پاڵەوانانى ڕاستڕەوى، سەروتاری گۆڤاری چاڵەیان بە خامەی م.فەتحوڵڵا گولەن

پاڵەوانانى ڕاستڕەوى
سەروتاری گۆڤاری چاڵەیان بە خامەی م.فەتحوڵڵا گولەن

ئەوان لە ڕوانینەكانیاندا گشتگیرن؛ بە شێوەیەكى ڕاست دەبینن، بیر لە ڕاستى دەكەنەوە و، هەموو جوڵەیەكیشیان بە ڕەزامەندیى خواوە دەبەستنەوە. لاى ئەوان هاتوچۆكانى نێوان نەفس و ئەودیوى سروشتیش هەمیشە لە دەورى ئەم خولگەیە دەسووڕێتەوە. ئەوان گاهـ عەدەسەى ئیرادە و شعوور ئاڕاستەى تەماشاكردنى دونیاى ناوەوەى خۆیان دەكەن و دەكەونە پێداچوونەوەی فیترەتى ئەسڵییان؛ بەدواشیدا یەكسەر ڕووەوە و ئەودیو و ئەودیوى ئەودیوەكان دەیجوڵێنن و، ناخى خۆیان بۆ بەدیهێنەر هەڵدەڕێژن و، عەرزى حاڵى خۆیان دەكەن و، عەهد و پەیمان تازەدەكەنەوە و، سەر و ڕوویان لە زەوى دەخشێنن. ئاگاداران لەوەى كە “ئاوێنەیەكى صەمەدانى”ن و، وەكو پێڕستى گشت گەردوون و بەدیهاتووان وەهان.
كەسانى لەم جۆرە هاوڕێ لەگەڵ تێبینییەكى فراوانى وەك ئەمە هەمیشە لە خەمى ئەوەدان كە گونجاو لەگەڵ ئامانجى بەدیهاتنیاندا هەڵسوكەوتبكەن.. زوو زوو چاو بە دونیاى ناوەوەیاندا دەخشێننەوە.. ڕووبەڕووى خۆیان دەبنەوە.. هۆشیارن بەرامبەر بە چەپەڵبوونى بیر و هەست و تێبینییەكانیان.. هاوڕێ لەگەڵ هەستیاریی ڕێنەدان بە چەپەڵبوونى دڵ و ژەنگگرتنى ڕۆحدا هەڵدەستن و دادەنیشن.. زۆر جار ئەندێشەى “لەوانەیە چەپەڵم كردبن!” دایاندەگرێت و، لەپێناو خاوێنبوونەوە بەرەو خوا ڕادەكەن.. وە هەمیشە لە ترسى ئەوەى نەوەك مافى تەواوەتیی نیعمەتى “أحسن تقویم”یان نەدابێت، هەڵدەلەرزن.
ئەم كەسانە نەك دەرگاكردنەوەى دونیاى خەیاڵ لەم شتە نەرێنییانە، بەڵكو تەنانەت لەهەمبەر بچووكترین لەكەداربوونى خەون و، چڵك و ژەنگى تەسەوور و، تۆز و غوبارى وەستان و تەمبەڵیشدا تەزوو بە گیانیاندا دێت و، دەستدەكەن بە گەڕان بەدواى ئامڕازە نوێیەكانى ڕووكردنە خوا.. وە هەمیشە دەستیان بە قوڵفەى دەرگاى ڕەحمەت و مەغفیرەتەوەیە و، شانبەشانى ڕۆحانییەكان ژیان دەگوزەرێنن.
گەر ئەوان هەریەكەیان پاڵەوانى نزیكى(القرب) و شەیداى ویساڵ بن، كەواتە دەبێت ڕێگاى ئەم جگەرسووتاوانە گوزەرگاى “شەوق بۆ دیدارى خوا” بێت. بەڵێ، ڕەنگە هەر ئەمەش نهێنیى تێپەڕاندنى دووریى خۆیان و گەیشتنى “دوور لە هەموو چەندێتى و چۆنێتییەك” بێت بەو زاتەى كە لە هەموو شتێكى نزیك نزیكترە. ئەوانەى بەم ئاسۆیە گەیشتوون، بەم عەزم و دامەزراوییە گەیشتوون؛ ئەوانەش كە پێیان لە هەوا و ئارەزووەكانیان گیراوە، لە نیوەى ڕێدا بەجێماون.
لە ڕابردووەوە هەتا ئەمڕۆ ئەوانەى پشتیان لە سێبەری خۆیان کردووە و ڕووەو خۆر ڕۆیشتوون، هەمیشە لە ڕەهەندێكى زۆر جیاوازدا لەگەڵ خۆیاندا ڕووبەڕووبوونەتەوە؛ لەهەمبەر ئەو لادانانەى كە لە دڵ و ڕۆح و تەسەوور و خەیاڵیاندا دیتوویانە -یان وا هاتووەتە بەرچاویان- لە ترسان هەڵلەرزیون؛ هەست و هەیەجان و ئەندێشەكانیان وەك ئەمانەتێك سپێرراون بە زمانیان و هەردەم ناڵاندوویانە و، بەدەم وتنى “یا ڕەب!”ەوە تلاونەتەوە. هەر لە پێغەمبەرى خواوە كە “مانگى چواردە” و “ئینسانى كامڵ”ە هەتا دەگات بە هەموو ئەو ئەستێرانەى كە وەك خەرمانەیەک دەوریان داوە، هەموویان ڕێبوارە دانەبڕاوەكانى ئەو گوزەرگایەى پێغەمبەران بوون كە بە هاودەمی (المعیة)ى خوایى دەگات و، بوون بە ڕابەرێكى ڕاست و ڕێنیشاندەر بۆ ئەوانەى دواى خۆیان. ڕێیان ڕووناك بێت و، خواى گەورە و میهرەبان ئێمەش لە ڕێبوارانى ئەو ڕێیە ئەژماربكات!
هەنووكە ئەگەر پێتان خۆش بێت با بە تەماشاكردنى تاكە پێشەواى ئەم ڕێگا نوورانییە و ناوازەترین هەڵبژێرراوى ناو هەڵبژێرراوە قودسییەكان، هەوڵبدەین دەرگا لەسەر هەڵسەنگاندنى خۆمان -بەو مەرجەى دڵنیا بین كە ئەمە بەراوردى نێوان دڵۆپ و دەریایە- بە ئەندازەى كەلێنێك واڵابكەین.
حەزرەتى (الروح سید الأنام) هاوڕێ لەگەڵ تەمكین و حاڵەتە ڕۆحییە فراوانەكەى و تێبینیى پێشەوایەتیكردنى ئەوانەى دواى خۆى، بەیانیان فەصڵى بێدارییەكى جیاواز و، ئێوارانى دەمى ڕووتێكردن(توجە)ێكى جیاواز بوو و، ناخى خۆى هەڵدەڕشت و دەیفەرموو “خوایە گیان پاك و بێگەردیت لە هەموو كەموكورتییەك. داوات لێدەكەم لە گوناهەكانم –لە كاتێكدا كە گوناهـ بەمیوانیش ڕێى لە خەونەكانی نەكەوتبوو- خۆشببیت.” بەمەش ڕێگاى خۆكۆنتڕۆڵكردنى پیشانى شوێنكەوتووانى دەدا و نموونەیەكى سەرسووڕهێنى خۆبەكەمزانیی نیشاندەدا.
دیسان لە كاتێكدا كە خەریكبوو دونیا ڕووناكدەبوویەوە، وەك صەلایەك بۆ ئەوانەى كە خۆیان لە باوەشى مەرگى خەو هاویشتووە و بێداركردنەوەیەكیش بۆ ئەوانەى كە هێشتا لە ئەعرافدان، دەستى بۆ قوڵفەى دەرگاى ڕەحمەت دەبرد و، لە ناخى دڵەوە دەپاڕایەوە و دەیفەرموو “خوایە گیان، پەنات پێدەگرم لە ستەمكردن و ستەملێكران و، سنووربەزاندن و دەستدرێژیكردنە سەر مافى خەڵكى و، دەستدرێژیكرانە سەر مافى خۆم و، تاوانكردن و ئەنجامدانى تاوانگەلێك كە لێخۆشبوونیان نییە.” لە حاڵێكدا كە ئەم شتانە چەندەها میل تەنانەت لە دونیاى خەیاڵى ئەویشەوە دوورن. خۆزگە چارەكى ئەم لاڵانەوەیە لە ئێمە و لە سەركردەكانى ئێمەدا هەبووایە!
لە هەموو لاپەڕەكانى ژیانى پیرۆزیدا، چ پێش پێغەمبەرێتى و چ دواى سەرفرازبوون بە ڕیسالەت، وێڕاى ئەوەى كە نەفس و ئارەزووەكانى خستووەتە ژێر كۆت و بەندەوە، هەموو بەیانییەك بەم لەعل و گەوهەرانە پێشوازیى لە خۆرهەڵاتن دەكرد “پەروەردگارم، ئەگەر لەگەڵ نەفسم بەتەنها جێم بهێڵیت، بەرەو لاوازییەك كە پشت لەژێریدا ڕاستنابێتەوە و، پێداویستییەكى زۆر سەخت و، هەڵە و تاوانێكى نادیار ڕاپێچم دەكەیت.” دواى ئەوەى بەم دەستەواژانەى كە دەنگ و نەفەسى ناخهەڵڕشتنى ڕۆحێكى هۆشیارن گوزارشتى لە خۆى كرد، بەم جۆرە كۆتایى بە پاڕانەوەكەى دەهێنێت كە هەر تایبەتە بە خۆى “من تەنها و تەنها متمانە بە ڕەحمەتى تۆ دەكەم؛ لە گوناهەكانم خۆشببە -گیانم بە قوربانت، كام گوناهانەت؟!- چونكە تەنها تۆ لە تاوان و گوناهەكان خۆشدەبیت.”
بەردەوامدەبێت لەسەر هەڵڕشتنى ناخى و، بەرامبەر بە نەفس و شەیتان كە هەرگیز ڕێیان لە دونیاى خەیاڵیشى هەڵنەكەوتووە –بە ڕاى من زیاتر مەبەست لێى بێداركردنەوەى ئوممەتەكەیەتى- دەفەرمووێت “خوایە گیان، پەنات پێدەگرم لە شەڕى شەیتان و، لەوەى بە هۆى شەڕیانەوە خراپەم بەرامبەر بكەن یان خراپە بەرامبەر بە ئیماندارێك بكەم.” چوار دانە جار ئەم نزایەشى دووپاتدەكردەوە. گیان بە قوربانى ئەم تەمكین و حەزەرە ئێجگار هەستیارە بێت؛ بەمەشەوە نەدەوەستا، بەڵكو دەستى بۆ دەرگاى چاودێرى و پارێزگارى درێژدەكرد و دەیفەرموو “ئەى خواى (حي) و (قیوم)! ڕەحمەتت دەكەم بە ئامڕاز و داواى یارمەتیت لێدەكەم؛ هەموو حاڵێكم چاكبكە و، ئەندازەى چاوتروكانێكیش لەگەڵ نەفسى خۆمدا بەتەنها جێم مەهێڵە!” ئەمەش بچێت بە چاوى كوێر و گوێى كەڕى ئەوانەى لە زەلكاوەكاندا ژیان بەسەردەبەن!
ئەو، بەم جۆرە هەستیار بوو بەرامبەر بە نەفس و ئارەزووەكان؛ لە كاتێكدا كە چەندین كیلۆمەتر لە ئەوەوە دوور بوون و لە ملیۆندا یەك گریمانەش سێبەری نەخستبووە سەر دونیاى نوورەفشانى بیرى ئەو؛ نەشیاندەتوانى! ئێمە با وەك وانەیەك بۆ بەندە دەربەدەرەكان لێى تێبگەین و، هەنگاوێك بێینەوە دواوە و، بەڕێزەوە گوێقوڵاغى پاڕانەوەكانى بین كاتێك دەیفەرموو “خوایە گیان، پەنات پێدەگرم لە شەڕى نەفسم و هەر شتێك كە جڵەوى بە دەستى تۆوەیە.” ئەمە چ هەستیارى و چ تەمكینێكى فراوانە!
تەنانەت دوژمنە هەرە سەرسەختەكانیشى پڕكێشی ئەوەیان نەكردووە بچووكترینى عەیبە و نەنگییەكانى بدەنە پاڵ. هەم پێش پێغەمبەرێتى و هەمو دواى دابەزینى وەحیش وەكو ئەمینترین كەس دەناسرا و ناوى دەهێنرا. بەڵام لە لوتكە گەردنكەشەكەى بڕوانن كاتێك بەردەوام وەك ئەوەى عەیبێكى هەبێت دەیفەرموو “خوایە گیان، هەموو عەیبەكانم داپۆشە و، سەرجەم ترس و ئەندێشەكانم هەڵبگرە! لە ڕوانگەى مەخافەت و مەهابەتەوە هەمیشە دڵێكى هەبوو كە هەڵدەلەرزى؛ ئەو بەم ڕەفتارانەى ڕێگاى فەزیلەتى ڕاستەقینەى نیشانى ئەوانەى دواى خۆى دەدا.
تەنانەت وتنى “وەكو ئێمە دەنووست”یش بەرامبەر بە ئەو بێڕێزییەكى گەورەیە. چونكە ئەو لەم بارەیەوە فەرموویەتى “چاوەكانم دەنوون، بەڵام دڵم نانوێت.” كەچى ئەم ڕۆحە ناوازەیەى كە لەسەروو ئاستى فریشتەكانیشەوە بوو، پێش نووستن دەیفەرموو “بە ناوى خوا ڕاكشام.. خوایە گیان، لە گوناهەكانم خۆشببە و، دەنگى شەیتانەكەم ببڕە و، بمگێڕە لەوانەى كە لاى تۆ پێگە و پایەى بەرزیان هەیە.” وێڕاى پێگە بەرز و مەزنەكەى، لەم پاڕانەوەیەدا ئاى چ وانە و پەندێك بە گوێى ئێمەدا دەدات…
میعراجى ئەو نوێژ و، نوێژەكانیشى میعراج بوون. كاتێك لە نوێژدا بۆ میعراجێكى زەمینى دەوەستا، هەموو ڕەنگەكانى ئیحسان پێوەى دەردەكەوتن، كاتێكیش لارەمل و كزۆڵ لەبەردەم پەروەردگاریدا دەوەستا، وەكو پێشەكییەكى جوان لە وەسفى نوێژەكەدا، دەیفەرموو “خوایە گیان تۆ (مەلیك)یت؛ جگە لە تۆ پەرستراوى تر نییە. تۆ تاكە پەروەردگارى منیت و، منیش بەندەى تۆم. ستەمم لە نەفسى خۆم كرد، دان بە تاوانى خۆمدا دەنێم -ئەى جانى جانان، چ تاوانێك؟!- لە هەموو گوناهەكانم خۆشببە؛ چونكە كەسى تر جگە لە تۆ ناتوانێت بیانبەخشێت. بەرەو ئەخلاقى جوان و پەسەند هیدایەتم بفەرموو؛ چونكە تەنها تۆ هیدایەت دەبەخشیت!” ئەمانە شتانێكن كە ئێمەش بۆ ئەو ئاسۆیە بانگهێشتدەكەن؛ خواى گەورە ئەم هیدایەتە بە نسیبى ئێمەش بكات…
ئەو شتانەى ئەو پێى دەگوتن “تاوان” و لەتاویان دەیناڵاند نێوانى ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا لە ئەوەوە دوور بوون، بەڵام لەبەرئەوەى تەنانەت ئەو ساتانەشى بەهەڵە -هەڵەكان بەمیوانیش ڕێیان لە خەونەكانى ئەو هەڵنەكەوتبوو- ئەژماردەكرد كە تێیدا قەڵەم و مرەكەب دەچوونە دۆخى موڕاقەبەى بێدەنگییەوە و دەستیان لە نووسین هەڵدەگرت، ئەوا هاوڕێ لەگەڵ تەمكینێكى لەڕادەبەدەر و پەیمان و بەڵێنى ئیحساندا دەیناڵاند و دەیفەرموو “خوایە گیان، هێندەى نێوان دوو جەمسەرەكە لە گوناهەكانم دوورم بخەوە. پەروەردگارم، چەشنى ئاوى پاك كاتێك چڵكێك لادەبات، خاوێنم بكەوە!” ئەمە چ قووڵییەكە ئەى جانى جانانم!
سوڵتانى ڕەسولان و شاهى موجەممیدیت ئەفەندم
دەوڵەتى سەرمەدیت لە بۆ بێچاران ئەفەندم
لە دیوانى ئیلاهیدا سەرئامەدیت ئەفەندم
بە مەنشوورى (لعمرك) موئەییەدیت ئەفەندم
ئەى زیاى هیممەت و شەمعى تابانم، تۆ لەم وتانەتدا دەفەرموویت “من”، بەڵام لەڕاستیدا ئێمە بۆ “خۆبوون” لەسەر ڕێگا نوورانییەكەى خۆت بانگدەكەیت. ئێمەش بە سەرگەردان و دەسەڵاتدارەكانى ناومانەوە لەمێژە ماڵئاواییمان لەم ئاسۆیە كردووە. ئێمە لە خولیا پەمەییەكانماندا چاوەڕێى ڕووتێكردنى تازەى تۆین؛ توخوا با لەوە زیاتر چاوەڕێنەكەین!
بەو چاوەى لە هاوەڵانت دەڕوانى، لە قیتمیریشت بنۆڕە
بە عەشقى پیرۆزت كڵپەكڵپ بیسووتێنە
با بە حوزنى تۆ تاریكدانەیەت ئاسۆكانى
بڵێ “ئەویش لە منە” تا لە تۆ نەبێت دوور
كاتێك دەچووە سوجدە -ئەو سوجدەیەى كە بە (سدرة المنتهى)ى نوێژ دادەنرێت و، تێیدا بەندە نزیكترینە لە خواوە و، لە ڕێگەى شیعرى
(سەر و قاچ لە یەك ئاستدا، نێوچاوان ماچدەكات سەججادە
ئینسان لە خواوە نزیكدەكاتەوە ئەم جادە)
گوزارشتى لێوە كراوە- هاوڕێ لەگەڵ خۆبەكەمزانییەكى زۆر قووڵدا ئەو سەرە پیرۆزەى كە لەبەرامبەر هیچ كەسێكەوە نەوى نەكردبوو لە خاك دەسوى و، بە ئوسلوبێكى جیاواز دەیفەرموو “خوایە گیان، لە هەموو گوناهەكانم –ئەى ئەو شاهەنشایەم كە بە ﮃ ﭗ ﭘ ﭙ ﭚ ﭛ ﭜ ﭝ ﭞ ﭟ ﮂ سەرفرازیت، خواى گەورە نەیهێشت ڕابردووت گوناهى تێدا بێت، بە قوفڵى ڕاستگۆیى خۆیشت هەموو ئەو دەرگا و پەنجەرانەى گوناهى داخست كە دەكرێت لە داهاتوودا بێنە ڕێت؛ كەواتە بۆ خاترى شانوشكۆى بەرزت پێمانبڵێ تۆ بە چى دەڵێیت گوناهـ!- بچووك و گەورە و، سەرەتا و كۆتا و، دیار و نادیاریان خۆشببە!” خۆزگە ئەوانەش كە ژیانیان لەناو زەلكاوى گوناهەكاندا بەسەردەبەن لەم ناڵەیە تێبگەیشتنایە كە لە دەنگ و نەفەسى فریشتەكانیش قووڵتر و بەسۆزترە! مەخابن، ئەوانەى ماڵئاواییان لە ژیانى دڵ كردووە و، بێئاگان لە ئاسۆى ڕۆح، نە ئەمە دەبیستن و نە لێى تێدەگەن.
لە تەحیاتیشدا كە هەتا سەر ئێسك هەستى بە نزیكى لە خواوە دەكرد و نزیكى و چێژى ڕۆحانى تێیدا دەگەیشتن بە لوتكە، ئەو دیسان ڕاستەوانە لەگەڵ قووڵیى مەعریفەتیدا دەیناڵاند و، بەم چەند وتەیەى كە لە ژێیەكانى دەروونیەوە دەهاتنە دەر ڕەهایى ڕۆحى دەردەخست و دەیفەرموو “خوایە گیان، ستەمى زۆرم لە نەفسى خۆم كرد -ئەمەش هەر دەبێت ئاگاداركردنەوە بێت بۆ ئێمەى خۆنەناس- تەنها تۆیت كە لە گوناهەكانم خۆشدەبیت. بە لێخۆشبوونێكى تایبەتى بمبەخشە و بەزەییت پێمدا بێتەوە؛ بێگومان تۆ تاكە غەفور و ڕەحیمیت.”
خۆزگە ئێمەش لە ناخەوە دەمانناڵاند و، بە خۆمان دەوت “ڕابەر و پێشەوا لەكوێیە و ئێمە لە كوێ!” ئەو لەتاو كۆمەڵێك شتى وەها دەیناڵاند كە دڵ ڕەشدەكەنەوە و، هەمیشە دەكرێت تووشمان ببن، وەلێ فەرسەخ فەرسەخ لە خۆیەوە دوور بوون. وە هاودەم لەگەڵ لاڵانەوەیەكى قووڵدا بەم جۆرە هەستەكانى خۆى دەردەبڕی “خوایە گیان پەنات پێدەگرم لە دڵڕەقى و غەفڵەت –ئەمانە لە كوێ و ئاسۆى تۆ لە كوێ؟!- و هەژارى و كوفر و فیسق و دوژمنایەتیكردنى كەسێك لەسەر بنەماى بەرهەڵستیكردن و سومعە و عوجب!” نازانم داخۆ بێدارى و تەمكینێك بەم قووڵى و سەرسووڕهێنەرییە جگە لاى ئەو “مەعصومى موتڵەق”ە –بە مەلائیكەتەكانى ئاسمانیشەوە- لاى كەسێكى دى هەستى پێكراوە؟ من باوەڕناكەم؛ كەسیش ناتوانێت بانگەشەیەكى لەم جۆرە بكات…
تەنها بەمەندە نوختە و فاریزەیەك دادەنێین لەسەر باسى دوعا و نیاز و پاڕانەوە و لاڵانەوەى ئەو مانگى چواردەیە. بەو واتایەى كە ئەمە تەنها دڵۆپێكە لەچاو دەریادا و، بابەتەكە هێشتا تەواونەبووە و، دواى ئەم نۆرەى ئەو “مصطفین الاخیار”ەیە كە كە بە خەرمانەى ئەو ماهى تابانە دادەنرێت. لە كۆتاییشدا داواى لێخۆشبوون و لێبووردەیى دەكەم لە خواى گەورە بۆ هەڵە و كەموكورتییەكانم…

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *