ڕزینی ناخ و ڕێگاکانی نۆژەنکردنەوەی بەشی سێهەم

لەم بابەتەدا یەکەم هەنگاوی “زیندووبوونەوەیەکی پاش مەرگ”ی موبارەکی لەو شێوەیە، لە ڕێگەی پەیوەندی ئەفرێنەر-ئەفرێندراو لەگەڵ حەزرەتی الله بەدیدێت؛ بە دیاریکردنێکی دروستی شوێنی خۆمان وەک مرۆڤ لە نێو بووندا و، بێ هەڵە چیەتی مرۆڤ وەک پێڕستێک بخوێنینەوە و، وەک وردبینێک لە خوێندنەوەی گەردون و شوێنەکاندا بەکاریبهێنین، هەروەها وەک دووربینێک بەکاریبهێنین و، وابەستەی ئەوەیە دووبارە و سێبارە شت و ڕووداوەکان بە شیکاریدا تێبپەڕێنینەوە. لە ڕێگەی هێنانەدی تەواوی ئەم تایبەتمەندیانە بگەین بە زیندووبوونەوە و، ئەو میحرابەی کەوا پشتمان تێکردووە بە تەواوی دیاری بکەین و، ئەو کەعبە ڕاستەقینەیەی کەوا بە هۆی تەمومژ و دووکەڵەوە لە سینەماندا ناڕوون بووە، بە جوانی ببینین و، ئیدی لە سایەیەی ئەمەوە لە ژێر ناونیشانی یەکێتی قیبلە بە ڕووی سازان و ڕێکەوتندا بکرێینەوە و، ئەمەش وەک بانگهێشت و نزایەک بۆ هاتنی سەرکەوتنی ئیلاهی ئەژمار بکەین و لە دڵمانەوە بە وتنەوەی ” یا غوث”، هەوڵی وێناکردنی پێگەی ڕاستەقینەی خۆمان بدەین/ دەبێت بیدەین…

بابەتی بیرکردنەوەی سیستەماتیزەییانە، سەیرکردنێکی نەخشەخوێنەرەوانە، لێپرسینەوەی سەرلەنوێی ئەو شتانەی کەوا دەیزانین، ڕزگاربوون لە کاریگەری جادووبازی لاسایکردنەوە، خستنە ژێر پێی لایەنە چەپەڵەکانی وەک خۆبەگەورە زانین، لوتبەرزی، شانازیبەخۆوە کردن و خۆپەرستی؛ بنەمای سەرەکی ئەم پێکهاتە و زیندووبوونەوەیە، کە بێ ئەوان بوونی نیە و نابێت.  ئەوانە لە هەموو هەستان و دانیشتنێکیاندا هەر دەڵێن “من”، ئەوانەی بە هۆی نەخۆشی و تای خۆ بە گەورەزانینەوە گیریان بە خۆیانەوە خواردووە و ناتوانن خۆیان تێپەڕێنن، ئەوانەی بە هۆی چاوەڕوانیکردنی چەپڵە و ستایشەوە ئاسۆی خۆیان ڕەش کردووە، ئەوانەی بە هۆی بەرژەوەندی و قازانجی خۆیانەوە دوای هەندێک ڕۆحی سووک کەوتوون و خۆیان وەک زەنگۆڵەژەنی ئەوان لێکردووە، ئیمکان نیە ئەم کەسانە ببنە خۆیان و هەربۆیە چاوەڕوانی شتێکیش لەم جۆرە کەسانە، کارێکی بێ هوودەیە.  لە ڕاستیشدا تەواوی ئەم تایبەتمەندیانەی لە سەرەوە ئاماژەی پێدرا، هەریەکەیان بۆ خۆیان نەخۆشیەکی بێ دەرمانن کەوا چاو کوێر دەکەن، گوێ کەڕ دەکەن، دڵیش وەک پارچە گۆشتێکی قێزەون لێدەکەن، تەنیا چارەسەرێکیش هەیانبێت ئەوەیە حەقی ئیرادەیان بدەن و، چارەنووسیان بۆ چاودێریەکی زیادەی ئەو(الله) بەجێماوە. ئەوان گەر بە ڕادەی خۆی هەوڵ و کۆششیان نەخەنە گەڕ و دەستی لوتف و بەخششی ئەولاکان بە فریایان نەکەوێت، ئەم نەخۆشیە مەعنەویانە کە توشی ئەنەتۆمی مەعنەوی مرۆڤ دەبێت، هەتا دەیانباتە ناو گۆڕ و بگرە زیاتریش لەوە، دەست و یەخەیان بەرنادات. کەسانێکی لەم شێوەیە سەرەڕای تەواوی ڕێگاکانی خۆ زیندووکردنەوە، خۆیان دەخەنە ناو زەلکاوی ئەو بازنەی گەندەڵیەی کە یەک لەسەر یەک دێتە پێشیان و، لە ڕووی ژیانی دڵ و ڕۆحیانەوە بەرەو نەبوونی خلۆر دەبنەوە، بە تێکچوونێکی زنجیرەیدا تێدەپەڕن و دەکەونە ئاستی نزمترینی بوونەوەرەکانەوە. تیمسالی “احسن التقویم”ی مرۆڤ کەوا چیەتیەکی هێندە مەزنی هەیە، کە تەنانەت لە توانایدایە فریشتەکانیش بخاتە نێو ئیرەیی بردنەوە، کاتێک خۆی دەخاتە نێو چارەنوسێکی خراپی لەم شێوەیەوە، سەرەڕای ئەوەی لایەنێکی باڵادەستی بەسەر ڕۆحانیەکانیشدا هەیە، بە ڕادەیەک قێزەونە شەیتانەکانیش دەخاتە نێو قێز و بێزەوە.  ئەم کەسانە کەوا لە خۆیان و جبەخانەکەیان و پێگەی خۆیان بەرامبەر الله بێ ئاگان، وەک خۆیان دەخەنە حاڵێکی سووکی لەو شێوەیەوە، لە هەمان کاتدا لەبەر ئەوەی چیەتی مەزنی خۆیان لە ڕووی ئامانجی ئەفراندنیانەوە تێکدەدەن و دەیشوێنن، لەلایەن ئەهلی زەوی-ئاسمانەوە بە لەعنەتەوە یاد دەکرێنەوە. بەڵێ، ئەمەش سەرئەنجامی نەزانینی پێگە و نرخی خۆتە لەلای جەنابی حەق و، بە سووک تەماشاکردنی خودی خۆتە. یەکێک لە شاعیرە میلییەکانیشمان زۆر جوان باسی چیەتی مرۆڤی کردووە کە دەڵێت:

ئەی مرۆڤ تۆ هێشتا لە بوونی خۆت ئاگادار نیت

دەتوت ” بێگومان منیش بوونێکم هەیە” ئەگەر بزانیت

عالەمەکان لە تۆدا پەنهانن و جیهانەکان لە تۆدان…

ئەگەرچی زانینی ئەمەش بەم شێوەیە، وابەستەی ئەوەیە بە شێوەیەکی گشتگیرانە سەیر بکەیت، هەموو شتێک بە چیەتی ڕاستەقینەی خۆیەوە هەڵبسەنگێنیت، بە شێوەیەکی زۆر قوڵ تێبفکرێێت و قاڵ ببیتەوە و تێڕابمێنیت. مرۆڤ تەنیا بە هۆی ئەم ڕێگە و شێوازە دەتوانێت بە دروستی خۆی بخوێنێتەوە، کاتێک خوێندیشیەوە، دەگاتە بیرکردنەوەیەکی بەرفراوانی ناوازەی وەها، کە هەواری خۆی لەسەر ترۆپکی لوتکەکانی هەڵبژاردەی بەرگوزیدە “ مصطفى الأخيار” هەڵبدات. کە هەواری خۆیشی لەوێ هەڵدا، ئیدی لە دونیا و ئەوەی تێیدایە، لە جوانی و باقوبریقەکەی ڕزگاری دەبێت. ئیدی چەشنی قومری لە شەقەی باڵ دەدات و بەرەو ئاسمانە بێ کۆتاییەکان دەفڕێت… جیهانی ناوەوەیان لە ڕێگەی قوڵاییەکانی تایبەت بە خۆیانە، دەخەنە ژێر تێڕوانینەوە… ئیدی دەست دەکەن بەوەی لەتیفەی ڕەببانییان(دڵ) بە تەواوی ڕەنگ و ڕووتەختی چاو حەیرانکەریەوە، دەخەنە ژێر خوێندنەوە…خۆی فڕێ دەداتە ناو خوێندنەوەی دێڕ بە دێڕی ئامانجەکانی ئەفراندنیەوە…کورتانی خۆپەرستی سەر پشتی فڕێ دەدات؛ لەبەرخۆیەوە دەڵێت”حەق” و بە ئاڕاستەی ئەوەی دوورێتی خۆی لەوەوە تێپەڕێنێت، ملی ڕێگە دەگرێت. لە ڕێگەی تەشریفات لێکردنی ڕۆحانیەکانەوە دەگات بە خاڵی دەست پێنەگەشتووی وەها، ئیدی تف لە دەموچاوی ناشرینی تەواوی باقوبریق و فەنتازیە دونیاییەکان دەکات. ئیدی لەسەر شاڕێگاکانی خۆ دۆزینەوە و خۆ کەشف کردن دەژی و، قوم لە دوای قوم لە درەوشانەوەکانی دەرکەوتی(تجلی) جەنابی حەق دەدات و، کاسە لە دوای کاسە ئاوی کەوسەرەکان نۆش دەکات… ساتی وەهاش هەیە، بە شنەبای عەشق و تامەزرۆییەوە چەشنی دار سنەوبەرەکان شنە شنی دێت… کاتی وەهاش دێت، چەشنی ئەو بولبولانەی لەسەر لکی گوڵان چریکەیان دێت، نەغمەی  هۆشبەرانە پێشکەشی چواردەوری خۆی دەکات… لەگەڵ ئەوەی جوانییە درۆینەکانی دونیای لەبەرچاو دەکەوێت و دەسڕێنەوە، حۆری و غیلمانەکانی ناو بەهەشت، کۆشک و تەلار و قەیماغ و هەنگوینەکانی ئەوێشی لەبەرچاو دەکەوێت. ئیدی هەمیشە بە وتنەوەی “هو” هەڵدەستێت و دادەنیشێت، بە زمانەکەی یونس ئێمرەش دەڵێت ” من هەر تۆم پێویستە” و دەناڵێنێت.

ئیدی تێناگات لەوانەی هەر “دونیا، دونیایانە” و دەناڵێنن، لەوانەی لە ڕازاوەیی ئەم دونیا درۆینە ڕزگاریان نەبووە، بە هیوادرێژیی و وەهمی ژیانی ئەبەدی ناو دونیاوە بە هەڵەدا چوون، ئەوانەی ژیانی ئاخیرەت نادیدە دەگرن و کۆشک لەسەر کۆشک پێکەوە دەنێن و، ئەوانەی ئەقڵ و دڵیان لە ژێر ڕەهنی

کۆشک و تەلار و کەشتیەکانیان داناوە. دەمەوێت ” هوها” لە تەواوی ئەمانە بکەم و هەتا سەری زارم دێت، بەڵام بە تێبینی ئەوەی خۆم لە وتەی نەشیاو دوور بخەمەوە، ئەم جۆرە قسانە ڕادەستی پەڕە ڕەشەکانی ناو مێژوو دەکەم و، دەمەوێت بەم شێوەیە خاڵێک بۆ تەواوی قسەکانم دابنێم؛ بەسەریدا تێدەپەڕم چونکە سوارچاکەکانی ڕێگەی ڕووناکی چاوەڕێی شتێکی ترن. بەڵێ، ئەوان بە مەشخەڵەکانی دەستیانەوە بە دوای ڕاوی ڕووناکیەوەن. ئیدی با هەر ڕۆحە ڕەشەکان لە نێو گێژاوی تاریکیەکاندا هەستن و دانیشن.

 

“حەق هەرچی شەڕە بە خێری دەگێڕێت

وانەزانی کەسی تر دەیگێڕێت

عارف سەیری ئەم ئانە دەکات

با بزانین مەولا چی دەکا

هەرچی بکات جوان دەیکا…(ئیبراهیم حەقی)

چونکە هەموویان ئەم بەیتە شیعرە دەڵێنەوە و پێکەوە حونجەی گەشتن بە کەشوهەوای خۆدانە دەست(تفویض) ئەو دەکەن…

 

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *