عاشقی ڕاستگۆ – ١٤ ‘ئەم خەڵکە لە تۆش تێناگەن!’

مامۆستا فەتحوڵا گولەن، لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی ١٩٦١ بە مەبەستی چوون بۆ خزمەتی سەربازی ناچاریی، ڕووی لە وێستگەی شەمەندەفەری کارائاچدا کردبوو. زیاتر لە ٤٠ کەس بۆ پێشوازی هاتبوون. خوێندکارەکانی، کاسبکاران، مامۆستا یاشار توناگور، حوسەین تۆپ، ئیسماعیل گۆنولالان، کارمەندی ئەوقاف و چەندین دۆستی دیکە لەوێ بوون.

ئەوکات بە شەمەندەفەر دەچوون بۆ ئیستەنبوڵ. مامۆستا هەروەک چۆن کاتێک ئەرزڕومی بەجێهێشت هەستێکی پڕ لە هیجرانی هەبوو، هەمان هەستیشی هەبوو کاتێک ئێدیرنەی بەجێهێشت. ئەو ڕۆژە مامۆستا یاشاریش زۆر هەستی جوڵابوو.

مامۆستایان بە دوعا بەرەو سەر شەمەندەفەرەکە بەڕێکرد. نێوانی وێستگەی کارائاچ بۆ ئێدیرنە ٥ بۆ ٦ کیلۆمەتر دەبوو. کاتێک مامۆستایان بەرەو سەربازی بەڕێکرد لە دوای بەجێمان غەم دایگرتبوون. مامۆستا یاشار توناگور کاتێک مامۆستا فەتحوڵای بەو شێوەیە بەرەو سەربازی بەڕێکرد وتی ‘سواری هیچ هۆکارێکی گواستنەوە نابین، هەر بە پێ دەگەڕێینەوە بۆ ئێدیرنە’. دواتر هەموو ئەوانەی ڕۆشتبوون بۆ بەڕێکردنی مامۆستا فەتحوڵا پێکەوە بە دەم باسکردنی یادەوەرییەکانی ڕۆژانی ڕابردوویان لەگەڵ مامۆستا پێکەوە گەڕانەوە بۆ ئێدرنە.

مامۆستا لە مانگی تشرینی یەکەم (مانگی ١١) لە یەکەی بەرگری ژمارە یەک، لە بنکەی سەربازی ماماک لە ئەنقەرە خۆی ڕادەست کرد. هەر لە ڕۆژانی سەرەتادا فەرماندەی یەکەکە مامۆستای بانگ کرد. مامۆستا چووە بەرامبەر فەرماندەی یەکەکە و سڵاوی لێکرد. فەرماندەکە لێی پرسی: ”تۆ مامۆستایت؟”، مامۆستاش لە وەڵامدا وتی: ”بەڵێ”. فەرماندەکە وتی: ”خێزانی من کەمێک نەخۆشە. با بیهێنم تۆ دوعایەکی بەسەردا بخوێنە!”. مامۆستاش لە وەڵامدا وتی: ”فەرماندە، من بەو شێوەیە دۆعا خوێندن بەسەر نەخۆشدا نازانم. ئەگەر تۆ باوەڕت بەوە هەیە کە ئەوە کاریگەری دەبێت، وا باشتر دەبێت کە ئێوە بیخوێنن!”. فەرماندەی یەکەکە ئەگەر وەڵامێکی ئەرێنی دەست بکەوتایە ئەوا بە دڵنیاییەوە ئەوی بە ”ساختەچێتی و نوشتەچی” تۆمەربار دەکرد. ئەو هەڵوێستەی مامۆستا فەرماندەی یەکەکەی خۆشحاڵ کرد.

مامۆستا لەو بارەیەوە دەڵێت: “تومەز فەرماندە منی تاقیدەکردەوە و منیش لەوێدا پاداشتی بیروباوەڕەکەمم بینی. فەرماندەی یەکەکە تا ڕادەیەکی دیاریکراو منی پاراست. بۆ ئەوەی من ئاسوودەتر بم منی کرد بە سەرپەرشتیاری بێتەلەکان. بە دڵنیاییەوە ٤ مانگی تر ماینەوە بۆ ئەوەی خولێک لەو بارەیەوە ببینین. ئەو سەردەمەی لە ئەنقەرە مامەوە سەردەمێکی زۆر ناڕەحەت بوو بۆ من”.

یوسف بیلگین لە ساڵی ١٩٦٢ لە بنکەی سەربازی ماماک لە ئەنقەرە لەگەڵ مامۆستا فەتحوڵا پێکەوە لە خزمەتی سەربازیدا بوون. بەم شێوەیە باس لە هەندێک یادگاری ئەو سەردەمە دەکات:

“مامۆستا فەتحوڵا هەر لە یەکەم بینینەوە کاریگەرییەکی گەورە و فراوانی لەسەر من درووستکرد. قسەی لەسەر بابەتە ئیسلامی و ئیمانییەکان دەکرد و گفتوگۆی لەگەڵدا دەکردین. خاوەنی زانستێکی ئایینی ئێجگار فراوان بوو. لەگەڵ ئەوەشدا زۆر شارەزایی لە پەیامەکانی نوردا هەبوو. وتار و گفتوگۆکانی بە چەند بەشێک لە پەیامەکانی نوور دەڕازاندەوە. چاوی بە سەرجەم بەرهەمە نوێیەکاندا دەخشاند و لە نزیکەوە چاودێری گۆڤار و ڕۆژنامەکانی دەکرد. میدیای پشتگوێ نەدەخست. لە نزیکەوە چاودێری ڕووداوەکانی دەکرد و بە گوێرەی بارودۆخەکە لێدوانی هەبوو. یادەوەری زۆر بەهێزبوو و مامۆستایەکی زیرەک بوو. ئاگای لە جلوبەرگ و شێوازی دەرکەوتنی دەبوو. ئەو پۆشاکەی لەبەری دەکرد لێی دەهات و کەشخە دەردەکەوت. پاکوخاوێن و بە تەرتیب بوو. خۆی کارەکانی خۆی دەکرد، نەیدەویست هیچ کەسێک کارێکی تایبەت بە خۆی بکات. خۆی جلوبەرگی پیسی خۆی دەشۆرد. ئێمە لەبەرئەوەی ڕانەهاتبووین تووشی ناڕەحەتی دەبووین. بەڵام مامۆستا فەتحوڵا بە ئاوێکی وەک سەهۆڵ جلەکانی دەشۆرد و تەنانەت بەو ئاوە ساردە خۆشی دەشۆرد. نەدەچوو بۆ ئەو گەرماوانەی بە کۆمەڵ خۆیان دەشۆرد. من دواتر دەچووم لە ماڵی خزمەکانمان دەمامەوە. لە دوای ئەوە کەمێک ئیسراحەتم کرد. بەڵام ئەو هەر لەو هەلومەرجە سەختەدا بەردەوام لە ئەنجامدانی کارەکانی بەدەستی خۆی.

لەو ماوەیەی کە پێکەوە بووین لە ئەنجامی ئەو قسانەی دەیکرد بۆم دەرکەوت کە ئەو زۆر فراوان بیردەکاتەوە. هەندێک قسەی دەکرد کە گوزارشتی لە دووربینی ئەو دەکرد. هەمیشە ئاسۆی بیرکردنەوەکانی فراوان بوون. باسی لە کێشە و دەردەکانی جیهانی ئیسلامی و مرۆڤایەتی دەکرد، و لە بابەتی چارەسەرکردنی کێشەکاندا ڕێگەی جیاوازی دەخستەڕوو. پلان و بەرنامەی زۆر وردی دادەنا بۆ کۆتایی هێنان بە جەهالەتی مرۆڤایەتی و بە تایبەتی خەڵکانی خۆمان. ئەو دەیویست کەسانی فیداکار هەولێكی زۆر بدەن و پشتیوانی بکەن لە جێبەجێ کردنی ئەو پلانانە. کاتێک لە ساڵی ١٩٧٠ سەردانم کرد لە ئیزمیر، یەکێک لەو بیروبۆچوونانەی ئەوە بوو لەگەڵ تەلەبەکانیدا لە کەمپێکی خوێندنەوەدا بوو. لەوێدا زۆر هەوڵی دەدا کۆمەڵێک تەلەبەی دڵسۆز و بە هیممەت پەروەردە بکات. سەرەڕای ئەوەی چەند کاتژمێرێک لەو کەمپەدا مامەوە بەڵام ناتوانم باس لەو کەشە مەعنەوییە بکەم کە لەوێدا هەبوو. هەوڵی دەدا نەوەیەکی بە دیسپلین و پڕ هەست پێبگەیەنێت.

کاتێک دەچوون بۆ بازار بە شێوەیەکی گشتی دەچووین بۆ مزگەوتی حاجی بایرام و لەوێ نوێژمان دەکرد و لەگەڵ ئەو کەسە گەورانەی لە مزگەوت ناسیبوومان، قسەمان دەکرد. مامۆستا لەو بابەتەدا زۆر دەستپێشخەربوو. جگە لەوە لەگەڵ چەندین کەسی دیکەی وەک سالح ئۆزجان خاوەنی گرووپی هیلال، ئیبراهیم کایا ئورفایی کە بەرگدرووبوو، لە نزیک مزگەوتی حاجی بایرام (باوکی عەلادین کایا)، جومالی کۆچاکی بەرگدروو کە هاوڕێی سەربازیمان بوو، وە چەندین کەسایەتی دیکەی قسەی دەکرد و گفتوگۆیان دەکرد”.

مامۆستا فەتحوڵا بە درێژایی تەمەنی زۆر بەئاگابوو لە بەکارهێنانی کەلوپەلی دەوڵەت و میللەت. بەم شێوەیە باس لەو هەستیارییەی دەکات لەو کاتەی لە خزمەتی سەربازیدا بووە:

“لەبەر ئەوەی بەو شێوەیەی دەویسترا خزمەتی سەربازم نەدەکرد پێم وابوو ”خواردنی ئەوێ بە من حەڵاڵ نییە”. تەنانەت ئەو پۆشاکەی لەبەرم دەکرد، لە خوێندکارێکی سەربازم کڕیبوو. ڕەچاوی ئەوانەم دەکرد. ژمارەیەکی زۆر کاغەزم لە بەردەمدا بوو، بەڵام سوێند دەخۆم بەوەی کە بۆ بەرژەوەندی خۆم یەک کاغەزم بەکارنەهێناوە و بە پێنووسێکی سەربازی تەنانەت یەک نوقتەم لە بەرژەوەندی خۆم نەنووسیوە. زۆر بە هەستیارییەوە مامەڵەم دەکرد.

ئەگەر ئەوە پێی بوترێت “چل ڕۆژ خۆگرتنەوە لە خواردنی بەروبومی ئاژەڵی”، من یەکەم چلەم بە ناچاری لە سەربازی ئەنجامدا. لە ڕووداوەکانی تالات ئایدەمیردا، بە هۆی ئەوەی بێ ئەوەی بزانین لە ڕیزەکانی ئەودا بووین، چەکەکانمان لێوەرگیرایەوە و – پێموابێت – بۆ ماوەی دوو مانگ لە هەموو چوونە دەرەوەیەک دابڕێندرابووین. پێش ئەو دابڕاندنەش زۆر لە بابەتی خواردن و خواردنەوەکانم زۆر بە ئاگا بووم و لە کاتی ئەو دابڕاندنەشدا ناچاربووم زۆر زیاتر ئاگادار بم. من لەو چل ڕۆژەدا لە کاتی نێوان خەون و بەئاگاییدا شاهێدی هەندێک درەوشانەوە بووم کە پێم وابێت ئەگەر لێرەدا بیڵێم کارێکی باش نابێت.

ڕۆشتنی مامۆستا فەتحوڵا بۆ ئیسکەندەرون

هەشت مانگ دواتر تیروپشک ئەنجامدرا. لە تیروپشکەکەدا مامۆستا فەتحوڵا ناوی بۆ ئەرزڕوم دەرچوو. ئەو لوتفێکی ناوازە بوو. بەڵام وتیان ”مامۆستا تۆ خۆت خەڵکی ئەرزڕومیت، لەبەر ئەوە نابێت”. مامۆستا فەتحوڵا جارێکی تر ناوێکی ڕاکێشا دیسان هەر ئەرزڕوم دەرچوو. دیسانەوە وتی ”نابێت”. لە سێیەمین جاردا دیاربەکری بۆ دەرچوو. وتیان ”ئێستاش ئەوە دەبێت بە ستەم”. بۆ جاری چوارەم لە تیروپشکەکەدا ئیسکەندەرون دەرچوو، وتیان ”بژی مامۆستا”. ئەوانە بە گوێرەی هەست و بیروبۆچوونی خۆیان وایان دەوت؛ بەڵام مامۆستا فەتحوڵا زۆر نیگەران ببوو.

“خزمەتی سەربازی بۆ من بووە پلەی دووەم لە خوێندندا…”

“لە سەردەمی سەربازیدا فەرماندەیەکی زۆر هۆشیارم هەبوو. لە ئیسکەندەروون یەکمان بینی. ئەو بووە لوتفێکی خودا بۆ من. خودا بە بەهەشتی شاد بکات، ئەو زاتێکی زۆر پێگەیشتوو بوو. بە شۆفێرەکەی وتبوو: ”ڕەنگە کەسانی بە نرخ بێن بۆ خزمەتی سەربازی، تۆ ئەگەر ئەوانەت بینی بە من بڵێ با پارێزگارییان لێ بکەم. شۆفێرەکەش هاتنی منی بە فەرماندەکەی ڕاگەیاندبوو. ئەرکی من لە یەکە سەربازییەکەدا سەرپەرشتی کردنی ئامێری بێتەلەکان بوو. فەرماندە ناو بە ناو دەهات بۆ لام و گاڵتەمان دەکرد و قسەمان دەکرد و دەیوت وەرە ”با پێکەوە وێنەیەک بگرین”. ئەو کەسانەی خزمەتی سەربازییان کردووە دەزانن کە هیچ فەرماندەیەک لە سەربازیدا پەیوەندییەکی لەو شێوەیەی لەگەڵ سەربازەکانیدا نییە.

دوو تایبەتمەندی لەو زاتەدا هەبوو: یەکەمیان بریتیبوو لە زانیارییەکی تەواو سەبارەت بە تەسەوف. زۆر شارەزابوو لە دەستەواژە تەسەوفییەکاندا. زۆری خوێندبوویەوە. زۆر بە باشی کلاسیکەکانی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای دەزانی. من هیچ کەسێکم نەبینیوە هێندەی ئەو بە باشی سەعدی، حافز، مەلا جامی، فیردەوسی، ئەنوەری بزانێت. لای ئێمە سەعدی دەناسرا، حافز دەخوێندرایەوە، بەڵام، من لەوەوە گوێم لەو شاعیرە ئێرانییانە بووە کە میولەر بە ستایشەوە یادیان دەکات. لە هەمان کاتدا بووە یارمەتیدەرم لە خوێندنەوەی کتێبەکانی ڤۆڵتێر، ڕۆسۆ، چەند نووسەرێکی تری ڕۆژئاوا. وتی ”بە دڵنیاییەوە پێویستە ڕۆژئاوا بناسیت”. خزمەتی سەربازی بۆ من بووە پلەی دووەم لە خوێندندا…

ڕۆسۆم بە هەموو شتەکانییەوە بەدڵ نەبوو لەبەری ئەوەی کەسێکی سرووشتگەرا بوو. هەڵوێستیشی هەبوو بەرامبەر بە میتافیزیک. بە دڵنیاییەوە ئەو لایەنانەی دەکرێت بەو کەلتورە ببەزێندرێت کە ئێمە پێشتر وەرمانگرتبوو، بەڵام ئینکاری لەوەش ناکرێت کە فەیلەسوفێکی گەورە بووە. دواتر کلاسیکەکانی ڕۆژهەڵاتم خوێندەوە. چەند بەرهەمێکی ڕۆژئاوایی وەرگێڕدراوم خوێندەوە لەوانە بەرهەمەکانی کانت و شیلەر. پێشنیاری جیاوازیان هەبوو سەبارەت بە فەلسەفە.

کاتێک لەسەر دۆشەکی مەرگ بوو سەردانم کرد. وتی “من دەمویست ئەمساڵ خانەنشین بم بۆ ئەوەی بتوانم لەگەڵ تۆ بچین بۆ حەج. تۆ ئەو کاتەی لە خزمەتی سەربازیدا بوویت بە منت وت “فەرماندە با بە پیاسە بڕۆین”. منیش بیرم لەوە دەکردەوە، بەڵام ڕەنگە بمرم و نەتوانم بڕۆم”. لەو کاتەدا جارێکی تر ناوی پێغەمبەر (صلی الله علیه و سلم)ی هێنا و وتی ”لێوەکانم” و لێوەکانی لێسایەوە… بەڵێ ئەو کەسێکی بەو جۆرە بوو. ئەوە بەختیارییەکی گەورەش بوو بۆ من کە کەوتبوومە دەستی ئەو. کاتێک گواسترامەوە بۆ یەکەی زرێپۆشی یەکەم، بە هۆی چاوپۆشی و لێبوردەیی ئەوەوە دەمتوانی وتار بدەم. ئەگەر ئەو نەبووایە ڕێگە بە من نەدەدرا وتار بدەم. وەک منداڵێک باوەشی بە مندا کرد. زۆر بە کوڵ دەگریا. تەبعەن من ٤ ساڵ بوو لە خانەوادەکەم دابڕابووم، نەمتوانیبوو بڕۆمەوە بۆ ئەرزڕوم. ئەویش هاوسەرگیری کردبوو، لە خێزانەکەی جیاببووەوە، بە تەنها بوو. لەگەڵ مندا سەبووری بۆ دەهات. بە شێوەیەکی تەسەوفییانە قسەم دەکرد و ئەویش بە جۆش و خرۆشەوە گوێی بۆ دەگرتم. تەنانەت شتێک هەیە کە هەرگیز لە یادم ناچێت. ڕۆژێکیان لە مزگەوت، کاتێک باسم لە یەکانەکی بوون(وحدة الوجو)د دەکرد و باسی حەلاجم دەکرد، ئەو بە سەربادانەوە لە مزگەوت چووە دەرەوە و وتی “ئەم گەمژانە، ئەم مرۆڤە نەزانانە، وەک حەلاج تۆش بەردبەران دەکەن و دەتکوژن، من لەو دەترسم!”. ئەو مرۆڤە پێگەیشتووە لە بابەتی خوێندنەوەی کتێبدا زۆر کاریگەری گەورەی لەسەر من هەبوو.”

 

مامۆستا فەتحوڵا کاتێک لە خزمەتی سەربازی بوو کەمی دەخوارد و کەم دەنووست و خۆراکی تەواوی نەدەخوارد. بە هۆی کەمی خواردنەوە لە وەرزی هاویندا زۆر بێزاربوو بوو. ناڕەحەتییەکانی سەریهەڵدا. دەرمانێکی نەبوو تا پێوە خۆی ڕابگرێت. چوو بۆ لای پزیشک. پزیشکەکە وتی ”زەردی لە چاوەکانیدا هەیە. ئەوە زۆر مەترسیدارە” و لە نەخۆشخانە خەواندییان. ماوەیەکی درێژ لە نەخۆشخانە مایەوە. دواتر بۆ ماوەی سێ مانگ پێشنیاری هەوا گۆڕکێی بەردەوامیان بۆ کرد.

مامۆستا لە یادەوەرییەکانیدا لەو بارەیەوە دەڵێت “لە بارودۆخێکی نەخۆش و پەرێشاندا بە مەبەستی چوون بۆ ئەرزڕوم سواری شەمەندەفەربووم. عارفی باشچاوش جانتایەکی بۆ من کڕیبوو. کەلوپەلەکانم خستە ناو ئەو جانتایەوە. تا ئێستاش ئەو جانتایەم وەک یادەوەرییەکی گرنگ پاراستووە…”

دوای چوار ساڵ لە ئەرزڕوم…

مامۆستا فەتحوڵا ساڵی ١٩٥٩ ئەرزڕومی بەجێهێشتبوو، هەروەها کاتێک ڕۆشت بۆ خزمەتی سەربازی دەرفەتی ئەوەی نەبوو سەرێ لە شارەکەی خۆی بداتەوە. چوار ساڵ تێپەڕیبوو. لە نێو ئەو هەستانەدا و بە نەخۆشی سواری شەمەندەفەرەکە بوو. شەمەندەفەرەکە پڕ پڕ بوو لە خەڵک.

لە کۆتاییدا گەیشتە شاری ئەرزڕوم و دابەزی. هاتبووە ئەو گەڕەکەی ماڵەکەیانی تێدابوو. ماڵیان لە گەڕەکێکدابوو کە دەرنەدەچوو. هیچ کەسێک نەیزانیبوو کە ئەو دێتەوە. کاتێک چووە ناو کۆڵانەکەوە هەندێک کەس لە چواردەورەوە هاواریان کرد:

–  سەرباز دێت، سەرباز دێت…

لە نێو هاتوهاوارەدا ڕێک گەیشتبووە بەردەم ماڵی خۆیان. لە دەرگایدا. دایکی لە بەرامبەریدا بوو! خاتوو ڕەفیعە ڕۆڵەکەی خۆی نەناسییەوە. دواتر لێی پرسی “تۆ فەتحوڵایت؟” و باوەشی پێداکرد.

ئەو ژنە داماوە بە درێژایی ڕۆژەکە گریا، لەبەر ئەوەی مامۆستا فەتحوڵا ڕێک لەو قۆناغەی تەمەنیدا ئەرزڕومی بەجێهێشت کە شێوەی ڕوخساری دەستی بە گۆڕان دەکرد. بە درێژایی چوار ساڵ لە خەیاڵی دایکیدا هەر لەسەر شێوە ڕوخسارە کۆنەکەی مابووەوە. جگە لەوە لە کاتێکدا کە هیچ چاوەڕێی نەدەکرد لەناکاو پەیدابوو. هەندێک گۆڕان لە خوشک و براکانیشیدا ڕوویدابوو. مەسیهـ زۆر نامۆ ببوو.

لەو شەوەدا ڕووداوێکی زۆر سەیر ڕوویدا. مەسیح ئەفەندی برای، لەو ڕۆژەوەی برا گەورەکەی چوو بوویە ئێدیرنە تا ئەو ڕۆژەی گەڕایەوە هیچ قسەیەکی نەکردبوو! ئێوارە کاتێک هاتەوە بۆ ماڵەوە و مامۆستا فەتحوڵای برا گەورەیی بینی، زمانی کرایەوە و دەستیکردەوە بە قسەکردن:

-کاکە، کاکە، بەخێربێیتەوە! دواتر دەستیکردە ملی و فرمێسکی دەڕشت. ئەو شەوە لەو ماڵەدا کەشێکی وەک جەژن هەبوو. ڕامیز ئەفەندی باوکی هەم بە گەڕانەوەی مامۆستا فەتحوڵا زۆر خۆشحاڵ بوو، هەم بە کەوتنەوە قسەی کوڕەکەی زۆر خۆشحاڵ بوو.

مامۆستا فەتحوڵا دوای ئەوەی بۆ ماوەی چوار مانگ لە ئەرزڕوم مایەوە و بارودۆخی تەندرووستی باش بووەوە، دووبارە گەڕایەوە بۆ ئیسکەندەرون.

لە ساڵی ١٩٦٣ دا کاتێک مامۆستا فەتحوڵا لە خزمەتی سەربازی بوو، مامۆستا یاشار توناگور لە ئێدیرنەوە گوازرایەوە بۆ ئیزمیر و وەک وتاربێژ دامەزرا. مامۆستا حوسەین تۆپ لە یادەوەرییەکانیدا دەڵێت ”سەرەتا مامۆستا فەتحوڵا و دواتر مامۆستا یاشار ئێدیرنەیان جێهێشت و بەوەش وەک ئەوە وابوو ئێدیرنە چۆڵ بووبێت، زۆر غەمباربووم”.

مامۆستا یاشار توناگور لە قسەکردن و وتارەکانیدا بە شێوەیەکی زۆر بوێرانە قسەی دەکرد. زیندووێتییەکی هێنابوو بۆ بەڕێوەبەرایەتی ئەوقاف. زۆر گورجوگۆڵ و بە یاسا و دیسپلین بوو. قایمقام ئەو مامۆستایەی زۆر خۆشدەویست. ئەوی بانگ نەدەکرد بۆ قایمقامییەت، بەڵکو خۆی دەچوو بۆ لای بۆ ئەوقاف و چایەکی لەوێ دەخواردەوە. بە هۆی ئەو کارانەوە سەرەتا ئەو قایمقامەیان لە ئێدیرنە دوورخستەوە و دواتریش مامۆستا یاشار توناگور.

مامۆستا یاشار کاتێک چوو بۆ ئیزمیر لە مزگەوتی کەستانەپازاری دەستیکرد بە وتاردان. لەوێ ڕێکخراوی پێگەیاندنی خوێندکار بۆ بەشی پێشنوێژ و وتارخوێندن کردەوە. بڕیار وابوو مامۆستا یاشار لە ساڵی ١٩٦٣ وە بۆ ساڵی ١٩٦٥ لە ئیزمیر بمێنێتەوە.

مامۆستا فەتحوڵا گولەن لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی ١٩٦٣ خزمەتی سەربازی لە ئیسکەندەرون تەواو کرد و گەڕایەوە بۆ لای خانەوادەکەی. بەم شێوەیە باس لەو ڕۆژگارە دەکات:

“ناخۆشترین ڕۆژەکانی ژیانم کۆتایی هاتبوو. ماوەی دوو ساڵ لەگەڵ شۆڕشەکان و هەوڵەکانی شۆڕشگێڕی ڕووبەڕوو دەژیام و دەموت ”خەونێکی ترسناک دەبینم، کاتێک بەئاگادێمەوە هەمووی تێدەپەڕێت” و هەوڵمدەدا لەو ڕێگەیەوە قەناعەت بە خۆم بکەم و توانیم بەو قەناعەتەوە ئارام بگرم و خزمەتی سەربازی تەواو بکەم. ماوەی چەند ڕۆژێک لە ئیسکەندەرون مامەوە. لە ئیسکەندەرون خاوەنی کۆمپانیایەکی گواستنەوە – کە ئێمە لەگەڵ ئەودا دۆستایەتییەکی بەهێزمان هەبوو – پێشنیاری کاری بۆ کردم. من دەبووم بە سەرپەرشتیاری کۆمپانیاکە. ئەو پێشنیاری کارە بۆ ئەو سەردەمە زۆر سەرنجڕاکێش و ناوازە بوو، بەڵام بێ ئەوەی هیچ بیری لێ بکەوە ڕەتم کردەوە.پاشان گەڕامەوە بۆ ئەرزڕوم”.

مامۆستا فەتحوڵا دوای تەواوکردنی سەربازی، پێنج شەش مانگ لە ئەرزڕوم مایەوە. خەڵکی ئەرزڕوم بە هۆی ئەو وتارانەی کە ساڵێک پێشتر لە کاتی گۆڕانی بارودۆخەکەدا پێشکەشی کردبوو، بە “مامۆستاکەی ئێدیرنە” ناوباگی دەرکردبوو.

مامۆستا لەو کاتەی لە ئەرزڕوم بوو لە لایەن دایکی و مامییەوە زۆر فشاری دەخرایەسەر بۆ ئەوەی هاوسەرگیری بکات، بەڵام ئەو بەردەوام بە ‘نەخێر’ وەڵامی دەدانەوە. مامی پێی وت “تەماشا بکە کوڕم کاتێک تۆ گەیشتیتە ٣٠ ساڵان پێشنیارێکی هاوسەرگیریت پێ دەگات. ئەگەر ئەو کاتەش هەر قبوڵی نەکەیت، ئیتر ئەو کارە جارێکی تر ناکرێت”. دوای چەندین ساڵ ئەو کەرامەتەی مامی ڕاست دەردەچێت و ساڵی ١٩٦٨ لە ئیزمیر لەو کاتەی مامۆستا ڕێک تەمەنی سی ساڵان بوو پێشنیارێکی هاوسەرگیری پێگەیشت.

مامۆستا فەتحوڵا کاتێک گەڕایەوە بۆ ئەرزڕوم دیسان بارودۆخی تەندرووستی خراپ بوو. بە هۆی کەمخۆراکی و ئەو ڕووداوانەی لە سەربازیدا بینی بووی ئەو بە تەواوی داڕوخابوو. ئەگەر مامۆستا خۆی بونیادی بەهێز نەبووایە ئەوا ئەو گورزانەی یەک لەسەر یەک بەری دەکەوت ئەویان لە جێگادا دەخست. جگە لەوە یەکەمین چوار ساڵی حەسرەت کاریگەری زۆر خراپی لەسەر دایکی درووست کردبوو. لەبەر ئەوە بێ هیچ وەستانێک سووربوو لەسەر ئەوەی هەموو کارێک بکات کە لەدەستی دەهات بۆ ئەوەی ئەو لە ئەرزڕوم نەڕوات. هەر ئەوەش یەکێک بوو لە هۆکارانەی زۆر پێداگریان دەکرد لەسەر ئەوەی مامۆستا لەگەڵ یەکێکی خەڵکی شارەکەی خۆی هاوسەرگری بکات.

مامۆستا فەتحوڵا سەرلەنوێ لە ئێدیرنەیە… (١٩٦٤)

ئەو ئەرزڕومی زۆر خۆشدەویست، بەڵام ناچاربوو پێ بە جەرگی خۆیدا بنێت و بەجێی بهێڵێت. چونکە لەو ڕۆژەدا لە هەستی “کۆچی پیرۆز”دا بوو کە باسی دەکرد. بە تایبەت لە یەکەم ڕۆشتنیدا بۆ ئێدیرنە بە باشی ئەو هەستە لە دڵیدا ڕەنگی دایەوە. هەرچەندە دایکی پێداگری دەکرد، و باوکی وازی لە پێداگرییە کۆنەکەی هێنابوو، هەردەبوو بە دڵنیاییەوە بچێت بۆ ئێدیرنە یاخود بۆ شوێنێکی دیکە.

یەکێک لەو هۆکارانەی دەیویست بگەڕێتەوە بۆ ئێدیرنە خۆشەویستییە زۆرەکەی بوو بۆ مزگەوتی سێ منارە (ئوچ شەرەفەلی جامی – لە ئێدیرنە). حەزی بەو شوێنە دەکرد و دەیویست سەرلەنوێ لەوێ کار بکاتەوە. ئەو مزگەوتە بە لای ئەوەوە لە مزگەوتی سەلیمییە خۆشتر بوو. مامۆستا فەتحوڵا لەو بارەیەوە دەڵێت: “ئەو پەیوەندی و خۆشەویستییە بە هۆی ئەوەوە بوو کە پیشتر لەوێ کارم کردبوو،  نزیکەی سێ ساڵ من لەو مزگەوتە گەورەیەدا ژیام، وە بە هەمان شێوە دەکرێت بە هۆی هەستێکەوە بووبێت کە لەو ڕۆژەدا نەمتوانیوە لێی تێبگەم”.

“مزگەوتی سێ منارە، لە ڕووی تەلارسازییەوە، هاوشیوەی مزگەوتی سەلیمییە دایکایەتی بۆ لەدایکبوونی گەورەترین شانازیمان کردووە لە مێژووی شارستانێتیماندا و زەمینەسازی کردووە بۆ ئەو سەرکەوتنە گەورەیەمان لە ڕووی تەلارسازییەوە”. قەدەری ئەویش لە ئامادەکردنی زەمینەیەکی لەبار بۆ سەرکەوتنێکی ناوازە بە ناوی ئیسلامەوە، هاوشێوەی قەدەری مامۆستا سەعیدی نورسی (بەدیع الزمان) ئازارکێشی گەورەی ئەم سەدەیە وەهابوو.

” خۆشەویستی من بۆ مزگەوتی سێ منارە شتێک بوو بەدەست خۆم نەبوو، هۆکارێکی لەو شێوەیەشی هەبوو. بەڵێ، من دەمویست لە مزگەوتی سێ منارە پێشنوێژ و وتارخوێن بم؛ بەڵام ئەوەی گرنگە ئەوەیە کە خودا بیەوێت. ئەو زاتەی لەو ڕۆژەدا لە مزگەوتی سێ منارە پێشنوێژ و وتارخوێن بوو، وتەیەکی نەرمی نواندنی نەبوو، منیش خواست و ئارەزووی ڕاستەقینەی خۆمم نەوت. بە هۆی ئەوەی پێشتریش مۆڵەتی وتارخوێنیم هەبوو لە ناوەندی فێرکردنی قورئان دامەزرام”.

مامۆستا حوسەین تۆپ کە لەو ڕۆژانەدا بە وەکالەت بەڕێوەبەرایەتی ئەوقافی بەڕێوە دەبرد لە دوای ڕۆشتنی مامۆستا یاشار توناگور، بەم شێوەیە باس لە گەڕانەوە مامۆستا فەتحوڵا لە خزمەتی سەربازی دەکات:

“لە مێشکی خۆمدا دەمووت “ئەم فەتحوڵا ئەفەندییە چیتر جارێکی تر نایەتەوە بۆ ئێدیرنە، نە ماڵی هەیە و نە لانە”. تەنها کۆمەڵێک کتێبی هەبوو کە لە ئێدیرنە بەجێیهێشتبوو. خودا لێی ڕازی بێت دوای تەواوکردنی خزمەتی سەربازی گەڕایەوە بۆ ئێدیرنەکەمان. دوای تەواوکردنی خزمەتی سەربازی ماوەیەک لە ئەرزڕوم مایەوە و دواتر لە وەرزی هاوینی ١٩٦٤ دووبارە گەڕایەوە بۆ ئێدیرنە”.

مامۆستا فەتحوڵا بە هۆی ئەوەی پێشتر مۆڵەتی وتاربێژی هەبوو لە بەرواری ٤ی تەموزی ١٩٦٤ لە ناوەندی فێرکردنی قورئان دامەزرا. لە لایەکی تریشەوە لە وتاربێژی بەردەوام بوو. لە هەمان کاتدا لە ئەرکەکەی خۆی لە ئیمامەتی مزگەوتی دارولحەدیث بەردەوام بوو. لە ڕاستیدا مزگەوتی دارولحەدیث ئیمامی هەبوو، بەڵام بە هۆی ئەوەی کەسێکی بەساڵاچوو و نەخۆش بوو مامۆستا فەتحوڵا وەک ئیمامی دووەم نێردرا بۆ ئەوێ. لەوێ وەک ئیمام بە وەکالەت دەستی بە ئەرکەکەی کرد. بەڕێوەبەرایەتی ئەوقاف نیوەی مووچەکەی دەدا بە مامۆستا فەتحوڵا و نیوەکەی دیکەی دەدا بە مامۆستا سالیم ئولپەرلی بەساڵاچوو کە لە ماڵەکەی خۆیدا پشووی دەدا. مامۆستا فەتحوڵا ئەو مووچەیەی وەرنەگرت کە پێی درابوو، پێی وابوو ئەوە مانگانەی مامۆستای یەکەمی مزگەوتە لەبەر ئەوە پارەکەی برد و لە ماڵەوە  پێشکەشی مامۆستای کرد. کاتێک گەیشتە ماڵی مامۆستا و کوڕەکەی مامۆستا دەرگای لێکردەوە مامۆستا فەتحوڵا پێی وت ”ئەوقاف ئەم پارەیەی بە من داوە، بەڵام من دەمەوێت ئەو پارەیە بۆ مامۆستا بگەڕێنمەوە، لەبەر ئەوەی مامۆستا نەخۆشە و بەساڵاچووە، لە من زیاتر پێویستی بە پارە هەیە”. پاشان کوڕی ئەو مامۆستایە خۆی دەچێت بۆ بەڕێوەبەرایەتی ئەوقاف و ئەو فیداکارییەی مامۆستایان بۆ دەگێڕێتەوە.

مامۆستا بە هۆی ئەوەی ئەو ڕووداوانەی لە سەربازیدا بەسەریدا هاتبوو لە مێدیاکاندا کەسێکی ناسراوبوو،  لەو کاتەدا ڕۆژنامەیەک بابەتی دەستبەکاربوونی ئەوی کردبووە هەواڵ و بڵاویکردبوویەوە. بەو هۆیەوە چوونی بۆ ئێدیرنە بووە ڕووداوێکی گەورە. ڕۆژنامەکە نووسیبووی “پیاوێکی بەم شێوەیە چۆن دەکرێت ببێتە کارمەندی دەوڵەت؟”. ئەو هەڵوێستە نەرێنییانەی میدیاکان لە ماوەیەکی کەمدا کاریگەرییەکەی دەرکەوت.  دوای ئەوە مامۆستا فەتحوڵا کاتێک دەچوو بۆ هەر شوێنێک لەگەڵ پێنج بۆ دە سێبەر کە دوای کەوتبوون دەڕۆشت؛ هەنگاو بە هەنگاو چاودێری دەکرا.

لە لایەکەوە لە ژێر چاودێرییەکی چڕی لەو شێوەیەدا بوو، لە لایەکی دیکەشەوە لە لایەن هەندێک لە بەڕێوەبەرانی ناوەندی فێرکردنی قورئانەوە فێڵ و تەڵەکەی بۆ ڕێکدەخرا بۆ ئەوەی لاوازی بکەن. سیستەمەکە نەیدەتوانی کەسێکی چالاکی وەک ئەو قبوڵ بکات. هەرچەندە مامۆستا فەتحوڵا نێوانی باشبوو لەگەڵ ئەواندا بەڵام ئەو کەسانەی بەڕێوەبەرایەتی ناوەندی فێرکردنی قورئانەکەیان لەدەستدابوو، نەیاندەتوانی ئەوە قبوڵ بکەن. لەبەر ئەوە هەم لە دەرەوە و هەم لە ناوەوەی ڕووبەڕووی کۆمەڵێک ئاستەنگی زۆر بووبوویەوە.

مامۆستا فەتحوڵا سەرەڕای هەموو شتێک لە خزمەتەکانی بەردەوام بوو. لە ناو مزگەوتی دارولحەدیثدا ژوورێکی گەورەی درووست کرد. ئەو ژوورە هەموو دەبووە ژووری ئیمام؛ وە هەم لەوێ خوێندکارەکانی پێدەگەیاند. خزمەتێکی پێشکەش بە خوێندکارەکانی دەکرد، کە پێشتر لە ئێدیرنەدا نەبینرابوو. زۆر خۆشحاڵ دەبوو کاتێک لەگەڵ خوێندکارەکانی سەرقاڵ دەبوو.

ئەو خولەی بۆ کۆمەڵێکی دیاریکراو کردبوویەوە. ئەوانەش کە ڕێکخراوەکەیان بەڕێوەدەبرد کەسانی نزیک لەوان بوون. هاتوچۆی مامۆستا فەتحوڵا بۆ خولەکە و سەرقاڵبوونی لەگەڵ خوێندکارەکان ئەوانی ناڕەحەت کردبوو. سەرەتا بە ئەدایەکی نەرم پێیان وت لەگەڵ خوێندکارەکان خەریک نەبێت و تەنها هاتوچۆ بکات. ئەو پێشنیارەی ئەوان بە لای مامۆستا فەتحوڵاوە زۆر نامۆ بوو. ئەو هەڵسوکەوتەی ئەوان لەگەڵ ئیخلاص و دڵسۆزی و ڕاستگۆیی نەدەهاتەوە. بیروبۆچوونەکانی بە شێوەیەکی زۆر ڕوون و ئاشکرا بەرەوڕوو پێ وتن و وتی “ئەم هەڵسوکەوتەی ئێوە لەگەڵ ئیخلاص و دڵسۆزی و ڕاستگۆیی نایەتەوە”.

مامۆستا سەرەڕای ئەو هەلومەرجە سەختەی ئەو سەردەمەی شاری ئێدیرنە، خوێندنەوەی پەیامەکانی نووری چڕتر کردبوویەوە. بەم شێوەیە باس لەو دۆخە دەکات:

“ئەو بەشەی دەمانخوێندەوە پێشتر لەسەر کاغەزێک دەماننووسی و دواتر بەو شێوەیە دەمانخوێندەوە. لەژێر چاودێرییەکی زۆر تونددا بووین. لە بەردەم دەرگاکەدا پۆلیس لە ئێشکگریدا بوو. ئەو دەربڕین و ناو و شتانەی ئەوانەی ناڕەحەت دەکرد بە هێمایەک دەماننوسی و دواتر لە کاتی خوێندنەوەدا بە شێوەی ڕاستی خۆی دەمانخوێندەوە. من تەجریدی سەریحم بە دەستەوە بوو. ئەو پەڕەیەی نووسرابوو دەمخستە ناو ئەوەوە و بەو شێوەیە وانەم دەوتەوە. بە دڵنیاییەوە حەدیث و زانستەکانی دیکەشمان دەخوێند. لە هیچ شوێنێکی ئەم جیهانەدا نەدەتوانرا شوێنێکی دیکە پشان بدرێت کە هێندەی شوێنەکەی ئێمە بە توندی چاودیری بکرێت. تەنیا لەبەر ئەوەی کتێبی ئایینی تێدا دەخوێندرایەوە. ئەو دانیشتن و گفتوگۆیەی لەگەڵ چوار پێنج کەس هەمانبوو بۆ ماوەیەک بەردەوام بوو.

ڕۆژێکیان یەکێک لەو خوێندکارانە خەونێک دەبینێت. دایکە خەدیجەمان (خودا لێی ڕازی بێت) لە دەرەوەی دەرگاکە و سەروەریشمان (صلی الله علی و سلم) لە ژوورەوە دانیشتووە. دایکە بە خەدیجە ئاماژەی بۆ ئەم چوار پێنجەمان کرد و بە سەروەرمان دەڵێت “ئەی پێغەمبەری خودا، ئەمانە دەپرسن ”ئەی پێغەمبەری خودا لە ئێمە ڕازیت؟”، سەروەرمان لە وەڵامدا دەڵێت ”بەڵێ لێیان ڕازیم، بە تایبەت یەکێکیان، بە تایبەت یەکێکیان…”

وەک ئەوەی دەبینرێت پێغەمبەری خودا (صلی الله علی و سلم) تەنانەت لە خەونیشدا بە تایبەتی ناوی کەسی نەهێنا، ئەوەش بووە هۆی ئەوەی هەر یەکێک لە هاوڕێیان عەشق و شەوق و ئیشتیاقێکی زیاتر لە لا درووست ببێت بۆ ئەوەی ببێت بەو کەسەی وترا ”بە تایبەت یەکێکیان”. لەبەر ئەوە ئەو خەون بە درێژایی چەند ڕۆژ گێڕدرایەوە و هاوڕێیان لەگەڵ هەموو باسکردنێکدا دەگریان و دواتر دەیانوت “تا کەی ئێمە هەر بەم چوار پێنج کەسەوە بەردەوام بین”. لە ماوەیەکی کەمدا ژمارەی ئەو کەسانەی هاتوچۆیان دەکردین و بەشدارییان لە صوحبەتەکاندا دەکرد گەیشتە ٣٠ کەس. لە ناو مزگەوتەکەدا حەڵقەمان درووست دەکرد و کتێبمان دەخوێندەوە.”

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *