عاشقی ڕاستگۆ/ ٣٨- بەشی یەکەم

 

یەکەم هەنگاوەکانی خزمەت لە دەرەوەی تورکیا
دەستکردن بە نوسینی وتار لە ڕۆژنامەی “یەنی ئومیت”
مامۆستا م.فەتحوڵڵا گولەن، لە گۆڤاری یەنی ئومیت، دەستی بە نوسینی وتار کرد، کە یەکەم ژمارەی لە ڕێکەوتی ١ ی تەموزی ١٩٨٨ بڵاوکرایەوە. ئەم گۆڤارە هەر ٣ مانگ جارێک بڵاو دەکرایەوە. یەکەم وتاری مامۆستا لەو گۆڤارەدا لە ژێر ناوی ” لە کەشوهەوای خاکی یەنی ئومیتدا”، بڵاوکرایەوە.

“محمد ئۆزیورت لە ڕێگای خزمەتدا بۆ لای جەنابی حەق گەڕایەوە”
محمد ئۆزیورت لە ساڵی ١٩٧٦، دوای ئەوەی لە مزگەوتی بۆرنۆڤا وەک ئیمام دامەزرێندرا، مامۆستای ناسی. هەتا ئەو کاتەی وەفاتی کرد، بە شێوەیەکی قارەمانانە خزمەتی کرد.
لە ساڵی ١٩٨٨، محمد ئۆزیورت و هاوڕێکانی، بە بۆنەی کرانەوەی هەندێک دامودەزگای پەروەردەیی لە ئورفا و غازیعەنتەب، سەردانی ئەو شارانەیان کرد.
ئێوارەی شەممەی ڕێکەوتی ١٧ ی ئەیلولی ١٩٨٨، لە مزگەوتی بایرام ئاجاری ئورفا چاویان بە حەسبی شاهین و مامۆستا مەمدوح کەوت.
لە گفتوگۆی ئەو ئێوارەیەدا، باس لەوە کرا کە مرۆڤەکانی ئەمڕۆ، لە هەموو لایەکەوە بە گوناح چواردەوریان گیراوە، گازندەی ئەوەی کرا کە ژیان لە خولگەی تەقوا و ئیخلاسدا بوونی نەماوە.
بایرام ئاجاریش لەو کاتەدا وتی” بە ڕای من جگە لە شەهید بوون، هیچ شتێک ناتوانێت ئێمە پاکژ بکاتەوە”. کاتێک وتیان” باشە، نە جەنگێک لە ئارادایە، نە هیچ شتێکی تر، ئیدی چۆن شەهید ببین؟”، ئەویش لە وەڵامیاندا وتی” تەنیا گەر بسوتێین و ببینە زوخاڵ، دەتوانین بچینە بەهەشتەوە”.
مامۆستا محمد ئۆزیورتیش، لە ڕێکەوتی ١٨ ی ئەیلولی ١٩٨٨، دوای ئەوەی تانکەرێک لەسەر ڕێگای ئورفا و غازیعەنتەب خۆی دەکێشێت بە ئۆتۆمبیلەکەیاندا، لە ناو ئۆتۆمبیلەکەدا دەسوتێن و شەهید دەبن.
لە کاتێکدا لەم خزمەتەوە بەرەو ئەو خزمەتە ڕایاندەکرد، مامۆستا محمد ئۆزیورت و ٣ مرۆڤی جوانی تر، کە هەریەک لە بایرام ئاجار، مامۆستا حەسبی و بەڵێندەرێکی خەڵکی دیاربەکریشیا لەگەڵدا بوو، بۆ لای خودا گەڕانەوە.

مامۆستا بەم شێوەیە باسی ئەو ڕووداوە دڵتەزێنە دەکات:
دوای فڕین و ڕۆشتنی مامۆستا محمد ئۆزیورت، زۆر گریام. وەک چۆن سەردارمان بۆ حەزرەتی حەمزە و حەزرەتی جەعفەر گریا، منیش بەو شێوەیە بۆی گریام. خۆ گەر بڵێم هێندە گریام لە چاوەکانمدا فرمێسک نەما، لە شوێنی خۆیدایە. وەهام هەست کرد، کە جودایی ئەو پشتی شکاندووم، زۆر ئازارم چەشت. گەر هەڵە نەبم، لە دوای یەک هەفتە، بووە میوانی خەوێکم. ئاگام لەوەش بوو کە لە جیهانێکی ترەوە هاتۆتەوە. وتم” زۆر بیرم کردی،ناتوانیت ئاوەها جار جار سەردانم بکەیت؟”. ئەویش لە وەڵامدا وتی” باشە دیسان دێمەوە”. هەمان ڕۆژ، بە هەمان شێوە، لە حاڵەتی نیمچە بێداریدا، سەردانی خێزانەکەی خۆیشی کردبوو. پاش ماوەیەکی کەم، ڕێک وەک ئەوەی بەڵێنی پێدابووم، دیسان هاتەوە خەوم و تینوێتی حەسرەتی منی ڕەواندەوە. لەوە دەچێت ئەو مرۆڤی ئاستێکی بەرز بووبێت، لەلای خودا تایبەتمەندی خۆی هەبووبێت. ئەو بە گوێرەی ئەو بنەمایانەی ئێمە دەمانزانی ڕێگەی نەگرتبوو، بەڵام بە ڕێگایەکی تر بە مەقامی” بقاء بالله مع الله” گەشتبوو”…

مامۆستا لەم سەردەمەدا، لە ئیستەنبول و شارە جیاوازەکانی تورکیا، مزگەوت بە مزگەوت دەگەڕا و، لە ڕێگەی وتارەکانیەوە هەوڵی ئەوەی دەدا، ئاسۆی مرۆڤەکان بە ڕووی دونیادا بکاتەوە.
لە ڕێکەوتی ١٣ ی تشرینی یەکەمی ١٩٨٩، مامۆستا لە مزگەوتی والیدە سوڵتانی ناوچەی ئوسکودار، دەست بە زنجیرە وتارەکانی کردەوە.
پێش ئەم ڕێکەوتە، لە ٦ ی نیسانی ١٩٨٦، بە بۆنەی شەوی میعراجەوە، لە مزگەوتی چاملیجا وتاری پێشکەش کردبوو.
ئیدی مامۆستا بۆ ماوەی ٦٢ هەفتە، واتە هەتا ڕێکەوتی ١٦ ی ئازاری ١٩٩٠، لە وتارەکانیدا باسی ژیانی سەردارمانی دەکرد.
لە هەمان سەردەمدا، ڕۆژانی یەکشەممە لە ٣ مزگەوتی گەورەی ئیستەنبول، کە سولەیمانیە، فاتیح و سوڵتان ئەحمەد بوو، لە ئیزمیریش لە مزگەوتەکانی هیسار و شادروان، لە ئەنقەرەش لە مزگەوتی کۆجا تەپە، وتاری پێشکەش دەکرد. بەم شێوەیە لە یەک هەفتەدا، لە ٤٣ شوێنی جیاوازی تورکیا، وتاری پێشکەش دەکرد.

“گەلانی ستەمدیدە و غەدرلێکراو”
لە مانگی ١١ ی ١٩٨٩، بە بۆنەی ڕێکخستنی یارییەکی دووگۆڵییەوە، کردنەوەی خوێندنگەکانی خزمەت لە وڵاتانی ناوەڕاستی ئاسیا و باڵکانەکان دەستی پێکرد.
ڕۆژنامەنوس خالید ئەسەندر، لە ڕێکەوتی ١٥ ی تشرینی دووهەمی ١٩٨٩، کە بڕیار بوو یاریەکی تۆپی پێ لە نێوان هەڵبژاردەکانی تورکیا و ڕوسیا، لە شاری کڕم ئەنجام بدرێت، ڕوو لەو شارە بکات.
ئەسەندر لە ساڵی ١٩٧٢، لەو کاتەی هێشتا خوێندکاری قۆناغی ٣ ی دواناوەندی بوو، مامۆستای ناسی. پاشان زانکۆی ئەگەی لە ئیزمیر تەواو کرد.
پاشان ئەسەندر لە ساڵی ١٩٨٩ لە ڕۆژنامەی زەمان، لە شاری ئیستەنبول وەک سەرپەرشتیار کاری دەکرد. بڕیار بوو لە ڕێگەی پاسەوە، بچێتە گورجستان و لەوێشەوە بڕواتە شاری کڕم، کە یارییەکەی نێوان تورکیا و ڕوسیای تێدا ئەنجام دەدرا. بەڵام پێش ئەوەی گەشتەکەی ئەنجام بدات، سەردانی مامۆستای کرد.
ئەسەندر لە میانەی سەردانەکەیدا بە مامۆستای وت” لە ڕێگەی گورجستانەوە دەڕۆم بۆ کڕم”. مامۆستاش کاتێک گوێی لەم قسەیە دەبێت، یەکسەر هەیەجانێکی گەورە ڕووی تێدەکات.
چوونی ڕۆژنامەنوسێک بۆ ئەم شوێنانە و وەرگرتنی تێبینی لە نزیکەوە، دەیتوانی یارمەتییان بدات لە دیاری کردنی ئەوەی، کە دەتوانن چی یارمەتییەک پێشکەشی برا موسوڵمانەکانی ئەو ناوچانە بکەن.
مامۆستا، هەمیشە مەراقی ژیانی دینی ئەو گەلە ستەملێکرا و غەدرلێکراوانەی ناوەڕاستی ئاسیای هەبوو، کە ساڵانێکی دوور و درێژ لە ژێر دەستی ڕژێمی یەکێتی سۆڤیەتدا مابوونەوە.
ئەسەندر لەم گەشتەیدا، لەسەر خواستی مامۆستا، بە ناو خەڵکی گورجستان و کڕمدا گەڕا و، شێوازی ژیان و بیرکردنەوەیانی لە نزیکەوە بینی. ئەو تابلۆیەی بۆی دەرکەوت بەم شێوەیە بوو:
بەها دینیەکانی خەڵکی ئەو ناوچەیە، لە دوای ٧٠ ساڵ دەسەڵاتی ڕژێمی یەکێتی سۆڤیەت، لەناو چوو بوو. دەرگای مزگەوتەکان کلیلی لێدرابوو. بەڵام سەرەڕای ئەو هەموو هێرشەی کرابوویە سەر دینەکەیان، هێشتا خۆشەویستی ناو دڵەکانیان بۆ لەناونەبرابوو.
ئەسەندر، کاتێک لە مزگەوتی ئاکمەسجیدی شاری کڕم، نوسخەیەکی قورئانی کەریمی بە دیاری پێشکەشی ژنێکی پیر کرد، کە لەسەر عەرەبانەیەک چەرەساتی دەفرۆشت، کاردانەوەی بەم شێوەیە بوو:
مادام تۆ قورئانی کەریمت بۆ من هێناوە، وەرە و تەواوی شتەکانی سەر ئەم عەرەبانەیە بۆ خۆت ببە”.
ژنە پیرەکە لەمەش زیاتر، ئاماژەی بە یەکێک لە نەوەکانی خۆی کرد و وتی” تەنانەت ئامادەم لە بری ئەم قورئانە، ئەم نەوەیەی خۆشم بە تۆ بدەم”.

ئەم ژنە پیرە کەوا ناوی ئاسییە بوو، یەکێک بوو لەو کەسانەی لە تەمەنی ١٩ ساڵییەوە لەگەڵ خێزانەکەی، لەکڕمەوە بەرەو شاخەکانی ئوڕاڵ ڕاگوێزرابوو، دوای ٤٥ ساڵیش دیسان گەڕابوویەوە کڕم.

ئەسەندر، دوای ئەوەی گەڕایەوە و ئەم تابلۆیەی بۆ مامۆستا باسکرد، مامۆستا لە ناخی دڵییەوە بریندار بوو.
ئیدی مامۆستا لە وتارەکانی ئیستەنبولیدا، باسی لە حاڵی موسوڵمانانی ناوەڕاستی ئاسیا کرد و وتی” بڕۆن و یارمەتی ئەم برا موسوڵمانانەتان بدەن”.
ئیدی بەم شێوەیە، هەڵمەتێکی سەرتاسەری دەست پێکرد.
“بڕۆنە ئەم وڵاتانە و خوێندنگە بکەنەوە”
مامۆستا م.فەتحوڵڵا گولەن، لە وتارێکیدا لە ڕێکەوتی ١٩ ی تشرینی دووهەمی ١٩٨٩، کە لە مزگەوتی سولەیمانیەی ئیستەنبول، لە ژێر ناوی “مرۆڤی مەعریفەت” پێشکەشی کرد، داوای لە خۆشەویستانی خۆی کرد، بە هەموو شێوەیەک یارمەتی برا موسوڵمانەکانی ناوەڕاستی ئاسیا بدەن و، تەنانەت داوای هیجرەتکردنیشی لێکردن.
بەڵام کارکردن لەم وڵاتانە، کە بۆ ماوەی ٧٠ ساڵ لە ژێر زنجیری تایەی تانکەکانی یەکێتی سۆڤیەت پلیشابوونەوە، نزیک بوو لەوەی بڵێیت کارێکی مەحاڵە.
قەیران، کێشمەکێش و ترس بە تەواوی توندوتیژی خۆیەوە، ئەو ناوچەیەی پەشۆکاندبوو. پیاوێکی کاریش کەوا زۆر گیرۆدەی دەستی ئەم دۆخە دەبێت، ڕۆژێک دێتە لای مامۆستا و بەم شێوەیە گازندەی ناو دڵی دەردەبڕێت:
“تۆ بەردەوام بە ئێمە دەڵێیت، لەو وڵاتانە خوێندگە بکەنەوە، بەڵام لەم وڵاتانەدا دەوڵەت بوونی نیە، سیستەمێک بوونی نیە، دوێنراوێکمان نیە، ئێمە خوێندنگە لەگەڵ کێ بکەینەوە؟”.
مامۆستاش زۆر دڵی بەم تابلۆی بێ هیوایی و چۆکدادانە خەمبار دەبێت، بەڵام دونیای ڕۆحی کە هەرگیز توشی ڕەشبینی نەدەبوو، بەم شێوەیە وەڵامی پێ دایەوە:
لە وێرانەیەکدا کەوا ڕووخاوە و پارچە پارچە بووە، چاوەڕێی چی دەوڵەتێک دەکەن، ئێوە دەڕۆن و خوێندنگە دەکەنەوە، پاشان دەوڵەت دادەمەزرێت و، دوێنراوەکانیتان لێ پەیدا دەبێت. بە بەردەمی خوێندنگەکانتان دێن و، خۆیان ئەوەتان بۆ دیاری دەکەن کە بە گوێرەی کام یاسا و ڕێسا کارەکانتان ئەنجام بدەن. ئیدی خوێندنگەکانی ئێوەش بەو شێوەیە بەردەوام دەبێت
“.

“یەکەم بەردی بناغەی پردەکانی خۆشەویستی”
لە ڕێکەوتی ١٠ ی تشرینی یەکەمی ١٩٩٠، گروپێکی ١٢ کەسی لە ئیستەنبول، ئەنقەرە، ئیزمیرەوە لەگەڵ ڕۆژنامەنوس خالید ئەسەندر کەوتنە ڕێ و، ڕۆژی دواتر گەشتنە ترابزۆن. بە ئاڕاستەی گورجستان و ئازەربایجان دەڕۆشتن. لە ڕێکەوتی ١١ ی تشرینی یەکەمی ١٩٩٠، یەکەم وێستگەی وەستانیان لە باتومی پایتەختی گورجستان بوو.

پاشان هەتا باکوی پایتەختی ئازەربایجان ڕۆشتن. ئەم کارەشیان لە هەلومەرجێکی زۆر پڕ مەترسیدا ئەنجام دەدا. لەو کاتەدا خەریک بوو لە نێوان ئەرمەنستان و ئازەربایجاندا، جەنگێک سەری هەڵدەدا.
هەربۆیە کاتێک گروپەکە لە ڕێکەوتی ١٨ ی کانونی دووهەمی ١٩٩٠ گەڕانەوە بۆ تورکیا، لە دوای دوو ڕۆژ، لە نێوان هەردوو وڵاتدا جەنگ سەریهەڵدا.
ئەم گروپە کەوا بۆ جاری یەکەم گەشتێکی لەو شێوەیەیان ئەنجامدا، ئەو شتانەی بەدییان کرد و بۆ مامۆستایان گێڕایەوە، لە ناخەوە برینداری کرد و خستیە ناو جێگاوە. لە ڕێکەوتی ٢٨ ی کانونی دووهەمی ١٩٩٠، کاتێک ویستی لە مزگەوتی شادرڤانی ئیزمیر وتارێک پێشکەش بکات، نەیتوانی بڕواتە سەر مینبەر، هەتا دەرزییەکی لە خۆی نەدا.
حاجی کەمال ئێریمەز: ئەو مرۆڤە مەردەی دڵەکان و بیابانە وشکەکانی لە ڕێگەی پێشکەشکردنی پەروەردەوە سەوز کرد

حاجی کەمال ئێریمەز، لە ژێر کاریگەری وتارەکانی مامۆستا کە هەمیشە فرمێسکی چاوەکانی دەڕشت و دەیوت” پەروەردە و تەنیا پەروەردە”، ڕووی لە وڵاتانی ناوەڕاستی ئاسیا کرد، کە بە هیچ شێوەیەک نەیدەناسی و ڕووی تێنەکردبوون.

لە کاتێکدا تەنیا یەک خوێندگەش لە وڵاتانی ناوڕاستی ئاسیا بوونی نەبوو، حاجی کەمال توانی چاوی بە کاربەدەستانی ئەو وڵاتانە بکەوێت و، پڕۆتۆکۆل و ڕێکەوتننامەیان لەگەڵدا واژۆ بکات و، بەم شێوەیە لەو وڵاتانەدا زەمینەی بۆ سەوز بوونی ئەم خزمەتە گەورەیە ئامادە کرد.

زۆرێک لە مرۆڤەکان، لەم پیاوە ڕیش سپییە تێنەدەگەشتن کە بۆچی لە وڵاتانی ڕووتەڵی ناوەڕاستی ئاسیا، چنگ لەسەر شان خەریکی ڕاکە ڕاک بوو.
بەڵام ئەو چاک دەیزانی چ کارێک ئەنجام دەدات. لە ماوەیەکی زۆر کەمدا، بە “حاجی عەتا” ی ئەو وڵاتانە ناوبانگی دەرکرد.
بێ ئەوەی گوێ بە جەنگی ناوخۆی تاجکستان بدات، لە نێو تەقە و گولـلەدا ڕاکە ڕاکی خۆی دەکرد و، ٦ خوێندنگەی مۆدێرنی ڕازێندراوە بە دوا تەکنەلۆژیای ئەو سەردەمەی کردەوە و، هەر خۆیشی تەواوی خەرجیەکانی دابین کرد.
“پشتگیری تورگوت ئۆزاڵ”
لە سەرەتاکانی ساڵی ١٩٩٠، کۆمەڵێک ڕۆژنامەنوس دوای ئەوەی سەردانی شارە کوردیەکانی تورکیایان کرد، سەردانی ئۆزاڵیان کرد و تێڕوانینەکانی خۆیان سەبارەت بەو ناوچانە بە ئۆزاڵ گەیاند.
ئۆزاڵیش بەم شێوەیە ئامۆژگاری کردن:
” پێشنیاری من ئەوەیە لە نزیکەوە چاودێری مامۆستا م.فەتحوڵڵا گولەن بکەن، کردنەوەی ئەو خوێندنگانە لە دەرەوەی وڵات، بە نیسبەت داهاتووی ئێمەوە زۆر گرنگە”.

87 جار بینراوە

لێدوانەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *