وابەستەبوون (ئالودەبوون) بە خزمەت

پرسیار: جار جار لە وتارەکانتاندا دەستەواژەی ” ئالوودەیی خزمەت” بەکاردەهێنن، ئەو واتایانەی لەسەر ئەم دەستەواژەیە بارکراوە چیە؟ ئایا تایبەتمەندیەکانی “ئالوودەبووانی خزمەت” چیە؟

وەڵام: کورترین وەڵام بە نیسبەت ئالوودەیی خزمەتەوە، بریتیە لە خۆتەرخانکردن بۆ ئامانجێکی خەیاڵیی(غایەی خەیاڵ) دیاریکراو. ئەگەر مرۆڤێک لە پێناو خزمەت بیر بکاتەوە، لە پێناو خزمەت دابنیشێت، لە پێناو خزمەت هەڵبستێت، پلان و پڕۆژە بۆ خزمەت بەرهەم بهێنێت، ئەمە بە واتای ئەوەیە کەوا ئالوودەی خزمەتکردن بووە. ئیدی چوونی ئەو کەسە بۆ خوێندنگە، بینینی پەروەردە، نوسین و نەخشەسازی ئەو کەسە هەر لە پێناو خزمەتدا دەبێت. ئیدی کەسێکی لەو شێوەیە، لە پێناو گەیاندنی حەق و حەقیقەت بە سینە ئاتاجەکان، ڕزگارکردنیان لە چەپەڵی سەردەم، دەستگرتنی ئەو مرۆڤانەی کەوتوونەتە زەلکاوە و دەرهێنانیان، ئامادەیە فیداکاری لە داباری هەستە ماددی-مەعنەویەکانی خۆیشی بکات.

بە دەربڕینێکی جیاواز، بریتیە لەوەی مرۆڤەکان تەواوی ڕەفتار و هەڵسوکەوتەکانیان بە ڕەزامەندی حەق و خۆشنودی ئەوەوە ببەستنەوە، تەواوی ئەم هێز و دەسەڵاتەی هەیەتی، لە پێناو ناساندنی ئەو بە مرۆڤایەتی بەکاربهێنێت. کەسانێک هەن کەوا ئالودەی ماددەگەلێکی زیانبەخشی وەک جگەرە، خواردنەوە کحولیەکان، ماددە هۆشبەرەکان دەبن؛ کەسانێکیش هەن ئالودەی ئەوە دەبن کەوا ڕۆژانە ٣ ژەم نان بخۆن، یاخود ٣-٤ چا و قاوە بخۆنەوە. ئەم جۆرە ئالودەبوونانە، گوزارشت لە جۆرێک لاوازی دەکات. هەربۆیە لەم ڕوانگەیەوە کەسی ئیماندار پێویستە ئالوودەی هیچ شتێک نەبێت.   پێویستە خۆی بە شێوەیەک ئامادە بکات کەوا لە ژێر چەتونترین هەلومەرجەکانی ژیانیشدا بەردەوامی بە ژیانی بدات، گەر پێویستی کرد بتوانێت بەرگەی هەلومەرجە سەختەکان بگرێت، بزانێت کەوا قەناعەت بە ژیانێکی کولەمەرگی بکات.

ئەگەرچی سوود وەرگرتن لەو نیعمەتانەی کەوا ڕێگەیان پێدراوە، زیانێکی بۆ دین و دیانەتی مرۆڤەکە نیە. بەڵام مرۆڤێک کەوا ئالوودەیی جیاواز جیاوازی هەیە، خۆی لەسەر ژیانی ڕەحەت و ئاسان ڕاهێناوە، بابەتی ئەوەی لە ژێر هەلومەرجی سەختدا ببنە وتەبێژی حەق و خۆیان بە خاوەنی حەقیقەت بکەن، هەروا کارێکی ئاسان نیە.

بەڵام کاتیک دێینە سەر بابەتی ئەوەی مرۆڤ ئالوودەی خزمەتکردن بێت، ئەمەیان گوزارشت لە لاوازی مرۆڤ ناکات؛ بە پێچەوانەوە سیفات و خەسڵەتێکی زۆر مەزنە کەوا لە دوای هەوڵ و کۆششێکی زۆر جددی، چنگ مرۆڤ دەکەوێت.  وەک چۆن مرۆڤ بۆ ئەوەی ببێتە ئالوودەی عیبادەت، لە سەرەتادا پێویستە هەندێک زۆر لە خۆیشی بکات، بۆ ئەوەی بشبیتە ئالودەی خزمەت، پێویستە لە سەرەتاوە هەوڵ و کۆششێکی زۆر جددی بخەیتە گەڕ. سەردارمان لە یەکێک لە فەرمودەکانیدا ئاماژەی بەوە داوە، وەک چۆن ئێمەی مرۆڤەکان حەزمان لە خواردن و خواردنەوە و چێژی لێدەبینین، ئەویش بە هەمان شێوە چێژی لە عیبادەت و تاعەتی پەروەردگاری بینیوە. ئیدی نازانم گەر دەستەواژەی ” ئالوودەی عیبادەت” بۆ ئەو بەکاربهێنین گونجاوە یاخود نا. ڕاستیەکی بەکارهێنانی گوزارەیەکی لەو شێوەیە بەرامبەر ئەو بە گونجاو نابینم. بەڵام گەر سەردارمان لەم بابەتەدا ئاراوتە بکەین، بەکارهێنانی دەستەواژەی” ئالودەی عیبادەت” بە نیسبەت ئەو مرۆڤانەی لە کاتی ئەنجامدانی عیبادەتدا هەست بە چێژیکی ڕۆحانی لەو شێوەیە دەکەن، دەشێت گونجاو بێت.  

ئالوودەبوویەکی خزمەت، ژیانی خۆی وابەستەی بەرزکردنەوەی ناوی الله دەکات. هەست و بیرکردنەوەی کەسێکی لەو شێوەیە هەمیشە بەم شێوەیەیە “پەروەردگارم، گەر بتوانم خزمەت بەوە بکەم کەوا ناوی جەلیلی تۆ و ڕۆحی ڕەوانی محمدی لە هەر چواردەوری دونیا وەک بەیداخ بشەکێنمەوە، ژیانم واتایەکی دەبێت، ئەگەر توانای کارێکی لەو شێوەیەم نەبێت، لەبەر ئەوەی ژیانیشم واتایەکی نامێنێت، دەتوانی گیانم لێبستێنیتەوە”. ئەو لە جیاتی مانەوە لە ژیانێکدا کەوا واتای نەماوە، بەم شێوەیە عەریزەیەک پێشکەش دەکات و ئامادەیی  خۆی بۆ دەست لە کارکێشانەوە ڕادەگەیەنێت.

واتای ئەمەش ئەوە نیە کەوا دەست لە کاروباری دونیای هەڵبگریت. بە پێچەوانەوە، بریتیە لەوەی لەو کاتەی کەوا هەوڵدەدەیت و شتێکیش بەدەست دەهێنیت، هەر بیر لە خزمەت بکەیتەوە. ئیدی ئەو کەسە هەر کارێک کەوا ئەنجامی دەدات با ئەنجامی بدات، هەر چۆن ئیمکانیەتێکی هەبێت با بیبێت، بۆ هەر پێگەیەک بەرز ببێتەوە با بەرز ببێتەوە، تەواوی ئەمانە بەکاردەهێنێت لە پێناو ئەوەی ببێتە تەرجومانی حەق و حەقیقەت، وەک زەمینەیەک بۆ بەدەمەوە چوون و خۆ کردنە خاوەنی هەڵسەنگاندنی بۆ دەکات.

لە ڕوانگەی ئەوەوە، هەر مەقام و پایەیەک گەر هەموو کاتێک بەردەست نەبێت بۆ ئەوەی بەرگری لە حەق و حەقیقەتی پێبکات، لە چاوی ئەودا هیچ نرخێکی ڕاستەقینەی نیە. لە چاوی ئالودەبوویەکی خزمەتدا، نە چەپڵە، نە پیاهەڵدان، نە شۆرەت و خۆشی ژیان و  ئاسودەیی، گرنگیەکی نیە. لە ڕوانگەی ئەوەوە، ئەمانە ئامانجگەلێک نین کەوا مرۆڤ بە دوایاندا خەریکی ڕاکەڕاک بێت و هەوڵی بەدەستهێنانیان بدات.

ئەو تەنیا یەک خەمی هەیە، ئەو مەفکورە باڵایەیە کەوا لە ناخی دڵیەوە پێوەی وابەستەیە.

هەربۆیە گەشتن بە بیرکردنەوەیەکی خۆتەرخانکەرانەی بەم شێوەیە، کارێکی ئاسان نیە. لە سەرەتای سەرەتاوە، پێویستی بە عەزم و خۆڕاگریەکی جددی هەیە. پێویستە کەسەکە لە سەرەتاوە زۆر لە خۆی بکات، هەتا ڕادێت لەسەر ئەمەش بەرگەی تەواوی ئەو ناڕەحەتیانە بگرێت کەوا دێنە سەر ڕێگەکەی.

هاوڕێیەکی هەبوو، کەوا کۆچی دوایی کرد. کاتێک بۆ یەکەم جار داوای ئەوەی لێدەکەن کەوا لە پێناو خزمەتدا هیمەتێک ئەنجام بدات، پارەیەک لە گیرفانی دەردەهێنێت کەوا بە گوێرەی نرخی ئەو ڕۆژە زۆر کەم دەبێت. هێندەی ئەو موچەیەی کەوا فەرمانبەرێک وەریدەگرێت، شتێکی لەو شێوەیەی بەخشیبوو. بەڵام ئەو لە ڕێگەی ئەم قسانەیەوە، باسی لەوە کرد کە تەنانەت ئەو بڕە کەمەش لەو کاتەدا بە نیسبەت ئەوەوە چەندە سەخت بووە” وەک ئەوە وەهابوو، دڵم دەربهێنم و بیدەم”. بەڵام هەمان زات، دوای ئەوەی چەندین جار هەمان کاری ئەنجامدایەوە، دوای ئەوەی چەندین تاقیکردنەوەی تێپەڕاند، وەک ئالوودەبوویەکی خزمەتی لێهات و، لە دوای بەرز بوونەوەی بۆ ئەو ئاسۆیە، هەرچی لە چنگدا بووایە، لە پێناو ڕێگەی الله دەیبەخشی. خۆ گەر داوای گیانیشیان لێبکردایە، بەوپەڕی خۆشحاڵیەوە ئەویشی دەبەخشی.

ڕێک وەک ئەم هاوڕێیەمان، زۆر مرۆڤی هەڵبژاردە و بەرگوزیدەم ناسی کەوا خۆیان بۆ خزمەت تەرخان کردووە، هەمیشە خۆم بە بەختیار زانیوە، کەوا خۆمم لە نێو کۆمەڵێک مرۆڤی لەو شێوەیەدا بینییەوە. ئەم هاوڕێیانە گەر بۆ ئەنجامدانی هیممەت بانگ نەکرانایە، دڵیان دەشکا و دەیانوت” باشە لەبەرچی بە ئێمەیان نەوت، خۆ ئێمەش نیازمان هەبوو شتێک بکەین”. هەندێک لە کاسپکارەکانیش دەیانوت” وەها دیارە تەواوی خوێندکار و مامۆستاکان هیجرەت بۆ هەر چوار لای دونیا دەکەن، با ئێمەش هیجرەت بکەین”، بەم شێوەیە بوخچەی خۆیان کۆدەکردەوە و بەڕێدەکەوتن. واتە ئەوانیش لە ڕێگەی هزری ئەوەی لە پێناو الله خزمەت بە مرۆڤایەتی بکەن، لەوانیشدا حاڵی ئالوودە بوون بە خزمەتی فەراهەم کردبوو. هەربۆیە ئەم حاڵەشیان بەردەوام زۆری لێدەکردن، هەتا هەوڵ و کۆششێکی زیاتر بخەنە ڕوو.

خۆ گەر مرۆڤێک هەست بە وابەستەیی بەرامبەر خزمەت بکات، هەوڵی ئەوە دەدات هەموو هەلێک بە ئاڕاستەی خزمەتکردن هەڵبسەنگێنێت. ئارەزووی ئەوە دەکات بە هەر چواردەوری دونیادا بکرێتەوە، لە هەموو لایەک مەشخەڵێک دابگیرسێنێت و گڕی بەر گوێئاگردانێک خۆش بکات. خۆ گەر ئەم کارە ئەنجام نەدات، ئەوا ژیان بە نیسبەت خۆیەوە بە بێ هودە ئەژمار دەکات. ئەو مرۆڤانەی ئالوودەن و، ئەو شتانەیان لێ دوور دەخەیتەوە کەوا ئالوودەی بوون، وەک چۆن توشی ناڕەحەتی جددی دەبن و، هەندێک جار هەڵدەلەرزن و تەنانەت هەندێک جاریش گیان لە دەست دەدەن، پێموایە ئەوانەی ئالوودەی خزمەتیش بوون، گەر لەم کارە دایانبڕێنیت، هار دەبن.

ئەوەی لە هەموو سەردەمێکیشدا ئاتاجین پێی، بریتیە لەوەی ئەمە بکەین بە ئەخلاقی خۆمان. لەو بازنەیەی کەوا ئێمە بوونمان تێیدا هەیە، ئاشکرایە کەوا حاڵێکی لەم شێوەیە لەسەر ئاستی جیاواز بوونی هەیە و لە هەموو لایەکەوە پەسەند کراوە. پشتیوان بە خودا ئەم تێڕوانینە، ڕۆژێک دێت کەوا لەسەر ئاستی بازنەیەکی فراوانتر، پەسەند دەکرێت. ئەو مرۆڤانەی کەوا ئالودەی تێڕوانینێکی لەو شێوەیەن، بە پشتیوانی و چاودێری الله، لە هەر چواردەوری دونیا گوێئاگردانەکان دادەگیرسێنن، نەشونمای هەست و هزرێکی لەم شێوەیە لە هەموو لایەک، فەراهەم دەکەن. جارێکی تر ڕێگەی ئاشتی و سەقامگیری پشانی مرۆڤایەتی دەدەنەوە، ئادابی ژیانی مرۆڤانە فێری هەموو کەسێک دەکەن.

بابەتی ئەوەی لە دەسخستنی دەرئەنجامگیریەکی لەو شێوەیەدا، وەک چۆن زۆر گرنگە کەوا هەریەک لە مرۆڤەکان وەک ئالوودەیەکی خزمەتیان لێبێت، هەڵسەنگاندنی لێوەشاوەیەت و ئامادەیی ئەو مرۆڤانەی کەوا ئالوودەی خزمەت بوون، بە ڕادەی ئەو گرنگە. زۆر گرنگە هەلومەرج و زەمینە خۆش بکرێت بۆ ئەوەی هەموو کەس ئەو ئاستە پشان بدات کەوا لێی چاوەڕوان دەکرێت، بە شێوەیەکی قازانجهێنەر ڕابکات ، هەتا هەوڵ و کۆششەکانیان بەرهەمی هەبێت. زۆر گرنگە کەوا ڕێگری لە کەس نەکرێت و، سێبەری بۆ دروست نەکرێت. پێویستە زۆر بە باشی کارەکان دابەش بکرێن و، بە جوانی ئەوە دیاری بکرێت کەوا کێ لە کام بواردا دەتوانێت بە باشی ڕابکات. هەربۆیە پێویستە ئەمانە حەواڵەی لای ڕاوێژکردن بکرێن و بە گوێرەی ئەقڵی دەستەجەمعی هەنگاو هەڵبگیردرێت.

بەڵێ، پێویستە بەردەمی هەموو کەسێک بکرێتەوە، هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی لەلایەن مرۆڤەکانەوە فەراهەم بکرێت، ئەو خزمەتەشی دەیخەنە ڕوو بە ڕێزەوە مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت و دەستخۆشی لێبکرێت. سوود لە ئەزمون و تێشووی گەورەکان ببینرێت و، لە گەنجەکانیشدا سوود لە دینامیک و وزەکانیان ببردرێت. پیویستە هەموو کەسێک بە گوێرەی پێگەی خۆی هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێت. وەک ئەوەی سەردارمان لە فەرموودە موبارەکەکانیدا ئاماژەی پێداوە، هەر مرۆڤێک لە هەر ئاستێکی کەلتور و پەروەردەدا بێت، پێویستە بەرامبەر گەورەکان بە شێوەیەکی دەراسا ڕیز و حورمەت بەرامبەر گەورەکان پشان بدات، بە خۆشەویستی و بەزەییشەوە بچوکەکان لە ئامێز بگرێت.

خۆ گەر گەنجەکان وەک پێویست ڕێز لەو تیمسالانەی خزمەت نەگرن کەوا ژیانیان بۆ خزمەت تەرخان کردووە، ئەوانیش بە گەنجەکان بڵێن” ئێوە منداڵی دوێنێن” بەم شێوەیە بە سوک بیانگرن، ئەوا ڕێگەی بەردەمیان توشی گیران دەبێت.

ئەگەر لە شوێنێکدا گیرانێکی لەو شێوەیە بوونی هەبێت، ئەوا خزمەت بۆ سەرلەنوێ زیندووبوونەوە، پێویستی بە ئەنجامدانی قەستەرە هەیە.  پێویستە سەرلەنوێ ڕۆحی دانوستان و ڕاوێژکاری زیندووبکرێتەوە. پێویستە بە شێوەیەکی ڕەها هەموو کەسێک بە گوێرەی بەریانی لێوەشاوەیەتی خۆی،  یارمەتی بدرێت کەوا چالاکیەکانی ئەنجام بدات، هەتا بە زیندوویی و چالاکانە بمێننەوە. گەر مرۆڤەکان لە کاردا نەبن، پاش ماوەیەک ژەنگ هەڵدەهێنن و توشبوونیان بە دەستەوسانی و خاوبوونەوە حەتمی دەبێت، ماسولکە و سیستەمی دەمارەخانەکانیان توشی لاوازی دەبێت.

دەمەوێت لێرەدا تایبەتمەندیەکی ترتان بە بیردا بهێنمەوە. ئاشکرایە، حەزرەتی ئوستاد ئاماژە بەوە دەکات کەوا شەیتان زۆر خۆی خەریکی خزمەتکارانی خزمەت دەکات. چونکە دوژمنایەتی شەیتان بۆ هەرکەسە و بە گوێرەی ئاستی خۆیەتی.  ئەوانەی خۆیان دەکەن بە خاوەنی دین و دیانەت، لە شوێنی خۆیدا نوێنەرایەتی دین دەکەن، دوژمنی سەرسەختی ئەون. هەربۆیە هەرکەسێک کەوا هەوڵی زیندووکردنەوەی دین بدات، لە دڵەوە خۆی بە خزمەت دابێت، ئالودەی ئەم کارە بووبێت، شەیتان لەگەڵ ئەو زۆر خەریک دەبێت. بەردەوام هەوڵی ئەوە دەدات سەری ئەو کەسە بسوڕێنێت و بەم هۆیەوە سەری لێبشێوێنێت، ئاڕاستەی شتانێکی بکات کەوا پەیوەندییان بە ئامانجەکەی ئەوەوە نیە. شەیتان بۆ خۆ خەریکی ئەوانە بکات کەوا ڕۆژوەکانیان لە چایخانەیە و جەژنیان لە مەیخانەیە و بەربانگیشیان لە بتخانەیە! لەبەرچی وزەی خۆی بە بەلاش لەگەڵ ئەواندا خەرج بکات! چونکە ئەو موفسید و تێکدەرێکی زۆر پیشەگەر و پڕۆفێشناڵە. هەربۆیە پێویستە ئالوودە بووەکانی خزمەت بە شێوەیەکی بەردەوام پەنا بۆ الله ببەن لە بەرامبەر شەیتان، زۆر گرنگە هەردەم بێدار بن بەرامبەر ئەو پریشک و پزیسکانەی بە شێوەیەکی بەردەوام لەوەوە بەرەو ڕووی دێن.

 

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *