پیاوی ڕاستەقینەی داوا، لە کاتی تاقیکردنەوەدا بەدەردەکەوێت تارق بوراک بەشی ٢٣

پاش ئەوەی ٢٠ ڕۆژ بەسەر  کودەتاکەی ١٢ ی ئازاری ١٩٧٠ تێپەڕی، مامۆستا م.فەتحوڵڵا گولەن، بە مەبەستی پیرۆزبایی کردن لە ئاهەنگی هاوسەرگیری هاوڕێیەکی بە ناوی ئێردۆغان توزون، کە مامۆستای وانەی وێژەوانی بوو، سەردانی ئیستەنبوڵی کرد.

ڕێک لەو ڕۆژەدا زوبەیر گیوندوزئاڵپ، یەکێک لە خوێندکارەکانی ئوستاد بەدیعوزەمان وەفات دەکات. ئەویش کەسایەتیەک بوو کە مامۆستا لە نزیکەوە دەیناسی و زۆر خۆشی دەویست.

هەروەها یەکێکی تر لە هاوڕێکانی مامۆستا کە لەو ڕۆژەدا سەردانی ئیستەنبوڵیان کرد، کەسێک بوو بە ناوی ئیبراهیم ئێرکوڵ، کە یاریدەدەری دکتۆر بوو لە بەشی پزیشکی زانکۆی حاجیتەپە.

 

هەردووکیان پیش ٧ ساڵ لە ئەنقەرە یەکتریان ناسی بوو.

ئیحسان دۆغرەمەجی کە دامەزرێنەری زانکۆی حاجیتەپەیە، پاش ئەوەی دەبینێت ئیبراهیم ئێرکوڵ زانکۆی ئەنقەرە تەواو دەکات، ناوبراوی بە مەبەستی خوێندن ڕەوانەی زانکۆی “YALE”  لە ئەمەریکا دەکات و ماوەیەک لەوێ دەمێنیتەوە.

لەبەر ئەوەی سوپا بە شێوەیەکی بەردەوام هەوڵی کودەتای دەدا، ناوخۆی تورکیا بە تەواوی شلۆقا بوو. ئەو شەوە هەریەک لە مامۆستا و ئێرکول، لە ناوچەی فاتیحی ئیستەنبول، لە نێو چەند هەستێکی جیاوازدا دەهاتن و دەچوون. شوێنێک نەبوو کەوا بتوانن تێیدا پشوو بدەن، کەسیان هەتا بەرەبیان خەویان لێنەکەوت.

 

هەندێک جار بە چواردەوری مزگەوتی فاتیحدا دەهاتن و دەچوون، هەندێک جاریش لەسەر کورسیەک دادەنیشتن، هەتا بەرەبەیان باسی داهاتووی تورکیایان کرد.

ئەو شەوە(٢ ی نیسانی ١٩٧١)، مامۆستا ئەم شتانەی بە هاوڕێکەی وت:

گەر ئەو کەسانەی خاوەن سەروەتن هان بدەین،  لەم شوێنانە خوێندنگە بکەینەوە و منداڵان بە باشی پێبگەن و نەبن بە خۆراکی دەستی سەرکەشی(ئەنارشی)، داهاتووی تورکیا بەم شێوەیە ڕزگاری دەبێت”.

بە گوێرەی تێڕوانینی مامۆستا، گیرخواردنی تورکیا لە گێژاوی ئەنارشیدا، بە هۆی ئەو بۆشاییە ئیمانیەوە بوو کە لە گەنجانی زانکۆکاندا بەدی دەکرا.

مامۆستا لەو کاتەدا، ٦ ساڵی ڕێک بوو کە لە ئیزمیر خوێندکاری پەروەردە دەکرد. لە ساڵی ١٩٦٦، بۆ ماوەی ٤ ساڵ و نیوی ڕێک، لە بەشی ناوخۆیی کەستانەپازاری، کە دەتوانین بڵێین تاکە بەشی ناوخۆیی لەو شێوەیە بوو،  لە سەرتاسەری تورکیادا بوونی هەبوو، خوێندکارەکانی پەروەردە دەکرد و لە دوای ئەوەی گواستیشیەوە بۆ ناوچەی گیوزەلیاڵی، هەر لە پەروەردەکردنیان بەردەوام بوو.

بەڵام پێی وەهابوو گەر خزمەتێک ئەنجام بدرێت، ئەوا دەبێت تەواوی کۆمەڵگای تورکیا بگرێتەوە.

واتە پێی وەها بوو بۆ ئەوەی بگات بە سەرچاوەی کێشەکانی ١٩٧١ کە کۆمەڵگای تورکیای بە دیواردا ماڵی، تەنیا لە رێگەی وتاری مزگەوت و پەروەردەکردنی ٤٠٠ خوێندکاری بەشی ناوخۆوە ئەو کارە ناکرێت. دەبوو ئەم کارە لەسەرتاسەری تورکیادا ئەنجام بدات.

هەربۆیە پاش ماوەیەک، مامۆستا دیسان گەڕایەوە بۆ ئیزمیر و بەردەوامی بە وتنەوەی وانەکانی خۆیدا، کە تێیدا وانەی  حەدیسی دەوتەوە.

لەم کاتەدا هەریەک لە چەتین ئاڵتان و ئیلهان سەلچوقی ڕۆژنامەنوس، لە مانگی نیسانی هەمان ساڵ، لە ئیستەنبول دەستگیر کران.

لە ئەنقەرەش چەند ڕۆژنامەنوسێکی وەک ئوغور مومجو، مومتاز سۆیساڵ و چەند کەسێکی تریش دەستگیر کرا، کە یەشار توناگوری یاریدەدەری سەرۆکایەتی کاروباری ئاینیی ئەو کاتەی تورکیا، یەکێک بوو لە دەستگیرکراوەکان.

نیهات ئێریم کە لەو کاتەدا سەرۆک وەزیران دەبێت و خۆیشی لە پێشتردا مامۆستای زانکۆ بووە، سەبارەت بە دەستگیرکردنی رۆشنبیرەکانی وڵاتەکەی دەڵێت:” ئەمانە بە هۆی بیروڕاکانیانەوە دەستگیر کراون و بە تاوانباری بیرکردنەوە ناو دەبرێن، ناتوانین ئەم کارەمان لە دونیا بگەیەنین”.

بەم شێوەیە خۆی کرد بە خاوەنی ئەو هاوڵاتیانەی لە کاتی کودەتاکەدا دەستگیر کران.

بەڵام بە گوێرەی دەسەڵاتی سوپای ئەو کاتە، ئەم ڕۆشنبیرانە “تاوانباری بیروڕا” نەبوون و کەسانێک بوون کەوا لە دژی دەوڵەت، “پیلانی شاراوە” یان دەگێڕا.

هەندێک لە ڕۆشنبیر و مامۆستایانی زانکۆ، لە دوای کاردانەوەکانی سەرۆک وەزیرانەوە ئازاد کران.

“دەستبەسەر کردنی مامۆستا لە ٣ ی ئایاری ١٩٧١”

مامۆستا کاتێک لە ناوچەی کەستانەپازاری جیا بوویەوە، لە ناوچەی گیوزەلیالی ئیزمیر، وانەی بە خوێندکارانی زانکۆی زانستە شەرعیەکان و خوێندنی باڵای هەمان بەش دەوتەوە.

لەبەر ئەوەی وانەکانی لە دوای نوێژی عەسر دەوتەوە، ژمارەیەکی زۆر لە خوێندکاران بەشداریان تێدا دەکرد.

ئەم وانانەش بۆ ماوەیەک بەردەوامی هەبوو، کۆتا ڕۆژ، مامۆستا خەوێک دەبینێت. لە خەویدا لەو مزگەوتەی کە وانەی تێدا دەوتەوە، نوێژ دەکات. کاتێک بە لای ڕاستدا سەلام دەداتەوە، چاوی بە سەردارمان دەکەوێت. بەڵام دەموچاوی پیرۆزی، وەک هەوری پڕ باران، خەمگین دەردەکەوێت. لە خەوەکەیدا دەڵێت” تۆ بڵێی شتێک پیغەمبەری خودا زویر کردبێت؟”، ئیدی لەگەڵ وتنی ئەمەدا خەبەری دەبێتەوە.

لە دوای ئەو خەوە، ئیدی جارێکی تر وتنەوەی وانەی حەدیسی لەو مزگەوتە بە نسیب نابێت. چونکە پاش ماوەیەک لەو خەوە، دەستگیر دەکرێت و دەخرێتە زیندانەوە. واتای خەمباری پێغەمبەری ئازیزیش لەو خەوەدا، هەر ئەوە بوو. کاتێک دەستگیریان کرد، ئیدی بە تەواوی واتای خەوەکەی بۆ ڕوون بوویەوە.

مامۆستا پاش مانگێک لەوەی لە ئیستەنبولەوە بەرەو ئیزمیر گەڕایەوە، لە بەرواری ٣ ی ئایاری ١٩٧١ دەستگیر کرا.

چەشنی دەستگیرکردنی هاوڵاتیانی ئیستەنبول و ئەنقەرە، دەستگیرکردنەکەی مامۆستا یاسایی نەبوو، بەڵکو سیاسی بوو.

مامۆستا بەم شێوەیە باسی دەستگیرکردنەکەی دەکات:

“بە دەستی خۆم جانتاکەی باوکمم ئامادە کرد، کە لەو کاتەدا سەردانی کردبووم. پاش کەمێک دکتۆر موستەفا ئاسوتای هات. بە ئۆتۆمبیلەکەی ئەو باوکمم برد بۆ گەراج و رەوانەی ئەنقەرەمان کرد. لە کاتی گەڕانەوەماندا سەردانی ماڵی هەندێک لە هاورێکانمان کرد و پێمان وتن: لەوە دەچێت هەڵبکوتنە سەر ماڵەکانتان و دەست بەسەر کتێبەکاندا بگرن. ٢٠٠ مەتر مابوو هەتا بگەینە ماڵی موستەفا بیرلیک، بە دکتۆرم وت کەوا ئۆتۆمبیلەکە بوەستێنێت. لەو کاتەدا رضوانی کوڕیشی لەگەڵدا بوو کە خوێندکای سەرەتایی بوو. پێموت کەوا بڕوات و سەیرێکی ماڵی کاک موستەفا بکات. بە ڕاکردن ڕۆشت و هەروەهاش بە ڕاکردن هاتەوە، وتی ماڵەکە پڕ بووە لە ئینسان و هەموو لایەک دەپشکنن. ئیدی تێگەشتین کە بە دوای ئێمەشدا دەگەڕێن. بە کاک دکتۆرم وت کەوا بڕۆین بۆ ماڵەکەی من. کاتێک چووینە ماڵەوە، ئەوەمان بەدی کرد کە پۆلیسەکان  سەر و ژێری ماڵەکەیان هێناویتە یەک و لەناوەڕاستی ژوورەکەدا هەموویان کۆکردبوویەوە.

لە ماڵەوە سەڵاحەدین ئەتەڵای دەمایەوە، کە لەو کاتەدا خوێندکار بوو. کۆتایی هەفتە دەهات و لەلای من دەمایەوە. ئەو ڕۆژەش لە دوای ڕۆشتنی منی هاتووە و پوڵاوی کردووە و چاوەڕێی هاتنەوەی من دەکات. کاتێک گەڕامەوە، پۆلیسەکان وتیان “بەخێربێیتەوە” و، پاشان بەردەوام بوون لە پشکنینی خۆیان”.

لە نێو کتێبەکاندا تەنیا یەک کتێبی مەودودی مابوو، هەموو کتێبەکانی مامۆستا سەعیدم شاردبوویەوە لە ترسی ئەوەی دەمزانی لەگەڵ خۆیان دەیبەن و دەستی بەسەردا دەگرن.

جبەکەی بەرم خستە سەر کتێبەکەی مەودودی و پێم وتن کەوا دەڕۆم بۆ تەوالێت. لەگەڵ جبەکەمدا کتێبەکەشم هەڵگرت و چوومە تەوالێت. پاشان لە پەنجەرەی تەوالێتەکەوە خۆمم درێژ کرد و کتێبەکەم فڕێ دایە سەربانی ماڵەکە. ئیدی نازانم دواتر ئەو کتێبە چی لێهات. تەنانەت ڕۆژانێکمان بەسەردا هات کە هەڵگرتنی قورئانی کەریمیش لە ماڵەکانماندا بە تاوان ئەژمار دەکرا. هەربۆیە پێویست ناکات هێندە هەیەجان بە زۆر بزانرێت…

ئامانجی منیش لەو کارە ئەوە بوو، کە هەر کتێبێک ئەوان بە بەڵگەی تاوان ئەژماری بکەن، لەبەرچاودا نەیهێڵم. دەستیان بەسەر نزیکەی ٤٠ کتێبدا گرت. بەڵام هیچ کامیان شتێکی وەهای تێدا نەبوو، کە بە تاوان ئەژمار بکرێت. بە ئنسافەوە مامەڵەیان کرد و ئەو کتێبانەی کە چەند بەرگێک بوون، تێکیان نەدا.

تەنانەت لە کاتی گەڕاندا پەنجەرەکانیان داخستبوو، پەردەکانیشیان دادابوویەوە، بەو شێوەیە دەگەڕان.

واتە رەچاوی ئەوەیان کردبوو کە دەشێت عەیبەیەک بێتە سەر من گەر بە ئاشکرا ئەو کارە بکەن. لە ڕاستیشدا خاوەنی خانوەکە، ژنێکی پیری وەسواس بوو. گەر بیبیستایە کەوا لە ماڵەکەی ئەودا پۆلیس پشکنینی ئەنجامداوە، لە ترساندا دەبوورایەوە. ئیدی نازانم دواتر بیستی یاخود نا.

بە پۆلیسەکانم وت: درەنگ دەکەوم؟ فریا دەکەوم شتێک بخۆم؟ دەمویست هەم برسێتیەکەم نەمێنێت، هەم بزانم کەوا نیەتیان چییە. لە وەڵامدا وتیان: باشترە خۆت تێر بکەیت، دیار نیە کەوا کەی دەگەڕێیتەوە.

 

یەک دوو کەوچک پڵاوم خوارد و، پاشان لەگەڵ خۆیاندا بردمیان بۆ بنکەی ئاسایشی تەپەجیک.

کاتێک گەشتمە بنکەکە، لە پێش و دواوە و ڕاست و چەپ، وێنەیان گرتم. پێش ئەوەی بمبەن بۆ ئەو شوێنەی کە بڕیار بوو بمبەن، داوام لێکردن کەوا تۆزێک ئاوم پێبدەن هەتا دەستنوێژێک بگرم. یەکێک لە باشچاوشەکانیش کە ئێستا ناوەکەیم بیر نەماوە، تەنەکەیەک ئاوی بۆ هێنام، ئیدی نەمزانی پاکە یان پیس…  بەم شێوەیە نوێژی خەوتنانم ئەنجامدا، هەتا بەرەبەیان ترسی فەوتانی نوێژم نەما. دڵم ئاسودە بوو…

منیان بردە زیندانێکەوە و فڕییان دام. لەوێ چی ببینم باشە؟ پێش من هەریەک لە شابان دوز، هارون ڕەشید تەیلو، موستەفا بیرلیکیان هێنابوو.

هەموویان مات و مەلول لەوێ دانیشتبوون. ئەوانیش وەزعیان لە من جیاواز نەبوو. ئەو شەوەمان بە قسەکردن بردە سەر. کاتێک چووینە ژوورەوە، هەموو شتێکیان لێسەندین،  قورئان و جەوشەنەکەشم پێنەمابوو. قورئانم لەبەر دەخوێند، بەڵام مومکین نەبوو کەوا جەوشەنیش بە هەمان شێوە بخوێنم. ئیدی قەت هێندەی ئەو ساتە خەفەتم نەخوارد بەوەی کە نزای جەوشەنم لەبەر نیە. هەر بە داخی ئەوەوە بووم کە جەوشەنیشم لەبەر بکردایە و بمتوانیایە ئەویش بخوێنم.

بۆ بەیانی، یەک دوو ئولکوجوی-کەسانێکی سەر بە پارتی بزوتنەوەی نەتەوەیی- تریان هێنایە زیندان، لە دوای ئەوانیش یەکێک لە مامۆستای زانستە شەرعەیکانیان بە ناوی کاک نیزامەدین هێنا.

 

مامۆستا ڕەجەبیشیان هێنا کە لە ڕێکخراوی بەرەنگاربوونەوەی کۆمۆنیزم کاری دەکرد و کەسێکی نزیکی ئێمە بوو. تەنیا تاوانێک ئەنجامیدابوو ئەوە بوو، کە دژەکۆمۆنیزم بوو.

هێشتا لە قۆناغی دەستگیرکردندا بووین، لە شوێنێک دەماینەوە کە زیاتر لە دەبۆ(کۆگا) دەچوو، تەنیا لە نزیک بنمیچەکەیەوە پەنجەرەیەکی بچوکی تێدا بوو. کاتێک ژمارەی ئەوانەی ژوورەوە ڕووی لە زیاد بوون کرد، گواستینیانەوە بۆ شوێنێک کە لە چێشتخانە دەچوو. ئیدی دەبوو لەوێ بمێنینەوە، بەڵام ئەوێ زۆر باشتر بوو، لایەنی کەم پەنجەرەی باشی تێدابوو، دەمانتوانی هەناسەیەک بدەین.

پاشان هەواڵم بۆ ئیسماعیل بیوکچەلەبی نارد کە بە دزیەوە جەوشەنەکەمان بۆ بهێنێت. ئەو ڕۆژە دوای نوێژی عەسر، ئیسماعیل بیوکچەلەبی هات و لەگەڵ خۆیدا جەوشەنەکەشی هێنابوو. بێ ئەوەی هیچ قسەیەک بکەم، تێر تێر، بە گریانەوە دەستم بە خوێندنەوەی جەوشەنەکە کرد.

وابزانم چەند جارێکی کەم هەیە کەوا هێندە بە چێژەوە جەوشەنم خوێندبێتەوە. وابزانم دواتر کتێبی تریشی هێنا، ئێستا بیرم نەماوە.

هێشتا لەلایەن دادگاوە فەرمانی دەستبەسەرکردنمان بۆ دەرنەکرابوو، لەوێ کاتی زۆرمان بەسەر برد. ڕۆژگارێکی تاڵ بوو، بەڵام پڕ ئومێدیش بوون… کەمێک خەمگین بەڵام ڕەنگاڵەش بوون. پاش ١٠ ساڵ لە تەواوی کردنی خزمەتی سەربازی، دیسان وەک سەربازمان لێهاتبوویەوە. سەربازێکی باڵا کورتی لێبوو. دەڕۆشت و دەهات، قسەیەکی ناخۆشی پێدەوتین.

ڕۆژێکیان خەریک بوو موستەفا بیرلیک پێی بڵێت” کورە تۆ سەربازیت نەکردووە؟ چۆن دەبێت بە دانیشتنەوە قسە لەگەڵ ئێمەدا بکەیت”. دواتر بۆمان دەرکەوت کە ڕقی لە دین بووە، هەربۆیە حەزی بە ئێمەش نەدەهات و دوژمنایەتیەکەی بە هۆی هەمان شتەوە بوو.

ماوەی ٢٠ ڕۆژ لە چیشتخانەکە بە دەستگیرکراوی ماینەوە. دەمانخوێندەوە و نزامان دەکرد و بە دوای ڕێگای ڕزگاریدا دەگەڕاین. یەک دوانێک لە هاوڕێ ئولکوجوەکان دەستیان بە نوێژکردن کرد.

هەندێک لەوانەی تریش کە نوێژیان نەدەکرد، بە نوێژکردنی ئێمە بێزار دەبوون، بەڵام دەبێت دان بەوەشدا بنێم کەوا کۆمەڵێک مرۆڤی مەرد بوون.

عەلی ڕەزا حافزئۆغلو داواکاری گشتی دادگا سەربازیەکان بوو. ئیدی نازانم دەستی لەوەدا هەبوو کە هاوڕی ئولکوجوەکان ڕزگار بکرێن یاخود نا.

کاک ڕەجەب و کاک نیزامەدینیش لە یەکەم دانیشتنی دادگادا ئازاد کران.

تەنیا کاک هارون و موستەفا بیرلیک و من ماینەوە. ئێمەشیان برد بۆ دادگا، لە هۆڵی دادگا عوسمان کەرام بینی کە خەریکی سوڕانەوە بوو. بۆ شایەتیدان بانگهێشتیان کردبوو. بەڵام دواتر ئەویشیان قۆڵبەست کرد و زیندانیان کرد.

پێش من بڕیاری دەستبەسەرکردن بۆ  هەریەک لە مامۆستا هارون و موستەفا بیرلیک، کاک قاحید و مامۆستا شەعبان دەرکرا. منیش کۆتا کەس چوومە بەردەم دادوەر. کاتێک بیستم ئەوان دەستبەسەر کراون، ئیدی زانیم منیش دەستبەسەر دەکرێم. هەربۆیە گوێم بە قسەکانی داواکاری گشتی نەدا. هەرچیەک بڵێیت و هەرچیەک بکەیت، ئەنجامەکە گۆڕینی بۆ نەبوو. لەبەردەمی داواکاری گشتیدا ئەو نامەی پیرۆزباییانە هەبوو کە خەڵک بۆیان ناردبووم. بەردەمی مێزەکەی پڕ بوو. هەموویان کۆپیەکیان لێ وەرگیرابوو، لە بەردەمی داواکاری گشتیدا بە کراوەیی دانرابوون.

بەڵام ئەوەی لێرەدا سەیر بوو ئەوە بوو، سەرەڕای ئەوەی وەڵامی سەدان نامە و تەلەفۆنم دەدایەوە کە بۆم دەهات، بەڵام هیچ کام لە نامە و وەڵامەکانی منی لەبەردەمدا نەبوو.

ناوەڕۆکی یەکێک لەو نامانەی بۆ من هاتبوو بەم شێوەیە بوو:

“مامۆستای بەڕێز، لە شارۆچکەکەی ئێمە موفتیەکی خائینی لێیە. ئەم پیاوە دوژمنی پەیامەکانی نورە. گەر شتێک بکەیت لە سەرۆکایەتی کاروباری ئاینی هەتا ئەم ڕسوایە دەربکەن…”.

ئەگەرچی من لەم بابەتەدا هیچ گوناحێکم نیە و قسەی منی تێدا نیە، بەڵام سەرئەنجام بۆ من هاتووە. سەرەڕای ئەوەی هەزاران پەیوەندی تەلەفۆنیم وەڵام دابوویەوە، بەڵام هیچ شتێکی نەرێنی لە قسەکانی مندا نەبوو، هەربۆیە باسی قسەکانی منیش نەدەکرا.

 

داواکاری گشتی ئەو هەموو نامەیەی لەسەر مێزەکە بڵاو کردۆتەوە و یەکە بە یەکە دەیانخوێنێتەوە و داوای ڕوونکردنەوە دەکات. ئینجا وەرە و باسی کام نامەی بۆ بکەم و چۆنی ڕوونی بکەمەوە.

هەروەها دەزگای هەواڵگری تەواوی وتارەکانمیان تۆمار کردبوو، بەڵام کامە قسەیان توخمی تاوانی تێدایە؟ لە هەموو ئەم وتارانەدا ناوی منیان بە گەورەیی لەسەرەوە نوسیوە، هەروەها زۆربەی هاوڕێکان لە قسەکانیاندا ناوی منیان هێناوە کە من فڵان و فیسار شتم وتووە و کردووە.

 

داواکاری گشتی هەموو جارێک دەیپرسی، ئەی بەرامبەر ئەمەیان چی دەڵێیت؟

 

منیش بێ ئەوەی خۆم تێک بدەم و لە نێو تەسلیمیەتی تەواو بە پەروەردگار، لە وەڵامدا وتم” وەڵڵاهی کارمەندانی دەزگای هەواڵگری کاری باشیان ئەنجامداوە، هێزی خەیاڵی خۆیان خستۆتە گەڕ و ئەم هەموو شتەیان نوسیوە”.

داواکاری گشتی توڕە بوو، یەکە بە یەکەی وەڵامەکانی سەرلەنوێ خوێندەوە. کاتێک سەیری وەڵامەکانم کرد، هەموویان واژۆیان لەسەر بوو، بەڵام دیار نەبوو کە ئەمە کێ واژۆی لەسەر کردوون.

لەو کاتەدا لە قوڵایی ویژدانمەوە هەستم بە سەختی لێپرسینەوەی ڕۆژی دوایی کرد. هەموو ئەو قسانەی لە وەڵامەکاندا هەبوو، تاوانیان خستبوویە سەر ئۆباڵی من.

هیچ کام لە قسەکان لە بەرژەوەندی من نەبوو، هەموویان لە دژی من قسەیان کردبوو. منیش وتم” دیسان لەم قسانەی ئێوە تێنەگەشتم، ئەو شتانەی باس کراوە، زۆر ئاڵۆزە بەلای منەوە و لێیان تێناگەم”.

 

ئیدی بە تەواوی بێ تاقەت بوو بووم. پێش ئەوەی بچمە بەردەم دادوەریش، لە بنکەی پۆلیسیش بۆ ماوەی ٨ کاتژمێر لێپرسینەوەیان لەگەڵدا ئەنجامدام.

 

تەواوی ئەو قسانەی لە ماوەی ئەو ٨ کاتژمێرەدا کردم، لەبەردەمی داواکاری گشتیدا دانرابوو، بەڵام لە یەک لاپەڕە زیاتر نەبوو.

لە ڕاستیشدا پرسیارەکانیان زۆر نابەجێ بوو، شتێک نەبوو کەوا شایەنی قسە لەسەر کردن بێت. بەڵام قسەی هاوڕێکان لەسەر من، بە تەواوی منیان دەبەستەوە. هەموویان واژۆیان لەسەر قسەکانیان کردبوو.

کەسانێک بە ناوی ناجی، فەردی و سەباحەدین، لە بنکەی پۆلیس دان پێدانیان لە ئێمە وەرگرت.

کە لێپرسینەوەیان لەگەڵدا ئەنجامداین، زۆر فشاریان خستە سەرمان. بەردەوام ناوی کەسانێکیان دەبژارد و پرسیاری ئەوەیان دەکرد کە ئاخۆ دەیانناسین یاخود نا؟

منیش کەسانێک کەوا لە خزمەتدا ناسیبوم، وەک عەلی ڕەزا گیوڤەن، کاک ئەحمەد تەتەری، کاک حاجی بەکر، دانم بەوەدا نا کە دەیانناسم. چونکە ئەوان سەرپەرشتیارەکانی بەشە ناوخۆیەکەی کەستانەپازاری بوون. هەروەها وتم کەوا مامۆستا شەعبانیش دەناسم. هەردووکمان لە هەمان کۆرسی وانە وتنەوە مامۆستا بووین. دانیشم بەوەدا نا کە مرۆڤێکی خاوەن فەزیڵەتە.

 

کاتێک پرسیاری مامۆستا هارونیشیان لێکردم، لە وەڵامدا وتم” سوپاسی ئێوە دەکەم کە هەلی ناسینی کەسێکی وەها قەدرگرانتان بە من بەخشی”. چونکە ئەوم لە زیندان ناسی.

هەروەها ناوی هەندێک کەسی تریان لێپرسیم کە سەردانی مزگەوتیان دەکرد و جار جار دەمبینین. ناوی هەندێکی تریشم لە یاد نەبوو لەو کاتەدا، داوام لێکردن مۆڵەتم پێبدەن هەتا بیرم بکەوێتەوە. ناوی هەرکەسێکیان لێدەپرسیم، تۆزێک بیرم دەکردەوە و گەر کەسێک بووایە بە باشی بیناسم، لە وەڵامدا دەموت دەیناسم. هەروەها زۆرێک لە ناوەکان لە ڕووی شەرعی و حەقیقیشەوە، هەر بە ڕاستی نەمدەناسین، ئەو کەسانەی ئەو جۆرە قسانەیان بەرامبەر من کردبوو، من لە دان پێدانانەکانمدا ئاماژەم بەوە دابوو کە نایانناسم. مرۆڤ گەر کەسێک بناسێت بەو شێوەیە قسەی لەسەر ناکات… هەربۆیە من ئەوانم نەناسیوە و، نەشمدەناسین.

پرسیاری ئەوەیان لێکردم کە ئایا پەیامەکانی نور دەخوێنمەوە یاخود نا؟ بە ڕاستی پرسیارێکی زۆر کۆمیدیە، بە نیسبەت کەسێکی دیندارەوە. منیش وتم هەندێکیانم خوێندۆتەوە. پرسیاری ئەوەیان لێکردم کە کام بەشیانم خوێندۆتەوە؟

لە وەڵامدا وتم: بۆ نمونە وتەی ٢٣ هەمینم خوێندۆتەوە. پەیامی حەشرم خوێندۆتەوە.

ناوی ئەو کتێبانەم پیوتن کە ٥٠ جار دادگایی کرابوون  و هەموویان لە دادگا بڕیاری بێ تاوانییان بۆ دەرچوو بوو. پاشان وتیان جگە لەم کتێبانە، چی ترت خوێندۆتەوە؟

منیش ناوی یەکە بە یەکەی کتێبە مەعسومەکانم پێ وتن. ئەم پرسیار کردنە زۆری خۆیان، پاشان وتم ئیدی ناوی هیچ کتێبێکی ترم لە یاد نەماوە. ئەوانیش وازیان لە پرسیار کردن هێنا.

لە ڕاستیدا لەو وەڵامانەی مندا تەنیا یەک توخمی تاوانیشی تێدا نەبوو، کە بتوانن لە ڕێگەیەوە من تۆمەتبار بکەن. بەڵام بە گوێرەی ئەو فەرمانەی لەسەرەوە هاتبوو، هەر دەبوو ئێمە دەستبەسەر بکەن، هەربۆیە وەهاشیان کرد.

دوای ئەوەی داواکارێکی گشتی بە ناوی نورەدین سۆیەر، دانپێدانانی لێوەرگرتم، منی ڕەوانەی دادگا کرد.

شانۆگەریەکە هەر لە سەرەتاوە ئامادە کرابوو. دادوەر ئەرکەکەی ئەوە بوو کە بڕیاری دەستبەسەر کردنم بۆ بخوێنێتەوە و هیچی تر.هەروەها کەمال یاغجی یەکێک بوو لەوانەی لە دەستەی دادگا بوونیان هەبوو، کەسێکی ڕێکوپێک بوو. هەروەها سەربازێک بە پلەی ڕائید بوونی هەبوو. بانگەشەکانی داواکاری گشتیان خوێندەوە و ئاماژەیان بەوەدا کە دادگا بڕیاری دەستبەسەرکردنمان بۆ دەردەکات.

سەرئەنجام دەستبەسەر کراین، لەبەر ئەوەی ئەنجامەکە چاوەڕوان کراوبوو، هیچ گۆڕانکاریەک لە مندا ڕووی نەدا.

کاتێک دادگا بڕیاری دەستبەسەرکردنی بۆ دەرکردین، ئێمەیان بردە بنکەی ئاسایش. بۆ ئێوارەش بردیانین بۆ ناوچەیەک لەولای عەبدوڵا چیفتلیگی، کە بە بادەملی ناویان دەبرد.

لەو ماوەیەی دەستبەسەر بووین، ٢١ ڕۆژی یەکەممان لە بنکەی ئاسایش بەسەر برد. هەروەها مانگی کۆتایشمان لە بەندیخانەی سەربازی شیرینیەر بەسەر برد.

٦ مانگ و نیوەکەی تریشمان لە بەندیخانەی بادەملی بەسەر برد.

بەندیخانەکە ٣ قاوشی هەبوو. لە یەکێکیان ژنان دەمانەوە و ئێمە و چەپڕەوەکانیش لە دووانەکەی تردا دەماینەوە. سەرەتا بە شێوەیەکی تێکەڵ، لەگەڵ جەپرەوەکاندا دەماینەوە. پاش ئەوەی ژمارەی ئێمە ڕووی لە زیاد بوون کرد، چەپڕەوەکان لە ئێمە جیابوونەوە و خۆمان بە تەنیا ماینەوە”.

“هەوڵدانی نورەدین سۆیەری داواکاری گشتی بۆ دروستکردنی بەڵگەی دەستکرد”

نورەدین سۆیەری داواکاری گشتی، لە کاتی لێپرسینەوە لە خوێندکارەکانی بەشی ناوخۆیی کەستانەپازاری دەڵێت” ئێوە بڵێن ئاگامان لە هیچ نیە و تەواوی ئەم کارانە لەلایەن م.فەتحوڵڵا گولەنەوە ئەنجامدراوە، بەم شێوەیە ئازاد دەبن”.

هەربۆیە هەندێک لە خوێندکارەکان، بەو شێوەیە سۆیەر دەیخواست، واژۆیان لەسەر دانپێدانانەکان کرد.

چەند خوێندکارێکی وەک نەجدەت بەشاران کە ڕەتیان کردەوە لە دژی مامۆستا قسە بکەن، لەلایەن سۆیەرەوە هەرەشەیان لێدەکرێت و پێیان دەڵێت” بە مووکێش تاڵەکانی سمێڵت دەردەکێشم”.

 

سۆیەر بە گوێرەی ئەو زانیاریانەی کە خۆی دەستی کەوتبوو، دەقێکی دان پێدانان دەنوسێت و داوا لە نەجمەدین دەکات کەوا واژۆی لەسەر بکات.

دوای ئەوەی نەجمەدین ڕازی نابێت بەوەی واژۆ لەسەر ڕەشنودەکە بکات، سۆیەر لێی توڕە دەبێت و دەینێرێتەوە بۆ زیندان.

مامۆستا بەم شێوەیە باسی ئەو ڕووداوە دەکات:

” ئەو هاوڕێیانەمان کەوا لە ناوچەی کارشییەکا دەستگیر کرابوون، هەندێکیان هەر لە پێشتر لە لای ئێمە ڕۆشتبوون، لە دوا دانیشتنی دادگادا ئامادە بوون.

ئەمەش بۆ دواتر زۆر سودی هەبوو. چونکە زۆر شتی هەڵەیان پێ وترابوو. هەموویان ناچار بەوە کرابوون قبوڵی بکەن و لەبەردەم دادگا بەرگری لێبکەن. هەربۆیە دادگا ڕۆژی دواتر ئازادی کردن. تەنیا من و نەجدەت بەشاران ماینەوە و دەستبەسەر کراین. لە بەرواری ٣ ی ئەیلول ئەویش ئازاد کرا، واتە تەنیا ٥ مانگ لە بەندیخانە مایەوە”.

 

سۆیەر بە پاساوی ئەوەی مامۆستا سەرپەرشتیاری چالاکیەکانی ناوچەی ئەگە دەکات، داوای زیندانی کردنی دەکرد. بۆ ئەوەی ئەم بانگەشەیە بسەلمێنێت، پێویستی بە دان پێدانانی هەندێک کەس و چەند بەڵگەیەک هەبوو. بەڵام جگە لەو وتارانەی کە مامۆستا لە ئێواراندا پێشکەشی کردبوو، هیچی تریان لە بەردەستدا نەبوو، ئەمانەش شتانێک نەبوو کەوا توخمی تاوانی تێدا بەدی بکرێت.

بەڵام سۆیەر بە شێوەیەکی بەردەوام دۆسیەکەی قەرەباڵغتر دەکرد و دانپێدانانی کەسانی ناو دۆسیەکانی تری دەهێنایە ناوەوە و بە زۆر ژمارەی گومانلێکراوەکانی گەیاندە ٥٤ کەس.

هەروەها لە بانگەشەنامە ٣٣ لاپەڕەیەکەیدا کە سەبارەت بە مامۆستا و خوێندکارەکانی بوو، جگە لە خوێندنەوەی کتێبی ئاینی، هیچ شتێکی وەهای تێدا نەبوو، کە بە نیسبەت دادگای ئەو سەردەمەوە توخمی تاوان بێت.

لە هۆڵی دادگاش شتی سەری ڕووی دەدا، سۆیەر بانگەشەی ئەوەی دەکرد کە گومانلێکراوانی ناو دۆسیەکە، بە تاوانی “موزایەکردن بە دین”وە هەستاون.

هەروەها کاتێکی ناوی بەدیعوزەمان دەهات، سۆیەر باگەشەی ئەوەی دەکرد کە ئەم ناوەی بە واتای ” دەراسای زەمان” دێت و لەم ڕێگەیەوە لە هۆڵی دادگادا پروپاگەندەی ئاینیی ئەنجام دەدرێت.

پارێزەرێکیش بە ناوی نادر دەڤلەت، وەڵامێکی گونجاوی نورەدین سۆیەری دایەوە و وتی” داواکاری گشتی ناوی نورەدینە، ئەمەش بە واتای نوری دین دێت، ئایا ئێمە بە وتنەوەی ناوی ئەم داواکاری گشتیە، پڕوپاگەندەی ئاینی دەکەین؟”

ئیدی سۆیەر لە بەرامبەر ئەم قسەیەی پارێزەرەکەدا هیچی بۆ نەوترا.

هەروەها هەندێک لەو شایەتانەی هاتنە هۆڵی دادگاوە قسەیان لە دژی مامۆستا کرد، کاتێک ئەوە دەرکەوت کە قسەکانیان ناڕاستە، بە شێوەیەکی زۆر توند لەلایەن دەستەی دادگاوە، کرانە دەرەوە.

هەندێک لەوانەی لە دژی مامۆستا قسەیان کرد، بە کەسانێکی دیندار ناسراوبوون، ئەمەش مامۆستای زۆر نیگەران کرد.

بۆ نمونە یەکێک لە شایەتەکان لەبەردەم دادگادا وتی:

گولەن تاقیکردنەوەی خوێندکارەکانی ئەنجام دەدا. یەکێک لە خوێندکارەکانی هەستان و پرسیاری ئەوەی لێکرد کە ئایا ئەتاتورکی خۆش دەوێت یاخود نا؟ خوێندکارەکەش لە وەڵامدا وتی : نەخێر. گولەن پرسیاری ئەوەی لێکرد کە بۆچی خۆشی ناوێت؟ ئەویش لە وەڵامدا وتی: چونکە ئەو بێ دینی هێنایە وڵاتەکەمانەوە. گولەنیش دەستی بە پشتی خوێندکارەکەدا هنا و وتی ئافەرین تۆ لە تاقیکردنەوەکەدا دەرچوویت.

ئەمە یەکێک بوو لەو شایەتانەی کە نورەدین سۆیەر لە بانگەشەنامە ٣٣ لاپەڕەییەکەیدا ئاماژەی پێکردبوو.

لە ڕاستیشدا نە مامۆستا تاقیکردنەوەیەکی لەو شێوەیەی کردبوو، نە خوێندکارێکی وەها بوونی هەبوو، نە دیالۆگێکی لەو شێوەیەش لە ڕابردودا ڕوویدا بوو. بە تەواوی لە خەیاڵی خۆیانەوە دروستیان کردبوو.

یەکێکی تریش لە شایەتەکان وتی:

ئەمانە دوژمنی کۆماری تورکیان. تەنانەت کورسی نابەنە ناو ماڵەکانیانەوە. چەشنی حوجرەی زەمانی کۆن، حەسیر دادەخەن لە ماڵەکانیاندا. تەنانەت لە جیاتی نەعل، قاپ قاپ لە پێ دەکەن. ئەمانە هەر بە گوێرەی سەردەمی عوسمانی لێدەخوڕن”.

بەڵام ئەو پۆلیسانەی خوێندکارەکانی ماڵەکەی ناوچەی کارشییەکیان دەستگیر کردبوو کە ژمارەیان ٢٥ خوێندکار بوو، ئاماژەیان بەوە دابوو کە ماڵەکە هێندە جوان و ڕازاوە بووە، بە شێوەیەک نەبووە خوێندکارەکان خۆیان بتوانن خەرجیەکی وەها پەیدا بکەن.

ئەم شایەتەش بە چەشنی شایەتەکەی پێشووتر، لە هۆڵی دادگا کرایە دەرەوە.

هەرچەندە قسەی شایەتەکان جێگەی بایەخی دەستەی دادوەری نەبوو، بەڵام سۆیەر سوور بوو لەسەر ئەوەی شایەتەکان بهێنێتە ژوورەوە بە نیەتی ئەوەی لە دژی مامۆستا قسەیەکی خراپ بکەن.

هەر بەم شێوەیە شایەتێکی تری بە ناوی مەهمەت چەتەڵکەیا هێنا، کە ئەفسەرێکی خان نشین کراو بوو، ماوەیەکیش لە بەشی ناوخۆیی کەستانەپازاری سەرپەرشتیاری خوێندکارەکانی کردبوو.

 

ماوەیەک کێشەیەک لە نیوان مامۆستا و سەرپەرشتیارەکانی بەشی ناوخۆیی کەستانەپازاری ڕوو دەدات و خوێندکارەکانی ئەو شوێنەش پشتی مامۆستا دەگرن.

داواکاری گشتیش لەبەر ئەوەی ئاگاداری ئەم بارودۆخە بوو، بە نیەتی ئەوەی مەهمەت چەتاڵکەیا لە دژی مامۆستا قسەیەک بکات، ناوبراویشی بانگهێشتی هۆڵی دادگا کرد.

بەڵام مەهمەت کەیا لە کاتی شایەتیدانیدا، لە بەرژەوەندی مامۆستا قسەی کرد. هەروەها پێشتریش لە سوپادا فەرماندەی فەخرەدین بورکای یاریدەدەری جەنەڕاڵ دەبێت، کە لەو کاتەدا سەرۆکایەتی دادگا سەربازیەکەی دەکرد. فەخرەدین بورکایش وەک ڕێزێک بۆ فەرماندە دێرینەکەی، داوای لە کارمەندانی ناو دادگا کرد کە کورسیەکی بۆ بهێنن و بە دانیشتنەوە شایەتی بدات.

هەروەها یەکێکی تریش لەوانەی لە بەرژەوەندی مامۆستا قسەیان کرد، بریتی بوو لە عەلی رەزا گیوڤەن، کە ماوەیەک وەک کارگێڕی وەقفەکە، سەرپەرشتی بەشە ناوخۆییەکەی لە ئەستۆ گرتبوو.

 

گیوڤەن لە بەشێکی قسەکانیدا دەڵێت” فەتحوڵڵا هیچ کاتێک لە بەرامبەر کارەکانی موچەی لە ئێمە وەرنەدەگرت. خواردنی خوێندکارەکانی نەدەخوارد، تەنانەت دەستی لە سابونی ئەو شوێنەش نەدەدا. ئەو کەمپەی ئەنجامی دەدا لە وەرزی هاویندا، لە شوێنێکی سەر بە وەقفەکەی ئێمەی سازی کرد. هاوینان لە جیاتی ئەوەی خوێندکارەکان بە گوندەکانی خۆیاندا بڵاو ببنەوە، دەیبردنە ئەو شوێنە هەتا بە شێوەیەکی بەسوود کاتەکانیان هەڵبسەنگێنن”.

عەبدوڵا ئایمازیش لە بەردەم دادگادا وتی” وەک کەسێکی سەردەمی مۆدێرن، هەمیشە هەوڵی بڵاوکردنەوەی کەلتورێکی دینیم داوە لەم وڵاتەدا کە دوور بێت لە خورافە”.

مامۆستا بەم شێوەیە باسی ئەو ڕۆژانە دەکات:

هەر ڕۆژە و یەکێک لە هاوڕێکانیان دەهێنا. ڕۆژێک موستەفا ئسوتای، ڕۆژێک بەکر بێرک، هەروەها یەکێک لە هاوڕێ زۆر بە وەفاکانیشمی لەگەڵ خۆیدا هێنابوو. دواجار ژمارەمان لە زینداندا بوو بە ٥٥ کەس.

لەو کاتەی لە بادەملی دەماینەوە. لە ڕۆژەکانی سەرەتادا چەپڕەوەکان لە نێوان خۆیاندا قسەیان دەکرد. پێوەیان دیار بوو کە زۆر خەمبارن. ڕۆژێکیان بە هۆی هەواڵێکەوە هەموویان دەستیان بە گریان کرد. تەنانەت هەندێکیان بوورانەوە و هەموویان بەردەوام دەگریان.

تەنانەت کاتێک یەکێک لە پاسەوانی ناو زیندان هاتە ژوورەوە، کەسێک کەوا لە ناو چەپرەوەکاندا بە مامۆستا بانگیان دەکرد، بە پاسەوانەکەی وت” بڕۆ کاکە وازمان لێبێنە، خەفەتمان هەیە”. پاشان قەرەوێڵەکانیان هێنایە بەردەم دەرگاکە و بەردەمی ژوورەکەیان دایانخست.

موستەفا بیرلیکیش بە گوێمدا چرپاندی  وتی” تۆ بڵێیت ئەمانە بیانەوێت ئێمە بە بارمتە بگرن؟”.

منیش لە وەڵامدا وتم” ئینجا چی کارێکیان بەوە هەیە هەتا ئێمە بە بارمتە بگرن. ئێمە خۆ لای بەرپرسانی ئەم وڵاتە، زەڕڕەیەک بایەخمان نیە، هەتا ئێمەیان لە دژ بەکاربهێنن. گەر بشمانکوژن، ئەوا مەمنون دەبن. هەربۆیە خۆت سەغڵەت مەکە، کاریان بەسەر ئێمەوە نیە”.

بەڵام لەگەڵ تێپەڕینی کاتدا، بارگرژیەکان زیاتر دەبوون، لەوە دەچوو خراپەیەک بەرامبەر ئێمەش بکەن، دواتر بۆمان دەرکەوت کە لەبەرچی هێندە خەمبار بوون.

دوو کەس بە ناوەکانی ئیبراهیم و نەدیم کە لە نێوان چەپڕەوەکاندا زۆر خۆشەویست بوون و لەلای ئەوان وەک کۆڵەکەی پشتیان سەیریان دەکرد. لەلایەن پۆلیسەوە هەوڵی دەستگیرکردنیان دەدرێت و ئیبراهیمیش لە دژیان دەوەستێت. پاش ئەوەی لە نێوان ئیبراهیم و پۆلیسەکاندا پێکدادان دروست دەبێت، ئیبراهیم  و نەدیم دەکوژرێن.

پاشان هەواڵی ئەوە هات کە نەدیم لە بۆرنۆڤا دەستگیر کراوە و نەکوژراوە. ئەویشیان بۆ ماوەیەک هێنایە زیندانەکەی ئێمە لە بادەملی.

نەدیم کەسێکی ئەنارشیست بوو، بەڵام لە هەمان کاتدا زۆر بەڕێز و ڕێکوپێک بوو. لە ژێر ئەشکەنجەدا لێپرسینەوەیان لەگەڵدا ئەنجامدابوو.

بەڵام یەک وشەشیان لە دەم دەرنەهێنابوو. هەموو چەپڕەوەکان شانازیان پێوە دەکرد. هەر بە ڕاستیش ئەشکەنجەی زۆریان دابوو. کاتێک هێنایە لای ئێمە، لە بنی پێیەوە ئێسقانەکانی قاچی دەرکەوتبوو، قاچیان هەلا هەلا کردبوو.

بە مشار قاچیان لەت کردبوو، پاشان خوێیان بەسەر برینەکەیدا کردبوو. ماوەی دوو هەتا سێ مانگ بە هەنگەشەلێ دەڕۆشت بە ڕێگادا. وەک مرۆڤێک زۆر بەزەییم پێدا دەهاتەوە.

پاش ماوەیەک دکتۆر قاحیدیان ئازاد کرد. لەبەر ئەوەی لەگەڵ نێردە بیانیەکاندا کاری دەکرد، شتێکی وەهای لەسەر نەبوو. کەسێک بوو خەڵکی وڵاتێکی تر بوو. دەبێت ئەوەش تۆمار بکەم کەوا کەسێکی زۆر مەرد بوو. لە زیندان هەواڵی ئەوەی پێگەشت کە ژنەکەی منداڵی لەبارچووە، بەڵام سەرەڕای ئەوەش هەر خۆڕاگر بوو. وەک تیمسالێک بە پێوە ڕاوەستابوو. هەمیشە خۆشحاڵ و بە کەیف بوو.

 

کەواتە مرۆڤەکان هەتا بە تاقیکردنەوەدا تێنەپەڕن، چۆنیەتیان ئاشکرا نابێت.

حەزرەتی عومەریش ٣ پێودانگی داناوە بۆ ناسینی مرۆڤەکان و منیش لایەنی چوارهەمی دەخەمە سەر.

ئەویش بریتیە لە پێکەوە بوون لە زینداندا. ئەویس بریتیە لەوەی بەرگەی باری دەرونی سەختی ناو زیندانەکان بگریت و باوەش بۆ هەموو کەسێک بگریتەوە و بەردەوامی بە برایەتی خۆت بدەیت.

 

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *