هیجرەت

پرسیار: بابەتی ئەوەی سەردارمان بۆ وەفاتی سەعدی کوڕی خەولە دڵتەنگ دەبێت و، ئەو نزایەی کەوا دەفەرموێت: اللَّهُمَّ أَمْضِ لِأَصْحَابِي هِجْرَتَهُمْ، وَلاَ تَرُدَّهُمْ عَلَى أَعْقَابِهِمْ واتە پەروەردگارم هیجرەتی هاوەڵەکانم تەواو بکە و پاشگەزیان مەکەوە لەو کارەی ئەنجامیان داوە، چی پەیامێکی پێیە بۆ ئەو ڕۆحە خۆبەخشانەی لەمڕۆدا بوونیان هەیە؟

وەڵام: یادکردنەوەی ڕەهای شتێک وەک ئەوەی وابەستەی کامڵترین شتی ئەو بابەتەیە، هەرکاتێکیش باسی هیجرەت دەکرێت، یەکەم شت کەوا بە یادی مرۆڤدا دێت، بریتیە لەو هیجرەتەی لەلایەن سەردارمان و هاوەڵانیەوە لە مەککەوە بۆ مەدینە ئەنجامدراوە. دەشێت لە دوای سەردەمی سەرداریشمان هیجرەتی ناڕەحەتتر، سەختتر، سەرنجڕاکێشتر ئەنجام درابێت. بەڵام هیچ کام لەم هیجرەتانە، لە ڕوانگەی فەزیڵەت و کامڵێتیەوە ناگاتە بەو هیجرەتەی لەلایەن سەردارمانەوە ئەنجامدراوە. هەربۆیە هەریەک لەم هیجرەتانەی کەوا دواتر ئەنجامدراوە، لە ڕوانگەی هیجرەتی سەردارمانەوە وەک سێبەرێکی ئەوەی ئەو، ئەژمار دەکرێن. چونکە نرخ و بەهای هیجرەت، هەم پەیوەندیەکی ڕاستەوانەی لەگەڵ قەد و باڵای ئەنجامدەری هیجرەتەکەدا هەیە، هەم پەیوەندیەکی ڕاستەوانەی لەگەڵ ئەو ئەرکانەدا هەیە کەوا لە هەواری هیجرەتەکە بەجێدەگەیەنرێت.

ئاشکرایە کەوا لە سەردەمی بەختەوەریدا، پێشەوای قارەمانەکانی هیجرەت، حەزرەتی موهاجیری ئەعزەم (سەڵات و سەلامی خودای لەسەر بێت) بوونی هەبوو. بە هۆی هیجرەتەکەی ئەوانەوە، مەدینەی ڕۆشن وەک ناوەندی مەدەنیەتێکی نوێی دونیای لێهات. لە ماوەیەکی زۆر کەمدا لە مەدینەدا یەکێتیەکی سیاسی فەراهەم کرد،  دواتر لە چوارچێوەی پیودانگ و بەهاکانی خۆیدا حسابیان لەگەڵ دونیای سەردەمی خۆیاندا کرد. کاتێک دەشڵێین “حسابکردن”، نابێت لە چوارچێوەی حسابکردنەکانی ئەمڕۆدا لێکدانەوەی بۆ بکەین، کەوا خۆی لە توندوتیژی، کینە و دوژمنایەتیدا دەبینێتەوە. بە پێچەوانەوە، ئەم حسابکردنەی لە چوارچێوەی ڕێسا و یاساکانی وابەستە بە مرۆڤایەتی ئەنجامدا. ئیدی مەدینەی ڕۆشن وەک چەقی ئەو ناوەندەی لێهات، کەوا ئیسلام بە هەر چوار دەوری دونیادا بڵاو دەبوویەوە. ئیدی ئەو جوڵانەی کەوا لەسەر ئاستی بازنەی بچوک ڕوویان دەدا، بە هەر چواردەوری دونیادا بڵاو بوویەوە.

ئەو بابەتەی کەوا لە پرسیارەکەدا ئاماژەی پێکراوە، لە کاتی حەجی ماڵئاواییدا ڕوویدا. سەردارمان سەردانی سەعدی کوڕی ئەبی وەقاسی کرد کەوا توشی نەخۆشیەکی زۆر سەخت بوو بوو. حەزرەتی سەعد لەبەر ئەوەی وەها بیر دەکاتەوە کەوا لە مەککەدا دەمرێت، زۆر خەفەتبار دەبێت. چونکە ئەو مەککەی لەبەر خاتری الله جێهێشت بوو، هیجرەتی بەرەو مەدینە کردبوو. پرسیارێکی لەم شێوەیە لە سەردارمان دەکات: ئایا من لە دۆستەکانم دادەبڕێم و لە دوایانەوە دەمێنمەوە؟ سەردارمان لە وەڵامدا ئەوەی پێدەڵێت، کەوا گەر لە مەککەش بمێنێتەوە و نەتوانێت دیسان بگەڕێتەوە بۆ مەدینە، گەر لەسەر کاری چاکە بەردەوام بێت، لەلای خودا دەرەجە و پێگەی هەر بەرز دەبێتەوە. دوای ئەوەش مژدەی ئەوەی پێدەدات کەوا ماوەیەکی دوور و درێژ لە ژیاندا دەمێنێتەوە، زۆر کاری بەسوود ئەنجام دەدات. سەردارمان لە دوای ئەوە نزا دەکات و دەفەرموێت” پەروەردگارا هیجرەتی هاوەڵەکانم تەواو بکە و، پاشگەزیان مەکەوە لەو کارەی کەوا هەتا ئێرەیان هێناوە”. لەو کاتە سەعد ناوێکی تریش بە هەمان شێوە نەخۆش دەبێت، وەک ئەوەی لەلایەن الله وە خرابێتە دڵیەوە، ئاماژە بەوە دەکات کەوا لە مەککەدا وەفات دەکات و، بەو هۆیەوە گوزارشت لە خەمبار بوونی خۆی دەکات. هەر بەو شێوەیەش بوو، سەعدی کوڕی خەولە نەیتوانی بگەڕێتەوە مەدینە و هەر لەوێدا کۆچی دوایی کرد. سەعدی کوڕی ئەبی وەقاسیش وەک ئەوەی سەردارمان مژدەی پێدابوو، لە نەخۆشیەکەی چاک بوویەوە و، ساڵانێکی دوور و درێژ ژیا، زۆر فەتحی گرنگ لەسەر دەستی ڕوویدا و، لە ساڵی ٥٥ کۆچیدا وەفاتی کرد.

هاوەڵە بەڕێزەکان کەوا کۆچیان بەرەو مەدینە کردبوو، لەوە دەترسان لە مەککەدا بمرن و هیجرەتەکەیان بە پایان نەگات، لەبەر ئەوەی ئەوان بە عەزم و کۆششی ئەوەی جارێکی تر نەگەڕێنەوە بۆ وڵاتی خۆیان، هیجرەتەکەیان ئەنجامدابوو. تەنانەت لەسەرو ئەمەشەوە، زۆرێک لەو هاوەڵانەی کەوا کۆچیان کرد، تەنانەت لە مەدینەشدا نەمانەوە و، ئەوە دەزانین کەوا هیجرەتیان بۆ زۆر شوێنی جیاوازتر ئەنجامداوە. ئەوان یەکەم شوێنی پیرۆزی هیجرەتیان لە پێناو بڵاوکردنەوەی ئیسلام و، خەبات لە پێناو ڕێگەی الله جێهێشت و، کۆچیان بەرەو چەندین شوێنی تر کرد و هەر لەوێ بەرەو ئاسۆی ڕۆحی خۆیان گەڕانەوە.

**

پاداشتی هیجرەت

لە ڕوانگەی ڕۆشتن لەسەر حەدیسەکەی سەرەوە دەتوانین ئەمانە بڵێین:

زۆر گرنگە هیجرەت لە پێناو بەرزکردنەوەی ناوی الله و، شاباڵ گرتن بە ناوی جەلیلی نەبەوی ئەنجام بدرێت. لە سەردەمی خاوەن کۆتا پەیامدا، هیجرەت کردن لەسەر موسوڵمانان فەرز بوو. هیجرەت هەروەک داخوازیەکی ئیمان سەیر دەکرا. ئەگەرچی لە سەردەمەکانی دواتر هیجرەت کردن لەوە دەرچوو کەوا فەرزی عەین[1] بێت، بەڵام دەشێت بتوانین ئەوە بڵێین کەوا وەک فەرزی کیفایە[2]، پارێزگاری لە فەرزبوونی خۆی کردووە. لە ڕاستیدا، لە هەموو سەردەمێکدا، لایەنی کەم پێویست بە کۆمەڵێک کەسی وەها هەیە، کەوا بە مەبەستی ڕاگەیاندن و نوێنەرایەتی دینی ڕەوانی ئیسلام بە هەر چوار دەوری دونیادا بڵاوببنەوە و، لەم پێناوەدا هیجرەت بکەن و ماڵ و نیشتیمانی خۆیان لە دواوە بەجێبهێڵن. خۆ گەر موسوڵمانان هەتا ئەمڕۆ بە تێروتەسەلی هیجرەتیان بۆ هەر چواردەوری دونیا ڕێکبخستایە، دەبوونە هۆکاری ئەوەی زۆرێک لە مرۆڤەکانی تریش دونیای کەلتوری ئێمەیان بناسیایە.

بەم هۆیەوە، بە تایبەت ئەوانەی ڕێبواری ڕێگەکەی پێغەمبەرن، پێویستە هەموو کاتێک بە ڕووی ئەنجامدانی هیجرەتدا کراوە بن. ئێمە ناتوانین گومانی خراپ بە کەس ببەین. ناتوانین لە شوێنی خۆمانەوە دابنیشین و بڵێین” فڵان کەس بۆ لە شوێنی خۆی ماوەتەوە و هەڵناستیت بەوەی هیجرەت بکات”. بەڵام شێوازی تێڕوانینی قورئان و سونەت بۆ ئەم بابەتە زۆر ڕوونە. لە ڕوانگەی ئێمەوە هەموو شوێنەکانی ئەم دونیایە، کێڵگەیەکی بە پیتن بۆ ئەوەی کشتیاری تۆوەکانی خۆمانیان تێدا بکەین. هەربۆیە پێوستە لە هەموو هەڵسان و دانیشتنێکمانددا، بە دوای زەمینەیەکی گونجاودا بگەڕێین، هەتا تۆوەکانی ناو لەپمانی تێدا بوەشێنین. بەردەوام هیمەتی خۆمان بەرز ڕابگرین بە بیرکردنەوەیەکی وەک ئەوەوە هەڵبستین و دابنیشین کە بڵێین” تۆ بڵێی شوێنێکی تر مابێت کەوا تۆوی خۆمانمان تێدا نەچاندبێت؟”. لەبەر ئەوەی سەردارمان مژدەیەکی وەهای هەیە کە دەفەرموێت: ناوی من بە هەر شوێنێک دەگات کەوا خۆری لێهەڵدێت و لێی ئاوا دەبێت”.(احمد بن حنبل، مسند). هەربۆیە لە پێناو بەدیهێنانی ئەم مژدەیە، پێویستە ڕوو لە بەستەڵەکی جەمسەرەکانی گۆی زەویش بکەین و تۆوی خۆمان لەوێش بچێنین. خۆ گەر لەوێ مرۆڤیشی لێنەبێت، دەشێت بەتریق و سەگەماسیەکان لە تۆوە چێندراوەکانی دەستی ئێمە سوود ببینن. ئەو تۆوانەی کەوا ئێمە دەیچێنین، دەشێت لە سەردەمی ئێمەدا وەرنەچەرخێن بەرەو گوڵەگەنم و نێونەمامەکان، دەشێت سەرئەنجامی ئەو کارە نەبینین کەوا ئەنجاممان داوە. ئەمە لە ڕاستیدا شتێکی گرنگ نیە.

لە ئایەتێکی کەریمەدا هاتووە:

إِنَّ الَّذِينَ آمَنُوا وَالَّذِينَ هَاجَرُوا وَجَاهَدُوا فِي سَبِيلِ اللهِ أُولَئِكَ يَرْجُونَ رَحْمَةَ اللهِ وَاللَّهُ غَفُورٌ رَحِيمٌ… ئەوانەی ئیمانیان هێناوە و لە پێناو ڕێگەی الله هیجرەت و تێکۆشانیان ئەنجامداوە، دەشێت هیوایان بە ڕەحمەتی الله هەبێت. بە ڕاستی الله زۆر لێبوردە و خاوەن بەزەیی و ئیحسانە…

 لێرەدا هیجرەت کردن و جیهاد کردن لە پێناو ڕێگەی الله، دەشێت وەها لێکدانەوەی بۆ بکرێت، کە بریتی بێت لەوەی بەربەستی نێوان الله و دڵی مرۆڤەکان هەڵبگیرێت، هەتا ناسینی الله لەلایەن دڵی مرۆڤەکانەوە فەراهەم ببێت. ئیدی لە ناوخۆی وڵات بێت یاخود لە دەرەوەی وڵات، هەر هیجرەتێک کەوا لە پێناو ڕێگەی الله ئەنجام بدرێت، لەلای الله بەهایەکی گەورەی هەیە.

هیجرەت هانی مرۆڤ دەدات بۆ ئەوەی خزمەت بکات. لایەنێکی تێدایە کە مرۆڤ دەبەستێتەوە. موهاجیر هەمیشە بە خۆی دەڵێت” من بە بەلاش بۆ ئێرە نەهاتووم، من ئامانجێکی خەیاڵییم هەیە، من لە پێناو ئەو ئامانجەدا بۆ ئێرە هاتووم”، بەم هۆیەوە لەو خزمەتانەدا قاڵ دەبێتەوە کەوا پێویستە ئەنجامیان بدات. ئەگەر وەک مامۆستا هاتبێت، پیشەکەی خۆی بە جوانترین شێوەیە ئەنجام دەدات. ئەگەر وەک پیاوی کار هاتبێت، ئەو خزمەتانەی لێی چاوەڕوان دەکرێت، جێبەجێی دەکات. بە کورتی تێبینی ئەنجامدانی خزمەت، تەواوی ژیانی ئەو کۆنتڕۆڵ دەکات. ئیدی وەک موهاجیر هەرچیەک لەسەر شانی بێت، هانی دەدات بۆ ئەوەی ئەو کارە بکات.

بابەتی ئەوەی مرۆڤێک ماڵ و نیشتیمان، دایک و باوکی بەجێبهێڵێت و، یادەوەری و غەریبی نیشتیمانەکەی بخاتە ژێر فشارەوە، کارێکی هەروا ئاسان نیە. بەڵام پێویستە ئەوەش لەیاد نەکەین، هەرکارێک کەوا بە نیسبەت نەفسی مرۆڤەوە زۆر سەخت بێت، گەورەیی پاداشتەکەشی بە گوێرەی ئەوە دەبێت. بۆ نمونە ئەنجامدانی گەشت بۆ وڵاتە جیاوازەکان بە مەبەستی گەشتیاری، شتێکە کەوا بە لای نەفسی مرۆڤەوە خۆشە. بەڵام ئەنجامدانی هیجرەت بە نیەتی ئەوەی ناوی الله بەرز بکەیتەوە و لە هەمان کاتدا نیەتی گەڕانەوەت نەبێت، کارێکی زۆر سەختە. بابەتی ئەوەی مرۆڤ سەرەڕای خۆشەویستی و وابەستەییەکانی ناو ناخی، هەروەها بێ ئەوەی گیر بە دەستی بیرکردنی خێزانەکەیەوە بخوات، جێهێشتنی نیشتیمان و ئەو شوێنانەی کەوا لەسەریان ڕاهاتووە، فیداکاریەکی گەورەی دەوێت. هەربۆیە گەر کەسێک لە ناخیەوە حەزی لە کارێکی لەم شێوەیەش نەبێت و، فیداکاریەکی لەو شێوەیە ئەنجام بدات، ئەو پاداشتەی لە ئاخیرەتدا بە نسیبی دەبێت، زۆر جیاواز دەبێت.

**

ئایا دەشێت ئەو هەوارەی هیجرەتت بۆی کردووە بەجێی بهێڵیت؟

ئەوەی لە هیجرەتدا بنەمایە، بریتیە لەوەی بە نیەتی نەگەڕانەوە ئەنجامی بدەیت. واتە وەک تێڕوانینی ئەو فەرمانبەرانەی تورکیا ئەنجامی بدەیت، کە دامەزرادنیان بۆ ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی تورکیا دەردەچێت بە “خزمەتی ڕۆژهەڵات” ناوی دەبەن، ئەو شوێنەی هیجرەتی بۆ دەکەیت وەک “ناوچەی مەحرومیەت” سەیری بکەیت، بیرکردنەوە لەوەی ساتێک زووتر لەو شوێنە بگەڕێتەوە و ڕۆژەکانی بژمێریت، واتا و ڕۆحی هیجرەت دەژاکێنێت.

ئەوانەی بەردەوام بە خەیاڵی ئەوەوە دەژین بۆ نیشتیمان و لانەکانی جارانیان بگەڕێنەوە، یان خەیاڵی ڕۆشتن بۆ شوێنی خۆشتر دەکەن، لەو شوێنانەی کەوا بوونیان هەیە، ناتوانن وەک پێویستی خۆیان ڕابهێنن، ناتوانن وەک پێویست حەقی خۆی بە ئەرکەکانی سەرشانیان بدەن. لەڕاستیدا مرۆڤێک کەوا بەم هەست و هزرەوە هیجرەت ئەنجام بدات، ناتوانێت ئەو شوێنەی هیجرەتی بۆ دەکات خۆشی بوێت، پێی قبوڵ ناکرێت و هەر بەو هۆیەوە ناتوانێت سوودبەخش بێت.

جگە لەوە، ئەوانەی تێبینیەکی لەو شێوەیەیان هەیە کە دەڵێن” با ساتێک زووتر ئەم پەڕەیەی ژیانمان دابخەین و ڕوو لەو شوێنانە بکەین کەوا پێویستە بۆی بڕۆین”، نیەتی خۆیان لەکەدار دەکەن. هەربۆیە ئەو مرۆڤەی هیجرەت ئەنجام دەدات، پێویستە هەر لە سەرەتاوە ئەم جۆرە بیرکردنەوانە لە هزری خۆی هەڵبکەنێت و توڕی بدات، بابەتەکە بە کات و ساڵانەوە نەبەستێتەوە.

هیجرەت دەبێت بەم شێوەیە بێت، بەڵام هەموو کاتێک بە گوێرەی ئەو بارودۆخەی هەیە و ئەو سەر زەمینە نوێیانەی کەوا دەشێت خزمەتی تێدا ئەنجام بدرێت، دەگونجێت هەڵسەنگاندێکی تری بۆ بکرێت. ئیدی مانەوەی کەسەکە لەو شوێنە یان ڕۆشتنی بۆ شوێنێکی تر، دەبێت بە گوێرەی ئەمە بێت. هەربۆیە ئەو هاوەڵانەی کەوا هیجرەتیان بۆ مەدینە کرد، بە گوێرەی ئەو پێداویستیانەی دەهاتە پێشیان، هیجرەتیان بۆ شوێنە جیاوازەکان دەکرد. ئەوانە بە مەبەستی ئەنجامدانی ئامانجێکی گەورەتر، هیجرەتیان بۆ شوێنەکانی تر کردووە، هەربۆیە هەندێکیان ڕوویان لە شام کردووە، هەندێک لە بەغداد و، هەندێکیشیان ڕوویان لە شوێنەکانی تر کردووە. هەرکاتێکیش ئەو ئەرکەی لەو شوێنە لەسەرشانیان بووە و ئەنجامیان داوە، ئەمجارەیان هەستاون و ڕوویان لە شوێنێکی تر کردووە، بەردەوام چارۆکەیان بە ڕووی هیجرەتی جیاوازدا هەڵداوە.

کەسانێک کەوا ڕوو لە شوێنێکی جیاواز دەکەن و لەوێ ئەزمونێکی دیاریکراویان دەست دەکەوێت، دەشێت پێویستە بەوە بکات ئەم ئەزمونەیان بۆ شوێنەکانی تر بگوازنەوە. هەربۆیە کەسی موهاجیر، پێویستە لەلایەک بە نیەتی مانەوە ڕوو لەو شوێنە بکات کەوا دەبێت بۆی بڕوات، لەلایەکی ترەوە پێویستە خۆی بۆ هیجرەتی نوێتریش ئامادە بکات. گەر مەبەست بەدەستهێنانی ڕەزامەندی ئیلاهی و کارکردن بە شێوەیەکی سوودبەخشتر بێت، ڕۆشتنی کەسێک لەو شوێنەی کەوا هیجرەتی بۆ کردووە بۆ شوێنێکی تر، کێشەیەکی تێدا نیە. هەروەها دەشێت کەسێک پێی بڵێت” تۆ ماوەیەکی زۆرە لێرە ماویتەوە و خزمەتگەلێکی زۆر جوانت ئەنجامداوە، بەڵام گەر بۆ وڵاتەکەی خۆت بگەڕێیتەوە، خزمەتی گەورەتر ئەنجام دەدەیت و، کاریگەریەکی باشتری دەبێت”. گەر مرۆڤ ڕاوێژ بەو کەسانە بکات کەوا متمانەی پێیانە و ئەوانیش بەم شێوەیە ئاڕاستەی بکەن، ئەنجامدانی کارێکی لەو شێوەیەش بەو واتایە نایەت کەوا هیجرەتەکەی بە نیوەناچڵی ماوەتەوە. بە پشتیوانی الله، تەواوی پاداشتی ئەو هیجرەتەی بە نسیب دەبێت کەوا ئەنجامی داوە. ئەگەر هەیە بە هەمان شێوە سەرداریشمان لە دوای فەتحی مەککە، هەندێک لە هاوەڵانی لەوێ جێهێشتبێت. گەر کەسانێک لەوێ بوونیان نەبووایە هەتا ئیدارە و ئاڕاستەی ئەو کەسانە بکەن کەوا تازەیی موسوڵمان بوون، ئەوا ئاسایش و سەقامگیری لەوێ فەراهەم نەدەبوو.

هەربۆیە ئەوەی لەم بابەتەدا بنەمایە، بریتیە لە نیەت. وەک یەکەم حەدیسی پێغەمبەر کەوا ئیمامی بوخاری لە کتێبەکەیدا ئاماژەی پێداوە، کردارەکان بە گوێرەی نیەتی مرۆڤەکانن. لەم ڕوانگەیەوە، زۆر گرنگە لە کاتی ئەنجامدانی هیجرەتدا بە نیەتی خۆشنودی الله بڕۆیت و، دواتر لە ڕێگەی بەرزکردنەوەی ناوی الله، خەبات و نوێنەرایەتی  کردنی دینەکەیەوە، تاج لەسەری ئەم کارەت بنێیت. هەندێک جار مرۆڤ گەر بە نیەتی مانەوە و خزمەتکردن بە مرۆڤەکانی ڕوو لە شوێنێکیش بکات، دەشێت پێویست بەوە بکات بە هۆی ئەو هەلومەرجە نوێیەی سەرهەڵدەدات، هەنگاو هەڵبگرێت. ئیدی خۆیی و هاوڕێکانی دەشێت وەها بیر بکەنەوە کەوا لە شوێنێکی تر دەتوانێت بە شێوەیەکی سوودبەخشتر خزمەت بکات. لەو کاتەشدا کتومت وەک هاوەڵانی سەردارمان، لە کوێ ئیمکانی ئەوەی هەبێت کەوا جوانتر خزمەت بکات و، ئەو بەهایانەی خاوەنیانە بە دڵە ئاتاجەکان بگەیەنێت، ڕوو لەو شوێنە دەکات و هیجرەتەکەی دوو قات دەکات.

بەڵێ، نیەت زۆر گرنگە. هەندێک جار دەشێت بێ ئەوەی هیجرەتیش ئەنجام بدەیت، پاداشتی هیجرەتت دەست بکەوێت. بۆ نمونە کەسێک، دەشێت لە دڵەوە، بە مەبەستی هەڵسەنگاندنی ئەو ئەزمون و دەسکەوتەی پەیدایکردووە، حەز بە هیجرەتکردن بکات. بەڵام ئەو مرۆڤانەی کەوا کاریان لەگەڵدا دەکات، لەبەر ئەوەی وەها بیر دەکەنەوە کەوا کەسێکیان دەستناکەوێت بۆشاییەکی دوای ئەو پڕ بکاتەوە، پێیان وەهایە کەوا مانەوەی پێویستترە و، بەم هۆیەوە لە بابەتی مانەوەیدا قەناعەتی پێدەکەن. لە حاڵێکی لەم شێوەیەدا، ئەم کەسە بە پشتیوانی خودا پاداشتی هیجرەتەکەی دەست دەکەوێت. لە ڕاستیشدا وەک چۆن گرنگە لە کاتی سەرهەڵدانی پێداویستیەکدا هیجرەت بکەیت، مانەوەش لە حاڵی پێویستیدا زۆر گرنگە. کەسەکە گەر بە نیەتی خۆی کراوە بێت بە ڕووی ئەنجامدانی هیجرەت و، هەتا ئەو کاتەی لە دڵەوە ئارەزویی دەکات – بە پشتیوانی خودا- وەک ئەوەی هیجرەتی ئەنجامدابێت پاداشتی دەست دەکەوێت.

لەلایەکی ترەوە مانەوەی مرۆڤەکان لە شوێنێکی دیاریکراودا بۆ ماوەیەکی دوور و درێژ، دەشێت ببێتە هۆی ئەوەی بێ ڕەنگ ببن و بژاکێن و ئاستی پێویستی(قوام) خۆیان لە دەست بدەن. دەشێت بکەونە حاڵێکەوە، لەو شوێنەی کەوا بوونیان هەیە، چیدی نەتوانن گوزارشت لەو واتایە بکەن کە دەبێت گوزارشتی لێبکەن. سەرباری تەواوی ئەمانەش، دەشێت بە هۆی ئەو کەموکورتیەی لە ئاستی پێگەشتنیاندا هەیانە، ببنە هۆکاری ئەوەی هەندێک کێشەش دروست بکەن. لە حاڵێکی لەم شێوەیەدا ڕۆشتنیان بۆ شوێنێکی تر، یاخود گەڕانەوەیان بۆ نیشتیمانەکەیان، بەکارهێنانیان لە بەریانی نوێی خزمەتدا، سوودی زیاتری دەبێت. خۆ گەر لەم بابەتەدا کەسێک بوومایە کەوا تێبینیەکانی بە هەند وەربگیرێن و ئیمکانێک لە دەستمدا هەبووایە، مرۆڤەکانم بۆ ماوەیەکی دوور و درێژ لە یەک شوێندا نەدەهێشتەوە. لە دوای ماوەیەکی دیاریکراو شوێنی هەموو کەسێکم دەگۆڕی. هەندێک سیستەمم دادەڕشت، پێودانگم بۆ دادەنا و، هەوڵی ئەوەم دەدا چالاکی مرۆڤەکان بە گوێرەی ئەو پێودانگانە هەڵبسەنگێنم. لەو ساتەی کەوا هەستم دەکرد کەسێک توشی بێڕەنگ بوون بووە و خەریکی خولانەوەیە بە چواردەوری خۆیدا، ئەوم ئاڕاستەی ئەو شوێنە دەکرد کە پێم وەها دەبوو لەوێ سوودی زیاتری هەیە.

ئەگەرچی ئەمە بە نیسبەت هەموو کەسێکەوە ڕاست نیە، بەڵام زۆرێک لەو مرۆڤانەی بۆ ماوەیەکی زۆر لە شوێنێک دەمێننەوە، دوای ماوەیەک توشی ڕاهاتن و خووپێوەگرتن دەبن. عەشق و هەیەجانیان لە دەست دەدەن و، دەشێت بە دەستی هەندێکی چێژی دونیاییەوە گیر بخۆن. تەنانەت دەشێت توشی ژەنگ هەڵهێنان و بۆن کردنیش ببن. لە ڕوانگەی بینینی کەسانی تریشەوە توشی کۆن بوون ببێت، لەگەڵ چواردەورەکەیدا توشی زۆر من و تۆیی ببێت، لەو شوێنانە کەوا وەک کەسێکی نەزان تێیکەوتووە توشی هەندێک فاڵسۆ[3] ببێت و توشی لە دەستدانی ئیعتیباری خۆی ببێت. کەسانی چواردەوریشی بە دەستیەوە وەڕز ببن. لەم ڕوانگەیەشەوە ناتوانێت چالاکیەکی جددی پشان بدات. هەربۆیە بابەتی ئەوەی مرۆڤێک عەشق و هەیەجانی خۆی سەرلەنوێ تازە بکاتەوە، ئەو ئەزمونەی لە شوێنێکدا پەیدای کردووە بۆ شوێنێکی تری بگوازێتەوە، هەمان ئەو هەڵانە ئەنجام نەداتەوە کەوا تێیکەوتووە و بەم هۆیەوە شوێنەکەی بگۆڕێت، لە نێو چوارچێوە ماقوڵەکانی خزمەتدایە.  

هیچ کەسێک لەو شوێنەی کەوا ڕووی تێدەکات – بە داوای لێبوردنەوە ئەم قسەیە دەکەم- وەها گومان نەبات کەوا تاشەبەردێکی سەنگینە و هەڵکەندن و توڕدانی لەو شوێنە مومکین نیە. پێویستە هەموو کەسێک لەو شوێنەی کەوا بوونی هەیە، وەک ئەمانەت بەدەستێک بوونی هەبێت، لەو خزمەتانەدا کەوا دەبێت ئەنجامی بدات، قاڵ ببێتەوە. کاتێک ئیمکانی خزمەت لە شوێنێکی تریش لە دایک دەبێت، هەستێت و ڕوو لەو شوێنەش بکات، لەو شوێنە بەردەوامی بە خزمەتەکانی بدات. وەک چۆن بە نیسبەت کەسێکی خزمەتەوە خانەشینی جێگەی باس نیە و، پێویستە هەتا کۆتایی ژیانی لەم شوێنەوە بەرەو ئەو شوێن خەریکی ڕاک ڕاک بێت و، ئەو ئەزمونەی کەوا دەستی کەوتووە بۆ نەوەکانی دوای خۆی بەجێبهێڵێت.

 

ئەوەی لێرەدا گرنگە، مرۆڤەکان بە شێوەیەک هەلیان بۆ بڕەخسێنرێت، کەوا بتوانن هەتا دوا ڕادەی ئیرادەیان بەکاربهێنن. هەلومەرجی ئەوە فەراهەم بکرێت، کەوا هەموو کەس ئامادەگی و لێوەشاوەیەتی خۆی بە شێوەیەکی سوودهێنەر بەکاربهێنێت و، هێندەی ئەوەی گیانی دەربێت هەوڵ و کۆششی خۆی بخاتە گەڕ. بەڕای من گرنگترین ڕەچەتە بەرامبەر بۆنکردن و بێڕەنگ بوون، هەر ئەمەیە.  

 

      

[1] فەرزی عەین بریتیە لەو فەرزەی کە دەبێت لەلایەن هەموو کەسێکەوە ئەنجام بدرێت، ئەنجامدانی لەلایەن کەسێک یان کۆمەڵە کەسێکەوە لەسەر شانی کەسانی تر لاینابات

[2] فەرزی کیفایە بریتیە لەو فەرزانەی کەوا ئەنجامدرانی لەلایەن کۆمەڵێک کەسەوە لەسەر شانی کەسانی تری لایدەبات وەک نوێژی مردوو، نوێژی جەژن

[3] فاڵسۆ بریتیە لەو هەڵانەی لە کاتی ژەنینی ئامێرێکی میوزیکیدا ئەنجام دەدرێت

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *