ناسۆری داوا گەورەکان

پرسیار: کاتێک سەیری مێژوو دەکەین، ئەوە بەدیدەکەین، داوا گەورەکان لەو سەردەمانەی سەریان هەڵداوە وەک پێویست لەلایەن هەموو کەسێکەوە درکیان پێنەبراوە، بە تەواوی لە نوێنەرانی ئەو داوایانە نەگەشتوون. هۆکارەکانی ئەم بابەتە چیە؟

وەڵام: ئەگەرچی ناتوانین ئەمە لە بارەی هەموو داواکانەوە بڵێین، بەڵام قەدەری زۆرینەیان بەو شێوەیە بووە. نوێنەرەکانی لەو سەردەمەی کەوا سەریان هەڵداوە، بە تەواوی نەناسراون. تەنانەت کەسانێک کەوا لەگەڵ ئەواندا گەورە بوون و پێگەشتوون و پێکەوە لەسەر هەمان خوان دانیشتوون، توشی ئەو دوورکەوتنەوەیە بوون کەوا بە هۆی نزیکێتیەوە دروست دەبێت، دوچاری نەخۆشیەکی وەک نەبینینی ئەوەی لێتەوە نزیکە، بوون. بە داخەوە زۆرێک لە مرۆڤەکان، نەیانتوانیوە یەخەی خۆیان لەم نەخۆشیە ڕزگار بکەن. گەر سەیری ژیانی پێغەمبەران و شوێنکەوتووە ڕاستگۆکانیان بکەن، زۆر نمونەی ئەم بابەتەتان بەرچاو دەکەوێت. بێگومان هەریەک لەمانە لە هەمان ئاستدا نین. هەندێک لەمانە بە ڕێژەیەکی کەم توشی حاڵەتێکی لەو شێوەیە بوون، هەندێکیشیان بە تەواوی لەو کۆمەڵگایەی تێیدا ژیاون، پەراوێز خراون و بەجێهێڵدراون.

بۆ نمونە گەر سەیری ژیانی تابلۆی شانازی مرۆڤایەتی بکەن، کەوا دوا ئەڵقەی زنجیرەی پێغەمبەرایەتیە، ئەوە بەدیدەکەن کەوا لە ساڵانی سەرەتای پێغەمبەرایەتیدا لە چی تەنیایەکدا بەجێهێڵدراوە. موشریکانی مەککە بە هۆی ئەوەی ساڵانێکی دوور و درێژ بە چاوی “کوڕە هەتیوەکەی ئەبی تالیب” سەیریان کردبوو، یان ئەوەی وەک ئەو منداڵ و گەنجە وێنایان دەکرد کەوا لە هەمان کۆڵاندا پێکەوە بوون، بووە ڕێگری ئەوەی چاویان بەو حەقیقەتانە بکەوێت کە لەلایەن ئەوەوە هێنرابوون. سەرەڕای ئەوەی لە نزیکەوە لەویان دەڕوانی، بەڵام بە ڕاست و دروستی نەیانبینی.

**

ڕکابەری لە نێوان هاودەماندا

لەلایەکی ترەوە وەک ئەوەی لە کەسانی تایبەتمەند بە هەڵسەنگاندنی حەدیسدا ئەم بابەتە بەدی دەکەین، لە نێوان ئەو کەسانەی لە هەمان سەردەمدا ژیان بەسەر دەبەن، هەستی ڕکابەری هەیە. مرۆڤ پێویستە کەسێکی زۆر کامڵ بێت، هەتا فەزیڵەتی هاودەمانی خۆیی پێ قبوڵ بکرێت. زۆر جار باس لە شێوازێک مامەڵە دەکرێت، کەوا لە نێو زانایان یان شێخەکاندا پەیڕەوی لێکراوە:

مامۆستاکان دوای ئەوەی وانەی هەندێک کتێبی دیاریکراویان بە خوێندکارێکیان دەوت، دوای ئەوەی بە ناوی پەروەردە و فێرکردنەوە خوێندکارەکەیان دەهێنایە خاڵێکی دیاریکراو، بەم شێوەیە قسەیان لەگەڵدا دەکرد:

کوڕم، لەمەودوا شتێ نەماوە کەوا لە منەوە وەریبگریت. لە فڵان شوێن زاتێک هەیە، پێویستە لەمەودوا لەوەوە وانەکانت وەربگریت”. هەربۆیە لە پێناو ئەوەی هەستی پێشبڕکێ لەگەڵ یەکتری بڕوخێنین، ڕێگری لە هەستی ڕکابەری بکەین، یاخود بەریانێک بۆ حەسودی نەکرێتەوە، مامەڵەیەکی لەم شێوەیە زۆر گرنگە. جگە لەمە، ئەمە لە نێو کەسانی زانادا دەبێتە هۆی ئەوەی ئەخلاق و نەریتێکی زۆر گرنگ دروست ببێت.

لە تەکیە و خانەقاکاندا کەوا شوێنی بەرزبوونەوەی مرۆڤەکان بووە بەرەو ژیانی دڵ و ڕۆح، نەریتێکی لەم شێوەیە پەیڕەوی لێکراوە.

بۆ نمونە ڕێبوارێکی ڕێگەی حەق کەوا تازە دەستی بە بڕینی ئەم ڕێگایە کردووە، لە ژێر چاودێری شێخێکیدا دەگەشتە مەقامی ” سیر الی الله”. خۆ گەر ئەم شێخە نەیتوانیبایە موریدەکەی بگەیەنێتە مەقامەکانی ” سیر فی الله”، “سیر مع الله”، “سیر عن الله”، نەیتوانیبایە ئەم ئاسۆیانە پشانی موریدەکەی بدات، نەیتوانیبایە ئەو توێشوو و زەخیرەیەی لەم ڕێگەیە پێویستێتی بۆی دابین بکات، زۆر بە ئاسانی بە موریدەکەی دەوت:

کوڕم، لەمەودوا من ناتوانم لەمە زیاتر بتبەمە پێشەوە. لە فڵان شوێن زاتێک هەیە کەوا موڕشیدی کامڵە، بڕۆ بۆ ناسۆرخانەکەی ئەو و ، لەبەردەم مێزی وانە وتنەوەی ئەودا دابنیشە”.

هەربۆیە ڕەفتارێکی حەقپەرستانەی لەم شێوەیە، دەبێتە ڕێگری ئەو هەستە نەرێنیانەی لەسەرەوە ئاماژەیان پێدراوە.

**

ئەو کەسە گەورانەی لە سەردەمی خۆیاندا نەناسراون

زۆر سەختە مرۆڤەکان لەگەڵ ئەو کەسانەی سەر بە پیشە و ڕێچکەیەکی ترن، حەقپەرستانە مامەڵە بکەن. لە نێوان ئەم جۆرە کەسانەدا هەستی حەسودی زیاتر بەدی دەکرێت. دەشێت بەرامبەر ئەو کەسانە ناڕەحەت ببن کەوا لە خۆیان گەورەتر دەردەکەون. لە مێژوودا زوو زوو چاومان بەم جۆرە ڕووداوانە دەکەوێت.

بۆ نمونە دەشێت ئەوە بڵێین کەوا ئیمامی غەزالی، لە سەردەمی خۆیدا هێندەی ئەو بەرزیەی قەد و باڵاکەی هەیبووە، کەسانی چواردەوری نەیانناسیوە. تەنانەت هەندێک بە چاوی کەسێکی بیدعەچییەوە، تەماشیان کردووە. ڕووبەڕووی ڕەخنەی زۆرێک لە هاوسەردەمیەکانی خۆی بووەتەوە.

کاتێک لە ڕوانگەی ئەمڕۆوە سەیری ئیمامی ڕەببانی دەکەین، بە نوێکەرەوەی هەزارەی دووهەم”مجدد الف الثانی” ناوی دەبەین. بەڵام ئەویش لە سەردەمی خۆیدا وەک پێویست نەناسراوە. بە شێوەیەک بووە کەوا خراوەتە زیندانەوە و گیرۆدەی دەستی چەندین ناسۆری بووە. هەروەها هەریەک لە شیخ ولی الله الدهلوی، مەولانا خالیدی بەغدادی و چەندین زاتی تریش، لە سەردەمی خۆیاندا وەک پێویست نەناسراون.

هەروەها کاتێک لەمڕۆدا بەرهەمەکانی دکتۆر محمد ئیقبال لاهوری بە ناوەکانی “ئەسراری خودی”، “رموزی بی خودی”، “پەیامی مەشریق”، “جاویدنامە” دەخوێنیتەوە،خۆمان پێناگیرێت لەوەی نەڵێین” خۆزگە ئەم فکرە نایابانەی لە سەردەمی خۆیشیدایە بناسرایە، ئیدی لە هندستاندا دەبوونە دەنگ و هەناسەیەکی زۆر گرنگ و، گوزارشتیان لە زۆر شتی جیاواز دەکرد”. بەڵام بە داخەوە کۆمەڵگاکانی مرۆڤایەتی، تەنانەت بەرامبەر ئەو پێغەمبەرانەی لە نێویاندا سەریان هەڵداوە و بەرامبەر زاتە گەورەکانی تریش، وەک پێویست خاوەن وەفا و ئینساف نەبوون.

کاتێک دێینە سەر سەردەمی خۆیشمان، دەتوانین ئەوەش بڵێین کەوا حەزرەتی پیریش لەلایەن هاوسەردەمەکانی خۆیەوە، وەک پێویست نەناسراوە. ئایا لە زانایانی بەلعام ئاسا، چەندیان خۆیان بە خاوەنی ئەو کردووە؟ لە نێو کۆمەڵانی زانا ئاینیەکانی سەردەمی خۆیدا، تەنانەت ٣-٥ کەسیش نەبووە کەوا بەرگری لێبکەن. خۆ گەر لەو سەردەمەدا ئەو کەسانەی لە دەزگاگەلێکی وەک خانەی هونەرەکان”دار الفنون” و، خوێدنگەی وتاربێژان”مدرسة الواعظین” بەرگرییان لەو بکردایە، کاریگەری ئەو خزمەتانەی لەلایەن ئەوەوە خرانە ڕوو، زۆر گەورەتر دەبوو…

چونکە ئەم جۆرە مرۆڤانە وەک پێشڕەوی قەناعەت پێکردنی خەڵک دەبینرێن. خەڵک سەیری ناو چاوی ئەوان دەکات و، ئیعتیبار بۆ قسەکانیان دادەنێت. خۆ گەر ئەوان کۆمەڵگایان بەرامبەر ئەو گەنجینەی گەوهەرەی لەلایەن ئەوەوە خرابووە ڕوو ئاگادار بکردایەتەوە، دەشێت ببونایەتە هۆکاری ئەوەی دۆزینەوەی گەورە ڕووبدات. ئیدی ئەو کەسانەشی دواتر دەهاتن و بە هۆی ئەم بەرهەمانەی ئەوەوە خزمەتگەلێکیان پێشکەش دەکرد و، ئەو پاداشتەی دەستی ئەوان دەکەوت، لە دەفتەری چاکەکانی ئەمانیشدا تۆمار دەکرا.

کاتێک باسی ئەم جۆرە کەسانەش دەکەین، پێویستە ئەوانەش لە یاد نەکەین کەوا چەشنی حەواریەکان هەتا ڕادەی مەرگی خۆیان، بە هانایەوە چوون و کونجی زیندانەکانیان لەگەڵ ئەودا وەک باخەکانی بەهەشت قبوڵ کرد. ئەوان هەر بە ڕاستی ئەوان مرۆڤگەلێک بوون کەوا شوێنەکانیان پڕ ناکرێتەوە. بەڵام ژمارەی ئەم جۆرە کەسانە زۆریش نەبووە. هەموویان مشتێک مرۆڤن.

لێرەدا دەتوانین ئەم پرسیارە لە خۆیشمان بکەین:

وێڕای ئەوەی نیو سەدە بەسەر ئەمەدا تێپەڕیوە، ئایا ئەو پێکهاتە فکریەی کەوا لەلایەن ئەو زاتەوە خرایە ڕوو، ئایا وەک پێویستی حەقی ناسینی خۆی پێدراوە؟ کێ چووزانێت، لەوە دەچێت ناسینی ئەو بە شێوەیەکی شایستە، بە نسیبی نەوەکانی داهاتوو ببێت. واتە ئەوانەی هەواری خۆیان لەو شوێنانە هەڵدەدەن کەوا لەلایەن ئەوەوە ئاماژەی پێکراوە، لە خولگەی ئەو داوایەی کەوا لەلایەن ئەوەوە بنەماکەی دانراوە بەردەوامی بە ژیانیان دەدەن، ئەو خزمەت و شاکارە بەرگوزیدانەی کەوا لەلایەن ئەوەوە خراونەتە ڕوو، ئەو زاتانە بە شێوە شایستەکەی دەیناسن. پشتیوان بە الله ئەو ئامانجەی کەوا لەلایەن ئەو زاتەوە چاوەڕوانی دەکرا، لەلایەن ئەو نەوە ڕۆشنەی کەوا لە داهاتوودا دێن، جێبەجێ دەکرێت.

کەواتە بابەتی ناسران لەلایەن کەسانی هاودەمەوە، لە قەدەری داوا گەورە و هزرە گەورەکاندا نەبووە. هەندێک لەمانە هەر نەناسراون، هەندێکیشیان وەک پێویست نەناسراون.

 

حەزرەتی مەسیحیش، ناتوانین بڵێین لە سەردەمی خۆیدا بە شێوەیەکی جوان پێشوازیی لێکراوە.

کاتێک ماڵی ئەو باڵا بەرزە – سەد هەزار جار حاشا- چەشنی ماڵی چەتەیەک هەڵکوترایە سەری، ١٠ مرۆڤی مەرد لە نێو قەرەباڵغی ئەو خەڵکەدا نەبوو، کەوا چەشنی مەقەست قۆلەکانی بکاتەوە و بڵێت” بوەستن، ناتوانن لەم کۆڵانەوە بڕۆن”. تەنیا ئەو کاتەی لە نێوان مرۆڤەکان نەما، دەستیان کرد بەوەی لە نرخی ئەو تێبگەن و، بە لێشاو دەستیان کرد بەوەی بە دوای ئەودا ڕابکەن. بۆ ئەوەی دینەکەی ئەو لەلایەن دەوڵەتەوە بە فەرمی دانی پێدا بنرێت، چەند سەد ساڵێکی بەسەردا تیپەڕی. بەڵام لەم کاتەشدا ڕەنگ و بۆی ئەو پەیامەی لە سەرەتاوە هێنابووی شێوێنرا و، هەندێک شتیان لێدەرهێنا و فڕێیان دا، هەندێک ڕەهەندی بێگانەی تایبەت بیروباوەڕی بتپەرستی ڕۆمەکان خزێنرایە ناوی.

مرۆڤێک کەوا لە ڕێگەی خەیاڵیەوە بە نێو مێژوودا دەگەڕێت، دەشێت لە بەرامبەر ئەم جۆرە نمونانەی بێ وەفایی بکەوێتە لێپێچینەوەی جیاواز و بڵێت:”لەبەرچی فڵان زات، بە شێوەیەکی گونجاو لەگەڵ باڵای بەرزی خۆیدا، لەلایەن خەلکەوە نەناسرا؟”. یاخود دەشێت بڵێت:”لەبەرچی ئەو مرۆڤانەی ڕیزی یەکەمیان لە چواردەوری فڵان زات پێکهێنابوو، ئەو ئەرکانەی لەسەرشانیان بوو، وەک پێویست بەجێیان نەگەیاند؟”. چونکە هەموو کەسێک ئەوەی بە نسیب نەبووە کەوا بە دەم ئەرکی مێژوویی خۆیەوە بچێت.

**

وابەستەبوون بە ئەقڵ و لۆجیکەوە

لەم خاڵەدا وەستان لەسەر تایبەتمەندیەکی گرنگ، سوودی دەبێت. هەندێک لە زاتە گەورەکان، دەتنوارێت ژمارەی ئەو کەسانەی خۆشیان ویستووە، بە هەزاران و ملیۆنان گوزارشتی لێبکرێت. بێگومان وابەستەییەکی لەم شێوەیە، شتێک نیە کەوا بە سوکی تەماشای بکرێت. خۆشەویستی و وابەستەیی سۆزدارانەش بەهای تایبەت بە خۆی هەیە. بەڵام ئەوەی لێرەدا بنەمایە، بریتیە لەوەی ئەم وابەستەییە تەنیا لەسەر زەمینی سۆزداری نەمێنێتەوە، بەرەو کایەکانی ئەقڵ و لۆجیکیش بگوازرێتەوە. بە دەربڕینێکی تر، ئەوەی لێرەدا گرنگە، ئەو بایەخ و پەیوەندیە سۆزدارانەی بوونی هەبووە، لە ڕوانگەی پەیوەندی لۆجیکیەوە مەحکەم بکرێت و ساغ بکرێتەوە و ژێرخانەکەی پڕ بکرێتەوە. کاتێک کارێکی لەم شێوەیە ئەنجامدرا، خۆشەویستی و پەیوەندیەکەش بەردەوامی دەبێت.

با لە ڕێگەی نمونەیەکی ترەوە هەوڵی تێگەشتن لەم بابەتە بدەین، بۆ نمونە ئێمە ئاماژە بە پێویستی خۆشویستنی الله دەکەین، هەروەها لە ڕیگەی زۆرێک لە هۆکارەکانەوە گوزارشت لەم خۆشەویستیە دەکەین. بەڵام ئەوەی لێرەدا بنەمایە ئەوەیە، زاتی ئولوهیەت و ناوە جوانەکانی و سیفاتە بێ خەوشەکانی و دەرکەوتی درەوشانەوەکانی ئەمانە لە جیهانی بووندا بناسینەوە. هەربۆیە هەریەک لە زاتە گەورەکانی چەشنی بەدیعوزەمان، ئیمامی ڕەببانی و موحیدینی عەرەبی، لە گۆشەنیگای ئاسۆ و هەستیاری خۆیانەوە، هەوڵی ئەنجامدانی کارێکی لەو شێوەیەیان داوە. چونکە ئەو خۆشەویستی و پەیوەندیەی لەسەر ئاستی سەرەتایی هەیە، دەشێت بە کەڵکی قۆناغەکانی دواتر نەیەت کەوا تێیدا ئاسۆی مرۆڤ دەست بە فراوانبوون دەکات. هەربۆیە پێویستە ژێرخانی ئەم بابەتە پڕ بکرێتەوە. هەر لەم ڕوانگەیەشەوەیە، ئەو پەیوەندی و بایەخە سۆزدارانەی کەوا بوونی هەیە، پێویستە لە ڕوانگەی لۆجیک و داوەری ژیریەوە، بەهێزتر بکرێت. مرۆڤێکی لەم شێوەیە، بە باشی ئەوە دەزانێت کەوا کێی لەبەر چی خۆش دەوێت. دەتوانێت بڵێت” فڵانم لەبەر فڵان هۆکار خۆشدەوێت”.  لە ڕێگەی بیرکردنەوە لە هۆکارەکانی پێویستی خۆشویستن، خۆشەویستیەکەی تەواوتر دەکات و بەهێزتری دەکات و لە هەموو شوێنێک بە دەنگێکی زوڵاڵ گوزارشتی لێدەکات.

دەشێت سەبارەت بە سەرداریشمان بە هەمان شێوە بیر بکەینەوە. ئەو هاوەڵە لە پێشینانەی کەوا لە سەردەمی ئەودا ژیاون، لە ڕێگەی ئەو پەیامەی ئەو هێنابووی، بە هۆی ئەو واتایەی لەو پەیامەی ئەوەوە دەریانهێنابوو، ئەویان خۆشدەویست و تەمەنیان بۆ ڕێگاکەی ئەو تەرخانکرد و سنگیان بە ڕووی تەواوی نارەحەتیەکاندا ئاوەڵا کردبوو. ئەوان پێیان لەسەر زەمینێکی وەها پتەو جێگیر کردبوو، هەست و هزرەکانیان بە شێوەیەکی وەها ڕەگی بەو سەر زەمینەی لەسەری وەستابوون داکوتیبوو، تەنانەت لە بەرامبەر گەورەترینی ڕووداوەکانیشدا توشی بچوکترین لەرزین نەبوو. بەڵام ئەو کەسانەی کەوا لەسەر ئاستی سۆزدارانە وابەستەیی و پەیوەندییان لەگەڵ ئەودا هەبوو، یان ئەوانەی وەک پێویست درکیان بە پەیامەکەی ئەو نەبردبوو، لە کاتی ڕووداوەکانی هەڵگەڕانەوەدا، بەلادا کەوتن و تیاچوون.

هەربۆیە سەبارەت بە زاتە گەورەکان، ئەوەی لێرەدا گرنگە، پەیوەندی و وابەستەیی سۆزدارانە لەسەر زەمینێکی لەو شێوەیە دابمەزرێندرێت. مەگەرنا پەیوەندی سۆزدارانە کەوا بنەکەی بۆش بێت، دەشێت هەناسەدرێژ نەبێت. ئەگەر ئەو زاتە گەورانە لە ڕوانگەی فکر و بەرهەم و ئاسۆی باڵایانەوە بناسرێن، ئەو وابەستەییەی بەرامبەر ئەوان هەستی پێدەکرێت، وەک حاڵێکی بەردەوامی لیدێت. گەر ئەم پەیوەندیە لە خولگەی ئەقڵ و لۆجیکدا بەڕێوە ببرێت، خۆشەویستی کەسەکان کەم ناکەتەوە و، بە پێچەوانەوە زیاتریشی دەکات.

وەک لێرەشدا بەدیمان کرد، ئەو کەسانەی پێغەمبەران یان زاتە گەورەکانی دوای ئەوانیان خۆشویستووە، ناتوانین لەسەر هەمان ئاست هەڵسەنگاندن بۆ هەموویان بکەین. هەندێک لەمانە بابەتەکەیان لەسەر ئاستی ئەم و ئەو وەرگرتووە، بە گوێرەی تێبینی لایەنگرانە هەنگاوەکانیان هەڵناوە. لە ڕوانگەی لایەنی دەرونی کۆمەڵانی خەڵکەوە جوڵەیان کردووە و، ڕۆشتنیان لە دوای فڵان زاتەوە، بە تێبینی ئەوەی لەسەر هەمان ڕێگەی خەڵکی چواردەوریان دەڕۆن، لە بابەتەکە نزیک بوونەتەوە. بەڵام هەندێک لەو خەڵکەش هەبوون کەوا جوونەتە بنج و بناوانی ئەو شاکارانەی لە دوای ئەو زاتانەوە بەجێماون. ئەو فکرانەی لەلایەن ئەم زاتانەوە خراونەتە ڕوو، زۆر بە قوڵی لە ڕوانگەی لۆجیک و داوەری ژیرییەوە، چاویان پێدا خشاندۆتەوە. قسە و کردارەکانیان بە دڵ و ویژدانێکی گەورەوە وەرگرتووە و هەرسیان کردووە. تەواوی ئەمانەش، وەک پایەیەکی جیاوازیان لێهاتووە بۆ ئەو متمانە و وابەستەییەی بەرامبەر ئەوان هەیانبووە.

**

یەکێک لە فریوەکانی شەیتان

لایەنێکی تری بابەتەکە، بریتیە لەو خاڵەی کەوا پێش هەموو کەسێک پەیوەندی بە پێغەمبەران و، پاشان زاتە گەورەکانەوە هەیە. هیچ کام لەوان لەم بابەتانەدا چاوەڕوانیەکی دیاریکراویان نەبووە، بە هۆی ئەوەی وەک پێویستی حەقی خۆیان پێنەدراوە و نەناسراون، سکاڵایان لە کەس نەکردووە، بە هۆی ئەوەی نرخیان نەزانراوە، دڵیان لە کەس زویر نەبووە. لە جیاتی خۆ خەریک کردن بەم بابەتانەوە، بە ئەرک و ئامانجی خۆیانەوە خەریک بوون. ئەم ڕەفتارەی ئەوان، پێویستە بۆ ئێمە وەک نمونەی لێبێت. ئەو زاتە گەورانەی لە ڕێگەی شاکار و فکر و چالاکیەکانیانەوە لە سەردەمی خۆیاندا جێگە پەنجەیان دیاربووە و، لە سەردەمی دوای خۆیشیاندا کاریگەری قوڵیان بەجێهێشتووە، گەر بە شێوەیەکی شایستە خەڵک لێیان تێنەگەشتبێت و پێیان نەزانیبێتن، وێڕای ئەمەش وەک ئەوەی هەر هیچ نەبووبێت، بە هەمان عەزمی خۆیانەوە لەسەر ڕێگەی خۆیان بەردەوام بووبێتن، تێنەگەشتن و نەناسینی کەسانێکی هاکەزایی وەک ئێمە لەلایەن خەڵکەوە کارێکی زۆر مومکینە و، پێویستە ئەمە شتێک نەبێت کەوا بە دەستیەوە گیر بخۆین. نابێت خۆمان بخەینە ناو زویربوون و دڵتەنگیەوە و، بێ ئەوەی خێرایی خزمەتەکانمان کەم بکەینەوە، پیویستە بەردەوامی بە ڕێگەکەی خۆمان بدەین.

هەر هەنگاوێک کەوا لە ڕێگەی الله هەڵدەنرێت، نابێت بە سوک سەیری بکرێت. تەنانەت ئەو کارانەی لەسەر ئاستی دڵۆپەیەک ئەنجام دەدرێت، دەشێت بە تێپەڕینی کات کۆببنەوە و دەریایەک بهێننە کایەوە. ئەو کەسە خۆ تەرخانکەرانەی لە ڕۆژگاری ئەمڕۆماندا بە ناوی ناساندنی الله و پێغەمبەرەکەی بە هەر چواردەوری دونیادا بڵاوبوونەتەوە، هەوڵ و کۆششەکانیان شایەنی دەستخۆشییە. ئیدی هەرکەسێک کەوا ئەقڵی لەسەریدا بێت، بە ویژدان و ئینسافەوە لە بابەتەکە بڕوانێت، لە بەرامبەر ئەو کارانەی ئەنجامی دەدەن هەستی ستایشی خۆیان بەرامبەر کارەکانیان دەردەبڕن، تەنانەت هەندێک لەو مرۆڤانە هەستی خۆیان بۆ بەشداری لە گرتنی چمکێکی ئەو کارەی ئەوان گرتوویانە، دەردەبڕن. لەبەر ئەوەی خزمەتی ئیمان و قورئان وەک هەڵگرتنی گەنجینەیەکی قورس وەهایە، هەرکەسێک بۆ یارمەتی ئەم کارە ڕابکات، لە بەرامبەریدا ئەوەی لەسەرشانی ئێمەیە، بریتیە لەوەی بە سوپاس و پێزانینەوە وەڵامی بدەینەوە.

هەروەها بابەتی ئەوەی هەندێک لەو مرۆڤانەی کەوا گیرۆدەی نەخۆشیگەلێکی وەک کیبر، عینادی، حەسودی، دادوەری پێش وەختە بوون، وەک چۆن لە دژی هەندێک لەو کارە جوانانە وەستاون کەوا ئەنجامی دەدەن،  تەنانەت ڕێگریکردنیان لەو کارانەش، ڕاستیەکە کەوا حاشای لێناکرێت. تەنانەت هەندێک لە دەمە شومەکان، بە ئەنقەست هەوڵی ناشرینکردنی کارە جوانەکان دەدەن، بابەتەکان بۆ شوێنگەلێک ڕادەکێشن کەوا بە هیچ جۆرێک ڕێگەی تێناچێت. لە پاڵ تەواوی ئەمانەشدا، نەزانین یەکێکە لەو هۆکارانەی وەهای لە هەندێک کەس کردووە، کەوا دژایەتی کارە جوانەکان بکات. چونکە مرۆڤ دوژمنی ئەو شتەیە کەوا نایزانێت.

نادیدەگرتنی ئەم شتانەی کەوا لەبەرچاوی هەمووان ڕوودەدەن و خەم نەخواردن پێیان، لە دەستی کەسدا نیە. بەڵام لێرەدا پێویستە بەریانێک بۆ فریودانی شەیتان نەکەینەوە. لەوە دەچێت شەیتان هەندێک جار لەلای چەپەوە خۆی بخزێنێتە ناو ناخمان و، ئەوە بە گوێماندا بدات کەوا وەک پێویست نرخمان نەزانراوە، پاشان ئەو قەرەباڵغیەی لە بەردەمماندایە، بە شێوەیەکی جیاواز لەوەی هەن پشانمان دەدات. ئیدی بە هۆی هەستی دڵشکاوی ئەوەی کارەکانمان وەک پێویست لەلایەن مرۆڤەکانی خۆمانەوە ڕووی تێنەکراوە، دەشێت ڕوو لە هەڵسەنگاندنی جیاواز بکەین و بڵێین” ئەمانە لەبەرچی ئەو کەسە خۆ تەرخانکەرانە نادیدە دەگرن کەوا لەسەر ئاستی هەموو دونیا پڕۆژەیەکی گرنگ ئەنجام دەدەن؟”، ئیدی بەم هۆیەوە دوێنراوەکانی خۆی بە بێ وەفایی، بێ هەڵوێستی، بێ هەستی تۆمەتبار بکات و، لەمەشەوە زویربوون و دڵشکان دروست ببێت.

هەربۆیە  ئەم جۆرە تێبینیانە کەوا زۆر جار بێ ئەوەی لە دەستی خۆماندا بێت لە خەیاڵ و وێناکردنەکانمان و هزرماندا گیردەخۆن،  پێویستە دەستبەجێ ئەوە بزانین کەوا لە رێگەی ئیرادەمانەوە بیانخەینە ژێر فشار و، بتوانین بڵێین” لە شوێنێکدا کەوا قەدر و قیمەتی ئەبوحەنیفە، ئیمام ئەحمەدی کوڕی حەنبەل، ئیمامی غەزالی و ئیمامی ڕەببانی نەزانراوە، ئێمە کێین هەتا قەدر و قیمەتمان بزانرێت!”. پێویستە ڕوووەرگێڕان و دژایەتی مرۆڤەکان بۆ کەموکورتی و نوقسانیەکانی خۆمان، تەنانەت بۆ گوناحەکانی خۆمانیان بگێڕینەوە. تەنانەت ئەم ڕەفتار و هەڵسوکەوتانەی ئەوان  بە “شایستە” ی خۆمان بزانین، ڕووبەڕووی خۆمان ببینەوە، لێپێچینەوە لەگەڵ خۆماندا ئەنجام بدەین.

یاخود پێویستە ئەم قسەیە بکەین:” ئەگەر هەیە، شێوازێکی دروستمان بۆ گەیاندنی ئەو بەهایانەی باوەڕمان پێیەتی و ئەو ڕێگەیەی لەسەری دەڕۆین نەدۆزیبێتەوە، ئاستی ئێمە لە گەیاندنی ئەم بابەتانەدا نەبووبێت. پێویست بەوە دەکات لەسەر ئاستێکی بەرزتر، ئەوان بکەینە دوێنراوی خۆمان”. خۆ ئێمە پێغەمبەران نین هەتا ئەو بابەتانەی جەنابی حەق فەرمانی پێکردوون، بێ ئەوەی شلی بکەینەوە و نەیکەین بە شتێکی تر و ڕەنگی نەژاکێنین، هەر بە ڕەسەنێتیکەی خۆیانەوە پێشکەشی مرۆڤەکانی بکەین. تەنانەت دەشێت ئاشکراترین و دیارترین حەقیقەتەکان، کاتێک توشی بەدبەختی کەوتنە سەر دڵ و زمانی ئێمە دەبن، ڕەنگیان بژاکێت و پەژموردە ببن. بەم هۆیەوە، لە جیاتی ئەوەی بە دوای کەسێکدا بگەڕێین کەوا دۆڕان و شتە نەرێنیەکانی بەسەردا ساغ بکەینەوە، بە دوای ڕۆڵی خۆمان لە پەیدابوونی ئەو سەرئەنجامانەدا بگەڕێین.

بە کورتی پێویستە لە کاتی ڕووبەڕووبوونەوەی بێوەفاییدا هۆکارێکی ماقوڵ بدۆزینەوە، نەهێڵین بەم هۆیەوە دونیای ناوەوەمان چەپەڵ ببێت. ڕێگە بە شەیتان یاخود نەفسمان نەدەین ئەم بیرکردنەوە چەپەڵانە لە نێو ناخماندا بپرژێنن و، مۆڵەتی ئەوەیان نەدەین ئێمە لەم دۆڵە هەڵانەدا بسوڕێننەوە. پێوستە هەر زوو خۆمان لەم جۆرە بیرکردنەوانە دەرباز بکەین کەوا بە ئەقڵماندا دێن، ڕێگە نەدەین پێیان کەوا لە ڕۆحماندا جێگەی خۆیان بکەنەوە و، بەم هۆیەوە دڵشکاوی و زویری بەرامبەر مرۆڤەکانی چواردەورمان دروست ببێت. ئێمە ئەو خزمەتانەی ئەنجامی دەدەین، لە پێناو ئەوەدا نیە کەوا کەسانێک بیبینن و بیزانن و دەستخۆشی لێبکەن، تەنیا لەبەر ڕەزامەندی الله ئەنجامی دەدەین و پێویستە بەو شێوەیە بێت. دوای ئەوەی ئەو بەو کارەکانمانی زانی و لێمان ڕازی بوو، ئیدی کەسانی تر بیزانن یاخود نەیزانن، چی دەبێت!؟

ئەو ئەرکەی لەسەرشانی ئێمەیە، لەم دونیا کاتیەدا هەر بەرپرسیارێتی و ئەرکێک کەوا دەکەوێتە سەرشانمان، حەقی خۆی پێبدەین، چاوەڕێی پاداشتەکەی تەنیا لە الله بکەین. هیچ گرنگ نیە کەوا قەدرمان بزانرێت یاخود نا. ئێمە دوای ئەوەی کارەکانمان بە شێوەیەکی گونجاو لەگەڵ ڕۆحی قورئان و سونەتدا ئەنجامدا، تەنانەت گەر هەموو دونیا لە دژمان بوەستێتەوە، الله پاداشتی خۆیمان هەر پێدەبەخشێت. خۆ گەر ئەو خزمەتانەی ئەنجام دەدرێن، ببنە جێگەی ڕووتێکردنی مرۆڤەکان، لەم کاتەدا ئەمەش وەک لوتف و نیعمەتێکی گەورە کەوا لەلایەن الله وە پێمان بەخشراوە پەسەند دەکەین، ماچی دەکەین و دەیخەینە سەر سەرمان، حەمد و سەنای پەروەردگارمانی لە دوا دەکەین…

 

 

 

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *