆ پێداویستی ئەوەی جیاوازیەکانی نێوان کۆمەڵگا پێویستە وەک دەوڵەمەندی سەیری بکرێن، ئەنجام دەدران. محمد ئایدین پڕۆفیسۆر لە بواری ئاین و فەلسەفە، بەم شێوەیە باسی کۆبوونەوەکانی ئەم ناوەندەی دەکرد” من لە کەلتورێکەوە هاتووم کە هەمیشە مشتومڕەکانی لەسەر ئەوە بوو، ئایا سەیرکردنی فیلمە سینەماییەکان دروستە یاخود نا. بەڵام لێرەدا لەگەڵ هاوڕێیەکمان کەوا هونەرمەندێکی فیلمە سینەماییەکانە(بوڵوت ئاراس) پێکەوە کارەکانمان دەبەین بەڕێوە”.

یاوز گۆکمەنیش وەک نوسەری ڕۆژنامەی حوڕیەت لە دوای ئەوەی بۆ جاری یەکەم بەشداری کۆبوونەوەکانی ناوەندی ئەبانت دەکات، دوای ئەوەی چاوی بە گفتوگۆی نیوان ڕۆشنبیری خاوەن دونیابینیە جیاوازەکان دەکەوێت، لە هۆڵی کۆبوونەوەکە دەچێتە دەرەوە و، لە پەیوەندیەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ ئێرتوگرول ئۆزکۆکی سەرنوسەری ڕۆژنامەی حوڕیەت دەڵێت:” لێرەدا کارگەلێکی ناوازەی وەها ئەنجام دەدرێت، کە دەتوانیت وەک مانشێتی لاپەرەی یەکەمی ڕۆژنامەکەت بڵاویان بکەیتەوە”.

پڕۆفیسۆر نیلوفەر گۆلە ئەندامی دەستەی مامۆستایانی زانکۆی بۆغازئیچی، لە ڕێپۆرتاژێیدا لەگەڵ دەریا سازاکی ڕۆژنامەی میلیەت سەبارەت بە کۆبوونەوەکانی ناوەندی ئەبانت دەڵێت” ئەو نزیکی و یەکێتیەی لە نێوانماندا هەبوو، کە جەماعەتی کودەتای ٢٨ شوبات هەوڵی دەدا نکوڵی لێبکات و دیوار بخاتە نیوانمانەوە، لە ڕێگەی کۆبوونەوەکانی ناوەندی ئەبانتەوە، وەک کارێکی دامەزراوەیی لێهات”.

هەروەها یەکێک لە نوسەرە دیارەکانی تورکیا بە ناوی ڕەفیق ئێردوران کەوا ناسراوە بە یەکەم کەس کەوا نازم حیکمەتی ناچار بە هەڵهاتن بۆ دەرەوەی وڵات کردووە، وەک وەڵامدانەوە بۆ بانگهێشتی مامۆستا لەسەر سازان و ڕێکەوتن لە نیوان چینە جیاوازەکانی کۆمەڵگا، سەردانی مامۆستای کرد و یەکێک بوو لەو کەسانەی بەشداری لە کۆبوونەوەکانی وەقفی ڕۆژنامەنوسان و نوسەران دەکرد. هەروەها زوڵفو لیوانەلیش یەکێک بوو لەو کەسانەی لە نێو دەستەی هەڵبژاردنی وەقفەکەدا بوو، کەوا کەسانی شایستە بە خەڵاتی لێبوردەییان هەڵدەبژارد.

هەروەها فرانسیس فوکویاما نوسەری کتێبی ” ١٠٠ ڕۆشنبیری گەورەی مێژووی دونیا” و “کۆتایی مێژوو”، لە کۆبوونەوەیەکی ئەبانتدا کەوا لە واشنگتۆن ڕێکخرا بوو، لە بەشێکی قسەکانیدا وتی” بە ڕای من ئەو ڕێگەچارەسەری تورکیا دۆزیویەتیەوە دەشێت بۆ وڵاتانی تری دونیاش وەک ڕۆڵ مۆدێلی لێبێت. بابەتی ئەوەی کۆمەڵگا دیندار بێت، لەگەڵ بنەماکانی دیموکراسیەت و سیکولاریزمدا دژ نایەتەوە. ئەو پەرەسەندنەی لە تورکیادا لە ئارادایە بە ئاڕاستەی سازان دەڕوات”.

**

بانگهێشتی مامۆستا بۆ ئەمەریکا بە مەبەستی وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی

سەعید تارهان و ٣ پزیشکی تری ئەمەریکی وەک کارمەندی نەخۆشخانەی مایۆ کلینیک، کەوا لە سەرتاسەری دونیا ناوبانگێکی زۆری هەیە، لە ساڵی ١٩٩٨ سەردانی نەخۆشخانەی شیفایان کرد لە ئیزمیر. ئامانجی سەردانەکەیان بریتی بوو لەوەی کاری هاوبەش لە نێوان هەردوو نەخۆشخانەکەدا دەست پێبکەن. دوای ئەوەی پڕۆفیسۆر سەعید و یاوەرەکانی چاوپێکەوتنەکانی خۆیان ئەنجامدا، ئەمجارەیان ڕوویان لە ئیستەنبول کرد. سەرۆکی پزیشکانی نەخۆشخانەی شیفا، خەڵکی هەمان ناوچەی لە دایک بوونی مامۆستا بوو، لە تەمەنی ١٧ ساڵیەوە، واتە لە ساڵی ١٩٦٩ مامۆستای دەناسی و گوێی لە وتارەکانی دەگرت. هەربۆیە ئەم پزیشکە و میوانە ئەمەریکیەکانی سەردانی مامۆستایان کرد لە ئیستەنبول. پڕۆفیسۆر تارهان دوای ئەوەی زانیاری ئەوەی وەرگرت کەوا مامۆستا دوو جار قەستەرەی دڵی بۆ کراوە، بە مامۆستای وت” ئەمجارەیان وەرن بۆ نەخۆشخانەکەی ئێمە، با ئێمەش پشکنینێکت بۆ ئەنجام بدەین”. مامۆستا لەو کاتەدا کەوا خوازیاری سەردانێکی لەو شێوەیە نەبوو، لە وەڵامدا وتی” گەر بە نسیب بێت دێین”.

مامۆستا لە ساڵی ١٩٩٥ لە ئیستەنبول و، لە ساڵی ١٩٩٧ لە نەخۆشخانەی کلیڤلاندی ویلایەتی ئۆهایۆی ئەمەریکا قەستەرەی دڵی بۆ ئەنجامدرابوو. هەربۆیە پێویستی بە چارەسەرێکی پزیشکی زۆر جددی هەبوو، پێش ئەوەی ڕووبەڕووی جەڵتەی دڵ ببێتەوە.

ئیدی بە مەبەستی ئەوەی مامۆستا بە سەردانێکی لەو شێوەیە ڕازی بکەن، پزیشکەکانی مامۆستا و پڕۆفیسۆر سەعید تارهان لەسەر ئەوە ڕێکەوتن، کەوا نامەیەکی بانگهێشتنامەی لە نەخۆشخانەی مایۆ کلینیکەوە بۆ بنێرن.

بەڵام مامۆستا هەتا مانگی ئازاری ١٩٩٩، هەرجارێک ئەم باسەی لەلا دەکرایەوە، ڕازی نەدەبوو.

**

 

کاتۆن فەرماندەیەکی رۆمایی و ناپلیۆن

مامۆستا لە ساڵی ١٩٩٩، لە ڕێپۆرتاژێکیدا لەگەڵ فرێد ڕیدی نوسەری کەنەدایی ئەم قسانەی کرد:

“حەزرەتی عەلی وتەیەکی هەیە کەوا دوو دێڕی زۆر کاریگەرە: “تۆ خۆت بە گەردیلەیەکی بچوک دەزانی، بەڵام تەواوی جیهانەکان لە تۆدا ڕەگیان داکوتاوە”. هەربۆیە گەر بیروباوەڕی ئێمە بەم شێوەیە بێت، کەوا تەواوی کاکڵەی ناوەڕۆکی بوون لە مرۆڤدا جێگەی کرابێتەوە، ئەوا مرۆڤ وەک ئاوێنەیەکی زۆر پرشنگداری دەرخەری الله یە. گەر ڕوونتر قسە بکەین، مرۆڤ بوونەوەرێکی زۆر تایبەتە. گەر ئیسلام دینی عیبادەت و ئەخلاق و ئیمان بێت، هیچ کام لە سیستەمی دیموکراسی وڵاتانی دونیا، ناتوانن لە دژی ئیسلام بوەستنەوە. بەڵام نادیدەگرتنی ئەم لایەنەی ئیسلام و پێشکەشکردنی تەنیا وەک سیستەمێکی سیاسی بۆ بەڕێوەبردنی مرۆڤەکان، یاخود پێشکەشکردنی وەک شێوازی کاندید بوون بۆ گرتنە دەستی هەندێک پێگە و دەسەڵاتی سیاسی، جگە لە ڕاڤەکردنی ئیسلام بە شێوەیەکی هەڵە هیچی تر نیە. پێویستە ئیسلام بە شێوەیەک کەوا بەشێکی فراوانی کۆمەڵگا بکاتە دوێنراوی خۆی، واتە هەتا ڕادەیەکی زۆر وەک پێکهاتەیەکی ئیمان، ئەخلاق و پراتیک پێشکەشی مرۆڤەکانی بکەین. ئەوەش بخەینە ڕوو کە ئیسلام دژی دیموکراسیەت نیە و لەگەڵیدا دژ نایەتەوە. بۆ ئەوەی نەوەکانی داهاتوو لە نێو ئاشتی و ئاسودەیدا ژیان بەسەر ببەن، پێویستە مرۆڤەکانی ئێستا واز لە زۆرێک لە حەزەکانی خۆیان و ژیانی خۆشی خۆیان بهێنن. من لێرەدا ئاماژە بەوە ناکەم کەوا من یەکێکم لەو مرۆڤانەی کەوا بەم شێوەیە دەکات، بەڵام باوەڕی تەواوم بەوە هەیە، کەوا کەسانێک پەیدا دەبن، کەوا ئەرکێکی لەم شێوەیە بە تەواوی جێبەجێ دەکەن. من لەم بابەتەدا خۆم وەک لەو کەسانە  دەبینم، کەوا لە دەرەوەی ئیرادەی خۆم، وەک لوتف و چاودێری الله، بە شێوەکەی کاتی ئاڕاستەی کارگەلێکی لەو شێوەیە کرابێتم”.

بە گوێرەی مامۆستا، ئیسلام لە بابەتی لە بابەتی پێگەیاندنی مرۆڤ و هاوڵاتی باشدا، خاوەنی دینامیکگەلێکە کەوا دیموکراسیەت منەتبار دەکات. ئەوەی کێشەکانی ئەمڕۆ چارەسەر دەکات مرۆڤی کامڵە. هەربۆیە گەورەترین سەرمایە پێویستە لە پێناو مرۆڤ و پێگەیاندنی مرۆڤی کامڵدا بخرێتە گەڕ.

مرۆڤی کامڵ لە هەمان کاتدا کەسێکە خاوەن داوایە. مرۆڤێک کەوا خاوەنی دڵۆپێک داوا بێت، لە بلیمەتێک کەوا ٥٠ هێندەی ئەو زانیاری هەیە، بەهێزترە. حەزرەتی عیسا و حەواریەکانی هاوڕێی، حەزرەتی محمد و هاوەڵە بەڕێزەکانی، زمانی ئەو وڵاتانەیان نەدەزانی کەوا ڕوویان تێدەکرد. بەڵام تەنیا ٣٠ ساڵ لە دوای وەفاتی حەزرەتی عیسا، شوێنکەوتوانی ئەو تەواوی ڕۆمایان داپۆشی. هۆکاری ئەم هێزەش بریتی بوو، لەوەی ئەوان پیاوی داوای خۆیان بوون. ئەوەی حەواریەکان و هاوەڵانی لە کارەکانیان سەرخست، بریتی بوو لەوەی سەمیمی و خاوەن دڵ بوون. سەمیمیەت ڕازێکی وەهایە، تەنانەت بەستەڵەکی شاخە سەهۆڵیەکانیش دەتوێنێتەوە. شوێنکەوتووانی سەمیمی و بێگەردی سەردەمی حەزرەتی عیسا، لە مەیدانەکانی زۆرانبازیدا دەرخواردی شێرەکان دەدران، بە دارەکانەوە هەڵیانواسین و فڕێدرانە ئەو خەندەقانەی کەوا پڕ لە ئاگر بوون. بەڵام سەرەڕای تەواوی ئەم کارانەیان لە دینەکەیان هەڵنەگەڕانەوە. لە دوای خەباتێکی دوور و درێژ، سەرکەوتنیان بەدەستهێنا. هەربۆیە کۆنستانتینوسی یەکەم، مەسیحیەتی وەک دینی فەرمی دەوڵەت پەسەند کرد.

ئەو کەسانەشی لە سەرەتادا هاتنە ناو ئیسلامەوە، لە ماوەیەکی زۆر کەمدا ڕێڕەوی مێژووی مرۆڤایەتییان گۆڕی. لە سەردەمی حەزرەتی عوسماندا دەریای حەزەریان تێپەڕاند، گەشتنە ڕوباری جەیهون. دەریاچەی ئاراڵ و چواردەوری شاخی پالاندۆکەن موسوڵمانێتیان ناسی. لە سەردەمی حەزرەتی عەلیدا، لە سایەی پیاوانی خاوەن داوای ئەم دینەوە هەتا گەروی جەبەل تاریق ڕۆشتن. ئەوەی لەم سەردەمەدا موسوڵمانەکانی هەتا ناو شوراکانی چین ڕەوانە کرد، هەر ئەم هێزە بوو.

لە کاتێکدا سەرچاوە ئیسلامیەکان باس لە ١٠٠ هەزار هاوەڵی موسوڵمان دەکەن لە سەردەمی سەردارمان، بەڵام ئەوانەی لە گۆڕستانی مەدینەن، ناگاتە ١٠ هەزار کەسیش. کەواتە ئەوەی دەمێنێتەوە، بە مەبەستی بەرزکردنەوەی ناو الله، ملی ڕێگەیان گرتووە. چونکە بە گوێرەی بیروڕای ئەوان، مردن لە کەعبە و نێژران لەوێ، لە ڕۆشتن بەرەو پەکین و مردن و ناێژران لەوێ، خێری زیاتر نیە. هاوەڵان ناوی هەر پارچەیەک وشکانییان لەسەر ڕووی گۆی زەوی ببیستایە، بە مەبەستی گەیاندنی ناوی الله ڕوویان لەو شوێنە دەکرد. گەر کەسێک لە دەرەوە سەیری ئەمانەی بکردایە، ئەوا بە شێت ناوی دەبردن. چونکە ئەو کارانەی ئەوان دەیانکرد، لەسەر ئاستێک بوو کەوا خەیاڵ و ئەقڵی مرۆڤی دەوەستاند. هەربۆیە سەردەمی هاوەڵان کەوا ٣٠ ساڵی خایاند، سەردەمێکی ناوازە بوو.

بە گوێرەی تێڕوانینی مامۆستا، وڵاتێک کەوا لە ڕووی ڕۆحیەوە داڕوخابێت، تەنانەت گەر هەموو گۆشەیەکی بە مەدالیای سەرکەوتن و تیمسالی دراگۆنەکانیش ڕازاندرابێتەوە، لەگەڵ گۆڕستاندا هیچ جیاوازیەکی نیە. کاتۆنی فەرماندەی ڕۆماییەکان، ئەو کاتە سەرکەوتوو نەبوو کەوا کارتاجیەکانی بەزاند و، سوپاکەی بە نەڕەی سەرکەوتنەوە گەڕانەوە پایتەختی وڵاتەکەیان، بەڵکو ئەو کاتە سەرکەوتنی بەدەستهێنا کەوا چووە بەردەمی پاشاکەیی و ئەسپ و جلە سەربازیەکانی ڕادەستکرد و وتی” من لەبەر خاتری گەلەکەم جەنگام، ئیستا ئەرکەکەم تەواو بووە و بۆ گوندەکەی خۆم دەگەڕێمەوە”.

لە بەرامبەر ئەمەدا، ڕۆحێکی زەلیل کەوا لە دیلێتی نەفس و خووە خراپەکانی ڕزگاری نەبووبێت، تەنانەت گەر هەموو دونیا فەتح بکات، هێشتا هەر بە دۆڕاو ئەژمار دەکرێت.

ناپلیۆن کەوا خۆی بە تاقە فەرمانڕەوای هەموو دونیا ئەژمار دەکرد، ئەو کاتەی بە هۆی ئەم سەرشێتیەی خۆیەوە شەپازلەیەکی لە زانست و فەزیڵەتدا لە ڕێگەی لێدانی لە کەسایەتی فەیلەسوف ماڵمۆیەوە، ئەو بەزینەی لەم کاتەدا لە ڕۆحیدا توشی بوو، زۆر لەو نسکۆیە بە ئازارتر و ڕسواکەرتر بوو کە لە واتەرلۆدا توشی بوو.

ئیمبراتۆریەتی ڕۆما، بەو لێژیۆنە سەربازیە سەرسوڕهێنەرانەی هەیبوو، بەو یاسایانەی لە سیناتۆکەیدا هەیبوو، لە ڕێگەی ئەو ئازادیەی بە دینەکانی دابوو، هەتا ماوەیەکی دیاریکراو بە پێوە مایەوە. هەتا ئەو کاتەی نیرۆن هات و دەستی کرد بەوەی زوڵم لە مەسیحیەکانی ئەو وڵاتە بکات، ئەم کارە سەرشێتانانەی ئەو کۆتایی ئیمبراتۆریەتەکەشی لێکەوتەوە. ئەمەش بریتی بوو لە زاڵبوونی هێز بەسەر بلیمەتیدا. ئەوەی بلیمەتی ناپلیۆنی کوناودەر کرد، ئەوەی سەری لە ئەسکەندەری گەورە شێواند، ئەوەی هیتلەری کردە شێتی سەردەمەکەی خۆی هەمان شت بوو: شێتێتی بۆ گرتنە دەستی دەسەڵات.

ئەمە لە کاتێکدایە سەرکەوتنی ڕاستەقینە بریتیە لەوەی مرۆڤ هەڵپەکانی ناو ناخی جڵەوگیر بکات، ڕێگە بە هەستە سەرەڕۆکانی نەدا ملی ڕێگە بگرن.

فەزیڵەت کارێکی وەهایە لە نێو خەڵکدا لەسەر زەوی یان پارچە بەڕەیەکیش دادەنیشێت. بەڵام غرور لەسەر ناوازەترین کورسیەکایش جێگەی نابێتەوە. غرور لەبەر ئەوەی لە خۆی هەڵگەڕاوەتەوە، وەک بیرە ئاوێکە کەوا لەسەر شکڵی گومەزێک وەستاوە. غرور منداڵی ناشەرعی جەهالەتە. فەزیڵەتیش منداڵی شەرعی حیکمەتە. فەزیڵەت لایەنگری هەریەک لە ئازادی و یەکسانییە.

بەڵام لە کۆمەڵگایەکدا کەوا بەها ڕاستەقینەکان ژێراوژور کراون، کاتێک ئیعتیباری مرۆڤەکان بە پارە، خانوی هاوینەهەوار و کوێستانەکان، بە ڤیلاکانیان هەڵسەنگاندنی بۆ دەکرێت، بەها ماددیەکان وەک گلادیتۆرێکی قوڕمساغ ئەم بەها ڕاستەقینانە دەخاتە ژێر پێکانیەوە. لە کۆمەڵگایەکی لەم شێوەیەدا کاتێک تەڵەکەباز و هەلپەرستە چاو کزەکان کەوا دوو هەنگاوی پێش خۆیان نابینن دەبنە فەرمانڕەوا، شتێکی زۆر ئاساییە. کۆمەڵگایەکی لەم شێوەیە یەک واتای هەیە، ئەویش ئەوەیە لە ڕووی ڕۆحیەوە داڕماوە.

یەکەم جەڵتەی دڵ کەوا لە مامۆستا دەدا(١٩٩٩)

 

یەکەم جەڵتەی جددی کەوا ڕوویبەڕووی مامۆستا بووەتەوە، لە پێش سەردانی بۆ ئەمەریکا، لە شاری ئیستەنبول لێیدەدا. ئەو ڕۆژە لە شوێنی مانەوەی لە ئاڵتونیزادە، پزیشکەکەی بە ناوی قودرەت ئوناڵ بانگ دەکات و پێی دەڵێت” هەستدەکەم باش نیم”. ئەو ڕۆژە کاتێک شەکرەکەی دەپێوێت، جاری یەکەم ٩٠ پلە، جاری دووهەمیش ٧٠ پلە دەبێت. کاتێک جاری سێهەم دەیپێونەوە، ئەمجارەیان ٤٥ پلە دەردەچێت. دکتۆر ئوناڵ ترسی لێدەنیشێت، چونکە شەکرەکەی مامۆستا بە شێوەیەکی خێرا دادەبەزی. دکتۆر ئوناڵ دەرزی شەکرەکەی ئامادە کرد و، مامۆستاش بەرەو خاڵێک دەڕۆشت کەوا گەڕانەوەی بۆ نەبوو.  دکتۆر هەرچەندە دەیوت مامۆستا با دەرزیەکت لێبدەم، ئەو لە وەڵامدا دەیوت” جارێ با بوەستین، نامەوێت ڕۆژووەکەم بشکێنم”. جاری چوارەم کاتێک شەکرەکەیان پێوایەوە، ئەمجارەیان بۆ ٦٠ پلە بەرز بوو بوویەوە. بەم هۆیەوە پێویست بە شکاندنی ڕۆژووەکەی نەمابوو…

بەردەوام دەبێت…

 

 

 

 

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *