٣ بەدبەختەکە

 

پرسیار: سەردارمان لە حەدیسێکی شەریفدا باس لە دۆڕاوی ٣ کەس دەکات کەوا ئەوانیش بریتین لەو کەسانەی ڕەچاوی مافی دایبابیان ناکەن، کە ناوی شەریفی هێنرا سەڵاوات لێنادەن، بە جوانی سوود لە مانگی ڕەمەزان نابینن، چی حیکمەتێک لە تایبەتمەندی ئەم ٣ بابەتەدا هەیە؟

وەڵام: ئەو حەدیسەی لە پرسیارەکەدا ئاماژەی پێکراوە، بە شێوازی جیاواز گێڕدراوەتەوە. لە هەندێک لە گێڕانەوەکاندا ئاماژە بەوە دەکات کە ئەم وتانە لەلایەن حەزرەتی جوبرەئیلەوە گووتراوە و سەرداریشمان پشتڕاستی کردۆتەوە. بە گوێڕەی گێڕانەوە جیاوازەکان، جارێکیان سەردارمان لە کاتی سەرکەوتن بەسەر پلیکانەکانی مینبەرەکەیدا، لە هەریەک لە پلیکانەکاندا جارێک دەڵێت ” ئامین”.

هاوەڵانی سەرداریشمان کەوا بە وردی لە ڕەفتارەکانی سەردارمانیان دەڕوانی و هەوڵی تێگەشتنیان دەدا، پرسیاری حیکمەتی ئەم کارەیان لە خودی پێغەمبەری خودا کرد.

ئەویش لە وەڵامیاندا دەفەرموێت:

” لەو کاتەدا جوبرەئیل هاتە لام و وتی داوەشین بۆ کەسێک کەوا دایبابی پیر بوون بەڵام ئەو ڕەچاوی مافەکانی نەکردوون، بە جوانی ئاگای لێیان نەبووە و نەیتوانیوە لەم ڕێگەیەوە لێخۆشبوون و لێبوردەیی پەروەردگاری بەدەستبهێنێت، منیش لە وەڵامی قسەکەی ئەودا وتم “ئامین!”. پاشان وتی داوەشین بۆ ئەو کەسەش کەوا ناوی تۆی لەلا دەهێنن و سەڵاوات لێ نادات، منیش وتم : “ئامین”. هەروەها داوەشین بۆ ئەو کەسەی بە مانگی ڕەمەزان گەشتووە، بەڵام لە ڕێگەیەوە لێخۆشبوونی پەروەردگاری بەدەست نەهێناوە، منیش لە وەڵامیدا وتم “ئامین”. (الطبرانی، مجموع الکبیر؛ البیهقی، شحب الایمان)

 

لە گێڕانەوەیەکی تریشدا، ئەم قسانە ڕاستەوخۆ لە زاری سەردارمانەوە دەگێڕدرێتەوە: “ رَغِمَ أَنْفُ رَجُلٍ ذُكِرْتُ عِنْدَهُ فَلَمْ يُصَلِّ عَلَيَّ، وَرَغِمَ أَنْفُ رَجُلٍ دَخَلَ عَلَيْهِ رَمَضَانُ ثُمَّ انْسَلَخَ قَبْلَ أَنْ يُغْفَرَ لَهُ، وَرَغِمَ أَنْفُ رَجُلٍ أَدْرَكَ عِنْدَهُ أَبَوَاهُ الكِبَرَ فَلَمْ يُدْخِلَاهُ الجَنَّةَ”.

دەربڕینی “رغم انفه” کەوا لە حەدیسەکەدا هاتووە، ئیدیۆمێکی ناو زمانی عەرەبییە. کتومت وەرگێڕانی ئەم جۆرە دەربڕینانە بۆ زمانێکی تر و دۆزینەوەی بەرامبەرەکەی کارێکی هەروا ئاسان نیە. “رغم” بە واتای خۆڵ یان قوڕ دێت. کاتێک دەڵێت لوتی بە قوڕدا بچێت، ئەمە واتایەکی مەجازی هەیە. لێرەدا مەبەست لە نەگبەتی و پەرێشانی ئەو کەسەیە.

 

واتە گەر مرۆڤێک کردەوەی چاکی لەم شێوەیەی بێتە بەردەم و بایەخیان پێ نەدات، ئەو ئامرازانە بەکارنەهێنێت کە دەتوانێت لە ڕێگەیانەوە خۆی بگەیەنێت بە بەهایەکی باڵاتر لە هەموو بەهاکان، ئەوا بە واتای ئەوە دێت ئەو کەسە بە دەستی خۆی قوڕی بە سەری خۆیدا کردووە؛ واتە کەسێک کەوا هەلی لەم شێوەیە لەدەست بدات، لە ڕوانگەی ڕۆژی قیامەتەوە قوڕی بەسەری خۆیدا کردووە. پێغەمبەری ئازیز لە ڕێگەی وتەکانی سەرەوەی کەسانی ئیماندار ئاگادار دەکاتەوە و داوای ئەوەیان لێ دەکات هۆشیان بهێننەوە بەر خۆیان. لەم وتانەی سەردارمانەوە، بەزەیی ئەو بەرامبەر ئومەتەکەیی و هەتەربوونی لەسەر ئەوەی بەختەوەری ئاخیرەتیان بەدەستبهێنن، دەخوێنینەوە.

لە عەرەبیدا وتەیەک هەیە کە دەڵێت: بقدر الکد تکتسب المعالی. واتە بە ڕادەی ئەو ناڕەحەتی و ناسۆریانەی توشت دەبێت، پێگەی مەزن و باڵا بەدەستدەهێنیت. لە هەر بابەتێکدا چەندە توشی ناڕەحەتی و کێشە ببیت، چەندە ئارەقی تێدا بکەیتەوە و بە هۆی ژانە سەرەوە سەرت بزرنگێتەوە، بەو ڕادەیە پاداشتت دەست دەکەوێت. واتای ئەم قسەیەش، وەک ئەوە نییە بڵێیت : تەنانەت لەو کارانەشدا کەوا خۆیان ئاسانن، زۆر لەخۆتان بکەن و بچنە ژێر باری مەشەقەتەوە. بەڵکو ئاماژە بەوەش دەکات کەوا ئەو کارانەی قورسن بەلامانەوە و ئاسان بەسەریاندا زاڵ نابین، جگە لەوەی پاداشتی گەورەمان دەست دەخات، لە هەمان کاتدا گەیشتن بە لوتکەی ئەم جۆرە سەرکەوتنی و ماددی- مەعنەویانە، پێویستی بە بەرگەگرتنی زۆر و بێبەشبوونی جیاواز دەکەن.

 

**

ڕەچاوکردنی مافی دایک و باوک

 

بۆ نمونە ڕازیکردنی دایک و باوک، پارێزگاری لە مافەکانیان چەشنی ئەوەی بیبیلەی چاوی خۆت بپارێزیت، کارێکی هەروا ئاسان نیە. لە دایک و باوکدا، سۆز و بەزەییەکی سروشتی و نائیرادی بەرامبەر ڕۆڵەکانیان هەیە. الله ئەوانی ناچاری ئەوە کردووە کەوا هەستی بەزەییان بەرامبەر ڕۆڵەکانیان هەبێت. گەر مرۆڤێک بە تەواوی توشی تێکچوون نەبووبێت و ویژدانی زیندوو بێت، ئەوا بەزەیی بە منداڵی خۆیدا دێتەوە. لەو ساتەوەی دەیهێنێتە دونیاوە، هەردەم بەسەر سەریەوە هەڵدەلەرزێت. لە پێناو سەلامەتی و تەندروستی ئەودا سنگی بەڕووی هەموو ناڕەحەتیەکدا دەکاتەوە، بەرگەی هەموو ناسۆرییەک دەگرێت. بەڵام دایک و باوک هەرچۆنێک بن، ڕۆڵەکانیان هەمان هەستیان بەرامبەر ئەوان نیە. هەربۆیە قورئانی کەریم زۆر پێداگری لەسەر گوێڕایەڵیکردن و ڕەچاوکردنی مافی دایک و باوک دەکات. بەڵام لە قورئاندا هیچ ئایەتێک نیە کەوا فەرمان بە دایک و باوک بکات هەتا سۆز و  بەزەییان  بەرامبەر ڕۆڵەکانیان هەبێت. چونکە هەستی سۆز و بەزەیی بەرامبەر منداڵ، لە واقعدا هەستێکە کەوا لە نێو سروشتی مرۆڤدا هەیە. قورئانی کەریمیش ئەم جۆرە هەڵسوکەوتانە حەواڵەی سروشتی مرۆڤەکان دەکات، لەو بابەتانەدا پێداگری دەکات کەوا لە سروشتی مرۆڤەکانەوە هەڵناقوڵێن. هەربۆیە کاتێک سەیری ڕۆژگاری ئەمڕۆمان دەکەین، لە بەرامبەر ئەو ژمارە کەمەی دایکان و باوکان کەوا ڕۆڵەکانیان فەرامۆش کردوون یان مامەڵەی خراپیان بەرامبەر دەکەن، ژمارەیەکی زۆر لە منداڵان دەبینین کەوا مامەڵەی خراپ بەرامبەر دایک و باوکیان دەکەن و ئەوەیان فەرامۆش کردووە کە بایەخیان پێ بدەن.

لەم سۆنگەیەشەوە، قورئانی کەریم لە زۆر ئایەتی جیاوازدا،  دوا بە دوای ئەوەی فەرمان بە بەندایەتیکردنی خودا دەکات، یەکسەر فەرمان بە مامەڵەی چاک لەگەڵ دایک و باوکیش دەکات. بۆ نمونە لە سورەتی “النساء” دا دەفەرموێت: “وَاعْبُدُوا اللَّهَ وَلَا تُشْرِكُوا بِهِ شَيْئًا ۖ وَبِالْوَالِدَيْنِ إِحْسَانًا”. واتە: تەنیا بەندایەتی بۆ الله بکەن و هیچ هاوەڵێکی بۆ پەیدا مەکەن، لەگەڵ دایک و باوکیشتاندا چاکە بکەن.(النساء، ٣٦)

هەروەها لە سورەتی “الاسراء” یشدا دەفەرموێت:

وَقَضَىٰ رَبُّكَ أَلَّا تَعْبُدُوا إِلَّا إِيَّاهُ وَبِالْوَالِدَيْنِ إِحْسَانًا ۚ إِمَّا يَبْلُغَنَّ عِندَكَ الْكِبَرَ أَحَدُهُمَا أَوْ كِلَاهُمَا فَلَا تَقُل لَّهُمَا أُفٍّ وَلَا تَنْهَرْهُمَا وَقُل لَّهُمَا قَوْلًا كَرِيمًا…

واتە” جگە لە الله عیبادەتی هیچ کەسێک مەکەن. لەگەڵ دایک و باوکتاندا مامەڵەی جوان بکەن. گەر یەکێک لەوان یان هەردووکیان لە کاتی پیربوونیاندا لەلای ئێوە بوون، ئەوا لە خزمەتکردنیان وەڕز مەبن و مەڵێن “ئۆف”، هەرگیز قسەیان پێ نەڵێن و دڵیان ڕابگرن”.

وەک ئەوەی لە هەردوو ئایەتەکەشدا بەدی دەکرێت، جەنابی حەق دوای ئەوەی فەرمان بەوە دەکات کە تەنیا بەندایەتی بۆ خۆی ئەنجام بدرێت، ڕاستەوخۆ فەرمان بە مامەڵەی جوان لەگەڵ دایک و باوک دەکات، واتە فەرمانی چاکە و جوانمەردیمان پێ دەکات. لە ئایەتی دووهەمیشدا، تەنانەت وتنی قسەیەکی بچوکی وەک “ئۆف” یش حەرام دەکات، ئیدی شتانێکی سەرو ئەمەش هەتا بڵێی حەرامێکی گەورەترن. لەڕاستیشدا گەر بچوکترین کردەوەی خراپ بەرامبەر دایک و باوک حەرام کرابێت، ئەوا کارەکانی سەرو ئەو، هەتا بڵێی گوناحێکی گەورەترن. مرۆڤ کاتێک ئەوەی زانی کە نابێت بەرامبەر دایک و باوکی ئۆفێکیش بڵێت، ئیدی لەوە تێدەگات کە کارگەلێکی وەک بەرزکردنەوەی دەنگ، هەڵکوتانە سەریان و دەست بەرزکردنەوە لێیان، رووبەڕووی ئۆباڵێکی زۆر جددی دەکاتەوە. لەم ئایەتە کەریمەدا هەم فەرمان بە کاری چاکە بەرامبەر دایک و باوک کراوە، هەم بچوکترین-گەورەترین مامەڵەی خراپ بەرامبەریان حەرام کراوە. هەروەها زۆر ئایەت و حەدیسی تر سەبارەت بە دایک و باوک هەیە. کاتێک سەیری هەموویان دەکەین، دوو شتی سەرەکی لە هەموویاندا بەدی دەکەین: یەکەمیان بریتیە لەوەی کە ڕەچاوکردنی مافی دایک و باوک چەندە ئەرکێکی سەخت و گرانە، دووهەمیشیان بریتیە لەوەی ئەنجامدانی ئەم ئەرکە سەخت و گرانە، لای خوای پەروەردگار چەندە کارێکی گرنگ و بە بەهایە. گەر کەسێک گوێڕایەڵی ئەم فەرمانەی پەروەردگار بکات و بایەخ بە دایک و باوکی بدات، ئەوا پاداشتەکەشی بە هەمان ڕادە لای خودا گەورە دەبێت. بابەتی ئەوەی لە ئایەتەکەدا دوای فەرمان بە عیبادەتی خودا یەکسەر فەرمان بە چاکە لەگەڵ دایک و باوک دەکات، ئەو ڕاستیەمان نیشان دەدات.

هەربۆیە پێغەمبەری خوداش ئاماژەی بە هەمان حەقیقەت داوە کاتێک دەفەرموێت: ” داوەشین بۆ کەسێک، وێڕای ئەوەی دایک و باوکی بە پیری لای ئەو بوون و نەیتوانیوە لە ڕێگەی ڕازیکردنی ئەوانەوە بەهەشت دەست خۆی بخات”.  

لەلایەک ئاماژەی بەوە داوە کە ڕازیکردنی دڵی دایک-باوک ئامرازێکی چەند گرنگە لەوەی مرۆڤەکان بباتە بەهەشت، لەلایەکی ترەوە سەرنج بۆ ئەوە ڕادەکێشێت کە لەدەستدانی هەلێکی لەم شێوەیە، چۆنی مرۆڤەکان لە ئاخیرەتدا زەلیل و پەرێشان دەکات.

**

سەڵات و سەلام ناردن بۆ سەردارمان

ناردنی سەڵات و سەلام بۆ سەردارمان، یەکێکی ترە لەو بابەتانەی لە حەدیسەکەدا ئاماژەی پێدراوە. سەرداریشمان لە ڕێگەی ئەم وتەیەوە کە دەفەرموێت :” داوەشین بۆ کەسێک کەوا ناوی منی لەلا دەهێنرێت و ئەویش سەڵاوات لێ نادات”، جەختی لەسەر گرنگی ئەو بابەتە کردۆتەوە. چونکە لەگەڵ هەموو سەڵات و سەلامێکدا مەقامی شەفاعەتی سەردارمان فراوانتر دەبێت و دەتوانێت کەسانی زیاتر لەخۆی بگرێت. دیسان لە حەدیسەکانەوە ئەوەمان پێگەشتووە، کە شەفاعەتی سەروەرمان ئەو کەسانەش دەگرێتەوە کە گوناحی گەورەشیان ئەنجامداوە.

هەربۆیە کاتێک سەڵات و سەلام بۆ سەردارمان دەنێرین، لەلایەک شەفاعەتی ئەو بەلای خۆماندا ڕادەکێشین، لەلایەکی ترەوە نزای ئەوە دەکەین کە بگاتە مەقامی مەحمود، ببێتە خاوەنی مەقامی شەفاعەتی کوبرا و بازنەی شەفاعەتەکەشی فراوانتر ببێت. وەک ئەوەی لای هەمووان زانراوە، هەرکەسێک ببێتە هۆکاری ئەنجامدانی کارێک، هەمان پاداشتی بکەری ئەو کارەی دەست دەکەوێت. لەبەر ئەم هۆیەش، کاتێک ناردنی سەڵات و سەلام دەبێتە هۆی فراوانتربوونی بازنەی شەفاعەتی ئەو و لەم ڕێگەیەوە کەسانێکی زیاتر دەتوانن سوودمەند ببن، ئەوا لە ڕاستیدا کەسەکە زەمینەی شەفاعەتی بۆ خۆیشی و کەسانی تریش ساز کردووە، کەشوهەوایەکی فەراهەم کردووە کەوا شەفاعەتی ئەو خۆیشی بگرێتەوە و سەرمایەیەکی زۆر گرنگی لە پێناو دەستکەوتنی لێخۆشبوونی پەروەردگاری خستۆتە گەڕ. لە سایەی ئەم کارەیەوە کاتێک بە گوناحەکانیەوە دەگەڕێتەوە حزوری پەروەردگاری، پێغەمبەری ئازیزمان بە هۆی ئەو مۆڵەتی شەفاعەتەی لە پەروەردگاریەوە وەریگرتووە، دەستی دەگرێت و بەرەو کەناری سەلامەتی دەیگوازێتەوە.

لەلایەکی ترەوە دەبێت ئەوەش لەبیر نەکەین کەوا سەڵاوات لێدان لەسەر تابلۆی شانازی مرۆڤایەتی، فەرمانی خودی پەروەردگارمانە : “إِنَّ اللَّهَ وَمَلائِكَتَهُ يُصَلُّونَ عَلَى النَّبِيِّ يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا صَلُّوا عَلَيْهِ وَسَلِّمُوا تَسْلِيمًا”.

واتە : ” گومان لەوەدا نیە کە جەنابی حەق و فریشتەکانی سەڵاوات( ڕەحمەت و سەنا) بۆ سەر ڕۆحی ئەو پێغەمبەرە خاوەن شکۆیە دەنێرن، ئەی ئەوانەی ئیمانتان هێناوە! ئێوەش سەڵاوات لەسەر ئەو لێبدەن و لەوپەڕی ناختانەوە سەلامی بۆ بنێرن”. لەم سۆنگەیەوە، هەرکەسێک سەڵات و سەلام بۆ سەردارمان بنێرێت، لە هەمان کاتدا فەرمانێکی خودای بەجێگەیاندووە و ڕووی لەو کردووە.

لە کۆتایشدا پێویستە ئاماژە بەوە بکەم، ناردنی سەڵات و سەلام بۆ سەردارمان، لە ڕوانگەی کەسی ئیماندارەوە داخوازی بەوەفابوونێتی و قەرزێکە کەوا دەبێت بیداتەوە. چونکە ئێمە بوونمان لە سایەی ئەوەوە بە ڕاست و دروستی خوێندەوە، لە سایەی ئەوەوە پەروەردگارمان بە جوانی ناسی، دیسان لە سایەی ڕێبەرایەتی ئەوەوە چۆنیەتی بەندایەتیکردن بۆ پەروەرگارمان فێربووین. بەم هۆیەوە، نابێت ناوهێنانی سەردارمان تەنیا وەک یادی خێری ئەو تەماشا بکەین. چونکە سەڵات و سەلام ناردن لە ڕوانگەی دینەکەمانەوە هێندە گرنگە، تەنانەت لە عیبادەتێکی فەرزی وەک نوێژدا ئەم کارە دەکەین. کاتێک لە تەواوی ئەم گۆشەنیگایانەوە سەیری بابەتەکە دەکەین، لەوە تێدەگەین کەوا کەسێک ئەم کارەی فەرامۆش کردبێت، چی کارێکی گەورەی فەرامۆش کردووە، چ دەستکەوتگەلێکی گەورەی لە کیس خۆی داوە.

**

ڕەمەزان: وەرزی یەک بە هەزار

کۆتا گروپ کەوا سەردارمان لە حەدیسەکەدا ئاماژەی پێداوە، بریتین لەو کەسانەی حەقی مانگی ڕەمەزان وەک خۆی نادەن: ” داوەشین بۆ ئەو کەسانە کەوا مانگی ڕەمەزانیان بەسەردا تێدەپەڕێت، کەچی  لە ڕێگەیەوە لێخۆشبووی پەروەردگاریان بەدەستنەهێناوە”.

هەموو ڕۆژێکی مانگی ڕەمەزان، بەڵکو هەموو خولەکێکی، بەهایەکی زۆر باڵای هەیە. ئەو مرۆڤانەی، مافی تەواوی کاتژمێرەکان، خولەکەکان و چرکەکانی ئەو مانگە دەدەن، بە ڕەحمەت و لێخۆشبوونی پەروەردگاریان دەگەن. لەم ڕوویەشەوەیە کەوا بە مانگی ڕەمەزان دەڵێن “سوڵتانی هەر ١١ مانگەکەی تر”. ئێمەش بە “تافی زێڕینی کات” ناوی دەبەین.

ڕەمەزانی شەریف، لوتفێکی گەورەی جەنابی حەقە لەگەڵ ئومەتی محمد. لوتفەکانی پەروەردگار لەم مانگەدا، دەشێت بەو شاباشانە بچوێنین کەوا پاشاکان بێبەرامبەر بەسەر چواردەورەکەیاندا دەیبەخشنەوە. وەک چۆن پاشاکان لە کاتی بەخشینەوەی شاباشدا بیر لە قەدر و قیمەت ناکەنەوە و بە هەموو کەسێکی دەبەخشن، دەرکەوتی درەوشانەوەی ڕەحمەت و لێخۆشبوونی جەنابی حەقیش لەم مانگەدا، هەموو کەسێک دەگرێتەوە.

بەڵێ، مانگی ڕەمەزان قوڵاییەکی تایبەت بە خۆی هەیە. بەڵام تێگەشتن لەم قوڵاییە پەیوەندی بە قوڵێتی خودی مرۆڤەکەوە هەیە. قوڵێتی مرۆڤەکە، وەهای لێ دەکات زیاتر لە قوڵێتی ئەو مانگە بگات. هەروەها قوڵایی مرۆڤ، قوڵاییەکی زیاتر دەخاتە سەر ئەو مانگە. ئێمە ناتوانین تاعەت و عیبادەتی کەس بە سوک تەماشا بکەین. گەر مرۆڤێک دڵسۆز و ڕاستگۆ بێت، عیبادەت و تاعەتەکانی بۆ ڕیا و خۆدەرخستن ئەنجام نەدات، ئەوا چەندین قاتی ئەو نوێژ، ڕۆژوو، هەستان بۆ پارشێو، تەراویح، خەتم، زەکات و سەدەقانەی لەم مانگەدا ئەنجامی دەدات، پاداشت وەردەگرێتەوە. لە پاڵ ئەمانەشدا، سوود وەرگرتنی کەسێک کەوا شعوری لە ئاستی ئەم مانگەدا بێت، هەردەم خۆی لە غەفڵەت بەدوور بگرێت، زۆر جیاواز لە کەسانی تر دەبێت. چونکە ئەو زیاتر ئەم بابەتە دەباتە پێشەوە.

مادام وایە، بۆ بە تێروتەسەلەی سوود لەم وەرزی دەستکەوتە نەبەین کەوا شاباشی ئیلاهی تێیدا بە ڕووی هەموو کەسێکدا کراوەیە!

بە داخەوە، موسوڵمانانی ئەمڕۆ لەم جۆرە بابەتانەدا هەتا بڵێی بەدبەختانە مامەڵە دەکەن. موسوڵمانگەلێکی چارەڕەشی سەردەمێکی چارەڕەشین. دوور لە سەرچاوەکانی خۆ گۆشکردن ژیان بەسەر دەبەین. خێزان، گەڕەک، خوێندنگە و مزگەوتەکان ئەو نرخ و بەهایانەی پێویستن نایبەخشن. لەو ئاستەدا نین بەو کارانە هەڵبستن کەوا بۆ پەروەردە و هۆشیارکردنەوە و فێرکردنی منداڵەکانیان پێویستن. خێزانەکان زۆر نەفامن. کۆڵانەکانیش زۆر بێئینسافن. مزگەوتیش وەک شوێنێکی لێهاتووە کەوا ڕۆتین دەیبات بەڕێوە و سڕبوونێکی زۆر جددی تێدا بەدی دەکرێت. بە هۆی ئەوەی تەواوی سەرچاوەکانی خۆگۆشکردن نەزۆک بوون و مەمکەکانیش لە شیر بڕاونەتەوە، موسوڵمانان ناتوانن بە تێروتەسەلی بژین، هەست بەو شتانە ناکەن کەوا پێویستە هەستی پێ بکەن. ناتوانن بە ڕووی مێتافیزیکدا بکرێنەوە، بەسەر پلیکانەکانی دڵ و ڕۆحدا بەرز ببنەوە. لە حاڵی برسێتییەکی لەم شێوەیەشدا، زۆر سەختە هەست بە ڕەمەزانیش بکەین.

 

**

کەواتە دەبێت چی بکەین؟

لە شتی یاری منداڵانەوە بیگرە هەتا دەگەینە گۆڕەپانەکانی یاری، دەبێت هەموو شتەکان بە گوێرەی دونیای خۆمان ڕێک بخەینەوە، ئارگومێنتەکانی تایبەت بە خۆمان بەکاربهێنین هەتا منداڵەکانمان پەروەردەیەکی جوان وەربگرن. لەگەڵ تەواوی ئەمانەشدا، گۆڕانکاری لە شێواز و فۆرماتەکاندا بکەین، تەنانەت گەر پێویستی کرد لە نێوان خۆماندا ڕێکەوتنێک واژۆ بکەین، بە دوای ڕێگەگەلێکدا بگەڕێین هەتا بە شێوەیەکی قوڵتر سوود لە مانگی ڕەمەزان ببەین. دەشێت لە نێو خۆماندا بڵێین” وەرن با لەم ڕەمەزاندا هێندە قورئان بخوێنینەوە، لە نێوان خۆماندا گفتوگۆی لەسەر بکەین، تەراویحەکانیشمان بە خەتمەوە بخوێنینەوە، لە نێوان ڕکاتەکانی تەراویحیشدا بە دەنگی زوڵاڵ سەڵات و سەلام بنێرین، یاخود با لە نێو خۆماندا نزاکانی جەوشەن و ئەورادە قودسیەکان بخوێنینەوە، نوێژی حاجەت بکەین و نزا بۆ هەموو ئومەتی محمد بکەین”. بەم شێوەیە لە ڕێگەی بەکارهێنانی ئامرازی جیاوازەوە، ئەو مرۆڤانەی لە نێو ماڵەکان، گەڕەکەکان، مزگەوت و خوێندنگەکان وەک پێویست گۆش نابن، بە شێوەیەکی ڕێژەیش بێت چاکسازییان تێدا بکرێت، ژیانی دیندارەیان تێدا ببوژێنرێتەوە. بابەتی ئەوەی ڕەمەزان بکەینە مانگی یەک بە هەزار، کەمێکیش وابەستەی هەوڵ و تێکۆشانەکانی ئێمەیە.

 

لە ڕوانگەی ئەوەی دەڵێین” ڕەمەزان مانگی قورئانە”، پێویستە سەرلەنوێ ڕوو لە قورئان بکەینەوە. بە تایبەت لەم سەردەمەدا کەوا جیهانی ئیسلام هیچ کاتێک هێندەی ئێستا لە قورئان دانەبڕاوە و لە بەرامبەریدا وەک بێگانەی لێنەهاتووە، پێویستە سەرلەنوێ ڕووی تێ بکەینەوە.  بە داخەوە زۆرێک لە مرۆڤەکان قورئان دەخوێننەوە، بەڵام لێی تێناگەن. ناتوانن بچنە نێو کرۆکی و نەخشەی پشتەوەی نابینن و لە مەبەستەکانی تێناگەن.  ئێمە هەتا چەندە ڕوو لەو بکەین، ئەویش بەو ڕادەیە دەرگاکانی بە ڕووی ئێمەدا دەکاتەوە، چەشنی خۆر دونیای دڵ و ڕۆحمان ڕۆشن دەکاتەوە. نابێت بێباکانە بەرامبەر ئەم کتێبە موبارەکە بوەستین کەوا خواستی بێخەوشی ئیلاهی و حەقیقەتی پێغەمبەرێتی لە نێو کرۆکی خۆیدا هەڵگرتووە. ئێمە هەتا چەندە گرنگی و بایەخی پێ بدەین، سوود لێ وەرگرتنمان بەو ڕادەیە زیاتر دەبێت. گەر ئێمە سەرلەنوێ بە قورئان شاد ببینەوە و وەک ئاڵای خۆمانی لێ بکەین، ئەوا خوداش ئێمە دەکاتە ئاڵا و ڕزگارمان دەکات لەوەی پشتمان بچەمێتەوە.

بە کورتی، هەرچیەکمان کردبێت، دەبێت بە دوای ئەو ڕێگایانەوە بین کە مانگی ڕەمەزانمان زیاتر پڕ پیت و قازانج دەکات. کەسێک نرخی ئەم مانگی دەستکەوتە نەزانێت و پشکی خۆی لە بەرەکەتەکەی نەبات و لە گوناحەکانی ڕزگاری نەبێت، ئەوا شتێکی گەورەی لە کیس خۆی داوە. زیاتر لەمەش، کەسێک سوود لە تافێکی زەمەنی لەم شێوەیە نەبات کەوا هەموو کاتژمێر و  خولەکێکی لە زێڕ بەنرخترە، کەسێک کەوا گوێمەدەرەییانە مامەڵە لەگەڵ ئەم ئیحسانە ئیلاهیەدا بکات، ئەوا بە واتای ئەوە دێت کە بەدەستی خۆی قوڕی بەسەری خۆیدا کردووە.

ئەگەرنا چی بە کەسێک بگوترێت باشە کەوا ڕووی لە بازاڕی مسگەران کردبێت، لە حاڵێکدا لە شوێنی خۆی زێڕ و زەبەرجەد دەبەخشرێتەوە! لەم حاڵەشدا کەسێک کەوا زیاتر لە هەموو کەسێک خاوەن ویژدان و بەزەیی و ئینسافە، خۆی ناگرێتەوە لەوەی نەڵێت ” دەک داوەشێیت”.

 

 

  

 

           

  

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *