موحاسەبە یان ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ خۆماندا.. نوسینی: م. فەتحوڵڵا گولەن – گۆڤاری چاڵەیان -مانگی 12ی 2017

 

موحاسەبە یان ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ خۆماندا
ئەوەى كە ئینسان لەگەڵ خۆى ڕووبەڕووببێتەوە و هەمیشە ژیانى لەسەر هێڵى (حَاسِبُوا أَنْفُسَكُمْ قَبْلَ أَنْ تُحَاسَبُوا) بەسەربەرێت، وابەستەى ئەوەیە كە هەڵوێستێكى دامەزراو و جێگیر لەبەرامبەر هەوا و ئارەزووەكانییەوە بنوێنێت و، هاوڕێ لەگەڵ ئیزعان و زانینى ئەو ڕاستییەدا كە ئەبەدییەتى ڕەها تەنها تایبەتە بە خواى گەورە، خۆى زەربى سفر بكات. لە ڕاستیدا ئەوەش كە دەكەوێتە سەرشانى ئەو ئینسانەى كە لەبەرامبەر خواوە لاواز و هەژار و موحتاجە و، هەموو ئەو شتانەشى كە خاوەنیانە وەكو ئەمانەتێك لەلایەن ئەوەوە پێى بەخشراون، هەر ئەمەیە. بەپێچەوانەوە، ئەوانەى كە لە هەستان و دانیشتنیاندا “من” لەسەر زاریانە، سەرجەم دەلاقەكانى بینینى حەق و حەقیقەت بە ڕوویاندا دادەخرێت؛ هەموو لایەك دەبێت بە زیندان و، شێوەیەكى تاریك و ڕەش وەردەگرێت. شاعیر چەند جوانى فەرمووە كاتێك دەڵێت:
تۆ تەجەللى ناكەیت هەتا من پەردە بم
شەرتى ئیزهارى وجودت وایە عەدەم بم (غەوسى)
بەڵێ، تەنانەت سەبارەت بەوانەى كە لە حاڵەتى ئیستیغراق و هەیمەنەتیشدا “من” دێتە سەر لێویان، هەموو دەرگاكانى ئەودیو بە ڕوویاندا دادەخرێت؛ لە سەرەوە بۆ خوارەوە زللەكانى میهرەبانى دادەبارن.. وە ئەم بەدبەختانەى كە لەبەرامبەر ڕەهایەتیی خواى گەورەوە خۆیان سفرناكەنەوە، بە شێوەیەكى جەبرى بەرەو سفربوونەوە دەدرێنە بەر. بەڵێ، لە ڕوانگەى دەستوورەكانى وەك “نەفیكردنى نەفى ئیسباتە” و “نەبوون ئەگەر نەمێنێت دەبێت بە بوون”، ئینسان هەتا ئەو كاتەى لە سیستەمى لاوازى و هەژاریدا ڕەفتارنەكات، بێئەوەى بە خۆى بزانێت شەپۆلەكانى نەبوون لەگەڵ خۆیان ڕاپێچى دەكەن و جارێكى دى ناتوانێت بگەڕێتەوە.
پێگەى مرۆڤیش لەبەرامبەر خواوە بریتییە لەمە. بە ئەندازەى هەستكردنى ویژدانى ئینسان بە هیچبوونى خۆى، بە ڕووى مەعریفەت و خۆشەویستى و چێژى ڕۆحانیدا دەكرێتەوە و، دەبێت بە ئاوێنەیەكى پرشنگدار لەبەرامبەر خواوە. بەپێچەوانەشەوە هەتا منێتییەكەى كەفوكوڵبكات و كیبر غرورى قرمەقرمى بێت، تووشى خۆرگیرانى یەك لەدواى یەك دەبێت و، دەبێت بە یاریی دەستى شەیتان.
بۆ ئەوەى نەكەوینە ناو سەرەنجامێكى بەدى لەم جۆرەوە، پێویستە هەر لە سەرەتاوە دەست لەو شتانە هەڵبگرین كە پێویستە وازیان لێبهێنین و، لەژێر ڕۆشنایى دەستوورە خواییەكانیشدا ئەو شتانە هەڵبژێرین كە پێویستە هەڵببژێردرێن. هەتا مرۆڤ لە داهاتووی نزیك و دووردا ئاخ و داخى لێ بەرزنەبێتەوە. “ئیبراهیم حەققى” بەم جۆرە خاڵى كۆتایى لەسەر ئەم لایەنە دادەنێت:

كەم بخۆ و كەم بخۆوە و كەم بنوو!
دەست هەڵگرە لە زبڵخانەى لاشە و
بەرەو گوڵشەنى دڵ كۆچ بكە!
بزانین چی دەكات مەولا
هەرچی بكات كارى ئەو هەر جوانە
“ئەمیر بوخارى”ش دەڵێت:
در طریق نقشبدنى لازم آمد چهار ترك
ترك دنیا، ترك عقبا، ترك هستى، ترك ترك
بەمەش دونیا – لەو ڕووەوە كە ڕووى لە نەفسە- و عوقبا و خۆى و پاشان تەرككردنى ئەم تەركانەش لە مێشكى خۆیدا دەسڕێتەوە و، ڕوو لە خوایەتیى ڕەها دەكات.
لەبەرامبەر ئەم دەستوورانەى ئەم گوزرەگا سەختەوە، وتەبێژى سەردەم و چەرخى خۆى١، سەرنجمان بۆ لاى دەستوورەكانى هەژارى و لاوازى و شوكر و بیركردنەوە(تفكر) ڕادەكێشێت. دەفەرمووێت: “دەر طریق عجزمندى لازم آمد چها چیز، فقر مطلق، عجز مطلق، شكر مطلق، شوق مطلق اى عزیز!” لەمەشدا لە ڕێگەى هەندێك بناغەى ئاسانەوە گوزارشت لە بابەتەكە دەكات.1
بەگوێرەى بنەماى: “هەندێك (عەرعەر) و هەندێك (ئەلیف)یان بە قەدى یار وتووە، مەبەستى هەموویان یەكێكە و ڕیوایەتەكان جیاوازن2، هەر وشە و گوفتارێك بە مەبەستى ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ خۆمان و، دیاریكردنى پێگەمان لەبەرامبەر خواوە وترابێت، وەكو لەعل و گەوهەر وایە. هەر لەڕێگەى ئەم گوفتارانەوەن كە دڵ هاوڕێ لەگەڵ تێبینیی ئیحساندا ژیانى خۆى بەسەردەبات و نوورانى دەبێت.. ئینسان دەتوانێت لەبەرامبەر خواوە پێگەى گونجاوى خۆى بپارێزێت.. لەم ڕێگایەدا زوو زوو خۆى دەخاتە ژێر نەشتەرى شیكارییەوە.. لایەنە چڵكن و نوورانییەكانى خۆى بە ڕاست و دروستى دەخوێنێتەوە.. هاوڕێ لەگەڵ نەشتەرگەریى خاوێنبوونەوە لە پیسى و ژەنگییەكان هەڵدەسێت و دادەنیشێت.. بەهۆى ئەم هەڵمەت و بزاوتنەى خۆشیەوە كە تێیدا چڕبووەتەوە، عەیب و نەنگیى كەسانى دى نابینێت، بشیبینێت پێیانەوە سەرقاڵنابێت. گاهـ وەك “نیازى میسرى” دەڵێت:

بازرگانییەكم نەكرد و سەرماى عومرم دا بە با
كەوتمە ڕێ، بەڵام كاروان لەمێژە ڕۆیشتووە و من بێخەبەر
بەدەم گریان و ناڵەوە كەوتمە ڕێ، تەنها و غەریب
دیدە گریان، سینە بوریان، عەقڵ حەیران بێخەبەر
یان گاهـ وەك “لەیلا خان” لە دڵەوە دەڵێت:
شوێن هەواى نەفسم كەوتم و گوناهى زۆرم كرد
بە چ ڕوویەك بێمە حزوورت ئەى رسول اللە
بەمەش هێڵى ڕاست و چەپ بەسەر خۆیدا دەهێنێت. یان گاهـ هاوشێوەى “موحەممەد لوتفى دەڵێت:
“نە عیلمم هەیە و نە ئەعمال
نە بۆ خێر و تاعەت هەمە مەجال
غەرقى عیسیانم و زۆرە ئۆباڵم
بڵێیت لە ڕۆژى جەزادا چ بێت حاڵم
ئەمانە و چەندەهاى دیكەش كە هاوڕێ لەگەڵ تێبینیی (حَاسِبُوا أَنْفُسَكُمْ)دا ناخى خۆیان هەڵڕشتووە و ناڵاندوویانە…
هەنووكە لێرەدا كاتێك بە وتەى ئەم قامە باڵایانەى كە لە تەوبەوە ئینابە و لە ئینابەشەوە بۆ ئەوبە ڕۆیشتوون كۆتایى بە باسەكەمان دەهێنین، دەمانەوێت دەست بە تەماشاكردنى ئەو ئەربابى كەماڵانە بكەین كە بە حاڵى (حَسَنَاتُ الْأَبْرَارِ سَيِّئَاتُ الْمُقَرَّبِينَ) حاڵیان لێهاتووە. سەركەوتن و سەرخستن لە خواوەیە!..

١. مەبەست لێى “بەدیعوززەمان سەعیدى نوورسی”یە
٢. موحیبیی

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *