هیوایەکی دوور و درێژ بەشی یەکەم


لەو ڕۆژەی مرۆڤ ئەفرێندراوە هەتا ئەمڕۆ، هیچ کاتێک لە پاڵ ڕۆژەکاندا شەوەکان و، لە پاڵ ڕوناکیەکان تاریکیەکان، کەموکورتیان نەهێناوە. چەشنی ئەوەی لەسەر ڕووی زەوی ڕوناکی و تاریکی سەرەیان گرتبێت، هەموو کاتێک ڕوناکیەکان ڕۆژانی تاریکونوتەک، ڕۆژانی ئاسودەیی و گەشاوەش ڕۆژانی تەمومژاوییان بە دوادا هاتووە. زوو زوو، هەموو کون و قوژبنێک لەلایەن تاریکی ئیلحاد و نیفاقەوە داگیر کراوە. ڕێگاکان بە تەواوی بە بێ ڕۆشنایی ماونەتەوە. مرۆڤایەتیش بە تاریکی دۆڕاوە. هەموو لایەک لەلایەن کەسانی سەر بەتاڵ کەوا بیرکردنەوەکانیان پێش و دوای نەبووە داگیرکراوە و، دونیاش بە هۆی لورەی شومی ئەوانەوە دەستی بە ناڵین کردووە. جار جارە ویژدانی گشتی لە بەرامبەر ئەو ژاوەژاوەی ئەمانە دەیان نایەوە، هەناسەی خۆیان گرت و بەناو بێدەنگی چاودێریکردنی ئەواندا ڕۆدەچوون. لەم کاتەدا وتە لە پێ دەکەوت و، فەرمان دەکەوتە دەستی کۆیلەی بەر دەربارەکان. کۆمەڵانی خەڵک دەبوونە گەمەی دەستی دێماگۆژیەکان. هەرکاتێک بویسترایە کۆمەڵانی خەڵک خەویان لێدەخرا، گەر بیشویسترایە، هەموویان هەڵدەستاننە سەر پێ. زۆرێک لەوانەی کەوا بەهیچ کولویەک ڕێیتێنەدەچوو، وەک ئەستێرە بانگەشەیان بۆ دەکرا و، ئامادەگی زۆرێک لە تواناکان و ئەستێرەکانیش خامۆش دەکران. شەڕەنگێزی و دیالێکتیک، جێگەی لۆژیک و داوەری ژیرییان دەگرتەوە. بیرکردنەوە چەپەڵەکان جێگەی بیرکردنەوە پاکوبێگەردەکانیان دەگرتەوە. ئەو دەزگایانەی کەوا کۆمەڵگا چاوەڕێی شەفقەت و بەزەییان لێدەکردن، دەکەوتنە دەستی کۆمەڵێک ڕۆحی ناقۆڵا کەوا خۆیان وابەستەی نەفرەت و کینە کردبوو. لە ڕێگەی ئەمانەوە، بە شێوەیەکی بەردەوام لە نێو مرۆڤەکاندا تۆوی دووبەرەکی دەچێندرا و هەموو کەس وەک گورگی ئەوی دی لێدەکرا. لە ڕۆحی دیانەتیشدا، برینگەلێکی زۆر دروستدەکران کەوا ساڕێژکرانیان ئەستەم بوو. پێودانگەکان ژێراوژور دەبوون و وەک ئەوەی لێدەهات هەموو شتێک شوێنی گۆڕی بێت، لە جیاتی لیوانی شەربەت، پێکی ژەهر جێگەی دەگرتنەوە، لە جیاتی سینی قەیماغ-هەنگوین تەشتی پیسایی، تاریکیەکانیش دەهاتن و شوێنی ڕوناکیەکانیان دەگرتەوە.
لەم قۆناغە شوم و کابوساویانەدا فکرەکان هێندە لێڵ بوون، مرۆڤەکان لە بەرامبەر پاکترین و بێگەردترین شتەکانیشدا، بێ سڵەمینەوە نەیدەتوانی دەستیان بۆ درێژ بکات، نەیدەتوانی متمانەی بە هیچ شتێک و هیچ کەسێک هەبێت، هەموو کەس ئەوی تریان لەگەڵ کەسانێکی دڕندە و وەحشیدا هەڵدەسەنگاند. خۆ گەر کەسانێکی خاوەن دین و دیانەت و ویژدانیش هەبوونایە، ئەوا ئەوانیش دەکرانە گاڵتەجاڕ و سوکایەتیان پێدەکرا و قوفڵ و کلیلیان لە دەم و زمانی ئەوانیش دەدا. بەندەکانی تاریکی هەر خەریکی نەڕاندن بوون، دڵانی تینوش بە ڕوناکی، چاویان هەمیشە لە ئاسۆی لوتفە دەراساکاندا چاوەڕێی دەستی کۆمەکی ئەوی دەکرد، بە خەونی هەڵهاتنی خۆرێکی سوپرایزەوە هەڵدەستان و دادەنیشتن، بە خولیای هاتنی ئەو ڕۆژانەوە دەژیان کەوا تولی ڕەحمەتی بە خۆیدا دابێت. هەندێک جار بەم تێبینیانە و، هەندێک جار بە چەند پاڵهێزێکی جیاواز لەسەر لێوەکانیان زەردەخەنە خۆی پشان دەدا، بەڵام دواتر بە هۆی هەڵکردنی ئەو گەردەلولانەی یەک لە دوای یەکتری دەهاتن، هەموو شتێکیان لەگەڵ خۆیاندا دەبرد و لە شوێنی ئەو دڵخۆشییە کاتیەی کەوا چەند خولەکێکی دەخایاند، چەندین قۆناغی خەم و کەدەر جێدەما، کەوا ساڵان و مانگانی دەخایەند.
بە گوێرەی فکرەی بازنەی بەردەوامی دووبارەبوونەوەی ڕووداوە مێژوویەکان، باسکردن لە هەمان شت لە ڕۆژگاری ئێستاشماندا مومکینە. کاتێک سەیری ئەو ئاسۆی خۆرانە دەکەیت کەوا دەدرەوشێنەوە لە پڕێکدا دوکەڵ بەریان پێدەگرێت، وەهای لێدێت چاو چاو نەبینێت و، قەسوەتێک دێت کەوا هەموو لایەک ڕادەچڵەکێنێت، ئەو ڕۆژانەی کەوا بۆنی خۆشییان لێهەڵدەستا، بە تەواوی زەرد دەبن، بیرکردنەوەکان ڕەش دەبنەوە و، ئیرادەکان قڵیش دەبەن، هیواکان یەک یەک بەلادا دێن، هەندێک جار وەک ئەوەی لێدێت کەوا جارێکی تر خۆر هەڵنەیەت و ڕۆژ نەبێتەوە، ئەو دڵانەی کەوا میحرابی خۆیان نەدۆزیوەتەوە، تێکشکانی هیوای یەک لەناو یەک و، دڵشکانی یەک لەسەر یەک دەیانهەژێنێت.
کاتێک دێینە سەر خۆیشمان، وەک ئەوەی هەتا ئەمڕۆ بەم شێوەیە بووین، هەتا ئەو گێژاوەی ئەم دواییانە کەوا پیسایی لێهەڵدەقوڵی، دڵنیاین لەوەی لە داهاتوویەکی نزیکدا لەسەر تاتەشۆر ڕادەکشێنرێت، هاتنی ئەو ڕۆژە موبارەکانەی کەوا قەدەر ئاو دەکات بەو ڕێگایەی کەوا لەلایەن گەلەکەمانەوە گیراوەتە بەر، بە دوور نازانین. لە ڕاستیدا، زۆر لە مێژە، هەموو کەسێک و لە هەر گۆشەیەک، دەستکراوە بەوەی باسی حەقایەتەکانی ناو دڵیان بکەن. ڕۆحانێکی بێگەرد لێرە و لەوێ، لە پێناو گەشتنەوە بەو بەهەشتەی سەردەمانێک پێش ئێستا لە دەستیان دا، هەناسەبڕکێیان پێکەتووە. سەدان و هەزاران هەموو سات و زەمانێک لە چوارچێوەی ئەم تێبینیانەدا هەڵدەستن و دادەنیشن، لە هەموو هەستان و دانیشتنێکیدا بیر لە حیکمەتی فیترەت و ئامانجی ئەفراندنیان دەکەنەوە. ئەگەرچی لە روانگەی ژیانی دڵ و ڕۆحمانەوە بە سەردەمێکی هەتا بڵێی پڕ تۆز و دوکەڵدا تێدەپەڕین، لەمەش زیاتر زوو زوو ڕەشەبای سارد هەڵدەکات و لە هەموو لایەکەوە لرفەی خەزان دەبیسترێت. تەنانەت ئەو شوێنانەی کەوا شاد و هیوا و ئومێد قوڵپەیان لێهەڵدەستێت، جار جارە ماتەم و هیوابڕاوی دایاندەگرێت. بەڵام هەرچیەک بێت، هەموومان ئەوە چاک دەزانین کەوا خەم و تاسە چیدی خۆیان پێناگیرێت. بە تایبەت گەر وەک ئێستاش بێت، هەر هێندەی ئاسۆکان کەمێک ڕووناک بوونەوە و ڕەش-سپی لە یەکتر جیابوونەوە، ئەو نارەحەتیانەی بە درێژایی ڕێگا چەشتراون، یەکسەر دەڕەوێنەوە. ئیدی مەسافەکان دەموچاوی پێکەنیناوی پشانی هەوڵ و کۆششەکان دەدەن. گردەکان وەک تەختەڕێگا و، تەختەڕێگاکانیش بێ گرێوگۆڵە دەبن، لە پڕێکدا تەی کردنی ڕێگا بە مەفکورەوە، بە نێو یەکدا دەچن و، لە بەردەم ئاسۆی ئامانجێکی چاوئەبڵەقکەردا، هێندەی یەک گەردیلە هەست بە مەشەقەت کردن نامێنێت.
لە ئێستادا ئەگەرچی کەمێکیش بێت، دەستەکان بەرەو پەتی دڵەکان درێژکراون و، لە هەموو لایەکەوە دەنگی ڕۆح دەبیسترێت. ئەقڵ و دڵیش شانیان بە شانی یەکترەوە ناوە. بیرکردنەوەش بەو فراوانیە سەر سوڕهێنەرەی خۆیەوە لەگەڵ ئیلهامدا باوەشیان بە یەکتریدا کردووە. لۆجیکیش لەبەردەم وەحیدا وەک سوختەیەک بووە بە دووکەرتەوە. زانست وەک دەڵاڵی دینی لێهاتووە، زانیارەکانیش وەک ڕێنیشاندەری مەعریفەتیان لێهاتووە، تاقیگەکانیش شاگرد بۆ پەرستگاکان پێدەگەیەنن و، ئیرادەکانیش بەو ئاوی ژیانەی لەلایەن ئیمانەوە پێشکەش دەکرێت تەڕ و زیندە، چەشنی پۆڵان و، چاوەکان لە هەمان ئەو ئاسۆیەی کەوا بەسیرەتی لێیە خەریکی سوڕانەوەن و، لە هەموو لایەوەکە سەرەڕای فیزیک، میتافیزیک پەردەی بەهار دەپۆشێت.
وەها دیارە کەوا لەمەودوا، بەفر و کڕێوەکان چەندە سەختیش بن، لەبەردەم ئەو گەرمایەی کەوا لەلایەن نوری بێ کۆتاوە لە ڕۆحەکاندا هەڵگیرسێنراوە چیدی خۆیان پێناگیرێت، گەردەلولەکان چەندە بە سەختیش هەڵبکەن، ئەو مەشخەڵانەی لە نیو فانۆسی مەیلی سروشتی فیترەتی مرۆڤەکاندا دەدرەوشێتەوە، گەر جەنابی حەق ڕێگەیان نەدات، هەرگیز خامۆش ناکرێنەوە. ئەگەرچی لە ڕوانگەی زۆرینەمانەوە بە چەند نیگەرانیەکی وەها توشی لەرزین بووین کەوا ڕەنگی سوری خوێنینیان لە خۆیان گرتووە، هەندێک جاریش لە بەردەم ڕەشەبا سەختەکاندا توشی شڵەژان بووین، بەڵام لەبەر ئەمانەشدا، چەشنی ئەو گوڵانەی کەوا لە خونچەکانیانەوە خۆیان فڕێ دەدەنە دەرەوە، زەردەخەنەی گەرم بە هەرچوارلادا پەخشان دەکەن، یان چەشنی ئەو بولبولانەی لەم چڵەوە بۆ ئەو چڵ دەفڕن و بە چڕینەوەی سرودەکانی بەهار جۆشیان سەندووە، ڕاستیەکە کەوا حاشای لێناکرێت. بابەتی ئەوەی لە دڵەکانماندا هیوا و ئەمەلەکان کەوتوونەتە خۆیان، لە بەردەممانەوە خوڕەی ئاوی کانیاوەکانی خزر دەبیسترێت و، لەسەر سەرمانەوە یەدی بەیزا دەرکەوتووە، زۆر ئاشکرایە. ئەو ڕۆحانەی کەوا هەتا بڵێی زوو بە دەم ئەم تێبینیانەوە بێدار بوونەوە، وەک ئەوەی بەسەر سنوری دڵیان گەشتبێتن، هەتا بڵێی لە خۆیان دڵنیان و، ئەگەرچی زۆر لە دووریشەوە بێت، بەو بۆنی بەهەشتەی هەستی پێدەکەن هەتا بڵێی پڕ نەشە و شادن…
بەڵێ، ئەوانەی لەمڕۆدا لە دووربینخانەی دڵ و ڕۆحیانەوە تەماشای ڕێڕەوی ڕووداوەکان دەکەن، چەشنی ئەوەی بە نەورۆزدا تێپەڕن، هەموو کاتێک لە دەموچاویاندا شادی ئاهەنگێک و ڕێژنە بارانی نەوبەهار دەبینرێت، لە ئاسۆیاندا خۆرێکی گەش بە درەوشانەوەی جیاواز جیاواز و، لە ژێر پێکانیشدا سەرزەمینێکی سەوز بە هەموو تۆنەکانیەوە بوونی هەیە.
تاڤگەکانی هیممەت و کۆشش، لە ڕێڕەوی لوتفە ئیلاهیەکاندا بە دەنگێکی زوڵاڵ بەرەو دەریای عومان خوڕەیان دێت و، لە هەمان کاتدا بێ ئەوەی هیچ لەمپەرێک بێتە سەر ڕێگایان، بەسەر هەندێک لەو کۆسپانەدا باز هەڵدەدەن کەوا دێنە سەر ڕێگاکەیان و، هەندێکیشیان بە سوڕانەوە لە چواردەوری سوچ و کەنارەکانیانەوە تێدەپەڕێنن و، لە دوای خۆیانەوە جوانترین هێڵە ئەندازەییەکان جێدەهێڵن کەوا پرۆگرامی قەدەر وەک ئەرک لەسەر شانیان دایناوە و، ئەوانیش بە تەواوی وردەکاریەکانیەوە نوێنەرایەتی ئەو ئەرکەی سەرشانیان دەکەن. ئەوان دەڕۆن و ڕیگاکانیش بۆ سڵاوکردن لەوان هەڵدەستنە سەر پێ. لە هەر شوێنێکەوە دەڕۆن، هەر لەمپەرێک کەوا دیارە تێناپەڕێندرێت لە بەردەمیاندا دەکەوێتە سەر سوجدە و تەختی زەوی دەبێت، دەکەوێتە سەر زەوی چەشنی ئەوەی لەبەردەم ئەم قودسیانەدا دەموچاوی لە پێکانیان بخشێنێت.
لە ڕاستیدا حاڵێکی لەم شێوەیە، حاڵی هەموو کاتێکی ئەو ڕۆحانەیە کەوا لە ئاستی پێگەشتنی خۆیاندان، ئەمانە چەشنی بوغوردێک بەردەوام دەسوتێن و بۆن و بەرامە بە چواردەوریاندا پەخشان دەکەن. چەشنی داری عود دەسوتێن و بە ناڵەکانیان چێژی سوتانیان بە هەموو لایەک دەگەیەنن. لە شوێنی خۆیشیدا وەک شێر نەڕەیان دێت و داخوازی کەسایەتی خۆیان بەجێدەگەیەنن، یان وەک بولبول دەچریکێنن و، نەشە و شکۆفایی بە ڕۆحەکاندا دەپرژێنن. لە نێو ناوچەوانی ئەواندا مۆری خاکی بوون و سەربەرزبوو، پێکەوە لەیەک کاتدا لێیاندراوە. نە سەرشۆڕی پلیشانەوە دەزانن چیە، نە زۆرداری ئەوە پشان دەدەن کەوا کەسانی تر بپلیشێننەوە. بە تایبەت ئەمانە لەبەردەم پەروەردگاریاندا، باڵەکانی خاکی بوونیان بە شێوەیەک بۆ سەر زەوی دادەبەزێنن و خۆیان بە هیچ دەزانن، ڕاستیەکەی شایەنی بینینە.
بە کورتیەکەی، ئەمانە قارەمانگەلێکی وەهان سەرکەوتوو بوون لەوەی بە مامەڵەی شێرئاسایانەی خۆیان کۆتریانە ژیان بەسەر ببەن و، ئەوانەی بەختیاری ئەوە بوون بە قوڵاییەکانی ناخی ئەوان بگەن، هەرگیز خوازیاری ئەوە نابن لەوان جیاببنەوە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *