فرەیى – پلوڕالیزم

فرەیى، لە دونیایەکى بەجیهانیبوودا یەکێکە لەو چەمکانەى کە زۆرترین باسوخواسیان لەبارەوە دەکرێت. هەرچەندە وەک چەمک تایبەتە بە سەردەمى مۆدیرنیتە، لە ساڵانى سەرەتاى ئیسلامدا کە مافى تەواو بە ئیسلام دەدرا، وەک واقیعێکى بێناو لە ژیاندا هەبوو. ئیمانداران ڕێزیان لە هەست و بیر و بۆچوونە جیاوازەکان گرتووە و بەرامبەر هەموان لێبوردە بوون.

سەرەتا دەبێت بزانرێت کە تەنانەت لە سەردەمى هاوەڵانى پێغەمبەریشدا کە لاى خوا ئاوارتەترین کۆمەڵ بوون، وەحدەتێکى ڕەها بوونى نەبووە. لەناو ئەواندا چەندین بیر و بۆچوونى جۆراوجۆر هەبوو. ئەگەر سەیرێکى ژیانى هەریەک لە حەزرەتى عومەر و ئەبو زەڕ یان حەزرەتى ئەبو بەکر و بیلالى حەبەشى بکرێت جیاوازییەکى زۆر لەنێوانیاندا دەبینرێت. ئەمە لەکاتێکدا کە ئەوان هەموویان لە هەمان سەرچاوەى ئاوى شیرینیان دەخواردەوە، هەمان خۆراکى مەعنەوییان وەردەگرت و بەرەو هەمان ئامانجیش دەڕۆیشتن. بەڵام سەرڕەاى ئەمەش لە تێگەیشتن و ڕاڤەکردن و شێوازى ژیانیاندا جیاوازیى جددى بوونى هەبوو.

بەهەمان جۆر، لە سەردەمەکانى دواتردا، هەرچەندە سیستەمى بیرکردنەوەى موسڵمانان و شێوازى ژیانیان لە چوارچێوەى بەڵگە سەرەکییەکانى وەک کیتاب، سوننەت، ئیجماع و قیاس و، تەواوکارەکانى ئەمانە و بەڵگە لاوەکییەکانى وەک عورف، عادەت، مەسڵەحەت و ئیستیحسان ڕێکخرابوو، بەڵام دیسانیش جیاوازییەکان هەر بەردەوام بوون. هەرچەندە بیر و شێوازى ژیانیان دەچووەوە سەر هەمان کانگا، بەڵام زۆرجار چارەسەرى جیاوازیان بۆ ئەو کێشانە دەدۆزییەوە کە ڕووبەڕوویان دەبووەوە.

بۆ نموونە، لەنێوان ئیمامى مالیک و ئیمامى شافیعیدا کە ئیجتیهادى زۆر پاک و بێگەرد و خالیصانەیان خستووەتە گۆڕێ و پەیوەندیى مامۆستا و قوتابى لەنێوانیاندا هەبووە، یاخود لەنێوان ئیجتیهادەکانى ئیمامى شافیعى و ئەحمەدى کوڕى حەنبەلدا، هەرچەندە هەمووشیان لە هەمان سەرچاوەوە گۆش بووبوون، جیاوازییەکى جددى بوونى هەیە. تەنانەت هەریەک لە ئیمام موحەممەد و ئیمام ئەبو یوسف کە هەردووکیان قوتابیى ئیمامى ئەبو حەنیفە بوون، تێڕوانینى تەواو جیاوازیان لە یەکتر خستووەتە ڕوو. چونکە هەست، دەرک و تواناى تەفسیرى هەر کەسێک لە یەکێکى تر جیاوازە. ئەگەر لەنێوان موجتەهیدەکاندا کە لە خولگەى قورئان و سوننەتدا ژیاون تا ئەم ڕادەیە جیاوازی بوونى هەبێت، دەبێت کاتێک دادەبەزین بۆ بەشەکانى ژێرەوەى کۆمەڵگا جیاوازییەکە چەند زیاتر ببێت؟!

جیاوازی بیروڕا وەک ئەوەی لە حەدیسێکی شەریفدا ئاماژەی پێکراوە(اختلاف امتی رحمة)، لەلایەن موسوڵمانانەوە وەک ڕەحمەت بینراوە، بە ڕێز و لێبوردەییەوە پێشوازی لێکراوە. ئەو هەموو بیروڕایە جیاوازەی لە نێو کۆمەڵگادا بوونی هەبووە، زیانی بە یەکێتی و یەکگرتویی ئەوان نەگەیاندووە.

پەرەپێدانى ئەزموونى پێکەوەژیان

لەڕاستیدا کەسانێک کە لە ژینگە و کلتوورێکى دیاریکراودا گەورەبوون، هەوڵدانیان بۆ هەڵکردن و پێکەوەژیان لەگەڵ بیر و بۆچوون و جیهانبینییەکدا کە لە هیى خۆیان جیاوازە، هاوشێوەى عیبادەت پاداشت بۆ خاوەنى ئەم هەوڵ و کۆششە دابیندەکات. چونکە ئادەمیزاد بەرامبەر بە هەموو ئەو شتانەى کە لەگەڵ سروشتى خۆیدا ناگونجێن خاوەنى کاردانەوە و پەرچەکردارە. دەیەوێت پەرچەکردار بەرامبەر بە تێگەیشتنە جیاوازەکان بنوێنێت. سەرکەوتن بەسەر ئەم هەستە نەرێنییانەدا پێویستى بە هەوڵ و تێکۆشانێکى جددی هەیە و پاداشتەکەشى گەورەیە. پێغەمبەرى خواش هانى ئیماندارانى داوە کە لەناو کۆمەڵانى خەڵکدا بژین و ئامۆژگارى کردوون کەوا لە جەماعەت جیانەبنەوە.

ئەوەى کە تاکەکانى کۆمەڵگەیەک سەرەڕاى جیاوازییەکانى نێوانیان یەکێتیى لەنێوان خۆیاندا دەستەبەربکەن و پێکەوە هەڵبکەن، وابەستەى ئەوەیە کە هەموان بەرامبەرەکانیان “وەک خۆیان” قبوولبکەن و بە چاوى لێبوردنەوە لە جیاوازییەکان بڕوانن. تێگەیشتنێکى لەم جۆرە بۆ فرەیى، ئاسەوارى ڕەحمەتى خوایە. پێچەوانەى ئەمە خۆسەپێنی و تاغوتیەتێکە کە تێیدا خەڵکى بەزۆرەملێ بەڕێوەدەبرین و شێوازێکى دیاریکراوى ژیان بەسەر هەمواندا دەسەپێنرێت. هیچ گومانێکیش لەوەدا نییە کە ئەمە هەڕەشە لە ماف و ئازادییە سەرەتاییەکان دەکات و، توانا و لێهاتنەکان کوێردەکاتەوە و، دەمارگیرى لە کۆمەڵگادا بڵاودەکاتەوە و لە جیهان دایدەبڕێنێت.

موسڵمانان لە دونیایەکى گلۆباڵ و بەجیهانیبوودا، ئەگەر نایانەوێت لە قتوویەکى تەسکدا بەندببن، نامۆ ببن بە جیهان و لە ڕۆژگارى خۆیان دوابکەون، ناچارن کارلێک لەگەڵ کلتوور و نەتەوە جیاوازەکاندا بکەن و بە ڕووى جیهاندا بکرێنەوە. لەلایەک بەهاکانى خۆیان بە خەڵکانى تر دەناسێنن، لە لایەکى دیکەوە سوود لە کلتوور و شارستانێتییە هەمەجۆرەکان وەردەگرن.

ئەمە بەم جۆرە، بەڵام ئەگەر لە واقیعدا لەنێوان کەسانێکدا کە باوەڕیان بە یەک دین هەیە و ڕوو لە هەمان قیبلە دەکەن و لە هەمان کلتووردا گەورەبوون جیاوازى و ناکۆکیى جددی بوونى هەبێت، بێگومان کاتێک خەڵکانێک پێکەوە کۆدەبنەوە کە سەر بە دین و زمان و نەتەوە و کلتوورى جیاوازن، ناکۆکییەکان زۆر زیاتر دەبن. ئا لێرەدا موسڵمانان سەرەتا پێویستە هەست بەو ناچارییە بکەن کە لە دونیاى ئەمڕۆدا کە وەک گوندێکى لێهاتووە پێویستە خاوەنى کلتوورى پێکەوەژیان بن، پاشان لەگەڵ پەیڕەوانى دین و کلتوورە جیاوازەکاندا پەرە بە ئەزموونى پێکەوەژیان بدەن. لەپێناو هاتنەدیى ئەمەشدا، بنەماکانى وەک کۆبوونەوە لەسەر خاڵى سەرەکیى ئینسانییەت و، خاڵە هاوبەشەکانى تر و، دۆزینەوەى خاڵە یەکخەرە جۆراوجۆرەکان و قبووڵکردنى هەموان وەک خۆیان، زۆر گرنگن.

لە دونیاى ئەمڕۆدا کە خەڵکانى خاوەن بیر و هەستە زۆر جیاوازەکان لەناو یەکدا دەژین، هەندێک لە موسڵمانان ترسى ئەوەیان هەیە کە فرەیى دەبێت بە هۆکارى هەندێک داخوران و سازشکردن لە بەها دینییەکاندا و، نازانن چ جۆرە کاردانەوە و هەڵوێستێکیان هەبێت. تەنانەت هەندێکیان بەرامبەر بە “ئەوانى تر” دەبن بە هەڵگرى هەستى دوژمنانە و هەڵوێستى ڕادیکاڵانە دەنوێنن. سەرەتا دەبێت لەوە تێبگەین کە موسڵمانان بە ڕاگەیاندنى جەنگ لە دژى پەیڕەوانى دین و کلتوورە جیاوازەکان بە هیچ جێیەک ناگەن. بەپێچەوانەوە، لە ڕوانگەى ئەو بەهایانەوە کە خوا بە ئینسانى بەخشیون، پێویستە پەیوەندی لەگەڵ خەڵکانى تردا ببەسترێت.

بینینى جیاوازییەکان وەک هۆیەک بۆ دەوڵەمەندى

قبووڵکردنى جیاوازییەکان وەک واقیعى حاڵ و دروستکردنى پێکهاتەى کۆمەڵگا بە گوێرەى ئەمە، ڕێگر نییە لەبەردەم ئەوەدا کە ڕەخنە لە هەندێک بیر و کردار بگرین و بەرهەڵستى بەرامبەر بنوێنین. کۆبوونەوەمان لە هەمان زەمینەدا لەگەڵ خاوەنى جیهانبینییە جیاوازەکاندا و هەستان و دانیشتنمان لەگەڵیان، بە ماناى ئەوە نایەت کە هەموو جۆرە بیرکردنەوەیەکى ئەوان قبووڵ دەکەین و ئیمزاى لەژێردا دەکەین. هەمان شت بۆ ئەوانیش ڕاستە. ئەوانیش ڕەخنە لە هەندێک بیر و بۆچوونى ئێمە دەگرن. گرنگ ئەوەیە ئەم جیاوازییانە نەبن بە هۆکارى پێکدادان. تەنانەت لەپێناو دابینکردنى هاوئاهەنگیى کۆمەڵایەتى و یەکێتیدا پێویستە هەتا دەکرێت جیاوازییەکان پشتگوێ بخەین و خاڵە هاوبەشەکان بهێنینە پێشەوە.

سەرەتا، ڕێزگرتن لە ئینسان تەنها لەبەر ئەوەى کە ئینسانە و قبووڵکردنى جیاوازییەکان وەک واقیعى حاڵ؛ پاشان، بەجێهێنانى داخوازییەکانى جیهانى عەولەمەى ئێستا لە ڕێگەى هەڵسوکەوتى عاقڵانە و ڕیالیستەوە، پێویستى بەوە نییە کە فیداکاریى لە بەهاکانى خۆماندا بکەین و سازشیان لەسەر بکەین و دەستیان لێ شل بکەین. پێویستە بێ هیچ گومان و دوودڵییەک، تا چ ئەندازەیەک موسڵمانین، لە هەموو جێیەکدا پێدوایستییەکانى بیورباوەڕەکەمان جێبەجێبکەین. نابێت هیچ تەنازولێک لە تێگەیشتنمان بۆ ئیسلام، شعوورى ئیحسان و بەها دینییەکان بکەین. بەڵام نابێت ئەمانە بەسەر هیچ کەسێکدا بسەپێنین. گرنگ ئەوەیە خەڵکى جیاوازییەکانى خۆیان بپارێزن و تەنانەت وەک هۆیەک بۆ دەوڵەمەندى بیبینن و لە هەمان کاتدا فێرى پێکەوەژیان ببن.

ئەوەى کە خەڵکى ملیم بە ملیم شوێن بیروباوەڕ و جیهانبینیى خۆیان بکەن –بێئەوەى بەسەر کەسانى تردا فەرزى بکەن- شتێکە شایانى ڕێز و ستایشە. بۆ نموونە، کاتێک لەگەڵ پەیڕەوانى دینە جیاوازەکاندا لە کۆبوونەوەیەکداین، ئەگەر کاتى نوێژ بێت، بێ هیچ دوودڵییەک پێویستە مۆڵەت لە ئامادەبووان وەربگرین و نوێژەکەمان بکەین. من هەتا ئێستا نەمدیوە شتێکى لەم جۆرە خەڵکانى تر بێزار بکات. هەرکاتێک وتبێتمان “ئەگەر مۆڵەت بدەن دەمانەوێت نوێژ بکەین”، بەڕێزەوە قبووڵیان کردووە. ئەوەى کە خەڵکى لە بابەتى پەیڕەوکردنى دینەکەیاندا موڕتاح بن و، شەففاف و کراوە ڕەفتار بکەن، پەیوەندییەکان تێکنادات؛ بەپێچەوانەوە متمانەى هاوبەش بەهێزتر دەکات. تەنها ئەوەندە بەسە کە نەخۆشییەکانى وەک ڕەقى و توندى و دەمارگیرى لە کۆمەڵگەدا نەبن و، هەندێک زیادەڕەوى نیشان نەدرێت کە خەڵکى بەرەو پەرچەکردار ڕاپێچ بکات.

هەڵوێستى ئیماندارانە لە ڕووبەڕووبوونەوەى خراپەکاندا

هەندێک کەس کاتێک دەبینن کەسانێک فرەیى بە قبووڵکردنى هەموو جۆرە زیادەڕەوى و لادان و بێڕەوشتییەک دەبینن، دژایەتیى دەکەن. لەڕاستیدا کەسانێک هەن ژیان بەبێ هیچ جۆرە سنوورێک و هەموو شێوەکانى بێڕەوشتى بە داخوازییەکانى دیموکراسى و ئازادى دەزانن. ئەو کردار و هەڵسوکەوتانەى کە ئیماندار بە ئەرێنییان لەقەڵەمدەدات دیارن. بەڵام ئەوەى کە ئێمە شتێک بە هەڵە بزانین و قبوڵى نەکەین –بەمەرجێک پێشێلى مافەکانى خۆمان، مافى کەسانى تر و مافى گشتى نەکات- بە ماناى ئەوە نایەت کە جەنگ لە دژى بکەرانى ئەم جۆرە کارانە ڕابگەیەنین. ئەوەتا پێغەمبەر ماوەیەکى دوورودرێژ لەگەڵ بێباوەڕانى مەککە، دووڕووان و یەهودییەکانى مەدینە ژیاوە و چەندین نموونەى لەسەر ئەم جۆرە هەڵوێستە پیشانداوە.

باشە، ئایا هیچ خۆمان بەو کار و کردەوانە مەشغوڵ ناکەین کە بە هەڵە و خراپیان دەزانین و، هەوڵی ڕێگری لە خراپەکان نادەین؟

ئەم شتانە بە ماناى ئەوە نایەت کە بەرامبەر خراپەکان بەتەواوەتى بێدەنگ بین و هیچ شتێک نەکەین. بێگومان ئیمانداران دەبێت سەرەتا نموونەى جوان بن، پاشان بەئەندازەى گونجانى هەلومەرجەکان گوزارشت لەو شتانە بکەن کە بە ڕاستیان دەزانن. هاندانى خەڵک بۆ کردارە باشەکان و ڕێگریکردن لە خراپەکان بە شێوازێکى گونجا و بە جۆرێک کە حساب بۆ هەستەکانى خەڵک بکرێت و وا نەبێت پەرچەکردارى لێبکەوێتەوە، هەمیشە لە ئەرکە سەرەکییەکانى ئیماندارە. ئەو شتەى لێرەدا مەبەستمانە بیڵێین ئەوەیە کە لەبەرامبەر ئەو شێوازى ژیانەدا کە هەندێک کەس بە داخوازیى دیموکراسى و ئازادیى دەیبینن، هەڵسوکەوتى دوژمنکارانەى وەها نەنوێنین کە هاوئاهەنگیى کۆمەڵایەتى بشێوێنێت و ببێت بە هۆى هەڵگیرساندنی فیتنە و ئاژەوە. ئەگینا ئەگەر بەشێوەیەکى توند ڕووبەڕووى خراپکارییەکان ببینەوە، هەر لە ئێستاوە ڕێگە لەو کارە جوان و ئاوەدانکار و نۆژەنکەرەوانە دەگرین کە گریمان هەیە لە داهاتوودا ڕووبدەن.

لە ڕۆژگارى ئەمڕۆماندا ناتوانرێت نکوڵیی لە هەبوون ناحەزییەکى جددیى بکرێت لە جیهانى ڕۆژئاوادا بەرامبەر بە موسڵمانان. لەبەرامبەر ئەمەدا لاى هەندێک لە موسڵمانانیش دژایەتیى ڕۆژئاوا ئامادەیى هەیە. ئەم دوانە زیان لە کلتوورى پێکەوەژیان دەدەن. بەڵام لەمەدا موسڵمانان پێش ئەوەى کەسانى تر تۆمەتبار بکەن، دەبێت لە خۆیان بپرسنەوە. چونکە هۆکارى سەرەکیى ئەمە ئەوەیە لە کاتى خۆیدا ئێمە دەستمان بەوان نەگەیشتووە و نەمانتوانیوە بەشێوەیەکى ڕاست و دروست خۆمان بناسێنین. ئەم فەرامۆشکردنە لەمڕۆدا بووە بە هۆکارى سەرهەڵدانى کێشەى زۆر گەورە. ئەگەر ئێمە وەک مشتێک حەوارى، بەشێوەیەکى خێرا بە چوار لاى دونیادا بڵاوبووینایەتەوە و بەشێوەیەکى جوان نوێنەرایەتیى ئیسلاممان بکردایە، لەمڕۆدا تا ئەم ئەندازەیە ڕووبەڕووى پەرچەکردارە نەرێنییەکان نەدەبووینەوە. ئەوکات خەڵکى جیاواز لە ئێستا بیریان لە ئیسلام دەکردەوە و، ڕاستتر و باشتر وێنای موسوڵمانانیان دەکرد.

 

 

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *