عاشقی ڕاستگۆ, بەشی ٤٨

 

“مامۆستا  بۆ هەموو دونیا پێویستە”

 

” ئەو سەرکردەی هەموومانە، هەموومان پێویستمان بەو هەیە… ئاغایان من ماوەی ٣٠ ساڵ لە دەزگای هەواڵگری ڕوسیا کارم کردووە. زۆر بە باشی دەزانم کەوا کێ چۆنییە. من مامۆستا و خوێندنگەکانی لە ئێوەوە فێرنابم. ئەم خوێندنگانە هیچ کارێکی هەڵەیان نیە. مامۆستا م.فەتحوڵڵا گولەن، نەک بۆ تورکیا، بەڵکو بۆ هەموو دونیا پێویستە…” حەیدەر عەلیەڤ سەرۆکی پێشووی ئازەربایجان

**

 

ڕۆشتنی مامۆستا بۆ ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا(١٩٩٩)

پزیشکەکانی ئیستەنبول و ئەمەریکا، پێداگرییان لەسەر ئەوە دەکرد، کەوا پێویستە مامۆستا بێ هیچ بە فیڕۆدانێکی کات، نەشتەرگەری دڵ ئەنجام بدات. بەڵام مامۆستا هەتا ساڵی ١٩٩٩ ئەم داواکاریەی پزیشکەکانی ڕەت دەکردەوە. هەمیشە جەختی لەسەر ئەوە دەکردەوە، ئەنجامدانی ئەو هەموو خەرجیە، بە نیسبەت خۆیەوە بە ئیسراف دەزانێت.

 

مامۆستا لە هیچ قۆناغێکی ژیانیدا تەنانەت پێی بە نەعلی یەکێک لە خوێندکارەاکنی بەشی ناوخۆیی نەناوە، خواردنی بەشی ناوخۆیی نەخواردووە، هێندەی یەک فلس سوودی لە خزمەت نەبینیبوو. مرۆڤێکی حەساسی لەم شێوەیە، بێگومان بە نیسبەت ئەنجامدانی نەشتەرگەریەکی لەو شێوەیەشەوە دەبوو زۆر بە وردی بیر بکاتەوە. ئەمە لە کاتێکدا بوو ئەو مافی چاپکردنەی بە هۆی کتێبەکانیەوە هەیبوو، بەشی دەیان نەشتەرگەری لەو شێوەیە و کڕینی خانویەکی جوانی وڵاتی ئەمەریکای دەکرد. بەڵام ناسکی دڵی مرۆڤەکانی ڕۆح زۆر جیاوازە…

بەڵام پزیشکێک بە ناوی “م.ا.” بە ناسنامەی پزیشکی خۆیەوە ڕووبەڕووی مامۆستا دەبێتەوە و جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کەوا پێویستە ساتێک زووتر نەشتەرگەریەکەی ئەنجام بدات. مامۆستاش دوای ئەوەی ماوەیەک نە بە ئەرێنی، نە بە نەرێنی وەڵامی داواکەی دەداتەوە، پزیشکەکە ئەمە بە ئاماژەیەکی خێر لێکدەداتەوە و لای خۆیەوە دەستپێشخەری ئەوە دەکات، کەوا پەیوەندی بە نەخۆشخانەی مایۆکلینیکی ئەمەریکیەوە بکات. هەربۆیە یەکێک لە هاوڕێکانی مامۆستا، بەم شێوەیە باسی کاریگەری ئەم هەوڵانەی پزیشکەکە لە ڕۆشتنی مامۆستا بۆ وڵاتی ئەمەریکا دەکات:” من بە ئیرادە و خواستی خۆم نەهاتوومەتە ئێرە. یەکێک لەو دۆستانەی ئێوە کەوا بیری لە تەندروستی من دەکردەوە، بێ ئەوەی من ئاگام لێبێت، چاوپێکەوتنێکی لێرە بۆ ڕێکخستم و، بەو هۆیەوە ڕووم لێرە کرد”.

پزیشکەکە، چاوپێکەوتنەکەی بۆ ڕێکەوتی ٢٢ ی شوباتی ١٩٩٩ وەرگرتبوو. بەڵام دوای ئەوەی پلەی گەرما لە شاری مینیۆستا، بۆ ٤٠ پلەی ژێر سفری سەدی دادەبەزێت، پڕۆفیسۆر تارهان کەوا لە ئیستەنبول مامۆستای بانگهێشتی ئەمەریکا کرد، داوای ئەوەی کرد کەوا چاوپێکەوتنەکەیان ماوەیەک دوا بخەن. هەربۆیە مامۆستا لە ڕێکەوتی ٢٢ ی ئازاری ١٩٩٩ گەشتەکەی ئەنجامدا.

ڕێک لە مانگی ئازاردا کاتێک ڕێکەوتی گەشتەکەی مامۆستا نزیک بوویەوە، لە تورکیادا هەندێک دەنگۆ بڵاو بوویەوە. بە گوێرەی دەنگۆکان، نوح مەتە یوکسەل داواکاری گشتی دادگای ئاسایشی دەوڵەت لە ئەنقەرە، دۆسیەیەکی لێپرسینەوەی سەبارەت بە مامۆستا ئامادە کردبوو. مامۆستا ڕۆشتنی بۆ ئەمەریکا لە کاتێکی لەو شێوەدا بە هەنگاوێکی دروست نەدەزانی. خۆ گەر داواکاری گشتی دۆسیەیەکی لەو شێوەیەی کردبێتەوە، چوونە لەو کاتەدا بۆ ئەمەریکا، وێنایەکی وەهای بە دوای خۆیدا دەهێنا کەوا بە مەبەستی نەچوونە بەردەم داواکاری گشتی، ئەو گەشتەی ئەنجامداوە. کاتێک حاڵ بەم شێوەیە بوو، هاوڕێیەکی نزیکی مامۆستا، کاتێک بە تەوافوق لە فڕۆکەخانە چاوی بە بولەنت ئەجەویدی سەرۆکی پارتی چەپی دیموکراتی ئەو کاتە دەکەوێت، باسی حاڵی مامۆستای بۆی دەکات. ئەجەویدیش یەکسەر تەلەفۆن بۆ مامۆستا دەکات و دەڵێت: تەندروستی ئێوە زۆر گرنگە، ئەگەر دۆسیەیەکی لەو شیوەیە سەبارەت بە ئێوە هەبووایە، ئەوا بێگومان ئاگادار دەبووین. تکایە چارەسەرە پزیشکیەکەتان دوامەخەن و بڕۆن بۆ ئەمەریکا”. بابەتی ئەوەی کاربەدەستێکی وڵات ئەمە بە مامۆستا بڵێت، زۆر گرنگ بوو. لە ڕاستیشدا گەر لە بابەتێکی هەستیاری لەو شێوەیەدا، دۆسیەیەکی بەو جۆرە هەبووایە، ئەجەوید ئاگاداری دەبوو.

بەڵام مامۆستا لە جیاتی نەشتەرگەری، بە مەبەستی ئەنجامدانی پشکنینی گشتی، ڕازی بوو بەوەی سەردانی ئەمەریکا بکات. بەم شێوەیە مامۆستا لە ڕێکەوتی ٢١ ی ئازاری ١٩٩٩، ڕووی لە شاری شیکاگۆ کرد. لەو ڕۆژەدا کاتێک لە فڕۆکەخانە یەکێک لەو ڕۆژنامانەی دەهێنرێتە بەردەمی مامۆستا، زۆر دڵتەنگی دەکەن. لە ژێر مانشێتی ڕۆژنامەکەدا کەوا هەواڵێکی تایبەت بە مامۆستا دەبێت، وێنەیەکی زۆر نەشیاو دادەنرێت. مامۆستا کەوا سەرنوسەری ڕۆژنامەکەی لە نزیکەوە دەناسی، چاوەڕێی ئەوەی لێنەدەکرد بەو شێوە شکێنەرە مامەڵەی لەگەڵدا بکات. هەروەها بە فۆنتی گەورە سەردێڕی هەواڵەکە لێی نوسرابوو” فەتحوڵڵا وەرەوە سەر خۆت”.

مامۆستا ئەو ڕۆژە کاتێک گەشتە شیکاگۆ، لەلایەن هەریەک لە “م.ا.” و پڕۆفیسۆر “م.ت.” کاربەدەستانی مایۆ کلینیکەوە پێشوازی لێکرا. “م.ت.” لەو کاتەدا ڕێگەی نەدا مامۆستا ڕوو لە هۆتێل بکات و، لە ماڵەکەی خۆی پێشوازی لێکرد.

پشکنینەکانی مامۆستا لە مایۆ کلینیک ٥ ڕۆژی خایاند. پێویستی بەوە دەکرد کەوا نەشتەرگەری ئەنجام بدات. پڕۆفیسۆر “م.ت.” زۆر پێداگری دەکرد کەوا مامۆستا بە ئەرێنی وەڵامی ئەنجامدانی نەشتەرگەریەکە بداتەوە. مامۆستاش دەیویست بگەڕێتەوە تورکیا و لەوێ چارسەری پزیشکی وەربگرێت. بەڵام قەدەر بە نیسبەت مامۆستاوە، کەوا لە ئەخیر زەماندا یەکێک دەبوو لەوانەی ناوی الله بەرز بکەنەوە و ناوی جەلیلی محمدی بە واتا ڕاستەقینەکەی بەرز بکاتەوە، هەروەها لە نێو دڵی دەیان هەزار مرۆڤیشدا تۆوی ئەم خەمە بچێنێت و هانی ئەوەیان بدات بۆ ئەم مەبەستە کەوا بە هەر چواردەوری دونیادا بڵاو ببنەوە، ڕێگەیەکی تەواو جیاوازی بۆ دیاریکردبوو…

بولەنت ئەجەوید بووە سەرۆک وەزیران(١٩٩٩)

لە هەڵبژاردنەکانی ١٨ ی نیسانی ،١٩٩٩ پارتی چەپی دیموکرات لە ٪٢١.٧ دەنگەکانی بەدەستهێنا و بەم شێوەیە وەک براوەی هەڵبژاردنەکە، سەرۆکی پارتەکە کەوا بولەنت ئەجەوید بوو، بووە سەرۆک وەزیرانی تورکیا.

**

٢.٥ ساڵی پڕ ناڕەحەتی

لە کاتێکدا هەریەک لە دکتۆر “م.ا.” و پڕۆفیسۆر “م.ت.” دەیانویست بگەڕێنەوە بۆ ئیستەنبول، مامۆستا پێی وتن” وەک ئەوەی هەتا ئێرە هاتووم، با سەردانی هەندێک لە هاوڕێکانم بکەم کەوا لە نیویۆرک ژیان بەسەر دەبەن. منیش لە دوای ئێوە دەگەڕێمەوە. ئەگەر پێویستم بە قەستەرەیەکی تر بوو، ئەوا با لە نەخۆشخانەی شیفا لە ئیزمیر ئەنجامی بدەم”. بڕیار بوو کەوا مامۆستا بگەڕێتەوە ئیستەنبول و، دواتر خۆی پەیوەندی بە پزیشکەکانەوە بکات و پزیشکەکانیش کاتی گونجاوی بۆ دیاری بکەن”. بیرکردنەوەی پڕۆفیسۆر “م.ا.” سەبارەت بە مامۆستا کەوا بە ئەنجامدانی نەشتەرگەری ڕازی نەدەبوو، بریتی بوو لەوەی لایەنی کەم،  ستەنت بۆ ئەو دەمارانەی دڵی دابنرێت، کەوا توشی گیران بوو بوون. هەربۆیە بە مامۆستای وت” یان با لێرە ستەنت بۆ دەمارەکانی دڵت دابنێین، یان با لە ئیزمیر ئەو کارە ئەنجام بدەین. خۆ گەر جەڵتە لێتان بدات، ئیدی دانانی ستەنت کەڵکی نابێت. چونکە ماسولکەکانی دڵت تەندروستن، تەنیا لە دەمارەکاندا کێشە هەیە”.

لەم کاتەدا کاتێک ڕۆژمێرەکان ڕێکەوتی ١٨ ی حوزەیرانی ١٩٩٩ پشان دەدا، لە هەواڵەکانی سەر لە ئێوارەی کەناڵی atv ڕاپۆرتە هەواڵیک سەبارەت بە وتارە کۆنەکانی مامۆستا بڵاو کرایەوە. پاشان هەریەک لە SRAT TV، NTV، SHOW TV، هەمان هەواڵی مۆنتاژکراوی تایبەت بە وتارەکانی مامۆستایان بڵاوکردەوە. ئیدی ئەو تەلەڤیزیۆن و ڕۆژنامە گەورانەی ماوەی ٥ ساڵ بوو بە شیوەیەکی بابەتی چالاکیەکانی مامۆستا و خزمەتیان بە بینەران و خوێنەرانی خۆیان دەگەیاند، لە دوای ئەو ڕۆژەوە بە شێوەیەکی زۆر توند هێرشیان بۆ سەر مامۆستا دەست پێکرد. ئیدی لەو ڕۆژگارەدا لە مانشێتەکانەوە باس لە لەسێدارەدانی مامۆستا دەکرا. تەواوی میکانیزمە کۆمەڵایەتی و دەرونیەکان بۆ گەلەکۆمەکی لە دژی مامۆستا خرابوویە گەڕ.

بە گوێرەی مامۆستاش، ئەم قۆناغە کەوا بە مۆنتاژکردنی هەندێک لە وتارە کۆنەکانی مامۆستا و بڵاوکردنەوەی لە مێدیاکاندا دەستی پێکردبوو، هەوڵی کۆمەڵیک کەسی نەشازی ناوخۆی تورکیا بوو بۆ “گڕتێبەردان” ی ئەو چالاکیانەی مامۆستا کەوا لەبەر خاتری خزمەتی وڵات ئەنجام دەدران. مامۆستا لە ڕێکەوتی ٢٥ ی ئابی ٢٠٠٠، لە ڕێپۆرتاژێکدا کەوا لەگەڵ دۆگلاس فرانتزی پەیامنێری ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز ئەنجامیداوە دەڵێت” ئەمانە کاری کۆمەڵە کەسێکی کەمن، بەڵام کاریگەرییان لەسەر دەسەڵاتی سیاسی فراوانە. کۆمەڵێکی بچوکن، بەڵام دەسەڵاتی سیاسی گەورەیان هەیە”.

بەدیعوزەمانیش بە هەمان شێوە باس لەم گروپە بچوکە خاوەن دەسەڵاتە دەکات و دەڵێت:

” پێش ٣٠ ساڵ کاتێک ئەندامی دەستەی دارولحیکمە بووم، ڕۆژێکیان سەید سەعدەدین پاشا یەکێک لە هاوڕێکانمان کەوا ئەویش ئەندامی هەمان دەستە بوو، پێی وتم:

 لە سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراوەوە ئەم هەواڵەم بیستووە. کۆمیتەیەکی زەندیقەکان هەیە کەوا ڕەگیان لەناو کەسانی بیانیدایە و خۆیان لێرەن، یەکێک لە بەرهەمەکانی تۆیان خوێندۆتەوە. لە نێو خۆیاندا وتوویانە” گەر خەڵک ئەم بەرهەمانە بخوێننەوە، ئیدی ناتوانین پیشەی خۆمان( کەوا کاریان بڵاوکردنەوەی بێ دینی و زەندیقێتیە) لەلای ئەم گەلە بڵاو بکەینەوە”. لەبەر ئەوەی ڕێگری ئەمەیان پێناکرێت، بڕیاری ئەوەیان داوە لە سێدارەت بدەن. پارێزگاری لە خۆت بکە.  

 

هەربۆیە بەدیعوزەمان بە درێژایی ژیانی ڕووبەڕووی ئەم کۆمیتەیە بوویەوە.

دواتر بەدیعوزەمان دەڵێت” ئەم کۆمیتەیە ماوەی ٣٠ تا ٤٠ ساڵە لە گەشە سەندندایە و، هەم بەرەنگاری من بوونەوە و هەم هەموو جۆرە فێڵێکیان لە دژی من بەکارهێنا. بە مەبەستی لەناوبردنم دوو جار منیان خستە زیندان و ١١ جاریش ژەهریان دەرخوارد داوم. لە دوایین پیلانی تۆقێنەریاندا، وەزیری پێشووی ناوخۆ، پارێزگاری پێشووی ئافیۆن، قائیمقامی پێشووی ئەمیرداغیان لە دژی من دنە دەدا، واتە بە شیوەیەکی فەرمی تەواوی هەژمونی خۆیان لە نێو حوکمەتدا لە دژی من خستە گەڕ”.

 هەربۆیە ئەم بابەتەی مامۆستاش، جەنگێکی بێ پەروا بوو کەوا لە دژی بەها یەکخەرەکانی نێو ئەم کۆمەڵگایە ڕاگەیاندرابوو. چونکە ڕێک لەو ساڵانەی کەوا ئەم جەنگەی تێدا ڕاگەیاندرابوو، لە تورکیادا کەشوهەوایەکی زۆر ئاسوودەی ئاشتەوایی لە تورکیادا فەراهەم بوو بوو، زۆرێک لە مرۆڤەکان کەوا دڵیان ئاوی خواردبوویەوە، دەیانوت” چەند خۆشە کە ئێمە موسوڵمانین”.

لە سایەی ئەم کەشوهەوایەوە، زۆرێک لە پیلانەکانی چەشنی ڕووداوەکانی غازی، لە دەستی ئەو کەسانەدا تەقیەوە کەوا دەیانویست لە نێوان  سوننی و عەلەویەکانی تورکیادا، بۆمبی جیاکاری بتەقێننەوە. هەندێک لەو هونەرمەندانەی چەندین ساڵ بوو وەک کەسانێکی بێ دین و ئیمان بە خەڵکی تورکیا دەناسێنران، کاتێک وابەستەیی خۆیان بە دین و ئیمانەوە ئاشکرا کرد، تەواوی خەڵکی تورکیا بە سەر سوڕمان و حەیرانێتیەوە سەیری ئەم ڕووداوانەیان دەکرد.

زۆرێک لە هونەرمەندان بێ ئەوەی توشی هیچ گرێ و دوودڵیەک ببن، گوزارشتیان لە ئیمانی خۆیان دەکرد، بە ئاشکرا ئەوەیان ڕادەگەیاند کەوا ڕۆژوو دەگرن و، سەردانی عەمرەیان ئەنجام داوە و نیازی ئەنجامدانی عەمرەیان هەیە. هونەرمەندێکی بواری میوزیک، لە وەڵامی پرسیاری : ئایا دەتوانین بە ئێوە بڵێین یوسف ئیسلامی تورکیا؟”، لە وەڵامدا وتی ” نەخێر، چونکە یوسف ئیسلام سەرەتا مەسیحی بوو دواتر موسوڵمان بوو، بەڵام من هەر لە سەرەتاوە موسوڵمان بووم”. بە ڕای مامۆستاش، تەواوی ئەم قسانە وەک ڕەنگدانەوەی قسەکانی ناو دڵیان لەسەر زاریان بوو،  بەو هۆیەوە گرنگیەکی زۆری هەبوو. مامۆستا هەمیشە دەیوت: چەندین ساڵ بوو نزام دەکرد و دەموت: خودایە هەلی ئەوەم بۆ بڕەخسێنە بچمە سەر  سەحنەی یەکێک لە شانۆکان و، لەوێشەوە جارێک هاواری ناوی الله بکەم و پاشان داببەزم”. پاشان مامۆستا بەم شێوەیە لەسەر قسەکانی بەردەوام دەبوو” بەڵام ئێستا زۆرێک لەو مرۆڤانەی کەوا لوتکەی ئەو کارەیان گرتووە، باسی الله، پێغەمبەر و دین دەکەن”. هەندێک لە مرۆڤەکانیش لە ڕێگەی پرسیاری ” ئایا تەنیا لە ڕێگەی وتنەوەی کەلیمەی شەهادەت، ڕزگارمان دەبێت؟”، لە ڕوانگەی ئەوەی شوێنێکیان بۆ خۆیان لە ناو دیندا دەدۆزیەوە، هەناسەیەکی ئاسودەییان هەڵدەکێشا. یەکێک لە پزیشکەکان، باسی ئەوەی بۆ مامۆستا کرد، زۆرێک لەو نەخۆشانەی بە هۆی ئازاری پشتیانەوە ناتوانن بۆ نوێژی بەیانی هەڵبستن و بۆ ئەو مەبەستە دەیانەوێت نەشتەرگەری پشتیان ئەنجام بدەن، لە هەمان کاتدا شێتی ئافرەتە سفورەکانن. هەستەکانی مامۆستاش بەرامبەر ئەو دیمەنانەی کەوا ڕۆژانە سەبارەت بە ئیماندار بوونی خەڵک دەیبیستن، نەیدەتوانی بە وشە گوزارشتیان لێبکات.

زۆرێک لەو مرۆڤانەی کەوا لەلایەن کۆمەڵگاوە وەک ڕۆشنبیر قبوڵ کرابوون، بەڵێ”یان بۆ خوێندنگەکانی خزمەت و ئەو چالاکیانە دەکرد کەوا لەبەرخاتری خزمەتی کۆمەڵگا خرابوونە ڕوو. هەندێک لەو کەسە ڕۆشنبیرانە بە ئاشکرا دانیان بە ئامادەیی خۆیان بۆ یارمەتی کارەکانی خزمەت دەنا و دەیانوت” گەر ئێمەش لە سەرەتاوە ئاگامان لێبووایە، لەلای خۆمانەوە شتێکمان ئەنجام دەدا”.

بە مەبەستی کۆکردنەوەی یارمەتی بۆ خوێندنگەکانی خزمەت لە دەرەوەی وڵات، لە هۆتێلە گەورەکانی ئیستەنبول چەشنی هیلتۆن و چراغان، بە بەشداری پیاوانی کاری تورکیا چەندین کۆبوونەوە ئەنجام دەدرا. ئەمانە وەک ئەوەی بە نیسبەت هەموو کەسێکەوە جێگەی سەر سورمان بوون، لە هەمان کاتدا دەبوونە جێگەی بیرکردنەوە.

بە گوێرەی تێڕوانینی مامۆستا، ئەو جەنگەی لە ساڵی ١٩٩٩ لە دژی مامۆستا و خزمەت ڕاگەیاندرابوو، بە هۆی ئەو دیمەنە نوێیانەوە بوو کەوا لە کۆمەڵگای تورکیادا دەبینران. ئەم کارە تێکدەرانەی دەستی پێکرابوو، چەشنی سەرەتاکانی ساڵی ١٩٩٠، کۆمەڵگای تورکیا دیسان دووبەرەکی تێکەوتەوە و چەشنی دانەکانی ملوانکەیەکی کریستاڵی، بەلای ڕاست و چەپدا پەرشوبڵاو بوویەوە. ئارەزووی ئەو گروپە ناڕەسەنەی کەوا پەنجەیان بە دوگمەی ئەم جۆرە کارانەیاندا نابوو، بریتی بوو لەوەی تورکیا هەمیشە بەو شێوەیە دووبەرەکی لە نێواندا بێت.

لە دوای ئەم هەڵمەتی لەکەدارکردنە، دکتۆر “م.ا.” پەشیمان بووەوە لەوەی مامۆستا بە مەبەستی ئەنجامدانی قەستەرەی دڵ سەردانی نەخۆشخانەی شیفا لە ئیزمیر، بکات. بە گوێرەی تێڕوانینی پزیشکەکە، هاتنەوەی مامۆستا لە هەلومەرجێکی لەو شیوەیەدا بۆ تورکیا، مەترسیەکی گەورەیان بۆ سەر تەندروستی ئەو دروست دەکرد. هەتا ئەو ساتەش مامۆستا هیچ چارەسەرێکی پزیشکی وەنەگرتبوو کەوا سەرئەنجامێکی تەواو بە دەستەوە بدات. هەربۆیە لە دوای بڵاوبوونەوەی ئەو جۆرە هەواڵانە لە ناوخۆی تورکیادا، فشاری خوێنی مامۆستا هەتا ٢٢ پلە بەرز بوویەوە و، پزیشکەکانی هەوڵی ئەوەیان دەدا لە ڕێگەی دەرمانەوە دایببەزێنن و، ماوەیەکی زۆر لە دوای وەرگرتنی دەرمانیش، هێشتا فشاری خوێنەکەی ڕووی لە دابەزین نەدەکرد. هەربۆیە ڕۆژەکانی غوربەتی مامۆستا لە ویلایەتی پەنسیلڤانیای ئەمەریکا، لە ساڵی ١٩٩٩، بەم شێوەیە دەستی پێکرد. ئەو شوێنەی مامۆستای لێ دەمایەوە، بینایەکی ٣ قات بوو، کەوا لە ساڵی ١٩٩٢، لەلایەن چەند تورکێکەوە بە مەبەستی دامەزراندنی وەقفێک لەسەر زەویەکی ١٥٠ دۆنمی بە ٢٥٠ هەزار دۆلار کڕدرابوو. ئەوەی لێرەدا جێگەی سەرنج بوو، لە دوای ناوچەی کەستانەپازاری ئیزمیر، ئەم شوێنەی لە ئەمەریکاش کڕدرابوو، ناوەکەی بە زمانی ئینگلیزی هەر واتای کەستانەی هەبوو. کەمپەکە بە ناوی نەوەی ئاڵتونی لە کەمپی کەستانەپازاری کرایەوە(  Golden Generation Chestnut Camp Retreat Center)…

**

“مامۆستا فەتحوڵڵا گولەن، نەک بۆ تورکیا، بەڵکو بۆ هەموو دونیا پێویستە”

حەیدەر عەلیەڤ سەرۆکی ئازەربایجان، چاک ئەوەی دەزانی کەوا مامۆستا م.فەتحوڵڵا گولەن ئەندازیاری ئەو پڕۆژە خزمەتگوزاریانەیە کەوا لە وڵاتانی ناوەڕاستی ئاسیا ئەنجام دەدرێت. کاتێک مامۆستا لە ڕێکەوتی ١٨ ی حوزەیرانی ١٩٩٩، لە ڕێگەی مۆنتاژکردنی کاسێتە کۆنەکانیەوە کرایە ئامانجی زۆرێک لە مێدیاکانی تورکیا، حەیدەر عەلیەڤ چەشنی ئەجەوید، پەیامێکی بەهێزی وەک پشتگیری مامۆستا بڵاوکردەوە” مامۆستا فەتحوڵڵا گولەن نەک بۆ تورکیا، بەڵکو بۆ هەموو دونیا پێویستە”.

عەلیەڤ بە شێوە زارە ئازەریەکەی خۆی دەیوت” مامۆستا سەرکردەی هەموومانە، هەموومان پێویستمان بەو هەیە”.

هەروەها لە ساڵی ١٩٩٩، کاتێک دوو دیپلۆماتکاری باڵا بە مەبەستی لێدان لە کەسایەتی مامۆستا ڕوویان لە باکوی پایتەختی ئازەربایجان کرد و لەگەڵ عەلیەڤ کۆبوونەوە، سەرۆک کۆماری ئازەربایجان بەم شێوەیە بێدەنگی کرد:

” ئاغایان من ماوەی ٣٠ ساڵ لە دەزگای هەواڵگری ڕوسیا کارم کردووە. زۆر بە باشی دەزانم کێ چۆنییە. مامۆستا و خوێندنگەکانی هیچ کارێکی هەڵەیان ئەنجام نەداوە”.

هەروەها عەلیەڤ لە کاتی ماڵئاوایی لەم دوو دیپلۆماتکارە تورکەدا دەڵێت” ئێوە ڕاوێژی هەڵەتان پێکراوە، من ئەوان جوان دەناسم و، بە جوانیان دەزانم”. عەلیەڤ هەروەها زۆر بە توندی وەڵامی ئەم دوو دیپلۆماتکارەی دەدایەوە، کەوا زوو زوو سەردانی ئازەربایجانیان دەکرد و لە دژی خوێندنگەکانی خزمەت قسەیان دەکرد…

     

 

 

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *