وەرن با جارێکی تر ببینەوە بە خۆمان!

وەرن، هەموو گەل پێکەوە لە نەزانی، توندوتیژی، دەمارگیری، قین، نەفرەت و حەسودی خۆمان پاک بکەینەوە، لە چوارچێوەی ڕووتەختی  دینی و ڕەنگە میلیەکانمان سەرلەنوێ ببینەوە خۆمان. چەشنی ئەوەی چلە[1] ئەنجام بدەین، شەو-ڕۆژ بەردەوام لە دژی ئارەزووە نەفسانیەکانمان بوەستینەوە، هەناسەیەکی ئاسودەیی بە بەری دڵان و ڕۆحەکانماندا بهێنینەوە.

وەرن با جارێکی تر، لە بەرامبەر تەواوی گەمە تاریکەکانی نەفس و شەیتان کەوا ئێمەیان لە جەنابی حەق دوور خستۆتەوە و کردوویانین بە دیلی جسمانیەت بڵێین “ئیتر بەسە”، بە هێزی ئیمانمان، ڕوو لە دینامیکەکانی  ناخمان بکەینەوە کەوا بە بنەماکانی جێدەرکەوتی “احسن تقویم”[2] ئەژمار دەکرێن و قودرەتی بێکۆتا وەک چرۆیەک لە چیەتی ئێمەدا دایناوە و لە تەواوی جیناتەکانماندا نەخشاندوویەتی، هەتا لەم ڕێگەیەوە داخوازیەکانی تایبەتیە مرۆییەکانمان جێبەجێ بکەین.

لە ڕاستیشدا، لەم ڕۆژە هەستیارانەدا کەوا لە ئێستادا پێیدا تێدەپەڕین، گەر تەواوی زانست و دابونەریت و دەستکەوتە مرۆییەکان، بە مرۆڤ و گەردون و پەیوەندیمان بە ئەفرێنەرەوە نەبەستینەوە و ڕوومان لە زانست و مەعریفەتی ڕاستەقینە نەکەینەوە، بابەتی ئەوەی ببینە قوربانی هەندێک وەهم لە ژێر ناوی زانست و، لە تافی بردنەوەدا توشی دۆڕان ببین و بکەوینە ناو حاڵی ئەو کەسە بەدبەختەی کەوا لە ئایەتێکدا لە بارەیەوە دەفەرموێت” تۆ حاڵی ئەو کەسەیان بۆ باس بکە، کە فەرمانەکانی خۆمان پێبەخشی، ئەویش دواتر خۆی لێداماڵین و پشتی لێهەڵکردن، ئەوسا ئیتر شەیتان شوێنی کەوت و دایە پێش و چووە ڕیزی سەر لێشێواوانەوە”، کارێکی حەتمی دەبێت. بابەتی ئەوەی زانستەکانمان بۆ وەهمەکان وەربچەرخێن، حیکمەت و دانایی بۆ شتانێکی بێهودە بگۆڕێن و ڕێک وەک سەرچاوەیەکی دوودڵی و گومانیان لێبێت، دواتر تەواوی بوون و شتەکان حاڵی جەنازەگەلێکی داچڵەکێنەر وەربگرن و ترس و تۆقان بە ناخماندا هەڵبڕێژن، ئاشکرایە کەوا زۆر ترسناکترە لەوەی نەزانینێکی سادەمان هەبێت.

بابەتی ئەوەی دەستکەوت و زانستگەلێک کەوا بێ ئامانج و بێ غایەن، مرۆڤ لەگەڵ کرۆکی خۆیشیدا دەکەنە بێگانە و لە حەقیقەتی بوون و ڕاستیەکان دوور دەخەنەوە، یەکێک لە شاعیرە نەناسراوەکانمان بەم شێوەیە گوزارشت لەو بابەتە دەکات:

نەخوێندەوار بمێنیتەوە و وابەستە بە جازیبەی دین بیت

باشتر نیە لەوەی زانا بیت و بکێشیت عەزاب؟

مادام وەهایە، کەواتە وەرن با بزانین کەوا دەبێت چی بزانین، هەوڵی کەشف کردنی کرۆکی خۆمان بدەین، ویژدانەکانیشمان دەست لە نێو دەستی یەک بەرەو مەعریفەت بخەینە گەڕ، دڵمان لەگەڵ یەک، پێکەوە بەرەو جەنابی حەق بەڕێ بکەوین. وەک چۆن ئاوەکان لە ڕێگەی هەڵگەڕان و سوڕانەوەی بەردەوامەوە، لە ڕێگەی گۆڕانکاری بەردەوامە بەرەو عومانەکان بەڕێ دەکەون، پێویستە هەردەم بڵێین” ئێمە هەموومان هەر لای الله وە هاتووین- ڕۆحمان بە فیدای ئەو “سەر بەو بوونە” بێت- بێگومان بۆ لای ئەویش دەگەڕیینەوە”[3]، بەم تێبینیەوە هەوڵێکی جددی تر بۆ ئەوە بدەین کەوا نرخی بوونمان بۆ سەرو هەموو نرخەکان بەرز ببێتەوە، بە قۆناغی یەک لە دوا یەکدا تێبپەڕین و شکڵێکی گونجاو لەگەڵ چیەتی خۆمان وەربگرین، بگەین بەئاسۆی ڕۆحی خۆمان و لەگەڵ کرۆکی بوونماندا یەکبگرینەوە.

بەڵێ، دڵۆپەکانی ئاو، لەسەر شێوازی دڵۆپەی بچوک بچوک لە دەریای عومان جیادەبنەوە، لە ڕێگەی بەکارهێنانی وزەکەیانەوە، هێندەی چیەتی خۆیان ڕێگەیان دەدا، بەسەر کۆسپەکاندا دەپەڕنەوە، دەگەن بە خاڵی مۆلەقەی خۆیان… لەویشەوە دیسان لەگەڵ یەکتری یەکدەگرن و چیەتیەکی جیاواز لە هەڵم وەردەگرن، لە دوای ئەوەش بە تێپەڕین بە ناو هەزار و یەک گەمەی هەورە بروسکە و تیشک، دیسان سەربەرەوخوار دێنەوە ناو ئامێزی خاک، لە قوڵایی ژێر زەویشدا کەوا گەنجینەکانی ئاو کەم بووەتەوە یان تەواو بووە، دیسان پڕی دەکەنەوە، بە هانای پێدەشت-دۆڵەکان ڕادەکەن کەوا وشک بوونەتەوە و جگەریان سوتاوە، دەموچاوی باخ و بێستانەکان دەخەنە پێکەنین، بە هەر شوێنێکدا تێدەپەڕن بە زەردەخەنەوە سەیری دەموچاوی ئەوانە دەکەن، کەوا تەماشایان دەکەن. ئیدی لەگەڵ هەموو شت و کەسێکدا دەبنە دەست لە ملانی یەکتر و، بە شەفقەتەوە باوەش بۆ هەموو موحتاجەکان دەکاتەوە بێ ئەوەی جیاوازی لەگەڵ کەسیاندا بکات، گەرمای هەموو لایەک دەڕەوێنێتەوە. دواتریش سەرلەنوێ، بە ئارەزوویەکی قوڵی سەرلەنوێ یەکگرتنەوە و سەودای گەشتنەوە بە حەوزی خۆیان، زێ-ڕووبارەکان پێکدەهێنن و،  بە خوڕەی میوزیکە جیاوازەکانیانەوە ملی ڕێگەی دەریا و دەریاچەکان دەگرن… هەموو کاتێک چاویان لەسەر قوڵاییەکانی کەشوهەوای ئاسمانە، چاوەکەی تریان لەسەر بەرفراوانیەکانی زەویە، بە عەشق و شەوقێکەوە کەوا بڕانەوەی بۆ نیە، خەریکی هەڵگەڕان و داگەڕان دەبن لە نێوان ئاسمان و زەویدا. هەروەها بێ ئەوەی بە هۆی ئەو کارانەی ئەنجامیان داوە مێشکی مرۆڤەکان ببەن، بێ ئەوەی کەس بێ بەش بکەن، هەموو کەس، هەموو شتێک، هەموو شوێنێک دڵخۆش دەکەن و، دەموچاوی تەواوی موحتاجەکان دەخەنە پێکەنین؛ پاشان هۆشداری بە ئینساف و مرۆڤایەتیمان دەدەن و بانگهێشتمان دەکەن بۆ ئەوەی حەقی ئیرادەمان بدەن.

لە ڕاستیدا، بە گیاندار-بێگیانەوە تەواوی ئەوەی لە سیستەمی ژینگەییدا بوونیان هەیە، بە شێوەیەکی وەها دەست لە ناو دەستی یەک، شان بە شانی یەکترن، کە زیاتر لەوەی ئێستا بوونی نیە. بەڵێ، لەو زیندەوەرە بچوکانەوە بیگرە کەوا ناگرنگ دیارن هەتا دەگاتە گیاندارە زەبەلاح و دێوئاساکان، هەموو شت و ماددەیەک، وەک ئەوەی ئەندامی یەک لاشە بن، لە چوارچێوەی پلانێکی دیاریکراودا، هەردەم بە هانای یەکترەوە ڕادەکەن، دەستی یارمەتی بۆ یەکتری درێژ دەکەن، تەنانەت زۆر جار ژیانیان وابەستە بە ژیاندنی کەسانی تر بەسەر دەبەن و نمونەیەکی تەواوی یارمەتیدان و هەرەوەزی کردن دەخەنە ڕوو:

خۆر بەو زەبەلاحی و  گەرموگوڕیەی خۆیەوە کەوا باوەش بۆ هەموو شتێک دەکاتەوە، چەشنی دایکێکی پڕ شەفقەت، هەموو شتێک و هەرکەسێک کەوا لە ژێر بەریانی کاریگەری ئەودا بێت، دەخاتە ژیر باڵەکانی پارێزیلێکردنی خۆیەوە و، بێ ئەوەی کەسیان بێبەش بکات، هەموویان دەبینێت و چاودێرییان دەکات، تەواوی داباری خۆی بەسەر سەری ئەواندا خاڵی دەکاتەوە، لە گەمە هەمە چەشنەکانی تیشک-ڕەنگەکانیەوە، هاواری ئەوە دەکات کەوا ئامادەی جێبەجێکردنی فەرمانەکانیانە. خاک، ئاو، هەوا و تەواوی ئەو گەردیلە بچوکانەی ئەمانە دروست دەکەن، چەشنی ئەوەی خزمەتکارێکی ئاشکرا بن، بە هانای ئێمە و کەسانی ترەوە خەریکی ڕاکە ڕاکن، قۆڵ و باڵیان گرتۆتەوە بۆ ئەوەی، ئێمە بەردەوامی بە بوون و ژیانمان بدەین. باخ و بێستانەکان، ئەو میوە و سەوزانەی لەم باخ و بێستانەدا بوونیان هەیە، چەشنی ئەوەی خوانێکی ئاسمانی بن، بەردەوام لەبەردەممان ڕادەخرێن و هەڵدەگیرێن، نایابترین شێوازی میوانداری پێشکەشی ئێمە دەکەن؛ بە ناوی ئەو هەماهەنگیە گشتیەی کەوا لە گەردوندا هەیە، هەستەکانی یارمەتیدانی و پاڵپشتیکردنی یەکتری بە گوێکانماندا دەچرپێنن و، دڵەکانمان بۆ گەشتن بە بەها باڵا مرۆییەکان هۆشیار دەکەنەوە.

مادام وەهایە وەرن، لەگەڵ تەواوی بوونەوەران و شتەکان، هەروەها تەواوی ڕۆحانی و فریشتەکانی پشت بوون و شتەکان دەست لە ناو دەستی یەکتری بکەین، دڵمان لە ناو دڵی یەکتر بکەین و بەوپەڕی گیانمانەوە باوەش بە یەکتریدا بکەین، بە عەزمی ئەوەی حەقی ئیرادەی خۆمان بدەین، هەستگەلێکی ئاژەڵی وەک قین، نەفرەت، هەڵپە، دوژمنایەتی و شەهوەت… لەناو ناخماندا توڕ بدەین، هەوڵی ئەوە بدەین شان لە شانی ئەو هەوا بێگەردەی لە ڕۆحانیەکاندا بوونی هەیە، ملی ڕێگە بگرین. هەوارگەکانمان لە ئاسۆی دڵ و ڕۆح هەڵبدەین و بە ڕووی حەقدا کراوە بوەستین… دواتر لەوا جوانیانەی کەوا لە ئاسمان و زەویەوە دەڕژێنە ناو ناخمانەوە، لەو گوڵانەی جیهانی لاهوتیەت کەوا دەستیان لێنەدراوە، چەپکە گوڵێکیان لێ ئامادە بکەین، خۆش و شادی جەژنێک بکەین بەو دڵانەدا کەوا برسی خۆشەویستی و جوانین.

وەرن، لەو زیندانە بەرتەسک و لەهۆشبەر و خنکێنەرەی جسمانیەت و نەفسانیەت خۆمان قوتار بکەین، کەمێک لە هەرێم و فەزای ئاسودەی ڕۆحەکاندا لە شەقەی باڵبدەین و پەرواز بکەین، بەردەوام بۆ خودا کارەکانمان بڕێسین و هەر لە پێناو ئەودا دەستی پێبکەین. لە پێناو الله چاوپێکەوتن ئەنجام بدەین، لە پێناو ئەودا قسە بکەین. لە هەموو ڕەفتارێک خۆمان بە دوور بگرین کەوا بەرەو ڕەزامەندی ئەومان نابات، تەواوی تەمەنمان بۆ ڕەزامەندی ئەو تەرخان بکەین، دەستەکانمان-پێکانمان، چاوەکانمان- گوێکانمان، دەم- زمانمان بە داواکاریەکانی ئەوەوە ببەستینەوە، لە هەموو لڤین و هەنگاوێکماندا جارێکی تر هاواری ئەوە بکەینەوە کەوا ئێمەین بەندە ڕاستگۆکانی ئەو…

هەتا ئەو کاتەی تەمەنمان هەیە، هەر بە عەشقی حەق و خۆشەویستی مرۆڤایەتیەوە هەستین و دانیشین. ئەو کاتەی لە دونیاش دەڕۆین و بەجێیدەهێڵین، هەروەک شەهیدێکی عەشق و خۆشەویستی بڕۆین، بە شعوری ئەوەی بەرەو ئەو جیهانە دەڕۆین کەوا ڕۆحانیەکان تێیدا دەفڕن، نەشەی دەرەدەستی بوونێکی جیاواز بخەینە ڕوو.

وەرن، بە تەواوی خودمانەوە ڕوو لە جەنابی حەق بکەین و پێیبگەین. لە ڕوانگەی گەشتن بە خاڵێکی لەو شێوەیەش تەواوی ئەو شتانەی شایەنی لەبیرکردنن بە تەواوی لە دڵمان دەریان بهێنین و توڕیان بدەین، ئەو شتانەشی کەوا شایەنی دەست پێوەگرتن و پارێزگاری لێکردنن چەشنی بیلبیلەی چاومانن لە گیانمان ئازیزتر بیانگرین، لە مەحرەمترین شوێنی سینەماندا دوور لە دەستی شەیتان و نەفسمان بیانخەینە ژێر پارێزگارییەوە؛ هەتا پێینەگات هیچ هزرێکی خائین و دەستی زاڵمێک، هەتا پێینەگات هیچ کردارێکی نەفرین لێکراو…

وەرن؛ بە نەشوەی شەبی عەروس و قوڵی ئیمانەوە لە ویژدانەکانماندا هەست بە هەیەجانی گەشتن بە جەنابی حەق بکەین، ئەم نەشوەیەش بە ئەدای بانگەوە لە بەرزترین ترۆپکەکانی سینەماندا هاواری بکەین، بەستەیەکی ئەزەلی تازە و نوێ بە تەواوی ئەو گوێیانەدا هەڵبدەین کەوا بە ڕووی هەزار و یەک ژاوەژاوی بێگانەدا کەڕ بوون، بە تەواوی ئەو گوێیانەدا ئەم بانگە هەڵبدەین و لە نێو تەواوی دڵەکاندا جۆش و خرۆش کوڵ بسێنێت. لەلایەکەوە بە فرمێسکی چاوەکانمان تەواوی ئەو پیسی و چەپەڵیانەی بە ڕوخسارمانەوەن پاک بکەینەوە، لەلایەکی ترەوە سینەکانمان بە هەیەجانی مەحرەمترین هەستەکانەوە، هێندەی دەتوانین بیهێنینە جۆش و خرۆش، بە تەواوی سەمیمیەتمانەوە بڵێین” دڵ گەر ماڵی خودا بێت، ئەوا لە تەواوی چەپەڵی خراپەکانمان پاکمان کردەوە، ئەی گیان ئیتر بە ڕووی ڕۆحماندا هەڵبێ، ئەوەمان پێبگەیەنە کەوا بە تەنیا نین، دڵەکانمان بە مەعریفەتی خۆت تێر بکە کەوا بە تاڵترینی غوربەتەکان توشی لولوپێچ خواردن بووە”، بەم شێوەیە جارێکی تر بانگی بوونمان بە هەموو جیهاندا هەڵبدەین.  

وەرن چی دەبێت! با باوەش بە گیانێکی وەهادا بکەین، کەوا شایەنی لە ئامێزگرتن و یەکگرتن بێت و هەرگیز پەشیمانیش لە سەرئەنجامیدا بوونی نەبێت. بە ڕای من ڕزگاربوون لە چەپەڵی شتە تیاچوەکان و بردنە سەری ژیانێکی پاکوبێگەردانە چەشنی فریشتەکان، هەر بەم شێوەیە دەبێت. وەرن با هەردەم لەم ڕێگایەدا بین و، رزگاربین لەوەی تیابچین و بڕۆین. لە ڕاستیشدا ئەوانەی لە هاویندا لە دایک دەبن و لە زستاندا دەمرن، ئەوانەی لە بەهاردا نیگەرانی هاتنی خەزانی پاییز هەڵیاندەلەرزێنێ، شایەنی ئەوە نین دڵیان پێبدەیت…

 

وەرن، لە بەرامبەر تەواوی مرۆڤەکاندا وەک درەختە بەردارەکان وەها بین و، هەرچیەک سەر بە کۆڵانی ئێمەدا بکات، بە شتانێکی زۆر زیاتر لە سێبەر پاداشتیان بکەین، تەواوی داباری خۆمان بەسەریاندا هەڵبڕێژین،  بێگومان لەو کاتەشدا خۆمان هەر دەستلەملانی خاک بمێنینەوە…

وەرن، چەندین شتی وەک هێز، دەسەڵات، سەروەت، باڵادەستی و چەندین ئیمکانی تر کەوا لە ڕواڵەتدا وەک توخمی باڵادەستی دەبینرێن، وەک ئامرازی قەرزاری، خۆ بە هیچ زانین و خاکیبوون ئەژمار بکەین، تەواوی ئەم جێدەرکەوتانەی کەوا الله وەک ئیحسان پێیبەخشیوین، بە شعور و ئیدراکی وابەستە بەوەوە ببینین و بیپێوین و هەڵسەنگاندنی بۆ  بکەین، بیگۆڕین بە هەستی ئەوەی لە بەردەمی ئەودا ببین بە دوو کەرتەوە و، تەواوی ڕەفتار و هەڵسوکەوتەکانمان؛ بەرامبەر جەنابی حەق بە زمانیحاڵی ڕکوع و سوجدە، لە بەرامبەر مرۆڤەکانیش بە ڕێز و خۆشەویستیەوە بیڕازێنینەوە.   

  

[1] مەشقێکی ڕۆحییە کەوا پەیڕەوکەرانی خۆیان لە خواردن و خواردنەوە دوور دەخەنەوە بۆ ماوەی ٤٠ ڕۆژ بە تایبەت لە بەروبوومە ئاژەڵیەکان

[2] احسن تقویم دەستەواژەیەکی قورئانییە کە وەک ئاماژە بۆ جوانی و ڕێکوپێکی شێوازی ئەفراندنی مرۆڤ بەکارهێنراوە

[3] البقرة، ١٥٦

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *