لەمپەرەکانی بەردەم مەفکورەی خۆتەرخان کردن

پرسیار: لە ڕوانگەی مەفکورەی خۆتەرخان کردنەوە کە دینامیکی سەرەکی خزمەتە، ئەو بابەتانەی جێگای مەترسین، ڕێگاکانی خۆپارێزی لە چی پێکهاتوون؟

وەڵام: لەم بابەتەدا پێویستە بە هەستەکانی دەربڕینی پێزانینەوە(تحدیث النعمة) وەڵامی ئەو سەرکەوتنانە بدرێتەوە کەوا جەنابی حەق هەتا ئێستا بە ڕۆحە فیداکارەکانی بەخشیوە، هەوڵی ئەنجامدانی شوکرانەبژێری بەرامبەریان بدرێت. چونکە ئەو جوانییانەی خۆبەخشەکانی خزمەت هەتا ئەمڕۆ لە هەرچواردەوری دونیا خستوویانەتە ڕوو، شتێکە لە دەرەوەی هێز و ئیرادەی ئێمەیە. هاتنە دی تەواوی ئەم جوانیانەش لە ڕوانگەی نەخشەی هەنگاوەکانەوە پێویستی بە هەریەک لە هەیەجانی بانگەوازکردن، هەستی فیداکارانە، مامۆستایانی پێگەشتوو، پیاوانی کاری جوامێر، سەرچاوەی تەواو، پلان و پڕۆژەی ماقوڵ، بە جوانی پێشوازی لێکران لەو شوێنانەی ڕوویان تێکراوە و زۆر هۆکاری تریش هەبوو، کەوا بە گوێرەی ئەگەری پێکەوە کۆبوونەوەیان کارێکی زۆر سەخت بوو.

لەم ڕوانگەیەشەوە، پێویستە خۆمان لەوە بەدوور بگرین کەوا ئەو خزمەتانەی ئەنجام دراون بکەینە ماڵی چەند کەس و ستافێکی دیاریکراو؛ بە یارمەتی و چاودێری الله وە بیانبەستینەوە. هەڵسوکەوتێکی لەم شێوەیەش، گوزارشتە لەو حەقیقەتەی هەیە. جیا لەمانە، گەر ئەو سەرکەوتنانەی هاتوونەتە دی بە بلیمەتی و تەگبیر و لێوەشاوەیەتی کەسانێکی دیاریکراوەوە ببەستینەوە، چەشنی ئەوەی لە یەکێک لە فەرمایشتەکانی سەرداریشمان ئاماژەی پێکراوە، ئەوا ملی ئەو کەسانەمان شکاندووە کەوا کردومانن بە خاوەنی سەرکەوتنەکان. چونکە دەشێت هەموو کەسێک نەتوانێت بەرگەی بارێکی لەو شێوەیە بگرێت. دەشێت کەسانێک چاودێری و ڕەحمەتی ئیلاهی لەبیر بکەن، هەر بە ڕاستی بکەونە ناو بێڕێزییەکی وەک ئەوەی سەرئەنجامە بەدیهاتووەکان بە خۆیانەوە ببەستنەوە. بە تایبەت لە سەردەمێکی وەک ئەمڕۆدا کەوا بێئاگایی لە برەودایە و خۆپەرستیش وەک فیرعەونێکی هاربوو باڵادەست بووە، نابێت هیچ کەسێک وەک بت و ئەفسانەی لێبکرێت.

لەم قسانەشەوە، نابێت ئەو ئەنجامگیرییەی بکرێت کەوا ئەو جوانیانەی مرۆڤەکانمان بە هەزار هەوڵ و تێکۆشان خستوویانەتە ڕوو، نادیدە بگیرێن. بە پێچەوانەوە، پێویستە لە شوێنی خۆیدا دەستخۆشییان لێبکرێت، پەسن و ستایش و خەڵات بکرێن؛ لە تەواوی ئەمانەش گرنگتر، بریتیە لەوەی لە ڕێگەی نزاکانمانەوە پاڵپشتیان لێبکەین. لە نزاکانماندا بەردەوام بڵێین” پەروەردگارا، براکانمان لە بابەتی ئەنجامدانی خزمەتدا پێچەسپاو بکە، مەهێڵە لە ڕێگەی ڕاست لابدەن، لە هەموو بیرکردنەوەیەکی چەوت بیانپارێزە، بە ئیمان و مەعریفەت سەرفرازیان بکە، عەشق و تامەزرۆییان زیاتر بکە!”، ئەنجامدانی پاڕانەوە و کڕوزانەوەیەکی لەم شێوەیە لەبەردەم الله، داخوازی ئەو وەفا و ڕاستگۆییەیە کەوا دەبێت بەرامبەر براکانمان پیشانی بدەین.

**

گەورەترین کەرامەت: خۆڕاگری لەسەر ڕێگە ڕاستەکە(الاستقامة)

هەزاران حەمد و سەنا بۆ خودا، لە سەردەمێکدا کەوا شمشێری ماددی کێشراوەتەوە ناو کێلانی خۆی، لە ڕوانگەی چالاکی بانگەواز و ڕێنوێنی مرۆڤەکانەوە، خزمەتگەلێک ئەنجام دراون کەوا جێگەی دەستخۆشی لێکردن بوون. دڵە فیداکارەکان، لە پێناو ئەوەی لەمپەری نێوان مرۆڤەکان و الله هەڵبگرن و سەرلەنوێ دڵەکانیان بەو شاد بکەنەوە، بەرگەی زۆر ناڕەحەتی جددییان گرت.. چەشنی کرێکارێک لە دامودەزگاکانی خزمەتدا کرێکارییان کرد. لەم کارانەشیاندا، بە بەراورد لەگەڵ هاوپیشەکانیاندا موچەیەکی کەمتریان وەرگرت. تەنانەت هەندێکیان چەندین مانگ نەیانتوانی مووچەش وەربگرن. هەندێکیشیان چەندین ساڵ نەیانتوانی سەردانی شار و وڵاتی خۆیان بکەنەوە. لەم سۆنگەیەوە، ناتوانین ئەم هەموو هەوڵ و کۆششانە نادیدە بگرین کەوا بە شێوەیەکی سەمیمی خراونەتە ڕوو. ناتوانین نمەکنەشناسی بەرامبەر ئەو لوتفانە ئەنجام بدەین کەوا الله بە لێزەم و شەستە بەسەریدا باراندووین. گەر ئەو هەستێکی فیداکارانە و ڕۆحێکی خۆتەرخانکەرانەی لەو شێوەیەی بە ئێمە نەبەخشیایە، خۆشەویستیەکی لەو شێوەیە نەخستایەتە دڵی دوێنراوەکانمانەوە، ئەوا ئەو کارە جوانانە ئەنجام نەدەدران. حەمد و سەنا هەر بۆ ئەو بێت.

تەنیا هێندە هەیە، ئەوی لێرەدا گرنگە بریتیە لەوەی ڕۆحی خۆتەرخانکردن کەوا گرنگترین دینامیکی خزمەتە، هەتا ئەو کاتەی دەمرین بەردەوامی هەبێت. ئەو فیداکاری و خەمخۆرییەی لە سەرەتای کارەکاندا پیشان دەدرێت، هەتا کۆتایی بەردەوامییان پێبدرێت. بە دەربڕینێکی تر، بریتیە لەوەی پارێزگاری لە مانەوەمان لەسەر ڕێگای ڕاست بکەین. ئەمەش کارێکی هێندە ئاسان نیە، وەک ئەوەی گومانی پێدەبرێت. لە ڕوانگەی ئەوەی هەموومان مرۆڤین، تاقیکردنەوەی جیاواز جیاواز چاوەڕێمان دەکات. هەموومان مرۆڤگەلێکین کەوا لە گۆشت و ئێسقان دروست بووین. نەفسمان هەیە. لە بەرامبەر دونیادا مەیل و خواست و ئارەزوومان هەیە.

لە یەکێک لە ئایەتە پیرۆزەکاندا بەم شێوەیە باسی ئەو تاقیکردنەوانە دەکات کەوا چاوەڕێی مرۆڤەکان دەکات:

 زُيِّنَ لِلنَّاسِ حُبُّ الشَّهَوَاتِ مِنَ النِّسَاءِ وَالْبَنِينَ وَالْقَنَاطِيرِ الْمُقَنْطَرَةِ مِنَ الذَّهَبِ وَالْفِضَّةِ وَالْخَيْلِ الْمُسَوَّمَةِ وَالْأَنْعَامِ وَالْحَرْثِ ذَلِكَ مَتَاعُ الْحَيَاةِ الدُّنْيَا وَاللَّهُ عِنْدَهُ حُسْنُ الْمَآبِ…

“ئارەزووی ئافرەت و بوونی نەوەی نێرینە، خاوەندارێتی زێڕ و زیوی زەبەندە، ئەسپی چاک و ڕەسەن، ماڵات و زەوی کشتوکاڵی بۆ خەڵکی ڕازێندراونەتەوە، ئەمانە هەمووی ناز و نیعمەتی دونیان، خوداش لای خۆی شوێنی ڕازاوەی بۆ بەندە چاکەکانی تەرخان کردووە”(ال العمران، ١٤)

مرۆڤ، تەنانەت گەر نەشچێتە ناو بازنەی کاری ناشەرعییەوە، دەشێت لە ڕووی فیترەتییەوە مەیلی سوود وەرگرتن لەو ناز و نیعمەتانەی دونیا بکات کەوا لەبەرچاوی ڕازێندراوەتەوە. دەشێت خۆشەویستی ماڵ و خێزان وەهای لێبکەن لە خزمەتەکانی دوور بکەونەوە؛ بیرکردنەوە لە بەدەستهێنانی پارە و دەوڵەمەندبوون لە مێشکیدا شوێن بگرن. یان ئارەزووی ئەوە بکات ژیانێکی ئاسوودەی هەبێت و سوود لە نیعمەتەکانی ژیانی دونیا وەربگرێت. یان ئەوەی لە کەنار دەریا و سەرشاخەکان پشووەکانی بەسەر ببات و، کاتەکانی پڕ کەیف و خۆشی بێت. تەنیا هێندە هەیە، دەشێت ئەم جۆرە ئارەزووانە لەگەڵ تێپەڕینی کات بەرەو سەرزەمینی کارە ناشەرعیەکانی پەلکێشی بکەن، یان لایەنی کەم زنجیر لە قاچەکانی بدەن و تەوق بکەنە ملی، بەم شێوەیە لەو ڕێگەیە دووری بخەنەوە کەوا لەسەری دەڕوات. لەم ڕوانگەیەشەوە، کەسانێک کەوا زنجیرەکانیان نەپچڕاندووە، لە بەرامبەر جوانییە سەرنجڕاکێشەکانی دونیادا نەیانتوانیوە پارێزگاری لە هەڵوێستی خۆیان بکەن، زۆر سەختە پارێزگاری لە هەستەکانی فیداکاری و خۆتەرخانکردن بکەن.

بەڵێ، زۆرن ئەوانەی ئەو فیداکارییەی لە سەرەتاوە هەیانبووە، نەیانتوانیوە هەتا کۆتایی ببەن، بەم هۆیەشەوە توشی دۆڕان بوون. بۆ نمونە، ماوەیەکی زۆر لەسەر ئەو ڕێگەیە ماونەتەوە کەوا گرتوویانەتە بەر، سنگیان بە ڕووی زۆرێک لە ناڕەحەتیەکاندا دەرپەڕاندووە، بەڵام لە شوێنێکدا گیرۆدەی ئارەزووە نەفسانیەکانی بووەتەوە و بەجێماوە. ئەگەرچی کەسانێک هەبوون لە پێناو هیجرەتدا ڕوویان لە شوێنە جیاوازەکان کردووە  و خزمەتی زۆر جوانیشیان پێشکەش کردووە، بەڵام دوای ماوەیەک سەریان لێتێکچووە، تێڕوانینەکانیان لێڵ بووە، کامڵێتی خۆیان لەدەستداوە و دەستیان بە گۆڕان کردووە. ئیدی هەندێکیان بە هۆی پۆست و پلە و پایەوە گۆڕان ، هەندێکیش بە هۆی ئیمکانەکانی ناو ژیان گۆڕان. هەندێک گیرۆدەی دەستی بەرژەوەندیەکانیان بوون، هەندێکیش گیرۆدەی شۆرەت بوون. سەرئەنجام ئەم جۆرە کەسانە نەیانتوانی پارێزگاری لە وەفا و ڕاستگۆیی خۆیان بکەن کە دەبوو پارێزگاری لێبکەن و ڕۆحی خۆبەخشییان بە زیندوویی ڕانەگرت. لە ڕاستیشدا ئەوانەی ئەم جۆرە زیکزاکانە لە ژیانیاندا هەیە، ژمارەیان زۆر کەمە، ڕەنگە لە هەزاردا یەک کەس بن. تەنانەت لە سەردەمی پێغەمبەری خوداش، کەسانێک هەبوون کەوا بەم ڕادەیە لە ڕێگە لایان داوە. بەڵام دیسان لە پێناو ئەوەی ژیانمان لە نێو بێداری و حەزەر(تمکین) بەسەر ببەین، ئەمانە ڕووداوگەلێکن کەوا دەبێت پەندیان لێوە وەربگرین.

**

ئەو ڤایرۆسانەی ژیانی مەعنەوی ئیفلیج دەکەن

 

حەزرەتی پیر لە ڕێگەی زاراوەی( شەش هێرشەکە) ئاماژەی بەو مەترسیانە کردووە کەوا چاوەڕێی مەردەکانی ڕێگەی خزمەت دەکەن، لە ژێر ئەم ناونیشانەشدا باسی ئەو شەش جۆرە ڤایرۆسەی کردووە. ئەو لە ڕوانگەی سەردەمەکەی خۆیەوە، سەرنجی بۆ مەترسیدارترین جۆری ڤایرۆسەکان ڕاکێشاوە. بەڵام ئەو مەترسیانەی چاوەڕێی مرۆڤ دەکەن، کەوا لە ڕوانگەی شێوازی دروست بوونیەوە کراوەیە بە ڕووی خراپەدا، تەنیا بەم شەش دانەیە سنوردار نەکراوە. هەربۆیە دەشێت باس لە زۆر ڤایرۆسی تر بکرێت کە ئەگەری ئەوەیان هەیە مرۆڤ ئاڕاستەی کاری نەرێنی بکەن و ژیانی مەعنەوی ئیفلیج بکەن. لەم ڕوانگەیەوە، ئەو ئەرکەی لەسەرشانی ئەو خۆبەخشانەیە کەوا بەرامبەر گرنگی و سەختی ئەمانەتەکەیان لە ئاگاییدان، بریتی لەوەی بەرامبەر تەواوی ئەو کارە نەرێنیانە دان بە خۆیاندا بگرن کە دەشێت لەسەر ڕێگەکەیان لایان بدات و ئارامگر بن. پارێزگاریکردن لە ئەمانەت، وابەستەی کارێکی لەم شێوەیەیە. حەزرەتی پیریش لە نزاکانیدا هەمیشە دەیوت” پەروەردگارا هەتا ئەو ڕۆژەی ئەمانەتەکەی خۆتمان لێوەردەگریتەوە، لە کەسانی ئەمانەتپارێزمان بگێڕە”.

ئێمە لەو باوەڕەداین کەوا ئەو خۆبەخشانەی بە ڕۆحی فیداکارانەوە بە هەرچواردەوری دونیادا بڵاوبوونەتەوە، ڕۆحانیەکانیش دەستخۆشییان لێ دەکەن. نەوەکانی داهاتووش بە چاکە یادیان دەکەنەوە. بەڵام کەسانێکیش هەر بوونیان دەبێت کەوا لە ڕێگادا هەڵدەوەرێن و بەجێدەمێنن. چەشنی ئەو کەسەی ئامانجێتی بگاتە کەعبە و، کەمێک بەر لەوەی بگاتە شوێنی ئامانجی دەگەڕێتەوە یان ئاڕاستەی دەگۆڕێت، کەسانێکیش بوونیان دەبێتە کەوا هەڵدەگەڕێنەوە. هەندێکیان بە هۆی خۆشەویستی ماڵ و منداڵەوە، هەندێکیشیان بە هۆی شەیدایی بۆ ژیانی ئاسان، هەندێکیش بە هۆی ترس، هەندێکیش بە هۆی هەستەکانی ئیرەیی و ڕکابەرییەوە، لەڕێگەی خۆیان لادەدەن. زۆرن ئەوانەی مەفکورەیەکی باڵایان بە ئامانج گرتووە و، لە هەمان کاتدا  بە هۆی گیرخواردنیان بە شتی بچوکەوە، لە دوا ساتەکاندا هەلی چوونە ناو کەشتیەکە، لەدەست دەدەن.   

پێغەمبەری خوداش لە یەکێک لە حەدیسەکانیدا فەرموویەتی:

أَلاَ إِنَّ بَنِي آدَمَ خُلِقُوا عَلَى طَبَقَاتٍ شَتَّى

مِنْهُمْ مَنْ يُولَدُ مُؤْمِنًا وَيَحْيَا مُؤْمِنًا وَيَمُوتُ كَافِرًا .

وَمِنْهُمْ مَنْ يُولَدُ كَافِرًا وَيَحْيَا كَافِرًا وَيَمُوتُ مُؤْمِنًا

 

واتە” با هەواڵتان پێبدەم، مرۆڤەکان لەسەر ئاستی جیاواز ئافرێندراون؛ هەندێکیان هەیە بە ئیمانداریەوە لەدایک دەبێت، بە ئیمانداری دەژی، بە کافری دەمرێت. هەندێکیشیان هەیە بە کافری لەدایک دەبن، بە کافری دەژین، بە ئیماندارێتیەوە سەر دەنێنەوە.(ترمذی، الفتن) کەواتە نابێت هیچ کەسێک لە پاشەڕۆژی خۆی دڵنیا بێت. زانایانیش هۆکاری دڵنیایی مرۆڤ لە بەرامبەر پاشەڕۆژی خۆی، بە کوفرەوە بەستووەتەوە. وەک ئەوەی بێئومێدی دەشێت مرۆڤ بەرەو کوفر ببات، دەشێت هەستکردن بە دڵنیایی ڕەها بەرامبەر ئاخیرەتیش، مرۆڤ بەرەو کوفر ببات. کەسی ئیماندار نە دەبێت ئومێدی لە ڕەحمەت خودا داببڕێت، نە دەبێت بە تەواوی دەست لە ترس و نیگەرانیەکانی هەڵبگرێت. کاتێک سەیری ژیانی دۆستانی خودا دەکەین، ئەوە دەبینین کەوا هەردەم ژیانیان لە نێو هاوسەنگی نێوان ترس-هیوا(خوف-رجا) بەسەر بردووە.

گەر بمانەوێت ژیانمان لەسەر ڕێگە ڕاستەکە بەردەوامی هەبێت، ئەوا پێویستە گوێ بۆ ئەم هۆشداریانەی حەزرەتی بەدیعوزەمان ڕادێرین:

” کارە خێرە زۆر گەورە و گرنگەکان، ڕێگری زۆر زیانبەخشیان دێتە سەر ڕێ. شەیتانەکان خۆیان بە خزمەتکارانی ئەو خزمەتەوە زۆر خەریک دەکەن. لە بەرامبەر ئەم ڕێگری و شەیتانانەدا پێویستە پەنا بۆ هێزی ئیخلاس ببرێت”. لەبەرچی شەیتان خۆی بە کەسانێکەوە خەریک بکات کەوا کارێکیان نیە!؟ چونکە لە ڕاستیدا کەسێکی لەو شێوەیە، بێ ئەوەی لەلایەن شەیتانەوە فەرمانی پێ بکرێت، هەر خۆی لە نێو پیلان و پڕۆژەکانی ئەودا هەنگاوەکانی هەڵگرتووە. بەڵام ئێوە گەر بتانەوێت پەیکەرەی ڕۆحتان بونیات بنێن و کاری سوودبەخش بۆ مرۆڤایەتی ئەنجام بدەن، شەیتانە ئینسی و جینیەکان دەستان لێ هەڵناگرن. بۆ ئەوەی دەستان لەو ڕێگەیە پێ هەڵبگرن کەوا لەسەری دەڕۆن، ئەوەی لە دەستیان بێت ئەنجامی دەدەن.

**

شەیتان زۆر خۆی خەریکی خزمەتکارانی خزمەت دەکات

لە فەرمایشتێکی سەردارماندا کەوا لە “تنبیه الغافلین”دا هاتووە-ئەگەرچی ڕیوایەتێکی سەحیحیش نیە- کاتێک پرسیاری ئەوە لە شەیتان دەکات کە ئایا زۆرترین ڕقی بەرامبەر کێ هەیە؟ لە وەڵامدا دەفەرموێت: “تۆ”.

 

لەبەرچی؟ چونکە ئەو زاتێک بوو کەوا بۆ بونیاتنانی پەیکەرەی ڕۆحی هەموو مرۆڤایەتی هاتبوو. هەر لەبەر ئەوەش بوو، ئەو گەورەترین ئامانجی شەیتانە ئینسی و جینییەکان بووە. ئەگەرچی سەردارمان لە چەقی زەویدا(مەککە) لە دایک بووە و خاوەنی خانەوادەیەکی زۆر بەهێزیش بووە، بەڵام ناچاری ئەوە کرا کۆچ بەرەو مەدینە بکات. تەنیا ئەویش بەم شێوەیە نەبووە، کاتێک سەیری مێژووی پێغەمبەران دەکەین، هەریەک لە حەزرەتی ئیبراهیم، حەزرەتی موسا و لوطیش ڕووبەڕووی هەمان چارەنوس بوونەوە. نەیانهێشت لەو شوێنانەدا بژین کەوا تێیدا پێگەشتبوون. ئەو زاتە گەورانەشی شوێنەکەوتەی ڕاستگۆی ئەو پێغەمبەرانە بوون، ئەوەی بە درێژایی مێژوو بەسەریان هاتووە، جیاواز لە چارەنوسی ئەوان نەبووە. نزیکترینی ئەم کەسە گەورانە لە ئێمەوە کەوا حەزرەتی پیرە، لە زاری خۆیەوە ئەوەمان بۆ دەگێڕێتەوە کەوا چەندین جار شاربەدەریان کردووە.

کاتێک تەواوی ئەمانە لەبەرچاو دەگرین، بە نیسبەت ئەو ڕۆحە فیداکار و خۆبەخشانەوە کە بە چواردەوری دونیادا بڵاوبوونەتەوە، دەتوانین لەوە تێبگەین کە چ مەترسیەک رووبەڕوویان دەبێتەوە. ئەوان گەر تەنانەت بە ترۆپکی ئیخلاسیش گەشتبێتن، شەیتان دەتوانێت لەو شوێنەی خۆیاندا پاشقولیان لێبگرێت. بە فێڵ و تەڵەکە جۆراوجۆرەکانیەوە دەچێتەوە بەردەمیان و بۆ ساتێکیش دەستیان لێهەڵناگرێت. تەواوی ئارگومێنتەکانی ناو دەستی بەکاردەهێنێت و هەوڵی هەڵخلیسکاندنی پێکانیان دەدات. دەبێت ئەوەش لەبیرنەکەین کەوا پاداشت و قازانجی کارێک چەندە گەورە بێت، مەترسی و ناڕەحەتیەکانیشی بەو ڕادەیە گەورەیە. پەنا بە خودا کەسێک کەوا لە لوتکەی شورای ئیخلاسەوە دەکەوێتە خوارەوە، دەشێت بەرو چاڵێکی قوڵ خلۆر ببێتەوە. مرۆڤێک کەوا الله و سەردارمان و دین و دیانەتی ناسیوە، گەر لە جیاتی ئەوەی پەیکەرەی ڕۆحی بونیات بنێت، دەست بکات بەوەی بە دوای ئارەزووە مرۆیی و لاشەییەکانیدا ڕابکات، لە تافی بردنەوەدا توشی دۆڕان دەبێت.

لەم سۆنگەیەوە، دەبێت کەسە خۆبەخشەکان زۆر خۆڕاگر بن، لە بەرامبەر گەمەکانی شەیتان و نەفسدا کێلون لە تەواوی دەرگاکان بدەن، داوێنپاکی و بێگوناحی و شکۆی خزمەت لەکەدار نەکەن. ئەو مرۆڤانەی جەنابی حەق زەمینەیەکی جوانی خستۆتە بەردەمیان و لە ڕوانگەی پاککردنەوەی سیمای ناشرینبووی دونیاوە هەلی خزمەتی زۆر گرنگی پێبەخشیون، گەر ملی ڕێگەیەکی چەوتیان گرت ئەوا تەنیا بە گومڕابوونی خۆیانەوە ناوەستن، لە هەمان کاتدا بە دەستدرێژیکەر بۆ مافی تەواوی ئەو مرۆڤانەی لەسەر ئەو ڕێگەیە دەڕۆن، ئەژمار دەکرێن. ئیدی تەواوی ئەو جوانیانە ناشرین دەکەن کەوا بە هەوڵ و تێکۆشانی هەزاران یان ملیۆنان کەس هاتۆتە ئاراوە. خۆ گەر بمانەوێت نەبینە هۆکاری ڕووخانێکی گەورەی لەم شێوەیە، پێویستە چەشنی بەردەکانی ناو گومەزێک سەرمان بە سەری یەکەوە بنێین، پاڵپشتی لە یەکتری بکەین، بێ ئەوەی توشی هیچ هەڵنوتین و کەوتنێک ببین، بەردەوام بین لە ڕۆشتن لەسەر ئەو ڕێگەیەی بە ڕاستی دەزانین.

 

 

 

 

 

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *