مەفکورەی ژیاندن

 

بەهای ڕاستەقینەی ژیان، لە بیرۆکەی باڵای(مەفکورە) ژیاندنی کەسانی تردا قوڵ دەبێتەوە و، وەک ژیانێکی ئاخیرەتیانەی لێدێت، حاڵێک وەردەگرێت کە لەسەر ئاستی ژیانی ئاسمانەیەکان بێت. ژیان بە ئامانجێکی میسالی لەم شێوەیەوە، ژیانی شەخسی کەسەکە وەک چەندین قات لێدەکات و، ئەمانەت کردنی بە دەستی ژیانی داهاتوو و ئەولاتر، قوڵاییەکی وەهای پێدەبەخشێت، ویژدانێکی هۆشیار، وەک ئەوەی چەندین تەمەن لە یەک کاتدا ژیابێت، هەمیشە هەست بە خۆشی و چێژ دەکات و، ئەم جیهانە بەرتەسکەی لەبەردەمدا دەبێتە کەشوهەوای ئاسودەیی ئەبەدیەت و بەمشێوەیە لەناویدا هەست بە ژیان دەکات. بەردەوام لەسەر ڕێگای ئەوەی فووی ژیان بە بەری کەسانی تریشدا بکات، ڕادەکات… هەر زیندووبوونەوەیەک کەوا خۆی دەبێتە هۆکاریان، چەشنی ئەوەی “زیندووبوونەوەیەکی پاش مەرگ” بە نسیبی خۆیشی ببێت، دڵی هێندەی ڕابوەستێت، لەسەر ڕاڕەوی بوونە گیان  بۆ گیانەکانی تر شاباڵ دەگرێت و، فەرمایشتەکەی قورئان کە دەفەرموێت” هەرکەسێک گیانێک زیندوو بکاتەوە، وەک ئەوە وەهایە هەموو دونیای زیندوو کردبێتەوە” لە گوێی دڵیدا “دنگ، دنگ” دەزرنگێتەوە.

لە کاتێکدا زیندووکردنەوەی ژیانی تاقە مرۆڤێک لە ڕوانگەی ژیانی کاتی دونیاوە هێندە گرنگی هەبێت، گەر بڵێین هەوڵ و کۆششێک بۆ “زیندووکردنەوەی پاش مەرگی” تەواوی دونیا بە ڕادەیەک قورسە کە شکانی تەرازووی ڕۆژی لێپرسینەوەی لێدەکەوێتەوە، وابزانم لەم وتەیەدا زێدەڕەویمان نەکردووە. بەڵێ، مەردێکی ڕێگای زیندووکردنەوە، هەمیشە لە لێوەکانیدا کەڕەنای فووی ژیاندنەوە هەیە، بە شعوری بوونە جێدەرکەوتی “احسن التقویم” هەموو ساتێک هەڵدەستێت و دادەنیشێت، حاڵی ئەوانەی لە ڕوووی ژیانی ڕۆح و دڵەوە ئیفلیج بوون، وەک دیمەنی خەزانێک دەبینێت و هەستی پێدەکات… لەبەر خۆیەوە دەڵێت” هەستکردن بە شتێکی تر جگە لەمە لە من حەرام بێت” و، لە پێناو بە هاناچوونی ئەوانەی لە گیانەڵەدان، چەشنی ئەوەی لەم ژووری کۆماوە بەرەو ئەو ژووری کۆما ڕابکات، لە زمانی دڵیەوە بەستەکانی زیندووبوونەوەیان وەک ئاوازی نەی پێشکەش دەکات.

هەروەها ئەم ڕاکردنە تاقەت پڕوکێنەش لەبەرچاوی خۆی گەورە ناکات و ئیرادەی خۆی بەرەو ئاسۆی غایە خەیاڵییەکە تاو دەدات، کە داخوازی مرۆڤ بوونی ڕاستەقینەیە…

لەو گوزەرەدا ڕابەرایەتی ئەو کەسانە دەکات کە باسی “مەفکورە” دەکەن و، ڕێگە-شێوازەکەی نازانن. فووی وزەش بە بەری ئەو کەسانەدا دەکات کەوا ماندوویەتی ڕێگە لێیداون. دەبێتە قیبلەنمای ئەو کۆمەلانەی کە بێ ئامانج دەسوڕێنەوە. دەرحەق بەو کەسانەشی کەوا پشتیان لە خۆر کردووە و دوای سێبەری خۆیان کەوتوون، هەمیشە چرپەی ڕووکردنەوە ئەو ڕۆشناییە بە گوێیاندا دەچرپێنێت. دەبێتە یاریدە و پاڵپشتی ئەوانەی لەو ڕیگایەدا لاوازی بەلاداکەوتن پشان دەدەن. دواتر دەبێتە قۆڵ و باڵی ئەوانەی لە چاڵە دۆزەخیە جیاوازەکاندا توشی پەرێشانی و پڕوکان بوون. هەوڵی ڕەواندنەوەی ئەو گریان و شیوەنە دەدات کە لە هەر چوارلاوە دەنگ دەداتەوە. هەروەها بۆ هاوبەشی خەمی ئەوانەش دەڕوات، کە بە هۆی ئازار و ناسۆریەکانەوە کەنەفت کەوتوون. بە عەزم و دەستپێشخەری ئەوەی ببێتە هاوڕێی کەسە غەریبەکان، بەرگەی غوربەتە جۆراوجۆرەکان دەگرێت. خۆی دەخاتە نێوەندی نەڕەنەڕی زاڵمان و ناڵەی مەزڵومان. سۆندەیەکی ئاوی بە دەستیەوە گرتووە و لە کوژاندنەوەی ئەم ئاگر بۆ ئەو ئاگر ڕادەکات… ئەم هەستی ژیاندنەی لە قوڵاییەکانی ویژدانیەوە هەستی پێدەکات و پشانی دەدات، ئەم ڕۆحی ئیسارەی هەیەتی، هەردەم لە هەوڵی ئەوەدا دەبێت لە خولگەی ئیخلاس-ڕەزامەندی ئەودا بیبات بەڕێوە و، هەموو کاتێک هەوڵی ئەوە دەدات هەڵوێستێکی ڕۆحیانە پشان بدات.

بەم هەست و بیرکردنەوەیەی کەوا کاکڵەی ناوەڕۆک و ئاسۆی “سیر عن الله” بە بیری مرۆڤدا دەهێنێت، بە شێوەیەکی بەردەوام لە نێو چڕبوونەوەی میتافیزیکیدایە و لە جیاتی خۆدڵخۆشکردن، بە نەغمەی دڵخۆشکردنی کەسانی ترەوە ناڵە ناڵی دێت. لە جیاتی پێکەنین-خۆش ڕابواردن، بە دوای فەراهەمکردنی حزور لە نێو دڵەکانی تردا ڕادەکات. هەمیشە لە گۆشەنیگای خۆشی و ناسۆری کەسانی ترەوە سەیری ژیان دەکات.  لەلای ڕاست و چەپی ئەو کەسانەی هەوڵ دەدەن لە تاریکیدا ڕێگە دەربکەن، چەندین مەشخەڵ دادەگیرسێنێت. ئامانج لای ئەو بریتیە لەوەی کەسانی تر بە ئامانج بگەیەنیت… بێ هەڵوێستی بەرامبەر ئەو ئاخ و زار و ناڵەیەی لە ڕاست و چەپەوە دەبیسترێن، وەک بوونە شەیتانی لاڵ ئەژمار دەکات و زیندوو مانەوەی خۆی دەبەستێتەوە بەوەی ببێتە گیانی گیانەکان، لە ڕێچکەی پێغەمبەرانەوە دەڕوات بەرەو ژێر سایەی حەزرەتی ڕابەری شاهەنشایان.

ئەم هەڵمەت و بزاڤەی مەردانی زیندووبوونەوە، لە وەرزی خۆیدا بەرهەمی وەها سوپرایزی دەبێت، وەک ئەو تۆوەی کە ٢٠-٣٠ خۆی بەرهەمی داوە، بە تەنیا باوەش بە خاکدا دەکات و، پەیامی “ببنە خاک، ببنە خاک” بە سەدان هەزاری تر دەدات…لە کاتێکدا بە تاقی تەنیا ئەم کارە دەکات، دواتر لەگەڵ سەدانی تر، زەردەخەنە بەسەر چواردەوریاندا دەبارێنن…

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *