عاشقی ڕاستگۆ: م.فەتحوڵڵا گولەن. بەشی یەکەم…

تارق بوراک یەکێک لە نوسەرەکانی سامانیۆلو لە زنجیرە وتارێکدا یادەوەریەکانی خۆی لەگەڵ مامۆستا م.فەتحوڵڵا گولەن و سەرەتاکانی دامەزراندنی بزاڤی خزمەت دەگێڕێتەوە…

 

ئەی دڵخوازانی خزمەت! کە هەمیشە پشتی مامۆستاتان گرتوەوە و وتووتانە” سەرەڕای هەموو شتێک ئێمە لەگەڵ تۆین”، چەشنی ئەو کەسانەی لە دوای ئوستاد سەعید نورسیەوە ڕۆشتن کە خۆی پێیان دەڵێت “ئەی خوێندکارە مەرد، نەبەز، خۆڕاگر، دڵسۆز، ڕاستگۆی ئەم زەمانە بێ وەفایە”…

لەو وتارەی کە بێ ڕەچاوی کردنی هیچ ڕیزبەندیەک باسی ساڵانی سەرەتای خزمەتتمان کرد کە چۆنی گەشتووە بەم ڕۆژانە، بووە جێگەی تێڕوانینی زۆرێک لە ئێوە و  خوێنەران…

لەسەر داوای زۆرێک لە خوێنەران و دۆستان، بڕیارماندا زنجیرەیەک وتار لە ساڵی لە دایک بوونی مامۆستاوە کە دەکاتە ١٩٣٨ هەتا دەگاتە ئەمڕۆ بڵاو بکەینەوە.

ئەم زنجیرە وتارانەش لە ٣ بەشی سەرەکی پێکهاتووە کە بریتین لە ١- ئوستاد سەعید نورسی ٢- مامۆستا فەتحوڵڵا گولەن ٣ – ئەو ڕووداوانەی لەو سەردەمە ڕوویان دەدا.

بەم شێوەیە بە هیواین لە ژێر تیشکی ڕووداوە مێژوویەکاندا، گۆشەنیگایەکی باشتر لەسەر ژیانی مامۆستا و دروستبوونی بزاڤی خزمەت پێشکەش بکەین. هەروەها پێشبینی دەکەین کە ئەم زنجیرە وتارانە ببێتە هۆکاری ئەوەی خوێندنەوەیەکی باشتر بۆ رووداوەکانی ئەمڕۆمان بکەین…

مامۆستا فەتحوڵڵا گولەن؛ ئەو کەسەی ئامانجی گەورەی خستە بەر دیدەی نەوەیەک کە لە نێو گێژاودا پێچیان دەخوارد و هانیدان کەوا بە عەشق و شەوقەوە خزمەتی مرۆڤایەتی بکەن، کێیە؟

 

گەر بە شێوەیەکی بابەتیانە قسە بکەین، ئەوەی زۆر گرنگە سەبارەت بە مامۆستا فەتحوڵڵا گولەن… هزر و بیروبۆچونەکانی مامۆستا ئەوەی پشاندا کە چۆن ئیسلام و مۆدێرنە لەگەڵ یەکتردا ڕێکدەکەون و پاشان چۆن وەرچەرخانێک دروست دەکەن و، ئەمەش بە ئاشکرا لە وڵاتانی ناوەڕاستی ئاسیا هەتا دەگاتە وڵاتانی ئەوروپا و ئەمەریکا بە ئاشکرا دەبینرێت. هەر لەبەر ئەمەش زۆر گرنگە مرۆڤەکانی جیهانی ئیسلام و ڕۆژئاوا ئاگاداری هزر و بیرورای مامۆستا و لێکەوتەکانی ببن.(پ.د جۆن ئێسپۆسیتۆ، ڕۆژنامەی زەمان، ٣٠ نیسانی ٢٠١١).

 

بەشی یەکەم…

ساڵانی ئێرزروم(١٩٣٨- ١٩٥٩)

کۆروجوک

پێش جەنگی جیهانی یەکەم، بومەلەرزەیەکی زۆر بەهێز ڕوو دەدات. لە گوندی کۆروجوک هیچ ماڵێک نامێنێت نەڕووخێت و هەموو کەس لەسەر خەرمانەکانیان دادەنیشتن و کەس نەیدەوێرا بڕواتەوە بۆ ماڵەوە. ئەمە لە کاتێکدا بوو کە وەرزی زستان هاتبوو، بەفر ئەملاو لای داپۆشی بوو.

ڕۆژێکیان شامیل ئاغا باپیری مامۆستا دەیەوێت بچێتە سەر خەرمانەکەیان، لە ڕێگا چاوی مەهمەت ئەفەندی دەکەوێت و دەڵێت:

شامیل ئاغا بەرەو کوێ دەڕۆیت؟

  • بەرەو خەرمانەکەمان دەڕۆم.
  • بڕۆ لە ماڵەوە بخەوە، گەر یەک بەرد بکەوێتەوە خوارەوە، وەرە و بیدە بە سەری مندا.
  • شامیل ئاغاش بە سەرسوڕمانەوە دەڵێت: لەبەر چی مامۆستا؟
  • ئەمشەو فەخری کائینات و خەلیفە ڕاشیدەکان هاتنە خەوم، حەزرەتی عەلیشیم بینی کە کۆمەڵە دارێکی نوک تیژ(قازوخ) ی بەدەستەوە بوو. منیش بە پەلە ڕامکردە لایان. فەخری کائینات لێی پرسیم: مەلا محمد ئەمە گوندی تۆیە؟ منیش وتم : بەڵێ ئەی پێغەمبەری خودا. فەخری کائیناتیش بە حەزرەتی عەلی وت: ئەی عەلی قازوخێک بچەقێنە بە ناوەڕاستی ئەم گوندەدا، هەتا جارێکی تر لەرزە نەکات. ئەویش یەکێک لە قازوخەکانی دەستی چەقاند بە ناوەڕاستی دەشتەکەدا…

ئەو شوێنەی کە جارێکی تر بە واتا ڕاستەقینەکەی “کلمة الله” و ناوی جەلیلی محمدی تێدا بەرز دەکرایەوە و، تۆوی هەمان خەمیش لە دڵی دەیان هەزار کەسدا دەچێنرا و  هانیان دەدرا بە هەمان مەبەست بە چواردەوری دونیادا بڵاو ببنەوە، بریتی بوو لە گوندی کۆروجو کە شوێنی لە دایک بوونی مامۆستا فەتحوڵڵا گولەنە…

ئەم گوندە ٦٠ ماڵیەی کە مامۆستای تێدا لە دایک بووە، لەسەر ڕێگای مێژوویی ناسراو بە “ڕیگای ئاوریشمە”.

ڕێگای ئاوریشمی ڕێک بە ناوەڕاستی ئەم گوندەدا تێدەپەڕی کە ٢٠ کیلۆمەتر لە شاری ئێرزرومەوە دوورە. هەربۆیە سەرەڕای ئەوەی گوندێکی بچوک بوو، بەڵام ٥ تا ٦ خانی تێدا بوو. هەروەها ئەو هێڵی شەمەندەفەرەی ئێرزرومی بە کارسەوە دەبەستەوە لە نزیک ئەم گوندەوە تێدەپەڕی.

گوندی کۆروجوک لەبەر ئەوەی لە نێوەندی پێدەشتی حەسەنکەلە بوو کە شوێنی پەڕینەوە بوو، قەرەقۆڵێکی هێزەکانی جەندەرمەشی لێبوو.

لە ساڵانی ١٩٤٠ ئەم گوندە زۆر هەژار دەبن. سەرەڕای باری سەختی ژیانیان، بەڵام هەمیشە پڕ هیوا و میوان دۆست و خانە خوێ دەبن و خاوەنی ڕۆحێک دەبن کە ژیانی کۆمەڵایەتیان هەمیشە بە گەرمی ڕابگرن. لە گوندەکە ٣ قاوەخانە بوونیان دەبێت، شەوانە لەم قاوەخانانەدا کتێبەکانی بەتتاڵ غازی، ئەحمەدیە و موحەمەدیە دەخوێنرایەوە…

 

مامۆستا فەتحوڵڵا گولەن…

 

مامۆستا فەتحوڵڵا گولەن لە بەرواری ١٠ ی تشرینی دووهەمی ١٩٣٨ لە گوندی کۆروجوکی سەر بە شارۆچکەی حەسەنکەلە(پاسینلەر) ی شاری ئێرزروم هاتۆتە دونیاوە.(ڕۆژنامەی ئاکشام، لە زنجیرە وتارێکدا کە لە بەرواری ١٢ ی ئازاری ١٩٩٨ بڵاو کراوەتەوە. fgülen.com)

یەکەم وەچەی کوڕی شامیل ئاغا و مونیسە خانم بوو.

 

رامیز ئەفەندی ئەم یەکەم کوڕەی کە هاتۆتە دونیاوە ناو دەنێت محمد فەتحوڵڵا. باوکی مامۆستا ئەم ناوەی ناو دڵی(فەتحوڵڵا)، لە ناوی نەوەیەکی حەزرەتی شێخ محمد کوفرەوی وەرگرتووە کە یەکێک بووە لە مامۆستاکانی ئوستاد سەعید نورسی؛ ئوستادیش لە کتێبی پاشکۆی بارلادا سەبارەت بەو زاتە دەڵێت” شێخ محمد کوفرەوی،ئەو زاتەیە کە لە زنجیرەی زانستدا دوا وانە و موبارەکترین وانەی پێداوم و زیاد لە حەدی خۆم سۆز و میهرەبانی بەرامبەرم پشانداوە…). (پاشکۆی بارلا، کولیاتی پەیامەکانی نور).

ئەو ساڵەی مامۆستا لە دایک دەبێت، رامیز ئەفەندی باوکی دەچێتە بنکەی ڕەگەزنامەی حەسەنکەلە هەتا ناوەکەی تۆمار بکات. بەڵام لەو سەردەمەدا کە تاکە پارتێکی سیاسی دەسەڵاتی وڵاتی بەدەستەوە بوو، کاربەدەستی بنکەکە حەز بەم ناوە ناکات کە پێکهاتووە لە ناوی محمد و لە بەشێکی تریشیدا وشەی الله هەیە، هەربۆیە ئامادە نیە ناوەکەی تۆمار بکات. رامیز ئەفەندیش لەوێدا توڕە دەبێت و گۆڕینی ناوی کوڕەکەی ڕەت دەکاتەوە و بەتوڕەییەوە دەگەڕێتەوە بۆ گوندەکەی.

ساڵی ١٩٣٨ یەکێکە لەو ساڵانەی کە هەموو دونیا و وڵاتی ئێمەش فەلاکەت و بەڵا لە دوای بەڵای بەسەردا باریوە. لایەنێکی مەترسیداری ئەم زەمەنە پڕ فیتنەیەش ئەوە بوو، هەموو هزرێکی نەرێنی کە لە تاکێکەوە دەردەچوو، پاش ماوەیەک کەسایەتیەکی مەعنەوی بۆ خۆی دروست دەکرد و لەناو کۆمەڵگا و چالاکی پشان دەدا.

کۆماری تورکیا لەو کاتەدا تەمەنی ١٥ ساڵ بوو. وڵات لەو کاتەدا، لە ڕووی ماددی- مەعنەوی بە نەبوونی و وشکە ساڵیدا تێدەپەڕی. مرۆڤەکانی ئەنەدۆڵو دوا ڕادەی فیداکاری خۆیان پشاندا و، نەیانهێشت سوپای داگیرکەر بە جزمەکانی پێیانەوە دین و ناموسی خەڵکانی سەر ئەم خاکە پێشێل بکەن. هەرچیەکی هەبوو لە پێناو ڕزگارکردنی دینەکەی بە فیدای کرد. هەربۆیە ساڵانێکی دوور و درێژ خەڵکی لەتێک نانیان دەستنەکەوتووە و لە برساندا گەڵا و گیان دەخوارد و، گەر ئێسقانی ئاژەڵیان دەست بکەوتایە دەستیان دەکرد بە مژینی و ، ژنانیش بۆ ڕزگارکردنی منداڵەکانیان لە مردن، گۆشتی سەگیان دەرخوارد دەدان.(وتاری مامۆستا م.فەتحوڵڵا گولەن لە ساڵی ١٩٧٩ لە بۆرنۆڤا).

سەرەڕای ئەم هەموو فیداکاریەی پشاندرا، سەرئەنجامی کارەکەیان بە تەواوی دۆڕاوی زەرەرەومەندی بوو. ئەو جەنگەی بە ناوی “دینمان لە دەست دەچێت” ئەنجامدرا لەلایەن خەڵکی ئەنەدۆڵوەوە، زۆری پێنەچوو لەلایەن کاربەدەستانی وڵاتەوە دەنگی ” الله اکبر، الله اکبر” لە منارەی مزگەوتەکان قەدەغە کرا و خەڵکی بە حەسرەتیەوە دەژیان و بیریان دەکرد.

دوا قەڵای ئیسلام کە لە ڕۆژئاوای جیهانی ئیسلام بوونی هەبوو، لە دوای ٦ سەدە لە خزمەتکردن بە ئیسلام، چەند گۆڕانکاریەکی تێدا ئەنجامدرا هەتا ئیمان لە دڵی ئەم گەلە چاکە دەربهێنن و بۆ ئەو مەبەستەش چەند یاسایەک دەرکرابوون. ئەو یاسایانەش بریتی بوون لەوەی ژیانی دینی بە تەواوی قەدەغە بکەن و ڕێکارگەلێکی زۆر پڕ نەهامەتی بوون. وانە ئاینیەکان قەدەغە کران و لە شەوێکدا ئەلف و بای عوسمانی قەدەغە کرا و هەموو گەل لە پڕێکدا نەخوێندەوار کەوتن. مرۆڤەکان بە تەواوی بەرامبەر کەلتوری خۆیان نامۆکران و، قەدەغە، سزا و غوربەت یەک لە دوای یەک بەسەریاندا دەسەپێندرا.

ئەمە قەدەغە و مامەڵە کەیفیانەی دەسەڵات، لە سەرتاپای وڵاتدا بووە هۆی ترس و نیگەرانی و سەرهەڵدانی سەرکەشی…

هەربۆیە لە ٢١ ی ئازاری ١٩٣٧ سەرهەڵدانی دەرسیم ڕوویدا، ئەمەش دواجار لە بەرواری ١٣ ی ئەیلولی ،١٩٣٧ بووە هۆی کوژرانی هەزاران مرۆڤ و سوپای تورکیا بەم شێوەیە سەرهەڵدانەکەیان سەرکوت کرد. پەیڕەوی کردنی زۆرداری و توندوتیژیش لەلایەن دەسەڵاتەوە، بووە هۆی ئەوەی لە بەرامبەر ئەمەدا لە ساڵی ١٩٣٨ سەرهەڵدانی دووهەمیش ڕووبدات.

ئەمجارەشیان سوپا بە شێوەیەکی زۆر توند وەڵامی سەرهەڵدانی خەڵکی دایەوە و زۆرینەی عەشیرەتەکانیان کۆکوژ کرد و لە شوێنی خۆیان ڕایانگواستن. لە پاڵ ئەو هەموو کەسەی لە سەرهەڵدانەکەدا کوژران، سەدان هەزار کەسیش لە ماڵ و حاڵی خۆیان بێبەش کران.

یەکێکی تر لە زوڵمە گەورەکانی ساڵی ١٩٣٨، ئەوە بوو کە قورئانی کەریمیان قەدەغە کرد.

خەیاڵەکەی ویلیام گلادستۆن وەزیری داگیرکاریەکانی ئینگلیز کە وتبووی” هەتا ئەم قورئانە لە چنگی موسوڵمانان دەرنەهێنین ناتوانین بەسەریاندا زاڵ ببین. هەرچیەکمان کردووە یان دەبێت قورئانیان لە چنگ دەربهێنین، یاخود  دەبێت هەموو موسوڵمانان لە قورئان سارد بکەینەوە”، خەریک بوو دەهاتە دی. پاش ئەوەی قورئان قەدەغە کرابوو، هانی خەڵکیشیان دەدا بە زمانی تورکی نوێژەکانیان ئەنجام بدەن.

ئوستاد سەعید نورسیش لەم گەردەلولەدا دەکرێتە ئامانجی و هەمیشە بەر هێرشەکانیان دەکەوێت. کاتێک لە خەڵوەتدایە لە شاخی ئێرەک و لەلایەن دەسەڵاتەوە نەفی کراوە و پەراوێز خراوە، بە هۆی شۆڕشی شێخ سەعیدی پیرانەوە و دەیگوازنەوە بۆ شوێنێکی وشکوبرنگی وەک بارلا و، پاشان دەیگوازنەوە بۆ ئێسکیشەهیر و کاستامۆنو…

چونکە ئوستاد زۆر جیاواز بوو لە پیاوە ئاینیەکانی سەردەمی خۆی، لە بەرامبەر نەخۆشیە کوشندەکانی سەردەمی خۆیدا، شێوازێکی باوەڕپێکەری لە چارەسەر دەخستە بەردەم هەموو ئەقڵ و دڵەکان.

مامۆستاش لە ساڵی ١٩٣٨ لە دایک بوو کە لەو کاتەدا مامۆستا سەعید لە تەمەنی ٦٢ ساڵیدا دەبێت و، ساڵی دووهەمی لە کاستامۆنو دەباتە سەر کە لەلایەن حکومەتەوە نەفی کراوە. سەرەڕای ئەو هەموو زوڵمەی بەرامبەری ئەنجام دەدرێت، لەم شوێنەدا لەلایەن پیاوانی سەر بە دەسەڵاتەوە ٣ جار ژەهران خوارد دەکرێت.

هەروەها لە هەمان ساڵدا شاری هەتای کە لە نێوان فەرەنسا و سوریا کێشەی لەسەرە، سەربەخۆیی خۆی ڕادەگەیەنێت و تەیفور سۆکمەنیش بۆ سەرۆکایەتی  هەتای هەڵدەبژێردرێت. بەڵام شاری هەتای، لە ٢٩ ی حوزەیرانی ١٩٣٩، بڕیاری ئەوە دەدات کە ببێتە بەشێک لە تورکیا.

یەکێک لە ڕووداوە گرنگەکانی ئەو ڕۆژەی مامۆستا فەتحوڵڵا گولەن دێتە دونیاوە ئەوەیە کە موستەفا کەمال ئەتاتورک لە هەمان ڕۆژدا دەمرێت. دوای ئەتاتورک، عیسمەت ئێنونو، لە پەڕلەمانی ئەو کاتەی تورکیادا کە بەدەستی تاکە پارتێکی سیاسیەوەیە، لە بەرواری ١١ ی تشرینی دووهەمی ١٩٣٨، وەک سەرۆک کۆمار هەڵدەبژێردرێت.

ژمارەی دانیشتوانی تورکیا لەو کاتەدا تەنیا ١٦.٩ ملیۆن کەس بوو، بودجەی ساڵانەشی تەنیا ١٩٥ ملیۆن دۆلار بوو.

لە هەموو تورکیادا تەنیا دوو زانکۆ هەبوو کە بریتی بوون لە زانکۆی ئسیتەنبول و ئەنقەرە. لە هەندێک لە شارەکانی تورکیاشدا خوێندنگەی دواناوەندی بوونی نەبوو، وەک چۆن لە زۆر شاری ئەنەدۆڵو کارەبا بوونی نەبوو، لە گوندەکانیشدا بە هیچ شێوەیەک کارەبا و تەلەفۆن بوونیان نەبوو.

لە ئیستەنبول، قەیسەری، بورسا چەند کارگەیەکی قوماش، کارگەیەی شوشە، لە ئیزمیتیش کارگەیەکی کاغەز بوونی دەبێت. زۆرێک لەم کارگانە بە یارمەتی یەکێتی سۆڤیەتی ئەو کاتە دروستکراون. گەر لە ئیزمیرەوە بتەوێت بچیتە ئەنقەرە، تەنیا لە ڕێگەی ترابزۆن و سامسونەوە دەڕۆشتیت. هیچ ڕێگەیەک لە ئێرزینجانەوە نەدەڕۆشت، هیچ کام لە شارەکانی ئەنەدۆڵو بە یەکەوە نەبەسترابوون.

سەرەڕای ئەو بارە سەختەی وڵاتی پێدا تێدەپەڕی، مامۆستا م.فەتحوڵڵا گولەن لە خێزانێکدا لە دایک دەبێت کە هەتا بڵێیت لە ڕووی دینداری و زیرەکی و پێگەشتنی هەستەکانەوە دەوڵەمەند دەبن. رۆحی ئیسلام زۆر بە زیندووی لەم خانەیەدا بوونی هەبوو.

لەم خانەیەدا باپیری مامۆستا، کە بە وتەی خودی مامۆستا : کەسێک دەبێت نمونەی جددیەت، توانا، ویقار و چەسپاوی لە دیندا دەبێت؛ پەیوەندیەکی توندوتۆڵی لەگەڵ کوڕەزاکەیدا دەبێت.

باوکیشی بە ناوی رامیز ئەفەندی، سەرەڕای ئەوەی لە سەردەمێکدا لە دایک دەبێت کە تورکیا لە ڕووی ماددی- مەعنەوی بە نەبوونی و وشکەساڵیدا تێدەپەڕێت و لە گوندێکی بچوکیشدا لە دایک بووە، بەڵام لەبەر ئەوەی پەروەردەیەکی دەرونی ناوازەی وەرگرتووە، کەسێکی ڕەسەن و عاشق بە زانست دەبێت، کە هیچ کام لە کاتەکانی بە فیڕۆ نادات و هەتا بڵێیت کەسێکی ڕێزدار و وابەستەی دینەکەی دەبێت.

مونیسە خانمی نەنکیشیان ژنێکی بێدەنگ  و سەلار دەبێت کە هێندەی دەریاکان قوڵ و فراوان دەبێت، لە ڕووی هەموو کردار و هەڵسوکەوتیەکیەوە ئەوەی پشان دەدا کە کەسێکی ئیماندارە و پەیوەندی لەگەڵ خودادا هەیە و خانمێکی نمونەیی بوو.

دایکی دایکی مامۆستاش بە ناوی خەدیجە خانم نمونەی کەسایەتیەکی پاک و بێگەرد دەبێت. رافیە خانمیش کە دەکاتە دایکی مامۆستا، یەکێک بوو لەو خانمانەی وانەی قورئانی فێری هەموو خانمەکانی گوندەکەیان دەکرد و نمونەی پاکی و سەلاری بوو.

مامۆستا لە دەرەوەی خێزانەکەشی، زۆر لە ژێر کاریگەری ئیمامی ئاڵڤارلی محمد لوتفی ئەفەندی دەبێت.

 

درەختی خانەوادەی مامۆستا…

زانیاری تەواو لەسەر باپیرە گەورەکانی مامۆستا لە هەردوو بەرەی دایک و باوکیەوە لە رووی زارەکی و بەڵگە فەرمیەکانیشەوە بەردەست و زانراوە. ئەم زانیاریە فەرمیانەش لە ئۆفیسی ئارشیڤی عوسمانی سەر بە سەرۆکایەتی وەزیران، تۆمارەکانی تاپۆ، تۆماری قازیەکان و بنکەکانی ڕەگەزنامەی سەر بە وەزارەتی ناوخۆی تورکیا بوونیان هەیە.

 

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *