نوێترین بەرهەمی م.فەتحوڵڵا گولەن: میوزیکی دەرد

 

شانزەهەمین بەرهەمی زنجیرە کتێبی گۆزەی شکاوی مامۆستا م.فەتحوڵڵا گولەن،  لە ژێر ناوی ” میوزیکی دەرد” بە خوێنەرانی ئاشنا بوو.

ئەم کتێبە لە کۆکراوەی وتارەکانی مامۆستا پێکهاتووە ، کەوا لە نێوان ساڵەکانی ٢٠١٢- ٢٠١٣ پێشکەشی کردووە و، لەلایەن ناوەندی بڵاوکردنەوەی سورەییا بڵاوکراوەتەوە. لەم کتێبدا ئاماژە بە چۆنیەتی ئەو هەڵوێستانە دەکات، کەوا مرۆڤەکان و بە تایبەت ئەو کەسانەی دڵیان بە خزمەتی مرۆڤایەتی داوە، کە دەبێت لە کات و قۆناغە جیاوازەکاندا بیگرنە بەر.

باس لەو هەڵوێستانە دەکات کە دەبێت بە ناوی پارێزگاری لە بەها سەرەکیە مرۆییەکان، لە هەموو حاڵەتێکدا بیگرێنە بەر.

 

مامۆستا لەم کتێبەدا باس لە چۆنیەتی ژیانێکی بێ زیکزاک دەکات، کەوا لە کاتی گۆڕانی هەلومەرجەکان و تەنانەت ئەو کاتانەی هەموو شتێک دەبێتە دێوزمە، پێویستە بگیرێتە بەر. هەتا وەک مرۆڤێکی هاوسەنگ بەرەو داهاتوو هەنگاو هەڵبگرن و بۆ فەراهەمکردنی ئەمەش، گوزارشت لە بنەما سەرەکییە گرنگەکان دەکات.

 

لەم ڕوانگەیەشەوە ئەم شاکارە، بە نیسبەت ئەو کەسانەی دەیانەوێت لە کەشوهەوای تەمومژاویدا ڕێگا ون نەکەن، وەک ڕێنیشاندەر و نەخشە ڕێگا و چرایەکی دەستیانە…

ئەم کتێبەی مامۆستا سەرەڕای ئەوەی لە وتارەکانی ساڵانی ڕابردووی پێکهاتووە، بەڵام ئەو بابەتانەی تێیدا باسکراوە چەشنی باسی ڕۆژگارەکانی ئێستامانە.

ئەم کتێبە بە بەراورد لەگەڵ کتیبەکانی تری، زیاتر لەسەر ” دڵخوازانی خزمەت” دەوەستێت، لە بەرامبەر ئەو فیتنانەی لەم ماوەیەی پێشوودا توشیان بووە، جەخت لەسەر چەند خاڵێکی گرنگ دەکاتەوە کەوا پێویستە لەو جۆرە کاتانەدا بیگرنە بەر.

مامۆستا لە ڕێگای ئسلوبە تێروتەسەل و قەناعەت پێکەرەکەی خۆیەوە،  هێشووی مەعریفەت پێشکەشی ئامادەبووانی حزوری دەکات.

 

هەندێک جار سەبارەت بە چۆنیەتی ئەو پەیوەندیەی دەبێت لەگەڵ الله  ببەسترێت و چیەتی ئەو بەندایەتیەی دەبێت لەبەردەمی ئەودا بخرێتە ڕوو دەوەستێت، پاشان ئامادەبووانی حزوری ئاڕاستەی لەخۆپرسینەوەیەکی قوڵ دەکات.

هەندێک جاریش سەبارەت بە ڕێبوارانی ڕێگەی پێغەمبەر و ئەو خزمەتەی لە ڕێگەی الله دا پێشکەش دەکرێت دەوەستێت و، لەم بابەتەشدا کۆڵەکە سەرەکیەکان و پرەنسیپە بنچینەییەکانیان بیردەهێنێتەوە. هەندێک جاریش ئاماژە بەو قڵیش و شکانانە دەکات کەوا لە بونیادی کۆمەڵگادا دروست بووە، ڕێگاکانی نۆژەنکردنەوە و چاکسازییان پشان دەدات.

 

هەندێک جاریش چۆنیەتی خوێندنەوەی ڕووداوە بێ ئامان و بێ ئیمانەکانی ناو ژیانی کۆمەڵگا بە چاویلکەی ئیمان پشان دەدات و، لەم بابەتەدا وانەیەکمان پێشکەش دەکات. پاشان باس لەو ناحەقی و زوڵمانە دەکات کەوا لە پلانی قەدەردا لە بەرامبەر چی دەدانرێن و ڕوونکردنەوەیەکیش لەو بابەتەدا دەخاتە ڕوو.

 

هەندێک جاریش ئەرکان و ئادابی چۆنیەتی خزمەت کردن لە کاتی ناڕەحەتیدا پێشکەشی دڵخوازانی خزمەت دەکات، کەوا بە شێوەیەکی ناحەق توشی چەندین ئەزیەت، فشار، پلیشاندنەوە بوون و، لەم بابەتدا قامچی لە هیواکانیان دەدات. هەربۆیە  لە کتێبی ” میوزیکی دەرد” دەتوانن خوێنەری تەواوی ئەم بابەتانە بن.

لە شوێنە جیاوازەکانی ئەم کتێبەدا، سەبارەت بە چۆنیەتی نزیک بوونەوە لەو بەڵا و موسیبەتانەی ڕوودەدەن، خوێندنەوەی ئەم بابەتانە و چۆنیەتی پشاندانی هەڵوێست، ڕوون کردنەوەی گرنگ دەدات.

 

ئەم قسانەی مامۆستا وەک هەڵهێنجراوی زۆرێک لە ئایەت و حەدیسەکان هەڵسەنگاندنی بۆ دەکرێت کە دەڵێت:

” دەشێت لە کۆمەڵگادا تەقینەوەی جیاواز جیاواز ڕووبدات. هەندێک لە زاڵمان و زۆرداران، ئەو کاتەی هێزی لەناوبردنی کەسانی تر پەیدا دەکەن، سواری سەری هەندێک لەو کەسانە ببن کەوا وەک نەیاری خۆیانیان دەیانبینن و دەیانپلیشێننەوە. هەندێک جاریش دەشێت کۆمەڵگا ئاڕاستەی گێرمەوکێشە بکەن و ببنە هۆکاری ئەوەی ڕووداوی تر بهێننە کایەوە. بەڵام لە بەرامبەر تەواوی ئەمانەدا، ئەوەی لەسەر شانی کەسی موسوڵمانە، لە جیاتی ئەوەی تانە و تەشەر لەم و لەو بدات، پێش هەموو شتێک بە خۆیەوە خەریک ببێت، بە ڕێککردنەوەی خۆیانەوە مەشغوڵ ببن. ئەوان لە جیاتی ئەوەی گازندە لە کاری زاڵمەکانی سەر سەریان بکەن، پێویست بیر لەمە بکەنەوە و بڵێن” تۆ بڵێیت خودا لەبەرچی ئێمەی توشی دەستی ئەم زاڵمانە کردبێت”. چونکە ئەوان هەتا ئەو کاتەی بە تەواوی خۆیان ڕێک و دروست دەکەن، خۆ خەریک کردنیان بە کەسانی ترەوە کارێکی بێ سوودە”.(لاپەڕە ٩٦)

مامۆستا لە ڕێگەی چەند قسەیەکی ترەوە، ئاماژە بەو لڤین و خۆراپسکانانەی ناو جیهانی ئیسلام دەکات کەوا هیچ بەرهەمێکیان لێ سەوز نەبووە و، بۆ سەر لەنوێ هەستانەوەی موسوڵمانانیش، ستراتیژیەکی زۆر گرنگ دەخاتە بەردەمیان:

” لە بابەتی چاکسازی و سەرلەنوێ زیندووکردنەوەی کۆمەڵگا، هەر بزاڤێک کەوا لە ڕەگەوە نەهاتبێت و وابەستەی ڕەگی ئەو کۆمەڵگایە نەبێت، وەک بزاڤێکی بەردەوام و هیوابەخش بۆ داهاتوو، نابێت. زۆرن ئەو بزاڤانەی بە خۆدەرخستنی زۆر سەرنجڕاکێشانە دەستیان پێکردووە، بەڵام سێ هەنگاویان نەبڕیوە و لە شوێنێکدا گیریان خواردووە، پاشان پشتیان شکاوە، وەک خولیایەکی خەمگین، خەونێکی تێکشکاو بەلادا هاتوون و تیاچوون.

بەڵێ، دەشێت لە بابەتی چاکسازی کۆمەڵگا و خۆشکردنی زەمینەیەکی گونجاو بۆ ئەو ڕێگایەی لەسەری دەڕۆن و لابردنی هەندێک لە کۆسپەکان، هەتا ڕادەیەکی دیاریکراو دەستپێشخەری و پاڵپشتی هەندێک لە سیاسی و کاربەدەستان، بوونی هەبێت. دەشێت ئەوان لە ڕێگەی ئەم پاڵپشتییەیانەوە، ببنە هۆکاری ئەوەی کاری جوامێرانی چاکسازی خێراتر بکەن، لەم ڕوانگەیەشەوە شایەنی دەستخۆشی دەبن.

بەڵام ئەو کارەی پێویستە بە ناوی چاکسازییەوە ئەنجام بدرێت ، ئەوەیە بابەتەکان لە ڕەگەوە بە هەند وەربگیرێن و بەسەر ئاستی تەواوی چین و توێژەکاندا بڵاو بکرێتەوە. لەم ڕوانگەیەشەوە پێویستە “بسم الله” ی لێبکەین، لە “ئەلف و بائەوە” دەست پێبکەینەوە، ئەوە بزانین کەوا چاکسازی کۆمەڵگا لە چاکسازی تاکەکانیەوە تێدەپەڕێت.  پێویستە هەرگیز ئەوەش لە یاد نەکەین کە هەتا چاکسازی لە تەواوی یەکەکانی کۆمەڵگا نەکرێت، چاکسازی لە کۆمەڵگاشدا ناکرێت”.

 

خوێنەرانی کتێبی ” میوزیکی دەرد” دەتوانن لە دوای ڕێکەوتی ١٠ ی شوباتی ئەمساڵەوە، لە ڕێگەی ئەپلیکەیشنەکانی ئەپڵ ستۆر و ناوەندەکانی گووگڵ، بە شێوەیەکی ئەلەکترۆنی بە دیداری کتێبەکە شاد ببن.

 

 

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *