مرۆڤی نمونەیی خزمەت! زنجیرەی ٢٢

 

مامۆستا م.فەتحوڵڵا گولەن، لە دڵەوە باوەڕی بەوە هێنابوو کە ڕزگاری مرۆڤایەتی لە ڕێگەی خزمەتکردنەوە دێتە دی. هەربۆیە تەواوی ئەو ڕۆژانەی لە ناوچەی کەستانەپازاری ئیزمیر بەسەری دەبرد، هەموو ساتێکی لە هەوڵ و کۆششی خزمەتکردندا بوو.

لە نێو کوخێکی بچوکی داریندا ژیانی بەسەر دەبرد و هەمیشە خەریکی مەشقی رۆحی و کەم خواردن و کەم خواردنەوە بوو. بە هیچ شێوەیەکیش سوودی لە ئیمکنایەتی ئەو وەقفە وەرنەدەگرت، کە سەرپەرشتی خوێندکار و مامۆستاکانی لە ئەستۆ گرتبوو.

چەشنی ئەوەی تاڵێک موو بکەیت بە چل پارچەوە، بە دیقەتەوە ژیانی بەسەر دەبرد. ئیدی هەر مەیدانێک بچوکترین گومانیشی تێدا بووایە، بە هیچ شێوەیەک خۆی لە قەرەی نەدەدا.

مامۆستا لەو کاتەی لە وەقفەکەی کەستانەپازاری ژیانی بەسەر دەبرد، شەوانە تەوالێتەکانی پاک دەکردەوە، بە ڕۆژیش بەردەمی بەشە ناوخۆییەکەی پاک دەکردەوە، لە کاتی جەژنی قوربانیشدا، کاتێک هەموو کەسێک لە شیرینی خەودا بوو، ئەو باخچەی وەقفەکەی پاک دەکردەوە کە قوربانیەکانی تێدا ئەنجام درابوو. ئیدی گەر کەسێک بڕۆشتایە و داوای ئەوەی لێ بکردایە، کە لە جیاتی ئەو کارەکە ئەنجام بدات، بە هیچ شێوەیەک  ڕازی نەدەبوو.

وەک ئەوەی نان و ئاوی بەشە ناوخۆییەکەی نەدەخوارد، لە هەمان کاتدا پارەی ئاوی دەستنوێژ و خۆشۆردنەکەشی حساب دەکرد و پێی دەدان.

لەو سەردەمەدا هاوڕێیەکی بە ناوی ئێردۆغان توزون چەند مانگێک دێتە سەردانی و بە هەمان شێوە پارەی نان خواردن و ئەو ئاوەی بەکاری دەهێنێت، حساب دەکات و بە وەقفەکەی دەدا.

هەروەها بە هیچ شیوەیەک خاولی و نەعلەکانی ئەو شوێنەی بەکارنەدەهێنا کە تێیدا دەمایەوە.

 

جگە لەمانە، بە نیسبەت مامۆستاوە ژیانێکی لە خۆ بوردوانە تەنیا بریتی نەبوو لەوەی خواردن و خواردنەوەت لەسەر کەسانی تر نەبێت.

خوێندکارەکانی مامۆستا لە کاتی چالاکیەکاندا نەعل و پێڵاوەکانیان دادەکەند و مامۆستاش هەمیشە ئامۆژگاری ئەوەی دەکردن کە بە بێ مۆڵەتی یەکتری، تەنانەت پێ بەسەر نەعلەکانی یەکتردا نەنێن.

مامۆستا هەمیشە دەیوت”مرۆڤ لە شوێنێکدا کە تایبەت بە خۆی نەبێت، تەنانەت حەقی ئەوەی نیە نوێژیش بکات. لە بەشی ناوخۆیی گەر مووی فەرشەکانیش بژاکێن، دەبێت حسابەکەی بدەین”.

خۆیشی گەر بەرماڵە تایبەتەکەی خۆی بەسەر فەرشەکاندا دانەخستایە، بە هیچ شێوەیەک نوێژی لەسەر نەدەکردن. چونکە پێی وابوو هەموو شتێکی ئەو بەشە ناوخۆییە مافی خوێندکارەکانی بەسەرەوەیە.

 

هەروەها مامۆستا کاتێک لەلایەن خوێندکارەکانی خەڵکی ئیزمیرەوە بانگهێشتی ماڵەوە دەکرا، بە هیچ شێوەیەک نانی نەدەخوارد و گەر چایەکی بخواردایەتەوە، ئەوا لە کاتی ڕۆشتندا دیاریەکی دادەنا. بە خوێندکارەکانیشی وت” لە هەر شوێنێک نان دەخۆن بیخۆن، دەبێت کە ڕۆشتن پارەکەی دابنێن”.

مامۆستا بەم شێوەیە باسی هەستەکانی ئەو ڕۆژگارەی خۆی دەکات:

” ماوەی ٥ ساڵ لە کەستانەپازاری مامەوە. لە ڕوانگەی ئەمە ببێتە نمونە بۆ هاوڕێکانم باسی ئەمە دەکەم، لە ماوەی ئەم ٥ ساڵەدا تەنانەت بیرم لە ٥ فلس قازانجی ماددی نەکردۆتەوە. تەنانەت پارەی ئەو ئاوەم دەدا، کە لە حەمام و لە کاتی دەستنوێژدا بەکارم دەهێنا. ئەمڕۆش بیر لە هەمان شت دەکەمەوە. لە شوێنێکدا کە مافی خوێندکارەکانی بەسەرەوە بێت، سوود وەرگرتنی کەسانی تر بە هەر شێوەیەک لە شێوەکان، کارێکی دروست نیە”.

“بە تێبینی ئەوەی کە ناتوانم لە ڕێگەی حەڵاڵەوە لە دەرەوە خانوویەک بگرم و ماڵ و منداڵی تێدا بەخێو بکەم، بەرەو ژیانی دونیا هەنگاوم هەڵنەگرت. ٣ ساڵی سەرەتای ژیانی گەنجێتیم، لە کەناری پەنجەرەی مزگەوتێکدا بەسەر برد. هەروەها ٦ ساڵی تەمەنیشم لە کەستانەپازاری، لە کوخێکی داریندا بەسەر برد، کە درێژی و پانیەکەی دوو مەتر دەبوو. هەزاران حەمد و سەنا بۆ پەروەردگارم، لەو ماوەیەدا کەوچکێکم لە چێشتی ئەو خوێندکارانە نەخوارد، کە سەرپەرشتیم دەکردن. هەموو عالەم شاهیدی  لەسەر ئەم قسانەم دەدەن. تەنانەت لە کاتی دەستنوێژدا قاچم بە نەعلی خوێندکارەکاندا نەناوە. هیچ کاتێک لە حەمامی خوێندکارەکاندا خۆم نەدەشۆردوە، لە ترسی ئەوەی حەقی خویندکارەکانە و بۆ من نیە شتێکی وەها بکەم. هەموو ڕۆژێک ٦ کاتژمێر وانەم دەوتەوە، تەنانەت لە ڕۆژانی شەممە و یەکشەممە.

هەموو شەوێکیش بەسەر سەری خوێندکارەکانەوە دەبووم. موچەیان بۆ ٣ کەس بڕیبوویەوە کەوا دەبوو لە کاتی سەعی کردنی خوێندکارەکاندا بەسەر سەریانەوە بێت. من لە جیاتی ئەوانیش کارم دەکرد و بە هیچ شێوەیەکیش موچەم وەرنەدەگرت. هیچ کاتێک سازشم بۆ دونیا نەکرد. کاتێک تەمەنم لە بیستەکاندا بوو، تەکلیفی بوونە پەڕلەمانتاریان خستە بەردەمم و منیش لە دڵی خۆمدا وتم” وای خودایە ئەمانە بۆ وەها من بە کەسێکی کۆمیدی دەبینن؟! دەزانم کەوا مرۆڤێکی بچوکم، بەڵام بە دوای بابەتێکی گەورەی وەک وابەستە بوون بە الله وە، دەگەڕێم”.

جەنابی حەق دڵی من بە نور و عەشق و تامەزرۆیی خۆی پڕ بکات. کەسایەتی گشتی ئێمە بەو شێوەیەیە”.

لەو ساڵانە مامۆستا لەگەڵ یەکێک لە خوێندکارەکانی بە ناوی ئیسماعیل بیوکچەلەبی، کاسپکارێکی ئیزمیر بە ناوی یوسوف ئۆزتانزان، دەچنە یەکێک لە گوندەکانی نزیک ئیزمیر.

پاشان بە پێ دەچنە یەکێک لەو شوێنە بەرزانەی بەسەر گوندەکەدا دەڕوانێت و پێکەوە لەوێ چا دەخۆنەوە و نوێژ دەکەن. پاشان لە کاتی گەڕانەوەدا، لەبەر ئەوەی گۆمێک دێتە سەر ڕێگایان و ناتوانن زیاتر بڕۆنە پێشەوە، بە ناچاری بە نێو دوو کێڵگەدا تێدەپەڕن. مامۆستا کاتێک یەکێک لە کێڵگەکان تێدەپەڕێنێت، پێڵاوەکانی دادەکەنێت و دەیانتەکێنێت. بیوکچەلەبی و ئۆزتانزانیش بە سەر سوڕمانەوە سەیری یەکتری دەکەن. مامۆستاش پێیان دەڵێت” بۆ وەها بە سەرسوڕمانەوە سەیرم دەکەن، گەر بە خۆڵی ئەم کێڵگەیەوە بچمە ناو ئەو کێڵگەیەی ترەوە، وا دەزانن خودا لێپرسینەوەم لەگەڵدا ناکات؟ الله تەنانەت لێپرسینەوە لە یەک لەسەر چواری دەنکە گەنمێکیش دەکات”.

مامۆستا لە کەستانەپازاری بەڕێوەبەر، مامۆستا، وتاربێژ، چێشتلێنەر، خزمەتکار و کرێکار بوو…لە قاوەکانیش وتاری دینی پێشکەش دەکرد.

هەر لە یەکەم ساڵی هاتنیەوە بۆ ئیزمیر، لە یەکەم کۆنفڕانسیدا کە لە ناوەندێکی کەلتوری ئەو شارە پێشکەشی کرد، مامۆستایانی زانکۆی ئەگە و دادوەرەکانی دادگای ئیزمیر ئامادە بوون.

لە ئیزمیر و شارۆچکەکانی، قاوەخانەیەک نەمابوو کە مامۆستا وتاری تێدا نەدابێت. هەر لەبەر کاریگەری قسەکانی مامۆستا، لە هەندێک لە قاوەخانەکاندا، لەو شوێنەی تایبەت بوو بە دانانی وەرەقی یاریە جۆراوجۆرەکان، کتێبیان دادەنا. یەکێک لە خاوەن قاوەخنەکانیش، هەموو وەرەقی یاریەکانی سوتاند.

هەروەها جارێکیان دەچێتە  قاوەخانەیەک کە نزیک لە کۆلیژی ئەندازیاری ئیزمیر دەبێت. زۆرینەی گوێگرانی ناو قاوەخانەکە، خویندکارانی زانکۆ دەبن و ماوەی ٤ کاتژمێر گوێی لێدەگرن. خەڵک بە شێوەیەک لێی کۆ دەبنەوە، شەقامی بەردەم قاوەخانەکە دەگیرێت و پاسەکانی شارەوانی ناتوانن لەوێوە بڕۆن.

بەڵام سەرەڕای ئەوەی مامۆستا ئەم هەموو هەوڵەی دەدا و لە هەمان کاتدا خاوەنی کەسایەتیەکی خاکی بوو، کەسانێک نزیک لە خۆی، لە ژێرەوە حەسودیان پێدەبرد. هەوڵە ڕاستگۆکانی مامۆستا، چەشنی ڕۆژگاری ئەمڕۆ، بە هۆی حەسودی هەندێک کەسەوە ڕێگیری لێدەکرا.

“هەرگیز خۆم بە شایەنی ئەو خزمەتانە نەدیوە کە ئەنجامدراوە و ئێستاش هەر بە هەمان شێوە دەیبینم. هەرچەندە ئەم جۆرە بیرکردنەوەیە تایبەت بە خۆم بووە و گوزارشتم لێی کردووە، بەڵام ئەگەر کەسێک بێت هەمان شتی خۆمم پێبڵێتەوە، ئەوا کارێکی دروست ناکات. دەتوانم سوێندتان بۆ بخۆم، کە من تەنانەت بەرامبەر وشەی خراپەکار” فجور” نیگەرانیم هەیە و ژیانم بەو شێوەیە ڕێک خستووە. هەر لەم ڕوانگەیەشەوە ڕۆژێکیان چاوم بە حەدیسێک کەوت کە دەفەرموێت” خودا هەندێک جار بە پیاوێکی خراپەکاریش خزمەتی ئەم دینەی خۆی دەکات”. کاتێک ئەمە خوێندەوە، خۆم بەو پیاوە خراپە هاتە پێش چاو کە لەو حەدیسەدا ئاماژەی پێداوە. بەڵام یەکێک لە ئامادەبووانی ئەو مەجلیسە، ئەم پایەیەشی بە زۆر زانی بۆ من و  بە گاڵتەجاڕیەوە وتی” بۆ تۆ پێت وایە خزمەت بە دین دەکەیت هەتا ببیت بەو پیاوە خراپەی لە حەدیسەکە ئاماژەی پێداوە”. ئیدی بمەوێت و نەمەوێت، لەم جۆرە قسانە زویر دەبووم”.

جیابوونەوە…

گرژیەکانی کەستانەپازاری ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ڕووی لە زیاد بوون دەکرد و هەرگیز بەرەو هێور بوونەوە نەدەڕۆشت. مامۆستا خانوویەک لە ناوچەی گیوزەلیاڵی دەدۆزێتەوە و، شەوێک بە یارمەتی خوێندکارەکانی، کەلوپەلەکانی دەخاتە ناو ئۆتۆمبیلێکەوە و دەیانگوازێتەوە.

بە چاوی پڕ فرمێسک و دڵی پڕ هیجرانەوە کەستانەپازاری بەجێهێشت.

 

” زۆر بیری ئەو کوخە دارینەم دەکرد کە بۆ ماوەی ٥ ساڵ منی لە ئامێزی خۆی گرت. جیابوونەوە لەو کوخە دارینە، وەک ئەوە وەهابوو کە ئەندامێکی لاشەم لە دەست بدەم. من بەو شێوەیە ئاوێتەی کوخە داریەنەکە و کەستانەپازاری و -لەوانیش گرنگتر- خوێندکارەکانم بوو بووم، کە لە گیانی خۆم زیاتر خۆشم دەویستن”.

مامۆستا بە هیچ شێوەیەک ئەو کوخە دارینەی کەستانەپازاری لە یاد نەدەکرد.

 

هەربۆیە لە یەکێک لە وتارەکانیدا دەڵێت:

” لەوە دەچێت لە داهاتوودا کاتێک درک بە ڕۆژە خۆشەکان دەکەن، ئەمانە ڕۆژانێک بن کە سەیری دەموچاویان بکەن. زۆرن ئەوانەی لە داهاتوودا بۆ خۆشی دەگەڕێن، بەڵام ئێوە ناو بە ناو سەیری ڕابردوو دەکەن! سەیری سیمای ئەو خانوانە دەکەن کە لە سیما و دەموچاویاندا نور بریسکەی دێت و دەدرەوشێتەوە. سەیری سیمای خوێندنگەکانتان دەکەن، خەیاڵی سیمای ئەو گەنجانە دەکەن کە مزگەوتەکانیان پڕ دەکرد، هەموو ڕۆژێکیش وەک ئەو کەسە دەڵێن کە وتی ” وای بۆ ڕۆژانی ڕابردوو”.  دەشڵێن ” ڕۆژانی خۆشی هەر ئەو ڕۆژانە بوو”. لەوە دەچێت منیش وەها بڵێم، ئینجا ئیتر لە ژێر خاک یاخود لەسەر خاک بم، لەوە دەچێت منیش وەها بڵێم…

 

وای بۆ ڕۆژانی ڕابردوو… ئەو ڕۆژانەی کە بە پڕی تێیدا دەژیاین، ئەو ڕۆژانەی بێ وەستان هەتا شەو خەریکی ڕاکە ڕاک بووین. ئەو ڕۆژانەی بە هەناسە سواری چەشنی کوهەیلانەکان خەریکی ڕاکردن بووین. ئەو ڕۆژانەی کۆبوونەوەی هیممەتمان دەکرد و بەوپەڕی تەریق و خەجاڵەتیەوە، بە عارەق کردنەوە دەمانوت:  چی دەبێت لەبەر خاتری خودا جۆش و خرۆشێک…

دەمانوت: یارمەتی خوێندکارە هەژارەکان بدەن، قوربانی بکەن، خوێندنگە بکەنەوە، بەشی ناوخۆیی بکەنەوە، دەمانوت فڵان شت بکەنەوە و لەم کاتەشدا عارەق لە بنی پێشمانەوە دەچۆڕا…

منیش وەها دەڵێم و ئێوەش وەها دەڵێن، لەوە دەچێت ئەم ڕۆژانە ڕۆژانێکی پڕ حەسرەت و هیجران بن، بەڵام ڕۆژێک دێت کە وەک “ڕۆژە بیرکراوەکان” یادیان دەکەن.

نەسیبە لە ڕۆژانی کامەرانیدا دڵخۆش و شاد و ئاسودە نەبوو. ئەو کاتێک بیری لە ئوحود دەکردەوە دڵی خۆش دەبوو و پێدەکەنی. کاتێک بیری لە برینەکەی پشتی دەکردەوە کە هێندەی ئەوەی مشتی دەستی تێدا جێبێتەوە قوڵ بوو، دڵخۆش و بەختیار دەبوو. لە سەردەمی گوڵدا دڵی خۆش نەبوو، عەبدوڵای کوڕی حوزافەتول سەهمی، کاتێک بیری لەو ڕۆژانە دەکردەوە کە سەری دەکرا بە ئاوی کوڵیودا، لەبەر خۆیەوە دەیوت” وای بۆ ڕۆژانی ڕابردوو”.

حوزەیفە بیری لەو ڕۆژە دەکردەوە کە لە ماڵی باوکی دەرکرا و دەیوت” وای بۆ ڕۆژانی ڕابردوو”.  عەممار بە هەڵەداوان دەسوڕایەوە و کاتێک بیری لەو ڕۆژانە دەکردەوە کە ئاگریان لەسەر پشتی دەکوژاندەوە،  دەیوت” وای بۆ ڕۆژانی ڕابردوو”.  زوبەیری کوڕی عەوامیش بیری لەو ڕۆژانە دەکردەوە کە لە حەسیرێکیانەوە پێچا و سوتاندیان و دەیوت” وای بۆ ڕۆژانی ڕابردوو”.  چونکە لەو ڕۆژانەدا باوەڕداران لەسەرەی داڕنیندا ڕیز کرابوون و بە بەردەوامی دەیانڕنین. بێ ئەوەی دڵیان بدەن بە شتێکی تر و دڵوابەستەی خۆشەویستیەکی تر بن، بێ ئەوەی لەوە بپرسنەوە کە بۆچی لە پێش ئەوانی تردا لە مەکینەی داڕنینیان دەدەن، بێ ئەوەی چاوەڕوانی هیچ پاداشتێکی تر بن لەو خزمەتەی ئەنجامیانداوە، تەنیا “دەیانوت خزمەت” و لەسەر ڕێگەی خۆیان بەردەوام دەبوون.

دەیانوت:” وای بۆ ڕۆژانی ڕابردوو، وای بۆ ڕۆژانی ڕابردوو”،  ئەمەشیان بە ڕۆژگاری پڕ ناسۆری و چەرمەسەری ڕابردوویان دەوت. چونکە لەو ڕۆژانەدا جگە لە ڕەزامەندی خودا هیچ تێبینیەکی تر لە دڵیاندا نەبوو. چونکە لەو ڕۆژانەدا کەس خۆی بە گەورە نەدەزانی، چونکە هەموو کەس خۆی بە بچوک دەزانی و تاکێکی ناو کۆمەڵگەکە بوون، چونکە لەو ڕۆژانەدا کەس حسابی ئەوەی نەدەکرد کە بۆچی لە پێش ئەوانی تردا خرایە مەکینەی داڕنینەوە. چونکە لەو ڕۆژانەدا فەرمودەی ” کن عند الناس فردا من الناس” هەبوو.  واتە ” لە ناو مرۆڤەکاندا تەنیا مرۆڤێک ببە” هەبوو.

ئەی نەفسی بێ نمەکم، لەوە دەچێت تۆش بڵێیت ” وای بۆ ڕۆژانی ڕابردوو”.  لە مێشکتدا هیچ کام لەو هەست و هزرانە نەبوو، گوێیان بگرتایە و نەیانگرتایە هەر گوێت پێنەدەدان. دوای ئەوەی ٨ کاتژمێر وانەت دەوتەوە، شەوانیش لە دوو شوێنی جیاواز وانەت دەوتەوە. شەممان و یەکشەممان لە سیماڤ، دواتر لە گەدیز و دەمیرجی بوویت. ڕۆژانی دوو شەممەش دەبوو فریای وانەکانت بکەویت. بەڵام گوێت بە هیچ نەدەدا و خەمت بەوە نەدەخوارد کە کەس گوێی بۆ نەدەگرتیت. بەوەی کە “کاریگەریت نیە” کاریگەر نەدەبوویت.

وای بۆ ڕۆژانی ڕابردوو! چەندە لە دواوە مانەوە و ئێمەش چەندە دوور کەوتینەوە و چەندە گەورە بووین. “وای بۆ ڕۆژانی ڕابردوو” ئێوە چەندە بچوک بوونەوە، “ئاخ بۆ ایام الله”، “ئاخ بۆ ڕۆژەکانی پێغەمبەر”، ” ئاخ بۆ ڕۆژانی خزمەت”، ” ئاخ بۆ ئەو ڕۆژانەی  جگە ڕەزامەندی خودا هیچ تێبینیەکی تر تێکەڵ بە کارکانمان نەدەبوو”، هەتا ئێمە زیاتر گەورە بووین، ئێوە لە دواوە بچوکتر مانەوە!

ئێوە لەناو کوخە بچوکەکەی کەستانەپازاری مندا مانەوە،  هەمووی لە تۆدا مایەوە و ڕۆشت. ئاخ بچوکێتی تۆ چەندە باش بوویت، لەگەڵ تۆدا هاوڕێ بووین و “وای بۆ ڕۆژانی ڕابردوو”…

هەنگاو بە هەنگاو بەرەو کودەتاکەی ١٩٧٠”

 

مامۆستا بەم شێوەیە باسی ڕۆژانی کودەتاکەی ١٩٧٠ دەکات:

” پێش ئەوەی باسی ئەو ڕووداوانە بکەم کە لە کاتی کودەتاکەی ١٩٧٠ بەسەر ئێمەدا هات، پێم وایە ئاماژە کردن بە چەند خاڵێک کەوا زەمینەیان بۆ کودەتاکە خۆش کرد و شیکاری ئەو بابەتە، گرنگی خۆی دەبێت. یەکەم : هەتا ئێمە لە خۆماندا گۆڕانکاری ئەنجام نەدەین، جەنابی حەق لەو نیعمەتانەی پێمانی بەخشیوە، هیچ گۆڕانکاریەک ئەنجام نادات. ئەم یاسا گشتیە کەوا لە قورئاندا ئاماژەی پێکراوە، لەو ڕۆژگارەدا خۆی بەدەرخست.

بە هەمان شێوە لە ڕابردووشدا، ئەو دەوڵەتۆچکانەی لە جیهانی ئیسلامدا بەر بوو بوونە گیانی یەکتر، هەمان یاسایان بەسەردا جێبەجێکرا و لە ئێستاشدا تەنیا ناوی ئەوانەی بەسەریاندا زاڵ بوون، گۆڕاوە.

 

جەنابی حەق سەردەمانێک کەسانێکی وەک هۆلاکۆ، جەنگیز خان و تەیموری لەنگی بەسەر جیهانی ئیسلامدا زاڵ کرد، هەتا بە ئاگا بێنەوە. ئێستاش لە ڕێگەی هەندێک وڵاتی ڕۆژئاواوە پەشۆکاندونی و هۆشداریان پێدەدا. دەیەوێت لەم ڕێگەیەوە موسوڵمانان بێنەوە سەر خۆیان و بەرەو بنچینەکانی ڕۆحیان بگەڕێنەوە.

ئەم حاڵەی لەسەر ئاستی دەوڵەتانی ئیسلام دەبینردرا، لە تورکیاشدا لەسەر ئاستی جەماعەتە ئیسلامیەکان بەدی دەکرا.

هەربۆیە موسوڵمانان بە دەست ئەنقەست، خۆیان شایستەی حاڵێکی لەو شێوەیە کردبوو.

لە ڕوانگەی بیر و هزرەوە بەر بەرەکانی یەکتریان دەکرد و لەگەڵ تێپەڕینی کاتدا زیاتر لە یەکتری دوور دەکەوتنەوە.

بابەتەکە لە ڕووی خۆیشمانەوە تایبەتمەندیەکی تری هەبوو. غەیبەت کردن یەکێکە لەو بابەتانەی کە زۆر لەسەری وەستاوە. قورئانی کەریم، غەیبەتکردنی بە جوینی گۆشتی برای ئیماندار چوواندووە. هەرچەندە غەیبەت کردن لە ڕوانگەی ئیسلامەوە بەم شێوەیەیە، بەڵام لەو سەردەمەدا غەیبەتکردن ڕەواجێکی زۆری هەبوو. هەموو کەس لە پشتی یەکتری، بە شێوەیەکی زۆر نەشیاو، باسی یەکتریان دەکرد.

لەو سەردەمدەدا بەرگێکی جوانیان بۆ گوێڕایەڵی نەکردن بۆ یەکتری دۆزیبوویەوە و دەیانوت” برا نابێتە باوکی براکەی و خۆی لێناکاتە ڕێنیشاندەر(مرشد)”.

هەربۆیە هەرکەسە و بە کەیفی خۆی مامەڵەی دەکرد.

ئیدی لە بابەتی تەگبیر و بە دیقەت بووندا، کەس گوێی لە کەسی تر نەدەگرت.

تەنانەت هەندێک گەر قسەکانی منیشیان بە دڵ بووایە، تەنیا لەبەر ئەوەی بەر بەرەکانی من بکەن، لە دژی دەوەستانەوە و پێچەوانەکەیان دەکرد. تەنانەت لە کاتی دادگایی کردنیشماندا لەسەر هەمان حاڵ بەردەوامییان هەبوو.

من ئاماژەم بەوە دەدا کە پێویستە بە شێوەیەکی میانەڕەوانە قسە بکەین و کەسمان خۆمان نەکەین بە خاوەنی ئەو شتانەی بەرامبەر ئێمە دەیڵێن. کەسانێک لەولاوە لێم ڕاست دەبوونەوە و دەیانوت: ئەمە مەبەستی لە دەنیز گێچمیشە و دەیەوێت وەک ئەو رەفتار بکەین. ئایا ڕەوایە ئێمە پشتگیری لە جەمسەرەکانی هێزی کەسانی چەپرەو بکەین؟ ئەمە شتێک نەبوو جێگەی باس بێت.

هەر بە ڕاستیش لەو کاتەدا کەسانی چەپڕەو شتێکیان بە دەستەوە بوو، ئەو شتانەشی لە بارەیانەوە دەوترا، واقعی بوون.

بەڵام ئەو شتانەی سەبارەت بە ئێمە دەیانوت، هیچی واقعی نەبوو. هەربۆیە نەدەکرا ئەوەی دەدرایە پاڵ ئەوان و خۆیشیان قبوڵیان دەکرد، بەراورد بکرێت بەو شتانەی دەدرایە پاڵ ئێمە و قبوڵمان نەبوو. هەروەها ئەوانیش تەواوی ئەو شتانەی دەدرایە پاڵیان، قبوڵیان نەبوو. هەمیشە هەوڵی ڕوونکردنەوەی ئەوەمان دەدا، بەڵام جگە لە یەک دوو هاوڕێ، مومکین نەبوو قسە بە گوێی کەسی تردا بچێت.

 

ئاگاداریەکە، لە دژی هەموو کارە سەرکەشیەکانی ناو تورکیا ڕاگەیاندرابوو!  بەڵام هەموو کەسێک پشکی تایبەت بە خۆی بەرکەوتبوو. گرنگە لە ڕوانگەی قەدەرەوە بەم شێوەیە هەڵسەنگاندنی بۆ بکەین.

کاتێک دەستیان بە دەستگیر کردنی هاوڵاتیان کرد، چوومە لای یەکە بە یەکەی برادەران و قسەم لەگەڵدا کردن.

نمونەی ڕووداوێکی دادگای ئەمەریکام بۆ هێنانەوە. ژنێک لە ئەمەریکا دەستگیر دەکرێت و دەیبەنە بەردەم دادوەر، دادوەر لێی دەپرسێت: ناوت چیە؟ لە وەڵامدا دەڵێت : لەیدی.

 

ئیدی هەرچی پرسیارێکی تری لێدەکەن، لە وەڵامدا دەڵێت: ناوم لەیدیە. ئەم ژنە سەرەڕای ئەوەی چەندین شتی لەسەر دەبێت، بەڵام بە وەڵامنەدانەوەی پرسیارەکان لە دەستی دادگا ڕزگاری دەبێت. کەچی ئێمە سەرەڕای ئەوەی هیچمان لەسەر نیە، چەندین ساڵە لە لێپرسینەوە و لێکۆڵینەوە ڕزگارمان نەبووە!

من نامەوێت لێرەدا بە درێژی باسی ڕووداوەکانی ١٢ ی ئازار بکەم، چونکە ئەوە بابەتێکە کە خودی خۆی پێویستی بە بەدواداچوونی دوور و درێژ هەیە. لە ڕاستیشدا بە دوور و درێژی قسەی لەسەر کراوە. ئایا ئەو شتانەی لەسەری وتراون دوا قسەیە؟ بێگومان نەخێر…

بەڵام ئەو شتانەی کە لەسەر ئەو ڕۆژگارەی دەگێڕنەوە، بە شێوەیەکە کەوا دڵی مرۆڤ دادەخورپێنێت.

هەندێک ماجەراپەرست کە لەو ڕۆژگارەدا توشی نەخۆشی خەمی داهاتووی خۆیان بوو بوون و تورکیایان بەرەو لێواری کەندەڵان بردبوو، لەمڕۆشدا بە هەمان شێوە و ئاشکرایانەتر، بەدی دەکرێن.

لەو سەردەمەدا هەرکەسێک بەیانی لە خەو هەڵدەستا، یەکەم هەوەسێک کە دایدەگرت، بریتی بوو لەوەی بیری لە کودەتا دەکردەوە و بە ڕاستیش ئەمە حاڵێکە جێگەی شەرمە.

هەر کۆمەڵە و بۆ خۆی هەوڵی کودەتای دەدا، هەندێک کەس هەبوون پەیوەندیان بە چوار دەستەی کودەتاوە هەبوو، هەرکامیان سەرکەوتوو بوونایە لە کودەتاکە، لەگەڵ ئەواندا خۆی پشان دەدا و بەم شێوەیە داهاتووی خۆی مسۆگەر دەکرد.

ئیدی کەس گوێی بەوە نەدەدا کە ئەو گەلە توشی کام هەوراز و نشێوی دەبێت و چارەنوسی بە کوێ دەگات.

ئەوەی دەسەڵاتی دەگرتە دەست، داوای پەڕاندنی کەلـلە سەری نەیارەکانی خۆی دەکرد. ئیدی کەسێک نەبوو بپرسێت کەوا بۆچی و لەبەرچی ئەم کارە بکەن. چونکە هەموو کەس دەیزانی وەڵامەکە بریتی دەبێت لە قەوانە کۆنەکە: تورکیا خەریکە تیادەچێت!..

بە هۆی چاولێکەری لەو سەرکەشیەی جەماعەتی ئیتیحاد و تەرەقی ئەنجامیاندا و، ئەو هزرەی لەوانەوە سەرچاوەی گرتبوو، هەموو ١٠ ساڵ جارێک سەریان هەڵدەدایەوە و کودەتایەکیان ئەنجام دەدا و وڵاتیان ١٠ ساڵ دەبردەوە بۆ دواوە. ئیدی لە هەموو بوارەکاندا توانای جوڵەکردنیان تێکدەشکاند.

بەڵام کەسێک نەبوو کە گوێ بەمە بدات، چونکە لای ئەوان ئێرە دونیایەکی فانیە و پێویستە کورسیەک بگریت و هەتا دەمریت بە ئاسودەیی لەسەری دابنیشیت. بەڵێ ئەوەی فەلسەفەی ژیانیان بەم شێوەیەیە، هەر کاری وەهایان کردووە و لەمەودواش هەمان شت ئەنجام دەدەن.

 

لێرەدا ڕووم لە هەموو کەسانی سەر بە سوپا نیە، تەنیا ڕووم لەوانەیە لە هەموو سەردەمێکدا چەنە بۆ تیرۆر دەکوتن و هەماهەنگی لەگەڵ تیرۆرستاندا دەکەن.

 

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *