ڕزینی ناخ و ڕێگاکانی نۆژەنکردنەوەی – بەشی یەکەم

 

 

بەشی یەکەم

ئەمڕۆ تەواوی مرۆڤایەتی، لەسەر ئاستی جیاواز لە چاوەڕوانیدایە. بە هیوای هەڵهاتنی نور و تروسکاییەک، شەو و ڕۆژ دەکاتەوە.

ئەمەش بە شێوەیەکە، زۆرێک لە چاوەکان سەیری ئاسۆکان دەکەن، دەکەوێتە نێو خولیای حونجەکردنی هاتنی کازیوەیەکی ڕاستگۆ(فجر الصادق)؛ تێیدا ڕۆدەچێت و هەر چەخماخەیەک کەوا لە ڕۆژهەڵاتەوە لێدەدات، دەیخاتە نێو هەستی هەڵهاتنی بەرەبەیانێکی نوێوە. کاتێکیش ئەوە بەدی ناکات چاوەڕێی دەکرد، توشی دڵشکانی یەک لە دوا یەک دەبێت و دەست بە ناڵاندن دەکات؛ دەوەستێت و ڕوو لەو ئاسۆیانە دەکاتەوە کە هیوای پێیان بووە و دەڵێت کەی بەیانی دێت، مَتَى الصَّبَاحُ؟، بە نەغمەکانی دڵشکاوی کە ئەدای نیازیان هەیە، سەری بۆ خوارەوە دادەنێت و چارۆکە بە ڕووی هەیەجانی چاوەڕوانیەکی دڵشکاوانەدا هەڵدەدات.

لەلایەک تەماشای وێنە بە وێنەی تابلۆ قەشەنگەکانی ڕابردوو دەکات، لەلایەکی ترەوە بە سەیری تابلۆ تۆقێنەرەکانی ڕۆژگاری ئەمڕۆمان، خۆی دەدات بە دەم هاتوچۆی نێوان هیوا- ڕەشبینیەوە و، دەست دەکات بەوەی لەبەر خۆیەوە، سرودەکانی داخورپانی دڵ بڵێتەوە.

لە هەموو لایەکەوە ئەو تابلۆ تۆقێنەرانەی وێنەی هەڵوەشانی یەک لە دوا یەک دەکەن؛ هەستگەلێکی چەپەڵ بوو کەوا هەڵوەشانی نوێ دەخەنە سەر هەڵوەشینەکان؛ ڕۆحگەلێکی چەپەڵ کەوا لە نێو قوڕ و چڵپاودا خەریکی پەلەقاژەن؛ هیواگەلێکی تێکشکاو کەوا پاشقولی یەک لەسەر یەکی لێگیراوە و، دڵانێکی مردوو، ڕۆحگەلێکی ئیفلیج بوو، دڵانێکی لەبەریەک هەڵوەشاوی بێ ئاسۆ کەوا بە ڕووی ئەولاکاندا داخراوە و، ڕەوتی ڕووداوەکان نابینێت و لێیان تێناگات…

گوێکان بە ڕووی دەنگە ئاسمانیەکان(مسموعات)؛ چاوەکان لە بینینی ڕاست و دروستی ڕێساکانی  بوون و خوێندنەوەیان بە دروستی، لەگەڵ خۆیدا ئینکاری دەکات؛ هەستەکانیش بە شێوەیەک کەوا لەگەڵ چوارچێوەکانیاندا نەگونجێت، بە هەڵیتوپەڵیتەکانی ئەرێنیگەرا(پۆزتیڤیزم)، سروشتگەرا، ماددەگەرایی مەست و سەرخۆش بووە و، بەم هۆیەشەوە درەوشاوەترینی ڕاستیەکانیش ئەمانەتی دەستی ئەو ڕۆحە تاریکونوتەکانە کراوە، کە لە نێو تاریکی خۆرگیرانی یەک لە دوا یەکدا ژیان بەسەر دەبەن… ئەو تابلۆیەی دەبینرێت، لە ڕێگەی هزری قەقنەزی فیرعەونەکانەوە ڕەش داگەڕاوە و، هەروەک ئەوە وەهایە وێنەیەکی شەوی یەڵدامان پێبدات.

لە بەرامبەر تەواوی ئەمانەشدا، ڕۆحگەلێک کەوا ژمارەیان لە کەم کەمترە و، تامەزرۆی ئەوەن لە حەقیقەت و تەمومژی مرۆڤ تێبگەن و بە کەسانی تریشی بگەیەنن، ئەوانیش زنجیر لە دەمیان دراوە، کەلەپچە لە قۆڵیان کراوە، قامچی لەسەر سەریان دانراوە، لە چاوەڕوانی بە دەمەوە هاتنێکی زیادەی ئەون. هیوایان هەیە و، بە تەسلیمیەتی ”  الله بەس، هەرچی شتی ترە هەوەس!” هەڵدەستن و دادەنیشن؛ جار جاریش لە ڕێگەی بەیتەکانی:

” با فەلەک هەرچی ئەسبابی جەفای هەیە کۆی بکاتەوە و بێت

 

گەر گەڕامەوە حەقبە بم، لە هەر کۆششێک کەوا بۆ گەل بێت”( نامیق کەمال)

هەناسە وەردەگرێت و دەیداتەوە و بە وتنەوەی ” دەردی بێ حەد و پایان، لە هەموو لایەک و زۆرداری و هێز، زوڵم و دڕندەیی نمایش دەکەن، دەستە دەستەی غەریبانیش کە لە هەر چوارلاوە خەریکی کڕوزانەوەن و لەگەڵ هەموو هەستان و دانیشتنێکیاندا بە ناڵینەوە هەناسە دەدەن!” و دەکڕوزێتەوە.

بەڵام ئەم ئاخ و واخە؛ نە لەلایەن ئەو سەرکارانەی کەوا دڵیان بە شەیتان داوە، نە لەلایەن ئەو گەورانەی بە شێوەیەک لە شێوەکان مورەکەبیان قوتداوە، نە لەلایەن ئەو دەستەبژێرانەی خۆیان ڕادەستی ڕووکەش کردووە، هەرگیز نابیسترێت و، گەر بیشی بیستن بە هەند وەریناگرن، بە پێچەوانەوە چەپڵە بۆ زوڵمەکەی لێدەدەن، “هەربژی” بۆ زاڵم دەکێشن و بە دوای ئەوەدا ڕادەکەن ببنە هامانی ئامنۆفیسەکان. ئیدی هەر چەشتن و ناڵە بۆ کەسانی ستەمدیدە و غەدرلێکراوان دەمێنێتەوە.

الله دڵ و ئەقڵێکی بە مرۆڤ داوە، هەتا لە ڕێگەیەوە بتوانێت لە چیەتی شتەکان، ڕووی ناوەوەی حەقیقەتی بوون، بدۆزێتەوە و دیاری بکات.

خۆ گەر لە چوارچێوەی ئەو دینامیکەدا چییەتی ڕووداوەکان،  ئەو شتەی گوزارشتی لێ دەکەن نەزانێت و هەڵسەنگاندنی بۆ نەکات، ئیدی بە زانین-نەزانین بێت، پارێزگاری لە ڕێچکەی “احسن تقویم” نەکردووە، توشی هەڵنوتین، لادان، بەفیڕۆدانی تەمەن لە بازنەی خراپەکاریدا دەبێت، ڕەش-سپی لێ تێکەڵ دەبێت… ئیدی گوڵەکان وەک دڕک دەبینێت. ناتوانێت لە جوانی گوڵەکان تێبگات. دەنگی نەغمەی بولبولانی وەک دەنگی قەلەباچکە دێتە بەر گوێ. زۆر جاریش لەم تێگەشتنە چەوتەی خۆی ناتوانیت ڕزگاری ببێت، هەربۆیە هەڵە لەسەر هەڵە دەکات، زۆر لە خوار ئاستی چۆنیەتی ئەفراندنی خۆیەوە، توشی سنگەخشکێ دەبێت و گیر دەخوات بە دەستی چەند هزرێکی چەپەڵەوە و، لە ڕۆح و دڵیدا پەلکێشی تێکچوونی یەک لە دوا یەک دەبێت، بەم شێوەیە خۆی تەواو دەکات، ئەوەی خۆیشی تەواو بکات، دەکەوێتە نێو هەڵوەشان و هیچێتیەک کەوا بەری پێناگیرێت.

 لە ڕاستیدا ڕێگایەکی ڕوون و ئاشکرای ڕزگاربوون لەم گومڕایی و چەوتییە هەیە، بەڵام وەرە و ببینە، ئەو کەسانەی ژیانیان لە ژێر تێخوڕینەکانی هەوا و هەوەسیاندا بەسەر دەبەن،  بە هیچ شێوەیەک ئەمە نابینن.

ئەمە لە کاتێکدایە هەموو شتێک بە ڕوون و ڕەوانی، بە زمانی جیاواز و ئسلوبی جیاواز، هەمیشە ئەو دەرچەیەیان پشانداوە و ئێمەیان ئاڕاستەی ئەو ئامانجە کردووە.

پێویستە ئەوە بزانین و باوەڕمان بەوە هەبێت، کە ئەمەش ڕێگای ئەو زاتی ئەجەلی ئەعلایەیە، کەوا بەسەر هەموو شت و ڕووداوەکاندا باڵادەستە “من حیث هو هو”، پاشان بە وردبینی مەعریفەتێکی لەم شێوەیە دووبارە و سێبارە هەلاجی شت و ڕووداوەکان بکرێت و، بە شیکاری و سێنتێزدا ببرێن، تەواوی بوون بە پلانی پشتەوەیانەوە بە هەند وەربگرینەوە و، نهێنییە شاراوەکانی ناو چیەتی مرۆڤ، بە شیکاری بیرکاریانەدا ببرێن، تەواوی گەردوون و شوێنەکانی توێژینەوەیان لەسەر بکرێتەوە، دونیا و ئەوەی تێیدایە بە گوێرەی پێگەی خۆیان هەڵسەنگاندنیان بۆ بکرێت؛ لەمەش زیاتر ئەمە شاڕێگای بەردەوامیدانە بەم چالاکیە هزریانە، بە بێ ئەوەی وچانی تێدا بدرێت.

هەوڵ و کۆششێکی لەم شێوەیەش، کەوا ئەنەتۆمی ماددی-مەعنەوی مرۆڤ  بە شیکردنەوە بیرکاریەکاندا ببردرێن؛ چیەتی مرۆڤ  کەوا وەک پێڕستی گەردونە دەکاتە پرۆجێکتۆر[1] و، پاشان لە ڕێگەی ئەم پڕۆجیکتۆرەوە کتێبی گەردون بە شێوەیەکی دروستتر دەخوێنرێتەوە، ئەمەش بۆ بوونەوەرێکی بیرکەرەوەی وەک مرۆڤ، چەشنی ڕەچەتەیەکی شادەمارییە. ئیدی مرۆڤ لە ڕێگەی ئەم ڕەچەتەیەوە دەتوانێت خۆی کۆ بکاتەوە و، لە ٥٠ جۆری سەرلێتێکچوون دەپارێزرێت و، لە سایەی ئەمەشەوە خۆی فەتح دەکات… لە یەکە یەکەی بیرکردنەوە چەوتەکان ڕزگاری دەبێت. ڕزگاری دەبێت لەوەی بە ناوی زانستەوە توشی وەهم و خورافە ببێت، شکۆفایی کرانەوە بە ڕووی ئەودا(الله) لە ژیانیدا فەراهەم دەبێت.

 

ئیدی ئەوی خۆش دەوێت، بە سرودەکانی عەشق و تامەزرۆیی ئەوەوە  هەڵدەستێت و دادەنیشێت، دەست دەکات بەوەی بە شێوەیەکی بەردەوام ورتەی ئارەزووی گەشتن بەو، لەبەر خۆیەوە بڵێتەوە.

بەڵام ئەو بەدبەختانەشی کەوا خودی خۆیانیان، بە تەواوی قوڵایی تایبەتی خۆیانەوە نەخوێندۆتەوە؛ بابەتی ئەوەی ئەو یارە وەفادارە بزانن و دڵوابەستەی ببن، ڕزگاربوونیان لەلایەنی لاشەیی و ئاژەڵی، گرتنەبەری ڕێگە بە ئاڕاستەی ئامانجی ئەفراندنیان، تەواوی مەترسیە مرۆییەکان تێپەڕێنن و، باڵ بگرنەوە بەرەو ئەوەی بە ڕووی شادبوونەوە بەودا ڕابکەن، گەر رووتێکردن و چاودێریەکی تایبەتی ئەو بوونی نەبێت، کارێکی مەحاڵە…

 

[1] بریتیە لەو ئامێرەی لە ڕێگەی تیشکێکەوە وێنەکان بە شێوەیەکی ڕوونتر لەسەر ڕووتەختێک پشان دەدات

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *