قەسوەتی دڵ. پرسیار: دەرکەوت و هۆکار و چارەسەرەکانی قەسوەتی دڵ چیە؟

وەڵام: قەسوەتی دڵ بریتیە لە ڕەق بوونی دڵ. هەر مرۆڤێکیش کەوا دڵ ڕەقی هەبێت، بە دەربڕینەکەی ئوستاد بەدیعوزەمان” ئەو کەسەیە کە ناتوانێت لە ژیانی ئاژەڵی دەربچێت، جسمانیەت بەجێبهێڵێت، بەرەو پلەکانی ژیانی دڵ و ڕۆح بەرز ببێتەوە”. ئیدی بە شێوەیەکی بێ ئاگا لە ڕۆحی دەژی. تەنانەت هەندێک جار بە گوێرەی ڕادەی غەفڵەت و ڕەقی دڵی، وەک ئەوەی ژیانی ئاخیرەت هەر بوونی نەبێت هەنگاو هەڵدەگرێت؛ گۆڕ، تەرازوو، ڕۆژی لێپرسینەوە، پردی سیراط بە هیچ شێوەیەک بە ئەقڵیدا نایەت؛ ترسی ئەوەی نیە بەرەو دۆزەخ خلۆر بێتەوە، بە شێوەیەکی بێ ئاگا لە ژیانی ناو بەهەشت، نیعمەتەکانی بەهەشت، ڕەزامەندی و خۆشنودی جەنابی حەق ژیان بەسەر دەبات. هەرکەسێک کەوا قەسوەتی دڵی هەبێت، درەوشانەوەی دەرکەوتەکانی(تجلی) ناو و سیفاتەکانی جەنابی حەق لە گەردووندا نابینێت. هەرگیز بەرەو ئاسۆی ناوە جوانەکان و سیفاتە بێ خەوشەکانی الله بەرز نابێتەوە.

 

ئەو دینامیکانەی دڵ بە زیندوویەتی دەهێڵنەوە

بۆ ئەوەی ژیانی دڵ بە زیندوویی بمێنێتەوە، هیچ گومان نیە لەوەی لە پێش هەموو شتێکدا وابەستەی ئیمانە بە الله. پێش هەموو شتێک مرۆڤ پێویستە زۆر بە جوانی باوەڕی بە الله هەبێت، هەردەم چاویش بە ئیمانەکەیدا بخشێنێتەوە.لە ئیمانی لاساکردنەوەوە(تقلید) بەرەو ئیمانی لێکۆڵەرەوانە(تحقق) بەرز ببێتەوە، ئیمان وەک بەشێک لە سروشتی خۆی لێبکات. ئەو ئیمانە نەزەریەی هەیەتی، لە ڕێگەی ئەو عیبادەت و گوێڕایەڵیەی بە خشوع و گەردنکەچیەوە ئەنجامی دەدات گۆشی  بکات و، تاجی لەسەر بنێت. دڵێکی لەم شێوەیەش هەمیشە بە زیندوویی دەمێنێتەوە. هەریەک لە ناسینی الله، خۆشەویستی الله، چێژی ڕۆحانی، بە ناوی زیندوو مانەوەی دڵەوە بنەماگەلێکی زۆر گرنگن. سەبارەت بە ناسینی الله(معرفة الله) دەکرێت بە کەلتوری دڵیش ناوی ببەین. واتە لە ڕێگەی مەشقکردن لەسەر ئەو عیلم و عیرفانەی سەبارەت بە الله هەیە، وەک بەشێكی ڕاستەوخۆی لەتیفەی ڕەببانی و دڵی لێبێت. ناسینێکی لەم شێوەیە، زۆر جیاوازە لەو زانینەی لە ڕیگەی هەستەکان و مێشکەوە درکی پێ دەکرێت.

 

ناسینی الله ش سەرئەنجامی خۆشەویستی الله ی لێدەکەوێتەوە. هەرمرۆڤێک کەوا الله ی ناسیبێت، الله ی خۆش دەوێت. گەر الله بناسیت خۆشت دەوێت، گەر نەیناسیت خۆشت ناوێت. گەر خۆشەویستی بەرامبەر تابلۆی شانازی مرۆڤایەتی بوونی هەبێت، لەبەر ئەوەیە کە ناسراوە. واتە بە شێوەیەک لە شێوەکان، خۆشەویستی بە ڕادەی ناسینە. ئەوانەی لە ناسینی الله قوڵ دەبنەوە، بە شێوەیەکی شێتانە هەست بە خۆشەویستی و عەشقی الله دەکەن، زیاتر لەمەش بە تامەزرۆیی ئەوەوە هەڵدەستن و دادەنیشن. ئیدی بە گوێرەی پەیوەندییان بە الله وە، هەمیشە باسی بینین و ڕەزامەندی ئەو دەک. تەواوی ەن و، هەر ناڵەیان دێت. ئەمانەش بنەماگەلێکی گرنگن کەوا دڵ بە زیندوویی دەهێڵنەوە و دەبنە هۆکاری ئەوەی لەتیفەی ڕەببانی شکۆفە بکات. گەر لە دڵێکدا ئیمان، ناسینی و خۆشيویستنی الله بوونی نەبێت، لەو دڵەدا قەسوەت و دڵ ڕەقی دێتە ئاراوە. وەک چۆن ئەنجام نەدانی شتی ئەرێنی دەبێتە هۆکاری قەسوەتی دڵ، لە هەمان کاتدا ئەنجامدانی شتی نەرێنیش هەمان سەرئەنجامی لێدەکەوێتەوە. واتە ئەو گوناح و هەڵانەی ئەنجام دەدرێن، ئەو حەرامانەی بە دەست-قاچ، چاو- گوێ، دەم-زمان، ئەو لادانەی لە ڕێگەی حەق و عەدالەت دێتە مەیدان، سەرئەنجامی دڵ ڕەقی لێدەکەوێتەوە. هەربۆیە بە گوێرەی ڕوونکردنەوەکانی ئەو کەسەی ڕاستگۆی بە ڕاستگۆ زانراوە، هەموو گوناحێک لە دڵی مرۆڤدا لەکەیەکی ڕەش دروست دەکات. لەبەر ئەوەی هەر لەکەیەکیش دەبێتە هۆی ئەوەی بانگهێشتی لەکەیەکی تر دەکات، بە تێپەڕینی کات لەکەکان زۆر دەبن و سەرئەنجام تەواوی دڵ دەگرنەوە. پێغەمبەری خودا لە ڕێگەی ئەم ئایەتەی قورئانەوە بابەتەکە زیاتر ڕوون دەکاتەوە کە دەفەرموێت:

كَلَّا بَلْ رَانَ عَلٰى قُلُوبِهِمْ مَا كَانُوا يَكْسِبُونَ

بێگومان ئەوان بە هۆی ئەو کار و کردەوانی ئەنجامیاندا، دڵەکانیان خڵتە و  ژەنگی هەڵهێنا…

 

لە ئایەتێکی تردا سەبارەت بە حاڵی ئەو دڵانەی کەوا بە تەواوی ڕەق بوون  چەشنی بەردیان لێهاتووە دەفەرموێت:

خَتَمَ اللهُ عَلٰى قُلُوبِهِمْ

 

“الله مۆری لە دڵەکانی ئەوان داوە”…

 

واتە دڵی ئەم جۆرە کەسانە ئیدی بە ناوی مەعریفەت و ناسینی الله هیچ شتێکی لە دەرەوە  تێناچێت. الله لە ڕێگەی ئەو مۆر و خەتمەی لە دڵی ئەوانی دەدا، دەرگای ئەو دڵە دادەخات و وەک هێلانەی فیتنە و فەسادی لێدێت و، کەسانێکی تریش لە دەستی دڵێکی لەو شێوەیەوە زیان دەبینن.

هەربۆیە ئەو ئەرکەی لە پێش هەموو شتێکدا لەسەر شانی کەسی ئیماندارە، بریتیە لەوەی لە ڕیگەی شتانێکی ئەرێنیەوە دڵی بە زیندوویی بهێڵێتەوە. پێویستە بە ناوی داواکردنی ئیمان، ناسینی الله، خۆشەویستی الله، عەشق و تامەزرۆیی گەشتن بە دیداری ئەو هەمیشە هەر بڵێت “هل من مزید؟” لەمە زیاتر نیە؟ ژیانی هەمیشە لە ڕێگەی حونجەکردنی ئەمانەوە بەسەر ببات. لەلایەکی ترەوە لە شتانێکی نەرێنی دوور بکەوێتەوە، هەلی ئەوە نەدات بە دەستەوە کەوا دڵی لەکەدار ببێت و ڕەقی ڕووی تێبکات.

دیسان گەر بە گوزارشتەکانی حەزرەتی پیر گوزارشت لەم بابەتە بکەین:

هەر گوناحێک کەوا ئەنجامی دەدەین، هەر گومانێک کەوا دێتە ناو مێشکمانەوە، لە دڵ و ڕۆحماندا برینێک دروست دەکات. ئەم برینانەنش هەڕەشە لە ژیانی دوور و درێژی ئەبەدیمان دەکات. هەر لەبەر ئەمەشە سەردارمان هەروەک پەنای بە خودا گرتووە لە دەستی شەیتان، بە هەمان شێوە پەنای لە ڕەقێتی و قەسوەتی دڵیش گرتووە. (مسلم، الذکر)

 

ڕاستتر وەهایە بڵێین، ئەو لە ڕێگەی ئەم نزایەیەوە، حەقی پێشەوایەتی خۆی بۆ ئێمە داوە. لەم ڕوانگەیەشەوە ئەوەی لەسەر شانی ئێمەیە، بە شێوەیەکی بەردەوام پەنا بە الله بگرین لەوەی دڵمان لەکەدار ببێت، بریندار ببێت، توشی قەسوەت، ڕەقی و خەتم و مۆرلێدان بێت.

لەلایەکی ترەوە وەک چۆن ئەو مرۆڤانەی دەمارێکی دڵیان دەگیرێت، ئیتر دڵیان بە ڕێکی کار ناکات، دواتر  لە ڕێگەی ئەنجامدانی قەستەرە و بەستنی ستەنتەوە هەوڵی کردنەوەی گیراویەکە دەدرێت، هەرمرۆڤێکیش کەوا لەتیفەی ڕەببانی و دڵی مەعنەوی توشی کێشە بووە، پێویستە یەکسەر خۆی بە ساڕێژکردنەوەیەوە خەریک بکات. مرۆڤ نابێت بە دڵێکی ڕەق، بریندار و چەپەڵەوە ژیان بەسەر ببات، پێویستە هەوڵی ئەوە بدات بە شێوەیەکی لێبکاتەوە کەوا کاری خۆی بکات. لە ڕاستیشدا الله ڕوو لە دڵە چەپەڵەکان ناکات. هەر شوێنێکیش کەوا ئەو ڕووی تێنەکات، لەگەڵ زینداندا هیچ جیاوازیەکی نیە.

 

پێکەوە بوون لەگەڵ مرۆڤە چاکەکاندا

لەگەڵ تەواوی ئەمانەدا، سەرنجدانی مرۆڤ لەوەی لەگەڵ کێدا هەڵدەستێت و دادەنیشێت،  لەگەڵ کێدا پەیوەندی هەیە، کارێکی زۆر گرنگە. بۆ نمونە زۆرێک لە دۆستانی الله لە دوێنێوە هەتا ئەمڕۆ، شوێنکەوتەکانی خۆیان لەوە قەدەغە کردووە کەوا لەگەڵ پیاوانی دەوڵەت و دەوڵەمەنداندا هەڵبستن و دابنیشن. لێرەدا نابێت ئەو واتایەش هەڵبهێنجێنرێت کەوا دەوڵەمەندی و کاربەدەستبوون لە دەوڵەتدا، کارێکی نەفرین لێکراوە. بە پێچەوانەوە ئەو سەروەت و پلە و پۆستەی بەدەست دەهێنرێت، بە نیسبەت مرۆڤەوە تاقیکردنەوەیە. ئەمانە گەر لە ڕێگە چاکەدا بەکارهێنران وەک چۆن سەرئەنجامێکی باشی دەبێت، بە هەمان شێوە گەر لە ڕیگەی خراپیشدا بەکارهات، سەرئەنجامی خراپی دەبێت. ئەو بابەتەی کەوا پێویستە لێرەدا هەڵوێستەی لەسەر بکرێت، زۆرێک لەو مرۆڤانەی دەچنە لای ئەم جۆرە کەسانە، زۆرینەی کات ناچاری سەردانەواندن، خۆزگە پێخواستن دەبن و، بە شێوەیەک لە شێوەکان دەبن بە ژێر منەتی ئەو جۆرە کەسانەوە. ئەمانەش شتانێکن کەوا کەرامەت و حەیسیەتی مرۆڤ لەکەدار دەکەن و، لە نرخی مرۆڤەکە دادەبەزێنن و زیان بە پەیوەندی مرۆڤەکە لەگەڵ الله دەگەیەنن.

بە تایبەت ئەو مرۆڤانەی خاوەن سەروەت و سامانن و ژیانێکی بێ ئاگایانە بەسەر دەبەن، هەر مرۆڤێک لەگەڵیاندا ژیان بەسەر ببات پێش هەموو شتێک توشی قەسوەتی دڵی دەکەن و، لە الله دووری دەخەنەوە. لە ڕاستیشدا نە لە فکری ئەم جۆرە مرۆڤانە، نە لە گوفتار و کرداریاندا سۆحبەتی جانان بوونی نیە. بە پێچەوانەوە تەنیا دەرد و خەمی ئەوان، بریتیە لەوەی ژیانیان هەتا دوا ڕادە بە خۆشی بەسەر ببەن، بەشێکی زیاتر لە دونیا بۆ خۆیان ببەن. دەیانەوێت لە هەر شوێنێکدا بوونیان هەبێت، چەپڵە ڕێزان بکرێن و پەسن و ستایش بکرێن. تەنانەت گەر کەسانێکی تر لە سەروەت و سامانەکەیان سوودمەندیش ببێت، ئەم کارەیان لەبەر ئەوەیە منەتباریان بکەن و بە خۆیانەوە بیانبەستنەوە. هەربۆیە ئەوەی لەگەڵ ئەوانیش بێت، پاش ماوەیەک هەر وەک ئەوانی لێدێت.

لەم ڕوانگەیەشەوە ئەوانەی بایەخ بە ژیانی دڵ و ڕۆح دەدەن، پێویستە زۆر سەرنج لەو هاوڕێیانەیان بدەن کەوا لەگەڵیان هەڵدەستن و دادەنیشن. هەندێک لە زاتە گەورەکان، کاتێک ئاماژە بەوە دەکەن، کە ماوەی ٤٠ ڕۆژ چێژیان لە نوێژەکانیان نەبینیوە تەنیا لەبەر ئەوەی ماوەی یەک کاتژمێر کاتیان لەگەڵ کەسێکی نوێژنەکەردا بردۆتە سەر، لە ڕووی ڕوونکردنەوەی گرنگی ئەم بابەتە زۆر گرنگە. هەربۆیە هەستان و دانیشتنی مرۆڤ لەگەڵ کەسانێکدا کەوا هەمیشە بە ڕووی سۆحبەتی جاناندا کراوەن، گرنگیەکی زۆری هەیە.

ئەوەی لەسەرشانێتی، هەرکەسێک کەوا ڕووی تێدەکات، پێویستە لەو کەسانە بێت کەوا دەبنە هۆی ئەوەی لە ڕووی مەعنەویەوە هەنگاوێک زیاتر بچێتە سەرەوە و، تەنانەت لە کاتی پەیوەندی بە کەسانی ئەهلی دونیا و ئەهلی بێ ئاگایی، لەو ئامانجە میسالی و مەفکورە باڵایە دوور نەکەوێتەوە کەوا بە دوایدا ڕادەکات.

 

لەم بابەتە ئەوەی جێگەی باسە، بریتی نیە لەوەی هەڵوێستی دژایەتی بەرامبەر ئەو مرۆڤانەی وەک خۆی بیر ناکەنەوە وەربگرێت، نەفرەتیان لێبکات، قسەی خراپیان پێبڵیت یاخود شەڕیان لەگەڵدا بکات. بە پێچەوانەوە ئەوەی بە نیسبەت کەسی ئیماندارەوە بناغەیە، بریتیە لەوەی ڕێز لە هەموو کەسێک بگرێت بە هۆی مرۆڤ بوونیەوە. ئەو گەر ئیللا هەڵوێستێکی دژایەتی بەرامبەر شتێک وەربگرێت و دوژمنایەتی لەگەڵدا بکات، پێویستە بەرامبەر سیفاتە خراپەکان وەریبگرێت. ئەو بابەتەی لێرەدا مەبەستی سەرەکی ئێمەیە، بریتیە لە پارێزگاری کردن لە پاکێتی دڵ. ڕێگای ئەمەش وەک ئەوەی بریتیە لە خۆ دوورخستنەوە لەو مرۆڤانەی کەوا بە ناوی دڵ و ڕۆحەوە شتێک بە مرۆڤ نادەن، لە هەمان کاتدا بریتیە لەوەی هێندەی لە دەستمان دێت خۆمان لەو مرۆڤانە نزیک بکەینەوە کەوا بە ئەهلی دڵ ناسراون.

بەڵام ئەمە لایەنێکی بابەتەکەیە، لەگەڵ تەواوی ئەمانەشدا، وەک داخوازێکی ئەرکی بەندایەتی کەسی ئیماندار، لە پێناو ڕژاندنی ئیلهامەکانی دڵی بەسەر ئەو سینانەی ئاتاجی ئەون، پێویستە هەوڵی ئەوە بدات لەگەڵ هەموو جۆرە مرۆڤێکدا پەیوەندی دروست بکات. لە ڕاستیشدا ئەوانەی ژیانێکی دابڕاو دەژین، ئەو کەسانەی هەمیشە خۆیان لەو کەسانە بە دوور دەگرن کەوا فکری پێچەوانەی ئەویان هەیە، هەستانیان بە کارێکی وەک ئەوەی جوانیەکانی دینەکەیان پشانی کەسانی تر بدەن، مومکین نیە. جگە لەمانە، گەر هەتا ڕادەیەکی دیاریکراو، بەردەوامی بە پەیوەندیەکان لەگەڵ کەسانی سەر بە چینە جیاوازەکانی کۆمەڵگا نەدرێت، لە کۆمەڵگادا پارچە پارچە بوون و دابڕان و دووبەرەکی دروست دەبێت. ئەم دووبەرەکیەش مرۆڤەکان بەرەو پێکدادان و شەڕ دەبات. پێویستە ئێوە لە سەرەتادا هەنگاوێک بە ڕووی مرۆڤەکانندا هەڵبنێن هەتا ئەوانیش دوو هەنگاو هەڵبگرن، یان دوو هەنگاو هەڵبگرن هەتا ئەوانیش چوار هەنگاو هەڵبگرن، بەم شێوەیە ناکۆکی و جیاوازی نێوان چینە جیاوازەکانی کۆمەڵگا دەڕەوێتەوە، نابێتە هۆی ئەوەی ناکۆکی و جیاکاری لێبکەوێتەوە. هەربۆیە کۆبوونەوەیەکی لەم شێوەیە کە بە نیەتی چاک و جوانەوە ئەنجام دەدرێت، پێویستە هەڵسەنگاندنێکی جیاوازی بۆ بکرێت لەگەڵ ئەو لێکنزیکبوونەوانەی بە ناوی نەفسی مرۆڤەکانەوە ئەنجام دەدرێت.

وەک لێرەشدا بەدی دەکرێت، دیاریکردنی ئەوەی لە کام شوێندا کام هەڵوێستمان هەبێت، کارێکە تێکۆشانی هزری دەوێت. مرۆڤ لەو خزمەتانەی کەوا دەبێت ئەنجامی بدات، پێویستە هیچ کەموکورتیەک نەنوێنێت. پێگە و هێز و ئیمکانی چەندە گونجاو بوو، ئەو کارانە ئەنجام بدات. بەڵام دواتریش دەبێت بڵێت” وەها باشتر بوو لەم شوێنەدا فڵان کارمان ئەنجام بدایە، بەو شێوەیە جوانتر دەبوو. بەڵام بە هۆی دەستەواسانی و گیرۆدەبوونی من بە گوناحەکانمەوە ئەمانە ڕوویان نەدا. پەروەردگارا ئەم کارە بچوکانەم لێ قبوڵ بکە. لێم خۆشببە بە هۆی ئەوەی کارگەلێک پێویستی بە ڕاپەڕاندن دەکرا و بە هۆی کەموکورتی منەوە ئەنجام نەدران”. بیرکردنەوەیەی لەم شێوەیە بە نیسبەت دڵی مرۆڤەوە زیاتر جێگەی متمانەیە. بانگەشەی ئەوەی ملیم بە ملیمی کارەکانی دروست و تەواوە، هەڵوێستێکی فیرعەونئاسایانەیە. مرۆڤێک کەوا بەم شێوەیە بیر دەکاتەوە، گەر فیرعەونیش نەبێت، هەڵگری سیفاتی فیرعەونانەیە.

 

 

 

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *