پەتایەکی جیهانی و ئەوەی بە بیری هێنایەوە!

پەتایەکی جیهانی و ئەوەی بە بیری هێنایەوە!

ئەوەی هەموو شتێکی ئەفراندووە، ئەوەی تەواوی سەرئەنجامەکانی ئەفراندووە، هەر الله یە. بەڵام هۆکارەکان وەک پەردە وەهان بەسەر عیزەت و گەورەیی جەنابی حەقەوە، گەر بە تێڕوانینەکەی ئوستاد گوزارشتی لێبکەین” عیزەت و گەورەیی جەنابی حەق داخوازی ئەوەیە،  کەوا لەبەرچاوی مرۆڤەکان، هۆکارەکان وەک پەردە بدرێت بەسەر دەستی قودرەتی ئەودا، یەکتاپەرست و جەلالی ئەویش داخوازی ئەوەن هۆکارەکان دەستیان بکێشنە دواوە، هەتا کاریگەری دروستکراوەکان بڕەوێتەوە”.

لە بناغەوە هۆکارەکان کاریگەریەکیان نیە. هەموو کاریگەریەکان هەر لەلای الله وەیە. لەوە دەچێت هەندێک جار ئەم هۆکارانە ماددی بن، یاخود هەندێک جار دەشێت نزاکانی ئێوە بێت، گەردنکەچی ئێوە ببێتە هۆکار، لە هەمان کاتدا خەمباری و لێقەوماویتان، زەرەرەومەندبوونتان، دەشێت هەریەک لەمانە بۆ خۆیان هۆکارێک بن، بەڵام لە بناغەوە ئەوەی لە پشت پەردەوە کارەکان دەخولقێنێت هەر الله یە.

بەڵام شتێک بە ناوی ڕەچاونەکردنی هۆکارەکانیش بوونی نیە،   کاتێک باسی ئەوە دەکەین کە مادە دەبێتە هۆکار، گەر تێکۆشان لەو بابەتەدا وەک نوقسانی و کەموکورتی پشاندان بەرامبەر پشتبەستن و خۆ ڕادەستکردن بە جەنابی حەقی لێبهاتایە، ئایا ئیدی شتێک بە ناوی “الطب النبوی” جێگەی باس دەبوو؟

کاتێک دەفەرمەێت لە فڵان بابەتدا فڵان و فیسار شت باشە، یان لە فیسار شتدا فڵان و فیسار شت باشە، تەواوی ئەمانە بە واتای ڕەچاوکردنی هۆکارەکان دێت…

هەربۆیە هەندێک لەم هۆکارانە مەعنەوین، کاتێک لەگەڵ الله دا پەیوەندییان هەیە، هەندێکیشیان هۆکاری ماددین، وەک ئەوەی کیمیاگەرەکان و دەرمانسازەکان و پزیشکەکان دەیانەوێت بیخەنە ڕوو…

هەربۆیە لە بابەتی نەخۆشی کۆرۆنادا، لە گفتوگۆی جاری پێشووماندا یەکێک ئاماژەی پێدا، کەوا تابلۆی شانازی مرۆڤایەتی لەو بابەتەدا فەرموویەتی: گەر لە شوێنێکدا پەتایەک هەبوو، ئەوا مەڕۆن بۆ ئەو شوێنە، هەروەها گەر لەو شوێنەش بوون مەچنە دەرەوە،  ئەم فەرموودەیەشی لەگەڵ بیرکردنەوەی مۆدێرنانەی ئەمڕۆ جیاوازی نیە. هەموو کەسێک دەڵێت لە ماڵەکانتان دابنیشن و مەچنە دەرەوە،  گەر لە وڵاتی خۆتان چوونە دەرەوە، جارێکی تر مەیەنەوە ژوورەوە… کەسانی تریش ژەهراوی مەکەن…

کاتێک تەواوی ئەم قسەیە ورد دەکەینەوە، هەموو شتێک لە شوێنی خۆیدا دادەنیشێت. پێویستە وەک لەم بابەتەدا ئاماژەی پێکراوە ڕەچاوی هۆکارەکان بکرێت، خۆزگە ئەو کارانەی دەبوو لە پێشتردا ئەنجام بدرێن، هەرزوو ئەنجام بدرانایە.

سەبارەت بە ئەسڵی بابەتەکە، یان چۆنیەتی ڕێڕەوی بابەتەکە، لەسەر چیەتی و شکڵی بابەتەکە، دەشێت تێگەشتنی جیاواز بخرێتە ڕوو. بەڵام ئەو تایبەتمەندیانەی زیاتر لەمانە پەیوەندی بە ئێمەوە هەیە، ئەم جۆرە موسیبەتانە وەک بەڵا و موسیبەتی گشتی دێن، هەندێک جار تسونامی دێت، بەڵام تەنیا ناوچەیەک دەگرێتەوە و لەگەڵ خۆی دەیبات. یاخود هەندێک جار بوومەلەرزە ڕوو دەدات، بۆ نمونە دوو جار لە تورکیا بوومەلەرزەی گەورە ڕوویداوە، لە ساڵی ١٩٣٨ بوومەلەرزەیەکی گەورە لە ئێرزینجان و ئیزمیر ڕوویدا، هەردووکیان لە بەریانێکی زۆر فراواندا ڕوویاندا، بەڵام ئوستاد باسی هەردوو ڕووداوەکەی کردووە. دەڵێت لەم ناوچانەدا ژمارەی ئەو کەسانەی کەوا باسی ئیمان، ئیسلام، قورئان بۆ مرۆڤەکان بکەن و ڕوویان پێبکەنە خودا کەم بوو یاخود نەبوو، کەسانی تر بەسەریاندا زاڵ بوون…

ئێستا لە دونیایەکدا دەژین کەوا بەرەو بەجیهانیبوون دەچێت، کە هەموو شتێک بەرەو گەردوونی بوون دەچێت، کاتێک شیبوونەوە، پەرشوبڵابوونەوە و پیسبوونێکی گشتی جێگەی باسە، یان ئەوەی حەق و حەقیقەت خراوەتە ژێر پێکانەوە، خۆ گەر هەر داوای نمونە بکەن، پێویست بەوە ناکات بڕۆن و لە چیندا توێژینەوەیەک ئەنجام بدەن، یان پێویست بەوە ناکات لە پاکستان و هندستان ئەم کارە ئەنجام بدەن، تەنیا ئەوە بەسە سەیرێکی وڵاتی خۆتان بکەن. دەبینن لەوێ کەوا زاڵمەکان چۆن لوتکەیان گرتووە. دەبینن کەوا بێ ئەخلاقی هەتا بینەقاقا هاتووە، بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان هەتا بینەقاقا هاتووە، سەرگەردانی هەتا بینەقاقا هاتووە، هەندێک لەو برایانەی ڕێپۆرتاژی هەندێک لە قسەی هاوڵاتیانی ناو کۆڵانەکانی ئەوێم پشان دەدەن، مرۆڤەکان بازاڕەکانیان لێوان لێو کردووە لە قەرەباڵغی و، دێن و دەڕۆن و هیچ ئامانجێکیان نیە. بێ مەفکورەن و هیچیان جلوبەرگێکیان لەبەردا نیە کەوا لەلایەن ئیسلامەوە پەسەند کرابێت. بەڵام ئەمە بە خەیاڵی کەسدا نایەت. کام شتیان بەلاوە گرنگە و کامەیە ئەو بابەتانەی ئەوان بە گرنگیەوە لەسەری دەوەستن، کاتێک سەیری ئەو بابەتانە دەکەیت، سەرت سوڕدەمێنێت! لەم ڕوانگەیەشەوە گەر تەنیا یەک شوێن وەربگریت و هەڵسەنگاندنی بۆ بکەیت، دەڵێیت: بە ڕاستی ئێمە شایەنی هەزار قاتی ئەمەی ئێستاشین.

با بڵێین ئەم شتانە بە هۆی ئێمەوە ڕوو دەدەن و، هەر بۆ ئەو مەبەستەش ڕوو لە جەنابی حەق بکەین و لێیبپاڕێینەوە و نزا بکەین و گەردنکەچی بین، هەتا جەنابی حەقیش ئەم بەڵا گشتی لەناوبەرە کوشندەیە لەسەر سەرمان هەڵبگرێت. چونکە ماڵ و منداڵ هەیە، مرۆڤی داماوی بێ گوناح هەیە، کەسانێک هەیە کەوا ئاگایان لە هیچ نیە…

واتقوا فتنة لا تصيبن الذين ظلموا منكم خاصة، کاتێک بەڵا موسیبەت هات، تەنیا بەسەر کەسانی زاڵمدا نایەت، مرۆڤە بێ گوناحەکانیش لەگەڵ خۆی دەبات، هەربۆیە گەر بە ویژدانێکی کەمەوە سەیری بابەتەکەت کرد، لەوە دەچێت بڵێیت ئامان پەروەردگارا بەڵا بەسەر ئەوانیشدا مەهێنە…

لەم ڕوانگەیەوە کاتێک لە چین ڕووداوێک ڕوو دەدات، دواتر بە هەر چواردەوری دونیادا بڵاو دەبێتەوە، وەک بەڵا و موسیبەتێکی گەردوونی لێهاتووە، کەسانێک هەبوون دەیانوت فڵان و فیسار گوناحیان ئەنجام دەدا، ئۆخەی ئێستا لە ترساندا هەڵدەلەرزن بە لەرزین، ئۆخەی شایەنی ئەوەن، ئەمانە قسە و بانگەشەگەلێکی شیاو نین، پێویستە خۆمان لەم شتە نەشیاوانە بە دوور بگرین. لە جیاتی ئەوەی ئەم قسانە بکەین، قسەیەک کەوا سوودی هەبێت و بیکەین ئەمەیە:

پەروەردگارا گەر ئەم بەڵا و موسیبەتانە بە هۆی مرۆڤگەلێکی گوناحباری وەک ئێمەوە بەسەر مرۆڤەکاندا هاتبێت، لەسەریان لاببە، ڕەحمەتی تۆش زۆر فراوانە، تەنانەت ئەو مرۆڤانەی بە درێژایی ژیانیان گوناحیان ئەنجامداوە، کاتێک بەرەو تۆ دەگەڕێنەوە و لە دەرگای تۆ دەدەن، کاتێک دەڵێن اشهد ان لا اله الا الله، و اشهد ان محمد رسول الله، تەنانەت لە دەرگادانێکی لەم شێوەیە دەبێتە هۆکاری ئەوەی ڕزگاری ببێت، تۆ لەو کاتەدا فەرمووی لێدەکەیت و دەیبەیتە ژوورەوە، داخوازی ڕەحمەتی بەو شێوەیەیە، ئەگەرچی چی تۆ ناچار و مەجبوری ئەوە نیت کە فڵان کار بەم شێوە و ئەو شێوەیە بکەیت، ئەنجامدانی هیچ کارێک لەسەر جەنابی حەق واجب نیە، ئەو مەجبوری ئەنجامدانی هیچ کارێک نیە، ئیرادەی کامڵ و خواستی تەواوی دەسەڵاتی گشتگیری هەیە، هەرچیەکی بوێت بەو شێوەیە ئەنجامی دەدات کەوا خۆی دەیەوێت. الله يَفْعَلُ مَا يَشَاء، و يَحْكُمُ مَا يُرِيدُ گەر بەم شێوەیە لە بابەتەکە نزیک ببینەوە، ئەوەی لەسەرشانی ئێمەیە، تەنانەت بە نیسبەت خراپترینی مرۆڤەکانەوە بڵێین:

 بۆ ئەوەی ئەمانە واز لە خراپەکانیان بهێنین حەواڵەی لای تۆیان دەکەین، ئەمانە حەواڵەی لای تۆ دەکەین، زوڵمیان لە ئێمە کرد و ئێمەیان خستە گریان، دەستیان چووە خوێنمان، تەنانەت بە بێ گوناحترینی مرۆڤەکانیان وت ئەمانە جانەوەرن، بە تیرۆرست ناویان بردن، نابێت بڵێیت ئۆخەی وەهایان لێهات، بەم شێوەیە گونجاو نیە.

گەر ئەوان لەم کارانەیاندا ناحەق بن ئەوا حەواڵەی لای تۆیان دەکەین، خۆ گەر تۆ ئیرادە و خواستی نەرمکردنەوەی دڵەکانی ئەوانت نەبێت، ئیدی ئێمە حەواڵەی لای تۆیان دەکەین. ئەوەی لەسەرشانی ئێمەیە ئەمە بڵێین.

خۆ گەر بڵێین: ئۆخەی ئێوە شایەنی ئەمەن، دەی بخۆن دەردتان بێت، گەورەتر لەوەش بەڕێوەیە، ژیانی ئەو دونیاشتان لەمە شڕترە، وتنی ئەم شتانە بەرامبەر ئەو کەسانەی کە کاریان دووبەرەکی و پارچە پارچە کردن و پەرشوبڵاوکردنەوەیە، بەشداری کردن لە دەستدرێژیە زاڵمانەکانی ئەوان بەم جۆرە قسانە، کارێکی شیاو نیە.

پێویستە خۆ لەو شتانە بە دوور بگیرێت. پێویستە ئەمە تێڕوانینی ئێمە بێت، ئەمەش قەناعەتی ناچیزانەی منە…

وتنی قسەگەلێکی وەک ئەمە هەمووی لە چینەوە سەری هەڵدا، یان ئەوەی یەکێک لە کاربەدەستان وتی ” ئەمە ڤایرۆسی چینیە”، کاربەدەستێکی ئەولاش وتی ئەمە بێ ڕێزیکردنە بەرامبەر چین، بەڕای من توش بوونی هیچ کەسێک بەم بابەتە، نابێت وەک ئامرازی لۆمەکردنی لێبکرێت و، سەرکۆنەی بکرێت.

تەنانەت گەر کەسانێک ئەمانە بکەن، دوور نیە بەسەر خۆیشیاندا بێت، وەک لە حەدیسێکی شەریفدا ئاماژەی پێکراوە، بێ گومان پێش ئەوەی بمرن هەمان شت بەسەر خۆیشیاندا دێتەوە…

پەنا بە خودا…

ئەوەی هەموو کاتێک لەسەر شانی ئێمەیە، ئەوەیە بە شێوەیەکی مرۆڤانە هەڵسوکەوت بکەین، گەر بەرامبەرەکانمان مرۆڤانەش مامەڵەمان لەگەڵدا نەکەن، ئێمە هەر ئەرکی ئەوەمان لەسەرشانە کەوا مرۆڤانە مامەڵەیان لەگەڵدا بکەین.

ئێستا بەڵایەک هاتووە و دەستی بە دەسکی دەرگاکەمانەوە گرتووە و لێیدەدا، یان پێی لەسەر بەردەرکی دەرگاکەمان داناوە، بە تایبەت کاتێک بەڵایەکی لەم شێوەیە نیگەرانکەر و تۆقێنەرە، بە تایبەت بە نیسبەت ئەو مرۆڤانەی کەوا بە تەواوی باوەڕیان بە ژیانی ئەولا نیە، شتێکی زۆر نیگەرانکەرە، بە نیسبەت ئەوانەی ژیانی دونیا بە هەموو شتێک دەزانن،  بە نیسبەت ئەوانەی وەها دەزانن هەموو شتێک بریتیە لەو شتانەی لە ژیانی ئەم دونیایەدا بەسەرتدا دێن. كلا بل تحبون العاجلة وتذرون الآخرة، ژیانی دونیایان خۆش دەوێت و هەڵیدەبژێرن، بەڵام بە تەواوی دەستبەرداری ژیانی ئاخیرەت دەبن، ئەم جۆرە مرۆڤانە لە نێو ترس و نیگەرانیدان، کەسانێکی ئیمانداریش گەر ئیمانەکەیان بە جوانی لە دڵیاندا جێگیر نەبووبێت، ئەوانیش توشی هەمان نیگەرانی و شڵەژان دەبن.

گەر ئەمانە بە شێوەیەک لە شێوەکان کەمێک ئاگادارییان پێبدرێت و بە خۆیاندا بێنەوە، گەر ڕوو لە جەنابی حەق بکەن، ئەوانیش بڵێن : پەروەردگارا ئەم بەڵایەمان لەسەر دەفع بکە و دووری بخەرەوە، بەم شێوەیە لە جەنابی حەق نزیک دەبنەوە، لە ڕوانگەی ئەمەی ببێتە هۆی ئەوەی هەموو کەسێک لە جەنابی حەق نزیک ببێتەوە، شتێکی گرنگە، وەک لە قورئانی کەریمیشدا ئاماژەی پێکراوە، کاتێک بەڵا وموسیبەت دێت هەموو کەسێک لای خۆیەوە دەڵێت ئامان پەروەردگارا، بەڵام ئەو کاتەی دەگەنە کەناری سەلامەتی، دیسان وەک ئەوەی پێشووتر کردوویانە مامەڵە دەکەن.

 لێرەدا گرنگ ئەوەی مرۆڤەکان بەو شێوەیە مامەڵە نەکەنەوە کە هەتا ئێستا کردوویانە، چۆن وەک ئەو کاتەی توشی شەپۆل و بەڵاکان دەبن و دەکەونە ناو چنگیەوە، وەک چۆن لەو کاتەدا دەڵێت ئامان خودایە و ڕوو لە جەنابی حەق دەکەنەوە، پێویستە بە هەمان شێوە بکەنەوە.

دەتوانین لە ڕیگەی نمونەی جیاوازەوە ئەم جۆرە تێگەشتنە بە هەموو مرۆڤەکان بگەیەنین و، ئەم بەڵا و موسیبەتانە بە نسیبەت هەموو کەسێکەوە وەک هۆکاری ڕووکردنە جەنابی حەقی لێبێت. بۆ ئەمەش ئەوەی لە دەستی دێت ئەنجامی بدات بە پشتیوانی و کۆمەکی خودا.

هەروەها مرۆڤەکان خۆیان لە ماڵەکانیاندا حەشار دەدەن، بەم شێوەیە لە گوناحەکان دوور دەکەونەوە، بەم شێوەیە دەشێت تەنانەت لە نێو ئەو مرۆڤانەی کە کەمترین باوەڕیان بە خودا هەیە، جۆرێک لە جۆرەکانی خۆشەویستی خودا و ترس لە خودا دروست ببێت. لایەنی کەم بە نیسبەت ئەو مرۆڤانەی کەوا هەستێکی لەم شێوەیەیان هەیە، کارێکی زۆر گرنگە، هەر بە ڕاستی دەتوانن ژیانێکی پڕ خەڵوەت ئەنجام بدەن، دەشێت وەک ئەوانەی چل ڕۆژ خۆیان لە خواردنی بەروبوومە ئاژەڵیەکان دوور دەخەنەوە(اربعین)، ژیان بەسەر ببەن. کەسانێک هەیە ئەم کارەیان بە شێوەیەکی ئیختیاری ئەنجامداوە، با ئەمان بە شێوەیەکی ناچاری ئەنجامی بدەن، وەک چۆن لە ئێستادا بە هیجرەتی هەندێک کەس  دەڵێێن هیجرەتی ناچاری، بە هەمان شێوە دەتوانین بەم کارەی ئێستاش بڵێێن خەڵوەتی مەجبوری. یان خۆدابڕاندنی مەجبوری.

خۆزگە ئەوانەی مرۆڤەکان گوێ لە قسەکانیان دەگرن، بۆ نمونە کاروباری ئاینی تورکیا، ئیمام و وتاربێژ و موفتیەکان، قسەیەک بەم ئاڕاستەیەدا بکەن، لەم ڕێگەیەوە دەتوانرێت ئەم شتە زۆر نەرێنیانەی ئەمڕۆ بە شێوەیەکی ئەرێنی هەڵسەنگاندنیان بۆ بکرێت، بە پشتیوانی و کۆمەکی خودا…

پێویستە بە شێوەیەکی رەشبینانە مامەڵە نەکەین، چونکە هیچ شتێکمان لەو ڕێگەیەوە دەستگیر نابێت. پێویستە ئەم بارەی ئێستاش وەک ڕووتێکردنێکی رەحمەتی ئەو لێکدانەوەی بۆ بکەین و، لە هەمان کاتدا بە هۆکاری ڕزگاری بزانین و ڕوو لە جەنابی حەق بکەینەوە.

ئەمەش هەم داخوازی ڕێزە بەرامبەر الله، هەم داخوازی ڕەزامەندبوونە بەرامبەر ئەو، هەم بۆ ئەوەی لە بەرامبەر ئەودا قسەی زیادە نەکەین، ڕێگایەکە بۆ خۆ دوورخستنەوە لە گوناح. بە پشتیوانی خودا…

کێ چووزانێت، گەر ئەمانە نیشانەکانی هاتنی قیامەت بن، لەوە دەچێت لە هەمان کاتدا ببنە هۆی ئەوەی مرۆڤەکان بە شێوەیەکی گشتی ڕوو لە جەنابی حەق بکەنەوە.

وەک دەزانین پێش هاتنی قیامەت و ئەو کاتەی بە تەواوی هەڵدەستێت، مرۆڤێک لە سەر زەویدا نامێنێتەوە کەوا باوەڕی نەهێنابێت، یاخود زۆرینەیان باوەڕدەهێنن، واتە لەسەر ڕووی زەوی مرۆڤە باوەڕدارەکان ئیمان دەهێنن. ئیمان لە هەموو شوێنێک نمایندە دەبێت.

بەڵام دیسان شەیتان جارێکی تر گەمەکانی خۆی دەکاتەوە، وەک لە حەدیسێکی ئیمامی موسلیمدا ئاماژەی پێکراوە، ئەو کاتەی لەسەر زەوی کەسێک نامێنیت کەوا ناوی الله بهێنێت، قیامەت هەڵدەستێت…

ئیدی ئەمەش یەکێکە لەو نیشانانە، وەک ئەوەی باس لە هاتنی دووکەڵێک کراوە، لە دوای ئەمەشەوە هێرشی کولـلە دێت، دەشێت دواتر شتی تریش ڕووبدات، کاتێک ئەم شتانە بەسەر یەکەوە ڕوو دەدەن، زۆر لە مرۆڤەکان دەکەن کەوا ڕوو لە جەنابی حەق بکەنەوە. واتە دەبنە پاڵنەرێکی زۆر جددی بۆ ئیمان هێنان. قۆناغێکی لەو شێوەیە لەسەر ڕووی زەوی دەست پیدەکات.

ئەو کاتەی پەیامەکان دەنوسرایەوە، کەسانێکی تریش خەریکی کاری تر بوون، دواتر کەسانێک لە دژی تیۆری پەرەسەندن شتیان نوسیوە، کەسانێک لە دژی ئەو فکرانەی نکوڵی لە بوونی خودا دەکەن کتێبیان نوسیوە. هەریەک لەم کارانە جێگەی خۆیان هەیە. پێویستە ئەمانە لە ڕووی تێگەشتن و ئاسۆی درک پێبردنی ڕۆژگاری ئەمڕۆمانەوە ئەنجام بدرێن، بە گوێرەی زاراوە پەسەندکراوەکانی ڕۆژگاری ئەمڕۆمان شکڵیان پێبدرێت و، بە گوێرەی ئەمە پڕۆگرام ساز بکرێت و لە شوێنە جیاوازەکان باسیان لێوە بکرێت.

تابلۆی شانازی مرۆڤایەتیش، سەرەرای ئەو لایەنە نورانیەی هەیبوو، سەرەڕای ئەو هێزی ڕەنگدانەوە لە کەسانی تردا هەیبوو، ماوەی ١٣ ساڵ بەو شێوەیە لە مەککە بانگەوازی کردووە، دواتر ڕووی لە مەدینەی ڕۆشن کردووە. هەرگیز نەیوتووە دەی با یەکسەر هەموویان گوێ لە من بگرن و ببنە موسوڵمان، چونکە ئەمە کاری نەکردەوە…

بۆ نمونە باسکردنی حەقیقەتی یەکتاپەرستی، حەقیقەتی بوونی خودا، زاتی تاک و بێهاوتای ئەو، واتە شیکردنەوەی ئەوەی دەڵێن الله احد، الله الصمد، الله الحی، الله القیوم، الله عالم الغیب و الشهادة، هو الرحمن الرحیم، هەریەک لەمانە بکرێنە بابەتی پڕۆگرامێک و، باس لە زاتی ئولوهیەت بکرێت، هەروەها باسکردن لە زیندووبوونەوەی پاش مەرگ، ئەمەش لە وتەی دەهەم و وتەی ٢٩ هەمیندا باسی لێوە کراوە، لەم بابەتەدا ئەمانەش یەکێکن لە سەرچاوە گرنگەکان.

بەڵام لە بناغەوە پێویستە بە گوێرەی زاراوەناسی ڕۆژگاری ئەمڕۆمان باسیان لێوە بکرێت، لە ڕێگەی کەسانی شارەزای ئەو بوارە لە ڕۆژگاری ئەمڕۆماندا، ئەم بابەتانە بکرێنەوە بە کتێب، هەتا هەموو کەسێک بتوانێت بیانخوێنێتەوە، هەریەک لەم بابەتانە وەک نامیلکەیەکیان لێبکرێت… بەڵێ لە ئێمەشدا ئەم تەمبەڵییە هەیە و نەمانتوانی ئەو کارە بکەین، ئەو شتانەی کەوا حەزرەتی ئوستاد بە چواردەوریاندا خەریکی پەلەقاژە بوو، بە گوێرەی ئاستی تێگەشتنی مرۆڤەکانی ڕۆژگاری ئەمڕۆمان پێشکەش نەکرا، نەمانتوانی ئەمەیان پێشکەش بکەین. بە داخەوە…

ئەگەرچی دروستبوونی ئەم جەماعەتە لوتفێکی جەنابی حەقە، بەڵام ئەمانە هەڵەکانی ئێمە بوو، هەربۆیە زاڵمان هاتن و بەسەرماندا زاڵ بوون، من ئەمە لە خۆمەوە سەیر دەکەم، کەس ئەوە نازانێت کەوا چەندە لۆمەی خۆمم کردووە.

٥-٦ سەرسەری  و چەتە هاتن کەوا خوێندەوارریان نیە و کتێب و خوێندنەوە نازانن، هەڵیانکوتایە سەرمان بە هۆی ئەوەی نەمانتوانی بە جوانی ئیدارەی ئەو کارانە بکەین، ئیدی ئەو پێکهاتە موبارەکەیان تێکشکاندوو و بەناویدا تێپەرین. تێزابیان بەسەر ئەو سەرچاوە موبارەکەدا ڕشت. من ئەمە بۆ خۆم  و خۆمان دەگێڕمەوە. کێ چووزانێت، لەوە دەچوو ئەم شتانە چییان لێبکەوتایە، یاخود کێ دەزانێت لەوە دەچێت ئەمەی ڕوویدا شتی چۆنی لێدەکەوێتەوە؟ ئەمەش شتێکە تەنیا الله دەیزانێت.

لەوە دەچێت ڕۆژێک کاتێک سەیری رووداوەکان دەکەینەوە و کەمێک گۆشەنیگامان فراوان دەکەین، بڵێین وای خودایە ئەمە لە حاڵی پێشووتر زیاتر خێری تێدایە، ئەمەش شتێکە کە پێشتر نەدەزانرا، بە پشتیوانی و کۆمەکی خودا…

بەڵام تەنیا ئەوەیە نابێت خۆمان بە خاوەنی هیچ کام لەو کارانە بکەین، چونکە کارتێکەری ڕاستەقینە تەنیا ئەوە. پێویستە کارەکان بۆ خاوەنەکەی بگێڕینەوە و بێ نمەکی نەکەین. بەڵام نەشڵێین هیچ کارێک ئەنجام نەدراوە، لە روانگەی باسکردنی نیعمەتەکانی الله وە، بڵێین : هەزاران حەمد و سەنا هەر بۆ الله بێت…

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *