وەفا

 

وەفا گوڵ و میوەی بنارەکانی ئێمەیە. وەفا بەرامبەر مرۆڤەکان، بریتیە لەوەی تەنانەت بچوکترینی چاکەکانیشیان بە درێژایی تەمەنت لە یاد نەکەیت. مرۆڤ وەک ئەوەی گوناحەکانی لەیاد ناکات، پێویستە چاکەی کەسانی تریش بەرامبەر خۆی لە یاد نەکات. هەروەها پێویستە لەسەر چاکەکانی خۆی نەوەستێت و ئەوە بزانێت کەوا هەر زوو لەیادیان بکات.

**

وەفا بەرامبەر الله

هەروەها وەفا بەرامبەر الله هەیە. هەموومان بەرامبەر جەنابی حەق، پێویستە سەرتابەخوار سەرشاری هەستی وەفا بین. چونکە ئەو ئێمەی بە نیعمەتی جۆراوجۆرەوە سەرفراز کردووە. ئێمەی هێناوەتە جیهانی بوونەوە و ژیانی پێ بەخشیوین، بەرەو ئاسۆی بوونە مرۆڤ بەرزی کردووینەتەوە، بە ئیمان شەرەفمەندی کردووین، بە خزمەتی ئیمانی و قورئانی ناساندووین، ئەوەی بە نسیب کردووین کەوا هەردەم گوێمان لەم کەشوهەوایەی ئێرە بێت و هەستی پێبکەین، هەردەم لەگەڵیاندا هەستین و دانیشین. لە بەرامبەر تەواوی ئەم ئیحسانانەی الله کەوا پێی بەخشیوین، ئەو ئەرکەی لەسەرشانمانە برتیە لەوەی بە هەستێکی زۆر جددی وەفاوە هەردەم ئەمانەمان لەبیربێت و لە هەموو یادکردنەوەیەکماندا ببین بە دوو کەرتەوە.

**

هەستی وەفا بەرامبەر سەردارمان

کەسی ئیماندار پێویستە بە هەمان شێوە، بەرامبەر تابلۆی شانازی مرۆڤایەتی پڕ بێت لە هەستی وەفا و هەرگیز ئەوی لە یاد دەرنەچێت. چونکە ئەوەی پێویستی دەکرد، لە ڕێگەی ئەوەوە بیستمان. گەر ئەو بوونی نەبووایە، نە وێناکردنێکی دروستی الله، نە تێگەشتنێکی دروست بۆ ڕۆژی حەشر، نە دەمانتوانی سەبارەت بە بابەتی پێغەمبەرایەتی ببینە خاوەنی بیرکردنەوەیەکی دروست. نەماندەتوانی بە هیواوە لە داهاتوو بڕوانین. نەماندەتوانی چەشنی نەخشەیەک لە داهاتوودا بسوڕێینەوە. نەماندەزانی لەسەر کام ڕێگا برۆین. ئەگەرچی ئەوەی تەواوی ئەمانەی فێرکردووین هەر الله یە، بەڵام ئەوی کردە ئامراز و لەسەر دەستی ئەو هیدایەتی ئێمەی داوە.

لە ڕاستیشدا الله بە گەورەیی خۆی، کاتێک ڕێوشوێنی عیبادەتەکانی بۆ ئێمە داناوە، لە ڕێگەی چەند نزایەکی دیاریکراوەوە، شێوازی گوزارشتکردن لە هەستی وەفا بەرامبەر سەردارمانی پشانداوین. بۆ نمونە لە دوای ئەوەی بانگی نوێژەکان دەخوێندرێت، دەستەکانمان بەرز دەکەینەوە و سەڵات و سەلام بۆ سەر سەردارمان دەنێرین، هەروەها داوای مەقامەکانی شەفاعەتی عوزما و مەقامی محمودی بۆ دەکەین. بە هەمان شێوە لە تەحیاتی هەموو نوێژەکانماندا، لەو شوێنەدا کەوا ناوی جەلیلی ئەو دەهێنرێت سەڵات و سەلامی بۆ دەنێرین. بەم شێوەیە هەم بە ناوی ئەوەی لە قیامەتدا ببینە جێدەرکەوتی شەفاعەتی ئەق سەرمایەیەکی گرنگ دەخەینە گەڕ، بە هەمان شێوە هەستی وەفامان بەرامبەر ئەو پشان دەدەین.

**

وەفا بەرامبەر دین

لایەنێکی تری ئەوەی بەرامبەر سەردارمان بەوەفا بین، ریتیە لەوەی خۆمان بکەینە خاوەنی ئەو دینەی بە ئەمانەت بۆی جێهێشتووین. خۆ گەر ئەو دینەی ئەو هێناوێتی و ئەمانەتی لای ئێمەی کردووە، گەر لە نێو دینەکانی سەر زەویدا قورسایی و هاوسەنگیەکی تایبەت بە خۆی نەبێت، ئەمە بە واتای ئەوە دێت کەوا بەرامبەر دینەکەی بێ وەفا بووین. گەر ئیمانداران لە بەرامبەر بەژێرەوە بوونی ئەو بەیداخەی تابلۆی شانازی مرۆڤایەتی نوێنەرایەتی دەکرد و شەکانەوەی لە ژێر بەیداخەکانی تردا نەبن بە دوو کەرتەوە، گەر لە بەرامبەر ئەمەدا بە ناسۆرییەوە نەناڵێنن، ئەمە بە واتای ئەوە دێت کەوا هەر هەموویان بێ وەفا بوون.

دیسان گەر کەسێکی موسوڵمان، ژیانی بە شێوەیەک بباتە سەر کەوا کارێک بۆ دینەکەی ئەو نەکات، بە ئاڕاستەی فراوانکردنی بازنەی ڕێنمویی کردن هەوڵ و کۆششێکی جددی نەخاتە گەڕ، ئەمە بە واتای ئەوە دێت کەوا هەم بەرامبەر سەردارمان هەم بەرامبەر ئەو حەقیقەتی ئیسلامەی لەلایەن ئەوەوە پێشکەشمان کراوە بە بێ وەفایی مامەڵەی کردووە. ئەو ئیماندارانەی لە دوای پێغەمبەرێکەوە دەڕۆن کەوا لە پێناو دەستگرتنی مرۆڤەکان و پشاندانی ڕێگەی ڕاست پێیان وازی لە بەهەشتەکان هێناوە و گەڕاوەتەوە، لە هەر شوێنێکدا کەوا هەڵدەستن و دادەنیشن، هێندەی ئەوەی هەلومەرجەکان دەست دەدەن، ئایا باسکردنی ئەو گوزارشت لە هەستی وەفا بەرامبەر ئەو ناکات؟

**

وەفا بەرامبەر مرۆڤەکان

تەواوی ئەمانە جێگیربوونی ئەخلاقی وەفا لە ئێمەدا فەراهەم دەکات. لە ڕاستیشدا کەسێک کەوا بەرامبەر الله و پێغەمبەرەکەی بەوەفا بێت، مومکین نیە کەوا بەرامبەر چواردەورەکەی بێ وەفا بێت. کەسێک کەوا هەستی وەفای بەرامبەر مرۆڤەکان نەپشکووتووبێت، بەرامبەر الله و پێغەمبەرەکەشی بێ وەفا دەبێت. لەم سۆنگەیەشيوەیە کەوا لە یەکێک لە فەرموودەکانی سەردارماندا ئاماژە بەوە کراوە، ئەو کەسەی کەوا بەرامبەر مرۆڤەکان سوپاسگوزار نەبێت، بەرامبەر “الله”ش سوپاسگوزار نابێت.

بەڵێ، ئەوەی لێرەدا گرنگە بریتیە لەوەی وەفا ئەخلاقی خۆمان لێبکەین. بە نیسبەت مرۆڤێکەوە کەوا بە تەواوەتی وابەستەی وەفا بێت، پەرداخێک چا هەتا ٤٠ ساڵ خاتری دەمێنێت. هەربۆیە هەرگیز هیچ چاکەیەک لەبیر ناکات. کاتێک ئەو کەسانە دەبینێت کەوا چاکەیان بەرامبەر ئەنجامداوە، هەردەم ئاماژە بە ڕێزی خۆی بەرامبەریان دەکات. هەروەها هیچ چاکە و جوانییەک بێ وەڵام ناهێڵێتەوە. چونکە ئەو هەڵسوکەوتانەی وەک ئەخلاقی مرۆڤەکانیان لیدێت، لە هەمان کاتدا بەردەوامیشیان دەبێت. ئیدی ئەو مرۆڤە لە کاتی ئەنجامدانی ئەم کارانە روشی ناڕەحەتی نابێت؛ لە دژی سروشتی خۆی ناوەستێتەوە و زیکزاک لێنادات.

بەلێ، ئەو سیفاتەی کەوا جوانیەکی جیاواز دەخاتە سەر کردارەکان و قوڵتریان دەکاتەوە، بریتیە لەوەی بەردەوام بن. واتە بریتیە لەوەی وەک بەشێک لە سروشتی کەسەکەیان لیبێت. پێغەمبەری خوداش فەرموویەتی خیر الاعمال ادومها وان قل… واتە باشترینی کارەکان ئەوانەن کەوا بەردەوامن؛ تەنانەت گەر کەمیش بن. مەگەرنا دەشێت مرۆڤێک لە سەردەمێکدا کاری زۆر جوان ئەنجام بدات. بەلام گەر ئەم کارانەی وەک کەسایەتی خۆی لێنەکردبێت، پاش ماوەیەک وازیان لێدەهێنێت.

بابەتی ئەوەی خوو و ڕەوشتی جوانت دەستبکەوێت و بە شێوەیەکی بەردەوامیش ئەنجامیان بدەیت، وابەستەی پەروەردە و فێرکردنە. لە سەرەتای کارەکەدا، واتە هەتا ئەو کاتەی وەک ئەخلاقی کەسەکەی لێدێت، پێویستی بە پشاندانی هەوڵ و کۆششێکی زۆر جددی و پێدانی حەقی ئیرادەیە. ئەگەر دایکان و باوکان، خوازیاری ئەوە بن کەوا منداڵەکانیان بە چەند ئەخلاقێکی مەزنی وەک وەفا و ڕاستگۆی بڕازێنەوە، پیویستە لە نزیکەوە چاودێرییان بکەن و، بەردەوام تەڵقینی ئەم جۆرە ئاکارانەیان دابدەن و، لە ڕەفتار و هەڵسوکەوتی خۆیشیاندا نمونەیەکی جوان پشان بدەن هەتا ئەم بەهایانە لە سروشتی ئەوانیشدا ڕەگئاژوو ببێت. گەر ئەوان لە نێوان خۆیان و منداڵەکانیاندا بە وەفاوە مامەڵە بکەن، تەنانەت بچوکترینی کارەکانی ئەوان بێ وەڵام ناهێلیتەوە و، گەر بابەتی ئەوەی ئەم ئەخلاقە لەوانیشدا فەراهەم ببێت بە جددیەتەوە وەربگرێت، ئەوا سەرکەوتوو دەبن لە پێگەیاندنی منداڵەکانیان بەو شێوەیەی کەوا خۆیان دەیانەوێت.

با تایبەت بەوەفا بوونی هاوڕێ نزیکەکان، ئەندامانی یەک خێزان و ئەو کەسانەی پێکەوە دڵیان بە هەمان داوا داوە بەرامبەر یەکتری، زۆر گرنگە. بینینی وەفاش لە کەسانی ترەوە، وابەستەی ئەوەیە کە هەتا چەندە وەفات هەیە. خۆ گەر ئێوە هەستێکی بەرزی وەفا بەرامبەر مرۆڤەکانی چواردەورتان بخەنە ڕوو، دەتوانن هەمان مامەڵە لەوانیشەوە ببیننەوە. واتە ئەوەی دەیبەخشن وەریدەگرنەوە، ئەوەی دەیچێنن دەیدورنەوە. بۆ نمونە پیاوی هاوسەردار، گەر لە دەرەوە بە قەزاش چاوی بکەوێتە سەر شتێکی حەرام، پێویستە ئەمە وەک خیانەتێکی زۆر گەورە ببینێت و یەکسەر ڕوو لە داوای لێخۆشبوون بکاتەوە. لە ڕاستیشدا بەردەوامی ئاسودەیی و حزوری ناو خێزان، وابەستەی ئەوەیە کەوا هاوسەرەکان هەتا چەندە بەرامبەر یەکتری بە وەفان.

 

**

وەفا بەرامبەر ئەو داوایەی دڵی پێدراوە

 

بابەتی ئەوەی بزاڤێک کەوا بە هەر چواردەوری دونیادا بڵاوبووەتەوە پارێزگاری لە ئاستی خۆی بکات، وابەستەی دینامیکی وەفایە. لە ڕاستیشدا ئەو کەسە خۆبەخشانەی کەوا لە نێو کۆمەڵێک مرۆڤی خاوەن کەلتوری زۆر جیاوازدا خزمەت دەکەن، گەر بیانەوێت توشی هیچ تێکچوونێک نەبن، ڕەنگیان نەژاکێت و نەبن بە کەسانێکی تر و بەردەوامی بە بوونی خۆیان بدەن، پێویستە بەرامبەر ئەو داوایەی کەوا دڵیان پێیداوە، هەروەها بەرامبەر خزمەت و ئەو دۆستانەی کەوا پێکەوە ڕێگایان بڕیوە، زۆر بەوەفا بن. لە هەمووشی گرنگتر، پێویستە بەرامبەر بابەتەکانی ڕێنموییکردن و بانگەواز بە ڕاستگۆیی بمێننەوە، خۆیان فڕێ نەدەنە ناو دونیاوە. هەرگیز نەڵێن” با کەمێکیش خەمی خۆمان بخۆین”. دەبێت هەرگیز ئەوە لەیاد نەکەن کەوا فیداییەکانی ڕێگای موحیبەت و دەڵاڵەکانی قورئان و شایەتەکانی “الله”ن.

بە تێڕوانینی هاوەڵان، نابێت بە دەستی خۆیان، خۆیان فڕێ بدەنە ناو تالوکەوە. پەنا بە خودا، گەر کەمێک دەستەوسانی بکەن، دەشێت هەڵبخلیسکێن و بڕۆن.

 

هەرکەسێک دەیەوێت لە حزوری الله دا مامڵەی کەسێکی “بێوەفا” ی لەگەڵدا نەکرێت، سەرەتا پێویوستە بەرامبەر الله و پێغەمبەرەکەی، دواتر بەرامبەر چواردەورەکەی بە شێوەیەکی دەراسا وەفادار بێت. نە ئەندامانی خێزانەکەی، نە دۆستەکانی و نە هاوڕێیانی داواکەی، هەرگیز لەوەوە بێوەفایی نەبینن. هیچ گومانێک لەمەدا نیە-وەک ئەوەی پێشتریش ئاماژەمان پێداوە- ئەم کارەش وابەستەی ئەوەیە کەوا وەفا وەک بەشێک لە داخوازی سروشتی لێبێت و هەردەم هەناسەی وەفا بدات و، بە وەفاوە هەستێت و دابنیشێت. وەک ئەوەی مومکین نیە ئەندامانی خێزانێک پێکەوە کۆبکەیتەوە کەوا هەستی وەفایان تێدا جێگیر نەبووە، بە هەمان شێوە بابەتی ئەوەی کۆمەڵە مرۆڤێک کەوا لە چواردەوری مەفکورەیەک کۆبوونەتەوە و بە شێوەیەکی بە سوود کارەکانیان ئەنجام بدەن، مومکین نیە. گەر ئەم مرۆڤانە هەستەکانی وەفا و ڕاستگۆییان تێدا نەبێت، لە شوێنێکی جیاوازی ڕێگەکەتاندا دەشێت بە هۆی تێبینی چاوەڕوانیگەلێکی جیاوازەوە ئێوە بەجێبهیڵن و، لەپەوڕوو لەسەر زەوی بتانهێڵنەوە. وەک ئەوەی جیابوونەوەی هەر تاکێک کەسانێکی ناحەز بە ئێوە شادومان دەکات، لە هەمان کاتدا لە نێو ئێوەشدا هەژان و تێکشکانێکی جیاواز فەراهەم دەکات.

ئەو دەستکەوتە گرنگانەی هەتا ئەمڕۆ بەدەستهاتوون نەکرێنە قوربانی بێوەفاییەک. الله گوزارشت لەوە دەکات کەوا بەرامبەر بەندەکانی زۆر وەفادارە. سەرداریشمان تەنانەت بەرامبەر موشریکانی مەککە کەوا لە ئەنجامدانی هیچ خراپەیەک بەرامبەری نەدەگەڕانەوە بە وەفاوە مامەڵەی دەکرد، لە دوای فەتحی مەککە لە تەواوی موشریکانی مەککە خۆس دەبێت. هاوەڵە بەڕێزەکانیش هەم بەرامبەر سەردارمان هەم بەرامبەر ئەو بەهایانەی وەک ئەمانەت لەویان وەرگرتبوو، بە شێوەیەکی دەراسا بە وەفا بوون، هێندەی گیانی خۆیان پارێزگارییان لێدەکرد. هەروەها ڕێبوارانی ڕێگەی پێغەمبەری کەوا لە دوای ئەوانەوە هاتن، بە هەمان شێوەی ئەوان هەردەم بە هەستی وەفاوە هەڵدەستان و دادەنیشتن.

ئەوانەی لەسەر ڕێگەی ئەم کەسە بە وەفایانە دەڕۆن، نابێت بەرامبەر هیچ کەسێک بێوەفا ببن؛ لە پێناو ئەوەی ئاڵای وەفا ڕادەستی خۆیان بکرێت بە هەناسەبڕکێ ڕابکەن، ئارەقیان بڕژن، تەنانەت گەر لەم دەرگا بۆ ئەو دەرگا دەربکرێن و، پاڵیان پێوە بنرێت، وەفای ئەو مرۆڤە گەورانە بێ وەڵام نەهێلێتەوە کەوا لەم پێناوەدا سوکایەتییان پێکراوە. پێویستە هەردەم لە ڕێگەی بردنەوەدا بن. بە تایبەت ئەوانەی ئەم ڕێچکەیەیان بۆ ئەوان ئاوەڵا کردووە، بەرامبەر ئەوانەی زەمینەسازییان بۆ کردوون هەتا بە هەر چواردەوری دونیادا بڵاببنەوە، ئەو کەسانە لەبیر نەکەن کەوا پشتیان گرتوون و لە یارمەتی ماددی-مەعنەوی درێغییان نەکردووە، دەبێت ئەوە بزانن کەوا چۆنی دەیانکەنە تاجی سەری خۆیان. وەها لە کەس نەکەن کە ئەم شتانەیان لە دەم بێتە دەرەوە:

کاتێ هیوای وەفام لە گیان بوو

 چاوم پڕ لە هیجران بوو

 مامەوە بە پێوە بێدەرمان

دەی با هەر زوو ئەم ئانە تەواو بێت!

 

دەبێت ئەوە بزانن کەوا بەرامبەر بێوەفاییش بەوەفاوە وەڵام بدەنەوە، واتای وەفا فێری ئەوانە بکەن کەوا بێوەفان. تەنانەت گەر ٥٠ جار بێوەفایی ببینن، ئەوە فەرامۆش نەکەن کەوا پێویستە بە وەفاوە وەڵام بدەنەوە. سەردارمان کەوا خۆی تیمسالی وەفا بوو، ڕێگاکەی هەر بەم شێوەیە بوو. هەربۆیە هەتا چەندە لەسەر ڕێگەی ئەو مرۆڤە کامڵە بتوانین ڕێگە تەی بکەن، بە نیسبەت ئێمەوە قازانجە. گەر ئێمە لە بابەتی وەفادا کەموکورتی نەنوێنین، “الله”ش بەرامبەر  ئێمە بە وەفا دەبێت و ناهێڵێت بە تەنیا بمێنینەوە.

       

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *