هەڵوێستی ئیماندارانە لە کاتی بوون و نەبوونیدا! بەشی دووهەم

 

یەکێکی تر لە شێوازەکانی پشان نەدانی ڕەزامەندی بەرامبەر ئەوەی لەلایەن خوداوە تەقدیری لەسەر  شتێک بووە، بریتیە لە چەند نەخۆشیەکی وەک ئیرەیی بردن و  حەسودی و ناحەزی. هەتا ڕۆژگاری ئێستامان، زۆرێک لە مرۆڤەکان بە هۆی ئەم نەخۆشیانەوە کەوتوونەتە ناو گومڕایی یان کوفرەوە. بۆ نمونە ئەبوجەهل، ئەوەی پێ هەزم نەکرا کەوا الله تابلۆی شانازی مرۆڤایەتی بە پێگەی پێغەمبەرایەتی سەرفراز کردووە. ئەگەرچی لە پشتی دەرگا داخراوەکانەوە دانی بە پێغەمبەرایەتی پێغەمبەری خودادا دەنا، بەڵام لە ترسی ئەوەی هەندێک لەو بەرژەوەندیانەی هەیەتی لە دەستی دەدات، بە شێوەیەکی ئاشکرا دانی بەم ڕاستیەدا نەنا. ئیدی گومان لەوە نیە کە ئەم هەڵوێستەی ئەو، ئەنجامدانی سەرکەشی و دژایەتیە بەرامبەر الله. زۆرێک لە موشریکەکانی ئەو ڕۆژگارە –حاشا- لەبەر ئەوەی ڕەزامەندییان بەرامبەر تەقدیری ئیلاهی پشان نەدا و حەزرەتی محمدیان بە شایەنی ئەو پێگەیە نەدەزانی،  توشی دۆڕان بوون.

 

سەردەمەکانی دواتریش کەسانێک هەبوون کەوا هەریەک لە حەزرەتی ئەبوبەکر، عومەر، عوسمان، عەلییان پێ هەزم نەکراوە. بە تایبەت زۆرێک لە کەسی نادان و ناپەسەن، بەرامبەر حەیدەری کەرار، شاهی مەردان و داهی ئەعزەم، واتە حەزرەتی عەلی وەستانەوە؛ بەم شێوەیە کۆمەڵگای ئیسلامیان پارچە پارچە کرد. هەربۆیە ئەم هەستیە ناحەزیە زۆر جار لە جیهانی ئیسلامدا بووەتە هۆی ئەوەی زۆرێک لە فیتنەکان سەر هەڵبدەن. بەهەمان شێوە شەیتانیش کەوا لەبەر کیبر و غروری خۆی حەزرەتی ئادەمی پێ هەزم نەکرا، لە حزوری ئیلاهی دەرکراوە و وەک دوژمنی ئەبەدی نەوەکانی ئادەمی لێهات. سەرئەنجام شەیتان توشی دۆڕان و حەزرەتی ئادەمیش بردنەوەی بەدەستهێنا. بەڵێ، ناحەزی کردن دەبێتە هۆی ئەوەی لە دونیا-ئاخیرەت توشی دۆڕان ببین.

 

کەسانێکیش کەوا لە ڕۆژگاری ئەمڕۆماندا دۆڕاون بە هەندێک لە ناحەزیی و حەسودیی، دەشێت کەسانێکیان بە دڵ نەبێت کەوا فیداکارانە لە ڕێگەی الله خەریکی ڕاکەکن. دەشێت هەموو شتێک بکەن هەتا ئەوان لەسەر ڕێگەی خۆیان لابدەن. دەشێت هەندێک کەس شوێنی خۆشیان بخەن و، لە ڕێگەی ئەنجامدانی هەندێک جوڵەی نەرێنیەوە، هەوڵی تێکدانی پرۆژەکانی ئەوان بدەن. تەنانەت دەشێت، لە ڕێگەی فێڵ و تەڵەکەوە هەوڵی فریودانیان بدەن و، کاتێک بینیشیان ئەم کارەیان بۆ ناچێتە سەر، ئیدی پەنا بۆ زوڵم و فشار ببەن هەتا چۆکیان پێ دابدەن.

ئیدی ئەم ناحەزانە کەوا چاویان بە کەسانی خۆبەخش و کارە خێر و خزمەتیەکانیان هەڵنایەت، بە ناوی خراپەوە هەر کارێک ئەنجام دەدەن با بیدەن، هەرگیز نابێت دڵانی خۆبەخشی سەر ئەو ڕێگایە لە ڕۆشتنی ڕێگاکەیان پاشگەز بکەنەوە، سازش لەسەر ئەو بنەمایانەش نەکەن کە پەسەندیان کردووە. ئەو خراپانەی بەرامبەریان ئەنجام دەدرێت، ئاڕاستەی کاری خراپیان نەکات. دەبێت وەڵامدانەوەی زاڵمان بە هاوشێوەی کارەکانی ئەوان، بە سوچێکی ئەقڵیشیاندا نەیەت. چونکە بە گوێرەی حەزرەتی بەدیعوزەمانیش، کارێکی لەم شێوەیە بە نیسبەت کەسانێکەوە کەوا نوێنەری حەق و حەقیقەتن، بیرکردنەوەیەکی زاڵمانەیە. چونکە دەستوری ئەوان لەم حاڵەدا دەبێت بە گوێرەی ئەم ئایەتە بێت:

وَلَا تَسْتَوِي الْحَسَنَةُ وَلَا السَّيِّئَةُ اِدْفَعْ بِالَّتِي هِيَ أَحْسَنُ فَإِذَا الَّذِي بَيْنَكَ وَبَيْنَهُ عَدَاوَةٌ كَأَنَّهُ وَلِيٌّ حَمِيمٌ…

چاکە و خراپە هەرگیز وەک یەک نابن. هەربۆیە تۆ هەوڵی ئەوە بدە بە جوانترین شێوە خراپەکان لەسەر ڕێگات لابدەیت، ئیدی بەم شێوەیە ئەو کەسەی دوژمنی تۆیە، وەک دۆستی گیانی بە گیانی تۆی لێدێت.(الفصلت، ٣٤)

 

هەروەها سەرداریشمان سەبارەت بە هەمان بابەت فەرموویەتی:

اتَّقِ اللَّهِ حَيْثُمَا كُنْتَ، وَأَتْبِعِ السَّيِّئَةَ الحَسَنَةَ تَمْحُهَا، وَخَالِقِ النَّاسَ بِخُلُقٍ حَسَنٍ

لە هەر شوێنێک بوویت لە الله بترسە، لە دوای هەموو خراپەیەک چاکەیەک بکە هەتا لەگەڵ خۆی بیبات. بە ئاکاری جوانیش لەگەڵ مرۆڤەکان مامەڵە بکە.(الترمذی، البر).  موسوڵمان لە ڕوانگەی هەڵسوکەوت و ئاکاریەوە پێویستە هەمیشە نوێنەری ئاکاری جوان بێت. ئەمەش بەشێوەیەک بکات، هەرکەسێک سەیری کارە جوانەکانی ئەوی کرد، قێز لە کارە خراپەکانی خۆی بکاتەوە.

بە پێچەوانەوە ئەو ساتەی لە بەرامبەر هەڵە و گوناحی کەسانی تر ئێمەش دەڵێین” با ئێمەش وەک ئەوان بکەین”، ئێوەش هەمان ڕێچەکی هەڵەی ئەوانتان گرتووەتە بەر. الله وەک ئەوەی لێپێچینەوە لە تەواوی زوڵم و ناحەقیەکانی ئەوان دەکات، لێپێچینەوە لە هەڵەکانی ئێوەش دەکات. چونکە هەڵە و گوناحی کەسانی تر، پەردەپۆشی هەڵەکانی ئێوە ناکات. بابەتی ئەوەی زوڵمتان لێکراوە، هەرگیز ئەنجامدانی زوڵم لەلایەن ئێوە ناکاتە کارێکی شەرعی و ڕەوا. هەروەها بیرکردنەوەیەکی وەک” ئێمە تەنیا وەڵامی ئەوانمان دایەوە، تەنیا وەک خۆیان مامەڵەمان لەگەڵ کردن”، بە فریای ئێوە ناکەوێت. هەربۆیە گەر کەسانێک سنوری خۆیان ببەزێنن، زوڵم بکەن، پەنا بۆ ئەشکەنجەدانیشتان ببەن، سیستەمێکی کارای کارەکانی ئێوە تێکبدەن، ئیماندارێک کەوا لە شعوری ئیمانەکەی خۆیدا بێت، هیچ کارێکی ناشەرعی ئەوان دووبارە ناکاتەوە. ئەوەی لەسەر شانی کەسی ئیماندارە، هەموو کاتێک بە شێوەیەکی مرۆڤانە و موسوڵمانانە هەڵسوکەوت بکات.

 

بەڵێ، لە بەرامبەر ئەو شێواز و ڕێگا شەیتانیانەی کەسانێکی تر بەکاری دەهێنن، لە پێناو ئەوەی ئێمەش نەکەوینە ناو هەندێک کاری هەڵەوە، پێویستە بە شێوەیەکی دەراسا بە دیقەت بین و حەزەر بکەین. پێوستە نە بەرامبەر کەسانێکی ناحەز و حەسود هەمان هەستمان هەبێت، نە بەرامبەر زوڵم و ناحەقیەکانیان، هەوڵی ئەوە بدەین بە هەمان شێوە وەڵامیان بدەینەوە. بە پێچەوانەوە؛ لە بەرامبەر تەواوی ئەم شتە نەرێنیانە، سیستەمی هەرسکردنمان زیاتر بەهێز بکەین، ئارامگری بخەینە سەر ئارامگریمان، هەردەم بڵێین ” گەر لە جەلالیەوە بێت جەفا، یان لە جەمالیەوە بێت وەفا، هەردووکیان بۆ گیانمانە سەفا، قەهریشی خۆشە و لوتفیشی خۆش”، تەواوی ئەو شتانەی ڕوو دەدەن، بە تەوەکولێکی قوڵ و سینەیەکی بەرفراوانەوە پێشوازی لێبکەین. دەبێت لە نێو کەوانەیەکیشدا ئاماژە بەوە بکەم، کە تەواوی ئەم قسانە بەو واتایە نایەت، کەوا کەسانی تاوانبار لە چوارچێوەی یاساکاندا سزا نەدرێن و، هەر مافێک کەوا زەوت کرابێت نەگەڕێندرێتەوە بۆ خاوەنەکانیان.

 

جگە لەمانە، گەر خۆتان بە کەسانێکی خراپەکارەوە خەریک بکەن، ئەوا دەبێتە بەفیڕۆدانی کات، لەو ڕێگایەی دەڕۆن ناتوانن هیچ مەسافەیەک بڕۆنە پێشەوە. حسابی ئەمەش لەلایەن الله وە لێپێچینەوەی لەگەڵدا دەکرێت. لە جیاتی ئەم کارانە، بێ ئەوەی لە جوڵە و هەنگاو و کۆششتان توشی وەستان ببن، بە شیوەیەکی بەردەوام بە دوای ڕێگە و شێوازی ئەڵتەرنەتیڤدا بگەڕێن و لەسەر ڕێگای خۆتان بەردەوام ببن. تەنانەت گەر ئەو ڕێگایەی لەسەری دەڕۆن بە شێوەیەک لێبکەن کەوا چیدی کەڵکی ڕۆشتنی نەمێنێت، هەرگیز نابێت بوەستن و، لە ڕێگەی دۆزینەوەی ڕێگەی نوێوە بەردەوامی بە ڕێپێوانی خۆتان دەدەن. ئەم دونیایە دونیا زویر بوون نیە و دونیای بەرگە گرتنە. هەربۆیە نابێت لە بەرامبەر جەور و زوڵمەکاندا دڵ زویر ببین، توشی دڵتەنگی و شکان ببین. لە ڕاستیشدا لە سەردەمێکدا کەوا مرۆڤەکان چەشنی گورگ هەوڵی خواردنی یەکتری دەدەن، گەر کەسانێک نەبن کەوا مرۆڤایەتی فێری ئەرکان و ئادابی نوێ بکات، ئەوا چارەنوسی دونیا بە شێوەیەک نابێت کەوا دڵی مرۆڤ پێ خۆش بێت. لە ئێستادا چارەنوسی دونیا وەک ئەوەی ڕادەستی دڕەندەگەلێک کرابێت وەهایە، کە هەمیشە بە ڕەقی و توندوتیژی مامەڵە لەگەڵ بابەتەکان دەکەن.

لەم ڕوانگەیەشەوە بێ هیچ گومانێک پێویست بە بوونی ڕەوتێکی نوێ، تەوژمێکی جیاواز، بیرکردنەوەیەکی جیاواز و پێکهاتەیەکی ڕەسەن دەکات. پێویستە هەوڵی بونیادنانی ئەو پێکهاتەیە بدرێت و بە مرۆڤایەتی بوترێت” سەیرکەن بەم شێوەیەش دەبێت”.

ئەوە پشانی مرۆڤەکان بدرێت کە لە جیاتی فشار، زۆرداری، توندوتیژی، بۆمبەکان؛ دەتوانرێت لە ڕێگەی خۆشەویستی، لێبوردەیی، وابەستە بوون بە بەها مرۆیی و ئاکاریەکانەوە بەڕێوە ببردرێن.

بۆ ئەم مەبەستەش پێویستە ئێوە لە پێش هەمووانەوە بەرامبەر لێدەر بێدەست، بەرامبەر جوێندەر بێ زمان و، کەسانێک کەوا دڵیان لێتان تۆراوە، دڵ تۆراو نەبن. گەر بەرامبەر مرۆڤگەلێک کەوا بە دڕندەیی،  توڕەیی، نەفرەت و کینەوە شاڵاوتان بۆ دەهێنن، ئێوەش بە نەفرەت و کینەوە وەڵامیان بدەنەوە، ئەوا بازنەیەکی گەندەڵ لە نەفرەت و کینە پێکدەهێنن، ئیدی کەسانێک کەوا دوژمنایەتی ئێوە دەکەن، بە تەواوی ئاڕاستەی کاری دڕندانە دەکەن. گەر خوازیاری ئەوە بن کە  گوڵ و لالە لە چواردەورتان بوونی هەبێت، ئەوا پێویستە لە پێشدا، لە دڵی خۆتاندا ئەم گوڵ و لالەیە بوونی هەبێت.

چونکە تەنیا لەم کاتەدا، حاڵێکی لەم شێوەیە لە کردار و هەڵسوکەوتەکانیشتاندا ڕەنگ دەداتەوە و، ئیدی بە هەر شوێنێکدا سوڕانەوە، چەشنی بازاڕی بۆن فرۆشان بۆنی گوڵ بڵاو دەبێتەوە.

**

نەکەوتنە هەڵە لە بابەتی ئسولبدا

 

ئێوە بە نیسبەت ئەو کەسانەی هێرشتان دەکەنە سەر، گەر هەر پێویست بەوە بکات شتێک بە ناوی ئامۆژگاری یاخود ڕاستکردنەوەی قسەکانیان  بڵێن، دەبێت ئەم قسەیە ١٠ جار دوای ئەوەی چاوی پێدا دەخشێننەوە، لە دەمتان بێتە دەرەوە. هەروەها تەنیا بە بیرکردنەوەی خۆشتان دەست هەڵنەگرن و، پرس و ڕا بە کەسانێکیش بکەن کەوا ئەقڵیان لەسەردایە و بڵێن” تۆش سەیری ئەم نوسینەم بکەرەوە، بزانە شتێکی دڵ زویرکەری تێدایە؟ ئایا نوسینەکان پێویستیان بە نەرم کردنەوە هەیە؟”، بەم شێوەیە بیرکردنەوەی ئەوانیش وەردەگریت. چونکە خاتری حەق زۆر بەرزە، نابێت بکرێتە خاتری هیچ شتێکی تر.  کاتێک بەرگری لە حەقیش دەکەین، نابێت تێکەڵی هەستەکانی خۆمانیان بکەین. گەر خوازیاری ئەوە بن بچنە ناو دڵەکانەوە، پێویستە ئەو کەسانەی دەیانکەن بە دوێنراوی خۆتان، زۆر بە باشی هەستی گشتی، ئەو زەمینە کەلتوریەی لێی پەروەردە بوون و ئەو بەهایانەی باوەڕیان پێیە بزانن و بە گوێرەی ئەمە دەرمان و چارەسەرەکانیان پێشکەش بکەن. چونکە هەمان دەرمان بە هەموو نەخۆشێک نادرێت. کام دەرمان بە کێ دەدەیت، ئەمە بە گوێرەی نەخۆشی کەسەکە دیاری دەکرێت. گەر هەر لە سەرەتاوە کەسایەتی دوێنراوەکەی بەرامبەرتان، دونیای بیرکردنەوەیی، چۆنی کاردانەوە بەرامبەر کام قسە پشان دەدات، لە حسابی خۆتاندا دانەنابێت، ئەوا بە پێچەوانەوەی ئامانجەکەتان سەرئەنجام بە دەستەوە دەهێنیت.

 

حساب کردن بۆ ئەو شتانەی کەوا لایەنی بەرامبەر بایەخی پێدەدات، لە هەمان کاتدا نیشانەیەکی زۆر گرنگی ئەو ڕێزەیە کە خۆمان بەرامبەر بەهاکانمان پشانی دەدەین. چونکە گەر لەم بابەتەدا بە دیقەت نەبن و بە حەزەرەوە مامەڵە نەکەن، وەک ئەوەی حساب بۆ قسەکانتان ناکرێت، لە هەمان کاتدا ڕێگە بۆ ئەوە خۆش دەکەن کاردانەوە بەرامبەر بەهاکانتان پشان بدەن و، تەنانەت سوکایەتیشیان پێبکرێت. هەڵەیەکی لەم شێوەیە، هەنگاوەکانی دواتریشتان پوچەڵ دەکاتەوە.

مرۆڤەکان کاتێک ژیانیان لەسەر شتێک ڕاهاتووە، وەک بەشێک لە سروشتیانی لێهاتووە و، بگرە وەک قوڵاییەکی فیترەتیانی لێهاتووە، کاتێک ئەم بەهایانەی ئەوان نادیدە دەگریت، تەنانەت گەر پەیامێکیان لە بەهەشتیشەوە بۆ ببەیت، قبوڵی ناکەن. خۆ دوورگرتنی مەردەکانی ئیڕشاد و ڕێنمویی لە کارگەلێکی دەمارگیرانەی لەم شێوەیە، یەکێکە لە بەرپرسیاریە گرنگەکانی سەرشانیانە.

 

ئەو مرۆڤانەی کەوا بوونەتە میراتگری داوای پێغەمبەران، لەلایەک پێویستیان بەوە هەیە بە شێوەیەکی توندوتۆڵ پەیوەندیان لەگەڵ الله هەبێت، لەلایەکی ترەوە لەگەڵ خەڵکیدا تێکەڵ ببن و لە ڕوانگەی هەست و بیرکردنەوەیانەوە بە باشی بیانناسن. ئەوان پێویستە هەردەم لەگەڵ مرۆڤەکاندا ببن و، بە باشی شارەزای هەست و بیرکردنەوە و بیروباوەڕیان ببن و، بە شێوەیەکی بەردەوام بە دوای ڕێگەی چوونە ناو دڵیان بگەڕێن، هەتا ئەو پەیامانەی پێشکەشیان دەکەن بە جوانی پێشوازی لێبکرێت.

 

**

 

ئیخلاس و سەمیمیەت

ئەگەرچی تەواوی ئەمانەی باسکران گرنگ و بایەخێکی زۆریشیان هەبێت، هەر خۆ راپسکان و پەلەقاژەیەک کەوا لە ڕێگەی خزمەتدا ئەنجام دەدرێت، بۆ ئەوەی لەلای خودا نرخێکی بۆ دابنرێت، وابەستەی ئەوەیە بە سەمیمیەتەوە ئەنجام بدرێت. لەم بابەتەدا چەندە سەمیمیەت و ئیخلاستان هەبێت، هێندە دەبنە جێگەی ئەوەی الله ڕووتان تێبکات. ئێوە چەندە ڕووتان لە حەق و جەنابی حەق بێت، تێڕوانینەکانتان بۆ ئەو تەرخان بکەن، ئەویش بەو ڕادەیە چاودێر و یارمەتیەکانی ڕوو لە ئێوە دەکات. ئەو دەرگایانەی بە رووتاندا داخراوە، لە وەرزی خۆیدا سەرلەنوێ بە ڕووتاندا ئاوەڵا دەبن و دەکەونە سەرپشت. هەتا ئێستا هیچ کەسێک نەبووە کەوا بە سەمیمیەتەوە ڕووی لە دەرگای ئەو کردبێت و بە دەستی بەتاڵ گەڕابێتەوە. چونکە ڕەحمەتی ئەو هەر بە ڕاستی زۆر بەرفراوانە. هەربۆیە هەرچیەک دەکەین با بیکەین، پێویستە هەر هەمووی لە پێناو ئەودا ئەنجام بدەین. مەگەرنا نرخی تەواوی ئەو کارانەی ئەنجامی دەدەین، بۆ سفر دادەبەزێنین. مادام بێ کۆتایی هەیە لەبەرچی نرخی کارەکانمان بۆ سفر دابەزێنین! ئەم بابەتە لایەنی ناوەندی نیە. یان ئەوەتا هەموو شتێک بە بێ کۆتاییەوە دەبەستیتەوە و بەو شنەبایەیەی لە بێ کۆتاییەوە دێت شاد دەبیت، یاخود بێ ئەوەی ئاگات لە خۆت بێت، نرخی هەرکارێک کەوا ئەنجامی دەدەیت، بۆ سفر دادەبەزێنیت.

الله هیچ کاتێک ئەو دەرگایانەی داخراون، بۆ هەتا هەتایی دانەخستووە. یەکێک لە دۆستانی حەق چەند جوان گوزارشتی لێکردووە کە دەڵێت:

 

گەر دەرگایەک دابخات، هەزار دەرگات لیدەکات گوشاد

حەزرەتی الله ئەفەندی فاتیحول ئەبوابە

تەنیا مەرجی ئەمەش ئەوەیە، لە بەرامبەر ئەودا بەردەوام دەرگایەکی دڵتان بە کراوەیی بمێنێتەوە. لە تەواوی بیرکردنەوە و تیبینیەکانماندا هەمیشە و هەردەم هەر ئەو بوونی هەبێت. هەرچیەک ئەنجام دەدەین هەر بەوەوە بیبەستینەوە. ستایش و چەپڵەڕێزانی عالەم بۆ ئێمە هیچ نرخێکی نیە.

ئەو نرخەی ئەوان پێتانیان داوە و دەدەن، لە بەرامبەر ڕووتێکردنی بێ کۆتایی ئەودا چی واتایەکی هەیە! لە جیاتی چاوەڕوانی ڕووتێکردنی الله، خۆ خستنە ناو چاوەڕوانی ڕووتێکردنی مرۆڤەکان سازش کردنە. ئەمەش وەک ئەوە وەهایە لە کاتێکدا ئامانج و پاداشتی گەورەتر بوونی هەیە، خۆت بە شایەنی شتێکی کەمتر بزانیت!

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *