ڕووناكیی ناو فه‌وزا

ئه‌م چه‌رخه‌ی كه‌ تێیدا ده‌ژین، له‌پاڵ شته‌ جوان و ئه‌رێنییه‌كانیدا، بۆ ئێمه‌ هه‌رده‌م چاخی ژان و بێهیوایی بووه‌. ته‌نها ئێمه‌ نا؛ هه‌موو ئه‌و میلله‌تانه‌ی كه‌ له‌ كاتی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌یان له‌گه‌ڵیدا هێشتا نه‌یانتوانیوه‌ ئاماده‌كاریی ڕۆحی، فیكری و زانستیی خۆیان ته‌واوبكه‌ن، بێئه‌وه‌ی به‌ مراد و هیواكانیان بگه‌ن، هاوشێوه‌ی عاشقی خه‌نجه‌ر له‌ سینه‌ دراو، هیوایان بووه‌ به‌ نائومێدی و، شه‌وقیشیان به‌ هیجران و پشتیان شكاوه‌. به‌تایبه‌ت مرۆڤی ئێمه‌ حاڵی ته‌واو په‌رێشان و جێگه‌ی به‌زه‌ییه‌.

ئه‌و، به‌درێژایی چه‌نده‌ها سه‌ده‌ له‌ هاوسه‌نگیی نێوده‌وڵه‌تیدا قورسایی هه‌بوو و وه‌ك “سه‌ر” ده‌ژیا، به‌ڵام له‌م هاوسه‌نگییه‌ كرایه‌ ده‌ره‌وه‌ و پێگه‌ی “قاچ”ی پێدرا. له‌ ئه‌نجامی ئه‌م شۆكه‌دا سه‌رسامانه‌ له‌ناو ژیانێكی وه‌ك به‌رزه‌خدا ده‌ژیا. له‌م گه‌شته‌ شوومه‌یدا كه‌ هێنده‌ پڕه‌ له‌ نامۆیی و سه‌یر و سه‌مه‌ره‌یی ناتوانرێت له‌ چوارچێوه‌ی هیچ میلله‌ت و كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی تردا جێی بكرێته‌وه‌، هاوشێوه‌ی كه‌سێكی دۆڕاو له‌ قوماردا، به‌ ئومێدی “له‌وانه‌یه‌ بیبه‌مه‌وه‌” كه‌وته‌ وتنی “جارێكی تر، جارێكی تر…” به‌م جۆره‌ له‌ حاڵه‌تی رۆحیی به‌هه‌رده‌ردانی هه‌موو شتێكدا له‌م ئیفلاس به‌ره‌و ئه‌و ئیفلاس ڕاپێچ بوو.. هیچ نه‌بێت با له‌م هه‌موو ماوه‌یه‌دا جارێك بیبردایه‌ته‌وه‌، یان ئومێدی قازانجێكی گچكه‌ هه‌بوایه‌، به‌ڵام هه‌یهوو! به‌رده‌وام دۆڕاندی؛ له‌گه‌ڵ هه‌ر دۆڕانێكیشدا به‌ هه‌ڵپه‌یه‌كی زیاتره‌وه‌ بوو به‌ خاوه‌ن ڕیكۆردی فریوخوراوی ئه‌م یارییه‌ نادیاره‌.

ئه‌و “سه‌ر”انه‌ی كه‌ سه‌رده‌مانێك ڕوویان له‌ ئاسمان و، ئه‌و ده‌ستانه‌ی كه‌ به‌ره‌و ئاسمان به‌رزده‌بوونه‌وه‌ و ئه‌و دڵانه‌ی كه‌ جگه‌ له‌ خوا باوه‌ڕیان وابوو بۆ به‌خشین دروستكران نه‌ك وه‌رگرتن، بوون به‌ كۆمه‌ڵێك سه‌رگه‌ردانی وا كه‌ به‌سه‌رشۆڕی له‌ ده‌رگای ئه‌م و ئه‌ودا سواڵ بكه‌ن. ڕۆحانییه‌تی په‌رستگا(معبد)كانمان -كه‌ سه‌رده‌مانێك لای بابوباپیرانمان شوێنی به‌رزبوونه‌وه‌ بوون به‌ره‌و ئه‌به‌دییه‌ت- له‌ خاچ دران، مه‌راسیمه‌كان شه‌فافییه‌تیان له‌به‌رامبه‌ر خواوه لێڵ كرد، مه‌عنا و ناوه‌رۆكه‌كه‌یان كرا به‌ قوربانی شكڵ و شێوه‌ و، بوو به‌ گوزره‌گایه‌ك كه‌ ته‌نها ته‌رمی گه‌ڕۆك پێیدا تێپه‌ڕده‌بوون. قوتابخانه‌ كه‌ تێیدا پێشتر گه‌ردوون وه‌ك كتێبێك ته‌فسیر ده‌كرا و، وه‌ك پێشانگایه‌ك ته‌ماشاده‌كرا و، وه‌ك تاقیگه‌یه‌ك تێیدا سه‌رنج له‌ هه‌موو شتێك ده‌درا، گۆڕا به‌ دیلی ده‌ستی جۆگما تاریكه‌كان و كه‌لاوه‌یه‌ك كه‌ تێیدا یاسا ته‌پوتۆزاوییه‌كان له‌ مێشكی خه‌ڵكی ده‌ئاخنران.. به‌ چاوی سووك ته‌ماشای شتان كرا.. سروشت به‌شێوه‌یه‌كی هه‌ڵه‌ ڕاڤه‌كرا.. هاوسه‌نگیی ژینگه‌یی تێكچوو.. وه‌ دونیا بوو به‌ دۆزه‌خێك كه‌ ژیان تێیدا مه‌حاڵه‌. ئه‌و نه‌وانه‌ی كه‌ په‌رستگاكان گۆشیان نه‌كردن و، قوتابخانه‌كان ڕۆشنیان نه‌كردنه‌وه‌ و ئاوێزانی گه‌ردوون نه‌بوون و، ئاسۆگه‌لێكیان نه‌دۆزیبووه‌وه‌ كه‌ هیوا به‌سه‌ر دڵیاندا ببارێنێت، بۆ خۆهه‌ڵدانیان بۆ ناو باوه‌شی سه‌رشێتیی جۆراوجۆر، له‌ناو ڕووخاندن و سووتاندندا به‌دوای دڵنه‌واییدا گه‌ڕان. به‌ڵێ، زۆربه‌ی زۆری نه‌وه‌ی ئه‌مڕۆمان، وه‌ك ئه‌وه‌ی به‌ته‌واوه‌تی توانا و به‌هره‌ی ته‌ماشاكردنی ئه‌به‌دییه‌تی له‌ده‌ستدابێت، بێئاسۆ، بێئامانج، بێڕابردوو و بێداهاتووه‌ و، له‌ زه‌مه‌نی ته‌سكی ئێستادا گینگڵ ده‌خوات.

له‌ناو بێڕۆحی، بێزه‌وقی، ناشرینی و قێزه‌ونییه‌كدا كه‌ شوێنی وڵاتی كۆن، شاری كۆن، لانه‌ی كۆنی گرتووه‌ته‌وه‌، نه‌وه‌ی كاتێك بۆ یه‌كه‌م جار چاو هه‌ڵده‌هێنێت پاره‌، شۆره‌ت، شه‌هوه‌ت، ڕیا، حه‌زی پاڵدانه‌وه‌ و خۆپه‌رستی ده‌بینێت. ئیدی مه‌حاڵه‌ چاوه‌ڕێی شتێكی جیاواز له‌مه‌شیان لێبكرێت. ئه‌م كه‌سانه‌ی كه له‌ ژینگه‌یه‌دا له‌م جۆره‌دا ژیانیان ناسی و،‌ هه‌تابڵێیت برسین و داخراون به‌ ڕووی ڕه‌هه‌نده‌ ڕۆحییه‌كانی خۆیاندا، جه‌سته‌ و لاشه‌یان به‌ هه‌موو شتێك له‌قه‌ڵه‌مدا و، به‌ته‌واوه‌تی قه‌ناعه‌تیان هێنا به‌وه‌ی ده‌توانێت وه‌ڵامی سه‌رجه‌م داخوازییه‌ مرۆییه‌كانیان بداته‌وه‌ و، هاوشێوه‌ی شوێنكه‌وتنی توندی دینێك، ته‌سلیمی هه‌وا و ئاره‌زووه‌كانیان بوون.

له‌م نێوه‌نده‌دا، نوێنه‌ر و نماینده‌ بێمه‌فكوره‌، بێعه‌شق و بێهه‌یه‌جانه‌كانی ڕۆحی ئیسلام، له‌ هه‌موو ئه‌و شتانه‌دا كه‌ وا ده‌رده‌كه‌وت له‌پێناو دین و دیانه‌تدا ده‌یكه‌ن، به‌دوای “مافی چێژ وه‌رگرتن”دا (حق التمتع) گه‌ڕان. ئه‌مه‌ش به‌یه‌كجاری سه‌ماوییه‌تی دینه‌ پیرۆزه‌كه‌مانی ڕه‌ش كرد و، هه‌یه‌جانی مێتافیزیكیی حه‌شاماته‌ سه‌رسووڕماوه‌كان و، پاڵنه‌ری فیتره‌تی پاكیان كه‌ كراوه‌ بوو به‌ ڕووی دینی حه‌قدا، به‌ره‌و گه‌ڕان به‌دوای شتی تردا ڕاپێچ كرد.. وه‌ له‌مه‌ش زیاتر، ئه‌وانه‌ی وا گومانیان برد كه‌ به‌ شمشێر و قه‌مه‌كانی ده‌ستیانه‌وه ده‌توانن ئیمان له‌ دڵه‌كاندا هه‌ڵبكۆڵن، جاروبار له‌ ڕێگه‌ی به‌سیاسه‌تكردنی دینه‌وه‌ به‌ته‌واوه‌تی مانا و ناوه‌رۆكی ڕێگا خوا و به‌هه‌شیان گۆڕی.

له‌ هه‌مان ئه‌و كاته‌دا كه‌ ئیددیعای نوێنه‌رایه‌تیكردنی شارستانێتییه‌كیان ده‌كرد كه‌ به‌ میوه‌ی عه‌قڵ، زانست و وه‌حی داده‌نرێت، جار جاریش به‌كارهێنانی دوژمنایه‌تی، قین، ڕق، نه‌فره‌ت، حه‌سوودی و توندوتیژییان ‌فه‌رامۆش نه‌كرد؛ ته‌نانه‌ت وه‌ها ڕه‌فتارێكیان وه‌ك یه‌كێك له‌ پێویستییه‌كان دین نیشاندا و، به‌ جۆرێك له‌ جۆره‌كان ئه‌خلاقی ناشرینیان پیرۆز كرد. خۆی له‌ خۆیدا كه‌سانی له‌م جۆره‌ نه‌یانده‌توانی ببنه‌ هودا؛ ته‌نها و ته‌نها كۆمه‌ڵێك دڕنده‌ بوون كه‌ تاوانه‌كانیان به‌ هه‌وا و ئاره‌زووه‌كانیان گۆشده‌كرد؛ كرداره‌كانیشیان داخوازیی وه‌ها كاراكته‌رێك بوون. له‌بنه‌ڕه‌تدا بیر و بۆچوونیان كه‌ جاروبار له‌ گوفتاریاندا ڕه‌نگی ده‌دایه‌وه‌، خه‌یاڵ و ته‌سووری ئه‌وانی ده‌دا به‌ ده‌سته‌وه‌، كه‌ له‌ به‌رچاوی ئێمه‌دا وه‌ك كۆمه‌ڵێكی شێتی ده‌ست خوێناوی و چاو خوێن تێزاو ده‌رده‌كه‌ون كه‌ ئاماده‌ن له‌ هه‌موو مه‌یدان و كۆڵانێكدا سیسته‌می له‌سێداره‌دانی ئۆتۆماتیكی دابمه‌زرێنن.. چونكه‌ چاوه‌ڕێی شتێكی دیكه‌ش له‌م ڕۆحه‌ لێڵانه‌ ناكرێت كه‌ ستایشی عه‌شق، وه‌فا و ئیمان ناكه‌ن و ڕێزی مرۆڤ ناگرن. به‌ڵێ، چاوه‌ڕێكردنی ئه‌منییه‌ت، ڕێزگرتن له‌ حه‌ق، ڕێزگرتن له‌ مافی ئازادیی هه‌موان، له‌ كه‌سانێكی له‌م جۆره‌، كارێكی بێهووده‌یه‌.  ‌

له‌پاڵ گشت نه‌رێنییه‌كاندا، هه‌ندێك له‌ مێدیاكان كه‌ كێیان بوێت به‌ره‌و ئاسمان به‌رزده‌كه‌نه‌وه‌ و كێشیان بوێت به‌ ناخی زه‌ویدا ده‌به‌ن؛ به‌ وێناكردنی و ڕازاندنه‌وه‌ی باطل زیهنه‌ خاوێنه‌كان ده‌شێوێنن و، خاوه‌نی هێزێكی ترسناك و جادوویی وه‌هان كه‌ زۆر له‌ هیی “زانستی خه‌یاڵی” به‌هێزتر و ترسناكتره‌، وه‌ك بڵێیت ترش و خوێ به‌سه‌ر ئه‌و هه‌زاران خراپه‌ و شته‌ نه‌رێنییانه‌دا ده‌كه‌ن.. هه‌موان به‌ گه‌نج و پیر، ژن و پیاو، خوێنده‌وار و نه‌خوێنده‌وار له‌ ده‌ستی ئه‌م غه‌ددار و ده‌وواره‌دا یاریچه‌یه‌ك و سه‌ربازێكی سیحرلێكراوه‌. ئه‌و، ده‌توانێت له‌ ڕێگه‌ی ئه‌و ته‌رمه‌ بێگیانانه‌وه‌ كه‌ له‌ ده‌ستی دان، جوان به‌ ناشرین و، ناشرینیش به‌ جوان پیشان بدات.. ده‌توانێت وا له‌ خه‌ڵكی بكات چه‌پڵه‌ بۆ بچووكییه‌كان لێبده‌ن و نه‌فره‌ت له مه‌زنییه‌كان بكه‌ن.. به‌ پێشخستنی جه‌سته‌ و جیسمانییه‌ت به‌سه‌ر ڕۆح و دڵدا و، ڕژاندنی تێزاب به‌ ویژداندا، ده‌توانێت هه‌سته‌كانی مرۆڤ كوێربكاته‌وه‌.. به‌ بره‌ودان به‌ غه‌یبه‌ت، بوختان و فیتنه‌یی، دونیایه‌ك خه‌ڵكی ئالووده‌بوو به‌ بوختان پێبگه‌یه‌نێت.

نیوه‌ ڕۆشنبیره‌كانیش كه‌ له‌ نێوه‌نده‌ی ئه‌م هه‌موو خراپه‌ و سته‌مه‌دان، به‌ خۆیان و مه‌دالیاكانی سه‌ر سنگ و عه‌با قه‌یتانداره‌كانیانه‌وه‌ كه‌ خۆیان باده‌ده‌ن، زیاتر له‌ ئاغاكانی سه‌رده‌می زوو ده‌چن و، زۆربه‌یان زمانیان له‌ سه‌ریان گه‌وره‌تره‌.. دادگاكان ڕاده‌ستی گه‌مه‌ و گاڵته‌ كراون.. ڕێزیان بۆ مرۆڤ به‌گوێره‌ی ڕه‌نگه‌كه‌یه‌تی.. په‌وه‌ندییان به‌ بابه‌ته‌كانی وڵاته‌وه‌ به‌گوێره‌ی به‌رژوه‌ندییه‌كانیانه‌.. هه‌رچی پلان و پڕۆژه‌شیانه‌ بۆ داهاتووی میلله‌ت، له‌گه‌ڵ كه‌لله‌ و هیممه‌تی بچووكیاندا ڕاسته‌وانه‌یه‌. به‌ڵام وا پێده‌چێت له‌و گۆڕانانه‌ی كه‌ له‌ دونیادا ڕووده‌ده‌ن، ئه‌وانیش به‌حه‌تمی به‌شی خۆیان به‌ربكه‌وێت.

له‌پاڵ ئه‌م هه‌موو تاریكییه‌ یه‌ك له‌ناو یه‌كانه‌دا، نه‌وه‌یه‌كی زێڕین هه‌یه‌ به‌ خۆی و باوه‌ڕ، ئومێد، عه‌زم، عه‌شق، شه‌وق و دامه‌زراوییه‌كه‌یه‌وه‌ كه‌ سه‌ره‌ڕای هه‌موو شتێك به‌ شوێن ئه‌وه‌وه‌ن كه‌ به‌های زۆر به‌نرخ به‌ ژیان بده‌ن، هاوشێوه‌ی ڕۆحانییه‌كان فوو بكه‌ن به‌ بووندا و، شتێك له‌ په‌ڕی باڵی فریشته‌كان بكه‌ن به‌ هه‌موو مرۆڤێكه‌وه‌.. وه‌ به‌ جیابوونه‌وه‌یان له‌و حه‌شاماتانه‌ی كه‌ هه‌تا ئه‌مڕۆ ته‌سلیمی كابوس بوون و، له‌ هه‌ستان و دانیشتنیاندا ڕاوی سه‌رابیان كردووه‌، سه‌رقاڵی بنیاتنانی په‌یكه‌ری ڕۆحی خۆیانن. له‌ ڕوخساریاندا بۆیه‌ی ئه‌ولیا و ئه‌صفیاكان، له‌ ڕۆحیاندا ئه‌به‌دییه‌تی تاوسه‌ندوو، به‌ هه‌ر جێیه‌ك بگه‌ن به‌ ڕۆحه‌ مه‌سیح ئاساكه‌یان خۆشه‌ویستی، عه‌شق و مژده‌ی پێغه‌مبه‌ران ده‌گه‌یه‌نن و، ڕۆح و مانای سه‌دان ساڵه‌ی مێژوو به‌ گوێی هه‌ر چوار لای جیهاندا ده‌ده‌ن. به‌ هه‌وێنی حیكمه‌تی نوێی ده‌ستیان و، گه‌رمایی حه‌قیقه‌تی ئه‌حمه‌دی له‌ دڵیاندا، په‌رده‌كانی نه‌زانی، غه‌فڵه‌ت، ده‌مارگیری، كۆنه‌په‌رستی و بێشه‌رمی -كه‌ چه‌ند سه‌ده‌یه‌كه‌ گشت مرۆڤایه‌تی و ئێمه‌شیان داپۆشیوه‌ و هه‌سته‌ مرۆییه‌كانیان له‌ هه‌موو جێیه‌كدا ئیفلیج كردووه‌- ده‌دڕێنن و، ئاو ده‌ڕشێنن به‌و ڕێگایه‌دا كه‌ به‌ره‌و خاڵی یه‌كگرتنی نێوان ڕه‌حمه‌ت و حه‌قیقه‌ت ده‌ڕوات و، هه‌وڵی ئاسانكردن و هێوركردنه‌وه‌ی ته‌وژمی ڕووداوه‌كان ده‌ده‌ن.

ئومێده‌وارین به‌ ئه‌ندازه‌ی كرانه‌وه‌ی‌ دڵی ئه‌وان هاوڕێ له‌گه‌ڵ ئیمان و عه‌شقدا بۆ خاوه‌نی ڕه‌حمه‌تی بێپایان، عینایه‌تی خواییش ده‌ست بۆ ئه‌وان درێژبكات و ڕێگاكانی ئاسمانیبوونیان بۆ بكاته‌وه‌؛ كه‌ ئه‌مه‌ش بۆ هه‌موومان سه‌رووزیاده‌. له‌م خاڵه‌دا كه‌ هه‌واكان به‌ هه‌سته‌ به‌رزه‌كان و، هه‌سته‌ به‌رزه‌كانیش به‌ وه‌حی و عه‌قڵی ساغ ده‌گه‌ن، كه‌ خاڵی یه‌كگرتنه‌ له‌گه‌ڵ ئیراده‌ی كوللیدا، كاتێك وه‌رزی خۆی هات هه‌موان له‌ قووڵاییه‌كانی ویژدانیاندا هه‌ست به‌ وه‌ها یه‌كگرتنێك ده‌كه‌ن و، به‌ته‌واوه‌تی تێده‌گه‌ن كه‌ له‌پێناو وه‌ها ئه‌نجامێكدا هه‌رچییه‌ك كێشرابێت له‌ ڕه‌نج و ژان هێشتا زۆر بێبایه‌خ ده‌رده‌كه‌ون.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *