پەرتنەکردنی هیممەتەکان

هەندێک جار بە هۆی خەیاڵ و مەراق و وەهمەکانی خۆمانەوە، ئەو بەڵایانەی بەسەرمانەوەیە دوو هێند دەکەین، زیاد لە حەدی خۆیان گەورەیان دەکەین و بە شێوەیەکیان لێ دەکەین کە چی دی نەتوانین لە ژێر باریاندا هەستین. بەم شێوەیە نیگەرانی ئەو بەڵا و موسیبەتانەش بۆ خۆمان زیاد دەکەین کە هێشتا ڕووبەڕوومان نەبوونەتەوە. کاتێک مەراق و نیگەرانی و ترسەکانمان تێکەڵی کارەکان دەکەین، موسیبەتەکانمان زیاتر قوڵ دەبنەوە و قەتماغە دەبەستن. پێم وایە گەورەترین کێشەی زۆرێک لە ئێمە هەر ئەمەیە.

ئەمە لە کاتێکدایە وەک ئەوەی ئوستاد بەدیعوزەمانیش لە پەیامی نەخۆشاندا ئاماژەی پێداوە، گەر تەواوی وزە، هێز، ئیرادە و تێکۆشانەکانمان بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەنوکەییەکانمان بەکاربهێنین، ئەوا دەتوانین بەسەر زۆرێک لە کێشەکاندا زاڵ ببین. بەڵام ئێمە هیممەتی خۆمان پەرشوبڵاو دەکەینەوە. بە هۆی بیرکردنەوەمان لە ڕابردوو و خەریکبوونمان بە داهاتوەوە، نامانپەرژێتە سەر ئەمڕۆ و ئەو کارانەش فەرامۆش دەکەین کەوا دەبێت لە حاڵی حازردا ئەنجامیان بدەین.

ئەمە لە کاتێکدایە خۆ خەریک کردنمان بە ڕابردوو و داهاتوەوە، لە خەیاڵێکی ڕووت زیاتر نیە؛ یەکێکیان ڕابردووە و تەواو بووە، ئەوەی تریشیان هێشتا نەهاتووە. ئێمە خەیاڵ و حەقیقەت تێکەڵی یەکتری دەکەین، دوو لەسەر سێی سەبر و وزەکانمان لە خەیاڵدا سەرف دەکەین، لە هیچی خۆڕایی ناسۆر و کێشە بۆ خۆمان زیاد دەکەین.

حەزرەتی پیری موغان، سەبارەت بە چۆنیەتی ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو نەخۆشیانەی توشی مرۆڤ دەبن، ئاماژە بە تێبینیەکانی سەرەوە دەکات. وانەی ئەوەمان پێ دەدات کە پێویستە کەسی نەخۆش خەمی ڕابردوو و داهاتوو بەسەر شانیدا نەدات و بەم هۆیەوە هێزی ئارامگرتنی بەفیڕۆ نەدات. ئاماژە بەوەش دەکات کەوا ئەو سەبر و هێزی خۆڕاگرتنەی خودا بە مرۆڤەکانی بەخشیوە، بەشی هێندە دەکات کەوا بەسەر تەواوی نەخۆشی و ناڕەحەتیەکانیدا زاڵ ببێت.

 

هەمان شت بە نیسبەت کێشە کۆمەڵایەتیەکانیشەوە جێگەی باسە. وەک ئەوەی ئەم تێبینیانە سەبارەت بە نەخۆشیەکانی لاشەی مرۆڤ جێگەی باسە، مرۆڤ پێویستە هیممەتی خۆی ئاڕاستەی ئەو کێشە کۆمەڵایەتیانە بکات کەوا لە ئێستادا ڕووبەڕووی بوونەتەوە. ئەگەرچی وانە وەرگرتن لە ڕابردووە و ڕووداوەکانی گرنگیەکی زۆری هەیە، لە هەمان کاتدا نابێت ئەمانە بەردەوام گەرم بکرێنەوە و کێشەی نوێ بۆ خۆمان بسازێنینەوە. بێگومان دەبێت پلانمان بۆ داهاتوو هەبێت، بەڵام ئەگەری ئەو کێشانەی دەشێت لە داهاتوودا ڕووبەڕوومان ببێتەوە، نابێت کارێکی وەها بکەن کە چیدی وزەمان بۆ چارەسەری کێشە هەنوکەییەکان پێ نەهێڵنەوە. 

بۆ نمونە، هێرشی خاچپەرستەکان ماوەی ٢ سەدە جیهانی ئیسلامی ژێراوژور کردووە و قەیرانی زۆر قوڵی بە دوای خۆیدا هێناوە. وڵاتگەلێکی وەک میسر و عێراق کەوا لە ڕیزی وڵاتە پێشکەوتووەکانی جیهانی ئیسلام بوون لەو سەردەمەدا، خراونەتە ژێر ئابڵوقەوە، وێران کراون و توشی ئازاری زۆر گەورە بوونەتەوە. گەر ئێمە لە ئێستادا دەست بکەین بەوەی لە هەموو هەستان و دانیشتنێکماندا باسی ئەم بابەتە بکەین و نەوەی ئەو مرۆڤانە تاوانبار بکەین کەوا بەم کارانە هەستاون، ئەوا هەم لە هیچی خۆڕایی وزەی خۆمان بەفیڕۆ دەدەین، هەم هەستی ڕق و کینەی ناخمان دەبزوێنین و پردەکانی دیالۆگی نێوانمان دەڕوخێنین.

هەربۆیە پێویستە تاشەبەردی گەورە بخەینە سەر ئەو ڕووداوە نەرێنیانەی لە ڕابردوودا ڕوویان داوە و بە شێوەیەک بیانێژین کە جارێکی تر زیندوو نەبنەوە. با لێرەدا جەخت لەسەر خاڵێکی گرنگیش بکەمەوە، ئەم قسانە بەو واتایە نیە کە هیچ وانەیەک لە ڕابردوومانەوە وەرنەگرین. بۆ ئەوەی جارێکی تر ڕووبەڕووی هەمان شت نەبینەوە و لە کونێکەوە دوو جار پێوەمان نەدرێت، بێگومان پێویست بەوە دەکات پەندیان لێ وەربگرین. تەنیا هێندە هەیە، لەم کاتەدا نابێت دوژمنی نوێ بۆ خۆمان پەیدا بکەین و سەلامەتی ئەو ڕێگایەی گرتوومانەتە بەر نەخەینە ژێر مەترسییەوە.

بەڵێ، ئەوەی لێرەدا گرنگە، بریتی نیە لەوەی شیوەن بۆ ڕابردوومان بگێڕین و خەمی ئەو کێشانەش دامانبگرێت کە دەشێت لە داهاتوودا توشمان ببێت، بەڵکو ئەنجامدانی ئەو کارانەیە کەوا لە ئێستادا پێویستە ئەنجامی بدەین. لە ڕاستیشدا داهاتووش بە گوێرەی کارەکانی ئەمڕۆ شکڵی خۆی وەردەگرێت. چۆنی دەتوانین بەسەر کێشە هەنوکەییەکاندا زاڵ ببین، چۆنی دەتوانین ڕۆشتنی خۆمان خێراتر بکەین و لەو فشارانە ڕزگار ببین کە یەک لە دوای یەک ڕووبەروومان دەبێتەوە؟ ئەمانە ئەو بابەتانەن کەوا پێویستە هەڵوەستەیان لەسەر بکەین.

گەر بمانەوێت وەک موسوڵمانێک لە ئۆباڵی مێژوو و گوناحە کۆمەڵایەتیەکان ڕزگارمان ببێت، ئەوا ناچارین بەوەی بێ ئەوەی بهێڵین هیممەتەکانمان پەرت ببن و سەلامەتی ڕێگەکەشمان بکەوێتە مەترسییەوە، لەسەر ڕێگەی خۆمان بەردەوام ببین.

خۆ گەر بەردەوام بە بۆڵەبۆڵەوە ملی ڕێگە بگرین، لە کاتی قسەکردندا بیر بکەنەوە، لە کاتی بیرکردنەوەشدا قسە بکەین، ئەوا لە هەموو سەرەکۆڵانێکدا دێوەزمەیەک بۆ خۆتان قوت دەکەنەوە؛ تەنانەت گەر خوازیاریشی نەبن. ئیدی بە دەستی خۆتان سەلامەتی ئەو ڕێگەیەی لەسەری دەڕۆن دەخەنە ژێر مەترسییەوە و  هەلومەرجەکان بۆ خۆتان سەختتر دەکەن. لەم سۆنگەیەوە، پێویستە خۆمان بەدوور بگرین لەوەی بەردەوام باسی ئەو ڕۆژانە بکەین کە تێیدا توشی بەڵا و موسیبەت بووینەتەوە.

جگە لەمانە، وەک ئەوەی پێشتریش ئاماژەمان پێدا، کارێکی لەم شێوەیە هاوسەنگی ئەقڵ و لۆجیکتان دەشێوێنێت، لە هیچی خۆڕایی خۆتان دەخەنە ناو سترێس و تەنگوچەڵەمەوە. ئیدی کاریگەری لەسەر ئەو کارانەش جێدەهێڵێت کەوا دەبێت لەمڕۆدا ئەنجامی بدەن. لەگەڵ یادکردنەوەی هەر ڕووداوێکی نەرێنیدا ورە و جەوتان لێ تێکدەچێت، چیدی ناتوانن ئەرکی سەرشانتان ئەنجام بدەن. لەم سۆنگەیەوە، پێویستە خۆمان دوور بگرین لەوەی بەردەوام ئەم برینە کۆنانە بکولێنینەوە کەوا زیاتر لەوەی سوودیان بۆ خزمەت هەبێت زیانیان لێدەکەوێتەوە.

لە جیاتی ئەوەی خۆمان بە باسکردنیانەوە خەریک بکەین، پێویستە تەگبیری ئەوە بکەین کە جارێکی تر توشی نەهامەتیەکانی ڕابردوو نەبینەوە و ستراتیژی خۆمان بە گوێرەی ئەم دابڕێژینەوە. پێویستە دەرگاکان بە ڕوویاندا دابخەین، کێلۆنیشیان لێ بدەین و پەردەی بەر پەنجەرەکانیشمان دابدەینەوە، هەرگیز نەهێڵین بیرکردنەوەی بێگانە دزە بکاتە ناو ناخمانەوە. قسەی مرۆڤە نیەت خراپەکان دزە نەکاتە ناو دەمار و خوێنمانەوە، ئەوەی لە دەستمان بێت ئەنجامی بدەین هەتا نەهێڵین دەمارەکانمان بقرتێنن و خوێنمان بخۆنەوە.

بە شێوەیەکی وەها نوێنەرایەتی خزمەت بکەین، تەنانەت هەستی پەشیمانی لەوانەشدا ببزوێنێت کە زوڵمیان لێ کردوون، لەو کارانەی بەرامبەر ئێوە ئەنجامیان داوە پەشیمان ببنەوە، خۆیان بێن و داوای لێبوردنتان لێ بکەن. ئەگەرنا قسەکردن وەک شەقاوەیەک، وروژاندنی هەندێک هەست لە مرۆڤەکان و ڕەنجاندنی هەندێک کەس و سنگ دەرپەڕاندن، هیچ سوودێکی بۆ کەس نەبووە. بە پێچەوانەوە، سنگ دەرپەڕاندن هەمان شتی لێ دەکەوێتەوە. بەڕای من لە جیاتی ئەوەی سنگ دەرپەڕێنن، باشتر وەهایە لە شوێنی خۆتان خۆڕاگرانە بە پێوە بمێننەوە، ڕێز لە حەقیقەتەکان بگرن. دەبێت هەرگیز ئەوە لەبیر نەکەن کە تەنانەت دوژمنەکانیشتان پشکێک لە ڕێزی ئێوە بەر بکەوێت. چونکە هەموو مرۆڤێکی ئافرێندراو بارگاوییە بەوەی جێدەرکەوتی “احسن التقویم” تێدا ببینرێتەوە.

قورئانی کەریمیش بە ئەهلی کیتاب دەفەرموێت:

  قُلْ يَا أَهْلَ الْكِتَابِ تَعَالَوْا إِلَىٰ كَلِمَةٍ سَوَاءٍ بَيْنَنَا وَبَيْنَكُمْ أَلَّا نَعْبُدَ إِلَّا اللَّهَ وَلَا نُشْرِكَ بِهِ شَيْئًا وَلَا يَتَّخِذَ بَعْضُنَا بَعْضًا أَرْبَابًا مِّن دُونِ اللَّهِ ۚ فَإِن تَوَلَّوْا فَقُولُوا اشْهَدُوا بِأَنَّا مُسْلِمُونَ…

“تۆ بەو کەسانەی خاوەن پەیامە ئاسمانیەکانن بڵێ، وەرن با لە بەها هاوبەشەکانی نێوانماندا یەک بگرین، جگە لە الله پەرستش بۆ کەس نەکەین و هاوەڵی بۆ پەیدا نەکەین”، بەم شێوەیە شێوازێک لە مامەڵەمان نیشان دەدات کەوا تەنانەت دوژمنەکانیش نەرم دەکاتەوە، دەتوانین لە ڕێگەیەوە بچینە ناو ڕۆحی ئەوانیش و ناسکی و جوانیەکانی خۆمان بە ناخی ئەوانیشدا هەڵبڕێژین. بەم شێوەیە نەرمبوونەوەیەک لەوانیشدا فەراهەم دەکەین.

گەر قسەکانمان کۆ بکەینەوە، بێ ئەوەی هێزی خۆمان لە ڕێگەی بیرکردنەوە لە ڕووداوە نەرێنیەکانی ڕابردوو و داهاتوو پەرشوبڵاو بکەینەوە، هەوڵی کارە هەنوکەییەکانمان بدەین. لە جیاتی ئەوەی جەو و ورەی خۆمان لە ڕێگەی قسەگەلێکی هاوشێوەی ” ڕابردوومان زۆر تەمومژاوی بوو. لەبەر حەپەی سەگ و لورەی گورگ و واقەی چەقەڵ ڕێگە بەر نەدەکەوت. زۆر بێزار بووین لەمانە و وەها دیارە داهاتووشمان بە هەمان شێوە دەبێت” بڕوخێنین، هێزی مەعنەویمان تێکبشکێنین، تەواوی ئیرادە و هیممەتی خۆمان لە حاڵی ئێستاماندا چڕ بکەینەوە، بەم شێوەیە هەوڵی چارەسەری کێشەکانی ئەمڕۆ بدەین، تەنانەت قەرەبووی ئەو شتانەش بکەینەوە کەوا لە ڕابردوودا بەهەدەرمان داوە.

**

ئەم نوسینە لە وتارێکی مامۆستاوە وەرگیراوە کە لە ٢٨.١٢. ٢٠٠٩ پێشکەشی کردووە.

 

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *