قۆناغبەندی

 

پرسیار: ئەو جیاوازیەی لە شێوازی بانگەوازی سەردارماندا هەیە لە قۆناغی مەککە و مەدینەدا، چی پەیامێکی بۆ قۆناغەکانی دوای خۆی هەڵگرتووە؟

 

وەڵام: قورئانی کەریم لە پڕێکدا دانەبەزیوە و، لە ماوەی ٢٣ ساڵدا دەستە دەستە دابەزیوە. ئەمەش بە نیسبەت چاکسازی  لەو مرۆڤانەی بە ئەقڵیەتی سەردەمی جاهیلی دەژیان یان بە نیسبەت  ئەوانەی تازە ئەو ئەقڵیەتەیان بەجێهێشتبوو، ڕووداوێکی زۆر گرنگ بوو. قورئان ئەو بارودۆخە گشتیەی کەوا لە نیو کۆمەڵگادا بوونی هەبوو لەبەرچاو گرتبوو، بارودۆخەکە پێویستی بە چی چاکسازییەک هەبووبێت، بە گوێرەی ئەوە فەرمانەکانی خۆی دەرکردووە. الله فەرمانەکانی سەبارەت بە عیبادەت و چۆنیەتی مامەڵەی نێوانیان، هەر لە پڕێکدا نەخستە سەر شانی مرۆڤەکان. بۆ نمونە فەرزکردنی هەریەک لە نوێژ و ڕۆژوو، ماوەیەکی دیاریکراو لەم بابەتەدا لەبەرچاو گیراوە و وردە وردە مرۆڤەکانی لەسەر ڕاهێنراوە هەتا ئەو کاتەی فەرمانیان پێکرا. هەروەها کاتێک سەیری حوکمەکانی حەرامکردنی سووخواردن و ماددە کحولیەکانیش دەکەین، هەمان شتیان تێدا بەدی دەکەین. الله تەواوی ئەمانە لە پڕێکدا حەرام نەکردووە، لە ڕێگەی ئەو ئایەتانەی لە سەردەمە جیاوازەکاندا دایبەزاندووە، وردە وردە ئەم حوکمانەی بەسەر مرۆڤەکاندا سەپاندووە.

**

ئایەتە مەککی و مەدەنیەکان

گەر سەیری ئەو ئایەتانە بکەین کەوا لە سەردەمی مەککە و مەدینەدا دابەزیوە، ئەوا لە نێوان ئایەتەکاندا جیاوازی گرنگ بەرچاو دەکەوێت. کاتێک سەیری ئایەتەکانی سەردەمی مەککە دەکەین، لەبەر ئەوەی مرۆڤەکان تازە تازە دێنە ناو ئیسلامەوە، موسوڵمانەکان ژمارەیان زۆر کەمە، زۆرینەی دوێنراوەکانی سروش و وەحی ئیلاهی لە موشریکە بتپەرستەکانی مەککە پێکهاتبوون، ئەمانەش کەسانێکی سەرکەش و دەمارگیر بوون، کەوا کوێرانە شوێنی دینی بابوباپیرانیان کەوتبوون. لاسایکردنەوەی باوانیان لە نێو ڕۆحیاندا ڕەگی داکوتیبوو. هەربۆیە ئایەتەکانی قورئان بە شێوەیەکی بەردوام سەرنج بۆ لای ئەم خاڵی لادانەی ئەوان ڕادەکێشێت؛ پێداگری لەسەر حەقیقەتی تەوحید دەکات و خۆی لە بنەماکانی ئیماندا چڕکردۆتەوە.

بەڵام سەردەمی مەدینە، لە چواردەوری پێغەمبەر هێواش هێواش خەریکە کۆمەڵگایەکی ئیسلامی دروست دەبێت. لە بەرامبەر موسوڵمانەکاندا تەنیا بتپەرستەکان بوونیان نەبوو، بەڵکو جولەکە و دووڕووەکانیش بوونیان هەبوو. هەربۆیە ئایەتەکان بە گوێرەی ئەم بارودۆخە تازەیە دادەبەزی. بۆ نمونە گەر بابەتی سووخواردن بە هەند وەربگرین، قورئانی کەریم لە دوای ٩ ساڵ لە هیجرەت بۆ مەدینە حەرامی کردووە و بەم شێوە توندە هۆشداری دەدات بەو کەسانەی سوو دەخۆن” ئەوانەی خەریکی سووخواردنن هەر وەک ئەو کەسانە هەڵدەستن و دادەنیشن کەوا شەیتان دەستی لێوەشاندوون. ئەمەش لەبەر ئەوەیە کە دەڵێن: سووخواردنیش هەروەک مامەڵەی بازرگانی وەهایە. ئەمە لە کاتێکدایە الله مامەڵەی بازرگانی حەڵاڵ کردووە و سووخواردنیشی حەرام کردووە. هەرکەسێک دوای ئەوەی فەرمانی الله ی لەم بابەتەدا پێگەشت و وازی لەم کارە خراپە هێنا، ئەو کارەی لەمەوپێش ئەنجامیداوە بەسەریدا تێدەپەڕێت، حوکمی ئەو کارەشی لای الله دەبێت. بەڵام هەرکەسێک لەمەودوا بۆ سووخواردن بگەڕێتەوە، ئەوا کەسێکی دۆزەخییە و بە شێوەیەکی ئەبەدی لەوێدا دەمێنێتەوە”. (البقرة؛ ٢:٢٧٥)

بەڵام ئەو ئایەتانەی لە پێش ئەم ئایەتەدا سەبارەت بە سووخواردن دابەزیوە، هزری مرۆڤەکانی بۆ ئەم بابەتە ئامادە کردووە و مرۆڤەکانی هێواش هێواش لەو بابەتە سارد کردۆتەوە، پاشان لە ڕێگەی ئایەتەکەی سەرەوە بە شێوەیەکی یەکلاکەرەوە حەرامی کردووە. لە یەکەم ئایەتەدا سەبارەت بەو بابەتە، الله بەراوردی نێوان هەریەک لە سووخواردن و زەکاتی کردووە و فەرموویەتی” کاتێک لە ڕێگەی سوودوەرگرتنەوە قەرز بە کەسانی تر دەدەن و لە ڕواڵەتدا وەها دەردەکەوێت سەروەت و سامانتان ڕووی لە زیادی کردووە، لە ڕاستیدا لای الله زیادی نەکردووە. بەڵام ئەو زەکاتەی لە پێناو ڕەزامەندی الله بە هەژارانی دەبەخشن، لای الله بەرەکەتی تێدەکەوێت”. (الروم؛ ٣٠:٣٩) لە ئایەتەکانی دواتریشدا، ئاماژە بەوە دەکات کەوا سووخواردن لە شەریعەتەکانی پێش ئیسلامیشدا هەر حەرامکراو بووە و، پاشان سەرنج بۆ لای ئەوە ڕادەکێشێت کە یەهودیەکان بە هۆی سووخواردنەوە سەرکۆنە کراون(٤:١٦١) هەروەها ئەوە قەدەغە کراوە کە چەندین قاتی ئەو سەرمایەی بە قەرز دەدرێت سوود وەربگیردرێت و(٣:١٣٠)، لە کۆتایشدا لە ڕێگەی ئەو ئایەتەیە ئاماژەمان پێدا بە شێوەیەکی یەکلاکەرەوە قەدەغە کرا. بە هەمان شێوە قەدەغەکردنی ئارەقیش بە ٤ قۆناغی جیاوازدا تێپەڕیوە.

**

قۆناغبەندی لە دوای سەردەمی سەردارمان

 

دوای ئەوەی جەنابی حەق ئیسلامی تەواوکردووە و بە ئەوجی کەماڵی خۆی گەیاندووە، بابەتی ئەوەی هەندێک لەم حوکمانە نادیدە بگرین و بیشارینەوە، جێگەی باس نیە. بابەتی ئەوەی شەرعی خودا لە سفرەوە دەستی پێکردووە و سەریهەڵداوە، پلەبەندی کردن لە بابەتە شەرعیەکاندا تایبەتمەندە بە سەرەتا و تەنیا یەک جار ئەمە ڕێگەی پێدراوە. دوای ئەوەی دینی الله تەواو بووە، بیرکردنەوەیەکی وەک ئەوەی بڵێیت ” با هەندێک لە حوکمەکانی قورئان بە مرۆڤەکان بگەیەنین و باسی هەندێکی تریشیان نەکەین” بە شێوەیەکی ڕەها کارێکی دروست نیە. لەگەڵ ئەمانەشدا کەوا فەلسەفەی شەریعەت لەسەر پلەبەندی دامەزراوە، بە نیسبەت کەسانێکەوە کەوا لە نێو کاری بانگەواز و ڕێنموییکردنی مرۆڤەکاندان، لە ڕوانگەی بنەما و شێوازی کارەوە حەقیقەتی زۆر گرنگیان دەخاتە بەرچاو. بە تایبەت لەمڕۆدا کەوا مرۆڤەکان بە تەواوی لە دین دوورخراونەتەوە، بەرامبەر سەرچاوە کەلتوریەکانی خۆیان و جیهانبینی ئەمڕۆ وەک بێگانەیان لێکراوە، واتە بە نیسبەت ئەو مرۆڤانەی کەوا چەشنی ئەوەن لە سەردەمی فەترەتدا بن-پێش هاتنی ئیسلام یان گەشتنی حەقیقەتەکان- کاتێک پەیامی قورئانیان پێشکەش دەکەن بە شێوەیەکی ڕەها پێویستیان بەوە هەیە کەوا ڕەچاوی ڕیزبەندیەکی دیاریکراو بکەن و، ئەم بابەتە وانەیەکیان لەو بارەیەوە پێدەدات. ئەوەیان پشان دەدات کەوا پیویستە لە کوێوە دەستپێبکەن و چی ڕێگایەک بگرنە بەر. هەروەها ئەوەیان فێردەکات کەوا گۆڕانکاری کارێکی ئاسان نیە و، ڕزگاربوون لەو شتانەی وەک نەریتیان لێهاتووە، وابەستەی ئەوەیە کاتێکی دیاریکراوی بەسەردا تێپەڕێت.

مرۆڤەکان هەتا بڵێی لە دین دوورکەوتوونەتەوە و گەر ئەوەش بگوترێت کەوا سەردەمی دووهەمی جەهالەت دەستی پێکردۆتەوە، پێموایە لەم وتەیەدا زێدەڕۆیی نەکرابێت. هەندێک جار وەک ئەوەی لە ڕێپۆرتاژی سەرشەقامەکانیشدا دەبینرێت، تەنانەت ئەو مرۆڤانەی لە وڵاتێکی موسوڵمانیشدا ژیان بەسەر دەبەن، بێ ئاگان لەوەی مەرجەکانی ئیمان چیە. لەم سۆنگەیەشەوە پێویستە سەرەتا ئەوە دیاری بکرێت کەوا لە چی دونیایەکی  دێوەزمەییدا ژیان دەگوزەرێت و، سەردارمان لە کوێوە دەستی پێکردبێت پێویستە ئێوەش لە هەمان شێوە دەست پێبکەن.

وەک ئەوەی لای هەمووان ئاشکرایە، یەکەم شت کەوا سەردارمان بە موشریکانی مەککەی فەرموو:   قولوا لا إله إلا الله تفلحوا… واتە بڵێن تەنیا الله خودایە، ڕزگارتان دەبێت. ئەو لە سەرەتادا تەنانەت باسی لە خودی خۆیشی نەدەکرد. چونکە دەگونجا یەکێک لەو کاتەدا ئەوەی بە ئەقڵدا بێت کە بڵێت” ئایا ئەو لە ڕێگەی بەکارهێنانی ئەم ئارگومێنتە مەعنەویانەوە، دەیەوێت خۆی بەسەر ئێمەدا باڵادەست بکات؟” و بیرکردنەوەیەکی جیاوازی لەم شێوەیەی لای مرۆڤەکان دروست بکردایە. هەربۆیە ئاماژەکردن بە خۆی لە ساتێکی وەهادا دەگونجا کاردانەوەی لێبکەوێتەوە. ئەمە لە کاتێکدایە مرۆڤێک کەوا پێغەمبەر نەبێت، پشتی بە هێزێکی ئیلاهی نەبەستبێت، بابەتی ئەوەی سەبارەت بە ڕزگاری مرۆڤەکان دڵنیایی و زەمانەتێکی بە‌هێزی لەو شێوەیە بدات، مومکین نەبوو. قسەی مرۆڤێک کەوا پشتی بە سەرچاوەیەکی زۆر تەندروستەوە نەبەستبێت، لە هەوادا دەمایەوە. لەم سۆنگەیەشەوە، ئەو بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ ئەوەی بە مرۆڤەکان دەوت کەوا ئەو لەسەرو ئاسمانەکانەوە پەیامی بۆ هاتووە؛ واتە پێغەمبەرایەتی خۆیشی ڕادەگەیاند. هەربۆیە ئەوانەی ئەقڵیان لەسەردا بوو، بە ئاسانی لەوە تێدەگەشتن کەوا پێغەمبەری خودا دەیەوێت چی بڵێت. ئەمەش ڕەهەندێکی جیاوازی دووربینی و وردبینی پێغەمبەری خودا بوو.

هەربۆیە حەزرەتی پیریش لە ئیمانەوە دەستی بە کارەکانی خۆی کرد. لە سەرەتای شاکارەکانیەوە هەتا کۆتایی، هەر لەسەر حەقیقەتەکانی ئیمان دەوەستێت. بە تایبەت لە بەرامبەر ئەو کەسانەی کەوا بەرامبەر بەهاکانی خۆیان وەک بێگانەیان لێهاتووە، پێویستە یەکەم بابەت حەقیقەتەکانی ئیمان بێت. ئەمە بەو واتایە نایەت کەوا لەسەر بابەتەکانی تاعەت و بابەت نەوەستین، باسی بابەتەکانی چۆنیەتی مامەڵەیان بۆ نەکەین، ژیانی دڵ و ڕۆح فەرامۆش بکەین، لە بەرامبەر گوناح و حەرامەکاندا بێدەنگی هەڵببژێرین. بە پێچەوانەوە پێویستە ئاستی مرۆڤەکان لەبەرچاو بگیردرێت و کار لەسەر ئەم بابەتانەش بکرێت. ئەوەی لێرەدا گرنگە، پێویستە بە گوێرەی کەسی دوێنراو، بابەتی سەرەتا و دواتر بە جوانی دیاری بکرێت. هەروەها بە باشی ئەوە دیاری بکرێت کە چی بابەتێک لە چی کاتێکدا بۆ فڵان کەس باس دەکەیت. وەک ئەوەی باسکردنی هەموو بابەتێکی پەیوەندیدار بە دین ئەرکێکی زۆر گرنگە، بابەتی هێنانە پێشەوەی بابەتە سەرەکیەکان و لاوەکیەکانیش ئەرکێکی جیاوازترە.

**

ئەو ئسلوبەی لە کاتی پێشکەشکردنی حەقیقەتە گەورەکاندا بەکاردەهێنرێت

 

لەلایەکی ترەوە کاتێک بابەتە پەیوەندیدارەکانی دین باس دەکرێت، پێویستە هەرگیز ئەوە لە بیرنەکرێت کەوا ئەو ئسلوبەی بەکاردەهێنرێت زۆر گرنگە. لەمڕۆدا مرۆڤگەلێکی وەها هەیە کەوا بە خۆی دەڵێت موسوڵمان، بەڵام بە شێوەیەکی وەها لە دین و ئیمان دوورکەوتۆتەوە، نە دەهێڵێت قسە بە مەیخانەکەی بڵییت، نە قسە بە مەلها و بتخانەکەی دەڵێت. سەرەتا بێ ئەوەی توخنی ئەو مەدرەسە و تەوتەمانە دەکەویت کەوا ئەوان بایەخی پێدەدەن. بۆ نمونە دەتەوێت مرۆڤەکان لەو شتانە دوور بخەیتەوە کەوا لەلایەن ئیسلامەوە حەرامکراوە وەک سووخواردن، خواردنەوە، قومار و داوێپیسی، گەر یەکسەر قورئان و سونەت بهێنیتە بەرەوە و ئارگومێنتی ئەوە بەکاربهێنیت کەوا ئەمانە فەرمانەکانی دینن، لەوە دەچێت ئەم قسانە کاردانەوەی لێبکەوێتەوە. لە جیاتی ئەمە زۆر بە باشی دەتوانی ئەم بابەتانە بە تەندروستی، ئابوری و بەها کۆمەڵایەتیەکانەوە ببەستیتەوە و باسیان لێوە بکەیت. واتە دەشێت وەک پزیشکێک یان پیاوێکی زانست کەوا لە ڕێگەی ئامارەکانەوە قسە دەکات، بابەتەکان بخەیتە ڕوو، لەو بابەتەدا لەسەر توێژینەوە جیاوازەکان بوەستیت و ئەوەی خوازیاری بیڵییت دەتوانیت بیلێیت.

کێ چووزانێ هەتا ئەمڕۆ لە ڕێگەی ڕەقی و توندی و کارنەزانی خۆمانەوە چەند کەسمان لە دەست دەرچووە. هەندێک جار بیر لە حاڵی پڕ لە هەرزەیی و سەرشێتی خۆم دەکەمەوە، ئەوەم بیر دەکەوێتەوە کەوا چۆن لە هەمان کاتدا لە ناڵ و بزماریشم داوە و بەم هۆیەوە بە شێوەیەکی زۆر جددی لێپرسیەنوە لەگەڵ خۆمدا دەکەم. بەڵام چی لە دەستی مرۆڤ دێت، ئێمەش بووینە قوربانی ئەوەی ڕابەرێکمان نەبوو. هیچ کەسێک نەبوو باسی ئەم بابەتانەمان بۆ بکات. بە پێچەوانەوە، بە شێوەیەکی بەردەوام بەرامبەر کەسانی بێباوەڕ، لەڕێگە دەرچوو، خراپەکار، زاڵم و گوناحکار تەڵقینی هەستەکانی دوژمنایەتی دەکراین. سەبارەت بەو کەسانەی لە بەها دینیەکان دوور کەوتونەتەوە و توشی حەرام بوون، بەردەوام گوێمان لە قسەی نەرێنی و سوکایەتی پێکردن بوو. ئیدی ئەمانە لە نێو نەستی ئێمەدا جێگەیان گرت و، هاتن لە نێو دەمارەخانەکانی مێشکماندا شوێن پییان قایم کرد، کاریگەرییان لەسەر هەست و هزرمان دانا. کاتێک بیر لەو ڕۆژانە دەکەمەوە، دەڵێم هەر باشە پەلاماری یەخەی ئەو کەسانەمان نەداوە کەوا لە ئێمە جیاواز بیردەکەنەوە. هەربۆیە پێموایە الله ئێمەی پاراستووە و پارێزگاری لێکردووین. مەگەرنا باجی ئەم کارانەی خۆمان پێنەدەدرا.

ئەگەرچی دەشێت لەمڕۆشدا لێپرسینەوەی ئەوە لەگەڵ خۆمان بکەین کەوا ئایا هەست و هزرمان بە تەواوی ڕێگەی گرتووە یاخود نا. ئایا بە تەواوی لەو هزرانە ڕزگارمان بووە کەوا  بۆنی جیاکاری مرۆڤەکانی تری لێدێت؟ ئایا بێ ئەوەی بابەتەکان بەم و بەوەوە ببەستینەوە، دەتوانین بەڕێوەی ببەین؟ لە سەردەمێکی دیاریکراودا لەبەر ئەوەی ژمارەی ئەو مرۆڤانەی خزمەتی دین و قورئانیان کردووە کەم و لاواز بوون، بە مەبەستی ئەوەی هاندانیان بۆ بکرێت کەمێک بە شێوەیەکی ئەرێنی باسیان لێوە کراوە و نرخێکیان دراوەتە پاڵ. بەڵا ئەمانە بابەتگەلێکی سەرەکی وەک بنەماکانی ئیمان نین. گەر یەکێک لە مرۆڤەکان نەڵێت ” من سەر بە فڵان و فیسار” نیم، بەم هۆیەوە لە بازنەی دین و شوێنکەوتووانی سەردارمان دەرناچێت. تەنانەت لەو زاتەش ناپچڕێت کەوا لە دوایەوە دەڕوات. لەوە دەچێت لەم بابەتانەدا هەڵەی زۆر جددیمان هەبووبێت. ئەمە لە کاتێکدایە دەکرا بەرفراوانتر بیر بکەینەوە و سینەمان بۆ هەموو کەسێک بکەینەوە. دەکرا توندوتیژی پەراوێز بخەین و زیاتر بە بەزەیی و شەفقەت بین. دڵەکانمان بە ڕووی هەموو کەسدا کراوە بگرین و هەوێنی خۆمان لە هەموو شوێنێک بدەین. گەر هەمووشی نەیگرتایە، هەندێکی هەر دەیگرت.    

 

 

  

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *