پۆرترێتی مرۆڤی دڵ

مرۆڤی دڵ، لە ڕوانگەی ئاسۆ و باوەڕ و ڕەفتارەوە، بە تەواوی قارەمانی رۆح و واتایە. قوڵێتی و بەرفراوانی ئەو، پەیوەندی بە زانست و دەستکەوتەکانیەوە نیە، بەڵکو پەیوەندی بە دەوڵەمەندی دڵ، پاکی ڕۆح و نزیکی لە جەنابی حەقەوە هەیە. لە ڕوانگەی ئەوەوە، نرخی ئەو شتانەی کەوا بە ناوی زانستەوە دەخرێنە ڕوو، هێندە نرخیان هەیە کەوا مرۆڤ بەرەو حەقیقەت ببەن و، دیسان لە ڕوانگەی ئەوەوە هەر زانستێک کەوا یاریدەی مرۆڤ نەدات لەوەی لە حەقیقەتی مرۆڤ و شت و بوون تێبگات، بە تایبەت ئەو زانستە نەزەریانەی کەوا لە ژیانی کردەیدا جێگەیان نابێتەوە، بە هیچ شێوەیەک گرنگیان نیە.

مرۆڤی دڵ، بە گوێرەی ژیانی دڵ و ڕۆح پرۆگرامکراوە، سوورە لەسەر ئەوەی لە تەواوی چەپەڵە ماددی-مەعنەویەکان بە دوور بێت، لە بەرامبەر ئارەزووە جسمانی و لاشەییەکانی خۆی هەمیشە لە حاڵەتی بێداریدایە، بە عەزمی بەرەنگاربوونەوەی نەفرەت، کینە، هەڵپە، حەسودی، خۆپەرستی خۆی چڕ کردۆتەوە و تیمسالێکی تەواوی خاکیبوون و خۆ بە هیچزانینە. ئەو هەمیشە بە دوای ئەوەوەیە حەق هەڵبگرێت و بەرزی بکاتەوە، خەمخۆرێکە کەوا هەمیشە بە تامەزرۆیی ئەوەی هەرچی سەبارەت بە جیهانی موڵک و مەلەکوت بیستوویەتی و هەستی پێدەکات بە کەسانی تریشی بگەیەنێت، دەسوتێت و قرچەی لێهەستاوە؛ هەتا بڵێی خاوەن سەبر و تەمکینە، زیاتر لەوەی قسە بکات و ژاوەژاو دروست بکات، ئەو شتانە دەژی کەوا باوەڕی پێیانە، مرۆڤێکی بزاوت و خاوەن ئیمانە کەوا لە ڕێگەی ژیانی خۆیەوە دەبێتە نمونە بۆ مرۆڤەکانی تریش . ئەو بێ ئەوەی وچان و وەستان بزانێت، بەردەوام خەریکی ڕاکردنە. ئادابی ڕۆشتن فێری ئەوانە دەکات کەوا ڕێگەی جەنابی حەقیان گرتووە.

لە ڕوانگەی جیهانی ناخیەوە، چەشنی کوورە هەموو کاتێک قرچە قرچی سوتانی لێهەستاوە، ئەو کاتەشی خەریکی سوتانە هەرگیز شوێنەواری غەمی بەسەرەوە دەرناکەوێت، بیر لەوە ناکاتەوە بێگانەکان لە ئاخهەڵکێشانی خۆی بێدار بکاتەوە. کاتێک لە ناخیەوە دەسوتێت، فووی گەرموگوڕیش دەکات بە ڕۆحی ئەوانەدا کەوا هانایان بۆ هێناوە.

 

لە ئامانجی مرۆڤی دڵدا، هەمیشە ئەولاکان پەردە بەسەر خۆیاندا دەدەن. ئەو خۆی وابەستەی ڕەزامەندی جەنابی حەق کردووە، بەردەوام خەریکی پێشکەوتنە، مرۆڤێکی خاوەن ئیمانی وەهایە کەوا بەردەوام یەخەی مەسافەکانی دەگرێت، هەتا ئەو کاتەی بە ئامانجی خۆی دەگات هەردەم وەک ئەسپێکی کوهەیلان ڕادەکات، ئەو کاتەشی خەریکی ڕاکردنە ناکەوێتە ناو هیچ جۆرە چاوەڕوانیەکەوە.

مرۆڤی دڵ، بە شێوەیەکی وەها لە ناخیەوە مەردی ڕێگەی حەقیقەتە، لەگەڵ هەموو هەستان و دانیشتنێکیدا بیر لە پایەدارکردنی حەق لەسەر ڕووی زەوی دەکاتەوە، کاتێک خاتری حەقیش جێگەی باس دەبێت، زۆر بە ئاسانی دەتوانیت دەستبەرداری ئارەزوو و داواکاریەکانی خودی خۆی ببێت. ئەو سینەی خۆی بۆ هەموو کەسێک دەکاتەوە و بە شەفقەتەوە باوەش بە هەموو کەسێکدا دەکات، لە کۆمەڵگادا هەمیشە  وێنەی فریشتەیەکی داڵدەدەر پشان دەدا. هەرچیەکیش بێت، جگە لە الله چاوەڕوانی هیچ شتێک لە کەس ناکات. لە ڕوانگەی هەڵسوکەوت و ڕەفتارەکانیەوە هەوڵ دەدات لەگەڵ هەموو کەسێکدا بگونجێت، لەگەڵ کەسدا ناکەوێتە بەربەرەکانی و، دوژمنایەتی بەرامبەر کەس، گۆش ناکات. ئەگەرچی هەندێک کات بە گوێرەی بیرکردنەوە و ئیجتیهاد و پیشە و ڕێچکەی خۆی هەندێک بژاردەی هەبێت، بە هیچ شێوەیەک لەگەڵ کەسانی تردا ناکەوێتە ڕکابەری و پێکدادانەوە. بە پێچەوانەوە هەرکەسێک کەوا خزمەتی دین، وڵات و نیشتیمانەکەی بکات، خۆشی دەوێت. چەپڵە بۆ هەموو کەسێک لێدەدات کەوا کاری ئەرێنی ئەنجام دەدات. چەپڵەیان بۆ لێدەدات و هەتا بڵێی ڕەچاوی ڕێز بۆ دونیابینی و پێگەی ئەوانی تر دەکات.

 

مرۆڤی دڵ، لە پاڵ ئەو هەوڵ و کۆششەی خۆیان هەیانە، بە شێوەیەکی دەراسا گرنگی بە سەرخستن و چاودێری جەنابی حەقیش دەدەن. لە هەموو هەنگاوێکیاندا بە دوای ڕێگاکانی بوونە جێدەرکەوتی سەرخستنی ئیلاهی دەگەڕێن… بە شێوەیەکی دەراسا بایەخ بە یەکێتی- پێکەوەبوون دەدەن کەوا لە قورئاندا وەک ئامرازی بوونە جێدەرکەوتی چاودێری ئیلاهی ئاماژەی پێکراوە. لەگەڵ هەموو کەسێکدا کەوا ڕێچکەی ڕاست و دروستی گرتووە، بۆ ئەنجامدانی کارێکی هاوبەش ڕادەکەن. لەمەش زیاتر، بە ناوی سازانێکی لەم شێوەیەوە، زۆر جار سەرەڕای خۆیان ملی ڕێگەیەکی تر دەگرن. بیر لەوە دەکەنەوە کەوا رەحمەت لە یەکێتیدا بوونی هەیە و، ناکۆکی و دووبەرەکی مرۆڤەکان ناگەیەنێت بە هیچ شوێنێک و، هێندەی لە دەستی بێت هیممەتی هەموو کەسێک دەخاتە پاڵ خۆیی و هەوڵی ئەوە دەدات هەمیشە بە ڕووی پەناگاکانی چاودێری ئیلاهیدا کراوە بێت.

مرۆڤی دڵ، عاشقێکی حەقە و دێوانەی ڕەزامەندی جەنابی حەقە. ئیدی لە هەر کوێ و لە ژێر کام هەلومەرجدا بێت، هەنگاوەکانیان بە رەزامەندی ئەوەوە دەبەستنەوە. لە پێناو بەدەستهێنانی ڕەزامەندی ئەودا، هێندەی گیانیان دەربچێت هەڵپە دەکەن… هەروەها بۆ گەشتن بەم ئامانجە دەشێت هەرچی هەیە بە فیدای بکات، دەست لە هەموو شتێکی دونیایی و ئاخیرەتیش هەڵبگرێت. لە دونیای هزری مرۆڤی دڵدا، تێبینیگەلێکی ڕەتکراوەی وەک ” کارەکانی من”، سەرکەوتنی من”، “جێبەجێکردنەکانی من” جێگەیان نیە. ئەو هەرچیەک کەوا پێویستە جێبەجێ بکرێت لەلایەن هەرکەسێکەوە ئەنجام بدرێت با بدرێت، وەک ئەوەی لەلایەن خۆیەوە ئەنجامدرابێت مەمنون دەبێت، سەرکەوتنی ئەوانیش بە هی خۆی دەزانێت و لە دوای ئەوانەوە دەڕوات. شەرەف و پایەی پێشەوایەتی ئەنجامدانی ئەو کارە، بۆ کەسانی تر بەجێدەهێڵێت. لەمەش زیاتر، بیر لەوەش دەکاتەوە کەوا دەشێت کەسانی تر لە بابەتی خزمەتی ئیمان و مرۆڤایەتیدا، لە خۆی سەرکەوتووتر و لێوەشاوەتر بن و، بەم هۆیەوە هەلومەرجێکی ئاسانتر بۆ هەنگاوەکانی ئەوان ئامادە دەکات و، دواتر هەنگاوێک دەکشێتە دواوە و، کار بە دەستوری” بوونە مرۆڤێک لە نێو مرۆڤەکاندا” دەکات و لەسەر ڕێگەی خۆی بەردەوام دەبێت.

مرۆڤی دڵ، هەمیشە دەستی لە یەخەی خۆیدایە و، بە هۆی ئەوەی بە عەیبەکانی خۆیەوە مەشغوڵە، ناتوانێت خۆی بە کەلێن و کەموکورتی کەسانی ترەوە خەریک بکات و نایکات. خەریک بوون بە کەسانی ترەوە لەلایەک بوەستێت، لە ڕێگەی ئەوەی لە هەموو هەلێکدا نمونەی بوونە مرۆڤی چاک دەخاتە ڕوو، ئەوانە بەرەو ئاسۆی باڵاتر ئاڕاستە دەکات و بە نیسبەت هەموو کەسێکەوە دەبێتە نمونەیەکی جوان، چاوپۆشیش لە عەیب و کەموکورتی مرۆڤەکانی تر دەکات. بە زەردەخەنەوە وەڵامی ڕەفتارە نەرێنیەکانی ئەوان دەداتەوە. لە ڕێگەی چاکەوە بەرپەرچی خراپەکانیان دەداتەوە. گەر پەنجا جاریش زویر بکرێت، تەنیا یەک جاریش بیر لە شکاندنی دڵی کەسێک ناکاتەوە.

مرۆڤی دڵ، ژیانی لە خولگەی مرۆڤی کامڵدا دەباتە سەر، ژیانی توێشوودار بە ئیخلاسەوە، بە یەکەم بابەتی خۆی دەزانێت، لە ڕوانگەی هەست و هزر و ڕەفتاریەوە،  بە شێوەیەکی وەها بە ڕەزامەندی جەنابی حەقەوە وابەستە بووە، گەر تەواوی دونیا و دەرەوەی دونیاشی پێبدەیت، دیسان ناتوانیت ئەو لە ئامانجی خۆی پاشگەز بکەیتەوە، تەنانەت بەهەشتگەلێکیشی پێبدەیت دیسان ڕێگە و ئاڕاستەی خۆی ناگۆڕێت.

 

مرۆڤی دڵ، لەگەڵ ئەو کەسانەدا کەوا لەسەر هەمان ڕێگەی ئەو دەڕۆن و خاوەنی هەمان مەفکورەن، هەرگیز ناکەوێتە ناو ڕکابەریەوە. هەرگیز هەستی حەسودی و ئیرەیی بەرامبەر ئەوان نیە. بە پێچەوانەوە کەموکورتی و نوقسانیەکانی ئەوان تەواو دەکات. لە ڕەفتارەکانیدا بەرامبەر ئەوان، هەمیشە وەک ئەوەی ئەندامی یەک لاشە بن مامەڵە دەکات، بە ڕۆحێکی تەواوی ئیسارەوە، لە بابەتەکانی پۆست و پلە و پایە، شۆرەت، هەژمون، کاریگەربوون، هەروەها لە تەواوی بابەتە ماددی-مەعنەویەکاندا هاوڕێکانی ڕێگاکەی دەهێنێتە پێشەوە و، پاشان لە ڕێگەی ئەوەی خۆی دەخاتە پشتی پشتەوە، دەڵاڵی بۆ سەرکەوتنەکانی ئەوان دەکات، چەپڵە بۆ جێدەرکەوتەکانی ئەوان لێدەدات و بە خۆشی و شادی جەژنەوە پێشوازی لە سەرکەوتنەکانی ئەوان دەکات.

مرۆڤی دڵ، ئەگەرچی دەشێت زۆر جار وابەستە بە ڕێگە و شێوازی خۆی بمێنێتەوە و چالاکیەکانی لەسەر ڕێچکەی مەزاج و زەوقی شەخسی خۆی بەڕێوە ببات، بەڵام هەمیشە هەوڵی ئەوە دەدات بەرامبەر بیرکردنەوە و هەنگاوی کەسانی تر بە ڕێزەوە مامەڵە بکات. هەمیشە بە ڕووی هاوبەشیکردن و پێکەوە ژیان کراوەیە. لەگەڵ هەموو هەستان و دانیشتنێکیدا بە دوای ڕێگەی هاوبەشی هەنگاو هەڵگرتن لەگەڵ مرۆڤی خاوەن هەمان مەفکورەدا دەگەڕێت. پڕۆژەی هاوبەش لەگەڵیان پێکدەهێنێت. لە جیاتی “من” هەوڵی پایەدارکردنی چەمکی “ئێمە” دەدات. لەمەش زیاتر، لە پێناو دڵخۆشکردنی کەسانی تردا، ئامادەیە زۆر بە ئاسانی ئاسودەیی خۆی بە فیدا بکات. هەروەها کاتێک ئەم کارانەش ئەنجام دەدات، چاوەڕیی هیچ ڕووتێکردنێک لە کەسەوە ناکات. تەنانەت کەوتنە ناو چاوەڕوانیەکی لەو شێوەیەش، لە ڕوانگەی خۆیەوە بە کەوتن ئەژمار دەکات، چەشنی ئەوەی لە مار-دوپشک ڕادەکات، لە شانوشۆرەت و ناودەرکردن هەڵدێت، خۆی بە ناو چاودێری لەبیرچوونەوەدا دەبات.

مرۆڤی دڵ، دەستدرێژی لە کەس ناکات، بە هێرش وەڵامی هێرش ناداتەوە، لە هەستیارترین کاتەکانیشدا هەردەم بە میانەڕەوی هەنگاو هەڵدەگرێت و، هەرچیەکیش ڕووبدات با ڕووبدات، هەرگیز لەوەی داخوازیەکانی کەسایەتی مەردی دڵ بە تەواوی و تێروتەسەلی ئەنجام بدات، لە دواوە ناوەستێت. هەردەم بە چاکە وەڵامی خراپەکاریەکان دەداتەوە. هەمیشە خراپە بە کاری خراپەکاران ئەژمار دەکات و هەردەم وەک تیمسالی چاکێتی ڕەفتار دەکات.

مرۆڤی دڵ ژیانی لە ڕێچکەی قورئان و سونەتدا، واتە ژیانی لە چوارچێوەکانی دۆستێتی جەنابی حەق، تەقوا و  شعوری ئیحسان و عەزیمەت بەسەر دەبات. لە بەرامبەر هەستگەلێکی وەک خۆپەرستی، غرور، شانوشۆرەت، کەوا دڵی مرۆڤ دەمرێنن، هەردەم دەست لەسەر پەلەپیتکەیە. توشی هەرچی شتێکی جوان ببێت، دەڵێت” هەموو شتێک هەر لەوەوەیە” و بۆ خاوەنە ڕاستەقینەکەی دەگێڕێتەوە. لەو کارانەشدا کەوا وابەستەی ئیرادەیە، لە چەمکی “من” هەڵدێت و پەنا بۆ چەمکی” ئێمە” دەبات.

مرۆڤی دڵ، لە هیچ کەسێک ناترسێت، لە بەرامبەر هیچ ڕووداوێکدا توشی شڵەژان نابێت. هەردەم وەک عاکیف دەڵێت” پشت بە الله ببەستە، باوەش بە کۆششدا بکە، خۆت ڕامی دەستی حیکمەت بکە”، لە بەرامبەر هەر شتێکدا کەوا بە ڕاستی دەزانێت، هەرگیز پاشگەز نابێتەوە.

مرۆڤی دڵ، هەرگیز لە کەس زویر نابێت. بە تایبەت بەرامبەر ئەوانەی دڵوابەستەی جەنابی حەقن، هەرگیز دڵی ناشکێت. هاوڕێکانی هەمان ڕێگای خۆی لە هەر خراپەیەکدا ببینێت، لێیان دوور ناکەوێتەوە. پەردەی نێوانیشیان نادڕێنێت… ئەوان شەرمەزار ناکات، واز لە شەرمەزارکردن بهێنە، گەر خراپیەکی لەو شێوەیەش لەلایەن کەسێکی ترەوە ببینێت، وەک ئەوەی هەڵەیەکی گەورەی ئەنجامدابێت سەرکۆنەی خۆی دەکات و پرسیار ڕووبەڕووی خۆی دەکاتەوە.

مرۆڤی دڵ، لەبەر ئەوەی دەزانێت کەوا دەشێت ڕەفتاری کەسی ئیماندار ڕاڤەی جیاوازی هەبێت، لە گومانی خراپ هەڵدێت، ئەوەی دەیبینێت و دەیبیستێت بە باشە هەڵسەنگاندنی بۆ دەکات، هەرگیز ناکەوێتە ناو تێبینیە نەرێنیەکانەوە.

مرۆڤی دڵ، هەنگاو و چالاکیەکانی، بە تێبینی ئەوەوە نابەستێتەوە کەوا دونیا شوێنی پاداشت وەرگرتنە و، بەڵکو بە تێبینی ئەوەی دونیا شوێنی خزمەتکردنە ئەنجامیان دەدات. هەموو کاتێکیش ئەو ئەرکەی لەسەرشانێتی، بە دیسپلینێکی دەراساوە جێبەجێ دەکات. خۆ مەشغوڵ کردن بە سەرئەنجام و نەتیجەی کارەکانەوە بە بێ ڕێزی بەرامبەر جەنابی حەق ئەژمار دەکات. ئەو خزمەتی دین و ئیمان و مرۆڤایەتی، لە پێناو بەدەستهێنانی ڕەزامەندی جەنابی حەق، بە گەورەترین ئەرک دەزانێت و چەندە کاری گەورەشی لە دەست ببێتەوە، بە هیچ شێوەیەک بیر لەوە ناکاتەوە کەوا پایەیەکی ماددی-مەعنەوی بەم هۆیەوە دەست بکەوێت.

مرۆڤی دڵ، نە لە بەرامبەر تێکچونی هەلومەرجەکان توشی هیوابڕاوی دەبێت، نە بە هۆی ئەوەی تەواوی مرۆڤەکان لە دژی ئەو وەستاونەتەوە، توشی شڵەژان دەبێت.

هەردەم دەڵێت” ئەمە دونیای زویر بوون نیە و، دونیای بەرگە گرتنە” بە شێوەیە هەردەم دان بە خۆیدا دەگرێت، ئارام دەگرێت، بە مەبەستی ڕزگاربوون لەو ناڕەحەتیانەی توشی دەبێت، بە دوای رێگەی ئەڵتەرنەتیڤ و جێگرەوەدا دەگەڕێت، تەنانەت لە هەستیارترین ساتەکانیشدا ستراتیژی جیاواز بەرهەمدەهێنیت و، هەمیشە لە کۆشش و دەستپێشخەری خۆی ناکەوێت.

 

لە ڕۆژگاری ئەمڕۆماندا کەوا بەها مرۆییەکان بە سوک تەماشا دەکرێن، لە هزری دینیدا تێکشکان دروست بووە، هەموو لایەک بە دەست  ژاوەژاوی مێشک بۆشەکانەوە توشی ناڵین بووە، لە جیاتی شتی تر، پێویستە جارێکی تر ئەوە بە بیری خۆماندا بهێنینەوە کە زیاتر لە ئاو و هەوا ئاتاجی مرۆڤگەلێکی لەم شێوەیەین و، بەم شێوەیە خاڵی کۆتایش بۆ ئەم بەشە دادەنێین.    

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *