لە ئاشتەوایی(سوڵح) خێر هەیە…

 

پرسیار: لە ئایەتی” وَالصُّلْحُ خَيْرٌ“دا، بە نیسبەت دونیای ئەمڕۆمانەوە کەوا بەرەو بەجیهانیبوون دەڕوات، چی پەیامێکی بۆ موسوڵمانان هەڵگرتووە؟

 

وەڵام: ئەو کارکردەی لە بنەمای شەڕ و پێکدادانەکانی ئەمڕۆدا بوونی هەیە، بریتیە لە گیرخواردنی کەسەکان بە دەستی خودی خۆیانەوە. هەموو کەسێک بە دوای ئەوەوەیە کەوا بە گوێرەی خودی خۆی پێکهاتەیەکی مرۆڤ، خێزان، شار، دەوڵەت و دونیا دروست بکات. لە دونیایەکیشدا کەوا هەموو کەسێک بە دوای پێکهاتەی خۆیی و مۆدێلی خۆیدا ڕابکات، کۆبوونەوە لە خاڵێکی هاوبەشدا کارێکی مومکین نیە. گەر هەموو ڕۆشنبیر، هەموو بزاڤێک، هەموو دەوڵەتێک بە گوێرەی خۆی کۆمەڵە هزر و سیستەمێک پێکبهێنێت، ئەمانەش وەک تەنیا ڕاستی قبوڵ بکات و چاوەڕێی ئەوەش بکات کەوا هەموو کەس بە گوێرەی ئەو پەیڕەوی شتەکان بکات، ئیدی کێ پەیڕەوی لە چی بکات؟ بە داخەوە لە پشتی بارگرژی، ئاژاوە و کێشمەکێشەکانی ئەمڕۆدا، ڕاستیەکی لەم شێوەیە بوونی هەیە.

 

لێبووردەیی و نەرمونیانی

 

وەک چۆن هەموو کەسێک پابەندی کۆمەڵێک ڕێچکە، ڕێباز و حیزبە، هەریەک لەمانەش بە گوێرەی خۆیان فەلسەفەیەکیان هەیە. هەر گروپە و بە گوێرەی فەلسەفەکەی خۆی، هەوڵی ئەوە دەدات کۆمەڵگا دیزاین بکات، بە دوای وێناکردنێکی دونیاوە ڕادەکات. کەسیش حساب بۆ ئەوە ناکات، کەوا هەندێک کەسی تریش دەشێت هەندێک هەستی تریان هەبێت. هەموو کەس ئارەزووی ئەوە دەکات، بە گوێرەی هەست، تێڕوانینی خۆی شێوازی شتەکان دابنێت و ڕێکیان بخات. ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی لە نێوان مرۆڤەکاندا ناکۆکی زۆر جددی، تێکەڵی و ئاژاوە دروست ببێت.

پێموایە گرنگترین دەرمان بۆ چارەسەری ئەم جۆرە کێشانە، بریتیە لە لێبوردەیی و نەرمونیانی. بە دەربڕینێکی جیاواز، چارەسەری ئەو ناکۆکی و دووبەرەکیانەی ئاماژەی پێدرا، بریتیە لەوەی مرۆڤەکان لەگەڵ هەموو کەسێکدا کراوەبن بە ڕووی لێبوردەیی و نەرمونیانی، لەگەڵیاندا لە حاڵی دیالۆگدا بین. هەربۆیە پێویستە لە وڕک و هەڵپەکانیان، یان قبوڵکردنی ئەوەی هەست و بیروڕاکانی ئەوان تەنیا ڕاستیە لە نێو هەموواندا، دەست هەڵبگرن.

هیچ گومانیش لەوەدا نیە کەوا ئەمەش وابەستەی ئەوەیە کەسەکان لە خۆپەرستی خۆیان ڕابکەن، “منێتی” خۆیان بڕوخێنن و، کەمێک لە ئارامگای “ئێمە” دا بحەوێنەوە، پاشان دەست بە گەشتی چوون بەرەو ئەو (الله) بکەن.

مرۆڤگەلێک کەوا توشی خۆپەرستی، تێبینی لایەنگیری و ئەویندارێتی لەگەڵ گروپەکەی خۆیاندا بوون، بابەتی ئەوەی بە ڕووی ئاشتیدا کراوەبن و ڕێز لە بیروڕای جیاوازی مرۆڤەکان بگرن، کارێکی زۆر سەختە. هەتا ئەو کاتەی بەرژەوەندی لایەنەکەی خۆیان لەسەرو بەرژەوەندی هەموو لایەنەکانی ترەوە وەردەگرن و لە لایەنگیری کردن ڕزگاریان نابێت، ناتوانین ستراتیژیەک بۆ فەراهەمکردنی ئاسودەیی و ئاشتی دابڕێژن. هەر لە بناغەشەوە باسکردن لەوەی ئەم جۆرە مرۆڤانە ئامانجێکی لەو شێوەیەیان هەیە، کارێکی سەختە. لەوەش دەچێت، بە هۆی ئەوەی بە شێوەیەکی داخراو بە ڕووی جیاوازیەکاندا ژیان بەسەر دەبەن، شتانێکی لەم جۆرە بە سوچێکی ئەقڵیشیاندا نەڕۆشتبێت.

 

ئەمەش لە حاڵێکدایە، لە دونیای ئەمڕۆماندا کەوا بەرەو بە جیهانبوون دەڕوات، بابەتی ئەوەی مرۆڤەکانی دونیا لە ئاسودەییدا بژین، جگە لە لێبووردەیی و نەرمونیانی، بژاردەیەکی تریان لەبەردەمدا نیە.

هەروەها بۆ ئەوەی کەلتوری لێبوردەیی لە هەموو لایەک باڵا دەست ببێت، ئیدی لەسەر ئاستی تاک بێت یاخود کۆمەڵگا، پێویستە واز لەوە بهێنن کە خۆیان بە تەنیا نوێنەری ڕەهای ڕاستیەکان بزانن و، ئەگەری ئەوەی کە دەشێت بیرکردنەوە و لێکنزیکبوونەوەی کەسانی تریش ڕاستی تێدا بێت، هەموو کاتێک لەبەرچاو بگرن. پێویستە ئەوەش لەبیرنەکات، گەر هزر و بیرکردنەوە جیاوازەکان بە تەواویش ڕاست نەبێت، دەشێت بەشێک لە ڕاستییان تێدا بێت.

بە ڕای حەزرەتی پیریش، هەریەک لە ڕێچکەی موعتەزیلە و جەبریەکانیش دانەیەک لە حەقیقەتیان لایە، بەڵام ئەو بابەتەی ئەوانی تێدا کەوتوونەتە هەڵەوە ئەوە بووە کە پێیان وەها بووە ڕاستیەکان تەنیا لەلای ئەوان هەیە؛  ئەم لێکدانەوەی ئوستاد بۆ ئەوان، بە شێوەیەکی دەراسا گرنگی هەیە. پێویستە بەم شێوەیە سەیری بیروڕا جیاوازەکان بکەین، گەر ئەو یەک دانەیە لە حەقیقەت لە لایەنی بەرامبەردا بدۆزینەوە، ئیدی بابەتی ئەوەی لە خاڵێکی هاوبەشدا یەکبگرین، کارێکی مومکین دەبێت.

لە ڕۆژگاری ئەمڕۆماندا هەموو کەسێک بە گوێرەی خۆی ڕاستیەکی هەیە. ئەوەی لەلایە کەسێک ڕاستە دەشێت لەلای کەسێکی تر خوار بێت. تەنانەت جاری وەها هەیە، شتێک تەنیا لەبەر ئەوەی لە دەرەوەی گروپەکەی خۆی هاتووە، بەسە بۆ ئەوەی وەک هەڵە بیبینێت. لەبەر ئەوەی چەکی بەرگری لەخۆکردن بەرامبەر بیڕوڕا جیاوازەکان بەکاردێت، بە پێش گریمانەوە لێی نزیک دەبنەوە، زۆرینەی کات، تەنانەت دۆزینەوەی زەمینەیەکی گونجاو بۆ تاوتوێکردنی ڕاست و دروستی ئەو بابەتانەش، لە ئارادا نیە.

هەندێک جار لە ڕێگەی دەمەدەمێوە هەوڵی بەرگری کردن لە بیروڕایەک دەدەین کە تەنانەت خۆیشمان باوەڕمان پێی نیە، هەندێک جاریش هەوڵی ڕەتکردنەوەی شتانێک دەدەین کەوا پشتیان بە  ئارگومێنتی تەندروست بەستووە. هەندێک جاری وەهاش هەیە، تەنانەت خۆیشمان باوەڕمان بەو شتانە نیە کەوا خۆمان دەیڵێین.

بەڵام لە ڕۆژگاری دونیای ئەمڕۆماندا کەوا مرۆڤی سەر بە دینە جیاواز و کەلتورە جیاوازەکان دەستیان بە پێکەوە ژیان کردووە، گەر ئەم شێوازە لە تێڕوانین و تێگەشتن بەردەوامی هەبێت، ڕاستیەکەی نە لە خێزاندا ئاسودەیی دەمێنێت؛ نە لە کۆمەڵگادا. لە حاڵێکی لەم شێوەیەدا، لە پەیوەندیە نیودەوڵەتیەکان و پەیوەندیەکانیش لەسەر ئاستی مرۆڤەکان، گەشتن بە خاڵێک تەندروست بوونی نامێنێت.

 

ئاشتی لە خێزانەوە دەست پێدەکات

 

ئەمەش لە کاتێکدایە، لە ئایەتێکی سورەتی “النساء” دا هاتووە کە دەفەرموێت” وَالصُّلْحُ خَيْرٌ” لە ئاشتیدا خێر هەیە. بەم شێوەیە موسوڵمانان بانگهێشتی ئەوە دەکات هەوڵی سازان، تێگەشتن لە کەسانی تر بدەن، ئەو حەقیقەتە قبوڵ بکەن کەوا دەشێت لە وتە و کردەوەی کەسەکانی تریشدا حەقیقەت بوونی هەبێت. ئاشکرایە ئەم ئایەتە، سەبارەت بە بچوکترین گەردیلەی کۆمەڵگا کە خێزانە، دابەزیوە.

جەنابی حەق، سەبارەت بەو کێشە و ناڕەحەتیانەی لە نێوان هاوسەراندا ڕوودەدەن، ڕێگە چارەسەری پێویستمان دەخاتە بەردەم، وانەی ئەوەمان پێدەدات کە یەکسەر پەنا بۆ جیابوونەو نەبرێت، لە جیاتی ئەوە هەردوولا هەوڵی تێگەشتن لە یەکتری بدەن و بەردەوامی بە خێزانەکەیان بدەن.

 

 خۆ گەر قورئانی کەریم، سەبارەت بە لەرزین، قڵیش و شکانێک کەوا لە نێو خێزاندا دروست دەبێت ڕێگە چارەسەری ئاشتبوونەوەمان لێ داوا بکات؛ ئەوا داواکردنی هەمان ڕێگە چارەسەر بۆ ئەو کێشانەی کەوا لە شارۆچکە، شار، دەوڵەت و لەسەر ئاستی جیهان ڕوودەدەن، کارێکی لە پێشترە. گەر لە پێکهاتەیەکدا کەوا لە ٣-٥ کەس پێکهاتبێت ڕێگە چارەسەری ئاشتی خێری تێدا بێت، لە بازنەیەکدا کەوا ئاسودەیی و پارێزراوی ملیۆنان کەس جێگەی باس بێت، ئاشتی لە پێش هەموو کارێکەوەیە.

لەم ڕوانگەیەوە ئەو ئەرکەی لەسەرشانی مرۆڤەکانە، لە هەر بازنەیەکدا بن پێویستە بە دوای فەراهەمکردنی ئاشتیەوە بن و، پەنا بۆ ئەو سوود و خێرە ببەن کەوا لە ڕێگەی ئاشتیەوە دەست دەکەوێت. هەربۆیە جیاوازی مرۆڤەکان لە ڕووی دین، کەلتور، ناسنامەی نەتەوەیی ، جیهانبینی جیاواز، وەک لەمپەرێک نەبینرێت. پێویستە ئەوە بخرێتە ڕوو، کەوا ژیان لە نیوان ئەو مرۆڤانەی خاوەنی دینی جیاوازن یاخود باوەڕیان بە هیچ دینێک نیە، کارێکی مومکینە. باشترین ڕێگەش بۆ ڕێگری لەو بارگرژی و پێکدادانەی کەوا دەشێت لە نیوان مرۆڤی سەر بە مەزهەب، دین، نەتەوە، پارتە جیاوازەکان بکەوێتەوە و، لە کۆمەڵگاشدا ئاسودەیی و سەقامگیری فەراهەم ببێت، هەر بەم شێوەیە دەبێت. هەر لەم ڕوانگەیەشەوەیە، پێویستە لە پێناو فەراهەمکردنی ئاشتەواییەکی گشتی لەم شێوەیە پڕۆژەگەلێک ساز بکرێن و، ستراتیژی ماقوڵ بخرێتە ڕوو.

لە ڕاستیشدا فەراهەمکردنی شتێکی لەم شێوەیە هێندەی ئەوەی پێشبینی دەکرێت کارێکی ئاسان نیە، وابەستە هەوڵ و کۆششی زۆز جددیە. لە پێناو گەشتن بە ڕێگەیەکی لەم شێوەیەشدا، هەندێک جار گەر زوخاویش هەڵبهێنیتەوە، پێویست دەکات بڵێیت ” شەربەتی شیرینم خواردەوە”.

پێویستە ئەو شەڕانەی لە ڕابردوودا ڕوویانداوە فەرامۆش بکرێن، ئامادەیی لێبوردن و هەندێک جار لە شوێنی خۆیشیدا ئامادەیی سازش کردنیشت تێدا بێت. بە کورتی: لە پێناو ئەوەی فەراهەمکردنی ئەوەی مرۆڤەکان لە نێو ئاشتەوایی و ئاشتیدا پێکەوە بژین، ئامادەیی بەرگەگرتنی هەموو شتێک پشان بدرێت، بە مەرجی ئەوەی سەربەرزی نەتەوەیی نەخرێتە ژێر پێکانەوە.

**

لەمپەرەکان لە ڕێگەی مرۆڤی پێگەشتوەوە تێدەپەڕێندرێن

تەنیا ئەو مرۆڤانەی لە ڕۆح، دڵ، نەست، هەست، بیرکردنەوەدا زیندوون، دەتوانن لە نێو کۆمەڵگادا لە فەراهەمکردنی یەکێتی ڕۆح و کەلتوری ڕێکەوتندا سەرکەوتوو ببن. ئەوانەی لە ڕووی ژیانی دڵ و ڕۆحیانەوە زیندوو نین، بابەتی ئەوەی لە ڕووی ماددی و کۆمەڵگاوە زیندوو بوونەوەیەک فەراهەم بکەن، کارێکی زۆر ئەستەمە.

تەنیا ئەوانەی زیندوون دەتوانن شرینقەی زیندوویەتی لە مرۆڤەکانی تر بدەن. لە ڕوانگەی ئەو مرۆڤانەی کەوا گەشتوونەتە پڕی، تێری و سوکنایی مەعنەوی، کێشە زۆر گەورەکانیش بچوکن. ئەم جۆرە کەسانە، خەندەقە زۆر گەورەکانیش، هێندەی ئەوەی بەسەر چاڵێکی بچوکدا بازهەڵبدەن، تێدەپەڕێنن.

بەڵام کەسانێک کەوا لە خودی خۆیان ڕزگاریان نەبووە، وازیان لە ژیانی جسمانیەت نەهێناوە، ڕزگاریان نەبووە لە ئاڕاستەبوونیان لەلایەن هەوا و ئارەزووەکانیانەوە، بە کورتی کەسانێک کەوا چارۆکەیان بە ڕووی ژیانی پلەکانی دڵ و ڕۆحدا هەڵنەداوە، شتێکی بە ناوی گوزارشت کردن لە حزور و بەختەوەری مرۆڤەکان، پێ نیە.

هۆکاری ئەو شکان، قڵیش بردن، پێکدادان و شەڕانەی کەوا لەمڕۆدا ڕوودەدەن، هەر ئەمەیە. کەسانێک کەوا بە تەواوی نەکوڵاون و پێنەگەشتوون، لە بەرامبەر شتە بچوکەکانیشدا زویری پشان دەدات و، ناڕەحەت دەبن.

لەبەر ئەوەی هێشتا خامێتی خۆیان فڕێ نەداوە، کاتێک ڕووبەڕووی شتێک دەبنەوە کەوا چاوەڕێیان نەکردووە، یەکسەر دڵیان دەشکێت و زویر دەبن. کەسێکیش بە مەبەستی زیندووکردنەوە، هۆشداریدان یان ئەوەی بیانخاتە جوڵە، گەر بە حاڵ بە نوکە دەرزیەک لێیان بدات، وەک ئەوەی ڕمێکیان پێدا چەقی بێت کاردانەوە پشان دەدەن.

گەر ڕووبەڕووی هەزار شتی جوان ببنەوە و، لەناو ئەو هەموو شتەدا چاویان بە تەنیا شتێک کەوتبێت کەوا بە دڵی ئەوان نەبێت، ئەو شتە دەگرێت بە دەستیەوە و تەواوی جوانیەکانی تر مەحکومی نەبوونی دەکات. گەر لە وتارێکی یەک کاتژمێریدا کەوا گوێیان لێگرتووە، تەنیا یەک دوو وشەی تێدا بێت کە ئەوان ناڕەحەت بکات، تەواوی قسەکانی ناو ئەو وتارە مەحکومی ئەو یەک دوو وشەیە دەکات، وەک ئەوەی تەواوی قسەکان لەو بەشە پێکهاتبێت، هەڵوێست وەردەگرێت. لە تەواوی ئەم شتانەشدا کەوا وێنایان کردووە، لە تاقیگەی نەفس و منێتی خۆیاندا هەڵسەنگاندنی بۆ دەکەن، بەم هۆیەشەوە دەکەونە ناو ئەنجامگیری هەڵەوە و ، تێبینی هەڵەیان لەلا دروست دەبێت.

ئەمە لە کاتێکدایە، کەسانێک کەوا دڵیان بە ئیمان و قورئان داوە، ڕۆژانە ٥ جار لە حزوری باڵای ئەودا پشتیان دەبێت بە دوو کەرتەوە، ئەو ئەرکەی لەسەر ئەهلی ئیمانە، لە بەرامبەر حاڵە دڵشکێنەر و دڵ زویرکەرەکانیشدا دڵیان نەشکێت و زویر نەبن. هەروەها تەنانەت لە بەرامبەر ئەو کەسانەی هەڵسوکەوتی خراپ دەنوێنن، لە جیاتی ئەوەی پەنجەی تۆمەتیان بۆ درێژ بکات و بکەوێتە ناو گومانی خراپەوە، ڕوو لە الله بکات و بەم شێوەیە قسە بکات:

خودایە پێدەچێت لەبەر ئەوەی بە تەواوی نەبووینەتە جێدەرکەوتی چاکەکاری، هەربۆیە توشی ئەم شتانە دەبین. خودایە لە حاڵی ئێمە و ئەوانیشدا چاکسازی بکات. لە ڕاستیشدا کەسانێک کەوا بەم شێوەیە ورد، ناسک و جوامێر نەبن و لەم ڕوانگەیەوە لە بابەتەکان نزیک نەبنەوە، بابەتی ئەوەی کێشەکانی دەرەوەی جیهانی خۆیان چارەسەر بکەن، مومکین نیە.

 

دەبێت زۆر خۆڕاگر بێت لەوەی کەوا بەرامبەر کەس دڵی نەشکێت و زویر نەبێت. گەر دڵشکان و دڵ زویر بوون ئێمە مەشغوڵ بکەن، ئەو کارانەی کەوا بەرگەی دڵشکان و دڵ زویر بوون ناگرن، وەک خۆیان دەمێننەوە. وازبهێنن لەوەی لە بەرامبەر هەندێک مامەڵەی ناخۆش دڵمان زویر ببێت، گەر خۆمان بۆ خزمەتی مرۆڤایەتی تەرخان کردبێت، دەبێت ئامادەیی ئەوەمان تێدا بێت سەریشمان بخەینە ژێر قاچی کەسەکانی ترەوە و تەنانەت گەر پێویستیش بکات، لەو پێناوەدا ئامادەی مردنیش بین.  

 

گەر بە دەربڕینەکەی سەید نیگاری گوزارشت لەم بابەتە بکەین:

ئەوەی جانان بخوازێت، لە دڵڕاوکێی گیانی دەبێت؟

ئەوەی گیانیشی بوێت، نیگەرانی جانانی دەبێت؟

پێموایە ئەو بیرکردنەوەی دەبێتە هۆی ڕاستکردنەوەی پشتی مرۆڤایەتی کەوا لە حاڵی ئیستا بووە بە دوو کەرتەوە، هەر ئەمەیە. ئەو نەوەیەی هەڵگری بیرکردنەوەیەکی لەم شێوەیە بێت، دەتوانێت ئەو شکان و قڵیشەی لەسەر ئاستی کۆمەڵگا روویداوە نۆژەن بکاتەوە و، دەبێتە هۆی ئەوەی مرۆڤایەتی لە نێو حزور و ئاشتیدا ژیان بەسەر ببات. مەگەرنا کەسانێک کەوا دڵیان لەم و لەو دەشکێت و، بەم هۆیەوە ئەوانیش دڵی کۆمەڵگا دەشکێنن، بەڵێنێکیان بە ناوی مرۆڤایەتیەوە پێ نیە. وەکو لای هەمووانیش زانراوە، پێش ئەوەی جەنگی ئوحود دەست پیبکات، تابلۆی شانازی مرۆڤایەتی هەندێک لە هاوەڵان وەک تیرهاوێژ لەسەر شاخی ئوحود نیشتەجێ دەکات، بە توندیش ئاگاداریان دەکاتەوە لەوەی کە نابێت بە هیچ شێوەیەک ئەو شاخە بەجێبهێڵن. بەڵام زۆرێک لەوان لەبەر ئەوەی زۆرێک لەوان هێشتا لە پێویستی گوێڕایەڵی فەرمانی پێغەمبەر تێنەگەشتبوون، کاتێک بینییان دوژمن هەڵدێت، بە گومانی ئەوەی ئەرکەکەیان تەواو بووە، شاخەکەیان بەجێهێشت و هاتنە خوارەوە. ئیدی دوای ئەمەش، موشریکەکان لە ڕێگەی مانۆڕێکی نوێوە، پشتیان لە سوپای موسوڵمانان گرت و زەبرێکی زۆر جددیان لێدان. بە شێوەیەک سەرداریشمان سەری موبارەکی بریندار دەبێت و ددانەکانی دەشکێت. بەڵام ئەو دیسان وەک ئەوەی هیچ شتێک ڕووی نەدابێت، دیسان هاوەڵانی کۆکردەوە و ڕاوێژی پێکردن. هەڵەکانی نەدایەوە بەسەروچاویاندا و بچوکترین سەرزەنشتی نەکردن. ئەمە چی شنەبایەکی لوتفی ئەوە کە بەم شێوەیەی کردووە!

 

کێ دەزانێت ئەوانیش بە هۆی ئەوەی هەڵەیەی لە ئیجتیهادەکەیاندا ئەنجامیاندا، چەندە خەجاڵەت بوو بێتن. پێغەمبەری خودا، لە ڕێگەی ڕاوێژکردن بەوانەوە سەبارەت بەو هەنگاوانەی کە دەبێت هەڵبگیرێت، ئاوی لە دڵی ئەو هاوەڵانەی پرژاند کەوا لە هەڵەکانیان تێگەشتبوون و لە ژێر ئەو بارە دەروونیەدا پلیشابوونەوە. هەروەها ڕێگەی ئەوەی لە دڵەکاندا قارەمانێتی ببزوێنیت و، ئەو درز و قڵیشەی دروست بووە نۆژەن بکەیتەوە، هەر بەم شێوەیە دەبێت.

 

ڕێکەوتنی حودەیبیە

 

وەک قسەکانمان هەتا ئێرە هاتن، لەوە دەچێت ڕێکەوتننامەی حودەیبیە بە ئەقڵی زۆر کەسدا بێت. ئەو ڕێکەوتننامەیەش لە کاتێکدا بوو، تابلۆی شانازی مرۆڤایەتی، بە ناوی ئەوەی لەگەڵ موشریکانی مەککەدا ڕێبکەوێت، سازش لە دوای سازشی ئەنجام دەدا.

ئەگەرچی هەندێک لە ماددەکان زۆر لەسەر دڵیشی گران بوون، تەنیا لە پێناو ئەوەی ڕێکەوتنەکە ڕووبدات و کەشوهەوای ئاشتەوایی فەراهەم ببێت، بەرگەی هەموو ئەو شتانەی گرت.

پێغەمبەری خودا ئو کاتەی مەدینەی جێهێشت، بەڵێنی ئەوەی بە هاوەڵانی دابوو، زیارەتی کەعبە بکەن و عومرەی تێدا ئەنجام بدەن. بە ناوی ئەوەی ئەم بەڵێنەشی بباتە سەر، نزیکەی ٤٠٠ کیلۆمەتر ڕیگایان لەسەر پشتی ئەسپ و حوشتر بڕیوە، هەتا نزیکی دەروازەی مەککە هاتبوون. تەنانەت بۆ ئەوەی عومرە ئەنجام بدەن، چوو بوونە ناو ئیحرامەوە و قوربانیەکانیشیان لەگەڵ خۆیاندا هێنابوو. بەڵام موشریکانی مەککە لە حودەیبیە هاتبوونە سەر ڕێگاکەیان و پێیان وتبوون” ئێمە نە دەهێڵین ئێوە بێنە ناو مەککەوە، نە دەهێڵین تەوافی کەعبە بکەن”. بەڵام بە هۆی هەوڵ و کۆششی بەرزی سەردارمان و وردبینیە باڵاکەیەوە، قەناعەتی بە موشریکانی مەککە کرد کەوا واژۆ لەسەر ڕێکەوتننامەکە بکرێت. بەڵام ئەوان وەک ماددەی ڕێکەوتننامەکە، مەرجی ئەوەیان بەسەردا سەپاندن کە بێ ئەوەی عومرە ئەنجام بدەن، بە شوێنی خۆیاندا بگەڕێنەوە. ماددەیەکی لەم شێوەیە بە نیسبەت هاوەڵانەوە کەوا ماوەی ٨ ساڵ بوو بە حەسرەتی جودایی لە مەککە و کەعبە ژیانیان بەسەر دەبرد،  هەتا بڵێی سەخت بوو. بە شێوەیەک چوونە لای سەردارمان و، ئەوەیان بە بیر هێنایەوە کەوا بەڵێنی عومرەی پێداون، ئەویش لە وەڵامدا پێی فەرموون کەوا بەڵێنی “ئەم ساڵ” ی پێنەدوان، بەڵام دیسان بەڵێنی ئەوەیان لێ وەرگرت کەوا ساڵی داهاتوو عومرە ئەنجام بدەن. بابەتی تێگەشتن لەوەی کە ئەم ڕووداوانە چەندە سەردارمانیان بریندار کردووە، کارێکی هێندە سەخت نیە.

خالیدی کوڕی وەلیدیش، کە هێشتا لەو ڕۆژەدا چاوی بە ڕووی حەقیقەتدا نەکرابوویەوە، تاوێک ئەسپەکەی بەلای ڕاستی موسوڵماناندا تاو دەدات و، تاوێک ئەسپەکەی بە لای چەپی موسوڵماناندا تاوی دەدات و، بەم شێوەیە تەحەدایان دەکات، تەنانەت هەوڵی ئەوەشی دەدا ئاژاوەیەک دروست بکات و ئەوانیشی تێوە بگلێنێت. هەروەها لە کاتی نوسینی لایەنەکانی ڕێکەوتننامەکەدا، سوهەیلی کوڕی عەمر وەک نوێنەری قوڕەیش، ئەوەی ڕەتکردەوە کە ناوی سەردارمان وەک “پێغەمبەری خودا” بنوسرێت، لە جیاتی ئەمە نوسینی گوزارەی “محمد کوڕی عەبدووڵا” وەک مەرج لەسەر دانان. هەروەها ئەبوجەندەڵیش کەوا کوڕی هەمان سوهەیلی نوێنەری قوڕەیش بوو، پێش هاتنی سەردارمان بۆ مەککە، لەلایەن باوکیەوە لە زنجیر دەکرێت و، ئەویش لەو کاتەدا هەرچۆنێک بێت خۆی ڕزگار دەکات و، هەتا دەگاتە حودەیبیە زنجیرەکان بە دوای خۆیدا ڕادەکێشێت و، بە برینداری و خوێنەوە خۆی دەگەیەنێتە حزوری پێغەمبەری خودا. بەڵام بە گوێرەی یەکێک لە ماددەکانی ڕێکەوتننامەکە، باوکی داوای کوڕەکەی دەکاتەوە، پێغەمبەری خوداش لە پێناو ئەوەی خاڵێکی ناو ڕێکەوتننامەکە نەشکێنێت،  بە ناچاری ئەوە قبوڵ دەکات کە ڕادەستی باوکی بکاتەوە.

تەواوی ئەمانە شتانێک نین کەوا هەر بە ئاسانی هەرس بکرێن. بە تایبەت بە نیسبەت تابلۆی شانازی مرۆڤایەتیەوە کەوا کەسێکی خاوەن کەرامەت، سەربەرزی و شەرەفێکی زۆر بەرز بوو، چونکە ئەو لەم بابەتانەدا خاوەنی هەستیاریەک و هەستی بەرپرسانەی وەها بوو، کە پێشبینی ئەمە لەلایەن ئێمەوە کارێکی مومکین نیە. هەر وەک لە قورئانی کەریمیشدا خودا دەفەرموێت:

لَعَلَّكَ بَاخِعٌ نَفْسَكَ أَلا يَكُونُوا مُؤْمِنِينَ

 

واتە کاتێک دەبینی ئەوان ئیمان ناهێنن، خەریکە خۆت توشی تیاچوون دەکەیت. ئەم ئایەتە پیرۆزەش گوزارشتە لەوەی کە چەندە خاوەنی هەستێکی بەرپرسانەی بەرز بووە. بەڵام پێغەمبەری خودا، بە حەزەرێکی دەراساوە، توانی تەواوی ئەم بابەتانە هەرس بکات.

ئەویش، ئەو پێغەمبەرە خاوەن شکۆیەیە، کەوا فریشتەکان لە دوایەوە نوێژیان کردووە، جوبرەئیلیش دوو هەنگاو لە دوایەوە بووە و ئاواتی پێ خواستووە، حەزرەتی ئادەمیش لە خودا پاڕاوەتەوە و فەرموویەتی ” خودایە بۆ خاتری ئەو لێم خۆش ببە”، ئومەتی محمدیش هەموو ڕۆژێک داوای شەفاعەتی لێدەکەن. کاتێک سەیری ئەو دەکەین، پێویستە بەم شێوەیە سەیری جبەخانە، کەسایەتی ئ هەڵبژێردراو و، حاڵی پاکوبێگەردی ئەو بکەین. پاشان سەیری حاڵی ئەو ٣-٥ کەسە بتپەرستە بکەن کە هەتا ئەو ڕۆژە لە هاوەڵدانان بۆ خودا ڕزگاریان نەبووە و،   چی کارگەلێکی ناماقوڵیان بەرامبەری بە ڕەوا بینیوە. دواتر بیر لەوە بکەنەوە کە سەردارمان هیچ کام لەم بابەتانەی نەکرد بە بابەتی غرور و، لەوە تێبگەن کە بۆچی تەواوی ئەم شتانەی لە سینە گرتووە. هیچ گومان لەوەدا نیە، بابەتی ئەوەی گوێی بە هیچ کام لەو هەڵسوکەوتە دڵشکێنەر و زویرکەرانە نەدەدا، لەبەر ئەوە بوو هەوڵی چارەسەری کێشەکان و، فەتحکردنی دڵەکان، فەراهەمکردنی کەشوهەوایەکی ئاشتیانەی دەدا.

لەم ڕوانگەیەشەوە، لە ڕێگەی ئەوەی بە شێوەیەکی گشتگیرانە سەیری بابەتەکانی دەکرد، لە بابەتی ئاشتی و لێبوردەیدا ئەو جوانیانەی بە باشی دەبینی و دەخوێندەوە، کە بە ناوی داهاتوەوە بەڵێنیان پێدەدا.

تابلۆی شانازی مرۆڤایەتی، لە ڕێگەی ئەم هەڵسوکەوتەیەوە، وانەی ئەوەی بە موسوڵمانانیش دەدا، کەوا لەسەر هەندێک بابەتی دیاریکراو ئینکاری نەکەن، بە ناوی خۆپەرستیەوە کار نەکەن، لە هەڵسەنگاندنی سەرپێی و ساتەوەختی خۆیان بە دوور بگرن، دووربین ببن و، دڵی مرۆڤەکان نەشکێنن، لە ڕێگەی مامەڵەی ڕەق و توندوتیژیەوە کێشە بۆ داهاتوویان دروست نەکەن. هەروەها ڕێگەی ئەوەی تاسەی یەک لەسەر یەک و، پێچاوپێچی کێشەکانیش ڕزگارمان ببێت هەر ئەمەیە.

“ئێمە حودەیبیە بە فەتح ئەژمار دەکەین!”

بەڵێ، ڕێکەوتننامەی حودەیبیە لە ژێر ئەم بارودۆخە سەختەدا واژۆی لەسەر کرا. سەربەرزی و شەرەفی موسوڵمانان زەبری بەرکەوتبوو. بەڵام قورئانی کەریم مژدەی ئەوە دەدات کە ئەم ڕێکەوتننامەیە فەتحێکی ئاشکرایە و، سەرئەنجامەکانی ئەمڕێکەوتننامەیەش سەلمێنەری ئەم ڕاستیەیە. هەربۆیە هەندێک لە هاوەڵان دواتر دەیانوت” ئێوە فەتحی مەککە بە فەتح دەزانن، بەڵام ئێمە ڕێکەوتننامەی حودەیبیە بە فەتح دەزانین”.   چونکە موسوڵمانان لە دوا ئەم ڕێکەتننامەیە، بە شێوەیەکی ئازادانە، بە نیمچە دوورگەی عەرەبدا دەسوڕانەوە و باسی دینەکەی خۆیان دەکرد. لەم قۆناغەدا کەوا نەفرەت، ڕق و کینەکان وەستێندرابوون، زۆرێک لە مرۆڤەکان ئیسلامیان لە نزیکەوە ناسی و، بەم شێوەیە موسوڵمان بوو بوون. کەسانێکی وەک خالیدی کوڕی وەلید و عەمری کوڕی عاس، کەوا لە بواری سیاسی و سەربازیدا بلیمەت بوون و لە داهاتوودا دەبوونە ئاڵاهەڵگری ئیسلام، لەم قۆناغەدا هاتوونەتە ناو ئەو بازنەیەوە و،  وەک قورئانی کەریمیش ئاماژەی پێداوە، مرۆڤەکان فەوج بە فەوج دەهاتنە ناو ئیسلامەوە.

لە ڕوانگەی لایەنی کردەیی ئەم بابەتەوە دەتوانین بڵێین: گەر موسوڵمانەکانی ئەمڕۆش خوازیاری ئەوە بن لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات، کەشوهەوایەکی ئاشتی لەم شێوەیە فەراهەم بکەن، دەبێت ئەوە بزانن کە پێویستە بەرگەی فیداکاری زۆر گەورە بگرن. خۆ گەر نەتوانن بەرگەی هەندێک شتی ناخۆش بگرن کەوا بەلایانەوە گرانە و، بە شێوەیەکی بەردەوام غروری خۆیان لە پێش هەموو شتێکەوە ڕابگرن، لەو خێرە گەورانە بێ بەش دەبن کەوا بە هۆی ئاشتی و سوڵحەوە فەراهەم دەبێت.

گەر سەیری هەلومەرجەکانی دونیای ئەمڕۆمان بکەین، ئەوە بەدی دەکرێت کە مرۆڤایەتی زیاتر لە هەموو کاتێک ئاتاجی ڕێکەوتن و سازانێکی لەو شێوەیەیە. لە ڕاستیشدا زۆر کێشەی گەورە کە وەک نەخۆشی گانگرینی لێهاتووە، زۆر وڵات بۆ ئەوەی ڕزگاری ببێت لە دابەش بوون، ئەمنیەتی ڕێڕەوەکانی فەراهەم بکات، وابەستەی ئەم بابەتەیە. لەم ڕوانگەیەشەوە پێویستمان بەوە هەیە، بە باشی لەو لۆجیک و داوەرە ژیرانەیە بگەین کەوا لە ڕێکەوتننامەی حودەیبیەدا هەیە و، لە هەمان کاتدا پێویستە پەیڕەویشی بکەین. گەر دەوڵەتی عوسمانی چەندین سەدە گەلانێکی جیاوازەی بەڕێوە بردبێت، ئەم کارەی لە ڕێگەی ڕێکەوتن، سازان، نەرمونیانی و لێبوردەییەوە ئەنجامداوە. گەر ئەم ڕێکارانە نەگیرێنە بەر، بابەتی ئەوەی پێکهاتەیەک بێ هیچ کێشەیەک بۆ ماوەیەکی درێژخایەن کارەکانی بەڕێوە ببات، کارێکی مومکین نیە.  بنەمای سەرەکی ئەو کێشانەی لە سەدەکانی دوایدا ڕوویاندا، پەیوەندی بەوەوە هەیە، کە ئەم فەلسەفە و جۆرە بیرکردنەوەیە بە تەواوی جێبەجێ نەکراوە. لەبەر ئەوەی واز لە مرۆڤەکان نەهێنرا بە گوێرەی جۆرە تێگەشتنی خۆیان ژیان بەسەر ببەن، چەندین کێشەی جیاواز سەریان هەڵدا. کاتێک هەندێک شتی تایبەت بە خۆیان بەسەر مرۆڤەکاندا سەپاند و، ئەوانیش کاتێک هیچ چارەیەکیان نەما لەدەرەوەی خۆیان بە دوای پاڵپشتیدا گەڕان و، سەرئەنجام دەوڵەتێکی گەورەی لەو شێوەیە، چوویە ناو پەڕەکانی مێژوەوە…

 

 

 

 

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *