پیلانی لەناوبردنی بزاڤی خزمەت. عاشقی ڕاستگۆ بەشی ٥٣  

مامۆستا م.فەتحولڵا گولەن؛ لە ڕێگەی نەفرەت و دوژمنایەتیەکەوە کەوا ئەستەمە لێی بگەیت، لە ڕێگە فێڵ و تەڵەکەی جۆراوجۆرەوە هەوڵی مەحکومکردنی دەدرا و، پاشان لەناوبردنی بزاڤی خزمەت لە ڕێگەی مەحکومکردنی شەخسی مامۆستاوە، هەردەم بە هۆی لوتفی الله وە، تەواوی ئەم  جۆرە هەواڵانە لە کارەکانیاندا سەرکەوتوو نەدەبوون.

بابەتی ئەوەی نەیانتوانی بڕیاری مەحکومکردنی مامۆستا دەربکەن، دوژمنانی مرۆڤایەتی شێتکردبوو کە ڕەگیان لە چەند شوێنێکی بێگانەوە سەریهەڵدابوو. بەڵام، ئەم مرۆڤانە کەوا هەردەم دەستیان بەسەر کۆمەڵگا و بزاڤە جیاوازەکاندا گرتووە، یان توشی بێ ئیعتیبارییان کردوون؛ نیەتی وەستانیان لە کارەکانی خۆیان نەبوو.

مامۆستاش کەوا چەشنی بەدیعوزەمان درکی بەم هەڵپەیەی ئەوان کردبوو، هیچ واتایەکی بەم ڕق و کینەیەی ئەوان نەدەدا کەوا بەرامبەر خۆشەویستی و لێبوردەیی هەیانبوو. ئەم ناسۆریانەش لە پێش هەموو شتێکدا، لە ڕۆحی ئەودا خەمی گەورەی دروست دەکرد و، پاشان دەبوویە هۆی ئەوەی باری تەندروستی تێکبچێت. هەربۆیە بابەتی ئەوەی لەو ساڵانەدا توشی هەڵخلیسکان دەبوو لەسەر قادرمە ماڵەکەی خۆیی و دەکەوت، لە سەر سنگیدا هەستی بە گیران دەکرد، کاتەکانی لە دەرگای نەخۆشخانەکان و ژوورەکانی چاودێری ورد بەسەر دەبرد، دەرمانی دەخوارد، شیکاری پزیشکی بۆ ئەنجام دەدرا، شەوانە خەوی لێدەزڕا و فرمێسکی چاوەکانی هەڵدەڕشت، هەرهەمووی بەم هۆیەوە بوو.

هەربۆیە مامۆستا، لە دوای ٨ مانگ و نیو لە بڕیارەکەی دادگا، لە ڕێکەوتی ٢١ ی تشرینی یەکەمی ٢٠٠٤، لە نەخۆشخانەی زانکۆی لێهایت ڤالی ویلایەتی پەنسیلڤانیا، ستەنت لە دەمارەکانی دڵی مامۆستا بەسترا.

مامۆستا لەگەڵ ئەو پزیشکانەی کەوا لە تورکیاوە هاتبوون، پزیشکێک بە ناوی پاتریک کلیڤلاند نەشتەرگەریەکی بۆ ئەنجامدەدا. ئەو تەسکبوونەوەیەی لە یەکەم دەماری دڵی مامۆستادا ڕوویدابوو، لە شوێنێکی زۆر هەستیاردا بوو. هەوڵدان بۆ کردنەوەی ئەم بەرتەسکیەی دەمارەکەی دڵی لە ڕێگەی تێخستنی باڵۆنەوە، ئەگەری ئەوەی هەبوو دیوارەکانی دەرەوەی دەماری دڵی بتەقێنێت و، توشی زۆر ناڕەحەتی تری بکات کە دواتر پێویست بە هەڵدڕینی سنگی بکات. هەموو کەس لە نێو نیگەرانیەکی زۆر گەورەدا چاوەڕێی سەرئەنجامی نەشتەرگەریەکەی دەکرد. یەکەم هەوڵ لە ڕێگەی تێخستنی باڵۆنەوە بۆ کردنەوەی دەمارەکەی دڵی مامۆستا بە تەواوی کاری خۆی نەکرد، هەربۆیە پێویستی بەوە دەکرد کە بۆ جاری دووهەم باڵۆنەکەی تێبخەنەوە. ئەمجارەیان کەمێک ئاسانتر لە جاری پێشوو، لەگەڵ هەڵئاوساندنی باڵۆنەکەدا، هەرزوو دەمارەکە کرایەوە. بەم شێوەیە ستەنت لە هەردوو دەمارە تەسکەکەی دڵی مامۆستا بەسترا و، نەشتەرگەریەکە بە سەرکەوتووی کۆتایی هات.

**

هەوڵدان بۆ لەناوبردنی بزاڤی خزمەت

لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی تورکیا کە لە مانگی ئابی ٢٠٠٤ ئەنجامدرا، بە شێوەیەکی نهێنی واژۆ لەسەر پیلانی” لەنابردنی جەماعەتی نور و فەتحوڵڵا گولەن لە تورکیادا” کرا. ئەمەش پیلانێکی قوڵتربوو لەوانەی پێشتر و، دەبوو لەگەڵ پارتی دەسەڵاتدا ئەنجام بدرێت. ئەم پیلانەش پێشتر بە شێوەیەکی نهێنی کاری لەسەر کرابوو و، دوای ئەوەی هەموو لایەک لەم بابەتەدا گەشتنە ڕێکەوتن، بە ئاشکرا بە لایەنەکانی تری ئەندامانی ئەنجومەنەکە ڕاگەیەندرا.

ئەگەرچی پارتی دەسەڵاتی ئێستای تورکیا هەردەم خۆی وەک دۆستی بزاڤی خزمەت پشان دەدا، بەڵام لە ڕاستیدا هەرگیز بە شێوەیەکی گەرموگوڕ سەیری بزاڤەکە و مامۆستای نەکردووە. ئەوان هەر زوو لە ژێرەوە لەگەڵ “دەوڵەتی قوڵ” ڕێکەوتبوون کەوا پێکەوە “پرۆژەی لەناوبردنی بزاڤی خزمەت” ئەنجام بدەن. ئەگەرچی لە سەرەتادا نکوڵییان لەوە دەکرد کە پڕۆژەیەکی لەو شێوەیە بوونی هەبێت، بەڵام لە ڕاستیدا هەر لە مێژ بوو کەوا واژۆیان لەسەر پرۆژەیەکی لەو شیوەیە کردبوو. ئەمەش لە قۆناغەکانی دوای ئۆپەراسیۆنی گەندەڵی ١٧ ی کانونی یەکەمی ٢٠١٣، پاشان لە دوای کودەتاکەی ١٥ ی تەموز، بە ئاشکرا دەرکەوت.

 

دوای ئەوەی ساڵێک بەسەر ئەم پیلانە نهێنیەی ساڵی ٢٠٠٤ تێپەڕی، لە پڕێکدا  دەستکرا بە کارکردن لەسەر دوو پڕۆژە یاسا،  لە ژێر ناوەکانی “تیرۆری تاکە کەسی” و “گروپی تیرۆرستی بێ چەک”. ئەم دوو پڕۆژە یاسایە، بە تەواوی کۆمەڵێک تەڵەی دانراوی بۆ بزاڤی خزمەت لە خۆی گرتبوو. ئامانجیان لەم کارە ئەوەبوو سەرەتا بزاڤی خزمەت لەناوببەن کەوا خاوەنی بنکەیەکی فراوانی جەماوەری بوو؛ پاشان لەناوبردنی تەواوی بزاڤە دینیەکانی ناوخۆی تورکیا. هەربۆیە ڕۆژنامەی زەمان، لە ڕێکەوتی ٨ ی ئەیلولی ٢٠٠٥:

لە ژێر مانشێتی ” یاساکانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، سەردەمی باری نائاسایی وڵاتی بە بیر هێناینەوە” دەرچوو. بە درێژایی چەندین ڕۆژ، باس لەوەکرا بە گوێرەی ماددەکانی ئەم ڕەشنوسە، دەشێت پێناسەی تیرۆر فراوان بکرێت و، تەنانەت ئەو کەسانەی پەنایان بۆ هیچ کارێکی توندوتیژی نەبردووە، وەک کەسانی بارگاوی بە تاوان ئەژمار بکرێن، دیسان بیرکردنەوە وەک تاوانی لێبێتەوە، ماددەکانی ١٤١، ١٤٢، ١٦٣ سەردەمی کودەتای سوپای تورکیا، سەرلەنوێ زیندوو بکرێنەوە؛ چەند ڕۆژێک هەوڵی ڕوونکردنەوەی ئەم بابەتە درا. هەربۆیە لەمڕۆدا  ئەم نیەتەشیان بە ئاشکرا دەبینرێت کەوا جێبەجێی دەکەن.

دوای ئەم ڕووماڵەی زەمان، ڕێکخراوە مەدەنیەکانیش کەوتنە خۆیان. دوای ئەوەی فشارێکی زۆر لەلایەن ڕێکخراوەکانەوە دروست کرا، پارتی دەسەڵات ناچاربوو بەوەی ڕەشنووسەکە بگێڕێتەوە کە خەریک بوو لە ڕێگەیەوە وڵاتی دەڕوخاند. بەڵام ئەم کارەی پارتی دەسەڵات، تەنیا تاکتیکێک بوو کە تێیدا ئامانج بەدەستهێنانی کاتی زیاتر و سازکردنی تەڵەی باوەڕپێکەرتر بوو. چونکە زۆر ئەستەم بوو لەم بابەتەدا باوەڕ بە خەڵکی بهێنن.

ئەم کۆمەڵەیەی کەوا دوژمنایەتی هاوسۆزەکانی خزمەتیان دەکرد، بە مەبەستی بەرهەمهێنانی هەندێک “بەڵگە”ی ساختە، ڕاکێشانی خەڵک بۆ لای خۆیان و ئامادەکردنی “پلانی لەناوبردن”-چەشنی کودەتاکەی ١٥ ی تەموز-ی باوەڕپێکەرتر و خستنە بواری جێبەجێکردنەوە، پێویست بە دەموچاوێکی دۆستانە و توندوتیژتر لە خودی خۆیان هەبوو.

کەسانێک کەوا هەرگیز کارێکیان لە دژی داهاتووی گەلەکەیان، بەرژەوەندی وڵات، بنەماکانی دین، داخوازەکانی جمهوریەت  ودیموکراسیەتی وڵات، سەقامگیری دونیا، ئەنجام نەدابوو؛ کەسانێک کەوا بە پێچەوانەوە هەوڵی فەراهەمکردنی ئەم بابەتانەیان دەدا و، پشتگیری و پێشخستنی ئەم کارانەیان وەک ئامانجی ژیانی خۆیان لێکردبوو، کەسانێک لەولاوە زۆر بە جددی هەوڵی ئەوەیان دەدا کەوا کارەکانی مەردەکانی خزمەت و خزمەتەکانیان بە شێوەیەکی جیاواز پشان بدەن.

کاتێک حاڵێکی لەم شێوەیە هەبوو، هاوسۆزانی خزمەتیش وەک زۆرێک لە تاکەکانی ئەم وڵاتە، لەو باوەڕەدا بوون ئەم دەسەڵاتە نوێیەی لە تورکیا کارەکانی گرتبوویە دەست، باوەش بە ماف، ئازادیەکان، وتار و کردارێکی یەکخەرانەدا دەکەن، ئەوانیان بە کەسانێکی سەمیمی ئەژمار دەکرد. گومانیان وەهابوو کەوا ئامێز بۆ تەواوی هاوڵاتیان دەکەنەوە، بە تێڕوانینێکی ناوەندگیرانەوە وابەستە دەبن و، لە جیاتی شێوازی ڕق هەردەم وابەستە بە ئسلوبی خۆشەویستی دەمێننەوە.

لە ناخەوە باوەڕیان بەوە هێنابوو کە لە پێناو داهاتوو و پاشەڕۆژی وڵات، دیموکراسیەتی تەواو دەهێنن، لە جیاتی خۆ داخستن بە ڕووی ناوەوەدا بە ڕووی دونیادا دەکرێنەوە، لەگەڵ ئەوەی ڕوو لە ڕۆژئاوا دەکەن لە هەمان کاتدا پەیوەندیەکی توندوتۆڵیان لەگەڵ جوگرافی ناوچەکەی خۆیشیان دەبێت؛ تێڕوانینێکی شەفافانە و بەرپرسانەیان بۆ دەوڵەت دەبێت، هەتا دوا ڕادە ڕێزی مافەکانی مرۆڤ دەگرن و بۆ ئەو مەبەستەش دەستورێکی نوێ دەهێننە ئاراوە…

هەربۆیە پارتی دەسەڵات لەگەڵ یەکەم بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا، بەڵێنی ئەوەی دەدا کەوا خۆی بە خاوەنی ئەم تایبەتمەندیانە دەکات و بەم ئاڕاستەیەدا هەنگاوەکانی هەڵدەگرێت؛ بە تایبەتی ڕووبەڕووی قەدەغەکان، گەندەڵی و هەژاری دەبێتەوە، پێداگری لەسەر ئەوە دەکرد کەوا لێپرسینەوە لەگەڵ کودەتاچیەکان دەکات، لەم بابەتەدا چەندین بەڵێنی دابوو.  هاولاتیانیش کاتێک ئەم هەموو مرۆڤەیان لە پەڕلەمانی تورکیا بینی کەوا سەریان لە سوجدەدا بوو، هەیەجان گرتنی. سەبارەت بەوەی بەڵێنەکان جێبەجێ دەکرێن و وڵات دەگاتە ئەو شوێنەی کەوا حەقی خۆیەتی، هیواکان ڕووی لە زیاد بوون کردبوو.

ئیدی هەرچیەک بێت، زۆر بەسەر ئەم ڕووداوانەدا تێنەپەڕی، هەواڵی نامۆ لە پشت کەوالیسە سیاسیەکان و دەماودەم بڵاو بوویەوە.

هەروەک ئەوە وەهابوو هێز و دەسەڵات گێژی بە سەریان خواردبێت و چاویان ئەبڵەق بووبێت. ئیدی وەک ئامرازی چوونە سەر سەری هاوڵاتیان و، پلیشێنەرەوە و سەرکوتکەری خەڵکیان لێهاتبوو. بە تایبەت کاتێک ئیرەیی و حەسودی بە تەواوی توندوتیژی خۆیەوە داباریە سەر ڕۆحەکانیان، یاسای” ئەوەی لە ئێمە نەبێت مافی ژیانی نیە” وەک دەستوری سەرەکی ژیانیانی لێهات.

زیادکردنی سەروەت بۆ سەر سەروەتەکانیان و، هەڵپەی وەرگرتنی ئیش و تەندەری نوێ و بازرگانی کردنی هەندێکیان، ئەگەرچی ئەدای کەسێکی عاشق بە ئازادیشیان دەنواند، بەڵام تەنانەت وەهایان لێهات چەپڵەڕێزانی قێزەونترین زەڵمەکانیشیان دەکرد و، وەک کەسێکی ئەشمابیلاکەریان لێهاتبوو. هەروەها چواردەوری کەسانی کاربەدەست، بە کۆمەڵێک ڕاوێژکار و کەسانی نزیک لە خۆیان تەندرا، یاخود کاربەدەستان خۆیان لە ئۆلیگارشیەکی بەرتەسکی لەو شیوەیەدا زیندانی کرد و، ڕێگەی ئەوە لە خەڵک گیرا کەوا دەنگیان بە مەرجەعی سەرەکی خۆیان بگەیەنن.

بەم شێوەیە، لەلایەک دەسەڵات توشی لە دەستدانی ڕێچکەی خۆی بوو کە خەڵک چاوەڕوانی شتێکی لێدەکردن، لەلایەکی ترەوە پیلان و دەستپێشخەری بۆ لەناوبردنی مرۆڤە سەمیمیەکان ساز دەکرا و، بڵاوبوونەوەی تەواوی ئەم دەنگۆیانە، کاری گەیاندە ئەوەی ڕۆژێک مامۆستا بپرسێت” تۆ بڵێی گەر نامەیەک بۆ بەڕێز سەرۆک وەزیران ڕەوانە بکەین، چۆنی وەڵامی بداتەوە؟”.  چەند ڕۆژێک ئەم نیەتەی چەند جارێک دەهێنیتە سەر زاری، لە کۆتاییدا لە ڕێکەوتی ٢ ی ئایاری ٢٠٠٦، لە نیوە شەوێکدا نامەیەک بۆ سەرۆک وەزیرانی ئەو کاتەی تورکیا دەنوسێت.

مامۆستا، نوێژی بەیانی نامەکەی جارێکی تر دەخوێنێتەوە؛ مامۆستا لەو کاتەدا پشتی دەچەمێتەوە، لە نێو فرمێسکی چاوەکانیدا دەستەکانی بەرز دەکاتەوە:

” پەروەردگارا تۆش ئاگات لێیە، وەک کەسێکی ئیماندار ئەرکی ئاگادارکردنەوەی خۆم بەجێدەگەیەنم. جگە لە ڕەزامەندی تۆ هیچ مەبەستێکم نیە. چونکە ترسی ئەوەم هەیە لە قیامەتدا لێمبپرسیت” لەبەرچی ئاگادارت نەکردەوە؟”…

**

ئەو نامەیەی لە ساڵی ٢٠٠٦ نوسرا

مامۆستا، لە نامەکەیدا وەک ئەوەی لە سەرەوە ئاماژەی پێکرا، سەبارەت بە “پلانی لەناوبردنی جەماعەتی نور و فەتحوڵڵا گولەن”، ئاماژە بەوە دەکات کە واژۆکردنی ئەم بابەتە لەلایەن کاربەدەستانی حکومەتەوە چەشنی خەنجەر بە سینەیدا چەقیوە، وەک ئەوەی ئەمەش بەس نەبێت، ئامادەکردنی ڕەشنوسی یاسایەکی هاوشێوەی ماددەی ١٦٣ سەردەمی کودەتا سەربازیەکان، کەوا سەردەمانێک چەشنی شمشێری دیموکراسی بەسەر سەری موسوڵمانانەوە دەیانسوڕاندەوە؛ مامۆستا لە نامەکەیدا خەم و نیگەرانی خۆی سەبارەت بەم بابەتە دەهێنێتە سەر زاری و پاشان دەڵێت:

” بە داخەوە ئەم قسانە دەکەم، واژۆکردنی پلانێکی دیاریکراو لەلایەن حکومەتەوە، لە دڵی موسوڵماناندا برینێکی زۆر جددی کردۆتەوە. ئەگەرچی هەندێک بیرکردنەوەی سەلارانە، ئیحساس و دڵی سەلارانە، ئەم بابەتە بە ئێوەوە دەبەستنەوە و چەشنی پشکۆیەک دەینێن بە جەرگیانەوە، بەڵام ئەمە بە نیسبەت ئەو کەسانەی ئێوەیان خۆش دەوێت، جێگەی باس نیە و ئەمەش ڕاستییە. ئەگەرچی ئەم کارە لایەنێکی پەسەندکردنی تێدا نیە و چەشنی ئەوەی ڕمێک بە سنگمدا چەقی بێت هەست بە ئازارەکەشی دەکەم، بەڵام ئەگەر حەز بکەن، دەتوانن لە ڕیزی ئەو کەسانە ئەژمارم بکەن کەوا ئاخیان لە دەستی ئەم دەرد و بەڵایە نەکردووە. خۆ گەر یاسایەکی مەتاتی چەشنی ماددەی ١٦٣ دەربکرێت کەوا سەردەمانێک وەک شمشێری دیموکراسی لەسەر سەری موسوڵمانان دەسوڕایەوە و هەڕەشەی لێدەکردن، ئاشکرا ئەمە بە نیسبەت ئەو برینە قوڵەی(کرۆنیک) ئێستاوە وەک لێدانی نەشتەرێکی لێدێت.

زیاتر لەمەش، ئەمە دەبێتە هۆی بەستنی قۆڵ و باڵتان لە بابەتی باڵاپۆشی کە لە ئێستادا وەک برینێکی تری قوڵی تورکیای لێهاتووە، هەروەها نەشکاندنی ئەو زنجیرانەی لەسەر خوێندنی زانستە ئیسلامیەکان هەیە، دەبێتە هۆی تێکشکاندنی هیوای ئەوانەی لەو باوەڕەدان ئێوە ئەم کێشانە چارەسەر دەکەن. هیواکانی تایبەت بەم بابەتەش خەریکە دەکوژێنەوە؛ ئەگەر هەیە خەڵک ئەمە بە دۆڕانێکی زۆر گەورە ئەژمار بکات -لەگەڵ پڕوپاگەندەی نەیارەکانتدا- خەڵک وەهایان لێدێت چارەسەرنەکردنی ئەم کێشانە بەسەر ئێوەدا ساغ بکەنەوە”.

هەروەها مامۆستا دوای ئەوەی ئاماژە بەوە دەکات کە دەنگۆی ڕێکەوتنی دەسەڵات لەگەڵ هەندێک لایەنی شاراوە، لەسەر زاری خەڵک بڵاو بووەتەوە و ئەگەر هەیە ئەمە زیان بە پێگە و کرێدی دەسەڵات بگەیەنێت؛ پاشان دەڵێت:

” ئیدی نازانم، هەلومەرج و بارودۆخەکان ڕێگەتان دەدەن لە حاڵێکی لەو شێوەیە ڕزگار ببن یاخود نا؛ بەڵام گەر ڕزگارتان ببێت، لە چوارچێوەی ئەو وتانەی نەجیب فازڵی ڕەحمەتی بۆ  خوالێخۆشبوو عەدنان مەندەرەسی نوسیوە” یان ببە، یان بمرە، بەڵام هەردەم بە ئیعتیبارەوە بمێنەرەوە!” –تەنانەت گەر بچنە ناو کۆشکی چەنکایا یان سەرۆکایەتی هەموو دونیا بدرێت بە ئێوە- مانەوەتان وەک خودی خۆتان، هەم بۆ زاتی عالیتان هەم بۆ گەلەکەمان، ڕۆڵێکی شادەماری دەبینێت”.

**

 

هەوڵەکانی مامۆستا بۆ هۆشیارکردنەوەی دەسەڵات

مامۆستای بەڕێز، هەر لەو ڕۆژگارەدا، سەرەداوی ئەم قۆناغی کۆکوژییەی لەمڕۆدا بەرپا کراوە، بەدیکردبوو. بەڵام، چەندین ساڵ خەم و تێکشکانی هیواکانی لای کەس نەدرکاند؛ تەنانەت لای نزیکترین کەسەکانی سەبارەت بە حکومەت و چواردەورەکەی هیچ قسەیەکی نەدەکرد. هەمیشە هەوڵی ئەوەی دەدا برایەتی و سازان و ڕێکەوتنی نێوان موسوڵمانان بپارێزێت. هەندێک جار لە ڕێگەی کەسانێکی نێوەندگیرەوە، هەندێک جاریش لە ڕێگەی نامەوە، زۆرینەی کاتیش لە ڕێگەی وتاری هەفتانەوە، بە شێوەیەکی بەردەوام لەسەر هەندێک بابەت هەڵوێستەی دەکرد و، هۆشیاری دەدا.

مامۆستا لەم کاتانەدا، کاتێک دەهاتە سەر باسی بزاڤی خزمەت، تەنیا باسی ئەو مافانەی دەکرد کەوا لە وڵاتێکی دیموکراسیدا بە ڕێکخراوێکی مەدەنی دەدرێت؛ هیچ کاتێک بە ناوی شەخسی مەعنەوی خزمەت و هاوسۆزانی خزمەتەوە، داوای زیادەبەشانەیەکی(امتیاز) تایبەتی نەکرد. هەموو کاتێک جەختی لەسەر ئەو بابەتانە دەکردەوە کەوا پەیوەندییان بە داهاتووی وڵات و بەختەوەری هاوڵاتیانەوە هەیە:

 هەرچیەک دەکەن، زمانێکی شکێنەر و پارچە پارچەکەر بەکارمەهێنن، هەندێک لە چینەکانی کۆمەڵگا لە شوێنی دوژمن دامەنێن، تۆوی ڕق و دووبەرەکی لە نێوان تاکەکاندا مەچێنن! لەبەر خاتری خودا! هەرچی خزمەتێک دەکەن، لە بەرامبەریدا مەکەونە هیچ چاوەڕوانییەکی ماددی-مەعنەوی، دەست بۆ ماڵی میلەت درێژ مەکەن، هەرگیز خۆتان لە قەرەی کاری گەندەڵی مەدەن، گەندەڵی تێکەڵی نێو تەندەرەکان مەکەن، پارێزگاری لە داوێنپاکی و ڕێگەی ڕاستی خۆتان بکەن!”، هەردەم بەم شێوەیە ناڵەی لێ بەرز دەبوویەوە.

“تکایە هەرگیز مەکەونە ناو هەڵەیەکی وەک ئەوەی بڵێن قسە هەر قسەی خۆتانە؛ هەلی ئەوە مەدەن بە چەپڵە لێدەرەکانی چواردەورتان فریوتان بدەن؛ ڕێز لە فکری هەموو کەسێک بگرن، دامەزراوەی “ڕاوێژ” زۆر بە باشی بخەنە گەڕ و هەردەم پەنا بۆ ئەقڵی دەستەجەمعی ببەن!”

وەک ئەوەی زۆرینەی کات لە وتارەکانیدا ئاماژەی بەم بابەتانە دەکرد، جار جاریش لەو نامانەی دەینارد جەختی لەسەر هەمان ئەو بابەتانە دەکردەوە. بەڵام بە داخەوە، لەم ئسلوبە ناسک و بەئەدەبانەیەی مامۆستا تێنەگەشتن.

**

خزمەت یان دەبوو بەیعەت بدات یاخود لەناوبچێت

لە بەرامبەر تەواوی ئەم ڕووداوانەدا، بیرکردنەوەیەکی وەک “خزمەت یان دەبێت بەیعەت بدات، یاخود بە زووترین کات لەناوببردرێت” لە دەسەڵات و چواردەورەکەیدا باڵا دەست بوو بوو. لە ڕاستیدا هەردوو بژاردەکەش بە هەمان واتا دەهاتن. بەڵام ئایا ئەمە تەنیا هەڵپەیەکی شەخسی بوو، یاخود بەڵێنێک بوو کەوا بە هەندێک کەس درابوو؟ ئیدی هەرکامیان بووبێت، تەنیا یەک ڕاستی لەو نێوەندەدا هەبوو” دەبوو بزاڤی خزمەت لەناوببردرێت… ئەمەش دوا هەل بوو.”

کاتێک نەیتوانی بەیعەت بە خزمەت بدات، لە سەرەتادا هەوڵی پارچە پارچەکردنی خزمەت درا. هەربۆیە کەسانێکی موخەنەک و نەیاری خزمەت دۆزرانەوە و کران بە ڕاوێژکار. هیچ ڕێگایەک نەمایەوە کەوا نەگیردرێتە بەر؛ بەڵام بزاڤی خزمەت کۆمەڵێک نەبوون کەوا لەبەر بەرژەوەندی کۆبووبێتنەوە و، مرۆڤی خۆ فرۆشی تێدا نەبوو. هەربۆیە پیلانی پارچەپارچەکردن و دواتر لەناوبردنی خزمەت، سەرینەگرت.

دواتر، دەستیان کرد بە دامەزراندنی ناڕەوا، ڕاگواستن و دیاریکردنی ناوی هاوسۆزانی خزمەت. ئەمە لە کاتێکدا بوو مامۆستا لە نامە مەشهورەکەیدا ئاماژەی بەم بابەتە کردبوو:

ئەو هەوڵانەی بۆ ڕێگریکردن لە کارەکانی خزمەت دەدرێن بە شێوەیەکی ئاشکرا ئەنجام دەدرێن؛ ئەم جۆرە کارانە هاوکات لەگەڵ گەورەبوون و فراوانبوونی خزمەتدا ڕووی لە زیادبوون کردووە، کەسانێکی زۆر بە فرمێسکی چاوەکانیانەوە هاتوون و، باسیان لەوە کردووە کە تەنیا بە هۆی ئەوەی سەر بە فڵان و فیسار کەس ئەژمار کراون، توشی زوڵم و مەغدوریەت بوون؛ وێڕای ئەمانەش، وەک ئەوەی هەرگیز باسی ئەم بابەتانەی نەکردووە، هەمیشە ئامۆژگاری ئەو مرۆڤانەشی کردووە کەوا ئارامگربن و هەماهەنگی بپارێزن”.

لە دوای ئەمەش داخستنی دەرسخانەکان… تەنیا بۆ ئەم مەبەستەش ٤ وەزیر گۆڕدرا… دواتر هێرش، بوختانەکان، سوکایەتیەکان…

هێرشەکان هەتا دەهات توندتر دەبوون… تەنانەت فەرمانی داخستنی خوێندنگەکانی خزمەتیان دەرکرد کەوا بە لای هاوڵاتیانی تورکیا و کەسانی خاوەن ئاوەزی سەلاری ناو دونیا بەهای گەورەی بۆ دادەنرا. تەنانەت لە کاتێکدا مامۆستا بانگهێشتی تورکیا دەکرایەوە، لەلایەکی ترەوە دۆسیەی تاوانیان بۆ ساز دەکرد. لە کاتێکدا نێردەی خۆیان ڕەوانەی پەنسیلڤانیا دەکرد، لە هەمان کاتدا دۆسیەی سکاڵاکردنیان ڕەوانەی باراک ئۆبامای سەرۆکی ئەمەریکا دەکرد.  

ئەوەی لەم قۆناغەدا ڕوویدا، قەدەری نەگۆڕی کەسە غەریبەکانە. هەتا دونیاش بمێنێت، هەر بەم شێوەیە دەبێت. مرۆڤگەلێکی بەدبەخت، بۆ ئەەی ببنە ڕێگری چالاکیەکانی بزاڤی دڵ، دەبوو هەر خەریکی دووبارەکردنەوەی بانگەشە و بوختانەکانیان بن. دەبوو بوختانگەلێکی وەک ئەوە بکەن کە بڵێن” داوای فڵان و فیسار شت دەکەن، نیەتیان فڵان شتە”. دەبوو کەسانێک بدۆزنەوە کە لە ڕوانگەی کەسایەتییانەوە لاوازن، ئامادەیی ئەوەیان تێدایە ببنە ئالەت و شەیدای بەرژەوەندی و سوودی خۆیانن، هەتا لە دژی خزمەت بەکاریان بهێنن. تەنانەت سەبارەت بە هەندێک بابەت کەوا دەیان جار وەڵامییان درابوویەوە، هێشتا شەرمیان لە بوختان هەڵبەستن نەدەکرد و بەردەوام بوون لە دووبارەکردنەوەی هەمان نوسین و وتار…

 

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *