پشێوی، تاقیکردنەوە و هیوا, بەشی دووهەم

لەبەر ئەوەی ڕاکردنمان بە دوای دونیادا، لەگەڵ بوونێکی بێگەردانە لەسەر ڕێگەی الله مان لەگەڵ یەکتریدا بۆ گرێنەدرایەوە، بەرزکردنەوەی حەق لە نێو وابەستەی بە ڕەزامەندی ئەودا، وەک بژاردەی ناچاری ئێمەی لێهات. لەو ڕێگەیەی کەوا لەسەری ڕۆشتین هەردەم لە پێناو کەسانێکی تردا ژیایین و، هەموو کاتێک تێبینی ژیاندنی مرۆڤەکانی تر، لە پێش ئارەزووی خۆمانەوە بوو. جگە لە هاوڕێیەتی ئەو سینانەی کەوا باوەڕدارن و دڵیان بە خۆشەویستییەوە لێدەدات، شتێکمان بە ناوی چەش و لەزەتی دونیایی هەستپێنەکرد و تاممان نەکردووە. وەک ئەوەی هیچ داوایەکی بچوک-گەورەمان بە ناوی دونیاوە نەبووە، هەموو شتێک کەوا لایەنێکی دونیایی هەبێت-بە سیاسەتیشەوە- بە شێوەیەکی دەراسا هەوڵی ئەوەمان داوە خۆمانیان لێ بەدوور بگرین. بە تێبینی ئەوەی پۆست و پلە و پایە، بێگەردێتی خۆشنودکردنی الله لێڵ دەکات و پەیوەندی بەندایەتیمان لەگەڵ پەروەردگار دەشێوێنێت، بیرکردنەوەش لەم شتانەمان وەک لایەنێکی پیسکەری دڵ و ڕۆحمان ئەژمار کرد و، هەمیشە خۆمان لەم جۆرە ئارەزوو و چاوەڕوانیانەش بەدوور گرت.

بەڵێ، ئێمە هەر لە دەستپێکی سەرەتاوە بەم شێوەیە مامەڵەمان کرد، بەڵام هەندێک لایەن کەوا دەیانەوێت مرۆڤەکان قەرزاری خۆیان بکەن و، ئەم قەرزاریەش وەک کارتێک لە دەستی خۆیاندا بەکاربهێنن، جگە لەمانەش کەسانێکی خۆسەپێنی زۆرداری نەخۆش کەوا بە دوای ئەوەدا ڕادەکەن خۆیان بە خاوەنی هەموو شتێکی جوان بکەن و، سەرەڕای ئەوەی هیچ شتێکی ئەرێنییان نیە بەڵام هەردەم لە ڕیزی پێشەوەی کارە جوانەکان خۆیان پشان دەدەن، تەنانەت بەرامبەر کارگەلێک کەوا بە فەزیڵەت ئەژمار دەکرێت و بەرژەوەندی گەلی تێدایە، هەروەها بەرامبەر نوێنەری ئەو کارانە-ئەگەرچی ویژدانی کۆمەڵگاش ئەرێی بۆ کارەکان دەکرد- بەڵام ئەوان هیچ کاتێک خۆیان لە بوختان و شت دانەپاڵ و ساختەکاری بەدوور نەگرت. لە ڕێگەی ئەم کارانەیانەوە هەوڵی ئەوەیان دا کەرامەتی ئێمە بشکێنن و، لە ویژدانی گشتیدا مەحکومی عەدەممان بکەن. لەوە دەچێت ژمارەی ئەو کەسانەی بەم شێوەیە مامەڵەیان کرد کەم بووبێت؛ بەڵام چۆنیەتی ئەو کارانەی ئەنجامدەدران و درێژەپێدانەکەی هەتا بڵیی تۆقێنەر بوو. تەواوی ئەمانە شتانێک بوون کەوا کەرامەتی مرۆڤیان دەشکاند و، چیەتیەکی وەهایان هەبوو بە نیسبەت مرۆڤگەلێکەوە کەوا هەردەم بە داوێنپاکییەوە ژیاون، بە شێوەیەکی دەراسا زویرکەر بوون. هەرچیەک بێت، ئەم شتانە بە نیسبەت کەسانێکی ئیماندارەوە کەوا خۆیان بۆ گەلەکەیان تەرخان کردووە، کارگەلێکی پێویست بوون کەوا بەرگەگرتنیان حەتمی بوو. لەم ڕوانگەیەوە، مەردەکانی ڕێگەی دڵ، وەک ئەوەی لە ڕابردوودا بەو شێوەیە بووە، پێویستە بەرامبەر ئەو شتە ناهاوسانگانەی کەوا لە داهاتووشدا ئەگەری ڕوودانی هەیە پێبکەنن و بڵێن” خۆشە ئەوەی لە تۆوە بۆ من دێت، گەر کەوا بێت یاخود کفن، گەر گوڵ بێت یاخود خار، لوتفیشت خۆشە و قەهریشت خۆش”، هەموو کاتێک ڕێک و قنج بە پێوە بوەستن.

ئەوەی بە نیسبەت ئێمەوە گرنگە گەلەکەمان و کەرامەتێتی. گەر کۆمەڵگا دەربەدەر بێت و، چینە جیاوازەکان لە نێو هەژاری و نەداریدا ژیان بەسەر ببەن، کۆمەڵگا بە دووبەرەکی دۆڕابێت و، کۆمەڵانی خەڵک دەستیان بە خواردنی  یەکتری کردبێت و، برەو بە چەتەگەری بدەن و شەقاوەیی چەپڵەی بۆ لێبدرێت، ئا لەو کاتەدا تەنیا ئەوەمان بۆ دەمێنێتەوە کە دابنیشین و بۆ حاڵی خۆمان بگرین.. بەڵێ ڕۆحێکی لەخۆبووردوو کەوا خۆی بۆ گەلەکەی تەرخان کردبێت، نەک لە بەرامبەر ئەو دەستدرێژیانەی کەوا بە شێوەیەکی شەخسی یان ڕووبەڕووی کەسە نزیکەکانی دەبنەوە، یان ئەو سوکایەتیانەی کەوا بەرامبەری ئەنجام دەدرێن، بەڵکو ئەو کاتەی دەست بۆ بەها پیرۆزەکان و دین و دیانەتی دەبردرێت توشی دڵەکوتێ(خفقان) دەبێت؛ دواتر بە ئەدای کەسێکی ئاگرکوژێنەوە دەڵێت “چارە”، بەلای ڕاست و چەپدا ڕادەکات و چەشنی ئەو دڵدارانەی کە چاویان شتێکی تر نابینێت، گەر پێویست بکات هەموو شتێکی فیدا دەکات؛ هەموو شتێک فیدا دەکات بەڵام هەرگیز ناهیڵێت تۆز بەسەر بەها میللی و دینیەکانیەوە بنیشێتەوە. کەسێکی لەم شێوەیە ئەو ڕێگایەی بەسەریدا دەڕوات هەردەم ڕێگەی زوڵملێکراوان و ستەملێکراوان بووە، بە درێژایی ژیانی هەردەم چەرمەسەری چەشتووە، هیچ شتێکی بە ناوی چەشی دونیاوە نەچەشتووە؛ توشی تاراندن بووە، فڕێدراوەتە زیندانەکانەوە هەتا بڕزێت، لە ڕێگەی فشاری جۆراوجۆرەوە هەردەم سەرکوت کراوە، هەردەم مامەڵەی چەتە و کەسێکی شەقاوەی لەگەڵدا کراوە… بەڵام گرنگی بە هیچ کام لەمانە نادات؛ گرنگی پێنەدان لەلایەک بوەستێت، بەڵکو بیرکردنەوە لە شتێکی لەو شێوەیەش وەک ئیسراف لە بیرکردنەوەدا ئەژمار دەکات و، لە هەموو هەستان و دانیشتنێکیدا بیر لە چارەسەری کێشەی گەلەکەی دەکاتەوە.

ڕووبەڕووی زوڵم دەبێتەوە و توشی ناحەقی دەبێت؛ بەڵام ئەو نە چاوی بە زاڵمەکە دەکەوێت نە هەڵوەستە لەسەر غەدرکەرەکان دەکات، حاڵی خۆی حەواڵەی لای ئەو “علام الغیوب” دەکات کەوا هەموو شتێک دەزانێت و، ملی ڕێگەی خۆی دەگرێت کەوا ڕەزامەندی جەنابی حەقی تێدا بە ئامانج گیراوە. لەو ڕێگایەی بەسەریدا دەڕوات، یەکێک لە بەڵاکان دەڕۆن و دانەیەکی تر دێت، بەڵاکان هەردەم بە لێزمە بەسەریدا دەبارێن. بەڵام توشی هەرچیەک بێت، تەواوی ئەمانە بۆ کەموکورتی خۆی لە ڕوانگەی شوێنکەوتنی حەق و نوقسانیەکانی خۆی دەگێڕێتەوە و، بیر لەوە دەکاتەوە کەوا ئەم شتانەی توشی دەبن دەبێتە کەفارەتی گوناحەکانی، بە هیوای ئەوەی بە هۆی ئەو بەڵایانەوە هەتا ڕادەیەکی دیاریکراو لە هەڵەکانی پاک بووەتەوە/دەبێتەوە، تەنانەت لەو کاتەشدا ئازار دەچێژێت هەست بە دڵخۆشی دەکات؛ زیاتر لەمەش، بە تێبینی ئەوەی دەشێت لەم شتانەوە هەندێک سەرئەنجامی سوپرایزی لێبکەوێتەوە، ئەو تابلۆی ناسۆرەی کەوا تێیکەوتووە و تەواوی ئەو زنجیرەی غایلە و بادیرانەی توشی دەبێت وەک هەورازەکانی ڕێگەی بەهەشت وێنای دەکات، تەنانەت لەو تەنگوچەڵەمانەی کەوا کەسانی تر ئاخ و داخێ تێدا هەڵدەکێشن، بەردەوام دەنگی زوڵاڵی شوکرانەبژێری لێ بەرز دەبێتەوە و دەڵێت” وازبێنە لە هاواری بێهوودەی بەڵاکان، تەوەکولت هەبێت؛ چونکە هاوار لە دەستی بەڵا، بزانە کەوا دەگمەنترینی بەڵا و هەڵەکانە، ئەگەر ئەوەت دۆزیبێتەوە کەوا بەڵاکەی پێداویت، ئەوە دەگمەنترینی سەفا و وەفا و عەتایە چاک بیزانە. گەر بەڵایەکی هێندەی جیهانت بەسەرەوە بێت، لەبەرچی لە دەستی بەڵایەکی بچوک هاوار دەکەیت. وەرە تەوەکولت هەبێت، بە تەوەکولەوە بە ڕووی بەڵاکاندا پێبکەنە، هەتا ئەویش بە ڕووی تۆدا پێبکەنێت، کە ئەویش پێکەنی بچوک دەبێتەوە و ئەویش دەگۆڕێت”، هەمیشە ئەمە دەڵێتەوە و لێپرسینەوە لەگەڵ خۆی دەکات. ئەوانەی لەم زوڵمەوە بەرەو ئەو زوڵم ڕادەکەن، ئەوانەی ژیانیان بە هەستەکانی نەفرەت و کینە و تۆڵەوە ڕەش دەکەن، با هەر خەریکی ڕەشکردنەوەی ژیانیان بن، بەڵام ئەوان بە گوێرەی کەسایەتی خۆیان مامەڵە دەکەن و، هەوڵدەدەن بە نەرمونیانی بەرپەرچی توڕەیی ئەوان بدەنەوە، بێئینسافترینی دەستدرێژیەکانیش لە ڕێگەی پێکەنینەوە بێ کاریگەری دەکەن؛ بێ ئەوەی توشی وەڕز و چۆکدادان ببن هەردەم مامەڵەی مرۆڤانە دەنوێنن، وێڕای هەموو شتێک تەواوی ئەو شتانەی بەسەریان دێت، لەسەر بنەمای شایستەبوونی خۆی، وەک عەدالەتی قەدەرێک کەوا ڕەحمەتی ئەو ڕێگەی بۆ کردبێتەوە سەیری دەکەن و، بە ڕەزامەندییەوە ڕووبەڕووی دەبنەوە؛ ڕووبەڕووی دەبنەوە و یەکسەر خۆیان کۆدەکەنەوە، دێنەوە سەر خۆیان، هەوڵی بینینی هەڵەکانیان دەدەن، جارێکی تر سیستەمی ژیانیان بە گوێرەی خۆشبەختی ئاخیرەت ڕەنگڕێژی دەکەن و بەرەو خۆشنودکردنی جەنابی حەق ملی ڕێگە دەگرن.

گەر بێینە سەر ئەو کەسانەی کەوا درکیان بە هۆکاری ڕاستەقینەی بەسەرهاتەکانی ژیانیان نەبردووە، ئەوان جار جار بە دوای تاوانبارێک لە نزیکی خۆیانەوە دەگەڕێن، جار جاریش بەرد لە قەدەر دەگرن، گەر کەمێک پەیوەندییان لەگەڵ حەقیشدا هەبێت زیان بەویش دەگەیەنن و، هەردەم بەم هەڵەیەوە هەڵدەستن و دادەنیشن.. ئیدی بە هۆی هەڵەی نوێ نوێوە بانگهێشتنامە بۆ زوڵمی جۆراوجۆر دەردەکەن.

ئەم قسانە کەوا بە نیسبەت تاکەکانەوە جێگەی باسە، بە هەمان شێوە بە نیسبەت کۆمەڵگاکانیشەوە ڕاست و واقعییە: لەمڕۆدا لەسەر ڕووی زەوی زوڵمەکان دوا بە دوای یەکتری دێن، بەهێزەکان بێهێزەکان دەپلیشێننەوە، ئەوانەی هێزیان لە دەستدایە، بێ ئەوەی سەیری فرمێسکی چاوی هیچ کەسێک بکەن، هەرکەسێک بێتە بەردەمیان پەلاماری دەدەن. بە هۆی ئەم جۆرە هێرش و دەستدرێژیانەوە یەک دونیا مرۆڤ ڕووبەڕووی زوڵم دەبنەوە، یەک دونیا مرۆڤ گیان لەدەست دەدەن و دوچاری دیلێتی دەبنەوە، تەواوی ئەم ڕووداوانەش بە شێوەیەک ڕوودەدەن کەوا خوێن لە ناخی مرۆڤ دەتکێنن. بەڵام هەرچیەک بێت، گەر لە ڕوانگەی قەدەرەوە سەیری ئەم بابەتانە بکەیت، دەبینیت کەوا هیچ بەو شێوەیەش نین، دەشێت ئێمە هەندێک جار بەم شێوەیە یان بەو شێوەیەی خەم بخۆین، بەڵام بابەتی ئەوەی لە هەموو شتێکدایە عەدالەتی قەدەر هەیە ڕاستیەکە بۆ خۆی: پێش هەموو شتێک زاڵمەکانی دوێنێ لەمڕۆدا سزای خۆیان دەچێژن، ستەملێکراوان و کەسە نزیکەکانیشیان بە ئیمانی ئەوەی بەختەوەری ئەبەدی بوونی هەیە، سوکنایی دڵیان دێت و دڵی خۆیان دەدەنەوە.  بەڵێ، ئەو زاڵمانە هەتا ئەمڕۆ، هەرکەسێک دێتە بەردەمیان دەیپلیشێننەوە، زوخاو بەو کەسانە هەڵدەڕێژن کە وەک خۆیان بیرناکەنەوە، هەرگیز بیر لەوەش ناکەنەوە کەوا ئەو کارانەی ئەنجامی دەدەن ڕۆژێک دێت بەر “غیرةالله” دەکەوێت. ئەو کەسانەشی کەوا دەپلیشێنرێنەوە و سوکایەتییان بەرامبەر ئەنجام دەدرێت، بە دڵەکوتێی ئەوەی هیچ کارێکیان بەرامبەر ئەوان پێئەنجام نادرێت، تەنیا لە ڕێگەی ئەوەی حەواڵەی لای خودایان دەکەن، هەوڵی خۆساردکردنەوە دەدەن. ساڵانێکە هەردەم وەک مانگی موحەڕەم تێدەپەڕێت و فرمێسکی چاوەکانیش وەک ڕوباری ڕەوان خوڕەی دێت.. بەڵام هەردەم لە ناکاوێکدا الله تەواوی ئەو کەسانەی زوڵمیان کرد و ئەوانەشی چەپڵەیان بۆ دەکوتین و خۆشیان دەویستن و بەرامبەر ناحەقیەکان بێدەنگییان هەڵبژاردبوو، سەرتابەخواریانی لەناوبرد/لەناودەبات و هەردەم بەو شێوەیەش دەکات. بابوباپیرانی ئێمە هەردەم وتوویانە ” ئەوەی لە ڕێگەی زوڵمەوە بە پێوە بمێنێتەوە، ئاخیرەتی خراپ دەبێت”، مێژووش پڕە لە سەدان نمونەی لەم شێوەیە. زیاتر لەمانەش، ڕۆژێکی وەها هەیە کەوا لێپرسینەوە لە ورد و درشتی شتەکان دەکرێت، وای بە حاڵی زاڵمان لەو رۆژەدا..!

ئێمە ئێستا پێویستە هەموو شتێک حەواڵەی لای خاوەنی ڕاستەقینەی شتەکان بکەین:

گەر زاڵم زوڵمی هەبێت، مەزڵومیش الله ی هەیە

گەر ئەمڕۆ زوڵم لە خەڵکیش ئاسان بێت، سبەی دیوانی حەق هەیە!

با ئەمانە بڵێینەوە و تێیانبپەڕێنین. الله وەک ئەوەی زاڵمەکانی دوێنێ لەمڕۆدا سزا دەدات، غەددارەکانی ئەمڕۆش لە داهاتوویەکی زۆر نزیکدا بێ هیچ گومانێک سزا دەدات. لەمڕۆدا ئەوانەی وەک شاه و شانشینەکان ژیان بەسەر دەبەن، کاتێک ڕۆژی خۆی هات، بە شێوەیەکی بەردەوام بە ناسۆرەوە توشی تلانەوە دەبن و، لە نێو سەفالەتدا خەریکی خۆ خواردنەوە دەبن. لەو ڕۆژەوەی ئەم دونیایە هاتۆتە نێو بوونەوە، هەمیشە نیوەی لە تاریکی و نیوەی لە ڕوناکیدا بووە. ئەوانەی لەڕۆشدا لە تاریکیدا دەژین، لە داهاتوویەکی زۆر نزیکدا- ئەگەر ئەو دینامیکانەی ئەمانەتی ئیرادەیان کراوە زۆر بە باشی بەکاربهێنن- بەرەو ڕوناکی دەڕۆن و، ئەوانەشی بە هۆی گوناحەکانیانەوە ئەو سەردەمەیان تاریک کردووە کەوا تێیدا دەژین، بەرەو تاریکیەکان خلۆر دەبنەوە.

ئەوەی لە ئێستادا لەسەرشانی ئێمەیە، وەک باڵندەکانی سەحەر هەردەم خەریکی ناڵین ببین و بە ئاخ و ناڵەکانمان هەوڵی زەختکردن لە دەرگاکانی ئاسمان بدەین. کێ چووزانێت، لەوە دەچیت ئەو کێشانەی هەتا ئێستا لە ڕێگەی تۆپ و تفەنگەکانەوە چارەسەر نەبووە، ڕۆژێک بێت بە شێوەیەکی چاوەڕوان نەکراو تەنیا لە ڕێگەی فرمێسک و پاڕانەوە لە جەنابی حەقەوە چارەسەریان بۆ بدۆزرێتەوە. بە پێچەوانەوە، گەر ساتێکی زووتر بۆ خۆمان نەگەڕێینەوە و، بەها و دینامیکەکانی خۆمان نەخەینە گەڕ، بابەتێکی ئەوەی ماوەیەکی درێژتر لەوەی ئێستا لە نێو مەحرومیەتدا خەریکی تلانەوە دەبین، وەک کارێکی حەتمی لێدێت. بەڵێ، ئەو داماوانەی لەمڕۆدا خۆیان فڕێ داوەتەوە نێو ژیانی ڕەحەتەوە، مەحکومن بەوەی ببنە زەلیلەکانی سبەینێ. ئەوانەی ژیانیان بێهەست و بێ جوڵە دەگوزەرێنن، کاتێک کەڕەنای مەرگ لە چواردەوریاندا دەست بە لێدان دەکات، بە بێچارەییەوە هەردەم توشی سەراسیمە دەبن؛ توشی دەبن بەڵام ئەوانەی هەلەکانی بەهار و هاوین لە کیس خۆیان داوە، هەردەم خەریکی ئاخ و داخ هەڵکێشان بوون و، بەڵام ئایا گەستنی پەنجەی پەشیمانییان لەو کاتەدا بە کەڵکی چی هاتووە..!

مرۆڤ پێویستە ئەمڕۆی بە شێوەیەک هەڵبسەنگێنیت کەوا لە داهاتوودا “خۆزگە، خۆزگە” ی بۆ هەڵنەکیشێت و هەوڵی ئەوە بدات کەوا سبەینێکانی خۆی ڕەش نەکاتەوە.   

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *