پشێوی، تاقیکردنەوە و هیوا

 

لە ڕۆژگاری ئەمڕۆماندا، ڕووداوەکان تەنیا لە ڕوانگەی ڕواڵەتی دەرەکییەوە هەڵسەنگاندنی بۆ دەکرێت، بە شێوەیەکی بەردەوام ترس، نیگەرانی، ئەندێشە و نادیارییەکی داخورپێنەر هەیە لەو شتانەی کەوا ڕوودەدەن. نیەتەکان هەتا بڵێی تاریک، وتە و کردارەکان هەتا بڵێی فریودەر، ئەمەلەکانیش لە ژێر تێخورینی هەڵپەکاندان، ئەم دونیا گەورە و زەبەلاحە کەوا بە شێوەیەکی دەراسا هاوسەنگی خۆی وەرگرتووە، لە ئێستادا ئەمانەتی دەستی چەند کەسێکی ماجەراپەرست کراوە. دیارنیە کەوا کێ چی کارێک ئەنجام دەدات؛ ئارەزووەکان شتێکن و ووتە و بەڵێنەکان شتێکی تر؛ هەرکەسە بۆ خۆی بە فریودانی ئەوانی تر هەڵدەستێت. ئەگەرچی کەسێکیش باوەڕ بە قسەکانیان نەکات، بەڵام کەسانی بکوژ و پلیشێنەروە چەندین بەهانە بۆ کارەکان دروست دەکەن؛ ستەملێکراوان و غەدرلێکراوان بە تەواوی لە هەموو شتێک بێ ئاگان. هەرکەسێک دەمرێت بە شەهیدی ناو دەبەن و، ئەوەشی ڕزگاری دەبێت بە جەنگاوەر ناو دەبردرێت. لە ڕاستیدا ئەمانە بۆ دڵدانەوەی مرۆڤەکانە بەڵام پێویستی بە ئیمان هەیە. ئەوانەی باوەڕیان بەم شتانەش نیە، لە ڕێگەی مەدالیا و پاداشتەوە، مژووڵ دەکرێن.

لە هەموو لایەکەوە دڵەکان وەک قەڵەمی قامیش کسپە کسپیان لێوە بەرز دەبێتەوە.. قەڵەمگەلێکیش کەوا هەردەم کسپەیان لێهەڵدەستێت، بەو مرەکەبانەیانەوە کەوا ڕەنگی خوێنی گرتووە، زۆر تێبینی شەرمئاوەر لە یەکێک لە پەڕەکانی مێژوودا تۆمار دەکەن: لە هەموو لایەکەوە تەمومژ، لە هەموو سووچێک خوێن، تەڵەزگە و فرمێسک هەیە. لاشەکان بوونەتە قەڵغانی گیانەکان، گیانەکانیش لە نێوان هەیەجانی ژیان و خەفەقانی مەرگدا هەڵدەلەرزن بە لەرزین. زۆردارانیش چەشنی ئەو سەگەئاویانەی بۆنی خوێنیان کردووە بە دوای نێچیری خۆیانەوەن، هەرکەسێک دەبینن پەلاماری دەدەن و ددانی خۆیانیان پشان دەدەن. ستەملێکراوان-غەدرلێکراوانیش بەردەوام لە نێو سەرسوڕماندان و ماندووی کۆششە بێ هوودەکانیانن. لە هەموو لایەکەوە لورەی گورگ و دەنگی چەقەڵەکان دێت؛ ئەو سینانەش کەوا لە بەردەم ئەم دەنگانەدان، لە نێو ناڵەی بێچارەییدان. چێژوەرگرتن لە ژیان لەلایەک بوەستێت، کۆمەڵانی خەڵک بە شێوەیەکی بەردەوام بە هۆی ئەو هەواڵە پڕ ئازارانەی دێن و خۆیان بە ڕۆحەکاندا دەدەن، لە نێو نیگەرانیدان. کەشوهەوای گشتی مرۆڤەکان چەشنی سیمای مرۆڤەکانی ڕۆژگاری ئەمڕۆ تاریکونوتەک، ڕووداوەکانیش هەردەم وەک کەشوهەوای نێو مێشکی ئەوان پڕ تەمومژن.. نە حەقی ژیان وەک خۆی بدرێت، نە ژیان بەوپەڕی قوڵاییەکانی خۆیەوە هەستی پێدەکرێت..بە شێوەیەکی بەردەوام لە نێوان هیوا-ئازار دێن و دەچن، مرۆڤەکانیش هەموو ئانێک بە دەرد و ئازارێکی جوداوە دەمرن و زیندوو دەبنەوە.

جار جار گازندە لە حاڵی خۆیان دەکەن، بەڵام ئەویش جگە لەوەی موسیبەتەکانی سەرشانیان دوو قات دەکاتەوە، هیچ سوودێکی تری نیە. هەموو کات و ساتێک لە نێو هەڵخلیسکانی بیرکردنەوە و لادانی تێڕوانینەکانیاندان؛ بە شێوەیەکی وەها قوڵ لە نێو بێ ئاگاییدان، ئەگەری ئەوە لە ئارادایە کەوا بە دەنگی کەڕەناش بێدار نەبنەوە…

لە پاڵ ئەمانەشدا، ژمارەی ئەو کەسانەش کەم نین کەوا چاوەکانیان بە ڕووی جیهانی ئەودیو فیزیکدا کراوەیە و، سەریان چەشنی مۆمەکان لە بەردەمیانە و بەو هاوارانەی لە دڵیانەوە هەڵدەقوڵێت عەرز و حاڵی لە بەردەم جەنابی حەقدا دەکەن. ئیمانیان پتەو، هیواکانیان کامڵ، هەموو کارەکانیشیان بە پلانەوە ئەنجام دەدەن، ئەم مرۆڤانە کەوا پلانەکانیشیان تەواوە، تەنیا لە ڕوانگەی ڕواڵەتی دەرەکی ڕووداوەکانەوە پلانەکانیان داناڕێژن؛ بەڵکو بوون و خودی خۆیشیان لە نێو بووندا بە دروستی دەخوێننەوە، بە دروستی ڕاڤەی دەکەن و، بە تەواوی قوڵاییە ماددی-مەعنەویەکانیانەوە بە شێوەیەکی گشتی هەڵسەنگاندنی بۆ دەکەن؛ لە پشتی ئەو شتانەی کەوا ناشرین دەبینرێن هەست بە جوانیەکان دەکەن؛ هەست بەو چەشە لەدونیانەش دەکەن کەوا لە ناسۆرییەکانەوە سەرچاوەی گرتووە، بەردەوام لە پێکی موسیبەتەکانەوە قوم لە ئاوی کەوسەر دەدەن.

لە ڕاستیشدا، لە پشت تەواوی ئەم کردارە ئیلاهیانەی ڕوودەدەن و لە ڕواڵەتدا ناخۆش دەبنرێن، کۆمەڵێک لایەنی جوان هەیە؛ بەڵێ، هەندێک جار کار و چالاکی ئیلاهی وەها هەیە، لە ڕوانگەی ڕواڵەتی دەرەکییانەوە هیچ لایەنێکی جوانی بە نیسبەت مرۆڤەکانەوە تێدا نیە، بەڵام لە ڕوانگەی ناوەکی و سەرئەنجامەکانیانەوە، بە نیسبەت هەموو کەسێک و هەموو شتێکەوە، بە تەواوی لایەنە جیاوازەکانیەوە هێندە لە شوێنی خۆیاندان و نایابن، ئەوانەی ئەم ڕووداوانە وەک خۆی دەبینن، لە جیاتی “ئاخ-ئۆف”، بەوپەڕی سەرسوڕمانەوە دەڵێن ” لەمە جوانتر نیە”.

بەڵێ، وەک ئەوەی بەفر و زستانەکان لە نێو هەناویاندا بەهرەکانیان هەڵگرتووە، ڕەشەباکانیش لە هەناویاندا پیتاندنی بەریانێکی بەرفراوانیان هەڵگرتووە، ئەو گۆڕانکاری و وەرچەرخانەی لەسەر رووی زەوی ڕوودەدەن دیمەنی نوێی جوانیان لەگەڵ خۆیان هەڵگرتووە، هەروەها زۆرێک لەو ڕووداوانەی کەوا بە نیسبەت ئێمەوە دڕندانەن، بە نیسبەت سیستەمی ژینگەییەوە جوانی وەهایان لە خۆیان گرتووە، ئەو کەسانەی بەم شێوەیەی خۆیان هەستی پێدەکەن، حەیران نەبوون پێیان لە دەستی کەسدا نیە؛ لە تەواوی ئەمانەشدا کامڵێتی و لە شوێنی خۆیدا بوون و جوانییەکی دەراسا هەیە؛ بەڵام تێگەیاندنی ئەمانە لەو کەسانەی کەوا دەیانەوێت هەموو شتێک بە گوێرەی هەوا و هەوەسی خۆیان بەڕێوە بچێت، هەتا بڵێی کارێکی سەختە…

ئەو کەسانەی لەوە تێدەگەن کەوا هەرچی لە زەوی و ئاسماندا هەیە، بە گوێرەی پڕۆگرامێکی زانستی و بە ویستی ئافرێنەرەکەیان بەڕێوەدەچن، هەموو شتێک بە شێوەیەکی جیاواز دەبینن و هەڵیدەسەنگێنن. لە ئاسۆی ئەواندا گروپە جیاوازەکان ڕەنگی هەڵهاتنی ڕۆژێکی نوێی هەڵگرتووە، کارەساتەکان ڕەنگی ئاسودەییان لەگەڵ خۆیاندا هەڵگرتووە، ئازارەکان ئەدای سەرکەوتن و، ئەو ستەم و غەدرەی کەوا لە دەستی مرۆڤەکاندا نیە، ئامرازی بەختەوەری داهاتوویان لەگەڵ خۆیاندا هەڵگرتووە. ئەوان زیاتر لە ڕووی ترشوتاڵی ڕووداوەکان سەیری سیمای پڕ زەردەخەنەی دەکەن، لە پاڵ لایەنی تاڵی ڕووداوەکان، هەوڵی بینینی لایەنە شیرینەکانیان دەبینن. هەربۆیە لەو مێشکە ڕۆشنانەی ئەواندا، لە شوێنی خۆیدا خاک و خۆڵ دەبێتە ئاڵتون؛ ژەهریش دەبێتە شەکر و شەربەت؛ باهۆز-باوبۆرانیش ڕەنگی ڕەحمەت دەگرێت، ئازارەکانیش وەک داڵانی هیواکانی لێدێت و هەریەک لە ناسۆریەکانیش وەک ژانی پێش لە دایکبوونی لێدێت. تەنانەت مەرگی بە کۆمەڵ و ئەو موسیبەتانەی کەوا کایەیەکی بەرفراوانیان داگیرکردووە، لە چاوی ئەواندا وەک پەیامی بەهاری لێدێت. ئەوان پەڕاندنی لقە وشکبوەکانی سەر درەختەکان، وەک ڕێگە خۆشکردن بۆ کرانەوەی چرۆی نوێ سەیر دەکەن.. بەڕێزەوە سەیری ئەو بڕین و قرتاندنانە دەکەن کەوا لە قەدەرەوە دێن. لەمەش زیاتر، ئەوەی ڕوودەدات وەک سزای کردەوەکانیان، بەریانی پشاندانی ڕەزامەندی بەرامبەر قەدەر، کەفارەتی گوناحەکانیان و، وەرزی بانگهێشتی هەندێک چاودێری نوێی جەنابی حەق، ئامرازی ڕووتێکردنی ئەو ئەژمار دەکەن، هەردەم لەبەردەم الله دەبن بە دووکەرتەوە، هەرکاتێکیش ڕووبەڕووی بەڵا و موسیبەت بوونەوە، چاک ئەوە دەزانن کەوا چۆنی ڕووبەڕووی دەبنەوە. چونکە لە ڕاستیدا ئەوان شعوری ئەوەیان هەیە کەوا لە ڕێگەی ڕەشەبایەکی خۆڕسکەوە بەرەو ئەم دونیایە ڕاپێچنەکراون، هێندەی ئەوەی بە توندترین گەردەلولیش لە شوێنی خۆیان هەڵنەکەندرێن و نەڕۆن، حەقی ئەو پێگەیە دەدەن کەوا بوونیان تێیدا هەیە. هەڵوەستەیەکی وەهایان هەیە، نە جەنگ و ئاژاوە،    نە ئەو ڕووداوانەی کەوا هاوتای هەستانی قیامەتن-بە پارێزگاری الله-هەرگیز لە شوێنی خۆیان نایانبزوێنێت.

شەڕەکان لە کەشوهەوای ئەم جۆرە کەسانەدا ڕەنگی خێر دەگرن؛ ناسۆری و ئازارەکانیش سەرئەنجامی ئەوەی لیدەکەوێتە بێگەرد ببن و بەرەو جەوهەری خۆیان بگەڕێنەوە. بوولێڵە بوونی کەشوهەوا، گۆڕینی حاڵەکان بۆ ئەوەی چیدی شایەنی ژیان نەبن، چڕبوونەوەی ئەوان زیاد دەکات و بەرەو بێداربوونەوەی زیاتر پەلکێشیان دەکات. لە شوێنێکدا کەوا زوڵمی زاڵمان و، خۆسەپێنی بەڵاکان کەوا بڕانەوەی بۆ نیە و یەک بە دوای یەکدا دێن، یان ئەوەی پیلانی یەک لە دوا یەکیان بۆ دادەڕێژرێت و کول بوونی تەواوی هۆکارەکان دەبینن، وەها لەوان دەکات کەوا بە تەواوی ڕوو لە چارەی بێچارەکان بکەنەوە و وەک ئیبراهیم حەقی دەڵێن” لەو شوێنەی کەوا ناچار دەبیت، لەناکاوا دەکاتەوە دەرگە، دەبێتە دەرمانی گشت دەردان”؛ ئیدی هەموو شتێک باشتر دەخوێننەوە و باشتر هەڵسەنگاندنی بۆ دەکەن و، لە تافی دۆڕاندندا سەرکەوتنی یەک لە دوا یەک بەدەست دەهێنن.

چەندین ساڵە ئێمە هەوڵی ئەوە دەدەین بەرامبەر ئەم جۆرە تێگەشتنە بە ڕاستگۆیی بمێنینەوە، بەرەنگاربوونەوەی فیتنە و گەندەڵی وەک دروشمی ئێمەی لێهاتووە. لە پێناو سەلامەتی گەلەکەماندا، بێ ئەوەی هاتوهاوار بکەین، بەرامبەر دەستدرێژی و زۆرداریەکان وەستاینەوە و، بەردەوام هەوڵی ئەوەماندا بە چاکە وەڵامی خراپەکاریەکان بدەینەوە. لە بەرامبەر ئەو کەسانەی زوڵمیان لێکردین و هەرچی پیلانێک کەوا بە ئەقڵی مرۆڤدا نەیەت لە دژی ئێمە گێڕایان، تەنانەت بە یەک وشە وەڵاممان نەدانەوە. لە بەرامبەر کەسانێک کەوا خۆیان پابەندی بوختان و ساختەکاری کردووە، تەنانەت یەک جاریش نەمانوت” الله لەناویان بەرێت”.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *