موڕشیدێکی نمونەیی: حەزرەتی شوعەیب

پرسیار: حەزرەتی شوعەیب لە یەکێک لە دیالۆگەکانیدا لەگەڵ قەومەکەی دەڵێت” ئەی قەومەکەم، گەر من پشتم بەو بەڵگانە بەستبێت کەوا لەلایەن پەروەردگارمەوە بە دەستم گەشتووە، گەر ڕۆزی و نسیبێکی باشی وەک لوتفی خۆی بە من بەخشی بێت، بەڵام گەر بێم و بە گوێرەی قسەکانی ئێوە بکەم، کە پێچەوانەی خواستی ئەوە، ئایا بەرامبەر ئەو بێ نمەکیم ئەنجام نەداوە؟ من هەرگیز بە پێچەوانەوەی ئەو شتانەوە مامەڵە ناکەم کە خۆم نەهی ئێوەم لێکردووە. من تەنیا یەک شتم دەوێت، ئەویش هەتا لە توانامدا بێت، چاکسازی لەم کۆمەڵگایەدا بکەم، لەم بابەتەشدا ئەوەی دەتوانێت پاڵپشتیم بکات، تەنیا خودایە. هەربۆیە منیش تەنیا ڕوو لەو دەکەم و پشتی پێ دەبەستم”.(سورة هود).
ئەم قسانەی حەزرەتی شوعەیب، بە نیسبەت مەردانی ئیرشاد و ڕێنموییەوە، چی پەیامێکیان تێدایە؟

وەڵام: پێش هەموو شتێک، پێویست سەرنجی ئەم بابەتە بدەین. بۆ ئەوەی بە باشی لە گوتاری پێغەمبەران لەگەڵ قەومەکانیان و، ئەو ئامۆژگاریانەی ئاڕاستەیان کردوون بگەین، پێویستە بە باشی لە تایبەتمەندی ئەو گەلانە تێبگەین.
دەبێت ئەوە بزانین کە ڕوونکردنەوە و وتەکانی ئەوان وەک داخوازیەکی هەلومەرجەکە بووە و، لە هەمان کاتدا ئەوە لە بیر نەکەین، کە بە گوێرەی داخوازی کۆمەڵایەتی ئەو کاتە شکڵ و شێوازی وەرگرتووە.
گەر سەیری چیرۆکی پێغەمبەران بکەین کەوا لە قورئانی کەریمدا ئاماژەی پێکراوە، هەریەک لەو گەلانە تایبەتمەندیەکی جیاوازیان هەبووە و، لە هەمان کاتدا نەخۆشیەکی جیاوازیان هەبووە.
کێشەی گەلەکەی حەزرەتی شوعەیبیش جیاوازی هەیە لەگەڵ کێشە و نەخۆشی گەلەکانی تر. حەزرەتی شوعەیب، وەک پێغەمبەرێک ڕەوانەی خەڵکی مەدیەن و ئەیکە کراوە.
بە گوێرەی ڕای یەکێک لە ڕاڤەکاران، خۆی لە ناوچەی مەدیەن گەورە بووە، بەڵام بۆ ڕێنمویی خەڵکی ئەیکە ڕەوانە کراوە.
هەربۆیە قورئانی کەریمیش کاتێک باسی پەیوەندی حەزرەتی شوعەیب بە خەڵکی مەدیەنەوە دەکات، بە “براکەیان، یەکێک لە خۆیان” پێناسەی دەکات. بەڵام کاتێک دێتە سەر باسی پەیوەندی نێوان حەزرەتی شوعەیب و خەڵکی ئەیکە، بە هەمان شێوە ئاماژەی پێنادات.
کاتێک سەیری قورئانی کەریم دەکەین، ئەوەمان بەرچاو دەکەوێت کە ئەو دوو شوێنە، دوو ناوەندی بازرگانی گرنگی ئەو ڕۆژگارە بوون و، پەیوەندیان بە یەکەوە هەبووە.
ئیدی خەڵکی ئەم دوو ناوچەیە، ئەم هەلە دەقۆزنەوە و، بە هۆی پەیداکردنی سەروەت و سامانێکی زۆرەوە، توشی سەرکەشی و لە خۆ غەڕابوون دەبن.
لە بازرگانی و مامەڵەکانیاندا، تەڵەکەبازییان ئەنجام دەدا و سەروەتی مرۆڤەکانیان هەڵدەلوشی و، فێڵیان لە سەودا و مامەڵەکانیان ئەنجام دەدا، مرۆڤەکانیان فریو دەدا.
هەروەها گەر دیسان سەیری گوزارشتەکانی ناو ئایەتە بکەین، لەسەر ڕێگاکان دەوەستان و بە هەرزان ماڵ و سەروەتی خەڵکیان داگیر دەکرد و پاشان بە نرخی گران بە خەڵکیان دەفرۆشتەوە، سەرانەیان لە کەلوپەلی بازرگانی دەسەند و باجی قورسیان خستبوویە سەرشانی خەڵکی خۆیان.
بەم هۆیەشەوە حەزرەتی شوعەیب، هەمیشە ئامۆژگاری ئەوەی دەکردن لە کاتی سەودا و مامەڵەدا، دادپەروەر و سەرڕاستانە هەنگاو هەڵبگرن، بە ناحەق ماڵی مرۆڤەکان داگیر نەکەن.

ئەگەرچی تەواوی پێغەمبەران بە گوێرەی نەخۆشی و کێشەی گەلەکانیان جیاوازییەک لە خاڵەکانی بانگەوازیاندا هەبوو، لە هەمان کاتدا زۆر حەقیقەتی گرنگ هەیە کە تەواوی پێغەمبەر پێکەوە بە هاوبەشی لەسەری وەستاون.
بۆ نمونە کاتێک سەیری بانگەوازی تەواوی پێغەمبەران دەکەین، دەبینین کەوا گەلەکانیان بۆ یەکتاپەرستی و بەندایەتی کردنی خودا بانگهێشت کردووە.
تەواوی پێغەمبەران هەوڵی ئەوەیان داوە گەلەکانیان لە کوفر، گومڕایی، شیرک و فەساد بپارێزن.
هەربۆیە تەواوی پێغەمبەرە گەورەکان، گەر بە گوێرەی ئەو شوێنەی تێیدا گەورە بوون، لە وردەکاری بانگەوازەکەشیاندا هەندێک جیاوازی بەدی بکرێت، ئامانجی سەرەکی ئەوان بانگهێشتی مرۆڤەکان بووە بەرەو یەکتاپەرستی و عبودیەت.

بە هەمان شێوە تەواوی پێغەمبەران، لە بەرامبەر ئەنجامدانی ئەرکی پێغەمبەرایەتییان، چاوەڕوانی هیچ شتێکی ماددی-مەعنەوی لە قەومەکەیان نەبوون، هەمیشە جەختیان لەسەر ئەوە کردۆتەوە، کە پاداشتی کارەکانیان تەنیا لە پەوەردگاریان داوا دەکەن.
کاتێک سەیری چیرۆکی زۆرێک لە پێغەمبەران دەکەین کەوا لە سورەتی “الشعراء” ئاماژەی پێدراوە، دەبینین هەموویان کۆدەنگیان لەسەر خاڵێک هەیە و لە دەمیانەوە ئەم قسەیە هاتۆتە دەرەوە:
وَمَا أَسْأَلُكُمْ عَلَيْهِ مِنْ أَجْرٍ إِنْ أَجْرِيَ إِلَّا عَلَى رَبِّ الْعَالَمِينَ

واتە” لە بەرامبەر ئەم کارەی ئەنجامی دەدەم، داوای هیچ بەرامبەرێک لە ئێوە ناکەم. چونکە پاداشتی من تەنیا لەلایەن پەروەردگاری هەموو جیهانیانەوە دەدرێت”.
(الشعراء، ١٠٩، ١٢٧، ١٤٥، ١٦٤، ١٨٠)…
هەروەها قسەکانی حەبیبی نەجار کەوا لە بەرامبەر ئەو کەسانەدا کە خۆیان بۆ کوشتنی هەندێک لە پێغەمبەرە ڕەوانە کراوەکان ئامادە کردووە، ئاماژە بە هەمان حەقیقەت دەکات:
اتَّبِعُوا مَنْ لَا يَسْأَلُكُمْ أَجْرًا وَهُمْ مُهْتَدُونَ

“شوێنی ئەم مرۆڤانە بکەون کە خۆیان هیدایەت دراون و لە بەرامبەر قسەکانیشیاندا داوای هیچ بەرامبەرێک لە ئێوە ناکەن”.
کەواتە لە بابەتی سەرکەوتن لە پیشەی ئیرشاد و ڕێنمویی کردنی مرۆڤەکاندا، یەکێک لە داخوازیە گرنگەکانی بریتیە لەوەی بێ چاوەڕوانی بیت.
ئەو مرۆڤانەی لە بەرامبەر ئەو خزمەتەی ئەنجامی دەدەن چاوەڕوانی هیچ شتێک لە مرۆڤەکان ناکەن، هەم پارێزگاری لە ئیخلاس و دڵسۆزی خۆیان دەکەن، هەم لەلای مرۆڤەکان هەستی متمانە دروست دەکەن.
ئەوانەی بە گوێرەی بەرژەوەندیەکی دیاریکراو شەنی خۆیان دەکەن، نەبینراوە شوێنکەوتووانی خۆیان بگەیەننە کەناری ئارامی.
وەک نیازی میسریش ئاماژەی پێداوە:
دەستت مەدەیە هەرچی موڕشیدە با ڕێت لێ ون نەکات
موڕشیدی کامڵ ئەوەیە ڕێگاکەی بە ئاسانی دەردەکات
گەر بمانەوێت ئەو خزمەتانەی ئەنجام دەدرێن، چەشنی تۆپەڵەی بەفر هەتا زیاتر خل ببنەوە گەورەتر ببن، ئەوا تەنیا ڕێگەی بەردەممان بریتیە لەوەی لە ڕێگەی ئیخلاسەوە تاجیان لەسەر بنێین.

“بوونە جێگەی متمانە”

ئێستا با لە نزیکەوە سەیری ئەو ئایەتە بکەین کە لە پرسیارەکەدا ئاماژەی پێکراوە.
حەزرەتی شوعەیب لە ڕێگەی يَا قَوْمِ(ئەی گەلەکەم) دەست بە قسەکانی دەکات.
لەم ئایەتەدا ئەوە دەبینین کە پیتی یائی قسەکەر(یاء المتکلم) پەڕیوە، ئەمەش هەیەجان و پەلەپەلی حەزرەتی شوعەیب پشان دەدات، لە بابەتی هیدایەتدانی گەلەکەیدا. لە زۆر شوێنی قورئانی کەریمدا چاومان بەم شێوازە لە وردەکاری دەکەوێت:
پاشان دەڵێت:
أَرَأَيْتُمْ إِنْ كُنتُ عَلَىٰ بَيِّنَةٍ مِنْ رَّبِّي وَرَزَقَنِي مِنْهُ رِزْقًا حَسَنًا
واتە دەفەرموێت” ببینن گەر خودا بەڵگە و نیشانەگەلێکی ئاشکرای بە من بەخشیبێت و، لەلایەن خۆیەوە ڕۆزیەکی جوانی پێ بەخشیم…)
حەزرەتی شوعەیب، لە ڕێگەی وەبیرهێنانەوەی ئەو نیعمەتانەی لەلایەن پەروەردگاریەوە پێی بەخشراوە، بانگهێشتی قەومەکەی دەکات بۆ بیرکردنەوە.
ئەو لە ڕێگەی وەبیرهێنانەوەی ئەوەی کە ئەو ڕزق و ڕۆزیە حەڵاڵەی لەلایەن پەروەردگاریەوە وەک لوتف پێی بەخشراوە، ئاماژە بەوە دەکات کە ڕزق و ڕۆزی گەلەکەی بە شێوەیەکی حەڵاڵ پەیدا نەکراوە.
هەربۆیە لە ئایەتێکی تردا بە شێوەیەکی ڕاشکاوانە ئاماژە بەم بابەتە دەکات و دەفەرموێت:
أَوْفُوا الْكَيْلَ وَلَا تَكُونُوا مِنَ الْمُخْسِرِينَ * وَزِنُوا بِالْقِسْطَاسِ الْمُسْتَقِيمِ * وَلَا تَبْخَسُوا النَّاسَ أَشْيَاءَهُمْ وَلَا تَعْثَوْا فِي الْأَرْضِ مُفْسِدِينَ…
“بە تەواوی پێوانە و کێشانەکانتان ئەنجام بدەن، لەو کەسانە مەبن کە فێڵ لە کێشانەدا دەکەن و مافی خەڵکی دەخۆن. بە تەرازوویەکی دروست کێشانەکانتان ئەنجام بدەن و، لە مافی هاوڵاتیان زەوت مەکەن، لە ڕێگەی ئەنجامدانی سەرکەشیەوە، ئاسایش و ئاشتەواویی وڵات تێک مەدەن”.
لە ڕێگەی ئەم وتانەوە، ڕێگاکانی پەیداکردنی ڕۆزی حەڵاڵی پشانی ئەوان داوە.
پێشتریش ئاماژەمان بەوە دا، کە گەلی شوعەیب لە ڕێگەی زوڵم و ناحەقیەوە سەروەت و سامانیان پێکەوە نابوو.
هەربۆیە ئەوان – پەنا بە خودا- پێغەمبەرەکەشیان وەک خۆیان دەبینی و گومانی خراپیان پێ دەبرد.
ئەمە لە کاتێکیشدا بوو، حەزرەتی شوعەیب لەناو ئەواندا گەورە بوو بوو. ئەویش بۆ ئەوەی ڕێگری لەم گومانە خراپەی گەلەکەی بکات، ئاماژەی بەوە دەدا کە سەروەت و سامانەکەی خۆی لە ڕیگەی حەڵاڵەوە پەیدا کردووە.
ئاماژەی بەوە دەدا کە سەروەت و سامانەکەی، وەک ئیحسان لەلایەن پەروەردگاریەوە پێی بەخشراوە، تەواوی سەروەتەکەشی لە ڕۆزی حەڵاڵ، پاک و بێگەرد پێکهاتووە، بەم شێوەیە گومانە خراپەکانی ناو مێشکی ئەوانی دەڕەواندەوە.
لەم ڕوانگەیەشەوە ئەم شێوازە لە مامەڵەی حەزرەتی شوعەیب، دەشێت وەک شێوازێک لە ئامادەیی حەزرەتی شوعەیب بۆ لێپرسینەوەی بەردەم گەلەکەی، ببینین.
بەڵێ، هەموو موڕشیدێک، دەبێت لەو کۆمەڵگایەی تێیدا دەژی، ئامادەیی هەموو جۆرێک لە لێپرسینەوەی ژیانی، تێدا بێت.
چونکە پەیداکردنی متمانە و بوونە جێگەی ئەوەی لەو کۆمەڵگایەدا پشتی پێ ببەسترێت، وابەستەی ئەم حاڵەتەیە.
گەر سەیرێکی ژیانی حەزرەتی پیر بکەین، دەبینین لەو جلانەی بەریەوە هەتا ئەو خواردنانەی خواردوویەتی، حسابی هەموو شتێکی لەبەردەم خەڵکدا کردووە. چونکە گەر لە هزری خەڵکدا بەرامبەر ئێوە گومانێکی وەک ئەوەی” ماڵی خەڵکی بە فیڕۆ دەدەن، یاخود لە ماڵی خەڵکی شتێکتان بۆ خۆتان جیاکردۆتەوە” دروست ببێت، متمانەی خۆتان لە دەست دەدەن.

کەسانێک کەوا هەتا دوێنێ لە نێو خانوی بێ تاپۆ دەژیان و، بە ناوی “نیشتیمان” و “گەل” ئەوە هاتنە مەیدان، ئێستا کاتێک لە نێو کۆشک و ڤیلای جیاوازدا دەبینرێن، هەروەها بوونە هاوبەشی چەندین کۆمپانیای جیاواز، جگە لە خۆیان هەریەک لە کچ، کوڕ و زاواکانیشیان دەوڵەمەند کردووە، هەرگیز لەلای کەس جێگەی باوەڕ نین.
ئەگەرچی ئەمڕۆ بە فێڵ و تەڵەکەی جیاواز دەموچاوی ڕاستەقینەی خۆیان بشارنەوە، هەروەها نەشهێڵن کەس بە دەوڵەمەندی و سەروەتی ڕاستەقینەیان بزانێت، ڕۆژێک دێت وەک ڕۆژی نیوەڕۆ هەموو شتێک ئاشکرا دەبێت. ئیدی لەو کاتەدا تەواوی ئەو پێگانەی بەدەستیان هێناوە لە دەستی دەدەن، نرخێکی ڕاستەقینەیان نامێنێت.
تەنانەت وەک یەکێک لەو کەسە نەفرین لێکراوانەیان لێدێت کە هەمیشە بە نەفرین لێکردنەوە باس دەکرێن.
هەربۆیە پێویست بەوە دەکات کە موڕشیدی ڕاستەقینە، تەواوی ژیانی لە دەستپاکی و داوێنپاکیدا بباتە سەر، خۆی لە هەموو جۆرە تۆمەتێک بپارێزێت و، ئەم هەستەش لەلای مرۆڤەکان دروست بکات.
بەڵێ، پێغەمبەرێکی گەورە و گرانی وەک حەزرەتی شوعەیب، بە گەلەکەی خۆی دەڵێت” خودا ڕزق و ڕۆزیەکی جوان و پاکی بە من بەخشیوە”، لەم ڕێگەیەوە دەیەوێت گوزارشت لەوە بکات کە ئەو ئیمکانەی بە دەستی هێناوە لە ڕێگەی مەشروعەوە پەیدای کردووە. پاشان ئاماژە بەوە دەکات کە بە هەمان شێوەی ئەوان بەدەستی نەهێناوە.
واتە دەڵێت: ئەو پەنای بۆ فێڵ و تەڵەکە نەبردووە، قوتی خەڵکی هەڵنەلوشیوە، لە ڕێگەی بەرتیلەوە کاری نەکردوە، هیچ فێڵێکی تێکەڵی سەودا و مامەڵەکانی نەکردووە. واتە ئەوەی بەدەستی هێناوە لە ڕێگەی حەڵاڵەوە پەیدای کردووە. حەزرەتی شوعەیب لە ڕێگەی ئاماژە کردن بەم بابەتەوە، دەیویست لای مرۆڤەکان جەخت لەسەر ئەوە بکاتەوە، کە ئەو کەسێکی جێگەی دڵنیایی و متمانەیە.

لە هەمان کاتدا زەمینەی بۆ ئەو ئامۆژگاریانە خۆش دەکرد، کە دەیویست لە قۆناغی داهاتوودا بە گەلی خۆی بگەیەنێت.
“بوونە کەسێک کەوا ناخ و قسەی یەکێکە”
حەزرەتی شوعەیب لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت:
وَمَا أُرِيدُ أَنْ أُخَالِفَكُمْ إِلَىٰ مَا أَنْهَاكُمْ عَنْهُ
واتە دەفەرموێت” من نامەوێت پێچەوانەوەی ئەو شتانە ئەنجام بدەم، کە پێشتر نەهی ئێوەم لەو شتانە کردووە”.
بەم شێوەیە بە ناوی ئیرشاد و ڕێنمویی مرۆڤەکانەوە، سەرنجمان بۆ ڕێسا و بنەمایەکی زۆر گرنگ ڕادەکێشێت.
هەروەها لە ئایەتێکی تردا هاتووە:
أَتَأْمُرُونَ النَّاسَ بِالْبِرِّ وَتَنْسَوْنَ أَنْفُسَكُمْ وَأَنْتُمْ تَتْلُونَ الْكِتَابَ أَفَلَا تَعْقِلُونَ
ئایا فەرمانی کاری چاکە بە مرۆڤەکان دەدەن و پاشان نەفسی خۆتان فەرامۆش دەکەن، ئەمە لە کاتێکدایە ئێوە کتێبی خودا دەخوێننەوە، ئایا ئێوە هیچ بیر ناکەنەوە؟
بەم شێوەیە لەم ئایەتەی سورەتی بەقەرەدا ئاماژە بەوە دەکات، کە بەنی ئیسرائیل ئەو کارانەیان ئەنجام نەدەدا کە خۆیان فەرمانیان پێدەکرد و، بەم هۆیەشەوە سەرکۆنە کراون.
هەروەها جەنابی حەق لە ئایەتێکی تریشدا دەفەرموێت:
يَا اَيُّهَا الَّذِينَ اٰمَنُوا لِمَ تَقُولُونَ مَا لَا تَفْعَلُونَ

واتە ” ئەی ئەوانەی ئیمانتان هێناوە، لەبەرچی باسی ئەنجامدانی شتانێک دەکەن کە خۆتان ئەنجامی نادەن/ناتوانن ئەنجامی بدەن”.

واتای ئەم ئایەتە بەم شێوەیە نیە” گەر کارێکتان ئەنجام نەدا، باسی مەکەن”. بە پێچەوانەوە دەفەرموێت” گەر باستان لە ئەنجامدانی کارێک کرد، دەبێت خۆیشتان ئەنجامی بدەن”.
چونکە تەنیا ڕێگەی ئەوەی قسەکانمان کاریگەری هەبێت، بریتیە لەوەی خۆیشمان قسەکانمان ئەنجام بدەین.
بابەتی ئەوەی قسەکان بە شێوەیەکی جوان لەلایەن دوێنراوەکانەوە پێشوازی لێبکرێت، وابەستەی ئەمەیە.
“چوون بە دوای چاکسازیدا”
حەزرەتی شوعەیب، لەو بابەتانەی کە قەومەکەی تێدا ئاگادار دەکاتەوە، دوای ئەوەی ئاماژە بەوە دەدات کە نابێت قسەکان پێچەوانەی کردارەکان بن، بەم شێوەیە گوزارشت لە ئامانجی ڕاستەقینەی خۆی دەکات:
إِنْ أُرِيدُ إِلَّا الْإِصْلَاحَ مَا اسْتَطَعْتُ

واتە” من هێندەی لە دەستم بێت، دەمەوێت چاکسازی بکەم، لە پێناو چاکسازی خۆم و کەسانی دەوروبەرم، هێندەی پێم بکرێت لە ڕێگەی سەلامەتی و ئاشتی هەوڵی خۆم دەدەم”.
لێرەدا مومکینە حەزەری(تمکین) ناو قسەی پێغەمبەرانەش بە چاوی خۆمان ببینین.
ئەو لە پێناو ئەوەی لە نێوان مرۆڤەکاندا چاکسازی، ئاشتی و نەرمونیانی بەرقەرار و باڵا دەست بێت، هەوڵی دەدا.
بۆ ئەم مەبەستەش، لە پێش هەموو شتێکدا هەوڵی ئەوەی دەدا، کە دڵ، ڕۆح، هزر و هەستەکانی ئەوان بگەیەنێت بە سەلامەتی.
لە ڕاستیشدا مرۆڤگەلێک کەوا چاکسازییان لە دونیای ناوەوەی خۆیاندا ئەنجام نەدابێت، فەراهەمکردنی ئاشتی کۆمەڵایەتی و بونیادنانی هاوسەنگی لە نێو کۆمەڵدا، بە نیسبەت ئەو جۆرە مرۆڤانەوە جێگەی باس نیە.
بەڵام ئاماژەی بەوەش دەدا، هەتا ئەو شوێنەی بۆی دەست دەدات ئەم کارە ئەنجام دەدات.
پێغەمبەری خودا لە یەکێک لە حەدیسە شەریفەکاندا دەفەرموێت:
إِنَّ الدِّينَ بَدَأَ غَرِيبًا وَيَرْجِعُ غَرِيبًا، فَطُوبَى لِلْغُرَبَاءِ الَّذِينَ يُصْلِحُونَ مَا أَفْسَدَ النَّاسُ مِنْ بَعْدِي مِنْ سُنَّتِي

واتە ئیسلام بە شێوەیەکی نامۆ دەستی پێکرد، دواتر ڕۆژێک دێت وەک سەرەتا نامۆ دەکەوێتەوە. دوای ئەوەی مرۆڤەکان سونەتی من تێک دەدەن، موژدە لەو کەسە نامۆیانە بێت، کە دەستی بە کاری چاکسازی و بونیادنانەوە دەکەن.
سەردارمان بەم شێوەیە، مژدە بەو کەسانە دەدات، لە کاتێکدا گەڕەک و بازاڕەکان چەپەڵ بوون، خێزانەکان لە ناو نەزانیدا مەلە دەکەن، خوێندنگەکان ئەوە نابەخشن بە کە لێیان چاوەڕوان کراوە، لە نێو مزگەوتەکاندا عەشق و هەیەجان خامۆش بووە، کەسانی موسوڵمان لە نێو نامۆیدا دەژین، بەڵام ئەوان بە دوای چاکسازیدا ڕادەکەن.
لە بەرامبەر کەسانێکدا کەوا هەوڵی فەساد کردنی کۆمەڵگا دەدەن، ئەوان چنگ لەسەر شان بە دوای چاکسازیدا ڕادەکەن.

هەر بەم هۆیەشەوەیە، کە دەبێت کەسی موڕشید تەنیا خەمی چاکسازی کردنی لە دڵدا بێت. ئەو نابێت لە خەمی خۆیدا بێت و، دەبێت بە خەمی چاکسازی دونیای خەڵکەوە بێت.
گەر چاکسازی لە ناو خەڵکدا ئەنجامدرا، لەسەر زەویش کێشە نامێنێت. سەر ڕووی زەوی، لە دوای پەیدا بوونی مرۆڤەکان، کێشەی بە خۆیەوە بینیوە. هەتا ئەو کاتەی لە مرۆڤەکاندا کێشەکان چارەسەر نەکەیت، ناتوانیت بەسەر هیچ کام لە کێشەکاندا زاڵ ببیت.
ئەم پێغەمبەرە پیرۆزە کە درکی بە کۆڵەواری و هەژاری مرۆڤ دەبرد، لە شوێنێکی تردا دەفەرموێت:
وَمَا تَوْفِيقِي إِلَّا بِاللَّهِ عَلَيْهِ تَوَكَّلْتُ وَإِلَيْهِ أُنِيبُ
واتە ئەوەی دەتوانیت لەم کارەدا سەرم بخات تەنیا الله یە، هەربۆیە من تەنیا ڕوو لەو دەکەم و پشتی پێ دەبەستم”.
بەم شێوەیە بە تەواوی خۆی لە هێزی سنورداری خۆی ڕووت دەکاتەوە و، پەنای بۆ هێزی نەبڕاوە و بێ سنوری پەروەردگاری دەبرد.
چونکە ئەو زۆر بە باشی ئەوەی دەزانی، کە هەرچی سەرکەوتنێک بەدەست دەهێنرێت، چاودێریەکی الله ی تێدایە. گەر پشت بەو نەبەستیت و پەنای بۆ نەبەیت، سەرکەوتنی ڕاستەقینە و بەردەوام بەدەست نایەت.
لە حاڵێکی لەم شێوەیەدا ئەو ئەرکەی دەکەوێتە سەرشانمان، لە نوسین، وێنەکانمان، قسەکانمان، تەنانەت هەر هەنگاوێک کەوا هەڵیدەگرین، بە تەواوی خودی خۆمانەوە متمانەمان بەو هەبێت، ڕوو لەو بکەین و پەنای بۆ ببەین.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *