چەند پێودانگێکی بەندایەتی

مرۆڤ لە ژیانی بەندایەتیدا نە دەبێت بکەوێتە ناو هیوابڕاوییەوە، نە دەبێت بە شێوەیەکی دەراسا متمانەی بە خۆی هەبێت. دەبێت هەردەم ئاگای لەو تاوانانە بێت کەوا ئەنجامی داوە، هەرگیز ئەوەش لەبیر نەکات کەوا دەشێت خودا کاری جوان بە کەسانی تاوانباریش ئەنجام بدات. کەسێکیش بەم شێوەیە بیری بکاتەوە، چاکە و ڕووتێکردنەکانی جەنابی حەق ناباتەوە سەر خودی خۆی. کاتێک بە شتانێکی جوان دەگات، دەبێت بڵێت” لە ڕاستیدا لەسەر ئەم زەمینە چەپەڵە و لەم کێڵگە بێپیتەدا ئەم گوڵانە ناڕوێن. کەواتە ڕووتێکردنێکی تایبەتی جەنابی حەق لەم بابەتەدا هەیە”. کەسێکیش کەوا بەم شێوەیە سەیری خۆی بکات، هەم لە بابەتی شوکرانەبژێریدا کەموکورتی نابێت، هەم توشی غرور نابێت.

بابەتی ئەوەی خودا کاری گەورە بە شتانێکی بچوک ئەنجام دەدات، مەزنێتی ئەو دەردەخات. ئەو تەنانەت لە ڕێگەی مرۆڤگەلێکەوە کەوا هەڵنوتیون و کەوتون و توشی ڕوخان و پەرێشانی بوون، دەشێت کاری دەراسایان پێ ئەنجام بدات. دەشێت لەسەر دەستی ئەوان شار و وڵاتێک ئاوەدان بکاتەوە، هەوڵ و تێکۆشانەکانیان بەرهەمدار بکات. مرۆڤ ئەو کاتەشی  خۆی وەک جێدەرکەوتی شتانێکی دەراسا بینی، نابێت لەڕێ لابدات و خۆی بەدەم  تەوژمی هەندێک بیرکردنەوەی چەوتەوە بدات.

**

ئەو دۆڕانانەی لە تافی بردنەوەدا ڕوودەدەن

پارێزگاری لەسەر ڕۆشتنی ڕێگە ڕاستەکە(الاستقامة) لە کاتی بردنەوە و بەدەستهێنانی سەرکەوتندا، کارێکی هەروا ئاسان نیە. زۆرن ئەوانەی لەم کاتانەدا توشی دۆڕان دەبن. بۆ نمونە کەسێک کەوا ١٠ کەسی لە چواردەوری خۆی کردۆتەوە، لە پڕێکدا دەست دەکات بەوەی خۆی بە وەلی ببینێت. خۆ گەر کەسەکانی چواردەوریشی بە شانوباڵیدا هەڵبدەن و بیبەن بە ئاسماندا، ئەوا لەسەر بنەمای گومانی باشی کەسەکانی چواردەوری، زیاتر باوەڕ بەو مەقامانە دەکات کەوا بە بەری خۆی بڕیوە و ئەمجارەیان چاو لە قوتببوون و غەوسبوون دەبڕێت. هەربۆیە دەشێت داماوێکی لەم شێوەیە وەها گومان بە خۆی ببات کە غەوسبوون و قوتببوونی پێکەوە بەدەستهێناوە. تەنانەت لێرەشدا ناوەستێت و دەکەوێتە بانگەشەی مەهدیبوون و مەسیحبوون، لە حاڵێکدا مافی ئەوەی نیە بە زەویدا بڕوات وەها خۆی دەبینێت کەوا لە ئاسماندا دەفڕێت. ئیدی لە پڕێکدا توشی دۆڕانی یەک لە دوا یەک دەبێت. هەربۆیە هەندێک جار گەورەترین ئیحسانی پەروەردگار لەگەڵ بەندەکانی ئەوەیە کە نەهێڵێت هەست بە ئیکرامەکانی بکەن.

گەر دیسان بگەڕێینەوە سەرەتا، کەسێک کەوا هەردەم ئاگای لە گوناح و هەڵەکانی خۆیەتی و هەرگیز لە فکری خۆیی دەرناکات، خۆی ناخاتە ناو بانگەشەی گەورەوە. نەک ئەوەی خۆی بکاتە خاوەنی مەقامگەلێکی وەک غەوسبوون و قوتببوون، بەڵکو ئەوەش بە خۆی ڕەوا نابینێت کە حسابی مرۆڤێکی ئاسایی بۆ خۆی بکات. کاتێک زەویگەلێکی بێفەڕ دەبینێت کەوا لە پڕێکدا وەک گوڵستانیان لێهاتووە دەڵێت” هیچ شتێک لە دەستی من نایەت، بەڵام هەرچۆنێک بووە الله ورشەی بوونی لە نەبوونییەوە دەرهێناوە!”. کاتێک ئەم کارەش ئەنجام دەدرێت، نابێت وەک ڕەوتی مەلامیەکان بکرێت. ئەوانیش بۆ ئەوەی خۆیان لە خۆبەگەورەزانین بەدوور بگرن و سنوری خۆیان نەبەزێنن، ئەنجامدانی هەندێک گوناحیان بە پێویست دەزانی و بەم هۆیەوە کەوتنە ناو هەڵەوە. ئەمەش لادانێکی ترە. ئەو شێوازەی لە کەسی ئیماندار دەوەشێتەوە، بریتیە لەوەی لەلایەک بۆ ئەوەی نەکەوێتە چەپەڵییەوە هێندە هەستیارانە بژی کەوا تاڵە موویەک بکات بە چل پارچەوە، لەلایەکی ترەوە بتوانێت ئەو لایەنە پیسانەی هەیەتی بە چاوی بیبینێت. لە ڕاستیشدا ئەو گوناحانەی مرۆڤ بە بێ ئاگایی ئەنجامی دەدات، بۆ نمونە کاتێک گوێ بۆ قسەیەکی هەڵە دەگرێت، یان هەنگاو بەرەو گوناحێک دەنێت، یان ئەوەی قسەیەکی درۆی لەدەم دەردەچێت، بەسە بۆ ئەوەی بەم هۆیەوە سەرزەنشتی خۆی بکات. تەنانەت گەر هەزار جاریش تۆبە لە تاقە گوناحێکی بکات، نابێت هیچ کاتێک ئەو گوناحەی لەیاد بکات و دەبێت هەردەم بە زیندوویی لە یادگەیدا بیهێڵتەوە. کەسێکیش بتوانێت ئەم کارە بکات، ئەوا ئەو سەرکەوتنانەی جەنابی حەق وەک لوتفی خۆی پێیداوە، بۆ هەوڵ و تێکۆشانەکانی خۆی ناگەڕێنێتەوە.

تێبینی ئەوەی خۆت بە مەعسوم بزانیت، واتە خۆت بێ هەڵە و پەڵە ببینیت، بە نیسبەت مرۆڤەوە زۆر مەترسیدارە. تەنانەت پێغەمبەران کەوا “مەعسومبوون” یەکێک لە گرنگترین سیفاتەکانیان بووە، لە بەردەمی خودادا هەڵلەرزیون و هەرگیز نەکەوتونەتە ناو بێباکییەوە. لەم ڕوانگەیەوە پێویستە مرۆڤ جەنگ بەرامبەر فکرەیەکی لەم شێوەیە ڕابگەیەنێت. واتە لەلایەکەوە پێویستە حەقی ئیرادەی خۆی بدات و بۆ ئەوەی ژیانێکی مەعسومانەی هەبێت هێندەی گیانی دەربچێت لە تێکۆشاندا بێت، بەڵام لەلایەکی ترەوە هەرگیز خۆی بە پیر و پاک نەبینێت.  زۆر گرنگە مرۆڤ سنوری خۆی بزانێت. بەدیعوزەمان قسەیەکی لەو شێوەیەمان بۆ دەگێڕێتەوە کە دەڵێت” چەند بەختەوەرە ئەو کەسەی سنوری خۆی دەزانێت و دەستدرێژی لێ ناکات”. هەموومان مرۆڤگەلێکین کەوا لە گۆشت و ئێسقان دروستکراوین و نەفسمان هەیە. شەیتانێک هەیە کەوا بەردەوام هەوڵی لە خشتەبردنمان دەدات. ناشکرێت ئەوە بڵێین کەوا لە کۆمەڵگایەکی زۆر پاکدا پەروەردە بووین. ئەو کۆڵانانەی تێیدا دەسوڕێینەوە، شتانێکی هێندە چەپەڵی تێدایە کەوا بە بەڵای گشتی ناوببرێن و بەسە بۆ ئەوەی داوێنمان پیس بکەن. نەک ئەوەی دامێنمان پیس بکەن، بەڵکو هەندێکمان هەتا بینەقاقای لە پیسیدا نقوم بووە. مومکین نیە بەم حاڵەی ئێستامانەوە شتێکمان لێ دەربچێت. بەڵام هەرچیەک بێت، ڕەحمەتی فراوانی جەنابی حەق، کارگەلێکی زۆر جوانی بە موجریمگەلێکی وەک ئێمەش ئەنجامدا.

کەسێک لەو شعورەدا بێت کەوا هەست بە لوتف و نیعمەتەکانی خودا بکات، هەرگیز سنوری خۆی نابەزێنێت و پێ لە بەڕەکەی خۆی زیاتر ڕاناکێشێت. هەتا ئەو کاتەی لە ئاسۆیەکی بێگەردی تەوحیدی لەم شێوەیەوە سەیری بابەتەکان بکەین، خوداش لە لوتف و ئیحسانەکانی خۆی بەردەوام دەبێت.

 

لەلایەکی تریشەوە، مرۆڤ نابێت بە هۆی گوناحەکانیەوە توشی هیوابڕاوی بێت. تەنانەت کەسێک کەوا هەتا بینەقاقای لە نێو پیسایشدا سوڕابێتەوە، نابێت هیوای لە جەنابی حەق بپچڕێنێت. وەک لای هەمووان زانراوە، پێغەمبەری خودا کاتێک گوێی لە قسەی نەشیاوی هەندێک کەس دەبێت کەوا بەرامبەر کەسێک دەیکەن کە گوناحێکی ئەنجامداوە، یەکسەر لەوێدا وەڵامیان دەداتەوە و ئاماژە بەوە دەکات کە ئەو کەسە خودا و پێغەمبەرەکەی خۆش دەوێت. لەم سۆنگەیەوە، پێویستە مرۆڤ بێ ئەوەی سەیری گەورەیی ئەو گوناحانە بکات کەوا لە ڕابردوودا ئەنجامی داوە، هەوڵی خۆشویستنی پێغەمبەر و خودا بدات و لەسەر ڕێگەی ئەوان بەردەوام بێت. دەبێت بڵێت” خودایە من لە ئیعرابدا مەحەلێکم نیە، بەڵام خۆت دەتوانیت ئەو مەحەلەم پێ بدەیت!”، گەورەیی و مەزنێتی بۆ تاقە سوڵتانی بازنەی ئولوهیەت و ڕبوبیەت بگێڕێتەوە، بەردەوامی بە وابەستەیی و خۆشەویستی خۆی بۆ حەزرەتی محمد بدات کەوا گەورەترین بانگەوازکەری ئەو بازنەیەیە. ئەگەر لە تواناشیدا بێت، خۆشەویستی بۆ خودا و پێغەمبەرەکەی لە ڕێگەی موناجات و سروودەوە دوپات بکاتەوە. نابێت ئەو گوناحانەی ئەنجامی داوە ببێتە ڕێگر لەوەی کارێکی لەم شێوەیە ئەنجام بدات. شەیتان و نەفس دەشێت گوناحەکانی خۆی پیشان بدەنەوە و ئەویش خۆی لە شوێنێکی زۆر دوور لە خودا ببینێت. بەڵام ئەو دەبێت بەم هەست و هزرەوە هەردەم ئەوە بزانێت کەوا لە نزیکی ئەو بسوڕێتەوە.

**

ڕۆحە نارسیستەکان

کاتێک لە مێژوودا سەیری ژیانی دۆستانی حەق دەکەین، ئەوا ئەوە بەدی دەکەین کەوا خۆیان تەختی زەوی کردووە و هێندەی یەک گەردیلە نرخیان بۆ خۆیان دانەناوە. گەورەیی ڕاستەقینەش هەر لێرەدایە. ئەو مرۆڤانەی لە بانگەشەی منێتیدان، مومکین نیە بگەن بە شوێنێک. ئەو مرۆڤانەی خۆپەرستی و ئەنانیەتیان هەیە، لەبەر ئەوەی هەردەم هەست بە پێویستی گوزارشتکردن لە خۆیان و  خستنە ڕووی جیاوازی دەکەن، ناتوانن خۆیان لە فەنتازیاکانیان ڕزگار بکەن. ئەوان حەزیان لەو وتە و فکرانە نیە کەوا هەموو کەسێک باوەڕی پێیەتی، لە پێناو ئەوەی کۆمەڵێک فکری جیاواز و ڕەسەن بخەنە ڕوو، هەردەم لە نێو فکرە چەوت و ناڕەسەنەکاندا دەسوڕێنەوە. لە پێناو ئەوەی سەرنجی چواردەوریان ڕابکێشن و حەیرانیان بکەن، بەردەوام هەوڵی خستنە ڕووی فکرگەلێکی دەراسا دەدەن. لە کاتێکیشدا ئەو پەسن و ستایشەیان دەستنەکەوێت کەوا ئارەزوویان کردووە، زیاتر پێ لە بەڕەی خۆیان ڕادەکێشن. گەر ڕاستیەکانیش بەشی ئەوەی نەدەکرد کەوا لە ڕێگەیانەوە خۆیان بخەنە بازاڕەوە، ئەوا لە بەکارهێنانی درۆش وەک ئامراز، خۆیان بەدوور ناگرن.

ئەم ڕۆحە نارسیستانە کەوا مەفتونی فکر، ئەدا و ئەندامی خۆیانن، هەرگیز کاری مرۆڤەکانی تریان بەدڵ نیە. زۆر سەختە ئەم مرۆڤانە دڵیان بە شتێک ئاو بخواتەوە. بەردەوام تەقەڵ لێ دەدەن و لەم لقەوە بۆ ئەو لق بازدەدەن و بە درێژایی تەمەنیشیان ناتوانن ببنە کۆتەرەداری تەورێکیش.

ئەمە لە کاتێکدایە بوونی مرۆڤ لە ڕێگەی دڵۆپە ئاوێکەوە دەستی پێ کردووە. زۆرێک لە ئێمە کاتێک سەیری سەرگوزەشتەی ژیانمان دەکەین و بیر لە گوناح و هەڵەکانمان دەکەینەوە، حاڵی ئەوەمان نیە سەیری ڕووی خۆیشمان بکەین. خودا ئێمەی وەک بەندە ئافراندووە. هەربۆیە گەورەیی ئێمە لەوەدایە کەوا بەندەی ئەو بین. گرنگترین ئەرک لەسەر شانی مرۆڤیش بریتیە لەوەی سوکنایی بێت کە وەک مرۆڤ ئافرێندراوە و تەنیا لە بەندایەتیکردنی ئەودا بە دوای گەورەترین سەربەرزی و شەرەفدا بگەڕێت. مرۆڤ پێویستە هەردەم شوکرانەبژێری ئەو بەهرە ماددی-مەعنەوییانە بێت کەوا جەنابی حەق بە شێوەیەکی جەبری پێی بەخشیوە، هەوڵی ئەوەش بدات لە ڕێگەی عبودیەتەوە شکۆفاییان پێ بدات.

**

قارەمانەکانی خاکەڕاییبوون

خودا پشتی مرۆڤە خاکییەکان دەگرێت و بۆ ئەو شوێنە بەرزیان دەکاتەوە  کەوا شایستەی خۆیانە. هەتا تۆو  نەکەوێتە ناو هەناوی خاکەوە، نابێتە جێدەرکەوتی داباری فەیزی ئەو. ئەو کەسانەی هەردەم ڕوویان لە زەوییە، جەنابی حەق بە لوتفە زۆرەکانی خۆی باڵایەکی بەرزی وەهایان پێ دەدات، ئەوان دەکاتە ڕابەری مرۆڤایەتی. بفەرموون سەیرێکی هەریەک لە شاهی گەیلانی، محمد بەهائودینی نەقشیبەندی، حەسەن شازەلی و عەبدولقادری گەیلانی و حەزرەتی پیری موغان بکەن!وێڕای ئەوەی چەندین سەدە بەسەر وەفاتی هەریەکەیاندا تێپەڕیوە، هێشتا بەچاکە یادی ئەوان دەکەینەوە و هەوڵی ئەوە دەدەین لە ڕێگەی شاکارە ناوازەکانی ئەوانەوە ڕێگەی خۆمان بدۆزینەوە. هۆکاری ئەوەی سیمای هەریەک لەمانە هەردەم بە لەیادنەکراوی ماونەتەوە، بریتیە لەوەی قارەمانی خاکەڕاییبوون و شەرمنی و خۆبەهیچزانین بوون. لەبەر ئەوەی لە جیاتی خۆیان تەواوی هیممەتییان بۆ سەلماندنی خودا بووە، خوداش لاشەیەکی جاویدانی بەهەریەک لەوان بەخشی و خۆشەویستی ئەوانی خستۆتە ناو دڵەکانەوە. لەبەر ئەوەی بە دوای سەلماندنی ڕاستی یەکتاپەرسیتدا ڕایاندەکرد خوداش ئەوان پێچەسپاو کرد و هەریەک لەوانی کردە ڕابەرێک کەوا ڕێگەی بەردەمتان ڕۆشن بکەنەوە. وێڕای ئەوەی چەندین سەدە تێپەڕیوە، بەڵام هێشتا ویردەکانی ئەوان دەخوێنینەوە و لە ڕێگەی ئەو شاکارانەی ئەوان لە دوای خۆیان بەجێیانهێشتووە، هەوڵی چارەسەری کێشەکانی ڕۆژگاری ئەمڕۆمان دەدەین. ئایا سەلمێندرانێکی لەمە جوانتر هەیە؟

مەترسیدارترین شت ئەوەیە، هەستانی مرۆڤە بەو کارانەی گومانی ئەوەیان پێ دەبات کە لێپرسینەوەی لەسەر نیە. بۆ نمونە هەندێک جار ئەو کارە جوانانەی ئەنجامی دەدەین بە خۆمانیانەوە دەبەستینەوە و بێ ئەوەی ئاگامان لە خۆمان بێت ناشرینیان دەکەین. گەر بەو تێبینیەشەوە ئەنجامی بدەین کەوا هیچ کارێک نیە شان بدات لە شانی، ئەمە هەر لە دونیادا ژیانی دڵ و ڕۆحتان ئیفلیج دەکات، هیچ شتێکیش نامێنێت کەوا بۆ ئاخیرەتی بەجێبهێڵن. گەر وتەکانمان سەبارەت بەو بن و کارەکان لە پێناو ئەودا ئەنجام بدرێن، ئەوا لەوێدا پێویستە خۆتان بسڕنەوە. سەختترین شتیش ئەوەیە مرۆڤ خودی خۆی بسڕێتەوە. مرۆڤ دەشێت زەڕب بەسەر زۆر شتدا بهێنێت و لای خۆی بیسڕێتەوە. گەورەترین کێشەی مرۆڤ هەر خودی خۆیەتی. باسکردن و تێگەیاندی ئەم بابەتانە لە ڕووی نەزەرییەوە کارێکی ئاسانە. بەڵام ئەوەی لێرەدا گرنگە ئەو شتانە لە دونیای هەست و هزری مرۆڤدا ڕوودەدەن.

 

لە تەواوی ئەم بابەتانەدا پێویستمان بە خۆ نوێکردنەوە هەیە. پێویستە هەموو ڕۆژێک بیرکردنەوە و تێبینیەکانمان بە نێو پێودانگی خۆیاندا تێپەڕێنین و لەسەر سەنگی مەحەکی خۆیان دایانبنێنین، چاوێک بەوەدا بخشێنینەوە کەوا چیین و لە کوێدا وەستاوین و بە چی حاڵێکدا تێدەپەڕین. ئەگەرنا لادان لەڕێگە کارێکی حەتمی دەبێت. لەمەش مەترسیدارتر ئەوەیە زۆرینەی کات تەنانەت هەست بەو لادانانەش ناکەین کەوا تێیکەوتووین. لە حاڵێکدا کەوا توشی هەڵخلیسکانی جددی بووین و بەرەو غەزەبی ئیلاهی ملی ڕێگەمان گرتووە، خۆمان لە نێو ئەمنیەتدا دەبینین.

زۆرینەی کات بەرزەفتی ئەقڵ و هەستی خۆمان پێناکرێت و نازانین بە دوای چ وەهم و پلانێکدا ڕادەکەین. بۆ نمونە دەشێت لە کارە دونیاییەکاندا بکەوینە ناو تەماعکاری و هەردەم بە هەڵپەی قازانجەوە هەستین و دانیشین، شەیدایی بۆ ژیانی دونیا سەراپای بوونمان دابگرێت. ئەگەرچی ئەم جۆرە هەست و هزرانە لە نێو ڕیزی گوناحە گەورەکانیش ئەژمار ناکرێن، هیچ گومان لەوەدا نیە کەوا بە گوێرەی ئەو پێگەیەی تێیدا وەستاوین بەرامبەر پەروەردگارمان بێڕێزییە. لەم سۆنگەیەوە، بۆ ئەوەی لە تەواوی ئەم مەترسیانە بەدوور بین، پێویستە بەردەوام چاومان بە پەیوەندیەکانمان لەگەڵ جەنابی حەق بخشێنینەوە و هەڵسوکەوتێکی شیاو بە بەندایەتی خۆمان بخەینە ڕوو.   

 

      

 

 

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *