عاشقی ڕاستگۆ بەشی ٥٤ شەڕی فاستۆ-مەفیستۆ بەردەوامی هەیە

“بەندەرە شەپۆل شکێنەکان” و “دوورگەکانی ئاشتەوایی”

 

مامۆستا لە وتارێکیدا لە ٢٨ ی شوباتی ٢٠٠٥ دەڵێت:” گەر لە دەستم بهاتایە، یەک ملیۆن مرۆڤم لە تورکیا هەڵدەگرت و، دەمخستنە ڕێگاکان و کۆچم پێدەکردن”. ئەم کۆچەش بە مەبەستی دروستکردنی “بەندەرە شەپۆل شکێنەکان” و “دورگەکانی ئاشتەوایی” بوو، بەرامبەر ئەگەری هەڵکردنی ئەو گەردەلولانەی کەوا لە داهاتوودا ئەگەری هەڵکردنیان هەبوو. لەمڕۆشدا ئەوانەی بە شێوەیەکی جەبری کۆچیان کردووە، بە چاوی یەقین ئەوە دەبینن کە ئەم کۆچە چەندە گرنگ و پیرۆز بووە.

“ئەگەر وەک ئەوەی هانتینگتۆن بانگەشەی بۆ دەکات، لە داهاتوودا پێکدادانی نێوان شارستانیەتەکان ڕووبدات، ئەگەر شەپۆلێکی بەو شێوەیە هەستابێت و بەڕێوە بێت، تەنیا کارێک ئەنجام بدرێت ئەوەیە، پێش ئەوەی پێکدادانێکی لەو شێوەیە ڕووبدات، بەندەرێکی شەپۆل شکێنی وەهای بخرێتە بەردەم، ئەو شەپۆلەی بەڕێوەیە تێکی بشکێنێت و پارچە پارچەی بکات. بۆ ئەو مەبەستە پێویستمان بە ڕاگەیاندی هەڵمەتێکی سەرتاسەری هەیە”.

هەربۆیە الله بە گەورەیی خۆی، بە هۆی ئەو شتانەی لەمڕۆدا ڕوو دەدەن، مرۆڤە سەمیمیەکانی ناو خزمەتی بە شێوەیەکی جەبری خستە ناو هەڵمەتێکی سەرتاسەری لەو شێوەیە، هەتا ببنە ئەو بەندەرە شەپۆل شکێنانەی لە داهاتوودا لە بەردەم ئەگەرێکی لەو شێوەیەدا دەوەستنەوە…   

لە داهاتوودا باشتر لەوە تێدەگەن کەوا ئەم ڕووداوانە چەندە ئاڕاستەکردنێکی ئیلاهی ناوازە بووە. ئەمڕۆ لە هەر چوار دەوری دونیا، هەزاران مرۆڤی سەر بە میلەتە جیاوازەکانی دونیا بە مرۆڤەکانی ناو خزمەت دەڵێن” ئێوە موسوڵمانێتیتان بە ئێمە ناساند و خۆشەویستتان کرد لەبەرچاومان”. چونکە ئەم مرۆڤانە لە سایەی مرۆڤەکانی ناو خزمەتەوە ئەوەیان بۆ دەرکەوت کە موسوڵمانان بریتی نین لە کەسانێکی خوێنڕێژ، شەڕکەر، گەندەڵ و بەرژەوەندیخواز. ئەگەر موسوڵمانان هەندێک بەهای لەم شێوەیەیان هەبێت کەوا لەلایەن مرۆڤەکانی ترەوە پەسەند بکرێت، گەر میراتێکی کەلتوری ئەوتۆیان هەبێت کە جێگەی باسکردن بێت، ئەوا پێویستە مرۆڤەکانی ناو خزمەت کۆچ بەرەو شوێنی زیاتر بکەن و لەگەڵ زۆرێک لە مرۆڤەکان پێکەوە بژین، هەتا وەها لەوانیش بکەن بڵێن” ئێوە موسوڵمانێتیتان بە ئێمە ناساند و لەلای ئێمە خۆشەویستان کرد”. هەتا ئەوانیش لەوە تێبگەن کە موسوڵمان بریتی نیە لە کەسێکی خوێنڕێژ، شەڕکەر، گەندەڵ و بەرژەوەندیخواز.

مامۆستا لە ڕێکەوتی ٢٨ ی ئایاری ٢٠٠٨ لە یەکێک لە وتارەکانیدا دەڵێت:

لەو ئامێرانەوە بیگرە کەوا دەیانژەنین، لەو میوزیکەی هەمانە بیگرە هەتا تەواوی بەها دینیەکانمان،تەواوی ئەمانە بەهای گەردونین، حەقی ئەوەمان نیە هیچ کەسێک لەم بەها باڵایانە بێ بەش بکەین”.

**

زوو زوو سەیرکردنی ئاوێنە

مامۆستا بەم شێوەیە باسی داخوازی بوونە کەسێکی ئیماندار باس دەکات:

“لە خەومدا دۆستێکی خۆمم بینی کەوا گۆڕەکەی منی هەڵدەکەند بەڵام خۆم هێشتا لە ژیاندا بووم. دواتر سەیری ڕاڤەی خەوەکەم کرد، بە واتای ڕزگاری لە ناڕەحەتیەکان دەهات. گۆڕ دەرگایەکی کراوەیە بەرەو ئاخیرەت و کاتێک باسی گۆڕ لەلای مرۆڤەکان دەکرێت، بە نێو تێبینی قوڵدا ڕۆدەچن. بابەتی ئەوەی سەردارمان لە سەرەتادا سەردانی گۆڕی قەدەغە کرد و، دواتر ڕێگەی سەردانی دا بە مەبەستی ئەوەی ئاخیرەت بە بیری مرۆڤدا دەهێنێتەوە، دەرخەری ئەم حەقیقەتە نین؟ کاتێک لە خەوەکەم بێدار بوومەوە، یەکەم شت کەوا بە مێشکمدا هات تێبینی دوانزەهەمی ئوستاد بوو.

بەڵێ، پێویستە زۆر بە باشی ئیمان بهێنین. محمد قوطبیش لە یەکێک لە کتێبەکانیدا کە ناوی ” هل نحن مسلمون؟” لێناوە، پرسیاری ئەوە دەکات ئایا ئێمە موسوڵمانین؟ لەبەرچی؟ چونکە ئێمە کێشەی ئیمانمان هەیە. کەس دڵی لەم قسانەی من نەڕەنجێ، بەڵام بە داخەوە ئەمە ڕاستییە. بەدەستهێنانی ئاستی پێویست(قوام)، تەنانەت بە نیسبەت ئەو موسوڵمانە سادانەی مەکۆی ژیانیان لە نێوان کار-ماڵ و مزگەوتدا بەسەر دەبەن، هەروەها بە نیسبەت ئەو مەردانەی دڵیان بە داوایەکی بالا داوە و لەبەر چێژی ژیاندنی کەسانی تر وازیان لە چێژی ژیانی خۆیان هێناوە، کارێکی زۆر گرنگە. بابەتی ئەوەی عیبادەت و تاعەت بەندایەتی کردن بۆ الله بە شێوەیەکی بەردەوام و هەموو ڕۆژێک برەوی پێبدرێت،  بەیانیان بە ڕووی دونیادا بکرێیتەوە و شەوانەش بە فرمێسکی چاوەکانتەوە بەسەر بەرماڵەکەتدا بکەویت و بڵێیت : “پەروەردگارا هەرچیەک دەکەم هەر لە پێناو ناوی تۆدا دەیکەم، لێم خۆش ببە!” ئەنجامدانی پاڕانەوە و لاڵانەوەیەکی لەم شێوەیە، لە ڕێگەی بەدەستهێنانی ئاستێکی پێگەشتنی (قوام) لەو شێوەیە دەبێت. ئیمامی شەعرانی دەڵێت” گەر لەگەڵ کەسێکی نوێژنەکەر دابنیشم، ماوەی ٤٠ ڕۆژ تامی نوێژم بۆ ناکرێت”. ئیدی کەسانێکی وەک ئێمە دەبێت بڵێت چی کە لە نێو چەپەڵیەکانی ژیانی کۆمەڵایەتی خەریکی هەڵبەز-دابەز و مەلەکردنین.

بەڵێ، ئەم ئاستی پێگەشتنە(قوام) عەزم و ئیرادەیەکی پێغەمبەرئاسایانەی دەوێت. مرۆڤ کەمترین شت کەوا چاوی پێیدەکەوێت خودی خۆیەتی. هەربۆیە پێویستە زوو زوو سەیری ئاوێنە بکەین. لە نێو تێروانینی قوڵی هاوەڵاندا دەستەکانی یەکتری بگرین و بڵێین ” وەرن و با ساتێکی تر ئیمان بهێنینەوە!”. واتە بە شێوەیەکی بەردەوام دانوستان لەسەر بابەتە ئیمانیەکان بکەینەوە، لە بابەتی مەعریفەتی الله، خۆشەویستی الله و ترس لە الله دا قوڵتر ببینەوە. لە ڕاستیشدا ڕزگاربوونمان لە کێشەکانی ئەمڕۆ لە ڕێگەی ئیمانێکی سادەوە کارێکی مومکین نیە. تەنانەت لە نێو هاوەڵاندا کەسانێک هەبوون کەوا گازندەیان لە حاڵی خۆیان دەکرد و پێیان وەهابوو نەیانتوانیوە پارێزگاری لە ئاستی پیویستی خۆیان بکەن، ئیدی ئێمە کێین؟! سەیری عەمری کوڕی عاس بکەن کاتێک لەسەر دۆشەکی مەرگ کەوتووە، پشت لە دیوارەکە دەکات و لە نێو جێگەکەیدا دەست بە گریان دەکات. کاتێک کوڕەکەی هۆکاری گریانەکەی لییدەپرسێت، ئەویش باس لە ٣ قۆناغی ژیانی دەکات و، نیگەرانی خۆی بەرامبەر ئەوە دەردەبڕێت کە لەم دواییانەی ژیانیدا خۆی تێکەڵی کاری سیاسی کردووە.

بە کورتی؛ پێویستە هەموو شتێکمان بە سوحبەتی جانانەوە ببەستینەوە و، گەر بە ئیخلاسەوە بە ئاڕاستەی بەدەستهێنانی ڕەزامەندی ئەو هەنگاوەکانمان هەڵبگرین، توشی سەرلێتێکچوون نابین. ئوستاد هەمیشە باس لەوە دەکات کەوا هەر خزمەتێک بە ئیخلاسەوە ئەنجام بدرێت، دوو قات دەبێتەوە. یان دەڵێت” گەر بە ئیخلاسەوە کارەکانتان ئەنجام بدەن، منیش دەخەنە سەر ڕێگەی ئیخلاس و سەرفرازم دەکەن”. بەم شێوەیە ئوستاد لەم پەیامەیدا چەند پێودانگێکی گرنگمان پێدەدا کە کوفر لەو کاتەی ئەویشدا گەشتۆتە ترۆپکی خۆیی و، ئەهلی کەشف و کەراماتیش لە سەردەمی ئەودا ئاماژەیان بەوە کردووە، لە ٤٠ کەسدا تەنیا یەکێک لە دوای مردنیان ڕزگاری دەبێت.

بە کورتی؛ کارەکە سەختە، ڕێگاکە درێژە، نشێوی زۆرە، تەڵەی زۆری تێدایە. الله یاریدەدەرمان بێت.

**

دادگا بڕیاری بێ تاوانی مامۆستای دەرکرد

 

دوای ئەوەی دادگا بڕیاری لەسەر دواخستنی دۆسیەکەی مامۆستا دەرکرد، لە دوای ٣ ساڵ لە ڕێکەوتی ٧ ی ئازاری ٢٠٠٦، پەڕلەمانی تورکیا هەندێک گۆڕانکاری لە نێو یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر ئەنجامدا. لە دوای ئەم گۆڕانکاریانە، پارێزەرەکانی مامۆستا سەرلەنوێ داوای ئەوەیان کرد کە دۆسیەکەی مامۆستا بە بڕیارێکی یەکلاییکەرەوە ببەسترێتەوە. دوای ئەوەی ئەم داوایەی پارێزەرەکانی مامۆستا پەسەند کرا، دادگایی مامۆستا لە کۆتا شوێنی وەستانەکەیەوە دەستی پێکردەوە. لە ماوەی ئەو ٣ ساڵەی ڕابردبوو، دادگاکانی ئاسایشی دەوڵەت، بۆ دادگای سزا قورسەکان گۆڕدرابوون. واتە دۆسیەکەی مامۆستا کەوا لە دادگای یەکەمی ئاسایشی دەوڵەت بوو، لە سیستەمە نوێکەی دادگادا بە دادگای یانزەهەمینی سزا قورسەکان ناو دەبردرا. هەربۆیە ئەم دادگایە لە ڕێکەوتی ٥ ی ئایاری ٢٠٠٦، بڕیاری لەسەر بێ تاوانی مامۆستا دەرکرد. لە دوای ئەم ماراسۆنە دوور و درێژە، دۆسیەکەی مامۆستا کەوا هەشت کلاسۆر(فۆڵدەر) بوو، لە کاتی دەرچوونی بڕیاری کۆتاییدا بۆ ٢٨ کلاسۆر بەرز بوو بوویەوە.

بڕیارەکە کەوا بە کۆدەنگی هەریەک لە ئۆگوزهان دەنیز سەرۆکی دادگا، ڕەمەزان ئاکسان و قادر کەیابەیانی ئەندامانی دەستەی دادگا وەرگیرابوو، لە بەشی ڕوونکردنەوەی هۆکاری بڕیارەکەیاندا ئاماژەیان بە ئازادی بیرکردنەوە و کاری ڕێکخراوەیی کردبوو. ئەوەی لە بڕیارەکەیاندا لەسەری وەستابوون بریتی بوو لە:

بابەتی ئەوەی فکرێک یان گروپێک بە گوێرەی کەسانی تر ئەرێنی یان نەرێنی بێت، یان ئەوەی سوودبەخشە یان زیانبەخشە، بابەتێکی خودییە. ئەم جۆرە هەڵسەنگاندنانەش لە ڕوانگەی یاساوە هیچ بەهایەکیان نیە. ئەوەی لە یاسادا گرنگە، ئایا تاوانێک لەو نێوەندەدا هەیە یاخود نا”.

دادگا سەبارەت بەو ڕاپۆرتەی سوپاسالاری تورکیا و هێزەکانی جەندەرمە کەوا لەلایەن داواکاری گشتی نوح مەتە یەکسەل خرابوویە ناو دۆسیەکەوە وتی” ئەمانە تەنیا وەک تێبینی هەڵسەنگاندنیان بۆ دەکرێت”. پاشان ئەوەی پەسەند نەکرد کەوا ئەم ڕاپۆرتە لەلایەن ئەو دامەزراوەی دەوڵەتەوە ئامادە کرابێت. هەروەها دادگا ئاماژەی بەوەدا، لەم دۆسیەی مامۆستا دەشێت سەرنج لە ڕاپۆرتی ئاسایش بدەن، کەوا لە ناوخۆی وڵاتدا ڕووبەڕووی ڕووداوەکانی تیرۆر دەبنەوە. بەڵام نوسینەکانی ئاسایشیش، دارای ئەوە نەبوو کاریگەری لەسەر بڕیارەکانی دادگا دابنێت.

ئەم بڕیارەی دادگای ١١ هەمینی سزا قورسەکانی ئەنقەرە، زۆر لەگەڵ ڕاپۆرتەکەی پڕۆفیسۆر چەتین ئۆزەک تەبا دەهاتەوە کە لە ٤٧ لاپەڕە پێکهاتبوو.

ئەم بڕیارەی دادگا، لەلایەن سالم دەمیرجی داواکاری گشتی ئەو کاتەی دۆسیەکەوە تانەی لێدرا و، بەم شێوەیە دۆسیەکە ڕەوانەی دادگای باڵا کرا. ئیدی دادگای باڵا دەبوو کۆتا بڕیار بدات. ئەم جۆرە دۆسیانەش لەلایەن ٩ هەمین دادگای باڵای سزا قورسەکانەوە سەیر دەکرا. بەڵام ئەم دادگایە یەکسەر بڕیاری دەرنەکرد.

مامۆستا، لەو کاتەدا کەوا ١٣ هەمین ساڵیادی وەفاتی تورگوت ئۆزاڵ بوو، لە ڕێکەوتی ١٧ ی نیسانی ٢٠٠٦ بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە. لە بەیاننامەکەیدا ئاماژەی بەوە کردبوو کە ئۆزال تەمەنی فیداکارانە لە خزمەتی وڵاتەکەیدا بەخت کردووە، عاشقێکی نیشتیمان بووە کە خاوەنی ئیمانێکی فراوان بووە…

 

ئەم دەوڵەتمەدارە بەڕێزەی کەوا بە شێوەیەکی توند و تۆڵ وابەستەی بەها مەعنەویەکان بوو، بە ئاسۆ فراوانەکەی خۆیی و سروشتە کراوەکەی بە ڕووی پێشکەوتندا، بێ وچان هەوڵی ئەوەی دەدا تورکیا لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بگاتە ئەو شوێنەی کەوا حەقی پێگەی خۆیەتی. لەسەر ئاستی پلاتفۆرمە نیودەوڵەتیەکان، بە شێوەیەکی شایستە لەگەڵ شانوشکۆی تورکیادا، نوێنەرایەتی هاوڵاتیان و وڵاتەکەی کرد. لە میانەی سەردانەکەیدا بۆ وڵاتانی ناوەڕاستی ئاسیا و باڵکانەکان، بە بینینی خوێندنگەکانی خزمەت هێندە خۆشحاڵ بوو، پێی لە عەرز نەدەکەوت.

مامۆستاش لە بەیاننامەکەیدا سەبارەت بە ئۆزاڵ دەڵێت:

تورگوت ئۆزاڵی ڕەحمەتی، تەمەنی فیداکارانە لە پێناو خزمەتی وڵاتەکەیدا بەخت کرد، عاشقێکی نیشتیمانەکەی بوو کە خاوەنی ئیمانێکی بەرین بوو. هەر کارێکی ئەنجام دەدا، بە شعورەوە ئەنجامی دەدا، هەوڵی ئەوە دەدا هەمیشە هەنگاوەکانی بە ئاڕاستەی بەرژەوەندیەکانی گەلەکەی بێت. ئەم دەوڵەتمەدارە بەڕێزە کەوا بە شوەیەکی توندوتۆڵ وابەستەی بەها مەعنەویەکان بوو، بە ئاسۆ فراوانەکەی خۆیی و سروشتە کراوەکەی بە ڕووی پێشکەوتندا، بێ ماندوو بوون هەوڵی ئەوەی دەدا وڵاتەکەمان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بگاتە ئەو پێگەیەی کەوا شایەنی خۆیەتی. لەسەر ئاستی زۆر پلاتفۆرمی نێودەوڵەتی، بە شێوەیەکی شایستە لەگەڵ شانوشکۆی گەلەکەمان، بە جددیەتەوە سەرکەوتوو بوو لە نوێنەرایەتی کردنی گەلەکەی. لە کۆتا دەمەکانی ژیانیدا، چاوی بەو لانە پەروەردەییانە کەوت کەوا لەلایەن هاوڵاتیانی ئەنەدۆڵو لە وڵاتە جیاوازەکانی دونیا کرابوویەوە و، بەم هۆیەوە لە خۆشیدا پێی لە عەرز نەدەکەوت. لە ١٣ هەمین ساڵیادا تورگوت ئۆزاڵی ڕەحمەتی، جارێکی تر بە چاکە و ڕەحمەت یادی دەکەینەوە.

**

 ئەم هەموو دەرمانە!

سەرلەبەیانی ڕۆژی ١٠ ی ئەیلولی ٢٠٠٧، یەکێک لە میوانەکانی مامۆستا لە شوێنی مانەوەی لە ویلایەتی پەنسیلڤانیا، یەکێک لە هونەرمەندە بەناوبانگە سترانبێژەکانی تورکیا بوو. هونەرمەندەکە بە مەبەستی بەشداری لە فێستیڤاڵی کەلتور و زمان کەوا لە ویلایەتی ئەتڵەنتا سازکرابوو، بۆ ئەمەریکا هاتبوو. کاتێک لەسەر نان خواردن ئەوەی بۆ دەرکەوت کەوا مامۆستا ڕۆژانە نزیکەی ٢٢-٢٣ دەرمان وەردەگرێت، زۆر سەری سوڕما. یەکێک لە پزیشکەکانی مامۆستا وتی” هێندەی بەشی ٧-٨ کەس بکات، دەرمان بە مامۆستا دەدەین، پێش ئەوەی ستەنت لە بۆریەکانی دڵی مامۆستا ببەستین، ڕۆژانە ٣٥ جۆر دەرمانی جیاوازمان پێدەدا. لە دوای بەستنی ستەنتەکانیش، ژمارەیان بۆ ٢٥ دەرمان کەم بوویەوە”.

**

“ئەم زاتە ئاورایەکی بە چواردەورەوەیە”

پڕۆفیسۆر سیمۆن ڕۆبینسۆن کەوا لە مانگی تشرینی دووهەمی ٢٠٠٧، بە مەبەستی چاوپێکەوتنی مامۆستا سەردانی ویلایەتی پەنسیلڤانیای کرد، لەو کاتەدا یەکێک لە سەرپەرشتیارانی زانکۆی لیدز بوو لە وڵاتی بەریتانیا، وانەی ” بەها گەردونیەکان” – گلۆبال ئەتیک- دەوتەوە. لە ڕێکەوتی ١٧ ی تشرینی دووهەمی ٢٠٠٧ کاتێک مامۆستا لە ساڵۆنی قاتی دووهەمی شوێنی مانەوەی نانی ئێوارەی لەگەڵ پڕۆفیسۆرە ئینگلیزەکەدا دەخوارد، یەکێک لەو پرسیارانەی لەلایەن پڕۆفیسۆرەکەوە ئاڕاستەی مامۆستا کرا بریتی بوو لەوەی وتی” بیرۆکەی کردنەوەی خوێندنگەکان کەیی و چۆنی سەریهەڵدا؟”.

مامۆستاش لە وەڵامدا وتی” زیاتر لەوەی بیرۆکەیەک بێت کەوا لە پڕێکدا سەری هەڵدابێت، بە تێپەڕینی کات سەریهەڵدا، یەکەم جار خۆمان بەشی ناوخۆییمان هەبوو، دواتر ئەم خوێندنگانە لەوانەوە پەیدابوون”.

ڕۆبینسۆن لە درێژەی گفتوگۆکەیدا لەگەڵ لەگەڵ مامۆستادا پرسیارێکی هەستیاری لە مامۆستا کرد و وتی” گەر لەم بزاڤەدا شێوازێک لە ماندوویەتی ڕووبدات، چی دەبێت؟”.

“لێرەدا شتێک هەیە، بێ ئەوەی بزانی تێرخواردن چیە، بەردەوام پێویستت بە فۆرمات گۆڕین هەیە. ئێمە مرۆڤگەلێکی خۆ تەرخانکەرین. ئەم کارەی ئێمە ئەنجامی دەدەین، تەنانەت ڕێی تێدەچێت هەتا ناو بەهەشتیش هەر بەردەوامی هەبێت”

مامۆستا لە دوای ئێوارە خوانەکە، تەکلیفی پڕۆفیسۆرەکەی بە سوپاسەوە و بە شێوەیەکی جوان ڕەت کردەوە کە وتی” ئێمە وەک زانکۆی لیدس، خوازیاری ئەوەین دکتۆرای فەخری بە ئێوە ببەخشین”. پڕۆفیسۆرەکە کاتێک ڕۆشت، زۆر بە مامۆستا کاریگەر بوو بوو. هەربۆیە بە یەکێک لە سەرپەرشتیارانی پەروەردە کەوا لە سەردانەکەیدا هاوڕێیەتیییان کردبوو وتبوو ” ئەم زاتە ئاورایەکی بە چواردەورەوەیە”. ئاورا بریتیە لە تیشکێک کەوا لەسەر شێوازی خەرمانە بە چواردەوری شتێکدا دەسوڕێتەوە.

**

ژیانێک لەسەر حەسیر

مامۆستا لە ڕێکەوتی ٢٨ ی تشرینی دووهەمی ٢٠٠٧ دوای ئەوەی نوێژی کرد و ڕووی لە ژوورەکەی کردەوە، بە هاوڕێکانی وت” من هەموو کاتێک هەر لەسەر حەسیر نوستووم. لە ژوورەکەمدا فەرشم ناوێتم چونکە من نامەوێت لەسەر فەرش بمرم”. هەربۆیە حەسیرێکی لە سەرتابەخواری ژوورەکەیدا ڕاخست. شەمسەدین ئەفە نوێنەری تەلەڤیزیۆنی سامانیۆڵو لە واشنگتۆن، لە بەرنامەیەکی تەلەڤیزیۆنیدا کەوا لە ژێر ناوی “کاتەکانی کەمپ” لە ڕێکەوتی ٤ ی نیسانی ٢٠١٥ بڵاویکردەوە، ئەگەرچی ژوورێکی بە پەردە جیاکراوەی مامۆستا دەبینرێت کەوا جێگەیەکی نوستنی تێدایە، بەڵام لە هەمان کاتدا حەسیرێکیش لەسەر زەویەکە بەرچاو دەکەوێت، کەوا سەرەکەی داپۆشراوە. مامۆستا زۆربەی کاتەکان لەسەر ئەو حەسیرە پشوو دەدات. ئیدی نازانرێت کەوا چەندە خەو لە چاوەکانی دەکەوێت، لە دوای ئەو هەموو گورزەی ڕۆژانە لەسەر شانەکانی دەبارێن!

**

“ئاگر لە هەر شوێنێک بکەوێتەوە، یەکەم جار من دەسوتێنێت”

بە گوێرەی تێڕوانینی مامۆستا، بە پێچەوانەی ئەو مرۆڤانەی خۆیان تەرخان کردووە، کەسانێکی وەها کەوا هەستی خۆپەرستییان تێدا زۆر بەهێزە بوونیان هەیە، گەر بەسەر هەموو مرۆڤەکانی سەر زەویدا بەشیان بکەیت، هێشتا ژمارەیان زیاتر دەبێت. ئەم کەسانە کەوا نەیانتوانیوە بەسەر منێتی خۆیاندا زاڵ ببن، کەسانێکی عاشق بە خۆیانن. ئێگۆکانیان کەوا چەشنی فیرعەونی لێهاتووە، لەسەر ئاسمانەکانیش تەختێک بۆ خۆیان نابیننەوە کەوا بتوانن لەسەری دابنیشن.  ئەمانە هەتا زیاتر بە شان و باڵیاندا هەڵبدرێت، چەشنی عەلەشیش زیاتر سنگیان دەردەپەڕێنن. بەڵام لە کۆتاییدا لە ژێر وێرانە و خۆڵەمێشی خۆیاندا دەپلیشێنەوە و تیادەچن. چونکە خۆپەرستی وەک ژەهرێکی وشککەرەوە، خاسیەتەکانی مرۆڤ دەکوژێت.

کەسە خۆپەرستەکان، واتە ڕۆحە “خودبین” و “ئێگۆیستەکان”، هەمیشە دەڵێن: ئاگر لە هەر شوێنێک بکەوێتەوە ئەو شوێنە دەسوتێنێت”. گەر هەموو دونیا بسوتێت، ئەمانە چەپکە گیایەکیان ناسوتێت. بەڵام ڕۆحە خۆ تەرخانکەرەکان هەردەم دەڵێن” ئاگر لە هەر شوێنێک بکەوێتەوە، لە پێشدا من دەسوتێنێت”. ئەو مرۆڤەی لەمڕۆدا دونیا پێویستی پێیەتی، مرۆڤێکی هێندە هەستیارە لە هەر شوێنێکی دونیا ئاگر بکەوێتەوە هەناوی ئەو لە پێشدا دەسوتێت. لە هەر دۆڵ و لە پشتی هەر شاخێکەوە بێت، حاڵی منداڵێکی ستەملێکراو، وەک پشکۆ دەکەوێتە ناخی ئەو کەسە دەسوتێنێت. مرۆڤێکی لەم شێوەیە، لە پێناو مرۆڤەکانی تردا دەژی.

لە مانگی تشرینی دووهەمی ٢٠٠٧، کاتێک پزیشکی نەخۆشخانەی شیشلی سەردانی مامۆستای کرد و ئەوەی پێوت کەوا شارەزایی بواری “نێفرۆلۆگە”، کە بریتیە لە چارەسەری نەخۆشیەکانی گورچیلە، مامۆستا لە بەرامبەر ئەمەدا وتی” خۆزگە لە کۆمەڵگاشدا شتێک بە ناوی نەفرەتۆلۆگی هەبووایە، کەوا نەفرەتی نێوان مرۆڤەکانی پاک بکردایەتەوە”.

بە گوێرەی تێڕوانینی مامۆستا، ڕزگاربوونی کۆمەڵگا لە هەستی نەفرەت، دەبێت لە ڕێگەی باڵادەستکردنی ئەو بیرۆکەیە  بێت کە دەڵێت” گەر کەسێک ٥٠ جار خراپە بەرامبەر من بکات، هێشتا ئەمە ڕەوایەتی ئەوە بە من نادات کەوا خراپەی بەرامبەر ئەنجام بدەمەوە”، پێویستە ئەمە لە تەواوی تاکەکاندا باڵادەست بکرێت.

مرۆڤی باش، ئەو کەسەیە کەوا ئادابی مرۆڤایەتی فێری ماری کوبرا دەکات و، شێوازی پێوەدان لە بیری دوپشکەکان دەباتەوە. مرۆڤی چاک ئەو کەسەیە کەوا بە وتەکانی مار و دوپشک لە کونەکانیان  دەردەهێنێت و سەمایان پێدەکات. مرۆڤ نابێت خۆی بخاتە نێو زیندانی قین، نەفرەت، توڕەیی و هەڵپەوە، پێویستە ئەم هەستانەی مەحکومی زیندانی ئەبەدی بکات.

مرۆڤی باش، ئەو کەسەیە کەوا بە شێوەیەکی بەردەوام بە دوای تاوانەکانی خۆیدا دەگەڕێت، وەک داواکارێکی گشتییە کەوا هەموو ڕۆژێک لێکۆڵینەوەکان سەبارەت بە خودی خۆی چڕتر دەکاتەوە، بە نیسبەت کەسانی تریشەوە هەموو کاتێک وەک پارێزەرێکی فەخری کار دەکات، پێویستە وەک ئیمامی ئاڵڤاری بڵێت” هەموو کەسێک جوان و منم خوار، هەموو کەسێک گەنمە و منم کا”.

بە نیسبەت مرۆڤەوە هیچ دوژمنێک لە نەفسی خۆی زیاتر بڕندەتر و سەرسەختتر نیە. باشترین دوژمنایەتی کەوا ئیعتیبارێکی هەبێت، بریتیە لەو دوژمنایەتیەی مرۆڤ بەرامبەر نەفسی خۆی هەیەتی. چونکە خۆپەرستی وەک گورگێکی هار وەهایە لە نێو نەفسی مرۆڤدا، تەنانەت لە گورگی هاریش دڕندەترە. هەر مرۆڤێک کەوا مرۆڤەکانی چواردەوری بە دوژمنی خۆی بزانێت، بە واتای ئەوە دێت لە ژێر کاریگەری خۆپەرستی نەفسی خۆیدایە. ئەمە لە کاتێکدایە پێویستە مرۆڤ خۆی بە ناوەندی خراپەکان و کەسانی تریش بە ناوەندی چاکەکان بزانێت. تێپەڕاندنی خۆپەرستی کارێکی زۆر چەتونە. تەنانەت حەزرەتی عیسا، یەهودای لەم گێژەڵوکە نەزۆکە بۆ ڕزگار نەکرا کەوا یەکێک لە ١٢ حەواریەکەی بوو. هەوڵدان بۆ ڕزگاربوون لە هەستی خۆپەرستی، کۆششێکە لە پێناو الله ئەنجام دەدرێت. مرۆڤێک کەوا تەنانەت ناتوانێت لەگەڵ خراپترین کەسیشدا هەڵبکات، کەسێکی باش نیە. مرۆڤی چاک، لە جیاتی ئەوەی بە دوای مار و دوپشکی شیو و شوێنە دوورە دەستەکاندا بگەڕێت، پێویستە ئەو چرایەی لە دەستیدایە ڕووی لە دڵی خۆی بکات. هیچ ئیهانەت و خراپەیەک نیە کەوا لە ڕێگەی حەسودییەوە توشی مرۆڤ نەبێت. هەربۆیە ئەو بیرکردنەوەیەی شەیتانیشی لەناوبرد بریتی بوو لەوەی وتی” ئادەم لە خۆڵ دروستکراوە و منیش لە ئاگر، ئاگر لەبەردەم خۆڵدا ناچەمیتەوە”. ئەوەی لەسەرشانی مرۆڤە، بریتیە لەوەی وەک حەزرەتی ئادەم بێت. ئەو کاتێک دەستی بۆ میوە قەدەغەکراوەکەی بەهەشت درێژکرد و لەبەهەشت دەرکرا، کەوتەخوارەوە، بەڵام لە شوێنی خۆی ڕاستبوویەوە و دەستی بە ڕۆشتن کردەوە. بەڵام شەیتان کەوتە ناو دیالێکتیکەوە و فریوی خوارد. ئەوەی بووە هۆی ئەوەی شەیتان لە حزوری الله دەربکرێت بریتی بوو لە خۆپەرستیەکەی. بەڵام حەزرەتی ئادەم بە هۆی خاکەڕایی بوون و تۆبەکردنەوە بردیەوە، شەیتانیش بە هۆی کیبر و دێماگۆژییەوە دۆڕاندی.

مێژووی مرۆڤایەتی لە ڕوویەکەوە، بریتیە لەو شەڕەی نێوان فاوست-مەفێستۆ کەوا لەلایەن گۆتەی نوسەر لە کتێبی فاوستدا خراوەتە ڕوو، ئەم شەڕەش هەتا ئێستا تەواو نەبووە. شەڕی فاوست-مەفیستۆ، بریتیە لە ڕووبەڕووبوونەوەی نێوان شەیتان و مرۆڤ. فاوست گەنجێکی هەرزەکار بوو، بوونەوەرێک بوو کەوا تەمەنی خۆی دەژیا. شەیتانیش مۆتەکەیەکە کەوا هێندەی تەواوی ژیانی مرۆڤەکان تەمەنی بەسەر بردووە.

وەک ئەوەی گۆتەش لە کۆتایی کتێبەکەیدا ئاماژەی پێداوە، ئەم ڕووبەڕووبوونەوەیە کەوا هەتا ئێستا بەردەوامی هەیە، بە دوژمنایەتی شەیتان بۆ حەزرەتی ئادەم و کوشتنی هابیل لەلایەن قابیلی کوڕیەوە دەستی پێکردووە. ئەمەش شەڕی نێوان ئیمان و نکوڵیکردنە…

      

 

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *