هەندێک لەو بنەمایانەی دەبێت لە کاتی خزمەتی دین و مرۆڤایەتیدا ڕەچاو بکرێن

 

دۆزینەوەی چارەسەر بۆ کێشە کۆمەڵایەتیەکان کارێکی هەروا ئاسان نیە. گەر شێوازێکی گونجاو بۆ لێکنزیکبوونەوە لە کێشەکان دیاری نەکرێت، لەوە دەچێت لە کاتی هەوڵدان بۆ چارەسەری کێشەیەک، ببینە هۆکاری خستنەوەی کێشەگەلێکی گەورەتر کە چارەسەری نەبێت، دواتر ناچاربین بەوەی ئەمجارەیان هەوڵ بۆ دۆزینەوەی چارەسەری کێشەی گەورەتر بدەین. تەنانەت بۆ لابردنی ئەو لەکەیەی دەکەوێتە سەر فەرشێک، شێوازێکی گونجاوی تایبەت بە خۆی هەیە. خۆ گەر نەزانن ئەو لەکەیە چۆن پاک دەکرێتەوە، لەوە دەچێت ئەو هەوڵانەی بۆ لابردنی لەکەکە دەیخەنە گەڕ، زیاتر تۆخی بکاتەوە. چارەسەرکردنی کێشەکانی ناو کۆمەڵگاش هەر بەهەمان شێوەیە. شێوازە هەڵەکانی ساڕێژکردنی برینەکان، دەشێت ببێتە هۆی دروستبوونی گرێکوێرەگەلێک کەوا کرانەوەی بۆ نەبێت. گەر لابردنی پەڵەیەکی سادەی سەر فەرشێک شێوازی تایبەت بە خۆی هەبێت، ئەوا گێڕانەوەی کۆمەڵگایەکی هەڵوەشاو بۆ ناسنامەی ڕەسەنی خۆیی و، خستنەوە سەر ڕێچکەی خۆیی و فەراهەمکردنی ڕۆشتنی ئەو کۆمەڵگایە بە شێوەیەکی هەماهەنگ، دەبێت بە گوێرەی خۆی شێوازێکی هەبێت.

 

ئیخلاس و سەمیمیەت، هەریەک بۆ خۆیان بەهاگەلێکن کەوا دەشێت بەهۆیانەوە چاوپۆشی لە زۆر هەڵە بکرێت. بە هەمان شێوە، هەریەک لە عەزم و خۆڕاگریش یەکێکن لەو دینامیکە گرنگانەی کەوا لە ڕێگەی سەرکەوتندا لە ڕیزی پێشەوەن.  لە پاڵ تەواوی ئەم خاسیەتانەشدا، گەر کارەکانمان بە گوێرەی بنەما زانستی و شەرعیەکان بە نێو تاقیکردنەوەدا نەبەین، بە نێو پاڵاوگەی لۆجیکدا تێیاننەپەڕێنین، لە ڕێگەی وردبینی و دووربینیییەوە لێیان نەڕوانین، دەشێت زۆر کاری هەڵە بە مرۆڤەکان ئەنجام بدەن.  زۆرن ئەوانەی بە ناوی کاری جوان و چاکەوە ملی ڕێگەیان گرتووە، بەڵام لەبەر ئەوەی وەک پێویست ڕەچاوی ئەم خاسیەتانەیان نەکردووە، لە ڕێگادا توشی سەرسم و هەڵنوتین بوون و بە تەقلە خلۆر بوونەتەوە. تەنانەت هەندێک جار بەم حاڵەی خۆیشیان نەزانیوە.

ئەم جۆرە هەڵانە، وەک ئەوەی دەشێت لە ژیانی شەخسی و خێزانیدا ڕووبدەن، وەک ئەوەی دەشێت لە نێو ڕێساکانی خێزان یان لە شێوازی پەروەردەکردنی منداڵدا ڕووبدەن، لە هەمان کاتدا دەشێت لە نێو ژیانی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابوری و بازنە فراوانترەکانیشدا ڕووبدەن. بۆ نمونە، گەر ئەو گۆڕانکاری و وەرچەرخان و پێکهاتە کۆمەڵایەتیانەی سەرهەڵدەدەن، بە گوێرەی یاسا و بنەماگەلێکی دیاریکراو شکڵی خۆیان وەرنەگرن، دەشێت ببنە هۆکاری گرێکوێرەگەلێک کەوا کرانەوەیان مومکین نەبێت.

بۆ نمونە دەشێت بە نیەتێکی زۆر پاکەوە، بە ناوی پێگەیاندن و پێشخستنی کۆمەڵگاوە، بە مەبەستی ئەوەی لە ئاستی سەرەتاییەوە بەرەو ئاستی کۆتایی بازی پێ بدەیت، هەڵمەتێکی بەرفراوانی چاکسازی و ڕێفۆرم دەست پێ بکەیت. بەڵام ئەو کارەی ئەنجامی دەدەیت هەرچیەک بێت، هەندێک بنەمای شادەماری هەیە کە دەبێت سەرنجی لێ بدەیت. ئایا پێکهاتەی کۆمەڵگا دارای ئەوەیە گۆڕانێکی وەها ڕادیکاڵی تێدا ڕووبدات؟ ئایا تاکەکانی کۆمەڵگا، لەو ئاستەدان کەوا پێشنیارێکی گۆڕانکاری یان سەپاندنی گۆڕانکاریەکی لەو شێوەیە هەرس بکەن؟ ئایا بارودۆخەکە بۆ کارێکی لەو شێوەیە چەندە گونجاوە؟ ئایا کات و هەلومەرجەکان بۆ ئەنجامدانی کارێکی لەو شێوەیە چەندە دەست دەدات؟ ئایا توانای ئێوە بۆ کارێکی لەو شێوەیە بەش دەکات؟ ئایا لە ڕوانگەی بەها گەردوونیەکانەوە لەو گۆڕانکاریانەتان ڕوانیوە کە دەتانەوێت ئەنجامی بدەن؟ گەر تەواوی ئەمانە لەبەرچاو نەگرن و ملی ڕێگە بگرن، ئەوا ئەگەرێکی زۆر گەورە لە ئارادایە کەوا توشی هەڵە و نسکۆ ببن.  تەنانەت گەر بە تێبینی ئەوەی خزمەت بە مرۆڤایەتی بکەن ملی ڕێگە بگرن، سەرئەنجام کارێک دەکەن کەوا گۆبەنی نوێی لێ بکەوێتەوە. لەم کاتەدا سەمیمیەت و ناسنامەی دینی ئێوە هەرچیەک بێت، بە تاقی تەنیا سوودیان نابێت. گەر تەواوی ئەم تایبەتمەندیانە ڕەچاو نەکەن و بە ئاڕاستەی هەوەسی خۆتان ملی ڕێگە بگرن، ئەوا بە ناوی دروستکردنەوە دەبنە هۆکاری وێرانکاری زۆر گەورە.

 

**

بۆ ئەوەی نەبنە هۆی ڕقلێبوونەوە لە بەهاکانتان

ڕەنگە ئێمەش بە مەبەستی گەیاندنی ئەو حەقیقەتانەی جەنابی حەق لە ڕێگەی پێغەمبەرەکانیەوە بە مرۆڤایەتی ڕاگەیاندووە، ملی ڕێگەمان گرتبێت هەتا بە سینە ئاتاجەکانی بگەیەنین. بەڵام هەتا ئەو کاتەی شێواز و بنەمای ئەم کارە وەک خۆی نەگرینە بەر، جوانی نیەتەکانمان بەس نین بۆ ئەوەی ئامانجەکەمانی پێ بپێکین. پێش ئەوەی شتێک بۆ بەرامبەرەکەمان باس بکەین، دەبێت حسابی ئەوە بکەین کە ئایا دوێنراوەکەمان ئامادەی بیستنی ئەو بابەتەیە یاخود نا، چۆنی وێنای ئەو شتانە دەکات کە باسی دەکەین. بە پێچەوانەوە، لە کاتێک بۆ ڕیش دەچین سمێڵیش دەنێینە بانی و شێوازێک لە ڕقلێبوونەوە بەرامبەر بەهاکانی خۆمان دروست دەکەین.

جگە لە حاڵی دوێنراوەکانمان، حاڵی ئێمەش کەوا نیەتی نەشتەر لێدانی لە کێشەکان هێناوە، زۆر گرنگە. لە ڕوانگەی ئەو شوێنەی لێی وەستاوین، مەرجە ئەو زانست، ئیرادە، ئەزمون و دەسەڵاتەمان هەبێت کەوا لە ڕێگەیەوە پڕۆژەکانمان جێبەجێ بکەین. بێ ئەوەی ببینە خاوەنی ئیمکان و توێشووی پێویست و، پلانسازی چاک بۆ کارەکانمان بکەین و هۆکارەکان بگرینە بەر، گەر بە پەلە ملی ڕێگە بگرین، ئەوا بە پێچەوانەی ئەو ئامانجەی هەمانە شەپازلە دەخۆین. بەدیعوزەمان زۆر ئاماژە بەوە دەکات کە هەڵپەکردن هۆکاری زیان و دۆڕانە. ئەم دەستورەش تەنیا شتێک نیە لە ڕوانگەی کارە دونیاییەکانەوە ڕاست بێت، دەشێت لە کارە ئاخیرەتیەکانیشدا، هەڵپەکردن هەندێک جار ببێتە هۆکاری دۆڕان و زیان.

بۆ نمونە ئێوە، دەشێت خاوەنی بیرۆکەگەلێکی جوانی وەک ڕێنوێنی-بانگەواز، پەروەردە-فێرکردن، خۆشەویستی-لێبوردەیی بن، بەمەبەستی هێنانە دی ئەم ئامانجانەش بە ڕووی دونیادا بکرێنەوە. خۆ گەر لەم کاتەدا تەنیا متمانەتان بە سەمیمیەت و ئیخلاس و هەیەجانی خۆتان هەبێت و هەوڵی بازهەڵدان بدەن، ئەوا هێزی ڕاکێشانی زەوی لە شوێنی خۆتاندا دەتانبەستێتەوە. لە جیاتی ئەمە، بێ ئەوەی پەلە بکەن و دەست لە تەگبیر و حەزەری خۆتان هەڵبگرن، بێ فەرامۆشکردنی هۆکارەکان، هەوڵی هەڵگرتنی هەنگاوەکانتان دەدەن.

لە حەدیسێکی شەریفدا هاتووە:

“لەسەرخۆیی لە کارەکاندا لە خوداوەیە و پەلەکردنیش لە شەیتانەوەیە”. ئەو قسەیەش لە نێو خەڵکدا زۆر باوە کە دەڵێن” عەجەلەکردن لە شەیتانەوەیە”. چونکە پەلەکردن لەو کارانەی پێویستیان بە حسابی زۆر جددی و ئامادەکاری هەیە، دەشێت مرۆڤ بخەنە ناو زۆر هەڵەوە.

بۆ ئەوەی نەکەوینە ناو هەڵەیەکی لەو شێوەیەشەوە، دەبێت لە کارەکانتاندا دەست لە حەزەرکردن هەڵنەگرن، خۆتان بپارێزن لەوەی بکەونە ناو پەلەپەلکردنەوە. کاتێک دەتەوێت پەیامێک بگەیەنیت، سەرەتا دەبێت جوان بیکوڵێنیت، ئینجا پێشکەشی بکەیت. گەر مرۆڤایەتی لەو کاتەدا ئامادەی ئەوە نەبێت پەیامەکەتان بەو شێوە سروشتیەی خۆیەوە قبوڵ بکات، ئەوا بە پاڵفتەکاریدا تێیدەپەڕێنن و بەو شێوەیە پێشکەشی دەکەن کە ئەوانیش بتوانن هەرسی بکەن. هەر قسەیەکیش کە دەتانەوێت بیکەن، دەبێت لە سەرەتادا ئاستی ئیدراکی ئەوان لەبەرچاو بگرن و بەو شێوەیە بیڵێن.

**

ڕێگای دروست بۆ پێشکەشکردنی  ئەو پەیامەی هەیە

گەر بتانەوێت ئەو پلان و پڕۆژەیەی هەتانە بە سەرکەوتویی بە شوێنی خۆی بگات، ئەوا ناچارن کەوا زۆرێک لە کارکردەکان لە هەمان کاتدا لەبەرچاو بگرن و پێکەوە هەڵسەنگاندنیان بۆ بکەن. پێش هەموو شتێک، چاوێک بە زانست، ئاست، هێز، عەشق-شەوق، ڕاستگۆیی و وەفای خۆتاندا دەخشێننەوە، دووهەم هەنگاویش بریتیە لەوەی حاڵی دوێنراوەکانتان لەبەرچاو دەگرن، سێهەم هەنگاویش بریتیە لەوەی  بە جوانی حساب بۆ کاتی ئەو هەلومەرج و بارودۆخەی تێیدا دەژین دەکەن، کۆتا هەنگاویش بریتیە لەوەی حسابی هەنگاو و هێرشی ئەو کەسانە دەکەن کە خۆیان وابەستەی دوژمانەیتی ئیوە کردووە.

لەم سۆنگەیەشەوە، نابێت ملێ ڕێگە بگرن پێش ئەوەی وەڵامی ئەم پرسیارانەتان لا نەبێت:

ئایا ئەو کرانەوە و دیمەنە گشتیەی لەلایەن ئێمەوە نمایش دەکرێت، دەبێتە جێگەی ڕەزامەندی هەموو لایەک؟  تۆ بڵێی ئەو پێشکەوتن و شکۆفاییەی لەم کارە دەکەوێتەوە، چۆن لێکەوتێکی لە ڕای گشتیدا هەبێت؟ تۆ بڵێی ئەو کۆمەڵگاو جیهانە فکرییەی تێیدا دەژین هەتا چەندە زەمینەیەکی گونجاو بێت بۆ ئەو جۆرە کارانە؟ تۆ بڵێی هێز و دەسەڵاتمان شیاوی ئامانج و ئایدیاڵەکانمان بێت؟ تۆ بڵێی لە بەرامبەر ئەگەری ئەو سەرکەوتن و دەستکەوتانەی دەمانبێت، وەک پێویست حەمد و سەنا و شوکرانەبژێری جەنابی حەق بکەین؟

لە دوای وەڵامی کۆتا پرسیاریش، پرسیارێکی زۆر گرنگتر هەیە کە دەبێت لە خۆمانی بکەین: ئایا کامڵێتی ئەو قارەمانانەی سەرکەوتنێکی زۆر جددی لە کارەکانیاندا بەدەستدەهێنن، لەو ئاستەدایە کەوا توشی شانازی بەخۆوە کردن و خۆبەزلزانین نەبن؟ لە ڕاستیشدا، ئەم جۆرە کەسانە هەرچەندێک ببەن هۆکاری گۆڕانکاری و وەرچەرخان،  گەر توشی ئەو هەستە ببن کەوا حەزیان لەوە بێت خەڵک بە پەنجە ئاماژەیان بۆ بکەن و بەم هۆیەوە توشی سەرلێشێوان ببن، ئەوا هیچ خۆیان نەخەنە ئەم کارانەوە باشترە. گەر لە بەرامبەر ئەو جوانیانەی بەدەستدەهێنرێن خۆمان بکەینە بت و، کەسێکی نارسیستمان لێدەربچێت و بەم هۆیەوە خودا و پێغەمبەرەکەی لەدەست بدەین، ئەو زەمینەیەش لەدەست بدەین کەوا دینەکەمان بە کەسانی تر بگەیەنین، ئەوا با دەست لە کارەکانمان هەڵبگرین و خۆیان چۆنن هەر بەو شێوەیە بڕۆن بەڕێوە. لەم سۆنگەیەوە، ئەو کەسانەی داهاتووی مرۆڤەکان بونیاد دەنێن و ئاوەدانی دەکەنەوە، پێویستە لەسەر ڕێگەی ئەو کەسانە بن کەوا بە “اهل الله” ناویان دەبەین.

بەڵێ، هەر وەک ئەوەی ئیخلاس، سەمیمیەت، وەفا و ڕاستگۆیی هەریەکەیان بەهایەکی گرنگن لە خودای خۆیاندا، لە هەمان کاتدا ڕووبەڕووبوونەوەمان لەگەڵ خۆماندا هەتا چاکتر خۆمان بناسین و، لەم ڕێگەیەوە ئاستی کامڵێتی خۆمان بەدەستبێنین، ببینە خاوەنی زانیاری تەواو سەبارەت بەو کۆمەڵگایەی هەمانە، دونیا بناسین، ئاگاداربوون بەرامبەر ئەگەری هەر دوژمنکارییەک کەوا دەشێت بێتە سەر ڕێگەکەمان، لە ڕوانگەی سەرکەوتووبوونی پڕۆەژەکانمان زۆر گرنگن. هەربۆیە ناچارین بەوەی لە هەمان کاتدا بیر لە تەواوی ئەمانە بکەینەوە.

ڕەنگە جەنابی حەق لوتفی لە ڕادەبەری خۆیمان لەگەڵدا بکات. وێڕای تەواوی نوقسانی و کەموکورتیەکان لە پلیکانەی یەکەمەوە هەڵتان بگرێت و هەتا پلیکانەی دەهەم بازتان پێ بدات. زەمینە و هەلومەرجی کارەکانتان بۆ بڕەخسێنێت. دڵەکانیش بەرەو ئێوە ئاڕاستە بکات. لە بەرامبەر هیممەتە زۆر وردیلەکانی ئێوە، سەرکەوتنگەلێکی مەزنتان پێ ئیحسان بکات. بەڵێ، دەشێت تەواوی ئەمانە، سەرئەنجامی مەرحەمەت و لوتفی جەنابی حەق ڕووبدات، بەڵام نابێت ئێمە پلان و پڕۆژەکانمان لەسەر بنەمای ڕووتێکردنێکی تایبەت لەم شێوەیەی جەنابی حەق بونیاد بنێین. چونکە ئێمە لە نێو بازنەی هۆکارەکاندا ژیان بەسەر دەبەین. هەربۆیە ئەرکی ڕەچاوکردنی ئەو هۆکارانەمان لەسەرشانە. سەردارمان وێڕای ئەوەی لەلایەن خودا بەڵێنی پارێزگاری پێ درابوو، بەڵام ئەو کاتەی بەرەو جەنگی ئوحود ڕۆشت، وەک داخوازی ڕابەربوونی ئەو بۆ ئێمە، کڵاوە ئاسنینەکەی لەسەر کرد و لە هەمان کاتدا دوو جلی زرێپۆشی پێکەوە لەبەر کرد.

هیچ دیدێکی هومانیستیانە، ناتوانێت بگاتە بەرزی ئاستی ئەو بەهایەی ئێمە بە مرۆڤ و بەها مرۆییەکانی دەدەین. هیچ دیدێکی فێمەنیستی، ناتوانێت ئەو بەها بەرزە بە ژنان بدات کەوا ئێمە دەیدەین و لەو شوێنە باڵایە دایانبنێت. ئێمە، لەسەرو تەواوی ئەو شتانەی لەمڕۆدا بە بەهای مرۆیی ئەژمار دەکرێت، خەیاڵەکانی خۆمان دەچنین. بێ ئەوەی سەیری ناسنامەی هیچ کام لە مرۆڤەکان بکەین، خۆشمان دەوێن. ڕێزمان بۆ مرۆڤەکان لە ڕوانگەی مرۆڤبوونیانەوەیە. بابەتی ئەوەی زوڵم لە کەس نەکەین، چەشنی ئەوەی تاڵە موویەک بکەین بە چل پارچەوە دادپەروەر  و حەقپەرستبین، سەرەکیترین دینامیکی ناو بەها کەلتوریەکانی ئێمەیە.ئێمە خوازیاری ئەوەین مرۆڤایەتیش بە ڕووی ئەم بەهایانەدا بێدار ببێتەوە. بێگومان ئەوەش گونجاو نیە کەوا هەموو کەسێک وەک ئێمە بیر بکاتەوە و لە ئێمە بچێت، ئەمەش واقعی ژیانە. ناتوانین زۆر لە کەس بکەین هەتا لە ئێمە بچێت، بەڵام لایەنی کەم دەتوانین خۆمان بە دروست لە مرۆڤەکانی تر بگەیەنین و بناسێنین و لە فەراهەمکردنی کەشوهەوایەکی ئاشتیانە و پڕ خۆشەویستیدا، سوودێکمان بۆ مرۆڤایەتی هەبێت.

ئەوەی لێرەدا گرنگە، خۆمان لە هەموو جۆرە خۆسەپێنی و شۆڤێنی و حەماسەتێک بەدوور بگرین و، بێ ئەوەی ببینە هۆکاری ناڕەحەتکردنی مرۆڤەکان و خستنە ڕووی کاردانەوە، لە ڕێگە و شێوازی دروستەوە ئەم کارانە ئەنجام بدەین. ئەمەش پێویستی بەوە هەیە هەتا دوا ڕادە  ئاقڵانە هەنگاو هەڵبگرین، لە نێو حەزەر و بێداریدا ملی ڕێگە بگرین.

هەربۆیە زۆر گرنگە لەم کاتانەدا پەنا بۆ ئەقڵی دەستەجەمعی ببەین. چونکە ئەمانە کارگەلێک نین کەوا تاکە کەسێک بتوانێت لە ژێر باریدا هەستێت. پێویستە مرۆڤەکان سەر بە ناو سەری یەکتردا بکەن، بێ ئەوەی کەس زویر بکەن و دڵی کەس بشکێنن، یان ئەوەی ئاڕاستەی ناحەزی و ڕقلێبوونەوەیان بکەن، حسابی ئەو هەنگاوانە بکەن کەوا هەڵی دەگرن. هەموو کەسێک هێندەی مێشکی بتەقێت لەم بابەتانەدا ئەقڵی خۆی بخاتە گەڕ، لە پێناو ئەوەی دونیا ببێتە شوێنێکی گونجاوتر بۆ ژیان، بە دوای ڕێگە و ئامرازی گونجاودا بگەڕێت.  فێستیڤاڵەکانی خۆشەویستی بەهەر چواردەوری دونیادا بڵاو بکاتەوە، باوەش بۆ مرۆڤایەتی بگرێتەوە، ئەوەی پیشانی هەموو کەسێک بدات کە ئەم دونیایە شوێنی شەڕکردن نیە. ئەو هەست و هزرەی هەیانە بە جوانی سیستەمسازی بۆ بکەن، بە چواردەوریدا ستراتیژیەکانی خۆیان دابڕێژن، بە شێوەیەکی بەردەوام ڕێگەی نوێ بدزۆنەوە، لە پاڵ هەست و هەیەجان و هیواکانیاندا هەرگیز بەشی ئەقڵ و لۆجیک و داوەری ژیری فەرامۆش نەکەن، تەواوی دەستپێشخەریەکانیشیان بە گوێرەی ئەمانە ئەنجام بدەن.  

**

خۆڕاگری لەسەر حەق

لە کۆتاییدا دەمەوێت سەرنجتان بۆ خاڵێک ڕابکێشم:

گەر دڵنیابوون لەوەی کارەکانتان لەگەڵ ئەقڵی سەلار، واقع، بارودۆخ – لە هەموویشیان گرنگتر- لەگەڵ پێودانگە سەرەکیەکانی دیندا گونجاوە، ئەوا دەبێت لەسەر ڕێگای ڕاست پێچەسپاو بن. گەر ڕێگە و ئاڕاستە و خولگەی خۆمان بە گوێرەی بنەما سەرەکیەکانی خۆمان و پێودانگە چەسپاوەکانی دین دیاری کردبێت، ئیدی پێویست بەوە ناکات لە کارەکانمان پاشگەز ببینەوە و پێچاوپێچ بڕۆین. بێ ئەوەی بگۆڕێین و خۆمان بکەینە کەسێکی تر، ئەرکی سەرشانی خۆمان هەڵبگرین و بڕۆینە پێشەوە. لە بەرامبەر هەموو دۆڕان و کارەسات و تاقیکردنەوەیەکیشدا نابێت بڵێین” ئەمەیان سەری نەگرت، با شتێکی تر تاقی بکەینەوە”. دەبێت لەو کاتانەدا ئەوە لەبیر نەکەین کەوا ئەم تاقیکردنەوانە لەسەر بنەمای چەندین حیکمەتی ئیلاهی بەسەرمان هاتوون. هەربۆیە ئێمە ئەرکی خۆمان بەڕێوە دەبەین و سەرئەنجامەکەشی بۆ جەنابی حەق بەجێدەهێڵین. لەو کارانەدا کەوا بە گوێرەی بنەما سەرەکیەکان ئەنجاممان داوە، گەر بە هۆی ئەوەی “سەرینەگرت” “نەبوو” ڕێگەی خۆمان بگۆڕین، ئەوا ناتوانین ئامانجی خۆمان بپێکین و بگەینە جێ. بابەتی ئەوەی فۆرماتی کارەکانمان بگۆڕین و بە گوێرەی هەلومەرجی سەردەمەکەمان لە وردەکاریەکاندا گۆڕانکاری بکەین، لە دەرەوەی ئەم قسانەی سەرەوەیە. بە هەمان شێوە، گەر کێشەکان بە هۆی هەڵەکانی ئێمەوە ڕوویان دابێت، ئەوا پێداگری لەسەر هەڵەکان ناکەین و پێویست بەوە دەکات هەڵەکەمان چاک بکەینەوە. لە بەرامبەر پێشنیارە چاکەکانیشدا پشت هەڵناکەین. واتە لەلایەکەوە لە بابەتی حەقدا دەبێت ئەوە بزانین کە چۆنی پێچەسپاو دەبین، لەلایەکی ترەوە پێداگری لەسەر هەڵەکانمان ناکەین. چونکە پێداگری لەسەر ڕێگەی ڕاست چەندە پاداشت دەستی مرۆڤ بخات، گەڕانەوە لە کاری هەڵەش بە هەمان شێوەیە.     

 

       

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *