ڕۆژووی خالیسانە

ڕۆژووی ڕەمەزان وەک ئەرکێکە بەرامبەر جەنابی حەق، کە پێویستە بە تێبینی ئەنجامدانی بەندایەتیەوە جێبەجێ بکرێت. بێ گومان دەشێت لەم بابەتەدا هەندێک حیکمەت و بەرژەوەندی دونیایی بوونی هەبێت. بەڵام لە ڕاستیدا ئەو عیبادەتانەی وەک بەندایەتی بۆ پەروەردگار ئەنجام دەدرێن، الله لە ڕوانگەی خۆیەوە هەرشتێک کەوا بۆ پێگەشتنی ئاستی(قوام) بەندەکەی بە پێویستی بزانێت و، چوونە بەهەشت و بەختەوەری ژیانی ئەبەدی بۆ مرۆڤ دەستبخات، الله لە بەندەکەی داوای دەکات. دەتوانین بە شێوەیە عەوامانەکەی بڵێین: مرۆڤ بۆ ئەوەی لێوەشاوەیەتی نزیک بوونەوە لە پەروەردگاری بەدەستبهێنێت، ببێتە ئەهلی ئەوەی بەهەشت و بەختەوەری ژیانی ئەبەدی بەدەستبهێنێت، ئەم عیبادەتانەی لەسەر فەرز کراوە.

هەربۆیە گەر لەم عیبادەتانەدا هەندێک سوود و بەرژەوەندی دونیاییش بەدی بکرێت و هەستی پێبکرێت، لە بناغەوە شتانێکی قوڵ هەن کەوا ئێمە نایانبینین و نایانزانین و کاریگەر و سەرئەنجامی قوڵیان هەیە. واتە ئەمانە مرۆڤی فانی، دەکەنە شایستەی ئەهلی ژیانی ئەبەدی بێت. لە نێوان مرۆڤ و الله کەوا ٧٠ هەزار پەردە هەیە و، مومکین نیە کەوا بە چاوەکانی بیبینێت، بۆ چۆنیەتیەکی وەها بەرزی دەکاتەوە کە توانای بینینی ئەوی هەبێت. مرۆڤ کەوا هەرچی لە دونیادا هەیە بیدات، هێشتا بایی ئەوە نیە ڕەزامەندی خودای پێ دەست بخات، بەڵام لە ڕێگەی ئەم جۆرە عیبادەتانەوە دەتوانێت بەدەستی بهێنێت. هەربۆیە کاتێک سەیری ڕۆژووی مانگی ڕەمەزان دەکەین، پێویستە بەم جۆرە تێبینیانەوە سەیری بکەین. واتە ڕۆژوو بە نیسبەت مرۆڤەوە وەک بەدەستهێنانی لێوەشاوەیەتیە و، ئیمکانێکە بە ناوی چوونە ناو بەهەشت و، نیعمەتێکی زۆر گرنگە لەسەر ئەو ڕێگەیەی، کەوا بتوانێت ئاستی پێویستی پێگەشتن، بۆ بینینی جوانی الله بەدەستبهێنێت.

جگە لەمانە، الله چۆنی فەرمانی بە ڕۆژوو گرتن کردبێت، بە چی دەڵێت “ڕۆژوو”، پێویستە بەو شێوەیە بگیرێت. بۆ ئەوەی ئەو سەرئەنجامە بەدەستبهێنێت کەوا لە مانگی ڕەمەزان چاوەڕوان دەکرێت و، پێی نەوترێت “داوەشین بۆ تۆ”، مرۆڤ وەک چۆن خۆی لە خواردن و خواردنەوە دەگرێتەوە، پێویستە دەمیشی لە قسەی ناڕەوا، بێ واتا، نەشیاو بە دوور بگرێت، هەروەها بە شێوەیەکی ڕەها خۆی لە کردارگەلێکی وەک بوختان و غەیبەت دوور بخاتەوە. تەنانەت لە کارگەلی بێ هوودە، وەک زۆر قسەکردن بە دوور بگرێت، هەمیشە دەمی بۆ قسەی خێر بکاتەوە. هەمیشە وەک ئەوەی هەردەم دووبارەی دەکەینەوە، دەمی بە سوحبەتی جانان بڕازێنێتەوە. هەروەها پێویستە چاوەکانیشی بە هەمان شێوەیە بخاتە ژێر کۆنتڕۆڵ کردنەوە. سەیری قەدەغەکراوەکان نەکات و ئەوەی سەیری دەکات بە باشی بیبینێت، بە باشی لێکدانەوەی بۆ بکات، لە هەموو شتێکەوە واتای جوان هەڵبهێنجێنێت واتای جوانیان لێبدۆشێت.

بەڵێ، کەسێکی ئیماندار پێویستە گوێکانی بۆ قسەی بێ هوودە، هەڕەمەکی و گاڵتە ڕانەدێرێت و، ئەوانیش بۆ قورئان و وتەی جوان بکاتەوە. هەروەک چۆن ڕۆژووی بە دەم و سکی گرتووە، بە دەربڕینێکی تر، وەک چۆن خۆی لە خواردن-خواردنەوە دابڕیوە، خۆی لەو شتانەش بە دوور بگرێت کەوا کاتەکانی تریش قەدەغەیان لەسەرە و، تەنانەت گەر قەدەغەکراویش نەبێت، گەر زانی شتانێک هەیە کەوا هیچ سوودیان نیە، لێیان نزیک نەبێتەوە. ئەوانیش بە کاری هەڕەمەکی و چەپەڵ ئەژمار بکات و نەکەوێتە ناویانەوە. وەک جاران دەیانوت: ڕۆژوو بە تەواوی ئەندامەکانی لاشەیی و جەوهەرەکانی خۆی بگرێت. واتە تامی ڕۆژوو بە هەستە دیار و پەنهانەکانی ناو ناخیشی بچێژێت.

لەلایەکی ترەوە ئیخلاس(دڵسۆزی و بێگەردی) لە ڕۆژوودا زۆر گرنگە. بەندە کاتێک ڕۆژوو دەگرێت پێویستە لە نێو هەستی ئیخلاسدا بێت، واتە خۆی بە دیاریەک بزانێت کەوا پێشکەشی جەنابی حەقی دەکات و، جگە لە نیەتی بەدەستهێنانی ڕەزامەندی ئەو، هەرگیزا و هەرگیز شتێکی تری تێکەڵ نەکات. لەمەش زیاتر، هەمیشە لە نێو تێبینیەکی وەک ئەوەدا بێت کەوا بڵێت” ڕۆژووەکەم بە تەواوەتی نەگرت، وەک پێویست حەقی خۆییم پێنەدا. نەمتوانی حەقی ئەم ڕەمەزانە بدەم!”.

مەگەرنا وەک ئەوەی کارێکی گەورەی ئەنجام دابێت خۆی با بدات و، تەنانەت پۆز بەسەر کەسانی تردا لێبدات و بڵێت” من بە فڵان شێوە و فیسار شێوە دەیگرم”. یاخود بڵێت” شەوانە هەڵدەستم فڵان عیبادەت ئەنجام دەدەم، فیسار شت ئەنجام دەدەم”، لەم ڕێگەیەوە خۆی بخاتە نێو ڕیا و ڕووپاماییەوە، ئەمانە دەبنە لەمپەر لە بەردەم ئیخلاس و ، ئەو ڕۆژووە و خاوەنەکەشی دەخەنە نێو ئەو سنورە پڕ مەترسیەی کەوا لە یەکێک لە فەرموودەکاندا ئاماژەی پێکراوە.

سەردارمان لە یەکێک لە فەرموودەکانیدا دەفەرموێت” زۆرن ئەوانەی ڕۆژوو دەگرن، بەڵام جگە لە برسێتی و تینوێتی هیچی تریان بۆ نەماوەتەوە. هەروەها زۆرن ئەوانەی شەوانە عیبادەت دەکەن، بەڵام جگە شەونخونی و ماندوویەتی هیچی تریان بۆ نەماوەتەوە”. هەربۆیە پێویستە تەواوی ڕۆژووەکەمان بە جەنابی حەق و ڕەزامەندی ئەوەوە ببەستینەوە. لە ڕاستیشدا گەر ڕۆژوو لە الله بگرنەوە و خۆتان بە خاوەنی بکەن، جگە لە ڕەزامەندی ئەو هەوڵی بەدەستهێنانی شتێکی تر بکەن،  ئەوا کارێک دژ بە حیکمەتی ناو ڕۆژووتان ئەنجامداوە. چونکە جەنابی حەق دەفەرموێت” ڕۆژوو تەنیا لەبەر ڕەزامەندی من دەگیرێت و تەنیا خۆیشم پاداشتەکەی دەدەمەوە”.

بەڵێ دەشێت لە هەریەک لە عیبادەتەکاندا هەندێک سوود، کەڵک، بەرژەوەندی و حیکمەتیی دونیایی بەدی بکرێت. بۆ نمونە زەکات دەشێت وەک پردی پەیوەندی نیوان هەژاران و دەوڵەمەندەکان سەیری بکرێت. یان مرۆڤ دەچێتە حەج کەوا وەک کۆنگرەیەکی گەورەیە و، لەم کۆبوونەوەیەدا  دەشێت هەندێک شتی دونیایشی دەست بکەوێت. بەڵام ڕۆژوو لایەنێکی دەرەکی لەم شێوەیەی نیە، چونکە کارێکە بە تەواوی لەبەر خاتری الله ئەنجام دەدرێت.  پاداشتەکەشی لێخۆشبوونە. پێغەمبەری سەرداریشمان فەرموویەتی” هەرکەسێک ڕۆژوو بگرێت بە ئیمانەوە و پاداشتەکەی تەنیا لە الله چاوەڕێ بکات، لە گوناحەکانی ڕابردووی خۆش دەبێت”. گەر هەموو ڕۆژوویەک ببێتە هۆی لێخۆشبوونی گوناحە ڕابردووەکانی مرۆڤ، ئیدی هەر ڕۆژوویەک کەوا دواجار دەیگرێت دەبێتە هۆی لێخۆشبوونی کۆتا گوناحەکانی و، بەم شێوەیە بە شێوەیەکی پاکوبێگەرد دەچێتەوە حزوری پەروەردگاری. مرۆڤێکی لەم شێوەیەش ڕەمەزانی بە باشی هەڵسەنگاندووە و بە براوە ئەژمار دەکرێت. هەربۆیە کەسێکی لەم شێوەیە نە لەم دونیا، نە لەناو گۆڕ، نە لە مەیدانی مەحشەر لوتی لە زەوی نادات. دەتوانن بڵێن لە تەواوی ئەم شوێن و بابەتانەی ئاماژەمان پێدا، توشی هیچ دەربەدەرییەک نابێت.  

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *