پرۆفایلی خانەوادەیەک کەوا لەمڕۆدا لە ئاو زیاتر پێویستمانە. عاشقی ڕاستگۆ. بەشی سێهەم

دایکی مامۆستا م.فەتحوڵڵا گولەن کە ناوی ڕەفیعە خانمە، لە ساڵی ١٩١٣ لە گوندی سیغیرلی سەر بە ناوەندی شاری ئێرزروم هاتۆتە دونیاوە. دایکی ئەویش ناوی خەدیجە خانمە. ناوی باوکیشی سەید ئەحمەد ئەفەندیە. ڕەچەڵەکی ڕەفیعە خانم، لە ڕێگەی دایک و باوکیەوە، لە پشتی پێنجهەمیدا لەگەڵ  کۆڵئاغا عەلی بەگ یەکدەگرێتەوە. کۆڵئاغا عەلی بەگیش دوو کوڕی دەبێت. یەکێک لەوان ناوی سەلیم ئاغا دەبێت و، باوکی ڕەفیعە خانم کە ناوی سەید ئەحمەد ئەفەندی دەبێت، لە ڕەچەڵەکی ئەوەوە دێتە دونیاوە. هەروەها لە  ڕەچەڵەکی مەلا ئەحمەدیشەوە دایکی بە ناوی خەدیجە خانم دێتە دونیاوە.

ڕەفیعە خانم لە دوای ٥ پشت، لەلای باوکیەوە دەگات بە کورت ئیسماعیل پاشا، لەلای دایکیشیەوە دەگاتەوە بە شوکرو پاشا کەوا بە یەکێک لە قارەمانە گەورەکانی جەنگی باڵکان و چەنەقەلە دادەنرێت و بە بەرگریکاری ئێدیرنە ناوبانگی دەرکردووە.

باپیری مامۆستا بە ناوی سەید ئەحمەد ئەفەندی، مرۆڤێکی پاک و خاوەن خووڕەوشتێکی باش دەبێت. زۆر لە ناخەوە کەسێکی دیندار بوو. پێش ئەوەی لەگەڵ خەدیجە خانمدا هاوسەرگیری بکات، بڕیاری ئەوەی دابوو تەمەنی گەنجی خۆی لە خەڵوەتکێشیدا بەسەر ببات. ئارەزووی ئەوەی دەکرد هەتا ئەو کاتەی دەمرێت، لە خەڵوەتکێشیدا ژیان بەسەر ببات. کاتێک باسی ئەم جۆرە بیرکردنەوەی خۆی بۆ یەکێک لە مامۆستاکانی دەکات کە ناوی ئەحمەد تاغی دەبێت، ئەو مرۆڤە جوانە کەوا دۆستی خودا دەبێت، وەک ئەوەی هەستی بەو شتانە کردبێت کەوا لە داهاتوودا ڕوودەدەن، بەم شێوەیە قسە لەگەڵ سەید ئەحمەد ئەفەندی دەکات:

کوڕم، تۆ دەبێت هاوسەرگیری بکەیت. چونکە لە نەوەکانی تۆ مرۆڤێکی چاکەکار دێتە دونیاوە و زۆر کاری چاکە ئەنجام دەدات.

بەم شێوەیە سەید ئەحمەد و خەدیجە خانم هاوسەرگیری دەکەن. لەم هاوسەرگیریەش دایکی مامۆستا و برا و خوشکێک دێنە دونیاوە. ناوی ئەوانیش بەسەرە بەم شێوەیەیە:

عەبدوڕەزاق( خاڵی مامۆستا) ، ڕەفیقە (پوری مامۆستا)، پاشان لە هەردووکیان بچوکتر رەفیعە خانم دێتە دونیاوە.

ڕوقیەش کەوا وەک دوا منداڵی ئەو خانەوادەیە دێتە دونیاوە، لە ساڵی ١٩١٤ کاتێک ڕوسەکان هەتا ئێرزروم دێن، لە میانەی ڕێگە بڕینێکی پڕ ناڕەحەتی و مەشەقەتدا بەرەو شاری قەیسەری، کاتێک دەیانەوێت بە ئاوی بە خوڕی فوراتدا بپەڕنەوە، دەکەوێتە ناو ئاوەوە، بەم شێوەیە لە تەمەنی ٧-٨ مانگیدا گیانی لە دەستدا.

دوای ئەوەی سەید ئەحمەد ئەفەندی ٦ مانگ لە قەیسەری مایەوە و، هەواڵی ئەوەی بیست کە ڕوسەکان پاشەکشێیان کردووە، دووبارە دەگەڕێتەوە گوندی سیغرلی شاری ئێرزڕوم.

سەید ئەحمەد ئەفەندی، لەگەڵ ئەوەی پەیوەندی لەگەڵ چەند شێخێکی تەریقەتدا دەبێت، زۆر وابەستەی ئیمامی ئاڵڤارلی محمد لوتفی ئەفەندی دەبێت. هەتا ئەو کاتەی لە ژیاندا دەبێت، خەڵک فێری قورئان دەکات، زۆر کەس لەسەر دەستی ئەو فێری قورئان دەبن. فێربوونی زانستە دینیەکان وەک ئامانجی ژیانی لێهاتبوو.  

 

ئامانجی ئەو لە فێرکردنی قورئان و خەمی زۆری ئەو لەو بابەتەدا، کاریگەریەکی زۆری لەسەر ڕەفیعە خانمی کچی دانابوو.

مامۆستا فەتحوڵڵا گولەن، بەم شێوەیە باسی ئەحمەد ئەفەندی باپیری دەکات:

 “باپیرە ئەحمەدم کەسێکی زاهید و عابید بوو.. سونەتی پێغەمبەر هەرچیەک بووایە، کتومت وەک خۆی ئەنجامی دەدا. باپیرەم مێزەری سەردەمی عوسمانیەکانی دەبەست. بە مێزەرە سپییەکەی سەریەوە هەروەک مەلا بوو. لەناو شار و لە گوندەکەشماندا مێزەرەکەی سەری دانەدەکەند. سەرەڕای ئەوەی پەیوەندیەکی توندوتۆڵی لەگەڵ شاردا هەبوو، چونکە دایکی کچی کورت ئیسماعیل پاشا بوو، بەڵام زۆر نەدەچووە شار. هۆکاری ئەمەش بریتی بوو لەوەی لە گوناح دەترسا. هەروەها لە کۆنەوە لە دایکی خۆمم بیستووە، کە هەر ٣ یان ٧ ڕۆژ جارێک، قورئانی کەریم خەتم کردووە. تەواوی ژیانی بەم شێوەیە بوو. لە ڕێگەی دایکمەوە ئیمکانی ئەوەم هەبوو، زۆر بە باشی بیناسم”.

نەنکی مامۆستاش بە ناوی خەدیجە خانم، زۆر حەزی لە عیبادەت دەبێت و، نوێژکردنی وەک ناوەندی ژیانی خۆی لێکردبوو، هەروەها هەتا بڵێییت ژنێکی خاکی بوو.

مامۆستا سەبارەت بە نەنکی، یادەوەریەکانی خۆی بەم شێوەیە دەگێڕێتەوە:

لە سەردەمی منداڵیمدا، ماوەیەکی زۆر لە ماڵی خاڵوانم مامەوە. خەدیجە خانم دایکی دایکمە. پێم وایە لەبەر ئەوەی لە لەشیدا توشی لوویەک دەبێت، زوو گیان لە دەست دەدات. لە ڕەچەڵەکی شوکرو پاشای بەرگریکارانی ئیدیرنە هاتووە. ئەو خەڵکی سیغرلیە. سەبارەت بە نەنکم، لە دایکمەوە ڕووداوێکی سەیرم بیستووە. ڕووداوەکە بەم شێوەیە:

ڕۆژێکیان نەنکە خەدیجەم دەبورێتەوە. لەلای ئێمە بەو حاڵەتە دەڵێن خوێن گرتوویەتی. وەک ئەوە وەهایە بچیتە بەشی چاودێری وردەوە. ماوەیەک لە هۆش خۆی دەچێت و دواتر هۆشی دێتەوە. دواتر باسی ئەم شتانە بۆ دایکم دەکات:

کاتێک لەو حاڵەدا بووم، دوو پیاو هاتنە لام. پێویستە پێستی زمانی ئەمە دابڕنین. پاشان دەستیا کرد بە ڕنینی پێستی زمانم.

 

دایکم هەمیشە باسی ئەم ڕووداوەی دەکرد و دەیوت:

هەتا ئەو ڕۆژە، دایکم هەندێک جار قسەی نەشیاوی بە ڕاست و چەپی خۆی دەوت. بۆ نمونە دەیوت: خودا گیانی بکێشێت، خودا بەڵای خۆی پێبدات. لە دوای ئەم ڕووداوە، هەرگیز قسەیەکی نەشیاوی لەو شێوەیەی نەکردەوە”.

دواتر بە هۆی لوویەکەوە دەمرێت. لەو سەردەمەدا لەبەر ئەوەی چارەی گرێ و لووی ناو لەشی مرۆڤ نەدۆزرابوویەوە، هەرکەسێک توشی ببوایە، گیانی دەسپارد.

 

**

دایک و باوکی مامۆستا فەتحوڵڵا گولەن

 

مامۆستا ڕامیز ئەفەندی

ڕامیز ئەفەندی، لە ساڵی ١٩٠٥، لە ڕۆژگاری ئاوابوونی دەوڵەتی عوسمانیدا هاتە دونیاوە. ساڵانێکی زۆر سەخت بوو کەوا وڵات لە نێو کارەساتدا ژیانی بەسەر دەبرد. هەربۆیە تەواوی ژیانی لە ناڕەحەتیدا بەسەر برد.

لە سەردەمی جەنگی جیهانی یەکەمدا بە ناچاری کۆچیان بەرەو شاری یۆزگات کرد، لە دوای جەنگیش سەرلەنوێ گەڕایەوە گوندی کۆروجوک و، چەندین ئەرکی سەختی وەک بونیادنانەوەی گوندەکەیان و ڕێکخستنەوەی خێزانەکەیانی لەسەر شان بوو. بەم هۆیەوە دەست و قۆڵی ڕامزی ئەفەندی بە تەواوی بەسترابوو. سەرەڕای ئەوەی توانا و مەراقێکی زۆریشی بۆ خوێندن هەبوو، بەڵام نەیتوانی خۆی بە خوێندەوە خەریک بکات. لەبەر ئەوەی گەورەترین کوڕی شامیل ئاغا بوو، دەبوو بە دەم هەموو کارێکەوە ڕابکات.

“باوکم لە تەمەنی ٣٠ ساڵیدا فێری خوێندنەوەی قورئان دەبێت. لەبەر ئەوەی ڕێکەوتی لە دایک بوونی ١٩٠٥، چاوی بەو سەردەمە بۆشانە کەوتووە و تێیاندا ژیاوە. پاشان لەبەر ئەوەی خەریکی کۆچ و هاتوچۆ بوون، پاشان گۆڕینی ئەلف و بای عەرەبی ڕوویدا و هەموو پیتەکان بوونە لاتینی”، مامۆستا بەم شێوەیە باسی ئەو ڕۆژە سەختانە دەکات.

 

**

 

بەدیعوزەمان و ڕامیز ئەفەندی

 

ئوستاد بەدیعوزەمان لە ساڵی ١٩٢٥، کاتێک لە ڤانەوە ناچار بە نەفی کردن دەکرێت بەرەو ناوچەی ئەنەدۆڵو، دوو شەو لەسەر یەک لەبەر ئەوەی بە سەختی بەفر دەبارێت، بە ناچاری لەگەڵ ئەو سەربازانەی یاوەری دەکەن، لە خانی باپیری مامۆستادا دەمێنێتەوە، کە لە  گوندی کۆروجوی سەر بە شارۆچکەی پاسینلەر دەبێت.

ڕامیز ئەفەندیش کەوا هەتا ئەو کاتەی هیچ زانستێکی دینی نەخوێندووە، لە بەدیعوزەمان دەپرسێت : جیهانی ئیسلام چۆن لەم حاڵەی ئیستای ڕزگاری دەبێت.

ئوستادیش بەم شێوەیە وەڵامی دەداتەوە:

” گەر هەموو کەسێک لەلای خۆیەوە منداڵەکەی بخاتە بەر خوێندن، کێشەکە چارەسەر دەبێت”.

پاشان چەند ئامۆژگاریەکی ڕامیز ئەفەندی دەکات. لە دوای ئەم دیالۆگەی نێوانیان، رامزی ئەفەندی خۆی بۆ فێربوونی زانست تەرخان دەکات. لە دوای تەمەنی ٣٠ ساڵیەوە، خۆی لە فێربوونی قورئانی کەریم، فیقه، سیرەی پێغەمبەر و حەدیس قوڵ دەکاتەوە. دەگێڕنەوە کەوا عەشقی زۆری ڕامیز ئەفەندی بۆ هاوەڵانی پێغەمبەر، لە دوای ئەو ڕۆژەوە دەستی پێکردووە کەوا چاوی بە بەدیعوزەمان دەکەوێت.

مامۆستا خۆشەویستی باوکی بۆ هاوەڵانی پێغەمبەر بەم شێوەیە باس دەکات:

“باوکم سوننی بوو، لایەنی سوننی بوونەکەی زۆر بەهێز بوو. ڕێزێکی زۆری لە تەواوی ئیمامەکان دەگرت. هێندەی ئەوەی بڵێین شێتانە هاوەڵانی پێغەمبەری خۆشدەویست، پەیوەندیەکی توندوتۆڵی پێوەیانەوە هەبوو. لاپەڕەی زۆربەی ئەو کتێبانەی باسی ژیانی هاوەڵانی دەکرد، لە دەستی ئەودا ڕزی بوون و لە چەندین شوێندا دڕابوون. خودا دەزانێت هەریەک لەو کتێبانەی چەندین جار خوێندبوویەوە.

ساڵانی دواتر، ئەو شوێنەی کەوا ئوستاد بەدیعوزەمانی تێدا مابوویەوە، لەلایەن چەند خێرخوازێکەوە دەکڕدرێت و وەک میوانخانە بۆ خزمەتی هاوڵاتیان بەکاردەهێنرێت.

مامۆستا لە وتارێکیدا لە ڕێکەوتی ٢٤ ی ئایاری ١٩٩٦، بەم شێوەیە لەو بارەیەوە دەدوێت:

ئوستاد لە ساڵی ١٩٢٥ بە گوندەکەی ئێمەدا تێدەپەڕێت. لەوێش لە خانەکەی ماڵی باپیرم دەمێنێتەوە. ئێستا حاجی مونیر هەمیشە باسی ئەو خانە دەکات و، منیش هەرگیز بیرم لەوە نەکردبوویەوە ئەو خانە بەو شێوەیەی ئێستای لێبێت. خانەکە هی باپیرم بوو، بەڵام لە جیاتی ئێمە بۆ کوڕە مامەکانم مابوویەوە. چووینە ئەو شوێنە و چەندین ساڵ بوو چاومان بە نەوەکانی مامم نەکەوتبوو. لەوێش چاومان بە کاک گوڵتەکین کەوت. وەک ئەوە وەهابوو سەرلەنوێ یەکمان ناسیبێتەوە. ئەمجارەیان وتیان ” با ئێمە ئەو شوێنەی گوندەکەمان ببەخشین، هاتۆتە ئەوێ و لەوێ ماوەتەوە، با ئەو شوینە زیندوو بکەینەوە”، هەستێکی لەم شێوەیەی هەبوو. الله بە ئیحسانی خۆی، یارمەتی هاوڕێکانی ئێمەی دا لەوەی لە ماوەی یەک ساڵدا ئەو شوێنە وەک میوانخانە لێبکەن. میوانخانەیەکی وەها گەورەی لێدەرچوو، جێگەی سەد کەسی تێدا بوو. ئەمساڵیش کاتێک چووینەوە، مامۆستا کرکنجی لێبوو. کاتێک وتم ئەو شوێنە خانی باپیرم بووە؛ لە وەڵامدا وتی” تۆ سەیری ئەو کارە ناکەیت! ئوستاد دێتە ئێرە، لە خانی باپیرەی تۆ دەمێنێتەوە، لە دوای ئەویش تۆ دێیت و ئەم شوێنە بەم شێوەیە لێدێت، بەڕاستی سەر دەرکردن لەم بابەتە مومکین نیە!”

 

هاوسەرگیری ڕامیز ئەفەندی و رەفیعە خانم

ئەحمەد ئاغا باوکی رەفیعە خانم لە گوندی سیغیرلی ژیانی بەسەر دەبرد. شامیل ئاغاش کەوا لە گوندی کۆروجو ژیانی بەسەر دەبرد، داوای کچەکەی ئەحمەد ئاغای کرد بۆ ڕامیزی کوڕی. بە نیسبەت ڕەفیعە خانمیشەوە، گرنگترین مەرجی هاوسەرگیری بریتی بوو لە نوێژ. ئەم تایبەتمەندیەش کەوا لە ڕامیز ئەفەندیدا هەبوو، لە ڕێگەی پاڵپشتی ئیمامی ئاڵڤارییەوە بوونە دەستگیرانی یەکتر.

کاتێک ڕامیز ئەفەندی ئەرکی سەربازی تەواو کرد و گەڕایەوە گوندی کۆروجو، لە ساڵی ١٩٣٤ لەگەڵ ڕەفیعە خانم هاوسەرگیریان کرد. لەم هاوسەرگیریەش ئەم منداڵانە هاتنە دونیاوە:

نورحەیات(١٩٣٦)، فەزیڵەت(١٩٣٧، لە هەمان ساڵ وەفات دەکات)، مامۆستا م.فەتحوڵڵا گولەن(١٩٣٨)، سیبغەتوڵڵا(١٩٤١-٢٠١٤)، مەسیح(١٩٤٣)، نیدایی(١٩٤٤، هەمان ساڵ وەفاتیش دەکات)، حەسبی(١٩٤٥-٢٠١٢)، ساڵح (١٩٤٨)، فەزیڵەت(١٩٥١)، محمد فخرالله( ١٩٥٣- ١٩٥٥)، قودبەدین(١٩٥٥). ئێستا گەورەترین منداڵی کچیان هێشتا لە ژیاندایە و مامۆستاش وەک کوڕە گەورەی ماڵەکەیان لە ژیاندایە.

 

لە نێوان باوکی ئوستاد سەعید نورسی و باوکی مامۆستا فەتحوڵڵا گولەندا زۆر خاڵی هاوبەش هەیە. تەنانەت پیتەکانی  ناوەکانیان لە یەک دەچێت. یەکێکیان ڕامیزە و ئەوی تریشیان میرزایە. ڕامیز ئەفەندی باوکی مامۆستاش چەشنی باوکی ئوستاد سەعید هەرگیز توخنی کاری حەرام نەکەوتووە و نەیهێشتووە منداڵەکانیشی تام بکەن، ئیماندارێکی نمونەیی خاوەن تەقوا بوو. تەنانەت ئەو کاتەی مەڕوماڵاتیان لە لەوەڕ دەهێنایەوە، لە ترسی ئەوەی شتی کێڵگەی کەسانی تر نەخۆن، هەردووکیان لەم بابەتەدا هێندە هەستیار بوون، دەمی مەڕ و ماڵەتەکەیان بە پەڕۆیەک بەستووە.

ڕامیز ئەفەندی وەک تۆوێک وەهابوو کە ئامادەیی بوونە زۆر شتی تێدا بوو، بەڵام هێزی مەعنەوی ئەو سەرزەمینێکی گونجاوی بۆ خۆی نەدۆزیبوویەوە، هەربۆیە هەوڵی ئەوەی دابوو لە شوێنی خۆی چەکەرە بکات و قەد و باڵا دەرکات و میوە بدات. ڕامیز ئەفەندی بە شێوەیەکی زۆر بە دیقەت ژیابوو. زۆر بایەخی بە نوێژەکانی دەدا. هەمیشە چاوەکانی پڕ فرمێسک بوو. هیچ کاتێک نوێژەکانی لە کاتی خۆیاندا نەدەفەوتاند. کاتێک لە کێڵگە دەگەڕایەوە ماڵەوە، بە قوڕەکانی پێڵاوەکەیەوە، هەتا ئەو کاتەی نانی ئێوارە ئامادە دەبوو، یەکسەر کتێبێکی دەردەهێنا و دەستی بە خوێندنەوەیان دەکرد. لەلای ئەو کتێب خوێندنەوە هیوایەت بوو. لە ڕێگا لە کاتی هاتن و چووندا کاتەکانی بە بۆشی نەدەبردە سەر، ئیدی یان قورئانی دەخوێندەوە یاخود ئەو بەیتە شیعرە فارسی و عەرەبیانەی دەخوێندەوە کەوا تازەیی لەبەری کردبوون.

مامۆستا هەمیشە ئاماژە بەوە دەکات کەوا قەسیدەی بوردەی لە ڕێگەی خوێندەوە لەبەر نەکردووە، لە دەمی باوکیەوە گوێی لێبووە و لەبەری کردووە. بەیتە فارسیەکانی تریش، هەر لە وتارەکانی باوکیەوە لەبەر کردبوو. ڕامیز ئەفەندی هەموو خولەکێکی ژیانی بە کاری چاکە و بەرەکەتدار پڕ دەکردەوە، مرۆڤێک بوو زۆر بایەخی بە بیرکردنەوە دەدا. داخراو بوو بە ڕووی ئەوەی بە شێوەیەکی بەتاڵ ژیانی بەسەر ببات.

مامۆستا لەو کاتەی بە منداڵی هەست بە باوکی دەکات، تەمەنی ٣٥ ساڵان دەبێت، هەمیشە مێزەرێکی بەسەرەوە دەبێت و هیچ کاتێک بێ مێزەر نەیبینیوە.

مامۆستا ڕامیز زۆر تێکۆشەر بوو. بە هەوڵی خۆی خوێندن و نوسین فێربوو بوو. لە کاتی سەربازیشدا بۆ ئەوەی نوسین و  خوێندنەوە فێری سەربازەکانی تریش بکات، لە نێو سەربازەکاندا کرا بە چاوش. لەو سەردەمەدا کۆمەڵگای تورکی بە تەواوی لە بۆشایدا دەژیا و پەراوێز خرابوو. لەو سەردەمەدا هیچ کەسێک نەبوو کەوا بە شێوەیەکی ڕێکوپێک پێبگات. بەڵام ڕامیز ئەفەندی، لایەنێکی هەبوو کەوا شایەنی ستایش بوو. ئەویش بریتی بوو لەوەی شێخ و کەسانی خاوەن زانستی زۆر خۆش دەویست. حەزی دەکرد هەموو شەوێک ماڵەکەی پڕ میوان بێت. لە ڕاستیشدا ڕۆژ نەبوو ماڵەکەی میوانی تێدا نەبێت. شێخ و زاناکان لە ماڵەکەی ئەودا مامەڵەیەک جیاوازیان دەبینی. تەواوی خێزانەکەی پەیوەندیەکی جددیان بە شێخ و زاناکانەوە هەبوو. تەنانەت ماڵی ئیمامی مزگەوتیان لەسەر زەویەکانی شامیل ئاغا دروست کردبوو.

ڕامیز ئەفەندی مرۆڤێکی زۆر خاوەن تەربیەت بوو. مامۆستا محمد کرکنجی هۆجاش وەک ئاماژەدان بەم لایەنەی ئەو جارێکیان دەڵێت:

“زۆر سەرم لەم پیاوە سوڕ دەمێنیت، سەرەڕای ئەوەی لە گوندێکدا پەروەردە بووە، وەک ئەوەی لە خانزادەیەکی ڕێکوپێکدا تەربیەتی وەرگرتبێت، خاوەنی ڕەوشتێکی زۆر جوانە. زانینی ئەوەی لە کوێ، چۆنی و هەتا چی ڕادەیەک قسەیەک دەکەیت، خۆی لە خۆیدا تەربیەت و ئەخلاقێکی جیاوازی دەوێت”.

مامۆستا سەبارەت بەو کاریگەریەی لەلایەن باوکیەوە بەسەریەوە جێماوە دەڵێت:

 

لەو کاتەی خەریکی لەبەرکردنی قورئان بووم، بۆ ئەوەی هانی من بدات، لەگەڵ مندا دادەنیشت و وانەی ئەو ڕۆژەی لەگەڵ مندا لەبەر دەکرد. من لەم هەڵسوکەوتەی ئەوەوە وزەیەکی زۆر جیاوازم وەردەگرت، هەوڵی ئەوەم دەدا لە پێش ئەوەوە وانەکەم لەبەر بکەم. لە وتارەکانیدا، هەمیشە بەسەرهاتێکی بۆ ڕازاندنەوەی باسەکە بەکاردەهێنا، کەوا یان خۆی خوێندبوویەوە یاخود لە کەسێکی تری بیستبوو. ئەمەش ئەوەی پشان دەدا کەوا خاوەنی زیرەکیەکی ناوازەیە.

 

یەکێکی تر لەو لایەنانەی کەوا کاریگەری لەسەر من داناوە، بریتی بوو لەوەی هەرگیز پەردەی خۆی لەگەڵ ئێمەدا نەدەپچڕاند. ئیدی لە خۆشەویستیدا بێت یاخود لە توڕەیدا، هەمیشە پارێزگاری لە پەردەی نێوانمان دەکرد. بۆ نمونە منی زۆر خۆش دەویست. بەڵام ئەم خۆشەویستیەی هەرگیز لەلای کەسی تر دەرنەدەخست.

بۆ نمونە گەر لەو ژوورەی لێی دادەنیشتین کەسی لێنەبوویایە، پارچە لبادێکی دەخستە ژێر من و بەو شێوەیە وتارەکەی دەدا، گەر کەسێکی تریشی لێبووایە، ئەم کارەی نەدەکرد.

هەمیشە بیرم لەوە کردۆتەوە، گەر باوکم لایەنی کەم لە ئێرزڕوم گەورە ببوایە، خاوەنی ئاسۆیەکی زۆر جیاواز دەبوو. گەر ئیمکانی خوێندنێکی زۆر جددی هەبووایە، دەبوو بە مرۆڤێک کەوا خاوەنی شیکاریەکی قوڵ و گەورە بێت. کەسێک بوو خاوەنی ڕۆحێکی ئەرێنی ڕەخنەگرانە بوو، خۆیشی بە ڕووی ڕەخنەدا کەسێکی کراوە بوو”.

مامۆستا هەمیشە باس لەوە دەکات کە ئەو ماڵەی دایک و باوکی بونیادیان ناوە، وەک باخچەیەکی بەهەشت وابووە. لە نێوان ڕامیز ئەفەندی و ڕەفیعە خانم هەماهەنگیەکی پڕ حزور بوونی هەبوو. یەکێکیان چی وتبایە، ئەوی تریشیان هەمان شتی دەوت. لە خێزانەکەیاندا یەکێتی هەست- هزر، کەلتور و تێڕوانیان لەسەرو هەموو شتێکەوە بوو.

ئوستاد بەدیعوزەمان لە ئامۆژگاریەکی جوانیدا کەوا بە هاوسەرانی دەدا، چەشنی ئەوەی وێنەی هەریەک لە ڕامیز ئەفەندی و ڕەفیعە خانم بکات کە هەریەکەیان ڕەنگدانەوەی ئەوەی تریان بوو” بەختیارە ئەو پیاوەی بۆ ئەوەی هاوسەری ئەبەدی خۆی لە دەست نەدات، لاسایی هاوسەرە چاکەکەی دەکاتەوە و ئەویش بەم هۆیەوە چاک دەبێت. بەختیارە ئەو ژنەی کەوا هاوسەرێکی دیندار دەبینێت، بۆ ئەوەی دۆست و هاوڕێی ئەبەدی خۆی لە دەست نەدات، ئەویش بە تەواوی دەبێتە دیندار. ئیدی لە نێو ئاسودەیی دونیادا ئاسودەیی ئاخیرەتیش دەدۆزێتەوە”.

**

ڕەفیعە خانم

دایکی مامۆستا م.فەتحوڵڵا گولەن بە ناوی ڕەفیعە خانم، ژنێکی زۆر دیندار بوو. کەسێک سەربەرز، جددی، خاوەنی هەڵسوکەوتێک بوو کەوا ڕێزی تەڵقینی بەرامبەرەکەی دەکرد. لە ڕاستیشدا ئەو مژدەیەی  پێش چەندین ساڵ پێدرابوو – لەلایەن ئەحمەد تاغی باوکیەوە هەواڵی پێدرابوو- لە سینەیدا سەوز بوو بوو. ڕەفیعە خانم ئەم توانستەی خۆی، بە درێژایی تەمەنی سەلماندبوو. ئەو ژیانەی ڕەفیعە خانم ژیا، بە هۆی پاکی، بێگەردی، سادەیی و ئیمانیەوە،  بە نیسبەت جیهانی ژنانەوە جێگەی شانازی بوو. لە هەموو گەردیلەیەکی بوونیدا، پرشنگی ڕۆچوون و عەشقێکی ئیلاهی کەوا لە هیزی ئیمانەوە سەرچاوەی گرتبوو، دەدرەوشایەوە.

ڕەفیعە خانم، تەنانەت لە ژێر هەلومەرجی سەختی ساڵانی ١٩٤٠ وانەی قورئانی بە منداڵانی گوندەکەی دەوتەوە. هەروەها بە ڕێکوپێکی بەرامبەر منداڵ و هاوسەرەکەی ناسراو بوو. دایکێکی ڕاستەقینەی ئەنەدۆڵوی خاوەن تەقوا بوو، کەوا منداڵەکانی هەر لە زوەوە فێری نوێژ کردبوو.

ڕەفیعە خانم هەمیشە ئاماژەی بەوە دەکرد، کە ” کەسایەتی منداڵ هەر لەناو سکی دایکیەوە دەست پیدەکات”. هەربۆیە زۆر دیقەتی حەڵاڵ و حەرامی دەدا، لە کاتی شیردان بە منداڵەکانیدا، هەرچیەکی بکردایە دەستنوێژی دەگرت.

 

نوریە خانمی دایکی بەدیعوزەمانیش لەم بابەتەدا زۆر هەستیار بوو.

 

کاتێک پرسیار لە نوریە خانم دەکرێت:” لە بابەتی ئەوەی هەموو منداڵەکانی تۆ بەم شێوەیە زیرەکن، شێوازی تۆ لە پەروەردەکردنی ئەواندا چییە؟”.

لە وەڵامیاندا دەڵێت” لە هەموو ژیانمدا شەونویژم نەفەوتاندووە، هەروەها بێ دەستنوێژ شیرم بە منداڵەکانیشم نەداوە”.

لەو دوو لانەیەی کەوا هەریەک لە ئوستاد سەعید نورسی و مامۆستا فەتحوڵڵا گولەنی تێدا گەورە بوون، لە دایکیانەوە وانەکانی شەفقەت و بەزەییان وەرگرتووە و، لە باوکیشیانەوە دانایی، یاسا و ڕیسایان وەرگرتبوو.

 

ژیانی نمونەیی ڕەفیعە خانم، هەستیاری ئەو لە فێرکردنی قورئان و عەشقی بۆ قورئان، ڕێکوپێکی لە عیبادەتەکانی و بەسەربردنی ژیانی لە ناسۆریدا، یەکێکە لەو لایەنانەی کەوا کاریگەری لەسەر ژیانی مامۆستا داناوە.

مامۆستا م.فەتحوڵڵا گولەن سەبارەت بە دایکی بەڕیزیان دەڵێن:

یەکەم مامۆستای قورئانی من دایکمە. وەک خۆی بۆی گێڕاومەتەوە، لە تەمەنی ٤ ساڵیدا منی فێری قورئان خوێندنەوە کردووە. هەروەها باسی ئەوە دەکات کەوا لە ماوەی یەک مانگدا خەتمم کردووە. من ئەوەم بیر نایەت کەوا کەی قورئانم خەتم کردووە، بەڵام بانگهێشتی تەواوی خەڵکی گوندەکەیان کرد بۆ نان خواردن. یەکێکیش پێی وتم ” چیە دەڵێی ئاهەنگی تۆ دەگێڕین”، منیش تەریق بوومەوە و دەستم بە گریان کرد، تەنیا ئەم یادەوەریەی ئەم ڕۆژەم لە یاد ماوە”.

لەبەر ئەوەی لەو سەردەمەدا فێرکردنی قورئان کارێکی قەدەغە بوو، ڕەفیعە خانم لە دوای نیوەی شەو منداڵەکانی هەڵدەستان و فێری قورئانی دەکردن. لە ڕاستیشدا تەواوی ژن و کچەکانی ئەو گوندە، لەلایەن ڕەفیعەوە خانمەوە فێری قورئان بوو بوون.

ئەو تەربیەتەی ڕەفیعە خانم لە باوکیەوە وەریگرتبوو، هەروەها ئەو عەشقەی بەرامبەر قورئان هەیبوو، تەنانەت لە سەردەمێکی پڕ مەترسی وەک ئەو کاتەشدا ڕێگری ئەوەی لێنەکرد کە قورئان بە خەڵکی گوندەکەی بڵێتەوە. هەروەها ژنێک بە تاقی تەنیا، کەوا خواردنی ١٥- ٢٠ کەسی خێزانێک ئامادە بکات، پاش تەواوکردنی تەواوی ئیش و کاری ماڵ، پاشان تەرخانکردنی کات بۆ وتنەوەی وانەی قورئان، تایبەتمەندیەکە کەوا لەلای هەموو کەسێک جێگەی سەرسوڕمانە. هەروەها کاری ژنانی ئەو سەردەمە، تەنیا لە کاروباری ناو ماڵدا قەتیس نەبوو بوو. لە دوای دۆشینی مەڕوماڵات، ژنان لە کێڵگە و باخچەکانیشدا کاریان دەکرد.

بەڵێ، لەلایەک فشاری کاربەدەستانی حکومەتێکی زۆردار، لەلایەکی ترەوە ئەنجامدانی چەند کارێکی سەختی تایبەت بە ئیش و کاری ناو ماڵ، سەرەڕای تەواوی ئەمانە، دۆزینەوەی کات بۆ وتنەوەی قورئان بە ژنان، کچان و منداڵەکانی خۆی، هەر بە ڕاستی کارێکە کەوا جێگەی سەر سوڕمانە.

 

مامۆستا بەردەوام ئاماژە بەوە دەکات کەوا دایکی هەمیشە ناسۆری کێشاوە و بەم شێوەیە باسی دەکات:

بیرم نایەت هیچ کاتێک ئەو پشت و قاچەکانی ژانی نەکردبێت. هەروەها توشی چەندین نەخۆشی سەختی وەک گرانەتا بوو بوو. هەروەها هێندەی بیرم مابێت، سەردەمانێکیش چەشنی حەزرەتی ئەیوب، تەواوی لاشەی برین و زامی لێهاتبوو. لەگەڵ تەواوی ئەمانەشدا، لە ڕووی پاک و خاوێنی، ئەو کارانەی کەوا لەسەرشانی بوو، هەمیشە خۆڕاگرانە بە پێوە وەستا و دایکی ٨ منداڵ بوو. بێگومان تەواوی ئەمانە ئەویان لە ڕووی لاشەوە پەرێشان کردبوو.

هەموو کەس ئەوە دەزانێت، کەوا چەندە ڕێز لە دایک و باوکم دەگرم. جگە لە کاتی وتاردان، ئەو ڕستانەی لە کاتی ئامادەبوونی باوکمدا لە دەمم هاتۆتە دەرەوە، ژمارەیان زۆر کەمە. ئیدی نازانم ئەم کارە ڕاستە یاخود هەڵە، بەڵام بە گوێرەی ئەو ژینگەیەی تێیدا گەورە بوو بووم، وەک داخوازی ئەوەی ڕێزی باوکم بگرم، بەم شێوەیە بووم. هەرگیز پێم بە سێبەری دایک و باوکمدا نەناوە. بەڵام کاتێک توشی ناڕەحەتیەک دەبم لە بابەتەکانی خزمەتدا، دەرد و خەمی شەخسی هەریەک لە دایک و باوکم لە چاویدا زۆر بچوکە!”

**

 

بەخشندەیی خێزانی مامۆستا

 

مامۆستا فەتحوڵڵا گولەن، لە بابەتی سەخاوەت و بەخشندەییدا، هەمیشە باسی ئەوە دەکات کەوا هەریەک لە دایک و باوکی کاریگەریەکی زۆریان لەسەر داناوە. ئاماژە بەوەش دەکات کەوا لەو ژینگەیەی تێیدا گەورە بووە، هەرگیز هەڵسوکەوتێکی ڕەزیلانەی نەبینیوە و، بەم شێوەیە باسیان دەکات:

هەریەک لە دایک و باوکم لە بابەتی بەخشیندا قارەمان بوون. لەبەر ئەوەی باوکم مەلا بوو، ئیمکانیەتێکی ماددی بەرفراوانمان نەبوو. بەڵام کاتێک دەهاتنە سەر بابەتی بەخشین، باوکم بە دزی دایکمەوە و دایکیشم بە دزی باوکمەوە شتی دەبەخشی. ئیدی هەرچەندێکیان لە تواندا بووایە. دایکم بە دزی باوکمەوە لە عەمبارەکەی ماڵمان دەیبەخشی، باوکیشم بە هەمان شێوە. پێم وابوو هەریەک لەوان لە دڵی خۆیاندا دەیانوت” لەوە دەچێت بەمە ڕازی نەبێت و نەتوانێت بچێتە ژێر بارێکی سەختی لەو شێوەیە”.

 

ئیمامی ئاڵڤاری

جگە لە خێزانەکەی، ئیمامی ئاڵڤاریش یەکێکە لەو کەسانەی کەوا کاریگەریەکی گەورەی لەسەر مامۆستا داناوە. لە ڕاستیشدا لە خودی مامۆستادا تەواوی ئەو هەلومەرجانە هەبوو، کەوا لە ئیمامی ئاڵڤاری بکات بە شێوەیەکی جوان لە مامۆستا بڕوانێت.  خاڵی مامۆستا بە شێوەیەک ڕێزی لە ئیمامی ئاڵڤاری دەگرت، هەرکاتێک دەستنوێژی نەبووایە، ناویشی نەدەبرد. ڕەفیقە خانمی پوریشی شێتی ئەو کەشوهەوایەی ناو ماڵی مامۆستا بوو. وابەستەییەکی زۆر جددی لەگەڵ هەریەک لە ڕەفیعە خانم و ڕامیز ئەفەندی هەبوو. مامۆستاش بۆ ئەوەی لەگەڵ ئەو زاتەدا ئاوێتە ببێت، تەواوی هەلومەرجەکان لە ئارادا بوو.

هەر وشەیەک کەوا لە زاری ئیمامی ئاڵڤارییەوە دەهاتە دەرەوە، بە نیسبەت مامۆستاوە وەک ئیلهامێک وەهابوو کەوا لەو دونیاوە هاتبێت. واتە کاتێک ئەو قسەی دەکرد، چەشنی ئەوەی هەندێک شت لە ئاسمانەوە داببارێت کەوا هەتا ئەو ساتە دانەباریبێت، مامۆستا و خێزانەکەی گوێ قوڵاخی دەبوون و، لە نێو کەشوهەوایەکی لەم شێوەیەدا گوێیان لێدەگرت.

” ناتوانم ئەوە بڵێم کەوا کەی ئیمامی ئاڵڤاریم ناسیوە. لە ڕاستیشدا ئەو کاتەی چاوم کردەوە، وەک زۆرێک لەو دڵانەی تینووی ئەو شەربەتە بوون کەوا لە زاری ئەوەوە دەهاتە دەرەوە، لەسەر کانیاوی سازگاری باوک و دایکم ئەوم دۆزیەوە. ناتوانم بڵێم کەوا بە تەواوی ئەوم ناسیوە. چونکە کاتێک کەوا کۆچی بۆ ژیانی ئەولا کرد، من هێشتا لە قەد پاڵەکانی تەمەنی ٦ ساڵانیدا دەسوڕامەوە. سەرەڕای ئەمەش، لەبەر ئەوەی وەک یەکەم ڕۆحێک کەوا شعور و هەستەکانی منی جوڵاندووە و، تەمەن و ئامادەگیەکانی منیش لەو کاتەدا بە شێوەیەک بوو کەوا داخراو بوو بە ڕووی ئەو جیهانەدا، بەڵام دیسان ئەو شتانەی لەوەوە دادەبارین و هەوڵی ناسین و تێگەشتنم دەدا، دەتوانم بڵێم تەواوی هەست، ئیدراک و ئیحساسەکانی ئەمڕۆشم قەرزاری ئەو ڕۆژگارەیە.

بوونی ئەو وەک لوتفێک ئەژمار دەکەم کەوا لە سەرەتای منداڵیدا بە من بەخشراوە، هەر کاتێک دەستی بەسەرمدا دەهێنا و دەیوت ” خوێندکارەکەم”، هەستی ئەو کاتەم بە شێوەیەک بوو کەوا خۆم دابێتە پاڵ شوێنێکی پڕ ئەمنیەت، هەستم بەوە دەکرد کەوا شکۆفاییەک تەواوی ڕۆحی دادەگرتم. سەرەڕای ئەوەی ئەو هەموو کاتەی بەسەردا تێپەڕیوە، هێشتا دەستە ئاوریشمیەکانی ئەو لەسەر گوێکانم هەست پێدەکەم، وەک ئەوە وەهایە گوێم لەو قسەیەی بێت کە دەیوت” با کەمێک گوێکانت نەرم بکەمەوە، هەتا زیرەک بیت”.

بە تایبەت ئەو کاتەی بڕیاری ئەوەمدا لە هەرێمی ڕۆشنی ئەو جیاببمەوە و بچمە هەرێمی مامۆستایەکی تر هەتا فێری زمانی عەرەبیم بکات، هێشتا لە قوڵاییەکانی ڕۆحمدا گوێم لەو دەنگە لاهوتی و داخورپێنەرەی تایبەت بەوە کە بانگی کردمە حزوری خۆیی و وتی” وەڵڵاهی، تەڵڵاهی، بیللاهی گەر بڕۆشتیتایە، پارچە پارچە دەبوویت”، ڕادەچڵەکم”.

لەبەرچی بەو شێوەیە هاوڕێیەتی منی دەکرد، لەبەرچی ئەو قسەیە کرد؟ لەبەرچی لە بابەتی دوورکەوتنەوەم لەودا بەو شێوەیە بە توندی هۆشداری پێدام، تەنانەت لەم ڕۆشدا ناتوانم لێکدانەوەیەکی ڕوونی بۆ بکەم.

لە نێو ئەو پێودانگانەی من لێیان تێگەشتبووم، ئەو وەک کەسێکی گەورە ژیا، بەڵام هەرگیز ژیانێکی پڕ باقوبریقی نەبردە سەر، هەمیشە لە بازنەی نزیکی لە خودا دەسوڕایەوە، بەڵام هەرگیزا و هەرگیز ڕووی بە باقوبریق و ژیانی ڕەفاهی نەدا. وەک باڵندەی هوما[1] هەمیشە سێبەرەکەی دەبینرا و خۆی دیار نەبوو.

حەزرەت لە هەمان کاتدا عاشقێکی گەورەی پێغەمبەری خودا بوو. ڕۆژێکیان یەکێک دێت و پێی دەڵێت ” لە کۆڵانەکانی مەدینەدا زۆر بوونەوەری ناڕەسەنم بینی”، ئەویش لە وەڵامدا دەڵێت” وسبە، تەنانەت ئەم قسەیە بە سەگەکانی مەدینەش ناوترێت، من لەبەر خاتری پێغەمبەر، بە قوربانی ناڕەسەنترینیشیان دەبم!”.

ئەو قسەگەلێکی لەم شێوەیە لە قوڵایی ناخیەوە دەکرد و، بە تەواوی باوەڕی خۆیەوە ئەم گوزارشتانەی دەردەبڕی. کاتێک ئەم قسانەی دەکرد، لە شەخسیەتی مەعنەوی سەردارماندا دەتوایەوە، فەنا فی ڕەسول بوو. ئەم قسەیەش کەوا لە سالیح ئۆزجان بیستوومە، بە ناوی کامڵێتی و لەخۆبوردویی ئەوەوە زۆر گرنگە.

 

ئابرا سالیح لە ساڵی ١٩٥٠ سەردانی حەزرەت دەکات و، دەستی ماچ دەکات و پێی دەڵێت” جەنابی ئەفە! دەڵێن کەسێک بە ناوی بەدیعوزەمان، چەندین پەیامی بە ناوی دین و ئیمانەوە نوسیوە، ئێمەش لەسەر ڕێگای ئەوین، هەوڵ دەدەین ئەو پەیامانەی ئەو بە دونیا بگەیەنین، لە ڕێگەی ئەم پەیامانەوە، بە هانای گەنجانی ئەم جیلەوە دەچین”. حەزرەتیش بەم شێوەیە وەڵامی دەداتەوە ” ئاخ چاوەکانی منیش توانای بینینیان هەبووایە و، منیش یارمەتی ئێوەم بدایە”.

بەڵێ، فەزیڵەت ئەوەیە فەزیڵەتی مرۆڤەکانی تریش قبوڵ بکات و ڕێزیان لێبگرێت.

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

  

 

[1] باڵندەیەکی ئەفسانییە کەوا هەمیشە بێ وچان لە ئاسماندا دەفڕێت و لەسەر زەوی تەنیا سێبەرەکەی دەردەکەوێت

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *