ڕزینی ناخ و ڕێگاکانی نۆژەنکردنەوەی! بەشی دووهەم

 

بابەتی ئەوەی مرۆڤ بە شێوەیەکی جددی بیر بکاتەوە و لە خۆیدا قاڵ ببێتەوە و بە شێوەیەکی تەندروستانە هەڵسەنگاندن بۆ خۆی بکات؛ زانینی ئەو تەنیا ڕاستیە و ڕووکردنە ئەو، ڕێگە و شێوازێکی شادەمارییە. مرۆڤ لە ڕێگەی گۆشەنیگایەکی لەو شێوەیەوە، هەروەها ئەو ئیمان و مەعریفەتەی کەوا وەک لوتف بەم گۆشە نیگایەیی دەبەخشرێت، تێدەگات لەبەرچی ئەفرێندراوە، ئەو تایبەتمەندیان چین کەوا لێی داواکراوە و لێی چاوەڕێ دەکرێت،  پاشان لەو شتانە تێدەگات کەوا لە ڕێگەی هەناسەی پێغەمبەرانەوە بە ویژدانەکان گەیەندراوە؛ دواتر ئەویش لای خۆیەوە دەست دەکات بە حونجە کردنی شوێن و پێگەی خۆی، لە نێو بووندا…

هەنگاو بە هەنگاو، قۆناغ بە قۆناغ بە تەواوی خودیەوە ڕووی لە میحرابی خۆی دەکات… دوای ئەوەی درک بە ئامانجی ئەفراندنی خۆی دەبات، خۆی دەدات بە دەم تاڤگەیەکەوە کەوا بەرەو ئامانجی هەموو ئامانجەکانی ببات. ئیدی بەناو یەکە بە یەکەی ڕێگاکانی کەشف کردندا دەڕوات  و، لە قوڵاییە ماددی- مەعنەویەکانی تێدەگات و، تێدەگات لەوەی هەریەکەیان کلیلێکی نهێنی تەمومژەکانی ناو بوونە. هەر کاتێکیش کەوا چارۆکە بە ڕووی لایەنە ناوازە بەرینەکانی چیەتییدا هەڵدەدا، لە شوێنی قوڵترەوە بە چەندین بانگەوازی جیاواز نامەی بانگهێشتنامەی بۆ دێت و، بە تێبینی ئەوەی ڕێبواری ڕێگەیەکی بێ کۆتاییە، پشت لە تەواوی شتە تیاچوو و تێپەرەکان هەڵدەکات؛ لە بەرامبەر هەڵوەشانەوەکانیشدا چەندین شورای هەڵنەوەشاوە دروست دەکات. پاشان دەست دەکات بە لێپرسینەوە لەگەڵ نەفسی، کەوا پێویستە چۆنی بژی و، چۆنی هەڵسوکەوت بکات… خۆی بە ناو چەندین شیکاری جیاوازدا دەبات… چڕبوونەوەی میتافیزیکی خۆی لە ڕێگەی چەندین سێنتێزی جیاوازەوە چەند هێند دەکاتەوە… لەلای ئەو کەسانەش کەوا سەیری دەکەن و دەیبینن، وەک کەسێکی ” شایەنی شوێنکەوتن بێت” ی لێدێت. تەواوی ئەو کەسانەشی لە خەودان بە نەغمەی سەبا بە خەبەر دێنێت ؛ ئەو دڵانەشی کەوا توانیویانە لە خۆبەگەورە زانین، غرور، شانازی بە خۆوەکردن ڕزگاریان ببێت، ئاڕاستەی جەنابی حەق دەکات.

بە پێچەوانەوەی ئەمانەوە، هەندێک ڕۆحی گیرخواردوو کەوا هێشتا خۆیان نەدۆزیوەتەوە و، تەماشاکردن و بینینیشیان تێکەڵی یەکتر کردووە، لە هەمان کاتدا دەنگی زمانی حاڵی بوونیش نابیستن، کە هەرچوارلایانی بەر وەلوەلە داوە، ناشزانن شوێنە ئاراوتەکانی ناو شت و ڕووداوەکان چین… بە شێوەیەکی بەردەوام گوێیان دادەخەن بە ڕووی دەنگ و نەغمە مێتافیزیکیەکاندا… هەمیشە وەک ئەوەی کوێر و کەڕ بن، ژیانیان دەگوزەرێنن. ئیدی تێناگەن لەوەی هەموو پیتێکی بوون هەر دەڵێت” هو” و ئاماژە بەو دەکات.

 

ئەم بەدبەختانەی کەوا بێبەشن لەم هەست و هەیەجانە، وەک جەنازەیەکی زیندوو هەڵدەستن و دادەنیشن؛ هەڵدەستن- دادەنیشن و ناسۆری ناخیان دەخۆنەوە کەوا بە هۆی دژوانەکانیانەوە دروست بووە…

 

ئەمەش لە کاتێکدایە، زانین و ناسینی ئەو تایبەتمەندیانەی چاوەڕێی ڕوونبوونەوە و دۆزینەوە دەکەن، تێگەشتن لە چیەتی ڕاستەقینەی شت و ڕووداوەکان بە شیکار و پێکهاتە جیاوازەکانیەوە، بە ناسینی خودی مرۆڤدا تێدەپەڕێت.

 

لە ڕێگەی ئەم شیکار، سێنتێزانەوە، ئەقڵ ڕۆح و لایەنە وردەکانی مرۆڤ، هەریەکەیان وەک وردبینێکی لێدێت؛ لە مرۆڤدا هەستی ” زیاتر و زیاتر” دەبزوێنێت و، ئاڕاستەی ئەو ڕێگەیە دەکەن، کەوا دەبێت دۆزینەوەکانی خۆی تێدا ئەنجام بدات. دواتر بێ هیچ گومانێک هەر ڕۆژێک دێت، بەخششگەلێکی وەها وەک درەوشانەوەی دەرکەوتی لوتفی ئەو بەم گەڕانە بەردەوامە دەبەخشرێت، هەر مەپرسە!.. ئیدی لەو کاتەدا حەقیقەتی” ئەوەی خۆی بزانێت، ملی ڕێگەی زانینی من دەگرێت، ئەوەی بە دوای مندا بگەڕێت، بێ هیچ گومانێک من دەدۆزێتەوە” وەک پرشنگی درەوشاوە خۆی دەنوێنێت، لە ڕاستیشدا داخوازی بوونە جێدەرکەوتی “احسن تقویم” یش هەر ئەمەیە…

بە پێچەوانەوە، ئەوەی لە بەرامبەر الله دا پێگەی خۆی نازانێت و نایناسێت، بە شێوەیەکی بەردەوام توشی هەڵنوتینی بیرکردنەوە و کەوتنە ناو دژوانە دەبێت. تەمەنی وەک بوونەوەرەکانی ئاستی خوارتر لە خۆی، بەسەر دەبات. دەخوات، دەخواتەوە، لەسەر گوێکانی پاڵ دەکەوێت و دەخەوێت. هەربۆیە هەرگیز ڕزگاری نابێت لە سترێسی ئەوەی هەر ڕۆژێک دێت دەبێت بە تەپوتۆز و تیادەچێت… هەربۆیە توشی داخورپانی یەک لە دوا یەک دەبێت. لە ڕێگەی گەمە- ڕابواردن و سەرخۆشی، بە شێوازی جیاوازی خۆ خەو لێخەستن، بە شێوەیەکی بەردەوام لە خۆی هەڵدێت. بێ ئەوەی هیچ شتێکی دەست بکەوێت، تەواوی تەمەنی بە فیڕۆ دەدات، ڕۆژێکیش دێت مۆمی تەمەنی دەکوژێتەوە، سەرئەنجام ئەویش خۆی لە ئامێزی ئەو چارەنووسە دەدۆزێتەوە، کە هەمیشە لێی ترساوە و بە هۆیەوە هەڵلەرزیوە.

 

لە ڕۆژگاری ئەمڕۆماندا، کەسانێک کەوا ئەقڵیان لە دەستداوە، بە تەواوی چوونەتە ژێر ڕکێفی شەیتانەوە، وەک بەندەی ئازاد نەبووی نەفسی فەرمانکەر بە خراپەیان لێهاتووە، چارۆکەیان بە ڕووی تاڤگەی سەرکەشیدا هەڵداوە، هێندە زۆرن لە ئەژمار نایەت.

قامچی هەوا و ئارەوزوو لەسەر سەریانە، لە مێشکیاندا چەندین هزری چەپەڵ، ژمارەی ئەوانەی بە هەوا ئارەزوویانەوە هەڵدەستن و دادەنیشن دیار نیە. وەک عینادی لەگەڵ دڵ و ڕۆحدا چەپڵە بۆ خراپەکاری لێدەدرێت، “هەر بژی” بۆ زاڵمان دەسەندرێتەوە، بیرکردنەوەکان ئیفلیج، دڵەکانیش ئەمانەتی دەستی شەیتانە، تەواوی ئەو ئیحساسانەی تایبەت بە ئاسمانە ڕووخاون و، تەواوی ئەو بەهایانەی مرۆڤ دەکەن بە مرۆڤ، تاڵ بە تاڵی شیبوونەتەوە و هەڵوەشاوە.

 

وەک مەهمەت عاکیفیش دەڵێت:

 

حەیا لێیداوە و ڕۆشتووە، بێ چاو و ڕووییە لە هەموو لا

وای چەندە دەموچاوی ناشرینی دادەپۆشی ئەو پەردە تەنکە

نە وەفا ماوە، نە حورمەتی عەهد، ئەمانەتیش لەفزێکی بێ واتا

ڕەواجی درۆ، خیانەت لە هەموو لایەک چەسپاوە ، حەقیش نادیار

مووەکان موچڕکیان پیا دێت، چی ئینقیلابێکی تۆقینەر ڕوویداوە خودایە

 

نە دین ماوە، نە ئیمان؛ دین وێرانەیەک و ئیمانیش سەرابێکی ماوە

با هەر شانازی بە خۆوەکردن قوڵپەی بێ و بڕوات، ویژدانەکانیش لاڵ بن

گەر ئەم تیاچوونی ئەخلاقە بەردەوام بت، سەربەخۆیشمان فەوتاوە!

 

ئەم بەیتانەی وەک ئەوەی گوزارشت لە لێکهەڵوەشانە یەک لە دوا یەکەکانی ناو کۆمەڵگا بکات، لە ڕاستیشدا هەروایە و “وەک ئەوە”ی ناوێت! زۆرن لێشاوی ئەو ڕەشەخەڵکەی ئاگایان لە پێگەی خۆیان نیە، لەگەڵ بوونەوەرانی ژێر ئاستی خۆیان لە پێشبڕکێدان… ژمارەی ئەوانەی خاڵی ئامانجی ئەفراندنی خۆیان نازانن، تەنیا الله دەیزانێت. لێشاوی ئەو ڕەشە خەڵکەش، دیسان ئەوەی کەمترین شتی لەبارەوە دەزانن، هەر خودی خۆیانە! بەناوبانگترین مێشکەکانیش، ئەمڕۆ و سبەینێ تێکەڵی یەک دەکەن و، بەم شێوەیە شەو و ڕۆژ دەکەنەوە. کەسیش بەرگەی ئەوە ناگرێت، لە واتای بوون و شتەکان تێبگات.

هەزاران- سەدان هەزار بوونە جێدەرکەوتی “احسن تقویم”یان لە یاد کردووە، بە شێوەیەکی هەڕەمەکی ژیان بەسەر دەبات. ژمارەی ئەو کەسانەی حونجە/ دەتوانن حونجەی خۆیان و پێگەی خۆیان لە نێو بووندا بکەن، لە کەم کەمترە… حاڵی ئەوانەی پشتیان لەو دەرگایەیە کەوا شنەبای ژیانی لێوە دێت، جێگەی بەزەییە. زۆرن ئەانەی مێشکیان قوفڵی ئەمڕۆی لێدراوە و، خۆیان هەڕاج لە دوای هەڕاج دەکەن و، بەرەو نادیار ملی ڕێگەیان گرتووە. لە ڕوانگەی زۆرینەی ڕەشە خەڵکەوە، بیرکردنەوەی تایبەت بە ژیانی دڵ و ڕۆح، بوونی نەماوە.

 

**

 

ئەگەرچی ئەم قسانە بە تەواوی وێنەی تابلۆکە ناکەن و نایکات، بەڵام ئەمە چەند دێڕێکە لە حاڵی پڕ مەینەتی ئەو کەسانەی دەستیان لە دەسووی ڕشتە نەپچڕاوەکە(العروة الوثقی) بەرداوە و، تەواوی ئەو کەسانەش، ئەمانەتی دەستی پەڕە ڕەشەکانی مێژوو کراوە.

بابەتی ئەوەی چاوەڕوانی شتێکی ئەرێنی لەم جۆرە کەسانە بکەیت، گومان لەوەدا نیە کە کارێکی گەمژانەیە. بەڵام ژمارەی ئەو کەسانەشی کەوا چاوەڕوانی شتێکی ئەرێنی لەم کەسانە دەکەن، هێندەی ئەوەی هیواکانمان لەگەڵ خۆیان ببەن، لە زۆر زۆرترە.

ئەو دیمەنە پووچانەی کەوا لە ژێر عەبای حەقدا نمایش دەکرێن، وەک ئەوە وەایە لە تەواوی دڵەکاندا هەواری خۆیان  خستبێت…

دەستەبژێرگەلێکی ڕواڵەتی کەوا چاوەڕوانی ئەوەیان لێدەکرێت لە خۆیانەوە ببنە تەرجومانی حەق و باسی ڕاستیەکان بکەن، لەگەڵ ئەو ڕۆحە خامانەی بازرگانی بە دینەوە دەکەن، لە زەلکاوی ئەو شەیتانە بێ زمانانەدان کەوا زمانیان قوتداوە، بە زاری شتە پوچەکان قسەکانیان دەکەن… ئەو گەمانەشی کەوا لە ژێر پەردەی حەقدا نمایش دەکرێن و کۆمەڵانێکی خەڵک وەک مێگەل لێدەکەن، چییەتیەکی وەهایان هەیە کە شەیتانەکانیش شەرمیان لێدەکەن.

تەواوی ئەم شتە نەرێنیانەش، لە تافی سەردەمێکی شومدا سەریان هەڵدا کەوا کۆمەڵگا/ کۆمەڵگاکان ناسنامەی ڕاستەقینەی خۆیان لە دەستدا؛ ئیدی لە بەختی ئێمە بێت یاخود بەدبەختیمان، لە ڕۆژگاری ئێمەدا وەک داری سنەوبەر سەوز بوون و قەد و باڵایان هەڵدا. وەهاش دەردەکەوێت، هەتا ئەو کاتەی لە ڕوانگەی دونیای ناوەوە و دەرەوە بۆ خودی خۆمان دەگەڕیینەوە، بەم شێوەیە بەردەوام دەبێت.

 

هیچ کەسێک لە ئێمە خوازیاری ئەوە نیە بەو شێوەیە بێت، بەڵام هەتا ئەو کاتەی چیەتی مرۆڤ بە ئەنەتۆمی ماددی- مەعنەوییەوە، بە دروستی دەخوێنرێتەوە و هەڵسەنگاندنی بۆ دەکرێت، هەتا ئەو کاتەی شت و ڕووداوەکان بە تێڕوانینێکی گشتگیرانەوە سەرلەنوێ دەخرێتە ژێر شیکاریەوە، قەرەبووی یەکە بە یەکەی ئەو هەلانە دەکرێتەوە کەوا لە دەست دراون، دوورووینەوەی گونجاو بۆ ئەو دڕاویانە دەکرێت کەوا چەندین سەدەیە ڕوویانداوە، هەتا ئەو کاتەی جەژنێکی پیرۆز بە هۆی سەرهەڵدانی قۆناغێکی نوێی زیندووبوونەوە دەست پێدەکات، وەها دیارە هەر بەم شێوەیە بەردەوامی هەبێت.

 

 

 

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *