عاشقی ڕاستگۆ بەشی ٨   ڕێک و ڕاست وەک ئەلف

 

مامۆستا هەر لە منداڵییەوە، ژێر دەستەیی و زەلیلی قبوڵ

نەدەکرد. هەمیشە پارێزگاری لە سەربەرزی نەفسی خۆی کردبوو. بەرگەی ناحەقی نەدەگرت و، ڕقی لە زوڵم و زۆرداری بوو. کاتێک تەمەنیشی بەرەو سەرەوە چوو، ئەم ڕەوشتەی بە باشی ڕەگی داکوتا و، لە ساڵانی دواتر بە تەواوی تێیدا باڵا دەست بوو. لەبەر ئەوەی قەرزاری منەتی کەسی بەسەرەوە نەبوو، هەرگیز سەری بە ملیۆنان کەسی شوێنەکەوتەی  خۆی دانەنەواند. وەک پیتی ئەلف، هەمیشە ڕێک و ڕاست لەسەر ڕێگەی خۆی بەردەوام بوو.

 مامۆستا لەگەڵ ئەوەی کەسێکی پەروەردەی دەستی حوجرە و تەکیەش بوو، لە هەمان کاتدا لە وتارەکانیدا لە لۆجیکی باکۆنەوە هەتا دەگاتە تیۆری لۆجیکی ڕاسڵ، لە پاسکاڵ و ڕەخنەی ئەقڵی پراتیکی کانتەوە، هەتا دەگاتە دیالیکتیکی هێگڵ، لە تێگەشتنی پەروەردەیی ڕوسۆوە هەتا دەگاتە کۆمیدیای ئیلاهی دانتە، یان پەیوەندی نێوان ئۆبێکت-سوبێکتی پیکاسۆ، ئاماژە بە قسەکانیان دەکات و، وەک سەرچاوە پشانیان دەدات. ئەم مەراقی خوێندنەوەیەی بەم شێوەیە باس دەکات:

دەتوانم بڵێم لە منداڵیمەوە مەراقێکی خوێندنەوەم هەیە، کەوا لە دایک و باوکمەوە سەرچاوەی گرتووە. کاتێک مەراقی خوێندنەوەشت دەبێت، ئیدی بیر لە هەڵبژاردنی کتێبەکان ناکەیتەوە. هەرچیەک بهاتایە بەردەستم هەوڵی خوێندنەوەیم دەدا، خودا نەمگرێت. ئەمەش هەتا ئەو کاتەی لەناو ئەم خزمەتدا مەشغوڵ بووین، تێبینی ئەوەمان لەلا دروست بوو کەوا ببینە دەرمانی دەردی هەندێک لە مرۆڤەکان و، چارەسەری کێشەکانیان بدۆزینەوە، هەر بەردەوامی هەبوو… دیسان هەر بەردەوام بووم لەسەر ئەوەی زۆر بخوێنمەوە. زۆر حەزم لە خوێندنەوەی ڕۆمان بوو. ئەگەرچی حەز ناکەم باسی ئەم بابەتانە بکەم، لەو سەردەمەدا کەوا خوێندنەوەی ڕۆمان بەربڵاو نەبوو، کاتێک لە حوجرە بە زمانی عەرەبی ڕۆمانم دەخوێندەوە، بیرم نایەت کەسێکی تر هەبووبێت کەوا ڕۆمانی خوێندبێتەوە. دوای ئەوەی سەعیم لە وانەکانمدا تەواو دەکرد، بۆ ئەوەی مامۆستاکانم ئەوە نەبینن کەوا ڕۆمان دەخوێنمەوە، کتێبێکی عەرەبیم بە دەستمەوە دەگرت و ڕۆمانەکەم دەخستە ناوی و، بەو شێوەیە دەمخوێندەوە. کاتێک سەعیم لە وانەکانمدا تەواو دەکرد، لەبەر ئەوەی زۆر پێویستم بە کات نەبوو، لەگەڵ تەواو بوونی کارەکانی ترمدا، ڕۆمانێکم دەخستە ناو کتێبەکانمەوە و بەو شێوەیە دەستم بە خوێندنەوەی دەکرد. کاتێک لە دەرگایان دەدا، شوێنی کتێبەکانم دەگۆڕی، چونکە دەترسام لەوەی ڕووبەڕووی قسەیەکی توند ببمەوە. ساڵانی دواتر، لە تەمەنی ١٨-٢٠ ساڵی، دەستم کرد بە خوێندنەوەی فکری و فەلسەفی. لەو سەردەمەی کەوا خوێندنەوەی داروینیزم، پەرەسەندن، ترانسفۆرمیزم(بازهەڵدان) لە ناو خەڵکدا بڵاو بوو بوویەوە، کاتێک فەساد بوونی خوێندکارەکان بوویە جێگەی باس، دەستم کرد بە لێکۆڵینەوەی ئەم بابەتانە. هەندێک لە کتێبەکانیش چەند کتێبێکی تریان پێناساندم، بەم شێوەیە بەردەوام بووم”.

لە ڕێکەوتی ٢٠ ی ئازاری ١٩٥٤ لەو کاتەی تورکیا واژۆی لەسەر ڕێکەوتننامەی مافەکانی مرۆڤ دەکرد، مامۆستا لە حوجرەی مزگەوتی کورشونلو، لەلای سەعدی ئەفەندی ڕۆشت و، پاش ئەوە ماوەی ٦ مانگ لە حوجرەی مزگەوتی کەمهان وانەی خوێند.

 

” کاتێک لەلای سەعدی ئەفەندی ڕۆشتم”

جوومە حوجرەکەی مزگەوتی کەمهان، لەڕاستیشدا تەنیا یەک سندوق کەلوپەلم هەبوو. لە نێو کەسەکانی ئەو کاتەدا، تەنیا ناوی خالیس و موحیدینم بیر ماوە. خالیس کەسێکی زۆر باش بوو، کوڕی یەکێک لە ئاغاکانی ئاڵڤار بوو. ٥-٦ هاوڕێ پێکەوە دەماینەوە. گەر یەکێک لە ئێمە میوانی بهاتایە، ئیدی شوێنی نوستنمان بۆ نەدەمایەوە. شوێنێکی زۆر بەرتەسک بوو، یەکێک لەو یادەوەریانەی لەو شوێنە بیرم ماوە. بەم شێوەیە بوو:

کاتێک دەمویست بنووم، دەبوو قاچم بەرەو ڕووی یەکێک لە هاوڕێکانم درێژ بکەم، پێم وەهابوو ئەمە دەبێتە بێ ڕێزی بەرامبەر هاوڕێکەم و بەم هۆیەوە قاچم درێژ نەکرد، لەلایەکی ترەوە کتێبەکانم هەبوو، هەروەها مومکین نەبوو کەوا قاچم بە رووی کتێبەکانیشماندا درێژ بکەم. لەلایەکی ترەوە قیبلە هەبوو، تەنیا شوێنێک مابوویەوە کەوا دەمتوانی ڕووی قاچمی تێبکەم، گوندەکەی خۆمان کۆروجوک بوو. بەڵام لەبەر ئەگەری ئەوەی دەشێت ڕووی قاچم لە باوکم بێت لەو کاتەدا، قاچم بەرەو ڕووی ئەوێش درێژ نەکرد. چەند شەوێک بەم شێوەیە بە پێوە مامەوە و نەخەوتم. لەو شوێنە بەرتەسکەدا، ماوەی ٦ مانگ مامەوە. لە نێو ئێمەدا بچوکترین کەسمان ناوی موحیدین بوو. ئەمانە لەگەڵ بانگبێژی مزگەوتەکەدا ڕێکەوتبوون، بڕیاری ئەوەیان دابوو، ژوورەکەی ئێمە بخەنە سەر ژووری بانگبێژەکە. بێگومان ئێمەش جگە لە ڕۆشتن چارەیەکی ترمان لەبەردەمدا نەمایەوە. دوای ئەوە ڕووم لە مزگەوتی تاش کرد. جەمال ئەفەندیش ئیمامی ئەوێ بوو. ئەم زاتەش هاوەڵزاوای دووهەمی سەیفەدین ئەفەندی بوو. کاتێک ئەوەی بینی کە هاتووچۆی حوجرە دەکەم، بە چەند کەسێکی ئەو شوێنە دەڵێت” ئەمە کوڕی ڕامیزە، بۆ دەهێڵن سەردانی ئەم شوێنە بکات. مەهێڵن بێتە ناو ئەم حوجرەیەوە”.

ئیدی ناچار بووم بەوەی ئەوێش بەجێبهێڵم. بە شێوەیەکی ناچاری بە دوای شوێنێکدا بۆ خۆم دەگەڕام. لە ئێرزوم مومکین نەبوو کەوا خانوو بە گەنجی زگورتی بدەن. هەموو کەس ئەمەی بە بابەتی شەرەف و ناموس دەزانی. لەو کاتەدا پینەچیەکی پێڵاو هەبوو، هەواڵی ئەوەم بیست کەوا دەچێت بۆ خزمەتی سەربازی. شوێنێکی بچوکی هەبوو، لەو شوێنەدا پێڵاوی پینە دەکرد. شوێنێک بوو تەنیا بە پێوە دەتتوانی تێدا بمێنیتەوە. تەنیا بۆ ئەوەی هێندەش شوێنی مانەوەم هەبێت، بیرم لەوە کردەوە ئەو شوێنە بە کرێ بگرم. مانگانە بە ٥ لیرە ڕێکەوتین. بە دڵخۆشیەوە ڕووم لە حوجرەکەم کرد، سندوقەکەم هەڵگرت و گەڕامەوە، بەڵام دواتر ئەوەم بەدی کرد کە فکری گۆڕاوە و، پەشیمان بووەتەوە لەوەی بە کرێی بدات. بەم شێوەیە لە ناوەڕاستی ڕێگا، بە سندوقێکەوە مامەوە. شوێنێکم نەمابوویەوە کەا بۆی بڕۆم.

“ژوورە خنجیلانەکەی مزگەوت”

لە پاڵ مزگەوتی مورات پاشا، مزگەوتێک بە ناوی ئەحمەدیە بوونی هەبوو. گەر لە ناوەوە کەمێک بە بەرزی هاوارت بکردایە، بەردی گومەزەکە بە سەر سەرتدا دەهاتە خوارەوە. شوێنی میحرابەکە کەمێک گونجاوتر بوو. کەسێک ئەو شوێنەی بە تەختە بۆ خۆی جیاکردبوویەوە، پاشان بەجێیهێشتبوو، ڕۆشتبوو. کاتێک ئەو شوێنەم بینی بە دڵم بوو. مامۆستا عوسمان، لە کتێبی ئیزهارەوە دەستی بە وانە پێوتنەوە کرد. دوای ئەوەی یەک دوو وانەی پێوتمەوە، وتی ” مەلا فەتحوڵڵا با بەم شتانەوە مەشغوڵت نەکەین، تۆش کتێبی جامع بخوێنە. ئەو ناوانەی لەو کاتەدا لەگەڵ مندا دەیانخوێند، محمد کرکنجی، جەودەت بیلیجان بوون. کاک جەودەت ماوەیەک موفتی ئیڤریندی بوو. لە کارەساتێکی هاتووچۆدا گیانی لە دەستدا. مرۆڤێک بوو زۆرم خۆش دەویست. مامۆستا محمد کرکنجیش، پێش ئێمە لە شوێنی تریش خوێندبووی. بەڵام مامۆستا عوسمان هەمان وانەی پێدەوتین. دەتووانم بڵێم مامۆستا عوسمان زۆر بە جددی وانەی پێوتین. ڕێک دوو ساڵ وانەم لەلای ئەو خوێند. بەڵام زۆر سوودم لێبینی. لەو سەردەمەدا هەریەک لە کتێبەکانی جامع و “تلخیص المتن” مان لەبەر کرد. وانە وتنەوەمان بەو کەسانەی لە دوای خۆمانەوە دەهاتن، سوودێکی زۆری هەبوو. ئەو کتێبەنای دەمانخوێند، لە ئاستێکدا بووین کە بیشیانڵێینەوە. فیقه و ئوصولی فیقهیشمان لەلای هەمان مامۆستا خوێند”.

 

مامۆستا لەو کاتەی لە ئێرزروم دەبێت، دەست بە نوسینی ڕۆمانێک دەکات لە ژێر ناوی ” وە مرۆڤ فریوی خوارد”. کاتێک بەشێکی ئەم کتێبەی پشانی هاوڕێیەکی نزیکی بە ناوی جەودەت بلیجان دەدا و، پشتگیریەکی ئەوتۆی لێناکات، دەستی لە نوسینی ڕۆمانەکە هەڵگرت. پاشان ناوی ئەم ڕۆمانە، لەسەر یەکێک لە دیوارەکانی شوێنی مانەوەی مامۆستا لە ئەمەریکا هەڵواسرا.

 

مەلا کەیاش کە یەکێکە لە هاوڕێکانی مامۆستا لە سەردەمی حوجرە، بەم شێوەیە باسی یادەوەریەکی خۆی لەگەڵ مامۆستا دەکات:

فەتحوڵڵا ئەفەندی هاوڕێی من بوو لە سەردەمی حوجرە. مامۆستا عوسمان بێکتاش وانەی بە ئێمە دەوتەوە. لەسەر ڕەحلە وانەمان دەخوێند. مامۆستا لەسەر کتێبێک دەڕۆشت و، ئێمەش لەسەر شێوازی بازنە گوێمان لێدەگرت. فەتحوڵڵا ئەفەندیش لە دوای مامۆستاوە وەستابوو. لەو کاتەدا کتبێکی جیاوازی لە وانەکەی بەردەستمان دەخوێندەوە. مامۆستاش کاتێک ئەمەی بینی وتی” هەی فەتحوڵڵا، من لێرە خەریکە قوڕگی خۆم دەردەهێنم و وانە بە ئێوە دەڵێمەوە، تۆش لەوێ دانیشتوویت و خۆت بە شتی ترەوە خەریک کردووە”. فەتحوڵڵا ئەفەندیش وتی” نەخێر مامۆستا، من گوێم لەلای ئێوەیە، فەتحوڵڵا ئەفەندیش وتی” نەخێر مامۆستا، من گوێم لەلای ئێوەیە، گوێم لە قسەکانی ئێوە گرتبوو”. مامۆستاش وتی” شتی وەها چۆن دەبێت، مادام گوێت لە ئێمە گرتووە، کەواتە بۆمان باس بکە، ئەو شتانەی کەوا لێرە باسمان کرد”. وتی ” مامۆستا لە کوێوە باسیان بکەم؟”. عوسمان ئەفەندیش وتی: لە سەرەتاوە هەتا ئەو شوێنەی هاتین باسی بکە. مامۆستاش زۆر بە جوانی لە سەرەتاوە هەتا کۆتایی باسی وانەکەی بۆ کردین. مامۆستا عوسمانیش بە سەرسوڕمانەوە سەری با دەدا و دەیوت” لەم منداڵەدا زیرەکیەکی تایبەت هەیە”.

وەفاتی ئیمامی ئاڵڤاری کە مامۆستای مەعنەوی مامۆستا م.فەتحوڵڵا بوو

 

لە ١٢ ی ئازاری ١٩٥٦، محمد لوتفی ئەفەندی(ئیمامی ئاڵڤار) وەفاتی کرد. مامۆستا بەم شێوەیە باسی ئەو ڕۆژە دەکات:

“یەکێک لە ڕووداوە ناخهەژێنەکانی ژیانی من، بریتیە لە ڕۆژی وەفاتی ئیمامی ئاڵڤاری. لەو ڕۆژەدا منیش لە ئاڵڤار بووم. هێندەی بیرم ماوە، کاتی چێشتەنگاو بوو. لەسەر کورسیکەی ناو ساڵۆنەکە دانیشتبووم و پشووم وەردەگرت. لە پڕێکدا گوێم لە دەنگێک بوو. ئەگەرچی گونجاوترە بە دەنگی قیژەی ناو ببەین. ئەو دەنگە لە گوێمدا زرنگایەوە کە دەیوت “ئەفە مردووە”. یەکسەر لە شوێنی خۆم فرتەم کرد، چاکەتەکەم گرت بە دەستمەوە و ڕامکرد. کاتێک لە ماڵەکەی حەزرەتی ئەفە نزیک بوومەوە، ڕاستیە تاڵەکەم بۆ دەرکەوت، هەر بە ڕاستی ئەفە مردبوو. چونکە هەموو دراوسێکانی لە نزیک ماڵەکەی کۆ بوو بوونەوە و، دەسڕێکیان بە دەستەوە گرتبوو و دەگریان. دونیا دیسان کەسێکی لە دەستدا کەوا شوێنەکەی پڕ نەدەکرایەوە و، دەبوو بە هۆی ئەم ساتە غەمگینەوە بناڵێنێت. ناڵە و گریان چەندین ڕۆژ و مانگی خایاند. گریانە بێ دەنگەکانیشمان ئێستاش بەردەوامە. لە دوای ئیمامی ئاڵڤاریش، لەلای شێخێکی تەریقەتی قادری بە ناوی ڕاسیم ئاغا بەردەوام بووم”.

 

 وانەکانی تەسەوف

مامۆستا لە ساڵی ١٩٥٧، لەسەر وانەکانی تەسەوف، لەلای ڕاسیم بابا بەردەوام بوو. ڕاسیم بابا مرۆڤێکی گەنج بوو. هەمیشە مامۆستای لەلای راستیەوە دادەنیشاند و زۆر بایەخی پێدەدا. پاش ماوەیەک لە نێو خوێندکارەکاندا دەنگۆی ئەوە بڵاو بوویەوە، کە ڕامیز بابا دەیەوێت مامۆستا بکات بە زاوای خۆی. ئەم دەنگۆیانە بوویە هۆی ئەوەی لە راسیم بابا سارد ببێتەوە و لەلای ئەو جیا ببێتەوە.

 

“ڕاسیم بابا سەرەڕای ئەوەی گەنج بوو، منی لەلای ڕاستیەوە دادەنیشاند. پەیوەندی و بایەخێکی زیاد لە حەدی بەرامبەر من پشان دەدا. بەڵام لە نێو موریدەکانیدا دەنگۆیەک بڵاو بوویەوە. باسیان لەوە دەکرد، کە شێخ دەیەوێت من بکات بە زاوای خۆی. ئەم دەنگۆیانە منیان لەو سار کردەوە، ئیدی جاریکی تر سەرم بەو تەکیەدا نەکردەوە”.

 

یادەوەریەکانی مامۆستا لە ساڵانی خوێندکاریدا

 

مامۆستا بەم شێوەیە باسی یادەوەریەکانی ساڵانی خوێندکار بوونی خۆی دەکات:

مرۆڤێکی زۆر پڕ وزە بووم، هەمیشە لە جوڵەدا بووم. هگیز ئەنجامدانی وەرزشم فەرامۆش نەدەکرد. بەڵام هەمیشە هەوڵی ئەوەم دەدا، ئەم توانستەم بە ئاڕاستەیەکی ئەرێنیدا ببەم. زۆر سوپاس بۆ خودا، مەترسیدارترین ساڵانی گەنجیم، بە بێ هیچ کێشەیەک تەواو کرد. هەتا درەنگانێکی شەو بەسەر تەواوی گۆڕەکانی ئیرزرومدا دەسوڕامەوە و یاسینم بەسەردا دەخوێندنەوە. هەتا ئەو کاتەی لە ئیرزروم جیا بوومەوە، لەسەر ئەم عادەتەم بەردەوام بووم.

 

چاونەترس بووم. دەتوانین ئەمە بە غیرەتێکی زۆر گەورە ناو ببەین. هەمئشە بەسەر ئاوەکەی مزگەوتی کورشونلودا دەهاتم و دەڕۆشتم و گوێم پێنەدەدا. ئەمە لە کاتێکدا بوو، پەڕینەوە بەسەر ئەو ئاوەدا وەک سڵاوکردن لە مەرگ وەهابوو. چونکە بەردەوام شوێنی پەڕینەوەکە دادەڕوخا. دیسان لە چاوتروکانێکدا بەسەر دار سنەوبەرەکەی بەردەم مزگەوتی کورشونلودا سەردەکەوتم و، حەزم بەوە دەکرد لەوێوە سەیری چواردەور بکەم. سەرکەوتن بە پلیکانەی چواردەوەری منارەی مزگەوتیشدا، یەکێک بوو لەو شتانەی زۆر حەزم لێدەکرد. ئەمە لە کاتێکدا بوو ئەو کەسانەی چاویان لێمبوو، لە ترساندا ڕۆحیان دەهاتە بینەقاقایان و هەندێک جاریش نەیاندەوێرا سەیرم بکەن. زۆر بایەخم بە جلەکانیشم دەدا. هەمیشە پاکوتەمیز، بە گوێرەی ئەو ڕۆژگارەش جلی گرانبەهام لەبەر دەکرد. چەندین ڕۆژ بە برسی دەمامەوە، بەڵام هەرگیز نەبینراوە پانتۆڵی بێ ئوتو، قۆنەرەی بێ بۆیاخ لەبەر بکەم. ئەو کاتانەشی کەوا ئوتوم دەست نەدەکەوت، پانتۆڵەکەم دەخستە ژێر جێگاکەمەوە و، لە ژێر ئەو قورساییەدا وەک ئوتوکراوی لێدەهات.

 

هەندێک جار هەندێک لە هاوڕێکانم، ئەم حاڵەی منیان بە لاوە باش نەبوو. پەیوەست بوونم بەو ڕادەیە بە تەکیە و، لەلایەکی ترەوە بزێوی و چاوکراوەیم و بایەخدانم بەو ڕادەیە بە جلوبەرگەکانم، شتانێک بوو کەوا لەگەڵ یەکدا نەدەهاتنەوە. هەروەها قسەی یەکێک لەو هاوڕێیانەی کەا ڕۆژێک بە هۆی لەبەرکردنی پانتۆڵی ئوتوکراوەوە لێم توڕە بوو، هەرگیز لە یادم ناچێت:

“براکەم، تۆ کەمێک ببە خاوەنی تەقوا!”

 

مامۆستا لەبەر ئەوەی زۆر بایەخی بە جلەکانی دەدا، بەم شێوەیە ڕەخنەی لێدەگیرا. تەنیاش لەبەر ئەوەی بایەخی زۆری بە جلەکانی دەدا ڕەخنەی لێنەدەگیرا، بەڵکو تەنانەت لەبەر ئەوەی کەسێکی زۆر چاونەترسیش بوو، بەردەوام ڕەخنەیان لێدەگرت. مامۆستا لە تەمەنی منداڵی و گەنجیدا، کەسێکی زۆر چاونەترس و بەغیرەت بوو. باوکی هەژار و خۆیشی سەرەڕای ئەوەی پێویستی زۆری بە یارمەتی هەبوو، بەڵام خۆدانە پاڵ هیچ کەسێکی قبوڵ نەدەکرد. هاوڕێکانی دەڕۆشتن و خەتمی قورئانیان دەکرد، لەم ڕێگەیەوە پارەیان دەست دەکەوت. ئەو هەرگیز کارێکی لەو شێوەیەی نەدەکرد. تەنانەت هەوڵی ئەوەی دەدا، ڕیگری لەو کەسانە بکات، کەوا ئەم کارەیان دەکرد.

مامۆستا کەوا لە بابەتی لەخۆبوردوویدا زۆر لایەنی هاوبەشی لەگەڵ ئوستاد سەعیددا هەیە، هەرگیز سەدەقە و زەکاتی لە کەس وەرنەدەگرت. هەروەها یارمەتی ماددی کەسانی تری بە هیچ شێوەیەک قبوڵ نەدەکرد. مامۆستا هەر لە تەمەنی منداڵییەوە، ژێر دەستەیی و زەلیلی پێ قبوڵ نەدەکرا. هەمیشە پارێزگاری لە سەربەرزی نەفسی خۆی کردبوو. بەرگەی ناحەقی نەدەگرت و، ڕقی لە زوڵم و زۆرداری بوو. کاتێک تەمەنیشی بەرەو سەرەوە چوو، ئەم ڕەوشتەی بە باشی ڕەگی داکوتا و، لە ساڵانی دواتر بە تەواوی تێیدا باڵا دەست بوو. لەبەر ئەوەی قەرزاری منەتی کەسی بەسەرەوە نەبوو، هەرگیز سەری بە ملیۆنان کەسی شوێنەکەوتەی  خۆی دانەنەواند. وەک پیتی ئەلف، هەمیشە ڕێک و ڕاست لەسەر ڕێگەی خۆی بەردەوام بوو.

خوێندنی مامۆستا هەر لە چوارچێوەی دیوارێکدا نەمایەوە کەوا تاک لایەنانە دەوترایەوە. ڕوویەکی کراوەی بە ڕووی دەرەوەدا هەبوو. لەو تەمەنە گەنجیەشیدا ئەوەی تێدا دەرکەوتبوو کەوا کەسێکی رەوانبێژە. توانستێکی وەهای هەبوو، کە دەتوانرێت لە بابەتی ناسینی مرۆڤەکاندا بە شارەزا ناوی ببەیت. هەرکاتێک مرۆڤێکی دەبینی، لەگەڵ یەکەم بینینیدا دەیزانی کەسێکی چۆنە. لەو سەردەمەدا خوێندکارانەی حوجرە زۆر بایەخیان بە پاکوخاوێنی نەدەدا. بەڵام هەر شوێنێک کەوا ئەوی لێدەمایەوە، لە ماوەیەکی کەمدا ڕێک و پاکوخاوێن دەبوو، گۆڕانکاری گەورەی بەسەردا دەهات. گسک و سۆندەیەکی دەگرت بە دەستیەوە و تەوالێت و زەوی ئەو شوێنەی دەشۆرد کەوا لێی دەمایەوە. مامۆستا حاتەمیش کەوا هاوڕێی کاتی خوێندنێتی، بەم شێوەیە باسی مامۆستا دەکات:

مامۆستا لە کاتی منداڵیشیدا چاونەترس و بەغیرەت بوو. منەتی کەسی هەڵنەدەگرت. ئەوەی قبوڵ نەدەکرد، کەوا خۆی بداتە پاڵ هیچ کەسێک. ئێمە و تەواوی هاوڕێکانی مامۆستا، دەچووین و خەتمی قورئانمان دەکرد،  لەم ڕێگەیەوە پارەمان وەردەگرت. بەڵام مامۆستا هەرگیز لەم کارانەدا لەگەڵ ئێمە بەشداری نەدەکرد. مامۆستام لە ڕیگەی باوکمەوە ناسی. هەر یەکەم ڕۆژ کاتی منی هێنایە حوجرە، وتی ئەوە کوڕەکەی کاک ڕامیزە، ئاگای لێتدەبێت. بەم شێوەیە منی ئەمانەتی دەستی ئەو کرد. هەربۆیە لەگەڵ ئەودا بەشداری تەواوی وانەکانم دەکرد. ڕۆشتنمان بۆ لای مامۆستا عوسمانیش هەر بەو شێوەیە بوو. تەنانەت ئەوەم بیر نایەت لە کاتی نوێژیشدا لەیەک جیا بووبێتینەوە. مامۆستا بۆ هەر شوێنێک بڕۆشتایە، وەک سێبەر بە دوایەوە بووم. بەڵام هەرگیز ئەوە نەبینراوە، مامۆستا بۆ ماوەی ساڵێک لە حوجرەیەکدا بمێنێتەوە. لە یەکەم ساڵدا، هێندەی بژاردبێتم، ڕێک ٨ حوجرەی گۆڕی. ڕۆژێکیان بینیم ڕۆشتووە بۆ حوجرەی مومجو. ئیدی دوای ١٠ ڕۆژ یان ١٥، چووین بە دوایدا هێنامانەوە بۆ لای خۆمان. بۆ ماوەی یەک هەفتە لەلامان مایەوە. دیسان نەوەستا، ئەمجارەیان چوویە حوجرەی ئەسەد پاشا. لەوێش مامۆستایەکی خەڵکی گوندی کۆروجوکی لێبوو، ناوی موحسین ئەفەندی بوو. ماوەی یەک دوو مانگیش لەلای ئەو مایەوە. بەڵام مامۆستا دەروێشێکی وەک ئێمە نەبوو، کەوا لە نێوان چوار دیواری حوجرەدا مابێتەوە و ئاگای لە دونیا نەبێت. هیچ ڕووداوێکی ناو ئێرزروم، سەرنجی ئەویان ڕانەدەکێشا. لەو کاتەدا لایەنێکی تایبەتی تری مامۆستا دەرکەوتبوو. کاتێک کەسێکی دەبینی، یەکسەر لای خۆیەوە نمرەیەکی پێدەدا و هەرگیز لەو بابەتەشدا بە هەڵەدا نەدەچوو. خاوەنی دووربینی و تیژبینی بوو. هەروەها لەگەڵ چواردەورەکەی خۆیدا زۆر هەستیار بوو. هەروەها لەبەر ئەوەی کەسێکی زۆر بەغیرەت بوو، هەندێک جار بێ هیج دوودڵیەک، قەناعەتی خۆی بە کەسی بەرامبەری دەوت. هەموو کاتێکیش ئەوەی دەیوت، ڕاست دەردەچوو. هەروەها شتێکی کاتێکی خوێندکاری کەوا هەتا ئیستا لەبیرم نەچووەتەوە، دیقەتی مامۆستا بوو بە پاکوتەمیزی ناوخۆی. هەموو کاتێک هەرچیەکی لەبەربکردایە، پاکوخاوێن بوو. لەگەڵ ئەمەشدا زۆر بایەخی بە پاکوخاوێنی ئەو شوێنە دەدا کەوا لێی دەمایەوە. ئەمەش لە کاتێکدا بوو، بایەخدان بە پاکوخاوێنی لە حوجرەی ئەو سەردەمەدا زۆر کەم بوو. بەڵام چەندین جار بە چاوی خۆم بینیومە، قۆڵەکانی هەڵکردووە، گسک و سۆندەیەکی بە دەستیەوە گرتووە، تەوالێتەکانی حوجرەی پاک دەکردەوە. وەک گوڵ دەرەوە و ناوەوەی حوجرەکەی پاک دەکردەوە. ئەمەش لە کاتێکدا بوو، خۆیهێندە کەسێکی هەستیار بوو، لە بچوکترین شتی پیس، قێز و بێزی دەکردەوە. تەنانەت ئەم لایەنە هەستیارەشی، ڕێگری ئەوەی لێنەدەکرد کەوا تەوالێتی مزگەوتەکان پاک بکاتەوە. بەڵام لە کاتی خوێندکاری و هەتا ئەو کاتەی گەڕاینەوە ئیدیرنە، هیچ کاتێک ئەوم بە تەنیا جێنەهێشت. هەندێک جار ئەو حوجرەیەی بەجێدەهێشت کە ئێمەشی لێدەماینەوە، دواتر ئێمە دەڕۆشتین و لێی دەپاڕاینەوە و دەکڕوزاینەوە، هەتا دەگەڕایەوە. هەندێک جاریش بێ ئەوەی پرس بە خۆی بکەین، جێگا و شتەکانیمان هەڵدەگرت و دەمانهێنایەوە بۆ لای خۆمان. گەر توانای ئەنجامدانی ئەم کارانەم نەبووایە، جێگاکەی خۆم هەڵدەگرت و بۆ لای ئەو دەڕۆشتم. ئەو لە شوێنە جیاوازەکان وتاری پێشەکەش دەکرد. منیش لە سەر سەریەوە چاوەڕێم دەکرد و، کاتێک وتارەکەی تەواو دەکرد، پێکەوە دەگەڕاینەوە. ڕۆژەکانمان هەمیشە بەم جۆرە یادەوەریە شیرینانەوە بەسەر دەبرد. دەتوانم ئەوە بڵێم، شیرینترین ساتەکانی ژیانم، ئەو ساتانەن کەوا لەگەڵ ئەودا بەسەرم بردووە.

ڕۆژێکیان هەردووکمان لە ناو جێگاکانی خۆماندا بەسەر وانەکانمان دەچووینەوە.  لەگەڵ ئەوەی کتێبەکانمان دەخوێندەوە، هەندێک جار بە ناو قسەشدا ڕۆدەچووین. لە پڕێکدا مامۆستا شتێکی پێوتم هەتا ئەنجامی بدەم. ئێستا بیرم نەماوە ئەو شتە. بەڵام هێندەم بیرە کەوا کارێکی گرنگ بوو. بەڵام من زۆر گوێم پێنەدا و خۆمم تێنەگەیاند. ئەو دیسان پێی وتمەوە کەوا ئەو کارە بکەم، بەڵام من بە سوعبەتەوە وەڵامم دایەوە وتم: نایکەم. هێندەی ئەوەی ئەم قسەیەم کرد، یەکسەر تەختەیەکی بە پشتمدا ماڵی. وامزانی ئیسقانی بڕ بڕەی پشتم شکاوە. هەناسەم بۆ نەدەدرا. وەک ئەوە وەهابوو کەسێک قوڕگی گرتبێتم. خەریک بوو دەمردم. کاتێک ئەوەی بینی جوڵەم لێبڕاوە، وتی ” کورە هەسستە ئەوە چیت لێهاتووە”. کاتێک ئەو بەم شێوەیە قسەی کرد، منیش پێکەنین گرتمی. هەم پێکەنینم دەهات، هەم بە دەستم ئیشارەتم بۆ ئێسقانی پشتم دەکرد کەوا شکاوە. ئەویش وتی” گەر ئەمجارەیان بێمەوە، هەر بە ڕاستی دەیشکێنم”. کاتێک تەواوی ئەم شتانە ڕوویاندەدا، لە دڵماندا یەک گەردیلە زویری و شکان بوونی نەبوو. تەنیا بە دەم سوعبەتمان دەکرد. لەو کاتەدا نیگەرانی ئەوە دایگرتم کە هەر بە ڕاستی ببێت و دانەیەکی ترم پیا بکێشێت، ئەم جارەیان هەر بە ڕاستی ئیشی خەلاس دەکردم. هات و دەستی کردە پشتم و هەڵیساندمەوە. ئیدی نازانم چۆنی هەڵیگرتم، یەکسەر چاک بوومەوە. ئینجا پێی وتم” بە درۆوە پەکی خۆتت خستووە”. لە کاتێکدا بە گاڵتەوە شتی وەهام نەدەکرد، هەر بە راستی هەناسەم لێبڕابوو.

 

یادگەی مامۆستا زۆر بەهێز بوو. من هەرگیز ئەوم نەدیوە زۆر سەعی لە وانەکانیدا بکات. هەر وانەیەک کەوا مامۆستا باسی دەکرد، لە دوای ٢٤ کاتژمێر ڕێک وەک خۆی باسی دەکردەوە. زۆر بە ئاسانیش دەیتوانی وەک وانە بە کەسانی تری بڵێتەوە…

 

 

 

 

 

 

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *