فەراهەمکردنی سازان و ڕێکەوتن

لەو سەردەمەی کەوا لە ئێدیرنە ژیانم بەسەر دەبرد، خوازیاری ئەوە بووم لە پاڵ ئەنجامدانی ئەرکی ئیمامەتدا، لە کۆرسی فێرکردنی قورئانیش ئەرکێکم هەبێت و خوێندکارەکان فێری قورئان بکەم. هەربۆیە لیژنەی فەتوا، لە یەکێک لە کۆرسەکانی فێرکردنی قورئاندا ئەرکێکیان بە من سپارد. چەند جارێک ڕۆشتم، بەڵام لەو کاتەدا کەسانێکی سەر بە ڕێچکەیەکی تر سەرپەرشتیاری خوێندکارەکانیان دەکرد. ناڕەحەت بوون بەرامبەر ئەوەی من هاتبوومە ئەو شوێنە و، لە نزیکەوە بایەخ بە خوێندکارەکان دەدەم. تەنانەت لەملاولا هەواڵیشیان لەسەر دەدام. منیش بۆ ئەوەی ناکۆکی دروست نەبێت، جارێکی تر نەچوومەوە بۆ ئەو شوێنە. هەندێک مرۆڤ بە هۆی ئەو هەستی خۆشەویستیەی هەیانە بۆ پیشەکەیان، دەشێت بەرامبەر هەستی ڕکابەری بدۆڕێن و دوژمنایەتی بەرامبەر ئێوە ئەنجام بدەن. ئەوەی لە حاڵێکی لەم شێوەیە لەسەرشانی ئێوەیە، بریتیە لەوەی بابەتەکە گەورەتر نەکەن. چونکە گەر دوژمنایەتی و لەیەک دوورکەوتنەوە لەلایەن هەردوولاوە ئەنجام بدرێت، وێرانکاریەکی زۆر گەورە بە دوای خۆیدا دەهێنێت. چەشنی ئەو ئامرازانەی بە ئاڕاستەی پێچەوانەوە جوڵە دەکەن، مەسافەیەکی گەورە لە نێوانیاندا دروست دەبێت. بەڵام گەر لایەکیان ئەوە بزانێت کەوا لە شوێنی خۆیدا بوەستێت، ئیدی ئەو مەسافەیەی لایەکەی تر دەیبڕێت، سنوردار دەبێت.

**

بۆ سەلامەتی و ئاسودەیی هەردوو جیهان.

ئەوەی لەسەرشانی خوێندکارەکانی قورئانە هەر ئەمەیە. ئەوان نابێت هەموو شتێک ببینن. ئەگەر بیشیبینن پێویستە ئەوە بزانن کەوا ئیرادەیان چۆنی بەکاردەهێنن. دەبێت ئەم وتەیەی حافزی شیرازی بۆ خۆیان بکەنە ڕابەر کە دەڵێت:

سەلامەتی و ئاسودەیی هەردوو دونیا لە ڕیگەی دوو شتەوە ڕاڤە دەکرێت و بەدەست دەهێنرێت: هەڵسوکەوتی نەرمونیانانە لەگەڵ دۆستان، مامەڵەی ئاشتیخوازانە بەرامبەر دوژمنانت”.

با قسەیەش لێکدانەوەی هەڵەی بۆ نەکرێت. ئێمە هەرکەسێک کەوا لە دڵیدا ئیمان هەبێت بە “دوژمن” ی نازانین. تەنانەت ئیدارەکردن و خۆتێنەگەیاندن لە کەسی موسوڵمان وەک بێڕێزی بەرامبەر ئەوان ئەژمار دەکەین. لێ گەر کەسانێک ئێوە وەک دوژمنی خۆیان ببینن، بە هەستی حەسودی و ناحەزییەوە چالاکی لە دژی ئێوە بنوێنن، ئەوەی پێویستە بە ناوی سوڵح و ئاشتییەوە ئەنجام بدرێت، یاخود ئەوەی پێویستە بە ناوی پاراستنی یەکێتی و برایەتی نێوانتان، پێویستە ئەنجام بدرێت.

کەسێکی ئیماندار لە پێناو ئەوەی لە ناخیدا هەستەکانی ڕکابەری و حەسودی دروست نەبێت، هەر هەوڵ و کۆششێک ئەنجام بدات، بە عیبادەت بۆی ئەژمار دەکرێت. هەر هەوڵ و کۆششێک کەوا لە پێناو پاراستنی سازان و ڕێکەوتنی نێوان مرۆڤەکان دەیخاتە ڕوو کەوا وەک گەورەترین هۆکاری سەرخستنی ئیلاهیشە، لە دەفتەری چاکەکانیدا تۆمار دەکرێت. بەم هۆیەوە ئەو ئەرکەی کەوا لەسەرشانی ئێمەیە، شتە نەرێنیەکان لە ئامێزمان بگرین و بەرگەی هەر ئەزیەت و ئازارێک بگرین کەوا ڕوومان تێدەکات. ئەمەش وابەستەی ئەوەیە کەوا هەتا چەندە خۆمان لە ڕێگەی ئەمانەوە ساڕێژی برینەکانمان دەکەین و هەتا چەندە نەفسمان لەسەر ئەم جۆرە شتانە ڕادێنین.

حەزرەتی پیریش لە وەڵامی ئەو خوێندکارانەی کەوا هەواڵی ئەوەیان بۆ هێنا زاتێکی زانا قسەی بە خۆیی و پەیامەکان وتووە دەڵێت” ئێوە لەلایەن منەوە سەلام بەو زاتە وتاربێژ و زانایە بگەیەنن. تانە و ڕەخنەکانی سەبارەت بە خۆم، لەسەر سەرم شوێنیان هەیە. ئێوە لەگەڵ کەسانێکی وەک ئەو و هاوشێوەکانی مەکەونە ناو مشتومڕ و دەمەدەمێوە. تەنانەت گەر دەستدرێژیشتان بکەنە سەر ئێوە بە نزای خراپیش وەڵامیان مەدەنەوە. ئیدی هەرکەسێکە با ببێت، مادام ئیمانی هەیە، لەو خاڵەدا برای ئێمەیە. تەنانەت گەر دوژمنایەتی ئێمەش بکات، لەبەر ئەو پیشەیەی هەمانە وەڵامی نادەینەوە. بە تایبەت گەر ئەهلی زانست بێت، گەر بە هۆی زانستەکەیەوە ئەنانیەتێکیشی هەبێت، ئەنانیەتەکەی  ناوروژێنین”.

**

سازشنەکردن لەسەر کەسایەتیمان

دەشێت مرۆڤگەلێکی جیاواز هەبن کەوا لە هەمان بەریاندا خزمەت دەکەن. ئیدی هەرچەندێک سەرکوتی دەکات با بیکات، دەشێت لە ناخی هەندێکیاندا، تەنانەت گەر بچوکیش بێت، هەندێک هەستی ڕکابەری و حەسودی سەرهەڵبدات. بە تایبەت گەر خۆیان لەسەرو کەسانی ترەوە ببیین، دەشێت کاری کەسانی تر بە سوک وەربگرن و تەنانەت هەوڵی ڕێگریلێکردنی بدەن. لە حاڵی ڕووبەڕووبوونەوەی شتێکی لەو شێوەیەدا، ئەوەی لەسەرشانی ئێمەیە، ئیدی کەسانی تر هەرچیەک دەکەن با بیکەن، بریتیە لەوەی هەرگیز سازش لەسەر کەسایەتیمان نەکەین و شتێک ئەنجام بدەین کەوا لەگەڵ کەسایەتی خۆمان یەکدێتەوە. بۆ ئەوەی کارەکانمان کەسانی تر ئاڕاستەی هەستی ڕکابەری نەکات، پێویستە هەتا بڵێی بە هەستیاریەکی دەراساوە کارەکانمان ئەنجام بدەین و، وێڕای هەوڵدانی کەسانێکی تر بۆ شێواندنی سیستەمەکەمان، دان بە خۆماندا بگرین و ئارامگربین. ئەگەر لە کۆتاییدا کەسانێک توشی پەشیمانی ببن، ئەوا با لە جیاتی ئێمە ئەوان بن. ئەگەر ڕۆژێکیش پەشیمان بوونەوە لە کارەکانیان و هاتنە لامان و داوای گەردن ئازادییان کرد، لەو ڕۆژەشدا ئەوەی لەسەرشانمانە بریتیە لەوەی جوامێرانە ڕەفتار بکەین. ئەوان کاتێک دەستیان کرد بەوەی خراپەکانی خۆیان ببژێرن و داوای لێخۆشبوون و گەردن ئازادییان کرد، پێویستە زۆر بە ئاسانی بتوانین بڵێین” ئێمە بیری ئەم شتانەمان نایەت”. گەر ئەوان ٥٠ جار قسەی نابەجێ و نەشیاویشیان کردبێت، هەندێک کاری ناقۆڵاشیان بەرامبەر ئێوە ئەنجامدابێت، پێموایە دیسان پێویستە کەوا کارەکە لەلایەن ئێوەوە تەواو بکرێت.  چونکە ئەهلی ئیمان کەسانێکی خاوەن ئینسافن.

لەوە دەچێت بە هۆی ئەو ئەزیەت و ئازارەی کەوا هەندێک بە موسوڵمانانیان گەیاندووە، بەر غەزەبی(غیرةالله) خودا بکەون. لەوە دەچێت لە پاڵ مافی کەسەکاندا مافی گشتیش جێگەی باس بێت. ئێمە ناتوانین دەست بخەینە ئەو شتانەوە کەوا حەقی الله ن. ئەو گەر خوازیار بێت لێیان خۆش دەبێت، گەر خوازیاریش بێت سزایان دەدات. بەڵام دەتوانین هەر حەقێک کەوا پەیوەندی بە خۆمانەوە هەیە لێیببورین. تەنانەت دەتوانین لەو مرۆڤانە خۆش ببین کەوا دەیانەوێت ئێمە بە ئاگری دۆزەخ مەحکوم بکەن. چونکە ئێمە وتەکەی یونس ئێمرە کە دەڵێت” بێدەست بەرامبەر لێدەر و بێ زمان بەرامبەر جوێندەر و بێدڵ بەرامبەر ئەوەی دڵی شتێکی تێدایە”، وەک دروشمی خۆمان لێکردووە. ئەگەر بەم شێوەیە نەبن، وەک ئەوەی لە حاڵی حازردا ئاماژەکانی دەرکەوتووە، ناتوانن بەر بەو ئاژاوە و تەنگژانە بگرن کەوا لە ناوەوە و دەرەوە سەرهەڵدەدەن.

ئێمە وەک ئەوەی بەرپرسین لەوەی گوناح ئەنجام نەدەین، لە هەمان کاتدا بەرپرسین لەوەی کەسانی تریش نەخەینە ناو گوناحەوە. لە بابەتی ئەوەی ڕێگە نەدەین کەس بکەوێتە ناو گوناح و بە تایبەت  نەبینە هۆی ئەوەی بچنە ناو دۆزەخەوە، پێویستە هەتا دواڕادە بە حەزەر و تەگبیرەوە مامەڵە بکەین. واتە لەلایەکەوە پێویستە لە هەستەکانی حەسودی و ناحەزی چەشنی ئەەی لە مار و دوپشک هەڵدێین هەڵبێین، لەلایەکی تریشەوە بۆ ئەوەی کەسانی تر نەکەونە ناو ئەم هەستانەوە ئەوەی لە دەستمان دێت ئەنجامی بدەین. ئەمەش لە ڕوانگەی کەسی ئیماندارەوە فەزیڵەتێکی زۆر گرنگە. دەشێت ئەمانە بابەتگەلێک بن کەوا هەموو کەسێک بیری لێنەکاتەوە و بە ئاسانی لییتێنەگات. بەڵام ئەوانەی ئەقڵیان بەم بابەتانە دەشکێت، پێویستە بە دیقەتەوە هەنگاو هەڵبگرن.

**

ئینساف، حەقانیەت و جوامێری

یەکێک لە ڕێگە گرنگەکانی ئەوەی سازان و ڕێکەوتنی نێوان ئیمانداران پارێزگاری لێبکرێت، یاخود ڕێگری لە هەندێک باری هەرسنەکردنی کارەکانی یەکتر بکرێت، بریتیە لەوەی ئەو کارە چاکانەی لەلایەن کەسانی ترەوە ئەنجام دەدرێت ببینرێت و گوزارشتی لیبکرێت و چەپڵەی بۆ لێبدرێت.تەنانەت لەو حاڵەتانەدا کەوا لەلایەن ئەوانەوە چەپڵەمان بۆ لێدەدرێت بڵێین” لە ڕاستیدا ئەم چەپڵەیە حەقی ئێوەیە”؛ بەم شێوەیە جوامێری خۆمان پشان بدەین. گەر کەسانێکی سەر بە ڕێچکە و ڕەوتە جیاوازەکان هاتنە لاتان و دەستیان بە پەسنکردنی خزمەتەکانتان کرد، دەبێت زۆر بە ئاسانی بتوانین ئەمە بڵێین:” ئەگەر لە پێش ئێمەدا زاتگەلێکی گەورەی  وەک محمد زاهید کۆتکو، ئەسەد ئەفەندی، سولەیمان ئەفەندی، حاجی سامی ئەفەندی، محمود ئەفەندی بوونیان نەبووایە، کەوا لە پێناو خزمەتی ئیمان و قورئاندا هەوڵ و کۆششێکی دێوئاسایان خستە ڕوو، ئەوا یەک لەسەر دەی ئەم کارانەی ئێستاشمان پێ ئەنجام نەدەدرا”.

لە ڕاستیشدا ئەم جۆرە قسانە، گوزارشتە لە ئینساف و حەقانیەت. خۆ گەر ئێمە بەم هەستیارییەوە بابەتەکان ببەینە پێشەوە، ئەوەی ئەگەری دروستبوونی هەموو توندوتیژی و توڕەییەک دەشکێنین و پێش ئەگەری دروستبوونی حەسودی دەکەوین. لەم بابەتەدا هەر فکر و ئیرادەیەک کەوا دەیخەینە ڕوو،  لە خانەی عیبادەتەکانماندا وەک پاداشت تۆمار دەکرێن. ئەگەر وەها نەکەین و بەردەوام خۆمان بخەینە بەرچاو و خۆمان بە خاوەنی هەموو سەرکەوتنێک بکەین، هەم لای خودا هیچ شتێک بەدەستناهێنین، هەم کەسانی تریش دەخەینە ناو گوناحەوە. ئیدی سازان و ڕێکەوتنی نێوان ئیمانداران دەشێوێت؛ ناکۆکی و دووبەرەکییان لە نێواندا دروست دەبێت. لە دوای ئەمەشەوە سەرخستنی ئیلاهی پچڕانی تێدەکەوێت.

ئەو کەسانەی کەوا خۆیان بە خزمەتی داوایەکی باڵا تەرخان کردووە، تەنانەت لەو کاتەی بڕیار لەسەر ئەوە دەدەن لە کام بەریاندا بوونیان هەبێت یاخود نا، سازان و ڕێکەوتن لەگەڵ براکانیاندا لەبەرچاو دەگرن. ئەگەر لەپێش ئێمەدا کەسانێک هەبن کەوا لە بەریانێکی تایبەتدا خزمەتیان کردبێت و، چوونی ئێمە بۆ ناویان بە پێشێلکاری بەریانی ئەوان وێنا بکرێت، پێویستە ئەو بەریانە بۆ ئەوان بەجێبهێڵین. پێویستە لە کاتی هەڵگرتنی هەر هەنگاوێکدا، زۆر بە وردی حسابی ئەوە بکەین کە ئایا ئەمە کەسانێک ناڕەحەت دەکات یاخود نا.هەربۆیە هەتا ئەمڕۆ، هەتا ئەو شوێنەی کەوا مومکینە ڕەچاوی ئەم تێبینیانەمان کردووە. ئەگەر هەندێک کاری دیاریکراو لەلایەن هەندێک کەسەوە ئەنجام بدرێت، پێویستە ئەو کارانە بۆ ئەوان جێبهێڵین و بە دوای بەریانی نوێی خزمەتدا بگەڕێین.

کەسێک کەوا باوەڕی بە الله هەبێت، لە کاری چاکەی کەسانی تر ناڕەحەت نابێت، حەسوودییان پێنابات و هەرگیز هەوڵی ئەوە نادات لەو ڕیگایە دووریان بخاتەوە کەوا پێیدا دەڕۆن. لەم بابەتەدا هەر زۆر بڕوات، گوێ لە وتەکانی قورئان دەگرێت و لەگەڵ ئەواندا لە کاری چاکەدا پێشبڕكێ دەکات. بۆ ئەوەی لە بابەتی فەزیڵەت و پاداشتدا لە براکانی خۆی دوانەکەوێت، لەوان خێراتر ڕادەکات. بەڵام هەریەک لە ئاواتپێخواستن(غبطة) و پێشبڕکی لە کاری چاکە، هاوسنوری حەسودین. مۆڤ هەر هێندەی دیقەتی نەدا، دەشێت پێکانی هەڵبخلیسکێت و لەملاوە بەرەو ئەولا هەڵبخلیسکێت. یەکێک لە ڕێگاکانی ئەوەی توشی شتێکی لەو شێوەیە نەبیت، بریتیە لەوەی یاریدەی کەسانی تر بیت لەو خزمەتانەی ئەنجامی دەدەن. بۆ نمونە دەتوانی ڕێنمویی کەسانێک بکەیت کەوا ئەو سەرکەوتنەیان بەدەستنەهێناوە کە خۆیان ئاواتەخوازی بوون، دەشێت ڕێگەیان پشان بدات و کەسی پڕ کوالیتیان پێشکەش بکات. بەم شێوەیە بابەتی ئەوەی نەفس تێکەڵی کارەکان ببێت و هەندێک هەستی نەرێنی دروست ببێت، ڕێگری لێدەکرێت.

بێگومان جێبەجێکردنی تەواوی ئەم کارانە، هەروا کارێکی ئاسان نیە.  بۆ هێنانە دی تەواوی ئەم بابەتانە، پێویستی بە فکر و هەوڵ و کۆشش و هەرسکردنێکی زۆر جددی نەفس دەکات. هەربۆیە پێویستە لەم بابەتانەدا بە چاکەوە لەیەک نزیک ببینەوە ساڕێژی برینەکانی یەکتر بکەین. کاتێک بەیەکەوە کۆدەبینەوە کێشەکانی ناو بیرکردنەوەمان بڕەوێنینەوە و بەردەوام مرۆڤەکان بەرەو ئیخلاس و خاکەڕایی بوون و خۆبەهیچزانین ئاڕاستە بکەین. دەشێت کەسانی تر بە شێوەیەکی تر بیر بکەنەوە، ئەمە بابەتێکە پەیوەندی بە ئێمەوە نیە. ئەوەی لێرەدا گرنگە بریتیە لەوەی خۆمان لە کوێ وەستاوین و چی کارێک ئەنجام دەدەین. ئێمە لەلایەک پێویستە لەسەر ڕێگەی ڕاستبڕۆین و نوێنەرایەتی خۆڕاگری لەسەر ڕێگە ڕاستەکە(استقامة) بکەین؛ لەلایەکی ترەوە لە بابەتی دروستکردنی هەندێک پڕۆژە و جێبەجێکردنیدا، حساب بۆ ئیحساسی کەسانی تریش بکەین.         

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *