چەند پرسیارێک سەبارەت بە ڕەمەزان… (گۆزەی شکاو بەشی سێیەم)

 

پرسیار: لە هەندێک لە حەدیسە شەریفەکاندا باس لەوە دەکرێت، لە مانگی ڕەمەزاندا “مردة الشیاطین” لە زنجیر دەدرێن، “مردة الشیاطین” چی واتایەکی هەیە؟ جێدەرکەوتی ئەوەی شەیتان لە زنجیر دراوە، چیە؟

وەڵام: پێغەمبەری سەردارمان لە یەکێک لە فەرموودەکانیدا دەفەرموێت” کاتێک مانگی ڕەمەزان دێت، دەرگاکانی بەهەشت دەکرێتەوە، دەرگاکانی دۆزەخ دادەخرێن، “مردة الشیاطین” لە زنجیر دەدرێن”. لێرەدا وشەی “مردة” بە واتای عیناد، بەرگریکار، هێرشبەر دێت.هەربۆیە مەبەست لە چەتونترینی شەیتانەکانە، ئەوانەی کۆنتڕۆڵ ناکرێن و بەرچاویان ڕەش بووە.  بەڵێ لەم مانگەدا، ئەم جۆرە شەیتانانە لە زنجیر دەدرێن.

لەگەڵ ئەمەشدا، ئاشکرایە کەوا لە مانگی ڕەمەزاندا هەڵە و گوناح و تاوانی گەورە ئەنجام دەدرێت و، ئەمە ڕاستیەکی حاشا هەڵنەگرە. بەڵام کاتێک بیر لەو قازانجە گەورەیە دەکەینەوە کەوا ئیمانداران لەم مانگی قورئانەدا بەدەستی دەهێنن و، بابەتی ئەوەی شەیتان بەم کارە ڕازی نیە و، لەبەر هەڵپەی خۆی وەک شێتی لێدێت و، هەرچی فێڵ و تەڵەکەی ئەنجامی دەدات هەتا مرۆڤەکان بەرەو گوناح ڕابکێشێت، لەم ڕوانگەیەوە ئەوە بەدی دەکەین کە “مردة الشیاطین” لە زنجیر دراون.

بێگومان ئەو عیبادەتانەی لە مانگی ڕەمەزاندا ئەنجام دەدرێن، زۆر گرنگن. جەنابی حەق سەبارەت بە ڕۆژوو فەرموویەتی” ڕۆژوو عیبادەتێکی تایبەت بە منە، هەر خۆشم پاداشتەکەی دەدەمەوە”. هەربۆیە تێگەشتن لە فراوانی، قوڵی و نرخی ئەو لەلای جەنابی حەق، پاشان بڕینەوەی نرخێک بۆ ئەو مانگە، مومکین نیە. هەربۆیە جگە جەنابی حەق، کەس توانای دانەوەی پاداشتی ئەو مانگەی نیە. الله بە گەورەیی خۆی، بە تایبەت پاداشتی ڕۆژووی دیاری کردووە و، بەڵێنی ئەوەی داوە لە ژیانی ئەولا وەک سوپرایزێک بە بەندەکانی خۆی بدات. گرنگترین هۆکاری ئەوەی ئەم پاداشتە سوپرایزە داناوە بریتیە لەوەی” چونکە بەندەکەم هەر لەبەر من خۆی لە خواردن-خواردنەوە دەگرێتەوە”.

کەسانی ئیماندار لەم تافە پیرۆزەی زەماندا، لەگەڵ ئەنجامدانی عیبادەتی ڕۆژوویان، نوێژی تەراویحیش ئەنجام دەدەن. وەک لە ئایەتێکی سورەتی “البقرة” شدا هاتووە” مانگی ڕەمەزان ئەو مانگەیە کەوا قورئانی کەریمی تێدا دابەزیوە”، بە گوێرەی ئەم ڕوونکردنەوە ئیلاهیە ڕەمەزان بە تەواوی مانگی قورئانە و، قورئانێکی زۆری تێدا دەخوێنرێتەوە. لە هەمان کاتدا دڵەکانیان دەکرێتەوە، بە لێبوردەیی و بەخشندەییەوە جۆش و خرۆش دەسەنن و، بە ناوی خێر و حەسەناتەوە تەواوی هەلەکان هەڵدەسەنگێنن. وەک لە حەدیسێکی شەریفیشدا هاتووە” پێغەمبەری خودا بەخشندەترینی ناو مرۆڤەکان بوو. هەروەها لە مانگی ڕەمەزاندا کاتێک چاوی بە حەزرەتی جوبرەئیل دەکەوت ئەم بەخشندەییەی زیاتر دەبوو. حەزرەتی جوبرەئیل لە مانگی ڕەمەزاندا هەموو شەوێک لەگەڵ پێغەمبەری خودا قورئانی دەخوێندەوە. پێغەمبەریش لەو ڕۆژگارەدا کەوا شنەبای رەحمەتی بۆ مرۆڤەکان دەهێنا، زیاتر بەخشندە دەبوو”. ئیماندارانیش لە ڕێگەی ئەوەی دوای ئەو ڕابەڕە کامڵە دەکەوتن، لەو ڕۆژانەدا زیاتر بەخشندە دەبوون، لە ژێر ناوی سەدەقە، زەکات، سەرفیترە، بە شێوەیەکی بەردەوام چاکەیان دەکرد. لەمەش زیاتر، هەندێکیان لە ١٠ ڕۆژی کۆتایی مانگی ڕەمەزاندا، دەچوونە ناو ئیعتیکافەوە و بە تەواوی خۆیان بۆ عیبادەت کردن تەرخان دەکرد.

هەربۆیە لە شیرازەدەرچوونی شەیتان بەرامبەر پێشبڕکێیەکی لەم شێوەیە کەوا کاری چاکەی تێدا ئەنجام دەدرێت ، وەک داخوازییەکی سروشتی ئەو وەهایە. لە ڕاستیشدا ئەو کاتێک گوزارشت لە دوژمنایەتی خۆی بۆ نەوەکانی ئادەم دەکات دەڵێت” سوێند بە زاتی تۆ، تەواوی ئەوان لە شیرازە دەردەهێنم!”. هەربۆیە بە شێوەیەکی بەردەوام هەوڵی هەڵخلیسکاندنی قاچی مرۆڤەکان دەدات. لەم ڕوانگەیەشەوە مانگی ڕەمەزان شەیتانەکان و هەندێک لە ڕۆحە چەپەڵەکان شێت دەکات. لە پێناو ئەوەی ئەم پاداشتەیان لە دەست دەربهێنێت، بە هەڵپەی ئەوەی لە نێوانیاندا پرتە و بۆڵە دروست بکات، شەیتانە ئینس و جینەکانی خۆی دەخولێنێتەوە.

هەرچیەک بێت، وەک ئەوەی هەتا ئێستا بینراوە، هەتا ڕادەیەکی زۆر، مرۆڤەکان لەم هەرێمی حزورەدا ڕەمەزاناوی دەبن و، زیاتر بە دیقەت دەبن و ژیانێکی کراوە بە ڕووی ئاخیرەتدا دەژین. بە پشتیوانی و کۆمەکی خودا، مانگی ڕەمەزان لە نێو ئاشتەواییدا بەسەر دەبات و زیاتر لە ئەنجامدانی گوناح دوور دەکەوێتەوە. هەندێک لە شەیتانە ئینس و جینیەکان لەگەڵ یاریدەدەرگەلێکی وەک هەوا و هەوەس، ئەگەرچی هەوڵی وێرانکاریەکانی خۆیشیان بدەن، جەنابی حەق بەردەم شەیتانە چەتوونەکان دەگرێت و، مۆڵەتی کارەکانی خۆیان پێنادات.

**

 

پرسیار: وەک ئێوەش ئاماژەتان پێدا، یەکێک لە دروشمە گرنگەکای مانگی ڕەمەزان نوێژی تەراویحە، لەم نوێژەدا پێویستە دیقەتی چی بدەین؟

وەڵام: تەراویح لە زمانی عەرەبیدا وەک کۆی وشەی “ترویحة” یە و، بە واتاکانی” هەناسەدان، ئاسودەکردنی ڕۆح، پشودان بە لاشە” دێت. ئەم نوێژە تایبەت بە مانگی ڕەمەزان و، لە دوای هەر چوار ڕکاتێک نوێژی سونەت، ئەو دانیشتنەی ئەنجام دەدرێت ناوی “ترویحة” ی لێنراوە و، دواتر سیغەی کۆی ئەم وشەیە کەوا “تراویح”ە، وەک ناوی ئەم نوێژە سونەتەی لێهاتووە. نوێژی تەراویح بریتیە لەو نوێژە نافیلانەی کە بە سونەتە پشتڕاستکراوەکان(السنة المؤكدة) ناو دەبرێت. سونەتێکی پەیوەندیدارە بە مانگی ڕەمەزانەوە نەک ڕۆژووەکەی. هەربۆیە تەنانەت بە نیسبەت ئەو کەسانەشی بەڕۆژوو نابن بەهۆی ئەوەی نەخۆشن و لە سەفەردان، ئەنجامدانی ئەم نوێژە هەر سونەتە.

پێغەمبەری سەردارمان چەند شەوێک نوێژی تەراویحی ئەنجامداوە، دواتر بە هۆی ئەوەی نیگەرانیەکی وەک ئەوەی ئەمە بەسەر موسوڵمانانەوە وەک فەرزی لێبێت و توانای ئەنجامدانیان نەبێت، بە باشتری زانیوە کەوا بە تەنیا نوێژەکە ئەنجام بدات. بەڵام بە هاوەڵانی خۆیشی وتووە” هەرکەسێک بە ئیمانەوە نوێژی مانگی ڕەمەزان (تەراویح) ئەنجام بدات و تەنیا لە پەروەردگاریشی چاوەڕێی پاداشتەکەی بێت، لە گوناحەکانی ڕابردووی دەبوردرێت”، بەم شێوەیە هاوەڵانی بۆ ئەنجامدانی ئەم نوێژە هانداوە.

رەسولی ئەکرەم لە یەکێکی تر لە فەرمودەکانیدا بەم شێوەیە باسی سونەت بوون و گرنگی نوێژی تەراویحی کردووە:

الله ڕۆژووی مانگی ڕەمەزانی لەسەر ئێوە فەرز کردووە. منیش هانی ئێوەم بۆ ئەوە داوە لە شەوەکانی مانگی ڕەمەزاندا هەستان(نوێژی تەراویح) ئەنجام بدەن. هەرکەسێک بە ئیمانەوە ئەم ڕۆژووە بگرێت و تەنیا لە پەروەردگاریشی چاوەڕێی پاداشتەکەی بکات، دواتر شەوانەش بۆ نوێژکردن هەڵبستێت، وەک ئەو ساتەی لە دایک بووە، لە گوناحەکانی پاک دەبێتەوە”.

ئەنجامدانی نوێژی تەراویح بە جەماعەت، سونەتی کیفایەتە، واتە پێویستە لە کۆمەڵگایەکدا لایەنی کەم لە مەجلیسێکدا ئەم نوێژە جەماعەت ئەنجام بدرێت. سەلام دانەوە لە دوای ئەنجامدانی دوو ڕکات، فەزیڵەترین شێوازی ئەم نوێژەیە. لە نێوان ئەم دوو ڕکاتە دەشێت سەڵات و سەلام بخوێنرێت، یان ناوە جوانە ئیلاهیەکان دووبارە بکرێتەوە و، هەریەک لە نزاکانی “حزب الحصین” و “حزب المعصون” بخوێنرێتەوە.

لە ڕۆژگاری ئەمڕۆماندا هەندێک بە گوێرەی گێڕانەوەیەک کەوا لە دایکە عائیشەمانەوە گێڕدراوەتەوە، پێداگری لەسەر ئەوە دەکەن کە نوێژی تەراویح لە ٨ ڕکات پێکهاتووە. ئەمە لە کاتێکدایە ئیبنی عەباسیش ئەوە دەگێڕێتەوە کەوا سەردارمان ٢٠ ڕکات نوێژی تەراویحی لەگەڵ ٣ ڕکات نوێژی وەتردا ئەنجامداوە. ئەمە لە کاتێکدایە هاوەڵانی سەردارمان کۆدەنگی کردەییان لەم بابەتەدا هەیە. هەربۆیە تەراویح بە گوێرەی هەریەک لە مەزهەبەکانی شافعی، حەنەفی، حەنبەلی لە ٢٠ ڕکات پێکهاتووە. لە مەزهەبی مالیکیشدا، دوو ڕای جیاواز لە نێوان ئەوەی ٢٠ ڕکات هەتا ٣٦ ڕکات بێت، بوونی هەیە. بەڵام ئەو ڕایەی کەوا دەڵێت ٢٠ ڕکاتە، لە نێو مەزهەبی مالیکیدا زیاتر باوە. لەسەر ئەم بنەمایانەش، ئەوانەی زۆر پیرن و نەخۆشن، لایەنی کەم گەر توانایان هێندە بێت، دەتوانن ئەم ٨ ڕکاتە ئەنجام بدەن. بەڵام ئەو ئیماندارانەی هێز و توانایان لە شوێنی خۆیدایە، دەبێت هەر ٢٠ ڕکاتەکە ئەنجام بدەن.

زاناکان ئاماژەیان بەوە داوە، خەتم کردنی قورئان لایەنی کەم لە نوێژە تەراویحەکاندا سونەتە و، زیاتر لە جارێکیش کارێکی فەزیڵەتدارە. سەلەفی ساڵحین بە درێژایی مانگی ڕەمەزان، لە نوێژی تەراویحدا هەموو قورئانیان خوێندووە، یاخود لە دوای کەسێکەوە نوێژیان ئەنجامداە کە هەموو بخوێنێتەوە. بەڵام سەردەمەکانی دواتر، بە لەبەرچاوگرتنی حاڵی گشتی مرۆڤەکان، ئەنجامدانی نوێژی تەراویحیان بە شێوەیەک بە باش زانیوە، کەوا مرۆڤەکان لە مزگەوت دوور نەخاتەوە.

کاتێک نوێژی تەراویح ئەنجام دەدرێت، ئیدی سورەتە کورتەکان بخوێنرێت یاخود بە گوێرەی خەتمی قورئان بخوێنرێنەوە، پێویستە ئایەتەکان لەسەر شێوازی تەرتیل بخوێنرێتەوە  و، هەستان و دانیشتنی ناو نوێژەکە بە ڕێک و پێکی(تعدیل الارکان) ئەنجام بدرێت. مەگەرنا وەک ئەوەی لە پێشبڕکێدا بیت، ئایەتەکان بە خێرایی بخوێنیتەوە و سوجدە و ڕکوعەکان بەسەریەکدا تێکەڵ بکەیت، هەرگیز شێوازێکی ڕاست نیە.

بە داخەوە لەم ساڵانەی دوایدا لە نێو خەڵکدا دەستەواژەی “مەلا تەیارە” سەری هەڵداوە، کارگەلێک ئەنجام دەدرێت کەوا زیان بە تەندروستی و جددیەتی نوێژی تەراویح دەگەیەنێت. کەسانی ئیماندار پێویستە لەم بابەتاندا بە دیقەت بن، واتە ئایەتەکان لەسەر شێوازی تەرتیل بخوێننەوە و هەستان و دانیشنەکانی ناو نوێژیان بە ڕێک و پێکی ئەنجام بدەن.

 

پرسیار: بۆ ئەوەی لە مانگی قورئاندا لە سایەی قورئانەوە سەرلەنوێ ژیان بدۆزینەوە، پێشنیاری چی دەکەن؟

وەڵام: تەنانەت ئەو کەسانەی بە درێژایی ساڵ لە قورئان دوور کەوتوونەتەوە، لە هەرێمی نورانی ڕەمەزانی کەریمدا، لە نێو تینوێتیەکی زۆر جددیدا، بەرەو قومدان لە کەوسەری کەلامی ئیلاهی رادەکەن. چونکە لەم مانگی لێخۆشبوونەدا، لە هەموو شوێنێک ئەوەی بە شێوەیەکی بەربڵاو ئەنجام دەدرێت، بریتیە لە خوێندنەوەی لەسەر شێوازی “مقابلة”.  

بە گوێرەی یەکێک لە ڕیوایەتەکان، بۆ پارێزگاریکردن لە قورئانی کەریم بەو شێوەیەی لەلایەن الله وە دابەزیوە، بۆ چەسپاندنی ڕیزبەندی ئایەت و سورەتەکان، هەموو ساڵێک لە مانگی رەمەزان و، بە گوێرەی ڕیوایەتێک لە شەوەکانی مانگی رەمەزاندا، جوبرەئیل دەهاتە حزوری پێغەمبەری خودا. پێغەمبەری خودا ئایەتەکانی بۆ حەزرەتی جوبرەئیل دەخوێندەوە و ئەویش گوێی لێدەگرت.  

هەربۆیە ئەم شێوازی خوێندنەوەیەی نێوان تابلۆی شانازی مرۆڤایەتی و جوبرەئیلی ئەمین، کە بەرامبەر یەکتری خوێندوویانە، بە “مقابلة” ناوبردووە. هەم وەک پشاندانی ڕێز بەرامبەر ئەو یادەوەریە پیرۆزە، هەم بە هۆی ئەوەی قورئان لەم مانگە پیرۆزەدا دابەزیوە و، مژدەی ئەوە دراوە کە خوێندنەوەی چەندین قات پاداشتی کاتەکانی تری هەیە، ئیمانداران بە درێژایی مانگی ڕەمەزان، لە مزگەوت و مالەکانیان لەسەر ئەم شێوازی “مقابلة” یە دەیخوێننەوە و، ئەمەشیان وەک عادەتێکی جوانی خۆیان لێکردووە.

سەلەفی ساڵحین خەتمکردنی قورئانیان لە هەر مانگێکدا، وەک کەمترین ئاستی وەفا بەرامبەر قورئان ئەژمار کردووە، ئاماژەیان بەوە داوە هەرکەسێک مانگی جارێک خەتمی نەکات، ئەوا بە شێوەیەکی وەفادارانە مامەڵەی لەگەڵدا نەکردووە، وەک کەسێک لە قەڵەمیانداوە کەوا دەستبەرداری بووە. لەم ڕوانگەیەوە پێویستە ڕۆژەکانی مانگی ڕەمەزان هەڵبسەنگێنین و لایەنی کەم خۆمان لەسەر ئەوە ڕابهێنین کەوا مانگی جارێک خەتمێکی قورئان بکەین، ئەمەش بۆ ئێمە وەک دەستپێکێکی لێبێت و، هیچ نەبێت لەمەودوا بەرامبەر کەلامی ئیلاهی بە وەفا بین.

لە ڕاسیتدا ئەوانەی نایزانن، پێویستە هەموو کاتێک بە دوای فێربوون و تێگەشتنیەوە بن. ئەوانەشی دەیزانن، تەواوی هێزی ئیدراک و ئیحساسیان لە فێرکردن و گوزارشتکردنی ڕاست و دروستی ئەو بابەتەدا بەکاربهێنن و، هەوڵی ئەوە بدەن خوێندنەوە و تێگەشتن لەو بە شێوەیەکی بەرفراوانتری لێبێت. چونکە ئەو گەورەترین دیاری الله یە کەوا پێشکەشی ئەقڵ و ئیدراکی مرۆڤەکانی کردووە هەتا لێیتێبگەن و بۆ کەسانی تری باس بکەن. خوێندنەوەی قورئان و تێگەشتن لە واتاکەی، هەم ئەرکی سەرشانە و هەم قەدرشناسیە، تێگەیاندنی ئەمەش لەو دڵانەی کەوا ئاتاجی نوری ئەون، نیشانەی ڕێز و وەفایە.

لەم ڕوانگەیەوە گەر خوێندنەوەی قورئان نەزانین، مانگی ڕەمەزان بکەینە هۆکارێک و بە دوای ڕێگاکانی فێربووندا بگەڕێین، خۆ گەر بتوانین کەلامی ئیلاهی بخوێنینەوە و لە واتاکانی تێنەگەین، پەنا بۆ کتێبەکانی تەفسیر ببەین کەوا هەندێک زیاتر لە ڕاڤەکردنی، ئایەتەکانیش ڕوون دەکاتەوە، یاخود لەمە باشتر بریتیە لەوەی پەنا بۆ تەفسیرە جددیەکان ببەین، ئەمەش دەبێتە هەڵسەنگاندنێکی جوانی مانگی ڕەمەزان. وەک شوێنکەوتنی سەلەفی ساڵحین، بە دڵ و گوێ خۆمان ئاراستەی قورئانی کەریم بکەین، بەرامبەر ئەم کەلامە ئیلاهیە دەرگاکانی دڵمان هەتا دوا رادە بخەینە سەر پشت، لە بابەتی تێگەشتن لە تایبەتمەندیەکاهی بەدەستهێنانی ڕەزامەندی الله، هەوڵ و کۆششمان بە شێوەیەکی شایستە لەگەڵ مانگی ڕەمەزان، بخەینە ڕوو.

 

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *