م.فەتحوڵڵا گولەن: عاشقی ڕاستگۆ. بەشی دووەم

بنەچەی ئەهلات و سەیدەکان

 

باپیرەکانی مامۆستا م.فەتحوڵڵا گولەن لەلای باوکیەوە، لە شارۆچکەی ئەهلاتی بیتلیسەوە کۆچیان بەرەو گوندوی کۆروجوکی شاری ئێرزروم کردووە. چونکە خەلیل ئاغا کە وەک یەکەم سەرۆکی بنەماڵەکە ناسراوە، لە شوێنی خۆی توشی شەڕێک دەبێت و چیدی بەرگەی ڕووداوەکان ناگرێت و بە ناچاری لە شوێنی خۆی کۆچ دەکات.

پێشبینی دەکرێت ئەم ڕووداوە لە سەردەمی سوڵتان سەلیمی سێهەم ڕوویدابێت کە لە نێوان ساڵانی (١٧٨٩ – ١٨٠٧) سوڵتانی عوسمانیەکان بووە. یاخود لە سەردەمی مەحمودی دووهەم ڕوویدابێت کە لە نێوان ساڵانی (١٨٠٧ – ١٨٣٩) سوڵتانی عوسمانیەکان بووە.

مامۆستا م.فەتحوڵڵا گولەن بەم شێوەیە باس لە جێهێشتنی ئەهلات و هاتنی باپیرە گەورەکانی بۆ ئێرزروم دەکات :

 

باپیرە خەلیلم هەمیشە بە خەیاڵی گەڕانەوە بۆ ئەهلات ژیاوە. هەربۆیە دەستی لە ماڵ و ماڵاتەکانی ئەهلات نەداوە و تەنیا ئەو شتانەی توانای گواستنەوەیانی هەبووە، لەگەڵ خۆیدا هێناونی بۆ ناوچەی نەفی کردنەکەی کە حەسەن کەلەیە و، لەوێشەوە هاتۆتە گوندی کۆروجوک. بەڵام گەڕانەوە بۆ ئەهلات بە نسیبی کەسیان نەبوو.

منداڵەکانی باپیرەم سەروەتەکەی ئێرەی بە کەمتر لە ٨٠ هەزار دەفرۆشن و لە نێو خۆیاندا بەشی دەکەن”.

 

مامۆستا فەتحوڵڵا گولەن هەم لەلای دایکیەوە هەم لەلای باوکیەوە، سەر بە بنەچەیەکە کەوا دەگاتەوە سەر پێغەمبەری سەردارمان درودی خودای لەسەر بێت.

سەبارەت بەو پرسیارەی ” دەڵێن بنەچەی خانەوادەکەتان دەگاتەوە سەر پێغەمبەر؟” مامۆستا بەم شێوەیە وەڵام دەداتەوە:

لەوە دەچێت، هەندێک وا دەڵێن. بەڵام ئەم بابەتە لە نێو خێزانەکەی مندا، لەلایەن دایک و باوکمەوە باسی لێوە نەدەکرا. من دوو جار لە دایکمەوە گوێم لە بابەتێکی لەو شێوەیە بووە کە باسی پەیوەندیەکی لەو شێوەیەی دەکرد. هەردوو جارەکەش لە کاتی باسکردنی ونبوونی درەختی خانەوادەکەماندا هاتە بەر باسوخواس. باوکیشم لەم بابەتەدا زۆر بە دیقەت بوو. باپیرە ئەحمەدیشم لەم بابەتەدا هیچ قسەیەکی نەدەکرد. لە ڕاستیشدا زۆر کەم قسەی دەکرد، من ئەم جۆرە بابەتانەم لە خزمەکانی ترم دەبیست. ئیدی نازانم درەختی ئێمە دەگاتەوە سەر پێغەمبەر یاخود نا، لەم بابەتەدا ناتوانم شتێکی ڕاشکاوانە بڵێم”.

 

حەزرەتی بەدیعوزەمانیش هەرچەندە لەلای باوکیەوە دەگاتە سەر حەزرەتی حەسەن و لەلای دایکیشیەوە دەگاتە سەر حەزرەتی حوسەین، ئەویش بە چەشنی مامۆستا فەتحوڵڵا گولەن، بۆ پارێزگاری کردن لە ئیخلاسی خۆیی و دروستنەکردنی کەسایەتیەکی مەعنەوی لە بەرچاوی مرۆڤەکان، ڕاشکاوانە ئەم بابەتەی لە پەیامەکانی نوردا باس نەکردووە.

 

نەوەکانی پێغەمبەر بە هۆی ئەو زوڵمەی لەلایەن ئەمەوی و عەباسیەکانەوە لێیان دەکرا، بەرەو ناوچەی ئەنەدۆڵو کۆچیان کرد. لە دوای جەنگی ماڵازگرتەوە لە ساڵی ١٠٧١، هەندێک لەوان هاتنە ناوچەی ئەنەدۆڵو. خۆیان فێری داب و نەریتی ئەو ناوچانە دەکرد کە بۆی دەڕۆشتن و فێری زمانەکەشیان دەبوون.

یەکێک لەو ناوچانەشی پەنایان بۆ بردبوو، بریتی بوو لە ناوچەی ئەهلات لە بیتلیس. ئیستەنبول لەلایەن سەربازەکانی فاتیحەوە ئازادکرا، بەڵام ئەوەی ئیستەنبولی لە کەلتوری بیزانسەکان ڕزگار کرد و خستیە سەر کەلتوری ئیسلام، بریتیە لە ناوچەی ئەهلات. وەک چۆن کەلتوری ئیسلام لەم دەرگایەوە هاتە ناو هەموو ناوچەی ئەنەدۆڵوەوە، بە هەمان شێوە لەم دەرگایەوە چووە ناو ئیستەنبولیش. هەروەها تەواوی بنەچە تورکەکانیش کە تا سەر ئێسقانیان بە کەلتوری ئیسلامی گۆش بوو بوون، لە ناوچەی ئەهلاتەوە ئەم کەلتورەیان وەرگرتووە.

مامۆستا کەوا باپیرە گەورەکانی لە ساڵانی ١٨٠٠ لە ئەهلاتەوە بەرەو ئێرزروم کۆچیان کردووە، بەم شێوە ناوازە باسی بیتلیس و چواردەورەکەی دەکات:

بیتلیس شوێنی کۆچی نەوەکانی پێغەمبەر، هەڵبژاردنی ئەم شوێنەیان وەک درەوشانەوەیەکی نامۆی قەدەر وەهایە. پەیدابوونی گەیلانیەکان و تەریقەتەکانی تریش لە دوای نیشتەجێبونی سەلجوقیەکانەوە دەبێت لەم ناوچەیە. ئیدی بەفر و زستان کۆتایی پێهاتووە و ڕژێمی کۆنەپەرستانەی بیزانس کۆتایی پێهێنراوە و لەلایەکی ترەوە نەوەکانی پێغەمبەر لەم ناوچەیەدا لە دەست زوڵم و زۆری ئەمەوی و عەباسیەکان دڵنیا بوون و نەوەکانی پێغەمبەر لە ژێر ناوی چەند تەریقەتێکی جیاواز، وەک گوڵی ناو بەفر پشکوتون و سەریان دەرکردووە. هەتا گەشتن بەم ڕۆژە هەر خەریکی خۆ شاردنەوە بوون. بیتلیس لە بۆ نەوەکانی پێغەمبەر، چەشنی ئەشکەوتی تارسوسە بۆ هاوەڵانی ئەشکەوت(اصحاب الکهف). گەر دەربڕینەکە گونجاو بێت، چەند سەدەیەک ژیانێکی ئەشکەوتانە ژیان. لەگەڵ نیشتەجێبونی سەلجوقیەکان لە ناوچەی ئەنەدۆڵو، ڕۆژە ڕەشەکانی ئەوانیش کۆتایی هات و وەک خونچە پوشکوتون و گوڵیان دەرکرد. کاتێک سەیری بیتلیس دەکەین دەبێت بەم شیوەیە سەیری بکەین. پەیدابوونی بەدیعوزەمانێک لەو شوێنەدا کە لە ڕۆژگاری ئەمڕۆشماندا مرۆڤ بە ئاسانی دەستی بەو شوێنە ناگات، هاتنی ئەو بنەچە موبارەکە و گیرسانەوەی لەو شوێنە بە هیچ شێوەیەک کاری ڕێکەوت نیە.

 

گوندەکانی هیزان و نورس، شوێنگەلێکن کەوا لە وەرزی هاوینیشدا مرۆڤ بە ناڕەحەت پێیان بگات. ئەم نەوەیە هەتا توانیویانە ڕایانکردووە و خۆیان لەم شوێنانە شاردۆتەوە، هەر بۆیە لەم شوینانە مۆڵگەیەکیان بۆ خۆیان دروست کردووە. بنەچە تورکەکان زۆر ئەرکی گرنگیان ئەنجامداوە. دەتوانرێت ئەوە بوترێت کە بنەچە تورکەکان لە پاڵ هەموو زیندووبونەوەکانی ناو مێژوویاندا، لە ڕێگەی ئیسلامەوە زیندووبوونەوەی خۆی بەدەستهێناوە و ئەمەش بە هۆی نزیکیان لە ئەهلی بەیتی پێغەمبەرەوە بووە. دەتوانین بڵێین ئەهلی بەیت واتایەکیان بە بنەچە تورکەکان بەخشیوە. واتە بیتلیس و بە تایبەت ناوچەی ئەهڵات، وەک چەکێک لە دژی دوژمنانی ئەهلی بەیت بەکارهێنراوە و ئیدی ئەوەی لە زوڵم ڕایکردووە یاخود ئەو مەردانەی بە دوای واتایەکدا گەڕاون لە ڕێگەی ئیسلامەوە، لەلایەن ئەم شوێنەوە ئامێزیان بۆ کراوەتەوە و لە باوەشی خۆی گرتوون. بیتلیس لە ڕووی واتاوە خاوەنی خاکی هێندە بەپێز و پیتە، تەواوی ئەو کەسە هەڵبژاردانەی پەروەردە کردووە کە لە ڕێگەی وروژمی تیشکەکانیانەوە ئاڕاستەیان بە ناوچەی ئەنەدۆڵو داوە و، هەر لێرە ڕەگیان داکوتیوە و دواتر قەد و باڵایان گرتووە و بە هەر چوارلادا لق و پۆپیان ڕۆشتووە”.

الله بە گەورەیی خۆی ئەوەی پێویست دەکات بپارێزرێت و بەردەوامی بە ژیانی بدرێت، لە بۆ کاری رێکەوتی جێنەهێشتووە. وەک چۆن لە هەموو سەردەمێکدا بەو شێوەیە بووە، ئەوانەشی لە ئاخیر زەماندا خۆیان دەکردە خاوەنی ڕاسپاردە پیرۆزەکان و هەڵمەتی چاکسازی و بونیادنانەوەیان دەست پێدەکرد، دەبوو ئەم کەسە نامۆیانە لە نەوەی پێغەمبەر بێن. دەبوو هەر ئەوان کۆتایی بە نامۆبوونی ئیسلام بهێنن. پێغەمبەری سەردارمان بۆ ئەوەی لەم بابەتەدا توشی هەڵبژاردەی هەڵە نەبین، لە پێش چەندین سەدەوە بەم شێوەیە هۆشداری پێداوین:

دوو ڕاسپاردەی گەورە و گرنگ بۆ ئێوە بەجێدەهێڵم هەتا لە دوای من گومڕا نەبن، یەکەمیان کتێبی خودای گەورە کە قورئانە و، دووهەمیشیان نوری دیدەم ئەهلی بەیتە. قورئان کەوا کتێبی خودایە، پەتێکی ئیلاهی و نورانیە کەوا لە ئاسمانەوە بۆ سەر ڕوی زەوی درێژکراوە. خودای خاوەن لوتف و شارەزا لە هەموو شتێکدا، بە منی ڕاگەیاند:

قورئان و ئەهلی بەیت هەتا ئەو کاتەی لەسەر حەوزی کەوسەر بە من دەگەن، لە یەکتری جودا نابنەوە. مادام بەم شێوەیەیە، بە باشی ئاگاداری ئەم دوو شتە ببن کە بە ئێوە ڕاسپێردراوە و پارێزگاری لە مافەکانیان بکەن.

خەلیل ئاغا وەک پێشتریش ئاماژەمان پێدا کەوا یەکێکە لە باپیرە گەورەکانی مامۆستا و لە ناوچەی ئەهلاتەوە کۆچی بەرەو گوندی کۆروجوک کردووە، کوڕێکی بە ناوی خورشید ئاغا دەبێت. ئەویش دوو کوڕی دەبێت بە ناوەکانی سولەیمان ئەفەندی و مەلا ئەحمەد.

مەلا ئەحمەدیش ٦ کوڕی دەبێت بە ناوەکانی زاکر، شاکر، مەهمەت عەلی، ئاکیف، شامیل؛ هەروەها کچێکیشی بە ناوی گوڵنوش دەبێت. مەلا ئەحمەد باوکی شامیل ئاغایە کە دەکاتە باپیرەی مامۆستا.

مرۆڤێک دەبێت کەوا بە هۆی زانست و تەقواوە لە سەردەمی خۆیدا کەسێکی دەگمەن دەبێت. دەڵێن لە ٣٠ ساڵی کۆتایی تەمەنیدا، قاچی ڕانەکێشاوە و بخەوێت، یاخود پشتی لەسەر جێگا دانەناوە، هەرکاتێکیش خەوی هاتووە، دەستی خستۆتە سەر دەموچاوی و سەرخەوێکی شکاندووە.

خەوتنی شامیل ئاغا تەنیا بریتی دەبێت لەوەی دەستی لەسەر دەموچاوی دادەنێت و بەو شێوەیە دەخەوێت. زۆرینەی کاتەکانی تری بە کارکردن و عیبادەتەوە دەبردە سەر. کەسێکی پاڵەوان ئاسا و باڵابەرز و قسە خۆش و لاشە پتەو دەبێت، کە لە هەمان کاتدا ڕۆحێکی هاوشێوەی لاشەی دەبێت. هەمیشە بە خواردنێکی کەمەوە ژیان بەسەر دەبات و بە درێژایی ژیانی وازی لەمە نەهێناوە، ئەوانەی دەیناسن دەڵێن کەوا بە چەند دەنکە زەیتونێک دەستی لە خواردن هەڵدەگرت. زوهد و تەقوای شامیل ئاغا وەک ویردی سەر زوبانی هەموو لایەکی لێدێت. چونکە ئەو کەسێک بوو لە ناو ژیانێکی دەوڵەمەنددا ژیانی زاهیدانەی هەڵبژاردبوو، ئەو سەروەت و سامانەی لە باوکیانەوە بۆیان دەمێنێتەوە، لە نێوان دوو برادا بەش دەکرێت، لەبەر زۆری ئاڵتونەکان و سەختی بژاردنی هەموو پارچەکان، لە نێوان خۆیاندا بە سەتڵ بەشی دەکەن، ئەم شێوازەش لە ماڵ دابەشکردن، لەو سەردەمەدا بەسەر زاری هەموو کەسێکەوە چەشنی داستانی لێدێت.

سولەیمان ئەفەندی خەریکی بازرگانی دەبێت و هەمیشە سەروەتی زیاتر دەخاتە سەر سەروەتەکەیی و لەم کارانەیدا زۆر سەرکەوتوو دەبێت. کوڕەکانی ئەویش بە هەمان شێوەیان دەکرد و خەریکی بازرگانی بوون.

بەڵام مەلا ئەحمەد کەسێکی ڕوو لە ئاخیرەت بوو. لە کێڵگەکاندا کاری دەکرد. حەزی لە خوێندنەوەی کتێب و، مەشغوڵ بوون بە ئەنجامدانی عیبادەتەوە وەک ئامانجی ژیانی وەهابوو.

مەلا ئەحمەد لە ساڵی ١٨٧٧- ١٨٧٨ لە کاتی جەنگی عوسمانی و ڕوسەکاندا گوندی کۆروجوک جێدەهێڵێت و ڕوو لە ناوچەی سیڤاس دەکات. کاتێک دوای جەنگەکە دەگەڕێتەوە گوندەکەی، ژیانێکی سەخت چاوەڕێی دەکات. دەبینێت هەموو لایەک وێران بووە و دار و بەردی گوندەکە بەسەر یەکەوە نەماوە. سەرتاپای گوندەکە ڕووخاوە و لەبەر سەختی کۆچکردنیان لە سیڤاسەوە بۆ گوندی خۆیان، لە ڕووی ماددیەوە بە تەواوی پەرێشان بوو بوون. هەربۆیە ناچاری ڕووبەڕووبوونەوەی ژیانێکی چەتون دەبنەوە.

 

شامیل ئاغا لەم کاتەدا لە هەڕەتی گەنجێتیدا دەبێت و بە پلیکانەکانی سەردەمی گەنجێتی خۆی تێدەپەڕێت. لە دوای ٨ تا ٩ ساڵ لە گەڕانەوە بۆ گوندەکەیان، واتە لە ساڵی ١٩٨٠، مەلا ئەحمەد وەفات دەکات.

 

شامیل ئاغا و موینیسە خانم

کوڕەکانی مەلا ئەحمەد لە ڕێگەی فیداکاریەکی زۆرەوە ماڵ و موڵکێک بۆ خۆیان پێکەوە دەنێن. سەرلەنوێ ئیمکانیەتەکانیان فراوان دەبێت. لەم ماوەیەشدا شامیل و ئاغا و مونیسە خانم هاوسەرگیری لەگەڵ یەکتردا ئەنجام دەدەن. لەم هاوسەرگیریەش ٧ منداڵ بە ناوەکانی رامیز(١٩٠٥) راسیم، نورەدین، ئەنوەر، دوردانە، سەفەر، سەیفوڵڵا دێنە دونیاوە.

ڕێز و حورمەت و پەیوەندی پتەوی خزمایەتی نێوان ئەم ٧ برا و خوشکە بە شێوەیەک دەبێت کە لە ناو هەموو خەڵکدا چەشنی داستانێک ویردی سەر زوبان دەبێت.

جەنگی جیهانی یەکەم لە ساڵی ١٩١٤ کاتێک بە تەواوی هێزی خۆیەوە ڕوو لە گوندی کۆروجوک دەکات، دیسان شەپۆلێکی تری کۆچ کردن دروست دەکاتەوە. شامیل ئاغا و خانەوادەکەی، ٦ عەرەبانەی پشتی وڵاخ پڕ لە خواردن و کەلوپەل دەکەن و لە گوندی تەرزیلی سەر بە شارۆچکەی یەرکویی شاری یۆزگات دەگیرسێنەوە. ماوەی چەند ساڵێک بە ناچاری لەم گوندە دەمێننەوە. کاتێک لەرزینی جەنگی جیهانی یەکەم کۆتایی دێت، دیسان دەگەڕێنەوە گوندی کۆروجوک. بەڵام لەم ماوەیەدا هەرچیەکیان دەبێت، هەرهەمووی لە دەست دەدەن و خەرجی دەکەن. کاتێک دەگەڕێنەوە تەنیا دوو وڵاخیان پێدەبێت. مونیسە خانم یەکێک لە منداڵە بچوکەکانی کە توانای ڕۆشتنی نیە، دەیکاتە باوەشی و بە سواری وڵاخەکە دەڕۆن. شامیل ئاغا و تەواوی ئەندامانی تری خانەوادەکەیان، تەواوی ئەو ڕێگایەی لە نێوان یۆزگات و گوندەکەیاندا بە پێ دەیبڕن. ئەمجارەشیان دیسان گوندەکەیان بە ڕووخاوی دەبیننەوە و هەموو لایەکی وێران کراوە. خانوەکان ڕووخاون و ئاخور و تەویلەکان تەختی زەوی کراون و جگە یەک دوو مەڕ و بزنی لات، هیچ شتێک بە ناوی ژیانەوە بوونی نەماوە. دەبوو دیسان گوندەکەیان سەرلەنوێ بونیاد بنێنەوە. شامیل ئاغا هیچ لە عەزم و هیوای لە دەستنەدابوو. سالانێکی دوور و درێژ لەگەڵ هەژاری و نەبوونیدا بەربەرەکانی کرد. سەردەمانێک کەوا کرێکار لە خانەکەیاندا کاری بۆ دەکردن، ئێستا خۆیان بوون بە کرێکار و کاریان دەکرد. لە ڕاستیشدا بێگانە نەبوون بە هیچ جۆرە کارێک. بە تێپەڕین بە ڕۆژگارێکی پڕ هەژاری و نەبوونی و سەفالەت و برسێتی و تینوێتی، دیسان گوندەکەیان بونیاد نایەوە.

مامۆستا سەبارەت بە شامیل ئاغای باپیرەی، ئەم یادگاریەی خۆی تۆمار دەکات و دەڵێت:

شامیل ئاغای باپیرەم لایەنی زۆری لێکچووی لەگەڵ باوکی هەبوو(مەلا ئەحمەد). ئەویش وەک پیاوی ئاخیرەت وەهابوو. تەنانەت لە دژوارترینی کاتەکانیشدا نەمدیوە بە بێ مێزەر بگەڕێت. مێزەرەکەی وەک حەزرەتی عوسمان غازی دەبەست. مرۆڤێکی زۆر جددی بوو. لەوە دەچێت لە کاتی زەردەخەنەکردندا بینیبێتم،  بیریشم نایەت، بەڵام قەت نەمدیوە پێبکەنێت. ئەم جددیەت و ویقارەش کە لەودا بوونی هەبوو، کاریگەری خۆشەویستی و ترسیشی لەلای خەڵکی گوندەکەمان دروست کردبوو. هەموو خەڵکی گوندەکەمان لێی دەترسان و لە هەمان کاتدا ڕێزێکی گەورەیان لێدەگرت.

باپیرەم ڕێزێکی گەورەی لە زانای ڕاستەقینە دەگرت. بەڵام لەبەر خراپ بەکارهێنانی پێگە و پلەی شێخایەتی لەلایەن هەندێک کەسەوە، سەردەمانێک بە هۆی لۆجیکی پوخت و پتەوی خۆیەوە زۆر ڕقی لەو کەسانە دەبوویەوە کە بە خۆیان دەوت شێخ و خەریکی خواردن و خواردنەوە بوون. بەڵام دیسان هیچی بەرامبەر زۆرێک لە شێخەکان نەدەوت، چونکە ئەو چاوی بە وەلی ڕاستەقینە کەوتبوو لە باوکی خۆیدا و دەیزانی چۆنە. مەلا ئەحمەد نەیدەخوارد و نەیدەخواردەوە و تەنانەت دیاریشی لە کەس وەرنەدەگرت. هەتا بەیانی نوێژی دەکرد و بە زەیتونێک تێر دەخوارد. زۆرینەی ڕۆژەکانی بە ڕۆژوو دەبردە سەر و بە لای باپیرەمەوە وەلی ڕاستەقینەی خودا دەبوو بەو شێوە بێت.

هەرکەسێک بەم شێوەیە نەبووایە بە شێخ قبوڵی نەدەکرد و بە “تاقمی پوڵاوخۆرەکان” ناوی دەبردن. گەرچی لە باپیرەمدا شتێک بە ناوی بێباوەڕی بەرامبەر مانا نەبوو، بەڵام لەبەر ئەوەی مانای مەردایەتی ڕاستەقینەی لە باوکیدا بینیبوو، ئیدی هەرکەسێک وەک ئەو نەبووایە یاخود لە ئاستی ئەودا نەبووایە، باوەڕی پێنەدەکرد و زۆر وابەستەی ئەم باوەڕەی خۆی بوو.

مونیسە خانمی هاوسەری شامیل ئاغاش، زیاتر لە قسە، بە کردەوەکانی جوانی ئیسلام ڕەنگی تێدا دابوویەوە و مرۆڤی حاڵ بوو.

مامۆستا هەمیشە زیاد لە دایک و باوکی خۆی، باس لە کاریگەری باپیر و نەنکی خۆی دەکات بەسەر خۆیەوە و دەڵێت:

باوکم هەوڵی ئەوەی لەگەڵدام کەوا فێری دینەکەمم بکات. هەوڵیدا فێری عەرەبیم بکات، الله ش لوتفی ئەوەی لەگەڵدا کردم کەوا لە بن ئەژنۆی زۆرێک لە زاتە گەورەکاندا دابنیشم. هیچ شایستەی ئەو شتانەش نەبووم، بەڵام خودا بۆ ئەوەی کەسێکی موجریم و گوناحکاری وەک من ڕۆنەچێت، هەمیشە لوتفی لەگەڵدا دەکرد و لەو جۆرە شوێنانە دەیسوڕاندەوە. کاتێک یەکێک لە وەلیەکان چاوی بە ڕووی دونیادا دادەخست، من خۆم لە ژێر ئەژنۆی یەکێکی تریاندا دەبینیەوە، کاتێک ڕۆژئاوابوونی ئەویش نزیک دەبوویەوە، خۆم لەلای یەکێکی تریان دەبینیەوە. کاتێک تەمەنم ١٠ ساڵان بوو، الله لە ژیر ئەژنۆی زۆرێک لەو زاتە گەورانە منی سوڕاندەوە. سوپاس بۆ خودا و هەموو منەتێکیش هەر بۆ ئەوە. دەیان هەزار حەمد و سەنا هەر بۆ ئەو بێت. هەموویان شتانێکیان باس دەکرد کە ڕۆحی منیان دەشۆردەوە، کەسانێکم بینی کەوا لەگەڵ وتنی الله دا ڕادەچڵەکان.

بەڵام باوەڕم پێبکەن ئەوە نەکم بۆی باس دەکردم لە کەسیانم نەبیستووە، نەنکم باسی زۆر شتی بۆ من کردووە. کاتێک ئەوم لە دەستدا تەمەنم ١٤ هەتا ١٥ ساڵان بوو. بەڵام ڕۆحی پڕکردبووم لەو شتانەی کە دەبوو پڕی بکات، کاتێک باوکم لە ماڵەوە دەیوت ” جد بلطفک یا الهی، یا الهی”، نەنکم کۆشی بە فرمێسکی چاوەکانی پڕ دەکرد. دەتوانین بڵێین نەنکم مرد و مرۆڤایەتی گریانیان لەبیرچوویەوە! کاتێک دەتوت الله، هێندە هەیەجان دایدەگرت، زێدەڕەوی ناکەم لە قسەکانمدا، ٢٤ کاتژمێر ئیشتیای خواردنی لەلای هەڵدەگیرا. لەوە دەچێت تەواوی ژیانی بە ٣٠ ڕستەوە بەسەر دەبرد. تەنیا ٣٠ ڕستەی دەزانی بڵێت هێندە کەمی دەزانی، بەڵام بەو ڕادەیەش عاشقی دینەکەی بوو”.

کاتێک قورئانی کەریممان دەخوێندەوە ” هەر هێندە دەمانوت الم، ذلک الکتاب” ئیدی ئەو ویژدانە پاکەی چی دەبیست، یەکسەر لە هۆش خۆی دەچوو دەبورایەوە. ئیدی دەستی دەخستە سەر دەموچاوی و چاوەکانی وەک ئەوەی سەیری فیردەوس بکەن لە ژیانی ئەبەدیەتیان دەڕوانی. گەر بڵێم ئەو  الله ی پێناساندم لە شوێنی خۆیدایە، گەر بڵێم ئەو فێری خۆشەویستی پێغەمبەری کردم ئەوا لە شوێنی خۆیدایە.

ئەو بێدەنگی و قوڵیەی چەشنی دەریا قوڵەکان لەودا هەبوو، کاریگەریەکی زۆری لەسەر من دانا. ئیمان و پەیوەندیم بە الله وە لەودا بینی. گەرچی ژنێکی ڕووخۆش بوو زەردەخەنەی دەکرد، بەڵام هەرگیز نەمدیوە بە قاقا پێبکەنێت. زۆر سەربەرزانە دەژیا، لەوە دەچێت کاریگەری ئەو لەسەر من لە هەزار ئامۆژگاری زیاتر بێت. کاتێک تەمەنم ٤ تا ٥ ساڵ بوو، ئەوم لە دایکی خۆم لەلا گەورەتر بوو. هەربۆیە زۆر جار لەگەڵ ئەو مامەی دوو ساڵ لە من گەورەترە شەڕمان دەکرد، ئەوی دەیوت ” ئەوە دایکی منە”، منیش دەموت نەخێر دایکی منە.

نەنکم زۆر کەم قسەی دەکرد و لە ڕێگەی زمانی حاڵی خۆیەوە ئیسلام بە تەواوی تێیدا ڕەنگی دابوویەوە. کەسێک بوو دەگریا و بیری دەکردەوە، هەروەها بەرامبەر زاناکان ڕێزێکی گەورەی هەبوو، لەم بابەتەدا کەسێکی ئاراوتە بوو. پەیوەندی و وابەستەییشی بە منەوە بە شێوەیەک بوو کە بە وشە پێناسەی ناکرێت. بە درێژایی هەموو تەمەنی، تەنیا جارێکیش برۆکانی لێ گرژ نەکردووم، خۆی هەر بە سروشت کەسێکی نەرم و نیان بوو.

بیرمە جارێکیان باوکم لە دایکم توڕە بوو، برۆکانی گرژ کردووە و بەرەو ڕووی دایکم دەهات، یەکسەر نەنکم وتی ” ڕامیز شیر و ئەمەکم پێت حەرام بێت گەر شتێک بکەیت”، بەو شێوەیە ژنێکی فریشتە ئاسا بوو”.

مامۆستا سەبارەت بە بەخشندەیی نەنکی دەڵێت:

گەر ڕۆژێک لە ماڵەکەماندا یەک دوو میوان نەبووایە، ئەوا دڵگران دەبوو. ئەم ژنە بەخشندەیە، تەواوی ئەو ڕۆنەی لە ئاژەڵەکان گرتبوویەوە، لە ماوەیەکی کەمدا بەسەر میوانەکاندا دەیبەخشیەوە و تەواوی دەکرد. ئیدی دەبوو لە ماڵەوە هەمیشە شێخێک یان مەلایەک، یاخود کەسانێکی ئاسایی ببنە میوان و ئەویش هەرچی شتی بە نرخی لە دەستدا بوو بەسەریاندا دابەشی دەکرد. پێوامیە تەنیا فرمێسکی چاوەکانی و بەخشندەییەکەی بەسە بۆ ئەوەی ڕزگاری بکەن”.

ئالڤارلی محمد لوتفی ئەفەندی، براکەی ئەویش بە ناوی وەهبی ئەفەندی، سڕی ئەفەندی لە شێخەکانی تاغی، شەهابەدین ئەفەندی و کەسە ناودارەکانی ئەو سەردەمە، لە ماڵی مونیسە خانم و شامیل ئاغا ڕێز و حومەتێکی جیاوازیان لێدەگیرا. خانەوادەکەیان پەیوەندیەکی توندوتۆڵیان لەگەڵ ئەم کەسایەتیە گەورانەدا هەبوو، هەربۆیە مامۆستا فەتحوڵڵا گولەن لە ژێر کاریگەری ئەم زاتە گەورانەدا گەورە بووە و نەشونمای کردووە.

هەروەها سەبارەت بە ڕێز و خۆشەویستی گەورەی نێوان شامیل ئاغا و مونیسە خانمی نەنکی دەڵێت” ئەو پیاوە توند و ڕەقەی تەواوی گوندەکەی لێیدەترسان، هەرگیز نەبینراوە بەرامبەر هاوسەری خۆی برۆکانی گرژ بکات”.

هەروەها ڕەفیعە خانمی نەنکی مامۆستا لەلای دایکیەوە، ئەوەی بۆ گێڕاوەتەوە کە هەمیشە مونیسە خانمی نەنکی وتوویەتی ” خودایە یەک کاتژمێر لە دوای ئەم پیاوە منیش مەژێنە!”.

 

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *